- ئایا خوێندنی قورئان به شێوه‌ی تیلاوه‌ت دروسته به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی که له میسر‌و ئێران ده‌خوێنرێت؟
-
به‌ڵێ به‌ته‌ئکید دروسته‌و ئیشکالی تێدا نییه که ئه‌حکامی ته‌جویدیشی له‌گه‌ڵدا هه‌یه‌و به ئاوازێکی خۆشیش ده‌خوێندرێت؛ که ده‌ڵێی میسر مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه که وه‌کو عه‌بدولباست یان حو‌سه‌ری یان ئه‌بولعه‌ینین یان ئه‌وانه‌ی تر ده‌یخوێنن و له ئێرانیش ئێستا لاساییان ده‌کرێته‌وه‌و ده‌خوێنرێت؛ به‌ڵێ بێگۆمان جائیزه.
- ئایا جائیزه به بێ ده‌سنوێژ ده‌ست بده‌ین له قورئان یان هه‌ڵی بگرین؟
-
ئه‌وه یه‌کێکه له‌و راجوێییانه له نێوان زانایانی ئیسلامدا، هه‌رچه‌نده چوار پێشه‌وا به‌ڕێزه‌که‌و هاوشانه‌کانیشیان وه‌کو ئه‌وزاعی و ئیسحاق و عه‌بدوڵڵای کوڕی موباره‌ک و ئه‌بوسه‌ورو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی تر هه‌موویان ره‌ئیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه که پێویسته به ده‌سنوێژه‌وه قورئان هه‌ڵبگریت و به ده‌سنوێژیشه‌وه ده‌ستی لێ بده‌یت، چونکه له فه‌رمووده‌یه‌کدا که ئیمامی مالیک (ره‌حمه‌تی خوای لێبێت) گێڕاوێتیه‌وه له عه‌بدوڵای کوڕی ئه‌بی به‌کره‌وه که فه‌رمووده‌یه‌کی موڕسه‌له واته سه‌حابیه‌که‌ی لێ که‌وتووه، ده‌فه‌رموێت: پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) نامه‌یه‌کی نارد بۆ عه‌مری کوڕی حه‌زم بۆ ئه‌هلی یه‌مه‌ن فه‌رمووی: «لَا يَمَسُّ الْقُرْآنَ إِلَّا طَاهِرٌ»[1]؛ «که‌س نابێت ده‌ست بدات له قورئان غه‌یری ئه‌و که‌سه‌ی که پاکژه». جا پاکژو تاهیره‌که ئیمامان ئیبنو ته‌یمییه‌و ئیبنولقه‌ییم (ره‌حمه‌تی خوایان لێبێت) به‌وه‌یان له یه‌ک داوه‌ته‌وه که مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه که جه‌نابه‌تی له‌سه‌ر نه‌بێت بۆیه ئه‌وان ته‌فسیلاتێکی زۆریان داوه‌تێ و توێژینه‌وه‌یان له‌سه‌ر ئه‌م فه‌رمووده‌ش هه‌ر کردووه‌و بۆچوونی ئه‌وانی تریشیان هێناوه‌ته‌وه. ئیبنولقه‌ییم پاش توێژینه‌وه ده‌فه‌رموێ: ده‌سنوێژیشی نه‌بێت جائیزه ده‌ست بدات له قورئان.
بۆیه ئێمه ده‌لیلێکی قه‌تعیمان له‌سه‌ر ئه‌وه نییه که مه‌نعی هه‌ڵگرتنی قورئان بکات له بێ ده‌سنوێژ. فه‌رمووده‌که‌ش وه‌کو وتم موڕسه‌له‌و ئیمامی نه‌وه‌ویش ده‌فه‌رموێت: زه‌عیفه، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و خۆشی ده‌فه‌رموێ: رێگاکانی فه‌رمووده‌که زۆرن و ده‌بێته به‌ڵگه؛ ئه‌مه بۆچوونی ئه‌لبانیشه (ره‌حمه‌تی خوای لێبێت). ئه‌لبانیش ده‌فه‌رموێ: سه‌حیحه.[2] پێشتریش داره‌قوتنی و ئیمامی به‌یهه‌قی و ئیمامی حاکم هه‌موو فه‌رمویانه سه‌حیحه به مه‌جمووعی رێگاکانی.
