- ئایا ده‌توانم له‌بری دایکم حه‌ج بکه‌م؟
-
مامۆستا گیان من دایکم به زگ‌ماک که‌ڕولاڵه به‌ڵام باپیرم فێری چۆنێتی نوێژی کردووه‌و من خۆم ته‌مه‌نم ٢٨ ساڵه بیرم نایێ رۆژوویه‌کی دایکم چووبێت، هه‌موو ره‌مه‌زانێک به‌ڕۆژوو بووه، من تاقانه‌ی ئه‌م دایکه‌مم و خوشک و برام نییه‌و واده‌زانم خودا منی کردۆته سه‌به‌ب و هۆکار بۆ خزمه‌ت کردنی دایکم و باوکم؛ ئێستا پرسیارم ئه‌وه‌یه ئایا ده‌توانم له‌بری ئه‌و حه‌ج بکه‌م؟
خوای په‌روه‌ردگار لێی قه‌بووڵ بکات و ئیشێکی باشیشه که جه‌نابت ئاوا به خه‌مه‌وه‌ی، به‌ڵام لێی گه‌ڕێ با خۆی حه‌جه‌که بکات، تۆ مه‌سروفی بکێشه ئه‌گه‌ر ده‌توانی، خۆت حه‌جه‌که له‌گه‌ڵیدا بکه‌ی زۆر شتێکی باشه، گه‌ر دایک و باوکیشت پێکه‌وه بنێری بۆ حه‌ج شتێکی باشه؛ چونکه حه‌ج کردن له‌سه‌ر که‌ڕولاڵ و کوێریش هه‌ر به هه‌مان شێوه‌ی حه‌جی که‌سی ئاساییه‌و هه‌ر ئه‌وانه ده‌ڵێنه‌وه‌و ده‌یکه‌ن که حاجیانی تر ده‌یڵێنه‌وه‌و ده‌یکه‌ن، جا به چ شێوه‌یه‌ک بۆی ده‌کرێت با وا بیکات. ئێستا بۆ نموونه دایکی به‌ڕێزت چۆ‌ن نوێژ ده‌کات حه‌جه‌که‌ش وا ده‌کات، یه‌عنی له‌جیاتی ئێمه که ده‌ڵێین: «لَبَّیك اللَّهُمَّ لَبَّیك»، ئه‌و به‌و شێوه‌ی خۆی ته‌عبیری ده‌کات و گرنگیش ئه‌وه‌یه که له دڵی خۆیدا ته‌عبیری ده‌کات هه‌روه‌کو چۆ‌ن ئێستا نوێژه‌که‌ی ده‌کات؛ که ئێمه ده‌ڵێین: «إِيَّاكَ نَعْبُدُ وإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ» [الفاتحة: 5] ئه‌ویش به شێوه‌ی خۆی ده‌یڵێته‌وه. بۆیه جه‌نابت له‌جیاتی ئه‌و نایکه‌یت ته‌بعه‌ن چونکه ئه‌و خۆی ده‌توانێ بیکات؛ هه‌ر که‌سێک باڵغ بوو، توانای حه‌ج کردنی هه‌بوو، پاره‌و سه‌روه‌ت و سامانی هه‌بوو، رێگای حه‌جیش کراوه بوو بۆی، له‌م سه‌رده‌مه‌ش جه‌وازو ویزای هه‌بوو و ناوی ده‌رچوو، ته‌واو ئیتر خۆی ده‌چێ بۆ حه‌ج و حه‌جی خۆی ده‌کا یه‌که‌م جار، دوایی حه‌ج بۆ خه‌ڵکی تریش ده‌کات زیندوو بن یان مردوو بن. جا حه‌ج بۆ زیندووه‌که‌ش ناکرێ که مادام خۆی بتوانێ؛ ئێستا بۆ دایکت که که‌ڕولاڵه پێویست ناکات که حه‌جه‌که‌ی بۆ بکرێ، چونکه خۆی ده‌توانێت بچێت حه‌جه‌که بکات. بۆ یه‌کێک وه‌کو منیش که ئیقامه‌ی نییه، جه‌وازی نییه، ناتوانێت بچێت بۆ حه‌ج، به‌ڵام مادام هه‌ر زیندووه‌و له‌شی ساخه حه‌جی بۆ ناکرێت، بۆیه یه‌کێ له جیاتی من حه‌جه‌که ناکات هه‌تاوه‌کو مه‌گه‌ر پیرو په‌ککه‌وته بووم یان مردم هه‌ر به‌م حاڵه‌ته‌وه، ئه‌و کات یه‌کێک ده‌توانێت حه‌جه‌که‌م بۆ بکات.
له‌به‌ر ئه‌وه بۆ جه‌نابیشت ته‌بعه‌ن پێم باشه که ئه‌گه‌ر بۆت کرا دایک و باوکت ببه‌ی بۆ حه‌ج و خۆیشت له‌گه‌ڵیاندا بی، ئه‌گه‌ر نه‌شتتوانی ئه‌وان بنێری شتێکی چاکه‌و حه‌جه‌که‌ش دایکت خۆی ده‌یکات خوای گه‌وره له هه‌مووتانی قبووڵ بکات ان شا‌ء اللّه؛ واللّه تعالی أعلم.
- ئایا کردنی حه‌ج و عو‌مره به نیابه‌ت له که‌سێکی زیندوو که ناتوانێت بچێته عه‌ره‌بستان به‌هۆی کێشه‌ی سیاسی یان مه‌منووعییه‌ته‌وه دروسته؟
-
که‌سێک که ناتوانێت بچێته عه‌ره‌بستان له‌به‌ر مه‌سائیلێکی سیاسی یان وه‌کو من که جه‌وازم نییه یان یه‌کێکی تر ویزای ده‌ست ناکه‌وێت یان به هه‌ر سه‌به‌بێکی تر که رێگره لێی بچێته حه‌ج، ئایا ئه‌م که‌سه حه‌ج و عومره‌ی بۆ ده‌کرێ؟ وه‌ڵام ئه‌وه‌یه که تا کاتێک زیندووه‌و له‌شی ساخه‌و ئه‌گه‌ر به‌ربه‌سته‌که لابچێت ده‌توانێت خۆی بچێته عه‌ره‌بستان و حه‌ج و عومرهکه بکات، که‌سی تر ناتوانێت به‌جێی ئه‌و حه‌ج و عومرهکه بکات. به‌ڵام که پیرو په‌ککه‌وته بوو یان مرد، ئه‌و کاته به‌ڵێ ده‌شێ حه‌جی بۆ بکرێت، ده‌شێ عومره‌ی بۆ بکرێت، به‌ڵام ئه‌و که‌سه‌ی بۆی ده‌کا مه‌رجه خۆی بۆ خۆیی کردبێت ته‌بعه‌ن، یه‌عنی پێشتر ئه‌و حه‌ج و عومره‌ی که واجبه له‌سه‌ری که له ته‌مه‌نی خۆیدا بیکات کردبێتی. به‌ڵگه‌ش ریوایه‌ته‌که‌ی ئه‌بوداوود و ئیبنو ماجه‌یه که پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) ئاگای لێ‌بوو کابرایه‌ک دوعای ده‌کرد له حه‌ج و ده‌یوت: «لَبَّيْكَ عَنْ شُبْرُمَةَ»؛ «خوایه گیان ئه‌وه له‌ببه‌یک و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواکه‌ی تۆیه له بری شوبرومه». پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) فه‌رموی: «مَنْ شُبْرُمَةُ؟»؛ «شوبرومه کێیه؟». کابرا وتی: «أَخٌ لِي (أَوْ قَرِيبٌ لِي)»؛ «برامه (یان خزمێکی نزیکمه)». فه‌رمووی: «حَجَجْتَ عَنْ نَفْسِكَ؟»؛ «حه‌جت کردووه له‌جیاتی خۆت؟ (حه‌جه فه‌رزه‌که‌ی خۆتت کردووه؟)». عه‌رزی کرد: «لَا»؛ «نه‌خێر». پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) فه‌رمووی: «حُجَّ عَنْ نَفْسِكَ، ثُمَّ حُجَّ عَنْ شُبْرُمَةَ»[1]؛ «ده‌ی که‌واته سه‌ره‌تا حه‌جه‌که‌ی خۆت بکه پاشان له‌جیاتی شوبرومه‌ش حه‌ج بکه». جا ئه‌و که‌سه‌ش که عومرهکه ده‌کات ده‌توانێ خۆی بچێت عومره‌ی خۆی بکات و که عومرهکهی ته‌واو بوو دوایی سه‌رله‌نوێ عو‌مر‌ه‌یه‌کی‌تر ده‌ست پێ بکاته‌وه‌و بچێته‌وه ئه‌و شوێنه‌ی که پێی ده‌وترێ ته‌نعیم؛ له‌وێوه ده‌توانێ عومره‌یه‌کی تر ده‌ست پێ بکات بۆ ئه‌و که‌سه‌ی تر.
[1]. أبو داود: 1181؛ ابن ماجه: 2903؛ ئه‌لبانی ده‌فه‌رموێ: سه‌حیحه (مشکاة المصابیح: 2529).
- مامۆستا من جارێک حه‌جم کردووه، ئه‌م جاره به‌نیازم بۆ دایکمی بکه‌م که ئه‌مری خوای کردووه؛ ئایا ده‌توانم هه‌ر له‌گه‌ڵ حه‌جه‌که‌ی ئه‌و بۆ خۆیشمی دوباره بکه‌مه‌وه؟
-
نا
ناتوانی چونکه هه‌ر که‌سێک له ساڵه‌که‌دا ته‌نها ده‌توانێ یه‌ک حه‌ج بکات؛ ئێستا
جه‌نابت حه‌جی یه‌که‌می خۆتت کردووه‌و فه‌رزه‌که‌ت به جێ هێناوه، زۆر باشه ئینجا
حه‌جی به‌ده‌ل بۆ یه‌کێکی تر ده‌که‌ی که دایکته‌و کۆچی دوایی کردووه‌و ره‌حمه‌تی
خوای لێبێت، حه‌جه‌که‌ی بۆ بکه‌و بێخه‌م به. جا شه‌رعناسانیش موناقه‌شه‌ی ئه‌مه‌یان
کردووه که ئایا ئه‌و که‌سه‌ی حه‌ج ده‌کات بۆ یه‌کێکی تر، به‌ڵێ دیاره به ته‌ئکید
ئیحسانه‌و چاکه‌یه‌کی باشی کردووه به‌ڵام ئایا حه‌جه‌که بۆ خۆیشی ده‌نووسرێ و وه‌کو
حه‌جێک بۆ خۆیشی حیسابه؟ زۆر له شه‌رعناسان ده‌فه‌رموون به‌ڵێ وه‌کو حه‌جێکیش ده‌نووسرێ
بۆ ئه‌م که له‌بری یه‌کێکی تر حه‌جه‌که ده‌کات؛ یه‌عنی بۆ نموونه ته‌له‌به‌یه‌ک له
مه‌ککه‌ی پیرۆز ده‌خوێنێ، پاره‌یان داوه‌تێ و ده‌ڵێن کاکه حه‌جێکمان بۆ بکه بۆ
فڵان که‌س، بۆ دایکم، بۆ نه‌نکم، پاشان ئه‌و له‌وێ حه‌جه‌که ده‌کات؛ ئایا ئه‌م که
حه‌جه‌که ده‌کات له به‌ری ئه‌و که‌سه‌ی تر، ئه‌میش پاداشتی حه‌جه‌که‌ی دە‌ست ده‌که‌وێت؟
هه‌ندێک له شه‌رعناسان ده‌فه‌رموون ته‌بعه‌ن ده‌ستی ناکه‌وێت چونکه ئه‌و به پاره کردوێتی.
به‌ڵام له حاڵه‌تێکی تردا وه‌کو ئه‌م حاڵه‌ته‌ی جه‌نابت که هاتووی خۆت پاره‌که‌ت
داوه‌و حه‌جه‌که‌ش له‌بری دایکت ئه‌نجام ده‌ده‌ی، به‌ته‌ئکید خێری بۆ خۆیشت ده‌نووسرێ
و بۆ ئه‌ویش ده‌نووسرێ، به‌ڵام خۆ ئه‌گه‌ر خێره‌که‌ش نه‌نووسرا وه‌کو حه‌ج تۆ ئه‌و
ئیحسان و خێره گه‌وره‌یه‌ت بۆ ده‌نووسرێ. هه‌رچه‌نده به‌پێی ئه‌و رێسایه‌ی که شه‌رعناسانی
به‌ڕێز باسیان کردووه‌و له ئه‌سڵیشدا فه‌رمووده‌یه‌کی سه‌حیحه که پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) ده‌فه‌رموێ: «الدَّالُّ عَلَ الخَیرِ کَفَاعِلِهِ»؛
«ئه‌و که‌سه‌ی که ده‌بێته ده‌لیل و رێنما بۆ ئه‌نجامی چاکه‌یه‌ک هه‌ر وه‌کو ئه‌نجامده‌ره‌که
وایه‌و هه‌مان پاداشتی هه‌یه»، که‌واته
هه‌روه‌کو ئه‌و خێر بۆ ئه‌میش ده‌نووسرێ، له‌م بابه‌تی ئه‌نجامی حه‌ج و عومره‌شدا
ده‌شێ وابێت. جا ئیمامی ئه‌حمه‌د (ره‌حمه‌تی خوای لێبێت) به‌رده‌وام ته‌ئکیدی ده‌کرده‌وه
له‌وه‌ی که ئه‌جره‌که‌یان وه‌کو یه‌ک وایه، ئیمامی نه‌وه‌ویش (ره‌حمه‌تی خوای لێبێت)
هه‌ر وای فه‌رمووه‌و شێخ موحه‌ممه‌د بن ئیبراهیمی ئال شێخ‌یش موفتی گه‌وره‌ی عه‌ره‌بستان
پێش ئیبنو باز (ره‌حمه‌تی خوایان لێبێت) \ هه‌ر ده‌یفه‌رموو وه‌ک یه‌ک ئه‌جره‌که‌یان
بۆ ده‌نووسرێ.
- مامۆستا من جارێک حه‌جم کردووه، ئه‌م جاره به‌نیازم بۆ دایکمی بکه‌م که ئه‌مری خوای کردووه؛ ئایا ده‌توانم هه‌ر له‌گه‌ڵ حه‌جه‌که‌ی ئه‌و بۆ خۆیشمی دوباره بکه‌مه‌وه؟
-
- من شوکر چوومه عو‌مره ئه‌گه‌ر خوای گه‌وره قبوڵی کات، له‌وێ پرسیارم کرد ئایا ده‌بێ عو‌مره بۆ دایکیشم بکه‌م ؟
-
من شوکر چوومه عو‌مره ئه‌گه‌ر خوای گه‌وره قبوڵی کات، له‌وێ پرسیارم کرد ئایا ده‌بێ عو‌مره بۆ دایکیشم بکه‌م چونکه توانای ماددی نییه‌و به‌ته‌مه‌نیشه‌و خۆی پێی ناکرێت، وتیان: ده‌توانی، ئیتر عومره‌یه‌کم بۆ کرد، ئایا ئه‌و عومره‌یه‌ی بۆ نووسراوه؟
به‌ڵێ به‌ته‌ئکید و ان شا‌ء اللّه بۆی نووسراوه مادام ناتوانێت؛ چونکه حه‌ج و عو‌مره هه‌روه‌کو ده‌شێ بۆ مردووی بکه‌ی، ده‌شێ بۆ زیندوویه‌کیشی بکه‌ی که ناتوانێت حه‌ج و عومرهکه بکات جا له‌به‌ر پیری بێت یان له‌به‌ر نه‌خۆشینی دائیمی و درێژخایه‌ن و له‌م جۆره شتانه، به مه‌رجێک حه‌ج و عو‌مره فه‌رزه‌که‌ی خۆتت کردبێت؛که‌واته خوا جه‌زای به‌خێرت بداته‌وه ته‌واو بێخه‌م به لێی، چونکه وه‌کو ئیبنوعه‌بباس (خوا لێیان رازی بێت) ده‌گێڕێته‌وه: پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) گوێی لێ‌بوو کابرایه‌ک له حه‌ج ده‌یوت: «لَبَّيْكَ عَنْ شُبْرُمَةَ»؛ «خوایه گیان ئه‌وه له‌ببه‌یک و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواکه‌ی تۆیه له بری شوبرومه». پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) فه‌رموی: «مَنْ شُبْرُمَةُ؟»؛ «شوبرومه کێیه؟». کابرا وتی: «أَخٌ لِي (أَوْ قَرِيبٌ لِي)»؛ «برامه (یان خزمێکی نزیکمه)». فه‌رمووی: «حَجَجْتَ عَنْ نَفْسِكَ؟»؛ «حه‌جت کردووه له‌جیاتی خۆت؟ (حه‌جه فه‌رزه‌که‌ی خۆتت کردووه؟)». عه‌رزی کرد: «لَا»؛ «نه‌خێر». پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) فه‌رمووی: «حُجَّ عَنْ نَفْسِكَ، ثُمَّ حُجَّ عَنْ شُبْرُمَةَ»[1]؛ «ده‌ی که‌واته سه‌ره‌تا حه‌جه‌که‌ی خۆت بکه پاشان له‌جیاتی شوبرومه‌ش حه‌ج بکه».
که‌واته خوای گه‌وره له تۆیشی قبووڵ کات یه‌که‌م جار عومرهکهی خۆتت ئه‌نجام داوه جا عومره‌ت بۆ دایکت کردووه‌و شتێکی زۆر چاکتان کردووه، خوای گه‌وره‌ش یارمه‌تیده‌رتان بێت و سه‌بریش بگرن و به‌ڕه‌حم بن له‌گه‌ڵ یه‌کتری، له‌گه‌ڵ خوشکه‌کانتان له‌گه‌ڵ باوک و دایکتان، رێزی براکانیشتان بگرن.
[1]. أبو داود: 1181؛ ابن ماجه: 2903؛ ئه‌لبانی ده‌فه‌رموێ: سه‌حیحه (مشکاة المصابیح: 2529).
- ده‌چم بۆ عو‌مره به ئیزنی خوای گه‌وره، ده‌مه‌وێ عو‌مره بۆ باوکم بکه‌م؛ ئایا جائیزه ئیحرام له مه‌ککه ببه‌ستم و بچمه نزیکترین میقات؟
-
سه‌ره‌تا بزانه که ئیمامی نه‌وه‌وی (ره‌حمه‌تی خوای لێبێت) ده‌فه‌رموێ: «أَنَّ مَنْ كَانَ بِمَكَّةَ وَأَرَادَ الْعُمْرَةَ فَمِيقَاتُهُ لَهَا أَدْنَى الْحِلِّ وَلَا يَجُوزُ أَنْ يُحْرِمَ بِهَا مِنَ الْحَرَمِ»[1]؛ «هه‌رکه‌سێک له مه‌ککه بێت و بیه‌وێت عو‌مره بکات، میقات بۆ ئه‌و نزیکترین شوێنی حه‌ڵاڵه (واته نزیکترین شوێن له ده‌ره‌وه‌ی حه‌ره‌م)، بۆی نییه هه‌ر له حه‌ره‌مه‌وه ئیحرامی عومرهکهی ببه‌ستێت». که‌واته جه‌نابت پێویست ناکات بڕۆیته میقات، به‌ڵکو ده‌چیته نزیکترین شوێن له ده‌ره‌وه‌ی حه‌ره‌م. پاشان ته‌بعه‌ن که جه‌نابت ته‌شریفت برده ئه‌وێ و خوای گه‌وره کردییه قسمه‌تت ئه‌وه ئه‌گه‌ر له ناو هاوڕێکانیشتدا زانای شه‌رعی تێدا نه‌بێت واته له قافڵه‌که‌تاندا، ئه‌وه هه‌ر له‌وێ که گه‌یشتی ده‌ستبه‌جێ ده‌توانی بپرسی چونکه الحمد للّه ئێسته ئه‌و شتانه‌یان زۆر ئاسان کردۆته‌وه‌و ته‌نانه‌ت له مۆبایله‌که‌شتدا ده‌توانی خه‌زنی که‌یت؛ شوکر بۆ خوا زۆر ئاسان کراون ئه‌م بابه‌تانه.
