- ئایا پێغه‌مبه‌ران (سه‌لامی خوایان لێ بێت) له‌ناو گۆڕه‌کانیاندا زیندوون؟
-
ئایا پێغه‌مبه‌ران (سه‌لامی خوایان لێ بێت) له‌ناو گۆڕه‌کانیاندا زیندوون؟ چۆنییه‌تی ئه‌مه چۆنه؟
فه‌رمووده‌ی سه‌حیحه که پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) ده‌فه‌رموێت: «الْأَنْبِيَاءُ أَحْيَاءٌ فِي قُبُورِهِمْ يُصَلُّونَ» [البزار: 6888؛ ئه‌لبانی ده‌فه‌رموێ: سه‌حیحه (صحیح الجامع الصغیر: 2790)]؛ «پێغه‌مبه‌ران زیندوون له گۆڕه‌کانیانداو نوێژ ده‌که‌ن». هه‌روه‌ها له فه‌رمووده‌ی سه‌حیحی تردا ده‌فه‌رموێ: «مَرَرْتُ عَلَى مُوسَى لَيْلَةَ أُسْرِيَ بِي عِنْدَ الْكَثِيبِ الْأَحْمَرِ، وَهُوَ قَائِمٌ يُصَلِّي فِي قَبْرِهِ» [مسلم : 2375؛ أحمد: 13593]؛ «ئه‌و شه‌وه‌ی که ئیسڕام پێ کرا (له مه‌ککه‌وه بۆ قودس) له نزیکی کۆمه‌ڵه لمه سووره‌که (یان ته‌په یان گرده سووره‌که) مووسام بینی له قه‌بره‌که‌یدا نوێژی ده‌کرد». جا پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصلاة و السلام) که ده‌فه‌رموێ له قه‌بره‌که‌یدا نوێژی ده‌کرد، ئه‌مه ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت که ژیانی پێغه‌مبه‌ران له قه‌بره‌کانیاندا سابیته‌و ئێمه‌ش وه‌کو عه‌قیده‌ی ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت باوه‌ڕمان پێیه‌تی.
به‌ڵام پێویسته یه‌ک خاڵ بزانین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ئه‌و ژیانی به‌رزه‌خی پێغه‌مبه‌رانه نه وه‌کو ژیانی به‌رزه‌خه بۆ خه‌ڵکانی تر، نه وه‌کو ژیانی دنیای خۆیانه. بۆیه ئه‌و هه‌موو شتانه‌ی تر که ده‌وترێت به‌تایبه‌تی لای سۆفیه‌کان له‌وه‌ی که پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) زیندووه وه‌کوو زیندوویێتی پێش مردنی ده‌خوات و ده‌خه‌وێت، ئینجا هه‌ندێک ریوایه‌تیان هه‌یه که ده‌ڵێت ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ خێزانه‌کانیشیدا ده‌خه‌وێت! ئه‌مه هیچی وا نییه‌و هیچ ده‌لیلێکیش له‌سه‌ر ئه‌مانه نییه.
به‌ڵام پێغه‌مبه‌ران (سه‌لامی خوایان لێ بێت) زیندوون و له قه‌بره‌کانیاندان، ژیانی به‌رزه‌خی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه؛ ئه‌و ژیانه‌ش ئێمه باوه‌ڕمان پێیه‌تی، به‌ڵام ئه‌مه ناچێته قیاساتی عه‌قڵی و ره‌ئی و بۆچوونی بێ ده‌لیله‌وه. هه‌ر که‌سێکیش هه‌ر شتێک بێنێته‌وه وه‌ک ده‌لیل، ئه‌وه حه‌تمه‌ن ده‌بێت ده‌لیل و به‌ڵگه‌یه‌ک بێت که قبووڵ بێت؛ نه‌ک شتی بێ بنه‌ما!
که‌وابوو موخته‌سه‌رو موفید باوه‌ڕمان وایه که پێغه‌مبه‌ران (سه‌لامی خوایان لێ بێت) له قه‌بره‌کانی خۆیاندا زیندوون و نوێژیش ده‌که‌ن؛ ئه‌وه‌ش سابیته که نوێژیان له‌دوای پێغه‌مبه‌ری خواوه (علیه الصّلاة والسّلام) کرد له به‌یتولمه‌قدیس و له شه‌وی ئیسڕادا.