ئێمه‌ش ئێستا باوه‌ڕمان وایه‌و ده‌ڵێین به مه‌جمووعی رێگاکانی سه‌حیحه‌و که‌واته بۆچوونی ئه‌و تۆژێه‌ره‌وه به‌ڕێزانه وه‌رده‌گرین که فه‌رموویانه بۆ ده‌ستدان له قورئان یان هه‌ڵگرتنی پێویسته ده‌سنوێژت هه‌بێت. هه‌روه‌ها ده‌ستدان له‌و به‌رگه‌شه‌وه که پێیه‌وه نووساوه، به‌ڵام قاپه‌که‌ی هیچ ته‌ئسیرێکی نییه ده‌سنوێژیشت نه‌بێت یه‌عنی قورئانه‌که له ناو قاپێکدایه‌و هه‌ڵیده‌گریت و ده‌یگوێزیته‌وه، ئه‌مه کێشه‌ی نییه‌و ده‌سنوێژیشی ناوێت.
[1]. أبو داود، المراسيل: 92-93؛ الدارمي، السنن: 2312؛ البیهقي، السنن الكبرى: 409-410.
[2] . الألباني، إرواء الغلیل: 122.
- خوێندنی قورئان له مۆبایل و کومپیته‌ر بۆ ئافره‌تی زه‌یستان و حه‌یزدار جائیزه؟
-
به‌ڵێ جائیزه‌و هیچ ئیشکالێکی تێدا نییه، چونکه مۆبایله‌که که قورئانه‌که‌ت به شێوازێکی ئه‌لیکتڕۆنی نیشان ده‌دات ئه‌وه موسحه‌فی حه‌قیقی نییه‌و ده‌ست لێدانیشی کێشه‌ی نییه. خودی قورئان خوێندنه‌که‌ش بۆ ئافره‌ت له‌و کاتانه‌دا شیاوه، بۆ نموونه له‌به‌ریه‌تی و ده‌یخوێنێت. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش بزانین که زانایان فه‌رموویانه ئه‌گه‌ر کتێبی ته‌فسیر بوو که که‌لیماته به‌شه‌ریه‌که‌ی که ته‌فسیری پێ کرابوو زۆرتر بوو له ده‌قی قورئانه‌که ئه‌وه‌ش ده‌توانیت به بێ ده‌سنوێژ هه‌ڵیبگریت و یان ئافره‌ت له حه‌یزو زه‌یستانیدا ده‌ستی لێبدات و هه‌ڵی بگرێت. بۆیه مۆبایله‌که هیچ ئیشکالێکی تێدا نییه چ بۆ حه‌یزدارو چ زه‌یستان.
- ئایا سووره‌تی ته‌وبه به بیسمیللا ده‌ست پێ ناکات؟ ئێمه‌ش ده‌بیت بیسمیللا نه‌ڵێین و هه‌ر یه‌کسه‌ر ده‌ست پێ بکه‌ین؟
-
نه‌خێر به بیسمیللا ده‌ست پێ ناکات و هه‌ر یه‌کسه‌ر ده‌ست پێ ده‌که‌ین، بێ ئه‌وه‌ی بیسمیللا بکه‌ین راسته‌وخۆ ده‌ڵێین: «بَرَاءةٌ مِّنَ اللّهِ وَرَسُولِهِ إِلَى الَّذِينَ عَاهَدتُّم مِّنَ الْمُشْرِكِينَ» [التوبة: 1]، چونکه بیسمیللای تێدا نییه هه‌روه‌کو له سه‌یدنا عوسمانه‌وه (ره‌زای خوای لێبێت) به‌و شێوه‌یه هاتووه‌و هه‌تاکو رۆژی قیامه‌تیش هه‌ر وا ده‌ڕوات و عوله‌ما له‌سه‌ری موتته‌فیقن.
- شه‌وانه سووره‌تی ته‌باڕه‌ک ده‌خوێنم، به‌ڵام شه‌وانی ره‌مه‌زان ناخه‌وم ئه‌ی که‌ی بیخوێنم؟
-
له نوێژی عیشادا بیخوێنه، له ته‌راویحدا بیخوێنه، له شه‌ونوێژو ویتردا بیخوێنه، یان پاش نوێژه‌کانت دانیشه‌و
قیڕائه‌تی بکه. ئه‌گه‌ر له‌به‌رت نییه قورئانه‌که بگره به ده‌سته‌وه، ئه‌گه‌ر له به‌ریشته سووره‌تی مولکی تێدا ده‌خوێنیت خوا لێت قبووڵ کات. جا مه‌به‌سته‌که‌ی ئه‌م به‌ڕێزه ئه‌وه‌یه که پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) ده‌فه‌رموێ: پێش خه‌وتن بیخوێنن، ئه‌میش ده‌ڵێت که شه‌و ناخه‌وم، ئایا هه‌ر بۆم هه‌یه بیخوێنم و خێره‌که‌یم ده‌ست ده‌که‌وێت؟ به‌ڵێ ان شا‌ء اللّه.