[1]. النووي، شرح صحیح مسلم: 8/151.
- دایکم مردووه، ئایا ده‌توانم به‌ده‌ل حه‌جی بۆ بکه‌م یان ئه‌و پاره‌ی بۆ بکه‌م به خێر؟
-
نا حه‌جه‌که‌ی بۆ بکه، مادام الحمد للّه موسوڵمانه‌و حه‌جی له‌سه‌ر بووه‌و نه‌یکردووه یان نه‌یتوانیوه بیکات و ئێستا کۆچی دوایی کردووه خوا لێی خۆش بێت، حه‌جه‌که‌ی بۆ بکه‌و خوای گه‌وره لێتان قه‌بووڵ کات له هه‌ردووکتان و بۆ ئه‌ویش به حه‌جه‌ێک حیسابه الحمد للّه.
- ئایا دوو عو‌مره له یه‌ک سه‌فه‌ردا ده‌کرێ؟
-
ئایا دوو عو‌مره له یه‌ک سه‌فه‌ردا ده‌کرێ؟ عومرهکهی یه‌که‌م له مه‌دینه ئیحرام ده‌به‌ستین و به‌ره‌و مه‌ککه رێ ده‌که‌وین و هه‌موو ئادابه‌کان به جێ ده‌هێنین، پاشان بۆ عومرهکهی تر ده‌چین له مزگه‌وتی خاتو عائیشه جارێکی تر ئیحرام ده‌به‌ستین و ده‌ڵێین دووه‌م عومره‌مان کردووه؛ ئایا دروسته؟
له‌وه ده‌چێ مه‌به‌ستت له مزگه‌وتی خاتو عائیشه، ته‌نعیم بێت! ئیبنو عوسه‌یمین (ره‌حمه‌تی خوای لێبێت) ده‌فه‌رموێ: ئه‌مه بیدعه‌یه. ئه‌لبانیش (ره‌حمه‌تی خوای لێبێت) ده‌فه‌رموێ: دروسته به‌ڵام ته‌نها بۆ ژنانێک که له حه‌یزدان چونکه ئه‌سڵ له‌م بابه‌ته‌دا ئه‌وه‌یه که پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) له‌کاتی حه‌جدا سه‌یری کرد عائیشه ده‌گری، فه‌رموی بۆچی ده‌گریێی؟ که‌وتیته حه‌یزه‌وه؟ عه‌رزی کرد: به‌ڵێ. پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) فه‌رمووی: روکنه‌کانی تری حه‌ج بکه‌و ته‌واف مه‌که، دواییش به عه‌بدوڕڕه‌حمانی برایی فه‌رموو عومرهکهی له‌گه‌ڵدا بکه، ئیتر گه‌ڕایه‌وه چوو بۆ ئه‌و شوێنه‌ی که ته‌نعیمی پێ ده‌وترێ، دوایی له‌وێوه هاته‌وه عومرهکهی کرده‌وه؛ جا ئه‌مه تایبه‌ت بوو به‌و ئافره‌تانه‌ی که‌وتوونه‌ته حه‌یزه‌وه بۆیه ئه‌لبانی (ره‌حمه‌تی خوای لێبێت) به شێوازێکی ته‌وسیشه‌وه ده‌ڵێ: ئێ الحمدُ للّه خۆ ئێمه‌ی پیاوان ناکه‌وینه حه‌یزه‌وه، که‌وابوو پیاوان بۆچی ده‌چن ئه‌م عومره‌یه به‌م شێوه‌یه بکه‌نه‌وه؟
به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ من پێم وایه که جه‌نابت ده‌چیته حه‌ره‌مه‌ین، ئه‌م بابه‌ته له زانایانی ئه‌وێ بپرسیته‌وه باشتره، ان شا‌ء اللّه به باشی بۆشت روون ده‌که‌نه‌وه که بۆچی وتوویانه بیدعه‌یه‌و ئایا له ته‌نعیم نه‌بێت له شوێنێکی‌تره‌وه ده‌کرێت و...؟ ان شا‌ء اللّه بۆت روون ده‌که‌نه‌وه.
- دایکم به‌ته‌مای حه‌جه، به‌ڵام پاره‌ی نییه براکه‌م پاره‌ی حه‌جی بۆ ده‌دات، به‌ڵام براکه‌م نوێژ ناکات؛ ئایا دروسته به‌و پاره‌یه بچێت بۆ حه‌ج؟
-
ئه‌گه‌ر پاره‌که‌ی به حه‌ڵاڵی په‌یا کردبێت نوێژیش نه‌کات به‌ڵێ ته‌بعه‌ن دایکت ده‌توانێت پێی بچێت بۆ حه‌ج و پاره‌که به نیسبه‌ت دایکته‌وه هیچ ئیشکالێکی تێدا نییه‌و براکه‌شت ئیشێکی باش ده‌کات که پاره‌که بدات به دایکت و هیوادارم ئه‌ویش ده‌ست به نوێژه‌کانی بکات و رۆژووه‌کانی بگرێت ان شا‌ء اللّه. مادام پاره‌که‌ی له رێگای حه‌ڵاڵدا په‌یا کردووه، ئێستا که ده‌یدات به دایکی پێی بچێت بۆ حه‌ج، ئه‌مه ئیشکالێکی تێدا نییه.
- نه‌نکم له ئه‌وروپایه‌و خاوه‌نی هه‌شت هه‌تیوه‌و کچه‌که‌ی بردوێتی بۆ ئه‌وروپا، دوو ساڵه له ئه‌وروپایه، به پاره‌ی ته‌قاعودیه‌که‌ی رۆیشتووه بۆ حه‌ج، ئایا حه‌جه‌که‌ی قبووڵه؟
-
به‌ڵێ، بۆچی قبووڵ نییه؟ ته‌قاعودی خۆیه‌تی و پاره‌که‌ی کۆ کردۆته‌وه‌و له ئه‌وروپاوه چووه بۆ حه‌ج، ئیشێکی باشی کردووه‌و خوا لێی قبووڵ کات. ئه‌وه‌ش که خاوه‌نی هه‌شت هه‌تیوه‌و به جێی هێشتوون، ئێ خۆ حه‌تمه‌ن بێ‌سه‌رپه‌رشت به‌جێی نه‌هێشتوون. خۆت ئاماژه‌ت پێدا که ئێستا له ئه‌وروپا لای کچێکیه‌تی و ده‌ی حه‌تمه‌ن لای ئه‌و یان که‌سێکی تر به‌جێی هێشتوون. پاشان خۆ هه‌ر ئه‌و موکه‌لله‌ف نییه سه‌رپه‌رشتییان بکات، ئه‌و هه‌تیوانه حه‌تمه‌ن که‌سی تریشیان هه‌یه، خاڵیان هه‌یه، مامیان هه‌یه، پووریان هه‌یه، که‌سی تریان هه‌یه. بۆیه به نیسبه‌تی حه‌جه‌که‌ی خۆیه‌وه به‌ڵێ کێشه‌ی نییه‌و حه‌جه‌که‌ی قبووڵه ان شا‌ء اللّه.
- ده‌مه‌وێ بچم بۆ عو‌مره، به‌ڵام پاره‌ی براو خوشکێکمم له‌لایه وه‌کو قه‌رز؛ ئایا جائیزه بچم بۆ عومره‌و قه‌رزی ئه‌وانیشم له‌سه‌ر بێت؟
-
یه‌که‌م: مادام که قه‌رزاریت و دۆخی داراییت باش نییه ته‌بعه‌ن عومرهکه فه‌رز نییه له‌سه‌رت.
دووه‌م: قه‌رزدانه‌وه واجبه‌و مادام که‌سێک بتوانێت و هه‌ر به ئه‌نقه‌ست قه‌رزه‌که نه‌داته‌وه ئه‌وه به فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ری
خوا (علیه الصّلاة والسّلام) سته‌می کردووه.[1]
سێیه‌م: قه‌رزکردن بۆ حه‌ج وبۆ عومره‌ش جائیزه له ئه‌سڵدا به‌و مه‌رجه‌ی تۆ بزانی که ده‌یده‌یته‌وه؛ بۆ نموونه که‌سێک له ئه‌رووپایه‌و حیسابی بانکی هه‌یه‌و ده‌زانێ که سه‌ری مانگ پاره‌ی بۆ داده‌به‌زێ له حیسابه‌که‌دا، ئه‌مه ده‌توانێت قه‌رز کات و بڕوات عومرهکهی پێ بکات چونکه دڵنیایه پاره‌که‌ی پێ ده‌درێته‌وه.
جا ئه‌مه‌ی جه‌نابیشت ئه‌گه‌ر ده‌زانی عو‌مره‌که‌ت بکه‌یت و بێیته‌وه ده‌توانی قه‌رزی براو خوشکه‌که‌ت بده‌یته‌وه، ئه‌وه بۆت جائیزه به‌و پاره قه‌رزه بچیته عو‌مره. فه‌توای شێخ ئیبنو بازو زانایانی تری ئه‌م سه‌رده‌مه‌شی له‌سه‌ره؛ واللّه تعالی أعلم.
[1]. ئاماژه‌یه به فه‌رمووده‌ی: «مَطْلُ الْغَنِيِّ ظُلْمٌ» [البخاري: 2166؛ مسلم: 1564]؛ «قه‌رزنه‌دانه‌وه له‌لایه‌ن ئه‌و که‌سه‌ی که ده‌وڵه‌مه‌نده، زوڵم و سته‌مه».
- ئه‌گه‌ر که‌سێک پێشتر ئیشی مۆسیقا‌و حه‌فله‌و ئاهه‌نگی کردبێت و ئێستا ته‌وبه‌ی کردبێت له‌و کار و کاسبییه، وازی له هه‌مووی هێنابێت، ئێستا حه‌ز ده‌کات بچێت بۆ عو‌مره، ئایا ده‌توانێت به‌و پاره‌ی مۆسیقایه بچێت بۆ ماڵی خوا؟ تاوانبار نابێت؟
-
ئه‌گه‌ر جگه له‌و پاره‌ی مۆسیقا‌و حه‌فله هیچ پاره‌یه‌کی‌تری به ده‌سته‌وه نه‌بێت و هه‌موو پاره‌که‌ی هه‌ر له‌و رێگایه‌وه به ده‌ست هێنابێت، من ده‌ڵێم برا به‌رێزه‌که‌م جارێ مه‌چۆ، بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌یه‌کی حه‌ڵاڵی باشترت ده‌ست که‌وێت؛ ئه‌م پاره که له ده‌ستتدایه‌و سه‌رمایه‌که‌ته، ئێمه نازانین هه‌مووی له‌و رێگا حه‌رامانه‌وه هاتووه یان تۆ که‌سابه‌تی‌تریشت کردووه‌و سه‌رمایه‌ی تریشت هه‌بووه‌و ئێستا تێکه‌ڵ بوون؛ ئه‌گه‌ر هه‌مووی پاره‌و سه‌رمایه‌که‌شت حه‌رام بووبێت، تازه سه‌رمایه‌که مه‌فه‌وتێنه، به‌ڵکو ئیش به سه‌رمایه‌که‌ت بکه‌و جارجاره خێر‌و سه‌ده‌قه‌ی لێ ده‌رکه هه‌تاوه‌کو ئه‌م سه‌رمایه ده‌ڕوات و هه‌مووی پاک ده‌بێته‌وه، ئیتر ئه‌و کاته ان شا‌ء اللّه به پاره‌که‌ی بڕۆ بۆ حه‌ج یان عو‌مره.
- مامۆستا ئایا حه‌جی ئه‌و که‌سانه جائیز و دروسته چ ژن و چ پیاو که کومیته‌یین یان بونیادی شه‌هیدن و ئێران ناونووسیان ده‌کات و به پووڵی خۆی ئه‌م که‌سانه ده‌نێرێته حه‌ج؟
-
یه‌عنی ئێران پاره‌که‌یان بۆ ده‌دات؛ به‌ڵێ به ته‌ئکید حه‌جه‌که‌یان هه‌ر حیسابه، چوونی ئه‌مانه بۆ حه‌ج له‌سه‌ر حیسابی ئێران هیچ ئیشکالێکی تێدا نییه‌و حه‌جه‌که‌شیان قبووڵه هه‌وه‌کو ئه‌وه‌ی کابرایه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند له‌سه‌ر حیسابی خۆی بیاننێرێت، هه‌روه‌کو ئه‌وقاف خه‌ڵکێک ده‌نێرێت بۆ حه‌ج و حه‌جه‌که‌شی قبووڵه، جاری وا هه‌یه کابرا نوێژیش ناکات به‌ڵام ده‌گاته ئه‌وێ ته‌وبه ده‌کات و ده‌ست ده‌کات به نوێژکردن و گه‌ڕانه‌وه بۆ لای خوای گه‌وره؛ ئێمه چووزانین که ده‌گاته که‌عبه له‌وانه‌یه ته‌وبه‌که بکات و سادقانه حه‌جه‌که‌ی بکات و خوای گه‌وره لێشی قبووڵ کات ان شا‌ء اللّه.
- من ته‌مه‌نم ٣٣ ساڵه، ناوم ده‌رچووه بۆ حه‌ج بۆ ئه‌مساڵ به‌ڵام منداڵێکم هه‌یه شه‌ش مانگانه؛ ئایا بچم بۆ حه‌ج و به‌جێی بهێڵم گوناحبار نابم؟
-
گوناحبار نابی ئه‌گه‌ر دایه‌نێک هه‌بوو بۆت بگرێ، ئه‌گه‌ر منداڵه‌که زه‌ره‌ری لێ نه‌ده‌که‌وت. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر بتوانی بیبه‌ی له‌گه‌ڵ خۆت و زه‌ره‌ری لێ نه‌که‌وێ، ئه‌مه‌ش ده‌توانی بکه‌ی چونکه سه‌حابه هه‌یانه وای کردووه. ئه‌سڵ بۆ هه‌موو بڕیاریک که جه‌نابت ده‌یده‌یت منداڵه‌که‌یه، ژیانی منداڵه‌که‌و تووشی زه‌ره‌رنه‌بوونی. چونکه شه‌رع به ئافره‌ت ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر منداڵه‌که‌ت شیره‌خۆره بوو و به رۆژوو گرتنی تۆ تووشی زه‌ره‌ر ده‌بوو به‌ڕۆژوو مه‌به؛ ده‌ی بێگومان بۆ حه‌ج و عومره‌که‌ش هه‌ر وایه. ئێستاش ئه‌مه هه‌لێکی زۆر باشه که جه‌نابت ده‌ستت که‌وتووه‌و ناوت هاتۆته‌وه بۆ حه‌ج، بۆیه ئه‌گه‌ر دایه‌نێکت ده‌ست که‌وت به پاره‌ش بێ بیگره بۆ ئه‌وه‌ی هه‌تاکو دێیه‌وه شیری بداتێ و به خه‌میه‌وه بێت. من ده‌ڵێم حه‌جه‌که‌ت بکه‌ی باشه مادام ته‌ندروستی منداڵه‌که‌ت ناکه‌وێته مه‌ترسییه‌وه، هه‌روه‌ها مه‌حر‌ه‌میشت له‌گه‌ڵدا بێت، ئه‌مه فرسه‌تێکه‌و بۆت رێ که‌وتووه‌و خوای گه‌وره‌ش بۆت ئاسان بکات ان شا‌ء اللّه.
- مامۆستای به‌ڕێز چه‌ند ساڵێک ناوت نووسیبێت بۆ حه‌ج و ناوت ده‌رنه‌چووبێ، ئه‌گه‌ر به واسته بچی جائیزه؟
-
به واسته یه‌عنی ره‌شوه‌یه‌ک بدات و ئیتر بتوانێ بچێت؛ به‌ڵێ جائیزه مادام حه‌قی خه‌ڵکی تر پێشێل ناکرێت و که‌سێکی تر که ئێستا سه‌ره‌یه‌تی به‌هۆی پێشخستنه‌که‌ی تۆوه دوا نا‌خرێت. ئه‌مه مافی خۆته‌و حه‌ق بوو بڕۆی ئێستا حه‌جه‌که‌ت بکه‌یت، به‌ڵام ناهێڵن هه‌تاکو سه‌د دۆلار نه‌ده‌ی به به‌رتیلخۆرێک، به حه‌رامخۆرێک، ئیتر ئه‌و کاته حه‌قه‌که‌یی خۆتت ده‌داته‌وه؛ به‌ڵێ بیده‌رێ و بۆ تۆ ره‌شوه نییه به‌ڵام بۆ ئه‌و ره‌شوه‌یه بیدات به ده‌رمان ان شا‌ء اللّه.
- باشه بۆچی چوونه حه‌ج ئه‌و هه‌موو پاره‌ی ده‌وێ؟ پێنج ملیۆنی ده‌وێ بۆ سعوودیه لێمان ده‌سه‌نێ، به‌ڵام خه‌ڵکی ئه‌رووپا زۆر به ئاسان ده‌چن و هیچی تێ ناچێت!
-
نا، وا نازانم حکومه‌تی عه‌ره‌بستان نرخ دابنێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که تۆ چۆ‌ن ده‌چی بۆ حه‌ج، زۆر و که‌می نرخه‌که کۆمپانیاکان دیاری ده‌که‌ن؛ ئه‌گه‌ر لای تۆ پێنج ملیۆنی بووێت، خۆ له نه‌رویجیشه‌وه پێنج ملیۆنه‌که‌ی هه‌ر تێده‌چێ که لێره‌وه خه‌ڵک بڕوات بۆ ئه‌وێ، زۆرتریشی تێده‌چێت، عیلاقه‌شی به‌سه‌ر عه‌ره‌بستانه‌وه نییه. کابرای یه‌مه‌نی به پێ هاتووه، کابرای میسیری به باخیره‌یه‌ک په‌ڕیوه‌ته ئه‌و به‌ر، کابرای ئیسڕائیلی به ته‌یاره هاتووه؛ بۆیه حه‌قی به سه‌ر ئه‌وانه‌وه نییه، عیلاقه‌ی به‌وه‌وه نییه که بڵێین عه‌ره‌بستان گرانی کردووه.