- ئایا ترس بۆ پێغه‌مبه‌ران جائیزه؟
-
ئایا ترس بۆ پێغه‌مبه‌ران جائیزه؟ جه‌نابت باست له‌وه کردووه که سه‌یدنا مووسا ترساوه؛ هه‌روه‌ها مامۆستایه‌كی تر باسی له سیره کردووه که پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) له فه‌تره‌ی مه‌ککه‌دا ده‌ترسا، ئایا ئه‌مه جائیزه؟
به‌ڵێ جائیزه‌و چ ئیشکالێکی تێدایه؟ هیچ ئیشکالێکی تێدا نییه؛ بڕوانه خوای گه‌وره له‌م ئایه‌تانه‌دا چۆن باسی ترسی سه‌یدنا مووسا ده‌کات:
«قَالَ رَبِّ إِنِّي أَخَافُ أَن يُكَذِّبُونِ» [الشعرا‌ء: 12]؛ «وتی: په‌روه‌ردگارا! به‌ڕاستی من ده‌ترسم بمکوژن».
«قَالَ رَبِّ إِنِّي قَتَلْتُ مِنْهُمْ نَفْساً فَأَخَافُ أَن يَقْتُلُونِ» [القصص: 33] ؛ « وتی: په‌روه‌ردگارا! من یه‌کێک له‌وانم کوشت، بۆیه ده‌ترسم بمکوژنه‌وه» [له ئایه‌تێکی تردا ده‌فه‌رموێ: «وَلَهُمْ عَلَيَّ ذَنبٌ فَأَخَافُ أَن يَقْتُلُونِ» [الشعرا‌ء: 14]].
«فَأَوْجَسَ فِي نَفْسِهِ خِيفَةً مُّوسَى» [طه: 67]؛ «ئه‌وسا مووسا هه‌ستی کرد به ترسێک له دڵ و ده‌روونیدا».
پێشتریش به‌ر له پێغه‌مبه‌رایه‌تی: «فَأَصْبَحَ فِي الْمَدِينَةِ خَائِفاً يَتَرَقَّبُ...» [القصص: 18] ؛ «به‌هۆی ئه‌وه‌وه ترس و بیم دایگرت و به شاردا ده‌سووڕایه‌وه‌و چاودێری ده‌كرد...».
که‌واته هیچ ئیشکالێک له‌سه‌ر ئه‌وه نییه، ئه‌و ترسه ترسێکی غه‌ریزییه‌و پێغه‌مبه‌رانیش به‌شه‌رن وه‌کو خه‌ڵکێکی تر‌و ئه‌و حاڵه‌تانه‌شیان به سه‌ردا دێت. پێغه‌مبه‌ری خواش (علیه الصّلاة والسّلام) له ترس و بیمی ئه‌وه‌ی دوشمنانی هێرش نه‌هێننه سه‌ر ماڵه‌که‌ی و نه‌یکوژن سه‌ره‌تا پاسه‌وانی دانا که سه‌عدی کوڕی ئه‌بی وه‌ققاس بوو (خوا لێی رازی بێت) [بڕوانه: البخاري: 7231؛ مسلم: 2410]. دواییش فه‌رمووی خوای گه‌وره خۆی ده‌مپارێزێت و پێویست به‌مه ناکات.
- خوای گه‌وره به چ زمانێک له‌گه‌ڵ ئاده‌مدا (علیه السّلام) دوواوه؟
-
ئێمه هیچ شتێکمان ده‌رباره‌ی ئه‌وه پێ نه‌گه‌یشتووه‌و هیچ به‌ڵگه‌یه‌کیشمان نییه، ئه‌مه غه‌یبێکی دووره‌و ئێمه نایزانین. غه‌یب و نهێنی له‌ڕێی وه‌حیه‌وه ده‌زانرێت و ده‌بێت قورئان و سوننه‌ت شتێکی ده‌رباره وتبێت. بۆیه ئه‌گه‌ر باسیشیان نه‌کردبێت ئه‌وه ئیتر ئێمه نایزانین. بۆیه ئێمه هه‌ر ناشزانین سه‌یدنا ئاده‌م به چ زمانێک قسه‌ی کردووه! به‌ڵێ هه‌ندێک له شوێنکه‌وتووانی دینه ئاسمانییه‌کان شتانێکیان وتووه؛ بۆ نموونه ئه‌وه‌ی ئه‌هلی ته‌وراته ده‌ڵێت به عیبری قسه‌ی کردووه، ئه‌وه‌ی ئه‌هلی ئینجیله ده‌ڵێت به سیریانی قسه‌ی کردووه، هه‌ندێک موسوڵمانیش ده‌ڵێت به عه‌ره‌بی قسه‌ی کردووه، به‌ڵام ئه‌مانه هیچ ده‌لیلێکیان له‌سه‌ر نییه‌و نازانین که خوای په‌روه‌ردگار به چ زمانێک له‌گه‌ڵ سه‌یدنا ئاده‌مدا دوواوه.
