فریشته‌کان به شێوه‌یه‌کی گشتی له مه‌خلووقاتی خوای په‌روه‌ردگارن که له نوور دروست کراون و ئێمه ته‌فاسیلیان نازانین که چۆنن؛ وه‌زیفه‌یان زۆره‌و وه‌زیفه‌کانیشیان ده‌زانین به‌ڵام ناتوانین به‌و شێوه‌یه وه‌سفیان بکه‌ین بڵێین کچن یا کوڕن، نێرینه‌ن یان مێیینه‌ن چونکه خوای په‌روه‌ردگار له باسی موشریکه‌کانا ده‌فه‌رموێت: «وَجَعَلُوا الْمَلَائِكَةَ الَّذِينَ هُمْ عِبَادُ الرَّحْمَنِ إِنَاثاً أَشَهِدُوا خَلْقَهُمْ سَتُكْتَبُ شَهَادَتُهُمْ وَيُسْأَلُونَ» [الزخرف: 19]؛ «ئه‌و تاغووتانه، ئه‌و موشریکانه وایان دانابوو که فریشته‌کان که به‌نده‌ی خوای میهره‌بانن مێیینه‌ن. (خوای گه‌وره له ره‌تدانه‌وه‌یاندا ده‌فه‌رموێ:) چما ئه‌وانه ئاماده‌ی خه‌لق کردنیان بوون؟! ئێمه شایه‌تیدانه‌که‌ی ئه‌وان ده‌نووسین و ده‌رباره‌شی پرسیاریان لێ ده‌کرێته‌وه.». هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموێت: «أَمْ خَلَقْنَا الْمَلَائِكَةَ إِنَاثاً وَهُمْ شَاهِدُونَ» [الصافات: 150]؛ «چما ئێمه وه‌ختێک که فریشته‌کانمان دروست کردووه گوایه مێیینه دروستمان کردوون و ئه‌وان ده‌زانن و شایه‌ت بوون!». جا که موشریکه‌کان ده‌یانوت فریشته‌کان کچی خوان، خوای په‌روه‌ردگار ره‌دی لێدانه‌وه‌و بۆچوونه‌که‌یانی به‌تاڵ کرده‌وه؛ جا ئه‌وان به‌رده‌وامیش راو بۆچوونیان به‌رانبه‌ر مێیینه خراپ بوو، به که‌میان ده‌زانین! ئه‌وه‌شیان به ته‌وس و تانه‌وه ده‌وت که ئه‌وانه کچی خوان! خوای په‌روه‌ردگار ره‌د له‌مه ئه‌داته‌وه که خوای گه‌وره ئه‌وانه‌ی به مێیینه ئاوا خه‌لق نه‌کردووه.
که‌وابوو ئه‌گه‌ر یه‌کێک بڵێت فریشته‌کان مێیینه‌ن ئایه‌ته‌که‌ی ره‌د کردۆته‌وه‌و پێی کافر ده‌بێت. ئه‌گه‌ر بڵێت فریشته‌کان نێرینه‌ن قسه‌یه‌کی کردووه که ده‌لیلمان له سه‌ری نییه نه له قورئان نه له فه‌رمووده. بۆیه جائیز نیه وا بڵێین. که‌وابوو ئێمه نازانین و پێمان نه‌وتراوه که ئایا نێر و مێیان هه‌یه یان نا؛ واللّه تعالی أعلم.
ئه‌وه‌ش که هه‌ندێک که‌س وتوویانه خوای گه‌وره له قورئاندا ده‌رباره‌یان فه‌رموویه‌تی: «قَالَتْ المَلَائِکَةُ»، ئه‌وه تائه‌که به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر مێیینه‌بوونیان، ئه‌مه وا نییه‌و په‌یوه‌ندی به جه‌مع‌بوونه‌که‌یانه‌وه هه‌یه، چونکه له عه‌ره‌بیدا هه‌موو جه‌معه ته‌کسیرێک ده‌توانی وه‌ک تاکێکی مێیینه (المفرد المؤنث) مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکه‌ی، وه‌ک خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: «قَالَتِ الْأَعْرَابُ آمَنَّا» [الحجرات: 14].