- ده‌مه‌وێ حه‌ج بکه‌م به‌ڵام له دوو که‌سی خزمی خۆم عاجزم و نامه‌وێ ئاشتیان بکه‌مه‌وه؛ چی بکه‌م؟
-
وه‌ڵڵا برا به‌رێزه‌که‌م من پێم وایه ئاشت بیته‌وه له‌گه‌ڵیاندا باشه، رێگای حه‌ج رێگایه‌کی مان و نه‌مانه، چووزانین چیمان به‌سه‌ر دێت؟ ئه‌و جاره رافیعه‌که که‌وته خواره‌وه به‌ر ئه‌و حاجیانه که‌وت، کێ ده‌ڵێ تۆیش یه‌کێ نابی له‌وانه؟ هه‌رچه‌نده ئینسان خوای گه‌وره ره‌حمی پێ بکات و حه‌جی به‌نسیب بووبێت و مردنێک له‌وێش ببێته به‌شی خۆ شتێکی زۆر گه‌وره‌یه، به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ باسمان له‌سه‌ر مان و نه‌مانه‌که‌یه. یان بۆ نموونه رووداوێکی تر روو بدات وه‌کو که‌وتنه ژێر ده‌ست و پێ. بۆیه گه‌ردنی خۆتیان پێ ئازاد بکه‌ی زۆر باشتره، سه‌رێکیان لێ بده، ته‌له‌فۆنێکیان بۆ بکه بڵێ ده‌چمه حه‌ج و گه‌ردنمان ئازاد که‌ن و گه‌ردنتان ئازاد بێ و سه‌لامونعه‌له‌یکوم و ته‌واو، گه‌ردنیان ئازاد که‌یت و ئه‌وانیش گه‌ردنت ئازاد که‌ن.
- ماوە‌یه‌کی زۆرە نیه‌تی عومره‌م هێناوه به‌ڵام له ترسی ئیلتیزام نه‌کردن و له ترسی گوناح کردن له‌دوای عومرهکه زۆر شه‌رم و ترسم هه‌یه؛ تکایه چی بکه‌م ئایا؟
-
ئامۆژگاریه‌که‌م ئه‌وه‌یه بچۆ برا به‌ڕێزه‌که‌م، ئه‌م عو‌مره چاکه بۆ له ده‌ست خۆت ده‌ده‌ی؟ که پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) به‌و شێوه‌یه باسی کردووه‌و ئینسان ئه‌و هه‌موو گوناحه‌ی له کۆڵ ده‌بێته‌وه ئیتر چاوه‌ڕێی چی ده‌که‌ی؟ بیسمیللای لێ بکه‌و عومره‌ی خۆت بکه‌و خوای په‌روه‌ردگاریش لێت قبووڵ کات
- . ئه‌و حه‌دیسه‌ی باسی ئه‌وه ده‌کات که نابێت جلی پیاو له گۆزینگی پێی زیاتر درێژ بێت، بۆمان روون بکه‌ره‌وه؟
-
مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه که پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) حه‌دیسی سه‌حیحی هه‌یه‌و ده‌فه‌رموێت: «ئه‌وه‌ی له به‌رگ و پۆشاکتان له خوار قوله‌پێوه بێت ئه‌وه له ئاگردایه»، یه‌عنی له گۆزینگیه‌وه بۆ خوارووتری له ئاگری جه‌هه‌ننمدایه، بۆیه نابێت جل و به‌رگ و پۆشاکه‌کانی ئه‌وه‌نده درێژ کاته‌وه. له فه‌رمووده‌ی بوخاریدا هاتووه: «مَا أَسْفَلَ مِنَ الكَعْبَيْنِ مِنَ الإِزَارِ فَفِي النَّارِ»[1]، لای موسلیم: «ثَلَاثَةٌ لَا يُكَلِّمُهُمُ اللهُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ»[2]؛ «سێ پۆله خه‌ڵکی خوای په‌روه‌ردگار قسه‌یان له‌گه‌ڵ ناکات»، «وَلَا يَنْظُرُ إِلَيْهِمْ»؛ «رووشیان تێ ناکات»، «وَلَا يُزَكِّيهِمْ»؛ «پاڵفته‌شیان ناکات»، « وَلَهُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ»؛ «ئازارێکی زۆر به‌ژانیشیان دێته رێ»، «الْمُسْبِلُ إِزَارَهُ »؛ «یه‌که‌م که‌س ئه‌و که‌سه‌ی که پۆشاکه‌که‌ی درێژ کردۆته‌وه بۆ سه‌ر قاچی»، «وَالْمَنَّانُ»؛ «ئه‌و که‌سه‌ی که منه‌ت ده‌کاته‌وه به سه‌ر خه‌ڵکیدا» «وَالْمُنَفِّقُ سِلْعَتَهُ بِالْحَلِفِ الْكَاذِبِ»؛ «ئه‌و که‌سه‌ش که سوێندی درۆ ده‌خوات بۆ ئه‌وه‌ی ره‌واج به کاڵاو جنسه‌که‌ی بدات بۆ ئه‌وه‌ی بیفرۆشێت». ئه‌مانه هه‌مووی حه‌دیسن و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ن که وا پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) مه‌نعی ئه‌مه‌ی کردووه، له هه‌مان کاتیش‌دا پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) ده‌فه‌رموێ: «مَنْ جَرَّ ثَوْبَهُ خُيَلاَءَ، لَمْ يَنْظُرِ اللَّهُ إِلَيْهِ يَوْمَ القِيَامَةِ»[3]؛ «هه‌ر که‌سێک که پۆشاکه‌که‌ی به دوای خۆیدا راکێشێت بۆ فه‌خرو شانازی کردن خوای په‌روه‌ردگار رووی تێ ناکات له رۆژی قیامه‌تدا» یه‌عنی ئه‌وه‌نده ده‌یبوغزێنێت. جا سه‌یدنا ئه‌بوبه‌کر (خوای لێ رازی بێت) ئه‌مه‌ی بیست و دیاریشه پۆشاکه‌که‌ی ده‌خشا به زه‌ویدا، بۆیه کاتێک که له پێغه‌مبه‌ری خوای (علیه الصّلاة والسّلام) پرسی، فه‌رمووی: نا ئه‌وه تۆ ناگرێته‌وه.
عوله‌ما به درێژایی تاریخی ئیسلام له‌و سه‌رده‌مانه‌ی قه‌دیمه‌وه هه‌تاکو ئێستا ئیختیلافیان له‌سه‌ر ئه‌م باسه هه‌بووه؛ ئه‌وانه‌ی که پابه‌ندن به ده‌ق و زاهیری حه‌دیسه‌وه وه‌کو ئه‌هلی حه‌دیس له کۆن و سه‌له‌فیه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش ده‌فه‌رموون: مادام که پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) فه‌رموویه‌تی که هه‌رچی له خوار گۆزینگی پێوه بێت له ئاگردایه، ته‌واو ئه‌وه له ئاگری جه‌هه‌ننمدایه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی گه‌وره‌یه‌و گوناحێکی گه‌وره‌یه‌و له که‌بائیره.
شه‌رعناسانی تر، ئه‌وانه‌ی که به‌رانبه‌ریانن ده‌فه‌رموون حه‌رام نییه، له مه‌زهه‌بی شافیعی و حه‌نه‌فی و مالیکیدا.
جا ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه ده‌ڕۆیشت پۆشاکه‌که‌ی له دوایه‌وه ده‌خشا له ئه‌رزه‌که، پێیان وت جه‌نابت ئه‌و پۆشاکه‌ت له‌به‌ر کردووه خۆ فه‌رمووده‌که‌ش ده‌زانیت، فه‌رمووی ئه‌وه تایبه‌ته به‌و که‌سانه‌ی که فه‌خرو شانازی ده‌که‌ن چونکه له‌و سه‌رده‌می جاهیلیه‌تی پێش ئیسلامه‌وه هه‌تا ئه‌م سه‌رده‌می جاهیلیه‌ته‌ی ئێستا له خلیج، له‌ناو عه‌ره‌به‌کانی خلیجدا ئه‌مه هه‌ر بۆ فه‌خرو شانازییه، به‌ڵام له میسر وا نییه، له میسر ئه‌وه‌ی که جله‌کانی درێژ کردۆته‌وه فه‌لاحه داماوه‌که‌یه، له سوودانیش هه‌روه‌ها، یان له شوێنێکی وه‌کو مۆریتانی بۆ فه‌خر و شانازی باڵه‌کانی زۆر دوور‌و درێژ ده‌که‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵیداته‌وه به‌سه‌ر شانیداو فه‌خری پێوه بکات.
که‌وابوو فه‌خرو شانازیه‌که ده‌بێت بزانین به چیه‌وه ده‌کرێت. من خۆم پێم وایه شرواڵ و و پانتۆڵ و ئه‌مانه هیچ عیلاقه‌یه‌کی به‌سه‌ر دشداشه‌وه نییه‌و ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) فه‌رموویه‌تی ده‌رباره‌ی دشداشه‌یه بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بی ئه‌و سه‌رده‌مه‌و ئێستای عه‌ره‌به‌کانی خلیجیش چونکه ئێستاش له عه‌ره‌بستانی سعوودی ئه‌وه‌ی که زۆر فه‌خرو شانازی ده‌کات به‌سه‌ر خه‌ڵکه‌وه ئه‌وه‌یه که جله‌که‌ی پان و پۆڕ بێت له خواره‌وه‌و دشداشه‌که‌شی له ئه‌رزه‌که بخشێت. بۆیه وا نازانم شرواڵ و پانتۆڵ و ئه‌وانه بگرێته‌وه، که‌واته له خوار گۆزینگیشه‌وه بێت هیچ ئیشکالێکی تێدا نییه‌و خودی ئیمامی ئیبنو ته‌یمییه‌ش له‌سه‌ر حه‌رام نه‌بوونێتی؛ واللّه تعالی أعلم.
[3]. البخاري: 784؛ مسلم: 2085.
- ئایا له‌و حه‌دیسه‌ی که باس کراوه که ده‌ڵێن موسوڵمانان ده‌بن به 73 گرووپ یان تاقم، مه‌به‌ستی له چ جۆرێکه ئه‌گه‌ر بۆمان روون بکه‌یته‌وه؟
-
ئیمامی شاتیبی (ره‌حمه‌تی خوای لێبێت) له روونکردنه‌وه‌ی ئه‌و فه‌رموودانه‌دا له کتێبی «الإعتصام»، لاپه‌ڕه 712 ده‌فه‌رموێ: ئه‌م گرووپه گومڕایانه که پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) ئاماژه‌ی پێ داون و هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش که عوله‌مای ئیسلام له‌سه‌ری موتته‌فیقن ئه‌وه‌یه که ته‌نها فیرقه‌ی سه‌رکه‌وتوو فیرقه‌ی ناجیه‌یه که ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ته، ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ته‌که‌ش بریتین له‌و که‌سانه‌ی که له‌سه‌ر مه‌نهه‌جی سێ جیله‌که ده‌ڕۆن، جیلی یه‌که‌م یاوه‌رانی به‌ڕێز، پاشان تابیعینی دوای ئه‌وان که ته‌له‌به‌ی یاوه‌ران بوون و پاشان تابیعی تابیعین؛ فیرقه‌ی ناجیه ئه‌وانه‌ن له سه‌ر مه‌نهه‌جه‌که‌ی ئه‌مان رۆیشتوون. جا ده‌فه‌رموێ: ئه‌م فیرقانه به‌وه بوون به فیرقه‌ی گومڕا چونکه خیلافیان له‌گه‌ڵ فیرقه‌ی ناجیه‌دا له مه‌عنای کوللی و گشتی دینه‌که‌دا هه‌یه؛ مه‌سه‌له‌ن کۆمه‌ڵێک له شیعه وتوویانه عه‌لی وه‌حیی بۆ هاتووه به‌س جوبره‌ئیل لێی تێک چووه‌و داویه‌تی به موحه‌مه‌د (علیه الصّلاة والسّلام)! ئێ ئه‌مه ناچێته دائیره‌ی ئیمان و ئیسلامه‌تی. یه‌کێکی تر ده‌ڵێت عه‌لی خوایه، یه‌کێکی تر ده‌ڵێت وه‌حی بۆ فاتیمه هاتووه! جا ئه‌مه که ئیمامی شاتیبی (ره‌حمه‌تی خوای لێبێت) ئاماژه‌ی پێ ده‌دات که ده‌فه‌رموێ: موخاله‌فه‌ی کوللیه، له‌پاش ئه‌و موخاله‌فه‌ی جوزئیش هه‌یه؛ بۆ نموونه له رێساکانی عه‌قیده‌ی ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌تدا، ئه‌وه‌یه که ده‌بێت ئوممه‌ت سیستمیان هه‌بێت و خه‌لیفه‌یان هه‌بێت، جا یه‌کێک نکووڵی له هه‌بوونی خیلافه‌ت و حوکمی ئیسلامی بکات ئه‌مه موخاله‌فه‌ی عه‌قیده‌ی ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌تی کردووه.
پاشان ده‌فه‌رموێ: موخاله‌فه‌که‌یان له شته کوللی و گشتیه‌کانه، نه‌ک له جوزئییه‌تێکدا موخاله‌فه‌یان به‌رانبه‌ر به یه‌کتری هه‌بێت؛ بۆ نموونه ئیمامی ئه‌بویووسف (ره‌حمه‌تی خوای لێبێت) بیست ساڵ ته‌له‌به‌ی ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه بووه، ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه ده‌یفه‌رموو ئه‌وه‌ی بڵێت قورئان مه‌خلووقه پێی کافر ده‌بێت، به‌ڵام ئیمامی ئه‌بویووسف ده‌یفه‌رموو نا پێی کافر نابێت، ئیتر بوو به موناقه‌شه‌یان و له یه‌ک عاجز بوون. ئیمامی ئه‌بویووسف شه‌ش مانگ قسه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌کرد و رۆییشت خۆی دیراسه‌ی کرد و دواییش هاته‌وه سه‌ر ره‌ئیه‌که‌ی ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه! ئه‌مه جوزئیاتێکه که پێی له عه‌قیده‌که ده‌رناچێت، واته له عه‌قیده‌ی ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت.
ئینجا ده‌فه‌رموێ: له‌وانه‌ی که شتێکی جوزئی و شازن به سه‌به‌بی ئه‌مه ناوترێت ئه‌وانه فیرقه‌یه‌کی ترن؛ مه‌سه‌له‌ن تۆ وه‌ختێک دیراسه‌ی مه‌زهه‌به‌کان ده‌که‌یت له رووی عه‌قیده‌وه بێت، له رووی فیقهه‌وه بێت، له رووی ئوسوولی فیقهه‌وه بێت، ده‌بینی بۆ نموونه حه‌نه‌فییه‌کان زۆر شتیان جودایه له فیقهدا، له ئوسوولی فیقهدا، له ئیستیدلالدا به‌ڵام هه‌ر جوزئێکن له عه‌قیده‌ی ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت ئێ ئیختیلافیشیان زۆر هه‌یه له‌گه‌ڵ سێ مه‌زهه‌به‌که‌ی تردا. که‌وابوو هه‌ر که‌سێک که شوێن قورئان و سوننه‌ت که‌وتبوو له رووی ئیعتیقاد و قه‌ول و عه‌مه‌له‌وه‌و کوللیاتی ئه‌وه‌ی هه‌موو وه‌رگرتبوو و پابه‌ند بوو پێیه‌وه ئه‌گه‌ر هه‌ندێک شتی ته‌ئویل کردبوو، هه‌ر له عه‌قیده‌ی ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ته‌که‌یه‌و ده‌رناچێت وه‌کو ئیمامی ئیبنو حه‌جه‌ری عه‌سقه‌لانی، ئیمامی نه‌وه‌وی، ئیمامی سیووتی، ئیمامی باقللانی، رازی، زۆر له‌و ئیمامه به‌ڕێزه گه‌ورانه هه‌موویان ده‌بینی ئه‌شاعیره‌ن مه‌سه‌له‌ن یان هه‌ندێکیان که‌وتوونه‌ته ره‌ئیه‌کانی ئه‌شاعیره‌و‌ه‌و عوله‌مای به‌ڕێزیش هه‌موویان رێزیان لێ گرتوون به درێژایی تاریخ.
- ئایا بیری به‌ره‌هووت چییه‌و بۆچی نه‌هی کراوه له خواردنه‌وه‌ی ئاوه‌که‌ی له لایه‌ن پێغه‌مبه‌ری خواوه (علیه الصّلاة والسّلام)؟
-
له چه‌ندین ریوایه‌تی جیاوازدا هاتووه که پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) باسی بیری بورهووت یان به‌رهووت یان به‌ره‌هووتی کردووه که هه‌ر سێ شێوازه خوێندنه‌وه‌که‌ش له ریوایه‌ته‌کاندا هاتووه؛ بیرێکه له یه‌مه‌ن، جا ئایا له حه‌زره‌مه‌وته، له شه‌بوه‌یه، یان له شارێکی تره؟ ئه‌وه ته‌بعه‌ن ریوایاتی تر‌و قسه‌ی تاریخی و ئیخبارو ئه‌فسانه‌و ئه‌نواع و ئه‌شکال شت تێکه‌ڵ یه‌ک بووه‌و له‌م سه‌رده‌مه‌شدا ته‌بعه‌ن زۆر شتی له‌سه‌ره. پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) باسی بیرێک ده‌کات له یه‌مه‌ن که ده‌فه‌رموێ: له ئاوه‌که‌ی ده‌سنوێژیش مه‌گرن؛ ده‌فه‌رموێ: «خَيْرُ مَاءٍ عَلَى وَجْهِ الْأَرْضِ مَاءُ زَمْزَمَ، وَفِيهِ طَعَامٌ مِنَ الطُّعْمِ، وَشِفَاءٌ مِنَ السُّقْمِ»[1]؛ «باشترین ئاو له سه‌ر زه‌میندا ئاوی زه‌مزه‌مه، هه‌م خواردنه‌و تێر ده‌کات و هه‌م خواردنه‌وه‌ی تینوێتی ناهێڵێت و شیفای نه‌خۆشینیشه»، ئاخر تۆ ئاوه‌که ده‌خۆیته‌وه له جێی خواردنیشه! جا ته‌بعه‌ن ئه‌وه زۆر که‌س ئه‌مه نازانێت که ئاوی زه‌مزه‌م به‌ڕاستی وایه‌و که ده‌یخۆیته‌وه ئیتر قورسه‌و پڕۆتێئیناته‌و ته‌کمیله‌ی غیزای خواردنه‌که‌ت ده‌کات و هه‌روه‌ها شیفایه بۆ نه‌خۆشین، «وَشَرُّ مَاءٍ عَلَى وَجْهِ الْأَرْضِ مَاءٌ بِوَادِي بَرَهُوتَ»؛ «خراپترین ئاویش له‌سه‌ر زه‌میندا که هه‌یه ئاوی دۆڵێکه که پێی ده‌وترێت به‌ره‌هووت»، «بِقُبَّةٍ بِحَضْرَمَوْتَ»؛ «له ته‌پۆڵکه‌یه‌کدایه له شاری حه‌زره‌مه‌وت که که‌وتۆته رۆژهه‌ڵاتی یه‌مه‌ن».