هه‌ندێکیش له ئه‌هلی ته‌فسیر فه‌رموویانه: مه‌به‌ست له ئایه‌تی «وَعَلَّمَ آدَمَ الأَسْمَاء...» [البقرة: 31] له‌وه‌یه که خوای گه‌وره هه‌موو زمانه‌کانی فێر کردووه. به‌ڵام ئایا سه‌یدنا ئاده‌م هه‌موو زمانه‌کانی زانیوه؟! ئه‌وه‌ش بۆچوونێکه له بۆچوونه‌کان که زانایان فه‌رموویانه به‌ڵام ئێمه نازانین و ئه‌وه‌شیانمان بۆ ته‌ئکید ناکرێت و خوای گه‌وره خۆشی ده‌یزانێت به چ زمانێک بووه.
پاشان ئه‌وه‌ش بزانین خوای په‌روه‌ردگار که بیوه‌ێت له‌گه‌ڵ هه‌ر جه‌مادێکدا، هه‌ر بێگیانێکیشدا بدوێت به‌و زمانه‌ی که ئه‌و ته‌فاهومی پێ ده‌کات خوای په‌روه‌ردگار بۆی خه‌ڵق ده‌کات، هه‌روه‌کو چۆن لاشه‌مان له قیامه‌تدا دێته گۆ، دێته قسه کردن و شاهیدی ده‌دات له‌سه‌رمان.
- ئایا ئاده‌م و حه‌ووا به‌رله‌وه‌ی ره‌وانه‌ی سه‌ر زه‌وی بکرێن له به‌هه‌شت بوون؟
-
ئایا ئاده‌م و حه‌ووا به‌رله‌وه‌ی ره‌وانه‌ی سه‌ر زه‌وی بکرێن له به‌هه‌شت بوون؟ ئه‌گه‌ر له به‌هه‌شت بوون، که‌وایه خواردنی حه‌رامکراو و قه‌ده‌غه‌کراو چی ده‌کرد له‌وێ؟ ئه‌گه‌ر بابه‌تی حه‌رامکراو و روحی خراپه (شه‌یتان) له به‌هه‌شت هه‌بێت که‌وایه چ جیاوازییه‌کی هه‌یه له‌گه‌ڵ ژیانی سه‌ر زه‌وی؟پاشان ئه‌گه‌ر ئاره‌زووی سه‌رکێشی و لادان له رێگاکانی له مێشکیاندا چاندبێت ئه‌ی که وایه بۆ سزا دران؟ هه‌رچه‌نده قسه‌یه‌کی دووباره ده‌کرێت که خوا تاقی کردوونه‌ته‌وه، به‌ڵام باشه خوا چ پێویستی به تاقی کردنه‌وه‌ی ئه‌وانه هه‌بوو؟
پرسیاره‌کان مه‌جالی فیکرین و وه‌ختی ئێجگار زۆر هه‌ڵده‌گرێت ئه‌گه‌ر ئێمه مانه‌وێت وه‌ڵامیان بده‌ینه‌وه. به‌ڵام ئه‌و به‌ڕێز‌ه‌ی که پرسیاره‌کانی کردووه ئه‌گه‌ر بیه‌وێت وه‌ڵام وه‌رگرێته‌وه کتێبێکی باش له‌م بواره‌دا هه‌یه که کتێبی «حادي الأرواح إلى بلاد الأفراح»ه‌و ئیمامی ئیبنولقه‌ییم (ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت) نووسیویێتی که ساڵی 751 ک.م. کۆچی دوایی کردووه؛ له‌م کتێبه‌دا هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ی که جه‌نابت کردووته وه‌ڵامه‌که‌ی هه‌یه. بۆ نموونه که ده‌ڵێت ئایا ئه‌و به‌هه‌شته‌ی سه‌یدنا ئاده‌م هه‌ر ئه‌و به‌هه‌شته‌یه که موسوڵمانان ده‌چنه ناوی؟ سی و شه‌ش ده‌لیلی هێناوه‌ته‌وه که نه‌خێر ئه‌مه ئه‌و نییه، له‌و لاشه‌وه 40 ده‌لیلی تری موناقه‌شه کردووه که به‌ڵێ ئه‌مه ئه‌وه. واته هه‌موو ده‌لیله‌کان باس ده‌کاته‌وه. بۆیه الحمد للّه ئێمه له هیچ پرسیارێک را ناکه‌ین و ئه‌م ئوممه‌ته به درێژایی تاریخی خۆی ئه‌نواع و ئه‌شکالی له‌م سوئالانه بۆ هاتووه، بۆیه ئه‌م کتێبانه‌ش نووسراون که وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه بده‌نه‌وه.
که‌واته ئێمه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کاته‌که‌مان دیاریکراوه‌و مه‌جالی ئه‌وه‌مان نابێت ئه‌و پرسیارانه که پێویستیان به کاتێکی زۆره وه‌ڵام بده‌ینه‌وه پێشنیار ده‌که‌ین ئه‌و کتێبه بخوێننه‌وه که زۆر زۆر باش و زۆر نایابه‌و هه‌موو ده‌لیله‌کانیشی هێناوه‌ته‌وه.