جا که پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) له‌م حه‌دیسه‌دا ئه‌مه‌ی فه‌رمووه، ئه‌و ئاوی به‌ره‌هووته به‌ڕاستی شتێکی زۆر سڕڕو ره‌مزه‌و شتێکی زۆر سه‌یره‌و تاکوئێستاش که 2019یه‌و باسی ده‌که‌ین هێشتا هه‌ر ره‌مزو سڕڕه، شتێکی نهێنی زۆری تێدایه. خه‌ڵک له سه‌رده‌می کۆندا ده‌گه‌ڕان به شوێن ئه‌مه‌داو ماوه‌یه‌ک ته‌بعه‌ن ناوه‌که‌شیان گۆڕیبوو به ئه‌وه‌ی که پێیان ده‌وت بیری عه‌لی! ئه‌ڵبه‌ته خه‌ڵکه‌که دیاره ترساون له‌وه‌ی که هی جه‌هه‌ننمه چونکه هه‌ندێک قسه‌ی تر هه‌یه که ده‌وترێت ئه‌وه گۆڕستانی کافرانی جننه له‌وێ یان روحیانه‌تی کافره‌کان له ئه‌وێدایه‌و شوێنی عه‌زابیانه، هه‌ندێکی تر وتوویانه نا ئه‌وه جن ئه‌و بیره‌ی هه‌ڵکه‌ندووه، هه‌ندێکی تر ده‌ڵێن جن هه‌ڵیکه‌ندووه وه‌کو زیندانی موخالیفان و دوژمنانی خۆیان بێت، هه‌ندێکی تر وتوویانه ئه‌مه مه‌لیکه حیمیه‌ره‌کانی قه‌دیم که پێنج شه‌ش هه‌زار ساڵ له‌مه‌و پێش ژیاون به جنیان هه‌ڵکه‌ندووه بۆ ئه‌وه‌ی زه‌خیره‌و سه‌روه‌ت و سامانی خۆیان له‌وێدا دفن که‌ن و دوایی خه‌ڵک هه‌ڵیکۆڵیوه. ته‌بعه‌ن هه‌مووی ئه‌مانه قسه‌یه‌و پێ ناچێت هیچ ئه‌سڵ و ئه‌ساسێکیشی هه‌بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) که باسی کردووه زۆر شتێکی سڕڕی موهیممی تێدایه که ده‌فه‌رموێت ئاویشی تێدایه به‌ڵام ته‌ڕ نییه! جا ئێستا مه‌علووم بووه که 250 مه‌تر ته‌قریبه‌ن قووڵه. به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌یه له ساڵی 2005 تیمێکی جوگرافیاناسی رۆیشتن یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ی که وا مه‌عرووفه‌و خه‌ڵکی ناوچه‌که‌یه ئه‌وانه شۆڕیان کرده‌وه به لایت و کامێره‌و به هه‌موو شتێکه‌وه که ده‌گاته نزیکی 100 مه‌تر خوڕه‌ی ئاوه‌که ته‌سجیل ده‌کات، جا که ده‌گاته 100 مه‌تر هاوار ده‌کات به‌رزم که‌نه‌وه، به‌رزی ده‌که‌نه‌وه سه‌رێ، ده‌ڵێن بۆ مه‌گه‌ر چی قه‌وما؟ ده‌ڵێ: سه‌ری بیره‌که وێک هاته‌وه‌و هه‌مووی تاریک بوو و ئیترمن نوورم نه‌بینی له سه‌رووی ئێوه‌وه که لایتتان لێ ده‌دا، له کاتێکدا رۆژیش بووه! جا ئه‌مه‌ی که باسی ده‌که‌م به رۆژدا کراوه ساڵی 2005. بۆیه هه‌تاکو ئێستاش هه‌روه‌کو سڕڕێک ماوه‌ته‌وه.
ئاخر شتیش ته‌بعه‌ن تیمێکی ئه‌مریکییه (واللّه أعلم) وا بزانم بۆی هات و هه‌وڵیان دا ساڵی 2015 دیسان دراسه‌ی تریان کرد و گه‌یشتنه بنی ئه‌و شوێنه‌و یه‌کێک که له‌گه‌ڵیاندا بوو خۆی مامۆستای کیمیا بوو خه‌ڵکی ناوچه‌که‌شه له‌گه‌ڵ تیمه‌که، ئه‌و ده‌چێته خواره‌وه‌و شتیشی لێ دێنێت. هه‌ندێکی تر پێشتر نه‌یانتوانیه‌وه بچنه خواره‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌کو ئه‌و کونانه‌ی که ئاسه‌واری گڕکانه هی بورکانه‌و که‌س ناتوانێت پێیدا بڕوات وایه. به‌ڵام ئه‌مه زۆر موهیممه که هه‌رکه‌سێک ده‌چێته بیره‌که‌وه گوێی له خوڕه‌ی ئاوه به‌ڵام ئاویشی لێ نییه! ئه‌مه باسه‌که‌ی پێغه‌مبه‌ری خوایه (علیه الصّلاة والسّلام). جا هه‌ندێک له عوله‌ما ده‌فه‌رموون ئاگره‌که‌ی یه‌مه‌ن که دێت لێره‌وه ده‌رده‌چێت چونکه له حه‌دیسی سه‌حیحدا هاتووه که ئاگرێکیش له یه‌مه‌نه‌وه ده‌بێت رۆژی قیامه‌ت.
به‌هه‌رحاڵ بیری به‌رهووت یان بورهووت یان به‌ره‌هووت ئه‌و بیره‌یه که ده‌ڵێن له حه‌زره‌مه‌وته‌و له‌و حه‌دیسه‌شدا هاتووه، هه‌ندێکی که وتوویانه له شه‌بوه‌یه، هه‌ندێک شاری تریان دیاری کردووه، به‌ڵام وا دیاره ئیتر شوێنه‌که ته‌حدید کراوه‌و زانراوه ئێستا؛ واللّه تعالی أعلم.
[1]. الطبراني، المعجم الأوسط: 3912 و 8129؛ ئه‌لبانی به حه‌سه‌نی داناوه (صَحِيحُ التَّرْغِيب وَالتَّرْهِيب: 1161).
- ئه‌و حه‌دیسه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) که ده‌فه‌رموێ: له 100 که‌س یه‌ک که‌س ده‌چێته به‌هه‌شت له ئوممه‌تی من، ئه‌گه‌ر روون کردنه‌وه‌یه‌کی له‌سه‌ر بده‌ی؟
-
حه‌دیسه‌که له سه‌حیحی بوخاریدایه به ژماره 6530،[1] ریوایه‌تێکی تر به ژماره 6529یه[2]؛ حه‌دیسێکیان ده‌فه‌رموێ خوای په‌روه‌ردگار کاتێک که هه‌موو مرۆڤه‌کان کۆ بوونه‌ته‌وه له قیامه‌تدا به سه‌یدنا ئاده‌م ده‌فه‌رموێ: ئه‌و که‌سانه‌ی جه‌هه‌ننمین جیایان که‌ره‌وه، له ریوایه‌تێکیاندا ده‌فه‌رموێ: له 100 که‌س یه‌کێک لا ده‌دات و یه‌کێکی تریان ده‌فه‌رموێ: له ١٠٠٠ که‌س یه‌کێک لا ده‌دات، یه‌کێک ئیماندار ده‌بێت و ئه‌وانه‌ی تر ده‌بن به ئه‌هلی جه‌هه‌ننم.
جا ئه‌م برا به‌ڕێزه‌ش که ئه‌و پرسیاره‌ی کردووه وه‌کو هه‌ر که‌سێکی تر ئیحتیماله‌ن له‌وه سه‌ری سووڕ مابێت هه‌روه‌کو ئه‌و سه‌حابیه به‌ڕێزانه‌ش ده‌یانپرسی و ده‌یانوت: چۆ‌ن له 100 که‌س 99 ده‌چێت بۆ جه‌هه‌ننم؟ یه‌عنی تۆ سه‌یری به‌شه‌ریه‌ت بکه سه‌یری سه‌ر ئه‌رز بکه ئه‌و که‌سانه‌ی که ئیماندار‌و موسوڵمانن زۆرن و پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) ده‌یفه‌رموو ئوممه‌تی من زۆرن و ئومێدم هه‌یه نیوه‌ی به‌هه‌شتی بن، یه‌ک له‌سه‌ر چواری به‌هه‌شتی بن، یان یه‌ک له سه‌ر سێی به‌هه‌شتی بن، یان نیوه‌ی به‌هه‌شتی بن. ئینجا عه‌رزیان کرد ئه‌ی باشه چۆ‌ن ئه‌وه‌نده که‌م ده‌بین که له ١٠٠دا ٩٩ بڕۆن بۆ جه‌هه‌ننم؟! فه‌رمووی ئوممه‌تی من له چاو به‌شه‌ریه‌تدا وه‌کو موویه‌کی سپی وایه له مانگایه‌کی ره‌شدا، یه‌عنی ئوممه‌ته‌که ئه‌وه‌نده که‌م ده‌بێت له‌چاو ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه زۆره‌ی که ده‌چنه جه‌هه‌ننمه‌وه، ئه‌هلی جه‌هه‌ننمه‌که زۆرن و هه‌ر ئه‌مه‌شه وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی جه‌نابت؛ واللّه تعالی أعلم. بۆ زانیاری زۆرتریش سه‌یری «فتح الباري»، به‌رگی یازده بکه‌ن که هه‌مووی به ته‌فسیل شه‌رح کردووه.
[1]. ده‌سپێکی فه‌رمووده‌که ئاوایه: «يَقُولُ اللَّهُ: يَا آدَمُ، فَيَقُولُ: لَبَّيْكَ وَسَعْدَيْكَ وَالخَيْرُ فِي يَدَيْكَ، قَالَ: يَقُولُ: أَخْرِجْ بَعْثَ النَّارِ...».
[2]. ده‌سپێکی فه‌رمووده‌که ئاوایه: «أَوَّلُ مَنْ يُدْعَى يَوْمَ القِيَامَةِ آدَمُ، فَتَرَاءَى ذُرِّيَّتُهُ، فَيُقَالُ: هَذَا أَبُوكُمْ آدَمُ...».
- پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) فه‌رموویه‌تی: ئه‌وه‌ی به نه‌خۆشی ناوسک بمرێت شه‌هیده؛ هی وا هه‌یه ئه‌وه‌نده‌ی جگه‌ره‌و مه‌شرووب خواردۆته‌وه تووشی سه‌ره‌تانی ناوسک بووه، ئێ قابیله ئه‌مه شه‌هید بێت؟
-
کوڕی باوکم ته‌بعه‌ن ئه‌مه شه‌هید نابێت؛ به‌ڵێ راسته پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) له فه‌رمووده‌ی سه‌حیحی بوخاری و موسلیمدا ده‌فه‌رموێ: «الشُّهَدَاءُ خَمْسَةٌ: المَطْعُونُ، وَالمَبْطُونُ، وَالغَرِقُ، وَصَاحِبُ الهَدْمِ، وَالشَّهِيدُ فِي سَبِيلِ اللَّهِ»[1]؛ «شه‌هیده‌کان پێنج پۆلن: ئه‌و که‌سه‌ی که به تاعوون کۆچی دوایی کردووه، ئه‌و که‌سه‌ی به نه‌خۆشیه‌کانی سک‌ئێشه مردووه‌و ئه‌و که‌سه‌ی که خنکاوه له ئاوداو ئه‌و که‌سه‌ی که خانووی به سه‌ردا رووخاوه‌و ئه‌و که‌سه‌ش که له پێناوی خوای په‌روه‌ردگاردا شه‌هید بووه»، ئه‌مانه به شه‌هید حسێبن. که‌وابوو که ده‌ڵێین ئه‌و که‌سه‌ی دیوار‌و شتێکی به سه‌ردا رووخاوه ئه‌وانه‌ش ده‌گرێته‌وه که له بومه‌له‌رزه‌دا به‌ر که‌وتوون و خانوویان به سه‌ردا رووخاوه، یان له سه‌یاره‌دا بووه‌و ده‌عمێکی کردووه. یه‌کێکی که به سک‌ئێشه، جا سک‌ئێشه‌که له ریخۆڵه چه‌وره‌یه‌وه بووبێت، له په‌نکه‌ریاسیه‌وه بووبێت، له جگه‌ریه‌وه بێت، له شتێک هی ناخی بێت، هه‌ریه‌کێک له‌مانه بێت جیاوازی نییه. ئه‌وه‌ش که له ئاودا خنکاوه به هه‌مان شێوه به‌ڵام مه‌رجه ئیلتیزامی ئیسلامه‌تیه‌که‌ی هه‌بووبێت، خۆ هه‌ر وا له خۆیه‌وه شه‌هید نابێت؛ یه‌عنی کابرا باوه‌ڕی به خوا نه‌بێت یان باوه‌ڕی به خوا هه‌یه به‌ڵام باوه‌ڕی به پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) نییه، یان باوه‌ڕی به خوا‌و پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) هه‌یه به‌ڵام نه نوێژ ده‌کات و نه رۆژوو ده‌گرێت و نه زه‌کات و نه حه‌ج و هیچ شتێکی نه‌کردووه، ئێ ئه‌مه هه‌ر له خۆیه‌وه ده‌ره‌جه‌ی شه‌هیدی وه‌ربگرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی له بومه‌له‌رزه‌که‌دا له‌وێ بووه‌و دیوارێکی به‌سه‌ردا رووخاوه، ته‌بعه‌ن ئه‌وه نایگرێته‌وه. پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) فه‌رمووی: «مَا تَعُدُّونَ الشَّهِيدَ فِيكُمْ؟»[2]؛ «ئێوه شه‌هیده‌کان به چی حسێب ده‌که‌ن و کێن ئه‌وانه؟»، «قَالُوا: يَا رَسُولَ اللهِ، مَنْ قُتِلَ فِي سَبِيلِ اللهِ فَهُوَ شَهِيدٌ»؛ «وتیان: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا هه‌ر که‌سێک که له پێناوی خوای گه‌وره‌دا بکوژرێت شه‌هیده». فه‌رمووی: «إِنَّ شُهَدَاءَ أُمَّتِي إِذًا لَقَلِيلٌ»؛ «که‌وا بوو جا خۆ شه‌هیدانی ئوممه‌ته‌که‌ی من که‌من»، «قَالُوا فَمَن یَا رَسُولَ اللَّهِ؟»؛ «ئه‌د‌ی کێ شه‌هیده ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا؟»، فه‌رمووی: «مَنْ قُتِلَ فِي سَبِيلِ اللهِ فَهُوَ شَهِيدٌ»؛ «هه‌ر که‌سێک له پێناوی خوای په‌روه‌ردگاردا بکوژرێت ئه‌وه شه‌هیده»، «وَمَنْ مَاتَ فِي سَبِيلِ اللهِ فَهُوَ شَهِيدٌ»؛ «هه‌ر که‌سێکیش له پێناوی خوای گه‌وره‌دا بمرێت هه‌ر شه‌هیده»، وه‌کو ئه‌وه‌ی کابرا سایه‌قی موجاهیده‌کانه‌و ده‌ڕوات و له‌پڕ سه‌یاره‌که‌ی وه‌رده‌گه‌ڕێت و ده‌مرێت یان ئه‌سپه‌که‌ی له‌قه‌یه‌کی لێ ده‌دات و ده‌مرێت یان له ته‌دریبدایه تۆپێکی به‌رده‌که‌وێت یه‌عنی قه‌وانه فیشه‌کێکی گه‌وره‌ی به‌ر ده‌که‌وێت نه‌ک خودئ فیشه‌که‌که یان تۆپه‌که‌ی ده‌که‌وێت به سه‌رداو ده‌مرێت هه‌مووی ئه‌وانه شه‌هیدن. پاشان فه‌رمووی: «وَمَنْ مَاتَ فِي الطَّاعُونِ فَهُوَ شَهِيدٌ، وَمَنْ مَاتَ فِي الْبَطْنِ فَهُوَ شَهِيدٌ وَالْغَرِيقُ شَهِيدٌ»؛ «ئه‌و که‌سه‌ی به تاعوون بمرێت شه‌هیده، ئه‌و که‌سه‌ش که به سک‌ئێشه ده‌مرێت شه‌هیده‌و ئه‌و که‌سه‌ش که غه‌رق بووه هه‌ر شه‌هیده». له حه‌دیسی سه‌حیحی تریشدا هاتووه که: «مَنْ قُتِلَ دُونَ مَالِهِ فَهُوَ شَهِيدٌ»[3]؛ «هه‌ر که‌سێک له به‌رگری کردن له له سه‌روه‌ت و سامانی خۆیدا بکوژرێت شه‌هیده».
که‌واته شه‌رتی شه‌هیدبوونی کابرا له‌و حاڵه‌تانه‌دا ئیمانداری و چاکه‌کارێتییه‌که‌یه‌تی، نه‌ک ئه‌وه‌ی کابرا مه‌شرووب سک‌ئێشه‌ی تووش بکات و بیکوژێت و بڵێین وه‌ڵا شه‌هیده!
[1]. البخاری: 653، 720، 2829؛ مسلم: 1914.
[3]. البخاري: 2480؛ مسلم: 141.
- راسته که هه‌رکه‌سێک که‌لیمه‌ی «لاَ إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ» ئاخر که‌لیمه‌ی بێت ده‌چێته به‌هه‌شته‌وه؟
-
به‌ڵێ راسته‌و پێغه‌مبه‌ری خواش (علیه الصّلاة والسّلام) هه‌ر وا ده‌فه‌رموێت و حه‌دیسه‌که سه‌حیحه.[1] ئیمامی ئیبنو حه‌جه‌ری عه‌سقه‌لانیش (ره‌حمه‌تی خوای لێبێت) له فه‌تحولباریدا، به‌رگی ده‌یه‌م، لاپه‌ڕه 283 ده‌فه‌رموێ: « أَنَّ الْحَدِيثَ مَحْمُولٌ عَلَى مَنْ وَحَّدَ رَبَّهُ وَمَاتَ عَلَى ذَلِكَ تَائِبًا مِنَ الذُّنُوبِ الَّتِي أُشِيرَ إِلَيْهَا فِي الْحَدِيثِ»؛ له راڤه‌ی ئه‌م رسته‌دا ده‌ڵێین: ئیبنو حه‌جه‌ر ده‌فه‌رموێ: به‌ڵێ راسته که ئه‌گه‌ر «لاَ إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ» ئاخر که‌لیمه‌ی بێت ده‌چێته به‌هه‌شته‌وه به‌ڵام به کۆمه‌ڵه مه‌رجێک، خۆ ئه‌وه نییه کابرا هه‌ر کافر بووبێت و له ئاخر له‌حزه‌یدا ده‌ڵێت «لاَ إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ» ته‌واو هه‌موو ئه‌و گوناحانه‌ی سڕابنه‌وه‌و مافی خه‌ڵکی که له سه‌ریه‌تی و ئه‌و هه‌موو زوڵمه‌ی که کردوێتی؛ جا خۆ ئه‌گه‌ر وا بێت هه‌موو که‌سێک ده‌توانێت ئه‌مه بکات! سه‌ددامیش ئه‌و هه‌موو جه‌ریمه‌ی کرد و له ئاخری له‌فزه‌که‌شیدا وتی «لاَ إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ»، به‌ڵام له رووی شه‌رعه‌وه ئه‌گه‌ر بکه‌وتایه‌ته ده‌ست ئێمه، ده‌ست موسوڵمانانی ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت، ده‌ست عوله‌مای ئیسلام و بدرایه‌ت به دادگایه‌کی شه‌رعی هه‌ر به‌پێی ئه‌و هه‌موو ئه‌حکامه ده‌کوژرا که نه‌یسڕیونه‌ته‌وه، له‌سه‌ر به‌عسێتیه‌که‌ی ده‌کوژرا که حیزبێکی عه‌لمانی کافری دژ به ئیسلام بوو و ئه‌و هه‌موو قانوونانه‌ی ده‌رکرد، ئه‌و هه‌موو فه‌قه‌ره قانوونانه‌ی که ده‌رکردووه له‌سه‌ر قه‌تڵ، قه‌تڵی ناحه‌ق، کابرا له سه‌ربازی رای کردووه ده‌شکوژرا ژنه‌که‌شی ده‌درایێ به عه‌ره‌بێک، به جوندییه‌ک یان رای کردووه ژنه‌که‌یان ده‌برد و ده‌یاندایه‌وه به کابرایه‌کی عه‌ره‌ب! یه‌عنی ئافره‌ته‌که دوو مێردی هه‌بوو له یه‌ک کاتدا! ده‌یان قانوونی وای ده‌رکردووه، سه‌دان فه‌قه‌ره قانوونی موخالیف به ئیسلامی ده‌رکردووه، ئه‌مه «لاَ إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ» له ئه‌حکامی دنیادا نایپه‌ڕێنێته‌وه ئه‌گه‌ر وتی و ئه‌و هه‌موو ئه‌حکامه‌ی له‌سه‌ر ته‌تبیق ده‌کرێت. بۆیه ئیمامی ئیبنو حه‌جه‌ر لێره‌دا ده‌فه‌رموێت: ئه‌و که‌سه‌ی که له‌سه‌ر ته‌وحید ژیاوه‌و که ده‌مرێت باوه‌ڕی به «لاَ إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ» هه‌یه وه‌کو خواناسی، خواپه‌رستی، حاکمیه‌تی خوای گه‌وره‌و باوه‌ڕی به شه‌ریعه‌ته‌که‌ی هه‌یه به ته‌نفیزکردنی شه‌ریعه‌ته‌که‌ی، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌مرێت و ته‌وبه‌ی له‌و هه‌موو گوناحانه کردبێت که فه‌رمووده‌که ئاماژه‌ی پێ داوه؛ واللّه تعالی أعلم.
[1]. پێغه‌مبه‌ری خوا (صلّی اللّه علیه وسلّم) ده‌فه‌رموێ: «مَا مِنْ عَبْدٍ قَالَ: لاَ إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ، ثُمَّ مَاتَ عَلَى ذَلِكَ إِلَّا دَخَلَ الجَنَّةَ» (البخاري: 5827).
- تا چه‌ند ئه‌و حه‌دیسه راسته که پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) مه‌رجی له‌سه‌ر زه‌واجی حه‌زره‌تی فاتیمه‌و زه‌ینه‌ب داناوه که نابێت ژنیان به‌سه‌ردا بێت و ئه‌گه‌ر ژنیان به سه‌ر بێنن ده‌بێت کچه‌که‌م ته‌ڵاق بده‌ن؟
-
له حه‌دیسی سه‌حیحی بوخاریدایه که ده‌فه‌رموێ: به‌نی هیشامی کوڕی موغیره داوای ئیجازه‌یان کرد که کچه‌که‌یان بده‌ن به عه‌لی کوڕی ئه‌بی تالیب، پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) فه‌رمووی: «فَلاَ آذَنُ، ثُمَّ لاَ آذَنُ، ثُمَّ لاَ آذَنُ إِلَّا أَنْ يُرِيدَ ابْنُ أَبِي طَالِبٍ أَنْ يُطَلِّقَ ابْنَتِي وَيَنْكِحَ ابْنَتَهُمْ»[1] «رێگا ناده‌م، پاشان رێگا ناده‌م، پاشان رێگا ناده‌م، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که کوڕی ئه‌بیتالیب بیه‌وێت کچه‌که‌ی من ته‌ڵاق بدات و کچه‌که‌ی ئه‌وان بخوازێت». پاشان له فه‌رمووده‌یه‌کی تردا هاتووه که عه‌لی کوڕی ئه‌بی تالیب داوای کچی ئه‌بوجه‌هلی کرد که به‌سه‌ر فاتیمه‌دا بیخوازێت، ئیتر پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) فه‌رمووی: «وَإِنِّي لَسْتُ أُحَرِّمُ حَلاَلًا، وَلاَ أُحِلُّ حَرَامًا وَلَكِنْ وَاللَّهِ لاَ تَجْتَمِعُ بِنْتُ رَسُولِ اللَّهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ، وَبِنْتُ عَدُوِّ اللَّهِ أَبَدًا»[2]؛ «من به‌ڕاستی حه‌رام حه‌ڵاڵ ناکه‌م و حه‌ڵاڵیش حه‌رام ناکه‌م ، به‌ڵام سوێند به‌خوا نابێت کچی پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) له‌گه‌ڵ کچی دوژمنی خوادا کۆ ببنه‌وه». ئه‌مه ده‌رباره‌ی فاتیمه، به‌ڵام ده‌رباره‌ی زه‌ینه‌ب نازانم و نه‌مبیستووه.
ئه‌مما بۆ فاتیمه، ئه‌وه کاتێک که شووی به سه‌یدنا عه‌لی کردبوو ئه‌و مه‌رجه له به‌ینیاندا هه‌بوو که عه‌لی کوڕی ئه‌بی تالیب ژن نه‌هێنێت به‌سه‌ریدا، له‌به‌ر ئه‌مه‌شه که ده‌شێت ئافره‌تی موسوڵمان چ کچ و چ بێوه‌ژن که شووی کرد بیکات به شه‌رت له عه‌قده‌که‌داو بینووسێت و بڵێت به‌و شه‌رته‌ی پیاوه‌که‌م ژنم به سه‌ردا نه‌هێنێت و پیاوه‌که‌ش ئیتر بۆی نییه ژنی به سه‌ردا بێنێت و ئه‌گه‌ر ژنی به سه‌ردا هێنا ئیتر ئه‌و کاته ئافره‌ته‌که خۆی ئازاده، ده‌توانێت ته‌حه‌ممولی بکات و له‌وانه‌یه منداڵی بێت و کێشه‌ی بێت و بارودۆخه‌که وا بێت ته‌حه‌ممولی بکات؛ به‌ڵام وه‌کوو ماف، مافی هه‌یه که گرێبه‌سته‌که هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌و جیا بێته‌وه. پێغه‌مبه‌ری خواش (علیه الصّلاة والسّلام) پێش ئه‌وه‌ی روونی کاته‌وه فه‌رمووی من حه‌ڵاڵ حه‌رام ناکه‌م، حه‌رامیش حه‌ڵاڵ ناکه‌م، چونکه فره‌ژنیه‌که به ده‌قی ئایه‌ت حه‌ڵاڵه، له‌به‌رئه‌وه حه‌ڵاڵ حه‌رام ناکات و حه‌رامه‌که‌ش حه‌ڵاڵ ناکات به‌ڵام فه‌رمووی: نامه‌وێت کچه‌که‌م له‌گه‌ڵ کچی دوژمنی خوادا له یه‌ک شوێن کۆ ببنه‌وه؛ ئه‌مه‌ش سه‌به‌بی دووه‌میه‌تی که ئه‌وه‌ی قبووڵ نه‌بووه. ده‌شوترێت له شه‌رحی فه‌رمووده‌دا که ئه‌وان ویستوویانه که کچه‌که بده‌ن به عه‌لی کوڕی ئه‌بی تالیب نه‌ک عه‌لی خۆی چووبێت و داوای کردبێت. له هه‌مان کاتیش‌دا ریوایه‌تێکی تر هه‌یه که عه‌لی کوڕی ئه‌بی تالیب ئه‌وه‌ی بیر چبۆوه که له سه‌ره‌تاوه فاتیمه‌ی ماره کرد پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) ئه‌وه‌ی پێ فه‌رمووبو که ژنی تر نه‌هێنێت.
که‌وابوو ئه‌و ئافره‌تانه که گرێبه‌ستی وایان هه‌یه ده‌توانن هه‌ڵیوه‌شێننه‌وه چونکه پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) له حه‌دیسی سه‌حیحی بوخاری و موسلیمدا ده‌فه‌رموێ: «أَحَقُّ الشُّرُوطِ أَنْ تُوفُوا بِهِ مَا اسْتَحْلَلْتُمْ بِهِ الفُرُوجَ»[3]؛ «ئه‌و گرێبه‌سته‌ی که له هه‌مووان شایانتره پابه‌ند بن به مه‌رجه‌کانیانه‌وه ئه‌و گرێبه‌سته‌یه که ئێوه ئافره‌تانتان پێ حه‌ڵاڵ کردووه» یه‌عنی گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری.
[3]. البخاري: 2721؛ مسلم: 1418.
- حه‌دیسێک هه‌یه که ده‌فه‌رموێ: قیامه‌ت نایێت تا فیتنه‌یه‌ک روو له هه‌موو ماڵێکی موسوڵمان نه‌کات، زانایانی سه‌رده‌م ده‌فه‌رموون فیتنه‌ی ته‌له‌فزیۆنه؛ ئه‌ی ناشێت فیتنه‌ی ئینته‌رنێت بێت؟
-
یه‌که‌م دڵنیا نیم له‌وه‌ی که حه‌دیسه‌که ئاوا بفه‌رموێت، یه‌عنی بفه‌رموێت رۆژی قیامه‌ت نایێت هه‌تاوه‌کو فیتنه‌یه‌ک روو له یه‌کیه‌کی ماڵی موسوڵمانان نه‌کات، حه‌دیسی وا نازانم، ئه‌گه‌ر جه‌نابت بۆت بنووسیمایێت و عه‌ره‌بیه‌که‌یت پێ بووتایێتم ئه‌وه باشتر بوو. به‌ڵام واش نازانم که ئه‌و فیتنه‌یه مه‌به‌ست له ته‌له‌فزیۆن بێت، چونکه یه‌کێکی وه‌کو موسته‌فا مه‌حموود (رحمه اللّه) که نووسه‌رێکی میسری بوو ده‌یوت مه‌به‌ست عیلمه! ئێ عیلمیش مومکینه ببێت به فیتنه. پاشان ئینته‌رنێته‌که خۆی نابێت به فیتنه ئه‌گه‌ر خۆت نه‌یکه‌یت به فیتنه! چه‌قۆیه‌ک له ماڵه‌که‌تاندایه خۆت نه‌یکه‌یت به فیتنه نابێت به فیتنه، چه‌قۆ بۆ خه‌ڵک کوشتنیش به کار دێت و ده‌شتوانی مه‌ڕێکی پێ سه‌ر ببڕیت. ده‌مانچه‌یه‌کت له ماڵه‌وه هه‌یه ده‌توانیت خۆی پێ بکوژیت خوا نه‌خواسته و ده‌توانیت خه‌ڵکی بێتاوانی پێ بکوژیت و ده‌شتوانیت دیفاع له خۆت بکه‌یت که جه‌رده هاته سه‌رت بیکوژیت؛ ئیته‌رنێتیش وایه. ئێمه خۆمان چه‌ند ئیستیفاده له‌م ئینته‌رنێته ده‌که‌ین هه‌ر مه‌گه‌ر خوا خۆی بزانێت چه‌ند ئیستیفاده‌ی لێ ده‌که‌ین له گه‌ڕان به دوای ئه‌و هه‌موو زانیاریانه‌دا، به‌ڕاستی شۆڕشی زانیارییه. که‌وابوو ناشێت وا بڵێین، بڵێین ئه‌مه فیتنه‌یه؛ واللّه تعالی أعلم.
- له فه‌رمووده ناسراوه‌که‌ی جوبڕه‌ئیلدا هاتووه: «فأسند رُكْبَتَيْهِ إِلَى رُكْبَتَيْهِ» ئه‌مه مه‌عنای چییه؟
-
مه‌عنای ئه‌وه‌یه که جوبڕه‌ئیل ئه‌ژنۆی ناوه به ئه‌ژنۆی پێغه‌مبه‌ری خواوه‌وه (علیه الصّلاة والسّلام) و ده‌ستی خسته
سه‌ر رانی پیرۆزی پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام).
- فه‌رمووده‌ی «مَنْ صَلَّى لِلَّهِ أَرْبَعِينَ يَوْمًا فِي جَمَاعَةٍ يُدْرِكُ التَّكْبِيرَةَ الأُولَى كُتِبَ لَهُ بَرَاءَتَانِ: بَرَاءَةٌ مِنَ النَّارِ، وَبَرَاءَةٌ مِنَ النِّفَاقِ» ئایا ئه‌م راسته‌و مه‌عناکه‌ی چییه‌و چۆنه؟
-
به‌ڵێ حه‌دیسه‌که راسته‌و ترمزی ریوایه‌تی کردووه‌و شێخی ئه‌لبانی (ره‌حمه‌تی خوای لێبێت) له سه‌حیحی ترمزیدا هێناوێتیه‌وه‌و ده‌ره‌جه‌ی حه‌سه‌نی داوه‌تێ و له شوێنی تریشدا ده‌ره‌جه‌ی سه‌حیح‌بوونی داوه‌تێ؛[1] واللّه تعالی أعلم. که‌وابوو حه‌دیسه‌که سه‌حیحه‌و راسته که ده‌فه‌رموێت: هه‌ر که‌سێک چل رۆژ بگات به ته‌کبیره‌ی یه‌که‌می نوێژ، یه‌عنی بچێت بۆ جه‌ماعه‌ت و ئیمام که وتوێتی «اللّه أکبر» ئه‌و له‌وێ بووبێت و له‌گه‌ڵیدا ته‌کبیره‌که‌ی وتبێت، ئه‌م که‌سه دوو به‌ڕائه‌ت وه‌رده‌گرێت، یه‌عنی له دوو شت بێخه‌م ده‌بێته‌وه: له‌وه‌ی که ناچێته ئاگری جه‌هه‌ننمه‌وه، له‌وه‌ش که له ریزی مونافیقاندا نانووسرێت؛ واللّه تعالی أعلم.
[1]. الألباني، صحیح الترغیب والترهیب: 409.
- ئایا ئه‌و حه‌دیسه زه‌عیفه که ده‌فه‌رموێت: الْجَنَّةُ تَحْتَ أَقْدَامِ الْأُمَّهَاتِ
-
ئایا ئه‌و حه‌دیسه زه‌عیفه که ده‌فه‌رموێت: «الْجَنَّةُ تَحْتَ أَقْدَامِ الْأُمَّهَاتِ»[1]؟
به‌ڵێ حه‌دیسه‌که زه‌عیفه، به‌ڵام له‌م باره‌وه حه‌دیسێکی تر هه‌یه که پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) به کابرای یاوه‌ری فه‌رموو: دایکت ماوه؟ عه‌رزی کرد: به‌ڵێ، فه‌رمووی ده خزمه‌تی بکه چونکه به‌هه‌شت له ژێر پێیایه‌تی.[2] که‌وابوو به‌هه‌شت له ژێر پێی دایکاندایه، به‌ڵام ئه‌و حه‌دیسه به‌و ده‌قه زه‌عیفه؛ واللّه تعالی أعلم.
[1]. الدولابي الرازي، الكنى والأسماء: 1911؛ مسند الشهاب : 119؛ ئه‌لبانی ده‌فه‌رموێ: مه‌وزووعه (593).
[2]. ئاماژه‌یه به فه‌رمووده‌ی: «فالْزَمْها، فإن الجنَّةَ عند رِجْلِها»؛ ئه‌لبانی فه‌رموویه‌تی حسنٌ صحیحٌ (صحیح الترغیب والترهیب: 2485).
- ئایا راسته شه‌هید حه‌فتا حۆری پێ ده‌درێت؟
-
به‌ڵێ راسته که شه‌هید حه‌فتاودوو حۆری پێ ده‌درێت؛ حه‌دیسی سه‌حیحی پێغه‌مبه‌ری خوایه (علیه الصّلاة والسّلام) که ده‌فه‌رموێ: «وَيُزَوَّجُ اثْنَتَيْنِ وَسَبْعِينَ زَوْجَةً مِنَ الحُورِ العِينِ»[1]؛ «حه‌فتاودوو حوری پێ ده‌درێت
وه‌کو هاوسه‌ری خۆی». شێخی ئه‌لبانیش (ره‌حمه‌تی خوای لێبێت) به سه‌حیحی ناساندووه.[2]
[1]. الترمذي: 1663؛ أحمد: 17182.
[2]. صحیح الترغیب والترهیب: 1374.
- هه‌ندێک فه‌رمووده هه‌یه ده‌فه‌رموێت: ئه‌و که‌سه به فڵان کار چۆ‌ته به‌هه‌شته‌وه یان به‌وه چۆ‌ته دۆزه‌خه‌وه، باشه چۆ‌ن چوون؟
-
که فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ری خوایه (علیه الصّلاة والسّلام) که‌وابوو جه‌نابی زانستی له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌یه که ئه‌م که‌سه‌ی ئه‌م ئیشه‌ی کردووه پێی ده‌چێته به‌هه‌شته‌وه. له‌وه‌ش که جاری وا هه‌یه له زمانی عه‌ره‌بیدا کرداری رابردوو به کار ده‌هێنرێت، زۆر جار مه‌به‌سته‌که هه‌ر کرداری رانه‌بردووه، یه‌عنی وه‌کو ئه‌وه‌ی ده‌فه‌رموێت: «مَنْ صَامَ رَمَضَانَ إِيمَانًا وَاحْتِسَابًا، غُفِرَ لَهُ مَا تَقَدَّمَ مِنْ ذَنْبِهِ»[1]؛ «هه‌رکه‌سێک ره‌مه‌زانه‌که به‌ڕۆژوو بووبێت له‌به‌رخاتری خوای په‌روه‌ردگارو به ئومێدی پاداشته‌وه ئه‌وه تاوانه‌کانی رابردووی به‌خشراون»؛ ئه‌مه دیاره به کرداری رابردوو هاتووه به‌ڵام خۆ بۆ داهاتووشه‌و بۆ ئه‌و که‌سانه‌شه که به‌ڕۆژوو ده‌بن دوایی، یه‌عنی هه‌رکه‌سێک به‌ڕۆژوو ببێت له‌به‌ر خاتری خوای په‌روه‌ردگار ئه‌وه ئه‌جره‌که‌یه‌تی. بۆیه جاری وا هه‌یه که ده‌فه‌رموێ: «دَخَلَ النَّارَ» یان «دَخَلَ الجَنَّةَ» وه‌کو ده‌فه‌رموێ: «دَخَلَتِ امْرَأَةٌ النَّارَ فِي هِرَّةٍ رَبَطَتْهَا، فَلَمْ تُطْعِمْهَا، وَلَمْ تَدَعْهَا تَأْكُلُ مِنْ خَشَاشِ الأَرْضِ»[2]؛ «ئافره‌تێک چووه ناو ئاگری دۆزه‌خه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه پشیله‌یه‌کی هه‌بوو نه خواردنی ده‌دایێ نه رێگای ده‌دا خۆی بڕوات خواردنی خۆی په‌یا بکات»، ئه‌مه دیاره خه‌به‌ره‌که پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) ده‌یگه‌یه‌نێت که مه‌علووماتی له‌سه‌ری هه‌یه‌و خوای گه‌وره حه‌تمه‌ن خه‌به‌ری پێ داوه؛ واللّه أعلم.
[1]. البخاري: 37 و1901؛ مسلم: 760.
[2]. البخاری: 3318؛ مسلم: 2619.
- چ دوعایه‌ک باشه بۆ ئه‌وه‌ی قه‌رزاریم له‌سه‌ر نه‌مێنێت؟
-
دوعایه‌کی تایبه‌ت هه‌یه بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که قه‌رزارن، پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) سه‌یدنا عه‌لی فێر کردووه، هه‌روه‌ها سه‌یدنا عه‌لیش خه‌ڵکی که‌ی فێر کردووه‌و یاوه‌رانیش به خه‌ڵکانێکی تریان گه‌یاندۆته‌وه که ئه‌مه‌یه: «اللَّهُمَّ اكْفِنِي بِحَلَالِكَ عَنْ حَرَامِكَ، وَأَغْنِنِي بِفَضْلِكَ عَمَّنْ سِوَاكَ»[1]؛ «په‌روه‌ردگارا ئه‌وه‌نده‌م له حه‌ڵاڵی خۆت پێ ببه‌خشه که پێویستم به حه‌رام نه‌بێت و به گه‌وره‌یی و به‌خششی خۆت ده‌وڵه‌مه‌ند و بێنیازم بکه له غه‌یری خۆت».
[1]. الترمذي: 3563؛ ئه‌لبانی به حه‌سه‌نی داناوه (صحیح الترغیب والترهیب: 1820).
- حه‌دیسی قودسی چۆنه، ئایا ده‌بێ بڵێین خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ یان پێغه‌مبه‌ر (علیه الصّلاة والسّلام) ده‌فه‌رموێ؟
-
حه‌دیسی قودسی ئه‌وه‌یه که فه‌رمووده‌ی خوای په‌روه‌ردگاره جگه له قورئان، قورئانه‌که ئه‌وه فه‌رمایشتی خوای په‌روه‌ردگاره‌و مه‌علوومه به‌ڵام حه‌دیسی قودسیش فه‌رمووده‌ی خوای په‌روه‌ردگاره به‌ڵام پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) گێڕاوێتیه‌وه‌و قودسیشه له‌به‌رئه‌وه‌ی که له جنسی قورئان نییه هه‌رچه‌نده پیرۆزه که له خوای په‌روه‌ردگاره‌وه‌یه. بۆ گێڕانه‌وه‌شی ئاوا ده‌ڵێین بۆ نموونه: «عَنِ النَّبِيِّ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فِيمَا يَرْوِيهِ عَنْ رَبِّهِ تَبَارَكَ وَتَعَالَى»؛ «له پێغه‌مبه‌ری خواوه (علیه الصّلاة والسّلام) له‌وه‌ی که له خوای په‌روه‌ردگاریه‌وه گێڕاوێتیه‌وه»؛ یان ده‌ڵێێن: «قال اللّه عزّ و جلّ فی الحدیث القدسي»؛ «خوای گه‌وره له حه‌دیسی قودسیدا ده‌فه‌رموێ». وه‌ک نموونه‌ی حه‌دیسی قودسیش ئاماژه به‌م فه‌رمووده ده‌که‌ین: «يَا عِبَادِي إِنِّي حَرَّمْتُ الظُّلْمَ عَلَى نَفْسِي، وَجَعَلْتُهُ بَيْنَكُمْ مُحَرَّمًا، فَلَا تَظَالَمُوا»[1]؛ «ئه‌ی به‌نده‌کانم من زوڵم و سته‌مم له‌سه‌ر نه‌فسی خۆم حه‌رام کردووه‌و له‌نێوان ئێوه‌شدا به حه‌رام دامناوه، که‌واته سته‌م له یه‌کتری مه‌که‌ن».
- پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) ده‌فه‌رموێ: ئه‌وه‌ی به‌یانی ئایه‌ته‌لکورسی بخوێنێت له شه‌یتان و جنۆکه ده‌پارێزرێت تا ئێواره‌و له ئێواره‌دا بیخوێنێت له شه‌یتان و جنۆکه ده‌پارێزرێت تا به‌یانی؛ باشه من ده‌یخوێنم و گوناحیش ده‌که‌م، ئایا ئه‌و گوناحانه شه‌یتان پێم ده‌کات یان خودی خۆمه؟ ئه‌گه‌ر شه‌یتان پێم ده‌کات ئایا ئه‌م حه‌دیسه راست نییه؟
-
برا به‌ڕێزه‌که‌م تاوان نه‌کردن ته‌نها به خوێندنی ئایه‌ته‌لکورسی نییه، هه‌یه حافزی قورئانه‌و ده‌شیخوێنێت، یه‌عنی شه‌یتان نابێت توخنی بکه‌وێت؟ ئه‌مه وا نییه. بۆیه سه‌ره‌تا پێویسته ئه‌مه بزانین که شه‌یتان هه‌یه، دنیاویستی هه‌یه، هه‌واو هه‌وه‌سی خۆمان هه‌یه، ئینجا شه‌یتانی ئینسیش هه‌یه، ئه‌وه ئه‌و شه‌یتانه له ره‌مه‌زاندا به‌سراوه‌ته‌وه ئه‌ی ئه‌م ئینسانه‌ی که کابرا ده‌باته‌وه بۆ شه‌راب خواردنه‌وه؟! ئاخر له‌و پرسیارانه‌ی که هاتبوو له ره‌مه‌زاندا تێیاندابوو که ده‌ڵێت: به‌ڕۆژوو بووم رفیقه‌کانم منیان برد بۆ ئه‌زمڕ به زۆر شه‌رابیان دامێ و شه‌رابم خوارده‌وه! یه‌عنی په‌نا به خوا رۆژووه‌که‌شیان پێ شکاندووه‌و شه‌رابیشیان ده‌رخوارد داوه! بۆیه کابرا نه‌فسی خۆی ده‌ڕاوت دزی ده‌کات، دنیاویستی خۆی، هه‌ڵپه کردنی خۆیه‌تی، له بازاڕدا مو‌عامه‌له‌ی حه‌رام ده‌کات، ئه‌ی خۆ مه‌عنای ئه‌وه نییه که ئایه‌ته‌لکورسیت خوێند شه‌یتان ئیتر ده‌وری نه‌ماوه! جا ئه‌گه‌ر وا بێت وه‌ڵا ئه‌وه‌نده رێگاکه‌مان ئاسان بووه بۆ به‌هه‌شت، به راکردن هه‌موومان ده‌ڕۆیشتین و شه‌یتانیشمان له‌و لاوه ده‌به‌سته‌وه؛ نا وا نییه‌و نابێت واش تێبگه‌ین لێی.
- ئایا مه‌رجه باوه‌ڕ به هه‌موو حه‌دیسێکی سه‌حیح بکرێت؟ ئه‌گه‌ر که‌سێک باوه‌ڕی به له سه‌دا پێنجی حه‌دیسه سه‌حیحه‌کان نه‌بێت پێی کافر ده‌بێت؟ ئاخر هه‌ندێک که‌س حه‌دیسی سه‌حیح به قورئان ده‌شوبهێنن.
-
به‌ڵێ بێگومان مه‌رجه که هه‌موو حه‌دیسێکی سه‌حیح ده‌بێت باوه‌ڕت پێی هه‌بێت مادام ئیسبات بووه سه‌نه‌ده‌که‌ی فڵان له فڵان له فڵان له فڵان هه‌مووی ریوایه‌تی کردووه تا گه‌یشتووه به پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) که ئێمه ئه‌م پیاوه به‌ڕێزانه‌ی سه‌نه‌ده‌که هه‌موو ده‌ناسین و ده‌زانین راستگۆن، زه‌بت و دیققه‌تیان هه‌یه، هه‌موویان وه‌کو خۆی فه‌رمووده‌که‌یان نه‌قڵ کردووه، ئیتر ته‌عنه بۆچی له حه‌دیسه‌که بده‌ین؟! ئه‌مه ئیمامی بوخارییه له ئیمامی ئه‌حمه‌دی کوڕی حه‌نبه‌لی گێڕاوه‌ته‌وه، ئیمامی ئه‌حمه‌د له شه‌هری کوڕی حه‌وشه‌بی گێڕاوه‌ته‌وه، ئه‌و له نافیع، نافیع له ئیبنو عومه‌رو ئیبنو عومه‌ریش له پێغه‌مبه‌ری خوای (علیه الصّلاة والسّلام) گێڕاوه‌ته‌وه. ئائه‌م سه‌نه‌دانه که هه‌موویان ده‌ناسین و تاریخی هه‌موویانمان له لایه‌و هه‌موویان راستگۆن چۆ‌ن ته‌عنه له‌م حه‌دیسه بده‌ین که بوخاریش ته‌دوینی کردووه‌و نووسیوێتیه‌وه؟ ته‌واو. یان ئه‌وه‌ی له موسلیمدایه یان ئه‌م سیلسیله زه‌هه‌بیانه که هه‌ندێک زنجیره هه‌یه پێی ده‌وترێت زنجیره‌ی زێڕین، هه‌مووی یه‌ک‌به‌دوای یه‌کدا مه‌علوومن و ئینجا هه‌یه ریوایه‌تی کردووه له باوک و باپیری خۆیه‌وه، چه‌ندین حه‌دیسمان هه‌یه به‌م شێوه‌یه ئه‌م کوڕه سه‌حابه به‌ڕێزانه که ریوایه‌تیان له باوکیانه‌وه کردووه یان کوڕه‌زاکه ریوایه‌تیان له باپیریانه‌وه کردووه، کوڕی کوڕه‌زاکه هاتۆته‌وه دیسان ریوایه‌تی کردووه؛ بۆ نموونه ئه‌مه سه‌یدنا ئه‌بوبه‌کره، ئه‌مه موحه‌ممه‌ده، ئه‌مه عه‌بدوڕڕه‌حمانه، ئه‌مه قاسمی کوڕی عه‌بدوڕڕه‌حمانه، ئه‌مه موحه‌ممه‌دی کوڕی قاسمی کوڕی عه‌بدوڕڕه‌حمانی کوڕی موحه‌ممه‌دی کوڕی سه‌یدنا ئه‌بوبه‌کره، ئائه‌مه هه‌مووی له سه‌ر حه‌دیس ئیشیان کردووه. یان ئه‌مه زوبه‌یری کوڕی عه‌ووامه، ئه‌مه عوروه‌ی کوڕیه‌تی، عوروه ئه‌هلی حه‌دیسه، ئه‌مه عوبه‌یدوڵڵای کوڕی عوروه‌یه یه‌کێکه له زانا به‌ڕێزه‌کانی فه‌رمووده‌وانی. ئیتر ئه‌م سه‌نه‌ده زێڕینانه که ده‌یانناسین بۆچی ته‌عنه‌یان لێ بده‌ین؟ به چ حوججه‌یه‌ک؟! ئه‌مه وه‌ڵامی بڕگه‌ی یه‌که‌م که ده‌ڵێین به‌ڵێ مه‌رجه باوه‌ڕ به هه‌موو حه‌دیسێکی سه‌حیح بهێنین.
بڕگه‌ی دووه‌م که ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر که‌سێک باوه‌ڕی به له سه‌دا پێنجی حه‌دیسه سه‌حیحه‌کان نه‌بێت پێی کافر ده‌بێت؟ جا خۆ ئه‌مه رێژه نییه له سه‌دا پێنج و له سه‌دا چوار‌و له سه‌دا بیست و له سه‌دا حه‌فتا! ئه‌مه خۆ گۆتره‌کاری نییه! بۆچی بڕوا به‌م حه‌دیسه ناهێنی؟ ئه‌مه نابێت و ده‌بێت باوه‌ڕی پێ بهێنین. ئه‌مه حه‌دیسێکه ئیمامی موسلیم نووسیوێتی، ئه‌مه حه‌دیسێکه ئیمامی بوخاری نووسیوێتی، پێش نووسینه‌وه‌ی ئه‌م حه‌دیسه غوسڵی ده‌رکردووه دوو رکات نوێژی کردووه، له که‌عبه نووسیوێتیه‌وه، له مه‌جمووعی نۆسه‌دهه‌زار حه‌دیس ئه‌مه‌ی وه‌رگرتووه که نووسیوێتیه‌وه، ده‌ی ئه‌م ئوممه‌ته هه‌مووی ئه‌مه‌یان قبووڵ کردووه تۆ بۆچی له سه‌دا پێنجی ره‌فز ده‌که‌یته‌وه، هی بوخاری یان موسلیم! ئه‌مه نابێت به هیچ شێوه‌یه‌ک.
ئینجا ئه‌وه‌ی که کافر ده‌بێت یان نا چونکه هه‌ندێک که‌س حه‌دیسی سه‌حیح وه‌کو قورئان ده‌شوبهێنن؛ هیچ گومانی تێدا نییه که فه‌رمووده به گشتی وه‌کو قورئانه له حوکمدا، خوای گه‌وره فه‌رموویه‌تی: «وَأَقِيمُواْ الصَّلاَةَ» [البقرة: 43]؛ «نوێژ به‌رپا بکه‌ن»، ده‌ی ئێمه چۆ‌ن نوێژ ده‌که‌ین؟ ئایا به خودی ئه‌م ده‌قه قورئانییه پیرۆزه شێوازی نوێژ کردنه‌که روون کراوه‌ته‌وه؟ ده‌ڵێین نا، به‌پێی سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) نوێژه‌که ده‌که‌ین که جه‌نابی ده‌فه‌رموێ: «صَلُّوا كَمَا رَأَيْتُمُوني أُصَلِّي»[1]؛ «وا نوێژ بکه‌ن که ده‌بینن من نوێژ ده‌که‌م». بۆ نموونه ئێمه چۆ‌ن ده‌چینه رکووع و بۆ ده‌ڵێین: «سُبْحَانَ رَبِّيَ الْعَظِيمِ وبحَمْدِه»؟ چونکه به ریوایه‌تی سه‌حیح بۆمان سه‌لمێنراوه‌و ئه‌لبانی (ره‌حمه‌تی خوای لێبێت) له «صفة صلاة النبي»دا ریوایه‌ته‌کان به سه‌نه‌ده‌وه هه‌مووی دێنێت که «سُبْحَانَ رَبِّيَ الْعَظِيمِ وبحَمْدِه» له رکووعدا ده‌خوێنرێت و روونی ده‌کاته‌وه که ئه‌مه ریوایه‌ته‌کانه‌و ئه‌مه سه‌نه‌ده‌کانیه‌تی. که‌واته ئێمه له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌م نوێژه واده‌که‌ین چونکه به سه‌نه‌دی سه‌حیح بۆمان سه‌لمێنراوه. له‌به‌رئه‌وه حه‌تمه‌ن ده‌بێت باوه‌ڕمان به‌مه هه‌بێت و فه‌رمووده حوکمه‌که‌ی وه‌کو حوکمی قورئان وایه. ئێمه ناڵێین فه‌رمووده یه‌کسه‌ر وه‌کو قورئان وایه، نا! قورئان که‌لامی خوای گه‌وره‌یه‌و هیچ شتێک وه‌کو ئه‌و نییه، به‌ڵام حوکمێک که به فه‌رمووده چه‌سپێنرابێت وه‌کو حوکمی قورئانه‌و هیچ فه‌رقێکی نییه.
پاشان خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: «فَلاَ وَرَبِّكَ لاَ يُؤْمِنُونَ حَتَّىَ يُحَكِّمُوكَ فِيمَا شَجَرَ بَيْنَهُمْ ثُمَّ لاَ يَجِدُواْ فِي أَنفُسِهِمْ حَرَجاً مِّمَّا قَضَيْتَ وَيُسَلِّمُواْ تَسْلِيماً» [النساء: 65]؛ «سوێند به په‌روه‌ردگارت باوه‌ڕیان نابێت ئه‌گه‌ر کاتێک ناکۆکی و ململانێ له نێوانیاندا روو ده‌دات تۆ نه‌که‌ن به داوه‌ر له به‌ینی خۆیاندا‌و پاشان ده‌بێت رازی بن به حوکمه‌که‌ت و هیچ گله‌و گۆڵێکیش له دڵ و ده‌روونیاندا نه‌مابێت و ته‌سلیم به حوکمه‌که‌شت بووبن زاهیره‌ن و باتینه‌ن». جا ئه‌گه‌ر که‌سێک وا نه‌بوو، پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) داوه‌رییه‌کی کردبێت، به فه‌رمووده‌یه‌کی سه‌حیح گێڕراوه‌ته‌وه که فه‌رموویه‌تی ئه‌مه حوکمی فڵان شته‌و ئێستا له‌م سه‌رده‌مه‌دا یه‌کێک بۆی بسه‌لمێت که حه‌دیسی سه‌حیحی موته‌واتیره‌و ره‌فزی کردبێته‌وه به ته‌ئکید پێی کافر ده‌بێت و ده‌لیلیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه. ئیمامی ئیسحاقی کوڕی راهیوه‌یهی که پێشه‌وایه‌کی به‌ڕێزه‌و ئیمامێکی پێشه‌وای ئوممه‌ته وه‌کو چوار ئیمامه به‌ڕێزه‌که‌و هاوشانی ئیمامی ئه‌حمه‌ده‌و ره‌فیقی ئه‌ویشه ده‌فه‌رموێ: «من بلغه عن رسولِ اللّه (صلّی اللّه علیه وسلّم) خبرٌ یُقرُّ بصحته ثم رَدَّهُ بغیر تقیةٍ فهو کافرٌ»[2]؛ «هه‌ر که‌سێک فه‌رمووده‌یه‌کی پێغه‌مبه‌ری خوای (علیه الصّلاة والسّلام) پێ گه‌یشتبێت و خۆی بڕیاری دابێت که حه‌دیسه‌که سه‌حیحه به‌ڵام ره‌ددی بکاته‌وه بێ ئه‌وه‌ی زه‌ختی له‌سه‌ر بێت، بێ ئه‌وه‌ی ناچار کرابێت پێی کافر ده‌بێت».
سیووتی (ره‌حمه‌تی خوای لێبێت) ده‌فه‌رموێ: «فاعلموا رَحمكم اللّه أَنَّ من أنكر كَون حَدِيث النَّبِي صلى الله عَلَيْهِ وَسلم قولاً كَانَ أَو فعلاً بِشَرْطِهِ الْمَعْرُوف فِي الْأُصُول حجَّة، كفر وَخرج عَن دَائِرَة الْإِسْلَام وَحشر مَعَ الْيَهُود وَالنَّصَارَى، أَو مَعَ من شَاءَ الله من فرق الْكَفَرَة»[3]؛ «ره‌حمه‌تی خواتان لێبێت ئه‌وه بزانن که هه‌ر که‌سێک فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ری خوای (علیه الصّلاة والسّلام) نکووڵی لێکرد، ئینکاری لێ کرد، جا قه‌ول بێت یان فیعل، گوفتار بێت یان کردار، مادام ئه‌و مه‌رجانه‌ی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ببێته به‌ڵگه که له ئوسوولدا باس کراوه، پێی کافر ده‌بێت و له‌گه‌ڵ یه‌هوود و نه‌ساڕادا (جووله‌که و دیانان) حه‌شر ده‌کرێت یان له‌گه‌ڵ فیرقه‌کانی تری کوفردا».
ئیبنولوه‌زیر ده‌فه‌رموێ: «أنَّ التكذيبَ لحديثِ رسولِ اللّه (صلّى اللّه عليه وسلّم) مع العلم أنَّه حديثُه كُفْرٌ صريحٌ»[4]؛ «به درۆ خستنه‌وه‌ی فه‌رمووده‌یه‌کی پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) دوای زانینی ئه‌وه‌ی که حه‌دیسی سه‌حیحی جه‌نابێتی کوفرێکی زه‌ق و ئاشکرایه».
فه‌توای لیژنه‌ی باڵای عه‌ره‌بستانیش ده‌فه‌رموون: «أما الذي ينكر العمل بالسنة فيكون كافرا»[5]؛ «به‌ڵام هه‌رکه‌سێک ئینکاری ئه‌وه بکات که ده‌بێت کار به سوننه‌ت بکرێت پێی کافر ده‌بێت»، «لأنه مكذِّبٌ للّه ولرسوله ولإجماع المسلمين»؛ «چونکه خوای گه‌وره‌و پێغه‌مبه‌ری خوای (علیه الصّلاة والسّلام) و کۆڕاو یه‌کده‌نگی موسوڵمانانی به درۆ خستۆته‌وه».
که‌وابوو ناشێت کابرا حه‌دیسی پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) ره‌د کاته‌وه، ده‌شێت سه‌نه‌دی حه‌دیسه‌که‌ی لا مه‌علووم نه‌بێت یان مه‌تنی حه‌دیسه‌که، ئیشکالاتی له سه‌نه‌ده‌که هه‌بێت بۆ نموونه مه‌تنه‌که سه‌حیحه به‌ڵام سه‌نه‌ده‌که‌ی مونقه‌تیعه‌و یه‌کێکی لێ پساوه، سه‌حابی لێ که‌وتووه که پێی ده‌ڵێن موڕسه‌ل، یان خوارووتری لێ که‌وتووه که پێی ده‌ڵێن مونقه‌تیع، ده‌شێت کابرا له‌گه‌ڵ شاره‌زایی عیلمی حه‌دیسدا موناقه‌شه‌ی ئه‌م ده‌لیلانه بکاته‌وه‌و هیچ ئیشکالێکی تێدا نییه، ده‌ڵێ له بۆخاریدایه، له موسلیمدایه‌و یان لای ئه‌وانی تره. ئێستا بۆ نموونه کابرایه‌ک زۆری رق له شیعه‌یه ده‌بینێت له سه‌نه‌دی ئیمامی بۆخاریدا له ریوایه‌ته‌کاندا شیعه‌ی تێدایه، ده‌ڵێت چۆ‌ن ریوایه‌تی له شیعه کردووه؟! به‌ڵام ئه‌مه مه‌رجه‌کانی بوخاری به سه‌ردا ته‌تبیق بووه، که رازی نابێت، ته‌حقیقی لێ ده‌کاته‌وه سه‌ر له نوێ، ئیشکالاتێک له‌مه‌دا نییه، جا بوخاری بێت یان موسلیم بێت یان هه‌ر که‌سێکی تر بێت، به‌ڵام شتێکه که ئوممه‌ته‌که قبووڵی کردووه‌و ده‌ڕواته‌وه به دوایدا ئیشکالێکیش له‌سه‌ر ئه‌وه نییه، با بڕوات به دوایدا به‌مه کافر نابێت، واته شاره‌زابوون له حه‌دیسێک. ئیمامی ئه‌بوداوود (ره‌حمه‌تی خوای لێبێت) باسی یه‌کێک ده‌کات ناوی نوعه‌یمی کوڕی حه‌مماده، ده‌فه‌رموێت: بیست حه‌دیسی ریوایه‌ت کردووه هه‌ر بیستی زه‌عیفه، که مه‌دحی خۆی ده‌کاته‌وه ده‌فه‌رموێ پیاوێکی ئیمانداری سوننی به‌رگریوانه له ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت دژی فیرقه گومڕاکان! مافیشی ناخوات و حه‌دیسیشی لێ وه‌رنه‌گرتووه‌و حه‌دیسه‌کانی به زه‌عیف داناوه‌و هه‌روه‌ها. جا ئه‌وه ته‌فسیلاتێکی زۆری هه‌یه.
پاشان که سه‌یری زاهیری حه‌دیسه‌که ده‌که‌یت جاری وا هه‌یه تۆ وای ده‌بینیت که موخالیفی حه‌دیسێکی تره یان موخالیفی قورئانه بۆیه زه‌رووریه کتێبێکی وه‌کو کتێبه‌که‌ی ئیبنو قوته‌یبه‌ی دینه‌وه‌ری (تأویل مختلف الحدیث) بخوێنیته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی وا ئه‌زانیت که ئا له‌م حه‌دیسه‌دا که پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) ئه‌مه‌ی فه‌رمووه له‌گه‌ڵ ئه‌و ئایه‌ته یه‌ک ناگرنه‌وه، له‌وێدا شه‌رحه‌که‌ی به ته‌فسیل هاتووه. یان کتێبێکی تر هه‌یه سێ به‌رگه «أسباب ورود الحدیث»، یه‌عنی چۆ‌ن سه‌به‌ب نزوولی ئایه‌ته‌کان هه‌یه ئه‌میش باسی «أسباب ورود الحدیث»ه، ده‌توانیت ئه‌وه‌ش بخوێنیته‌وه‌و بگه‌یته نه‌تیجه تێیدا.
بۆیه نابێت په‌له‌ت له‌و شته هه‌بێت که ره‌فزی بکه‌یته‌وه‌و به قسه‌ی ئه‌وانه‌ش مه‌که ئه‌و ئه‌قڵیه نائه‌قڵانه که هه‌ر له خۆوه بوخاری و موسلیم ره‌د ده‌کاته‌وه‌و به قه‌ولی یه‌کێکی وه‌ک عه‌بدوڕڕه‌حمان زه‌ندیق ده‌کات.
[1]. البخاري : 631 و 6008.
[2]. الأنصاري، فتح العلام: 11.
[3]. السیوطي، مفتاح الجنة في الاحتجاج بالسنة: 5.
[4]. ابن الوزیر، العواصم والقواصم في الذب عن سنة أبي القاسم: 2/374.
[5]. فتاوى اللجنة الدائمة، المجموعة الثانية : 3/195.
- ئایا ده‌کرێت ئه‌قڵ پێش نه‌قڵ بخه‌ین؟ ئیش پێ نه‌کردنی ئه‌قڵ و نه‌بوونی وه‌ک یه‌ک نییه؟
-
نا ناکرێت چونکه وه‌حی له پێشتره وه‌کو عه‌لی کوڕی ئه‌بی تالیب (ره‌زای خوای لێبێت) ده‌فه‌رموێ:[1] ئه‌گه‌ر دین به ئه‌قڵ بوایێت ده‌بوایێ له کاتی مه‌سحی خوفدا ژێره‌وه‌ی مه‌سح بکه‌ین چونکه ئێمه ژێره‌وه داده‌نێین له‌سه‌ر عه‌رزه‌که، تۆ بنی پێت که‌وتۆته سه‌ر عه‌رزه‌که، ئه‌گه‌ر مه‌سئه‌له پیسی و پاکی بێت ده‌بوایێ ژێره‌وه پاک بکه‌ینه‌وه به‌ڵام تۆ مه‌سحه‌که له‌سه‌ره‌وه ده‌که‌یت چونکه نه‌قڵت پێش ئه‌قڵ خستووه. له‌به‌رئه‌وه ناکرێت ئه‌قڵ پێش نه‌قڵ بخه‌ین. پاشان ئه‌گه‌ر پێوانه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌قڵ بێت، ئه‌قڵی کێ؟ ئه‌قڵی من یا هی تۆ یا هی فڵان یا هی فیسار؟ ناکرێت ئه‌م هه‌موو ئه‌قڵه جیاوازانه رێک بخه‌ین. دوایی هه‌رکه‌سێکیش له ئه‌قڵی خۆی رازیه‌و ده‌ڵێت ئه‌قڵی من پێش بخه‌ن! بۆیه ناکرێت. به‌ڵام نه‌قڵ وا نییه، ده‌قه‌کان ئێمه ده‌کات به یه‌ک و کۆلکه‌ی هاوبه‌شمان تێدا دروست ده‌کات. ئێمه که هاتینه سه‌ر ئه‌قڵ هه‌موو ئیختیلافمان تێ ده‌که‌وێت؛ یه‌کێک ده‌ڵێ وه‌ڵا برا ئه‌م مامۆستا به‌ڕێزه خوتبه‌کانی زۆر خۆش بوو ئیشه‌که‌مان دایه ده‌س ئه‌و و وتمان با به ئه‌قڵی ئه‌و بڕۆین به رێگادا. ئێ ئه‌قڵی ئه‌و بردینی کردمانی به چاڵێکی قوڕدا! باشه که‌سێک سیمای جوانه مه‌عقووله ئه‌قڵیشی زۆر جوان بێت؟ که‌سێک زۆر له‌بله‌بان و دانایانه قسه ده‌کات، مه‌عقووله ئه‌قڵیشی به هه‌موو شتێک بشکێت؟ ئه‌مه سه‌ری له ئیشی سیاسه‌ت ده‌رده‌چێت مه‌عقووله بڵێین ئه‌و له کاروباره کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که‌ش ده‌رده‌چێت؟ نا!
که‌وابوو ئێمه له ئه‌قڵه‌کاندا جیاواز ده‌بینه‌وه به‌ڵام له بنه‌ماو رێسا سه‌ره‌کیه‌کانی شه‌رعدا هه‌موو موتته‌فیق ده‌بین، له‌سه‌ر قورئان، له‌سه‌ر فه‌رمووده، له‌سه‌ر کۆڕای سه‌حابه موتته‌فیقین.
پاشان که ده‌ڵێیت: ئیش پێ نه‌کردنی ئه‌قڵ و نه‌بوونی وه‌ک یه‌ک نییه؟ نا وه‌ک یه‌ک نییه، ئه‌ی ئه‌و هه‌موو ئایه‌ته بۆچی له سه‌ر ئه‌قڵ هاتووه؟ چه‌ندێک له قورئاندا هاتووه: «لَعَلَّكُمْ تَعْقِلُونَ»؟ ئه‌ی بۆچی خوای په‌روه‌ردگار ته‌شجیعی کردووین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌م ئه‌قڵه بڕواته‌وه به دوای هه‌موو شته‌کانی تردا؟ بۆ ئه‌وه‌ی یه‌قینت باشتر بۆ دروست ببێت. وه‌ختێک سه‌یدنا ئیبراهیم که داوای کردووه له خوای گه‌وره که خوایه تۆ چۆ‌ن مه‌خلووق زیندوو ده‌که‌یته‌وه؟: «رَبِّ أَرِنِي كَيْفَ تُحْيِي الْمَوْتَى» [البقرة: 260]؛ «په‌روه‌ردگارا نیشانم بده تۆ چۆ‌ن مردوو زیندوو ده‌که‌یته‌وه؟»، «قَالَ أَوَلَمْ تُؤْمِن قَالَ بَلَى وَلَكِن لِّيَطْمَئِنَّ قَلْبِي»؛ «خوای گه‌وره فه‌رمووی: چما باوه‌ڕت نییه؟ فه‌رمووی: به‌ڵێ باوه‌ڕم هه‌یه، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌مه دڵنیایی و دڵم دابمه‌زرێت». خۆ خوای گه‌وره خۆی ده‌زانێت ئێمه باوه‌ڕمان هه‌یه یان نا، سه‌یدنا ئیبراهیمیش پێغه‌مبه‌رێکی مه‌عسوومه‌و باوه‌ڕی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌و رێسا ئه‌قڵیه‌یه که قورئانه‌که دایڕشتووه بۆمان بۆ ئه‌وه‌ی موتمه‌ئینتر بین به دوای ده‌قێکدا بڕۆینه‌وه‌و ئه‌وه‌ش بزانین هه‌تا زیاتر یه‌قینمان لێ ده‌ست ده‌که‌وێت زیاتر ئیمانمان پێی به‌قووه‌ت ده‌بێته‌وه ان شا‌ء اللّه.
[1]. الدارقطني: 769، 770 و 783؛ البغوي: 239؛ ئیبنو حه‌جه‌ر فه‌رموویه‌تی: سه‌حیحه (التخليص الحبير: 1/160)، هه‌روه‌ها ئه‌لبانیش (مشکاة المصابیح: 525)؛ ده‌سپێکی ئه‌سه‌ره‌که ئاوایه: «لو كانَ الدينُ بالرَّأي...».
- . مامۆستا من گه‌نجێکم له کوردستانم، وه‌ک ئاگه‌دارن له ئێستادا ته‌فسیری قورئانی پیرۆز به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو زیادی کردووه جا به رای جه‌نابتان له ته‌فسیره کوردیه‌کان کام ته‌فسیریان زیاتر جێی بایه‌خه‌و سوودی لێ ببینین؟
-
من پێم وایه ان شا‌ء اللّه هه‌موویان هه‌ر جێی بایه‌خن، ئه‌مما ئه‌وه‌ی که کامیان جه‌نابت ده‌توانیت ئیستیفاده‌ی زیاتری لێ بکه‌یت ئه‌وه به‌پێی حاڵه‌تی خۆت جیاوازه، به‌ڵام من پێم وایه ته‌فسیره‌که‌ی مامۆستای رێبه‌ری ره‌حمه‌تیمان مامۆستا مه‌لا عوسمان عه‌بدولعه‌زیز (ره‌حمه‌تی خوای لێبێت)، ته‌فسیری مامۆستا بورهانی ئه‌مینی (خوا بیپارێزێت)، ته‌فسیره‌که‌ی مامۆستا ئه‌حمه‌دی کاکه مه‌حموود (خوای گه‌وره عه‌فووی کات و لێی خۆش بێت) ئه‌وانه هه‌مووی ته‌فسیری چاک و رێک و پێکن و حه‌تمه‌ن ته‌فسیری تریش هه‌یه که ئێستا له بیرم نییه یان من نایزانم.
- من ته‌مه‌نم 17 ساڵه ده‌مه‌وێت شاره‌زا ببم له زانستی شه‌رع و ده‌مه‌وێت سه‌ره‌تا دیراسه‌یه‌کی قووڵی قورئانی پیرۆز بکه‌م تاکو بتوانم له ساڵانی داهاتوو سوودم بۆ ئوممه‌ته‌که‌م هه‌بێت؛ چ ته‌فسیرێک زۆر باشه به تایبه‌ت کوردیه‌کان؟
-
وه‌سیه‌تم بۆ جه‌نابت ئه‌وه‌یه که به ته‌نیا مه‌ڕۆ به‌س بکه‌ویته دیراساتی ته‌فسیری قورئانه‌وه، تۆ عه‌قیده‌که‌شت پێویسته، ته‌فسیرت پێویسته، فیقهت پێویسته، زمانی عه‌ره‌بیت پێویسته. به‌ڵام بۆ ته‌فسیره‌که، ته‌فسیری مامۆستا مه‌لا عوسمان یان ته‌فسیری رامانی مامۆستا ئه‌حمه‌دی کاکه مه‌حموود (ره‌حمه‌تی خوایان لێبێت) یان ته‌فسیره‌که‌ی مامۆستا بورهانی ئه‌مینی هه‌موویان جێی سیقه‌ن و ده‌توانیت له‌و ته‌فسیرانه‌وه ده‌ست پێ بکه‌یت و شتێکی باشیشه به ته‌ئکید که تۆ ته‌فسیری قورئانه‌که هه‌مووی فێر ببیت، به‌ڵام ئه‌مه ناکاته ته‌عویزی ئه‌وه‌ی که تۆ عیلمه شه‌رعیه‌که فێر ببیت، تۆ زه‌رووریه ان شا‌ء اللّه عیلمه شه‌رعیه‌کان فێر ببیت و پێشم باشه هه‌وڵ بده‌ی له زانکۆی دراساتی ئیسلامی (زادی) بخوێنیت که ئه‌گه‌ر بنووسیت «زادی رێمان» له‌سه‌ر ئینتێرنێت مه‌وقیعه‌که ده‌دۆزیته‌وه‌و ده‌توانیت ره‌فتاری له‌گه‌ڵدا بکه‌یت. هه‌وڵ بده که زانسته شه‌رعیه‌کانی تریش فێر ببیت ان شا‌ء اللّه.
- من له رێکخراوێکی بیانی ئیش ده‌که‌م، ئایا جائیزه موسحه‌فی به ئینگلیزیکراو بده‌مه که‌سه بیانیه‌کان که ناموسوڵمانن و نووسراوی عه‌ره‌بیشی تێدایه؟
-
واته قورئانه‌که‌ی به عه‌ره‌بیه به‌ڵام ته‌رجومه‌که‌ی به ئینگلیزیه؛ پێم وایه جائیزه بیانده‌یتێ مادام به ئومێدی ئه‌وه‌ی که ئه‌مه بانگه‌وازێکه‌و بانگهێشتیان ده‌که‌ی بۆ ئیسلامه‌تیه‌که‌و دڵنیاشی له‌وه‌ی که ئیهانه‌ی ناکه‌ن و سووکایه‌تی پێ ناکه‌ن دوایی. به‌ڵێ پێم جائیزه بیانده‌یتێ به‌ڵکو ان شا‌ء اللّه خوای گه‌وره بیکات به مایه‌ی هیدایه‌تدانیان.
- جائیزه ژن و مێرد له ماڵه‌وه موسابه‌قه‌ی قورئان بکه‌ن؟
-
به‌ڵێ هیچ ئیشکالێکی تێدا نییه، خوای په‌روه‌ردگار قبووڵی بکات و موسابه‌قه‌که‌ش ته‌شجیع کردنێکی خۆیانه له‌سه‌ر زیاتر خوێندن؛ خوای گه‌وره قبووڵی بکات لێیان.
- له سویدم له شارێکی بچووک، حه‌ز ده‌که‌م قورئان فێر ببم به‌ڵام نازانم، چی بکه‌م؟
-
ئێ عه‌زیزم هه‌ر له‌سه‌ر ئینته‌رنێت بنووسه ته‌جویدی قورئان به کوردی، به لاتینی بنووسه زانستی ته‌جوید، ده‌یان مه‌وقیعی ته‌جویدیت بۆ دروست ده‌بێت و ده‌شتوانی له‌وێوه ورده‌ورده گوێیان لێ بگریت. هه‌یه دوازده ده‌رسه، هه‌یه هه‌ژده‌یه، هه‌یه بیست و دووه و هی زۆر قاریئی عاله‌می یان مامۆستای عاله‌می هه‌یه، مامۆستای کوردیش هه‌یه الحمدللّه. ده‌توانیت زۆر ئاسان ده‌ستی بخه‌یت و ئیتر به‌رده‌وام گوێی لێ بگریت، پێویستیشه کتێبی ته‌جویده‌که‌ش په‌یا بکه‌یت که گوێ له ده‌رسه‌که‌ی ده‌گریت و به ده‌سته‌وه بێت بۆ ئه‌وه‌ی که گوێی لێ ده‌گریت بزانیت ئه‌وه باسی حه‌رفه‌کان ده‌کات، له کوێ قه‌لقه‌له‌یه‌و له کوێ هه‌مسه، له کوێ جه‌هره‌و ... .
- پلک (پوور)م نه‌خوێنه‌واره ده‌ست ده‌خاته سه‌ر وشه‌کانی قورئان، ئایا به خه‌تم بۆی حیسابه؟
-
نه‌خێر به خه‌تم بۆی حیساب نییه، خه‌تم ئه‌وه‌یه که تۆ قورئانه‌که بخوێنیت، ئه‌گه‌ر به ئه‌سپاییش بیخوێنیت ده‌بێ خۆت گوێت له چرپه‌ی خۆت بێت که ده‌یخوێنیت، چونکه قورئان خوێندن زیکره، زیکره‌کانیش ده‌بێ لانی که‌م وا بیخوێنیت خۆت ده‌نگی خۆت ببیستیته‌وه، بۆیه هه‌ر له دڵی خۆتدا بیخوێنیت به زیکر بۆت حیساب نابێت. ئه‌وه‌ش که ده‌ست بخه‌یته سه‌ری به خه‌تم بۆت حیساب نابێت، به‌ڵام جه‌نابت ده‌توانیت قه‌ڵه‌م قورئانه ئه‌له‌کتڕۆنیه‌که‌ی بۆ په‌یا بکه‌یت ئیتر قه‌ڵه‌مه‌که ده‌خاته سه‌ر ئایه‌ته‌که‌و ئایه‌ته‌که‌ی بۆ ده‌خوێنێت؛ ئه‌مه شتێکی زۆر باشه‌و دڵیشی پێ ئاسووده ده‌بێت و ئه‌جری تۆش ده‌گات.
- مامۆستا ئایا خوێندنه‌وه‌ی قورئان به هه‌ڵه حوکمه‌که‌ی چییه؟
-
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت له‌وه‌یه که نا‌توانیت بیخوێنیته‌وه به‌ڵام هه‌ر مو‌حاوه‌له ده‌که‌یت خۆت فێر بکه‌یت ئه‌وه باشتر وایه قاعیده‌ی نوورانی یان به‌غدادی به‌کار بهێنیت و له‌وه‌وه فێر ببیت که وه‌کو حونجه فێرت ده‌کات ورده‌ورده. ئینجا هه‌ندێک کات خۆت ده‌توانیت بیخوێنیته‌وه به‌ڵام زۆر به سه‌ریدا دێیته‌وه که ته‌بعه‌ن زۆر که‌سیش وایه، ئایه‌تێک ده‌خوێنێت و هه‌ر ده‌یڵێته‌وه دیسان، که ئه‌مه‌ش له هه‌موو وتنه‌وه‌یه‌کدا ئه‌جره‌که‌شت ده‌ست ده‌که‌وێت؛ چونکه فه‌رمووده‌که‌شمان هێنایه‌وه که پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) ده‌فه‌رموێ: «الْمَاهِرُ بِالْقُرْآنِ مَعَ السَّفَرَةِ الْكِرَامِ الْبَرَرَةِ وَالَّذِي يَقْرَأُ الْقُرْآنَ وَيَتَتَعْتَعُ فِيهِ وَهُوَ عَلَيْهِ شَاقٌّ، لَهُ أَجْرَانِ»[1]؛ «ئه‌و که‌سه‌ی زۆر شاره‌زایه له قورئان خوێندندا ئه‌وه له کۆڕی فریشته به‌ڕێزه‌کانی باڵادایه. ئه‌و که‌سه‌ش که قورئانه‌که به حونجه ده‌خوێنێته‌وه‌و ده‌می پرته‌پرتی بۆ ده‌کات و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که سه‌خت و دژواره له‌سه‌ری به‌ڵام هه‌ر ده‌یخوێنێته‌وه، ئه‌وه دوو ئه‌جرو پاداشتی ده‌ست ده‌که‌وێت». که‌واته ئه‌و که‌سه‌ی که قورئان ده‌خوێنێت و به‌ڵام زۆر بۆی قورسه‌و حونجه‌ی تێدا ده‌کات و ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ری، ئه‌و که‌سه دوو ئه‌جری هه‌یه ئه‌جرێکی قورئان خوێندنه‌که‌و ئه‌جرێکی ئه‌م ماندووبوونه‌شی ته‌بعه‌ن هه‌یه. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌و کاته سه‌بری له‌سه‌ر بگره‌و ورده‌ورده بڕۆ پێشه‌وه. ته‌بعه‌ن باشترین شتیش ئه‌وه‌یه یه‌کێک هه‌بێت تۆ بچیت بۆ لای و سووره‌ته کورته‌کانی لێوه فێر ببیت، سه‌ره‌تا به چوار قوله‌که ده‌ست پێ بکه، ئینجا لای قورئانخوێنێک بڵێ بێزه‌حمه‌ت گوێم لێ بگره بزانه باش ده‌یخوێنم؟ چه‌ندین جاری تر ئاوا، ئینجا بچۆره سه‌ر سووره‌تێکی که، په‌له مه‌که له‌وه‌ی که خه‌تم بکه‌یت. جوزئێک قورئان له‌به‌رده‌ستی یه‌کێکدا فێر ببیت بیخوێنیت و به چاکی بیخوێنیته‌وه ته‌واو ئیتر ده‌توانیت ئه‌و کاته ئیعتیماد بکه‌یته سه‌ر خۆت. جا ئیتر تا حوکمه‌کانی ته‌جوید زۆرتر بزانیت ئه‌وه باشتره.
[1]. البخاري: 4937؛ مسلم: 798؛ ابن ماجه: 3779؛ الترمذي: 3128؛ النسائي: 7991-7993؛ أحمد: 24211؛ ابن حبّان: 767).
- قورئان ده‌خوێنم به‌ڵام هه‌ڵه‌ی تێدا ده‌که‌م، ئایا گوناحبار ده‌بم؟
-
ان شا‌ء اللّه گوناحبار نابیت تێیدا؛ پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) له فه‌رمووده‌ی سه‌حیحدا ده‌فه‌رموێ: «الْمَاهِرُ بِالْقُرْآنِ مَعَ السَّفَرَةِ الْكِرَامِ الْبَرَرَةِ وَالَّذِي يَقْرَأُ الْقُرْآنَ وَيَتَتَعْتَعُ فِيهِ وَهُوَ عَلَيْهِ شَاقٌّ، لَهُ أَجْرَانِ»[1]؛ «ئه‌و که‌سه‌ی زۆر شاره‌زایه له قورئان خوێندندا ئه‌وه له کۆڕی فریشته به‌ڕێزه‌کانی باڵادایه. ئه‌و که‌سه‌ش که قورئانه‌که به حونجه ده‌خوێنێته‌وه‌و ده‌می پرته‌پرتی بۆ ده‌کات و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که سه‌خت و دژواره له‌سه‌ری به‌ڵام هه‌ر ده‌یخوێنێته‌وه، ئه‌وه دوو ئه‌جرو پاداشتی ده‌ست ده‌که‌وێت»، چونکه خۆی ماندوو ده‌کات له‌گه‌ڵیدا. به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌دا رێگاکان ئاسانه بۆ ئه‌وه‌ی فێری قورئان خوێندن ببیت؛ جارێ ته‌جوید زۆر ئاسان بووه‌و زۆر گه‌نجی موسوڵمان هه‌مووی له به‌ریان کردووه‌و حوکمه‌کانی ده‌زانن، بۆیه جه‌نابت ده‌توانیت لای یه‌کێک له‌وانه بیخوێنیت. ئه‌گه‌ر نه‌شتویست لای که‌س بیخوێنیت ئه‌وه ده‌یان مه‌وقیع هه‌یه که فێرت ده‌کات. ئه‌گه‌ر خوای په‌روه‌ردگاریش لێمان قبووڵ بکات من ده سه‌عاتم شه‌رح کردنی ته‌جوید هه‌یه ده‌توانیت گوێی لێ بگریت له سه‌ره‌تاوه پێت ده‌ڵێت چۆ‌ن ئایه‌ته‌کان بخوێنیته‌وه‌و ئه‌حکامی ته‌جویده‌که‌ش فێر ده‌بیت ان شا‌ء اللّه. کتێبیش زۆره به کوردی و هه‌روه‌ها شه‌رحی که‌سانێکی تریش هه‌یه له‌سه‌ر ئینته‌رنێت ده‌توانیت گوێی لێ بگریت بۆ ئه‌وه‌ی فێر ببیت. هه‌وڵیش بده له ره‌مه‌زانه‌که‌دا قورئانه‌که بگری و گوێی لێ بگری له قاریئێک؛ ماشاءاللّه مه‌وقیعی قورئان هه‌یه که 114 سووره‌ته 114 قاریئیان بۆ داناوه هه‌ر رۆژێک گوێ له قاریئێک بگره، ئیتر ئاوا گوێت لێیه ئه‌و چۆ‌ن ده‌یخوێنێت و چۆ‌ن ده‌نگه‌که درێژ ده‌کاته‌وه‌و له کوێدا ده‌وه‌ستێت و له کوێدا پشوو ده‌گرێت و له کوێدا حه‌رفه‌کان زیاتر ده‌رده‌خات ئه‌وه ورده‌ورده خۆت فێر ده‌بیت به ئیزنی خوای په‌روه‌ردگار به‌و شێوه‌یه بیخوێنیته‌وه.
[1]. البخاري: 4937؛ مسلم: 798؛ ابن ماجه: 3779؛ الترمذي: 3128؛ النسائي: 7991-7993؛ أحمد: 24211؛ ابن حبّان: 767.
- حوکمی هه‌دیه کردنی قورئان بۆ که‌سانێکی زۆر چییه؟
-
یه‌کێک که قورئانی خوێندووه‌و پاشان ده‌ڵێت: یاڕه‌ببی خوایه سه‌وابی ئه‌م قورئانه بگه‌یه‌نه به باوکم و به دایکم و به مامه‌کانم و که‌س و کارم و به باپیرم و به نه‌نکم و ئه‌وانه‌ی حه‌قیان له‌سه‌رمانه‌و فێری ئیسلامه‌تییان کردووم، ئه‌مه هیچ ئیشکالێک له‌سه‌ر ئه‌وه نییه که بیگه‌یه‌نێت به هه‌موویان، ئه‌وه‌ش نییه که بڵێیت خێره‌که وایه که هی ئه‌وانی تر که‌م ده‌بێته‌وه، خۆ ئه‌مه هه‌زار کڕۆن نییه تۆ ته‌وزیعی بکه‌یت هه‌ر یه‌کی سه‌د کڕۆن و دووسه‌د کڕۆنیان به‌ر که‌وێت دوایی له کۆتاییدا که‌سانێکی تر به‌ریان نه‌که‌وێت و هیچیان بۆ نه‌مێنێته‌وه؛ سه‌وابی قورئانه‌که بۆ خۆی زۆره که خوای په‌روه‌ردگاریش بیگه‌یه‌نێت به‌وان، ان شا‌ء اللّه به شێوه‌یه‌کی وا ده‌یگه‌یه‌نێت که له ئه‌جری تۆش که‌م نه‌بێته‌وه‌و به‌وانیشی ده‌گه‌یه‌نێت ان شا‌ء اللّه.
- خه‌تمی قورئان بۆ چه‌ند که‌سه‌و ئایا ده‌کرێت بۆ خۆشه‌ویسته‌که‌شمی بخوێنم؟
-
یه‌که‌م به نیسبه‌تی خه‌تمی قورئانه‌وه که ده‌گات یان نا؟ بۆچوونی په‌سه‌ند لای ئێمه ئه‌وه‌یه که به‌ڵی بۆ مردوو ده‌گات. ده‌رباره‌ی گه‌یشتنی به زیندووش که ئایا پێی ده‌گات یان نا؟ هه‌ندێک له شافیعیه‌کان و حه‌نه‌فیه‌کان و حه‌نبه‌لیه‌کان ده‌فه‌رموون به‌ڵێ پێی ده‌گات و ئیبنو عوسه‌یمینیش (ره‌حمه‌تی خوای لێبێت) ده‌فه‌رموێ: به‌ڵێ پێی ده‌گات.[1] ئه‌وه‌ش که ده‌ڵێت: ئایا ده‌کرێت بۆ خۆشه‌ویسته‌که‌شمی بخوێنم؟ به‌ڵێ ده‌شێت؛ واللّه تعالی أعلم.
[1]. مجموع فتاوى ورسائل فضيلة الشيخ محمد بن صالح العثيمين: 17/ ٢٢٦-٢٢٧).
- من ده‌مه‌وێت خه‌تمی قورئان بکه‌م بۆ باوکم و دایکم و براو خوشکه‌کانم و بۆ خزمی خۆم هه‌م مردوو و هه‌م زیندوو و بۆ تۆی به‌ڕێزیش ان شا‌ء اللّه، به‌ڵام نازانم نیه‌ت و شته‌ی چۆنه‌و چۆ‌ن بۆ زیندوو و مردوو ده‌نێررێت؟
-
عوله‌ما به شێوه‌یه‌کی گشتی راجوێن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که خێری قورئان خوێندن هه‌دیه بکرێت بۆ که‌سێکی تر؛ هه‌ندێک ده‌فه‌رموون ناگات به مردووه‌کان، هه‌ندێکی تر فه‌رموویانه به‌ڵێ ده‌گات و ئه‌مه بۆچوونی زۆرینه‌شه. واته ئه‌و خوێندنه‌ی که بۆ نموونه من ئێستا قورئان ده‌خوێنم و دوایی ده‌ڵێم یاڕه‌ببی خوایه سه‌وابی ئه‌م قورئانه‌ی که خوێندوومه بیگه‌یێنه به دایک و باوکم و به خوشک و براکانم و به که‌س و کارم، به مردووه‌کانم. به‌ڵام بۆ زیندووه‌کان وا نازانم پێیان بگات؛ بۆیه جه‌نابیشت ته‌رکیزی بکه‌یته‌وه سه‌ر هه‌ندێک که‌سی تایبه‌ت باشتره، سه‌ر دایک و باوکی خۆت یان مردووه‌کانت که عه‌زیز بوون له لات و بۆیان بنێریت ان شا‌ء اللّه.
- ئایا گوێ گرتن له قورئان هه‌مان خێری خوێندنه‌وه‌ی هه‌یه؟
-
وا نازانم؛ گوێ گرتن له قورئان به‌ته‌ئکید سه‌وابێکی باشی هه‌یه به‌ڵام که تۆ قورئانه‌که خۆت بیخوێنیته‌وه‌و ده‌م و له‌فزیشت ده‌جووڵێنیت له‌گه‌ڵیداو خۆیشت گوێ له خۆت ده‌گریته‌وه (چونکه ئه‌گه‌ر تۆ که‌سێکی تر قورئان ده‌خوێنێت و گوێی لێ ده‌گریت، ئه‌گه‌ر خۆیشت بیخوێنیت هه‌ر گوێ له خۆت ده‌گریته‌وه)، پاشان زیاده‌کانی تری که چاوت به‌کار ده‌هێنیت و ماندووبوونت پێوه‌ی، ئه‌وانه به‌ته‌ئکید ئه‌جری تایبه‌تی خۆتی له‌سه‌ر وه‌رده‌گریت و ئه‌مه‌ش وه‌کو پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) فه‌رمووی: بۆ هه‌ر پیتێک ده خێره، «ألف لام میم» یه‌ک حه‌رف نییه، ئه‌لیف حه‌رفێکه‌و ده خێری هه‌یه‌و لام حه‌رفێکه‌و ده خێری هه‌یه‌و میمیش حه‌رفێکه‌و ده خێری هه‌یه.[1]
[1]. پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ده‌فه‌رموێ: «مَنْ قَرَأَ حَرْفًا مِنْ كِتَابِ اللَّهِ فَلَهُ بِهِ حَسَنَةٌ، وَالحَسَنَةُ بِعَشْرِ أَمْثَالِهَا، لَا أَقُولُ ال‌م حَرْفٌ، وَلَكِنْ أَلِفٌ حَرْفٌ وَلَامٌ حَرْفٌ وَمِيمٌ حَرْفٌ» (الترمذي: 2910؛ الدارمي: 376؛ ئه‌لبانی ده‌فه‌رموێ: سه‌حیحه (مشکاة المصابیح: 2137).).
- قورئان خوێندن له به‌یانیدا خێری زۆرتره یان له شه‌واندا؟
-
خوای گه‌وره باسی قورئان خوێندنی فه‌جر ده‌کات که هه‌ندێک له موفه‌سسیرین له یه‌کی ده‌ده‌نه‌وه که خودی قورئان خوێندنه‌و هه‌ندێکی تریش به نوێژ له یه‌کی ده‌ده‌نه‌وه؛ که ده‌فه‌رموێ: «إِنَّ قُرْآنَ الْفَجْرِ كَانَ مَشْهُوداً» [الإسرا‌ء: 78]؛ «به‌ڕاستی فریشته‌کانی شه‌و و رۆژ له قورئان خوێندنی (یان نوێژی) به‌یانیدا ئاماده‌ن». دیاره قورئان له هه‌موو وه‌ختێکدا هه‌ر گومانی تێدا نییه که ئه‌جرو پاداشتی هه‌یه به‌ڵام به‌ته‌ئکید و بێگومان له کاتی سپێده‌ی به‌یانیان و نوێژی به‌یانی و له شه‌ونوێژیشدا ئه‌جره‌که‌ی زۆرتره.
- شه‌وانه سووره‌تی ته‌باڕه‌ک ده‌خوێنم، به‌ڵام شه‌وانی ره‌مه‌زان ناخه‌وم ئه‌ی که‌ی بیخوێنم؟
-
له نوێژی عیشادا بیخوێنه، له ته‌راویحدا بیخوێنه، له شه‌ونوێژو ویتردا بیخوێنه، یان پاش نوێژه‌کانت دانیشه‌و
قیڕائه‌تی بکه. ئه‌گه‌ر له‌به‌رت نییه قورئانه‌که بگره به ده‌سته‌وه، ئه‌گه‌ر له به‌ریشته سووره‌تی مولکی تێدا ده‌خوێنیت خوا لێت قبووڵ کات. جا مه‌به‌سته‌که‌ی ئه‌م به‌ڕێزه ئه‌وه‌یه که پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) ده‌فه‌رموێ: پێش خه‌وتن بیخوێنن، ئه‌میش ده‌ڵێت که شه‌و ناخه‌وم، ئایا هه‌ر بۆم هه‌یه بیخوێنم و خێره‌که‌یم ده‌ست ده‌که‌وێت؟ به‌ڵێ ان شا‌ء اللّه.