- قورئان خوێندن له به‌یانیدا خێری زۆرتره یان له شه‌واندا؟
-
خوای گه‌وره باسی قورئان خوێندنی فه‌جر ده‌کات که هه‌ندێک له موفه‌سسیرین له یه‌کی ده‌ده‌نه‌وه که خودی قورئان خوێندنه‌و هه‌ندێکی تریش به نوێژ له یه‌کی ده‌ده‌نه‌وه؛ که ده‌فه‌رموێ: «إِنَّ قُرْآنَ الْفَجْرِ كَانَ مَشْهُوداً» [الإسرا‌ء: 78]؛ «به‌ڕاستی فریشته‌کانی شه‌و و رۆژ له قورئان خوێندنی (یان نوێژی) به‌یانیدا ئاماده‌ن». دیاره قورئان له هه‌موو وه‌ختێکدا هه‌ر گومانی تێدا نییه که ئه‌جرو پاداشتی هه‌یه به‌ڵام به‌ته‌ئکید و بێگومان له کاتی سپێده‌ی به‌یانیان و نوێژی به‌یانی و له شه‌ونوێژیشدا ئه‌جره‌که‌ی زۆرتره.
- ئایا گوێ گرتن له قورئان هه‌مان خێری خوێندنه‌وه‌ی هه‌یه؟
-
وا نازانم؛ گوێ گرتن له قورئان به‌ته‌ئکید سه‌وابێکی باشی هه‌یه به‌ڵام که تۆ قورئانه‌که خۆت بیخوێنیته‌وه‌و ده‌م و له‌فزیشت ده‌جووڵێنیت له‌گه‌ڵیداو خۆیشت گوێ له خۆت ده‌گریته‌وه (چونکه ئه‌گه‌ر تۆ که‌سێکی تر قورئان ده‌خوێنێت و گوێی لێ ده‌گریت، ئه‌گه‌ر خۆیشت بیخوێنیت هه‌ر گوێ له خۆت ده‌گریته‌وه)، پاشان زیاده‌کانی تری که چاوت به‌کار ده‌هێنیت و ماندووبوونت پێوه‌ی، ئه‌وانه به‌ته‌ئکید ئه‌جری تایبه‌تی خۆتی له‌سه‌ر وه‌رده‌گریت و ئه‌مه‌ش وه‌کو پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) فه‌رمووی: بۆ هه‌ر پیتێک ده خێره، «ألف لام میم» یه‌ک حه‌رف نییه، ئه‌لیف حه‌رفێکه‌و ده خێری هه‌یه‌و لام حه‌رفێکه‌و ده خێری هه‌یه‌و میمیش حه‌رفێکه‌و ده خێری هه‌یه.[1]
[1]. پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ده‌فه‌رموێ: «مَنْ قَرَأَ حَرْفًا مِنْ كِتَابِ اللَّهِ فَلَهُ بِهِ حَسَنَةٌ، وَالحَسَنَةُ بِعَشْرِ أَمْثَالِهَا، لَا أَقُولُ ال‌م حَرْفٌ، وَلَكِنْ أَلِفٌ حَرْفٌ وَلَامٌ حَرْفٌ وَمِيمٌ حَرْفٌ» (الترمذي: 2910؛ الدارمي: 376؛ ئه‌لبانی ده‌فه‌رموێ: سه‌حیحه (مشکاة المصابیح: 2137).).
- من له رێکخراوێکی بیانی ئیش ده‌که‌م، ئایا جائیزه موسحه‌فی به ئینگلیزیکراو بده‌مه که‌سه بیانیه‌کان که ناموسوڵمانن و نووسراوی عه‌ره‌بیشی تێدایه؟
-
واته قورئانه‌که‌ی به عه‌ره‌بیه به‌ڵام ته‌رجومه‌که‌ی به ئینگلیزیه؛ پێم وایه جائیزه بیانده‌یتێ مادام به ئومێدی ئه‌وه‌ی که ئه‌مه بانگه‌وازێکه‌و بانگهێشتیان ده‌که‌ی بۆ ئیسلامه‌تیه‌که‌و دڵنیاشی له‌وه‌ی که ئیهانه‌ی ناکه‌ن و سووکایه‌تی پێ ناکه‌ن دوایی. به‌ڵێ پێم جائیزه بیانده‌یتێ به‌ڵکو ان شا‌ء اللّه خوای گه‌وره بیکات به مایه‌ی هیدایه‌تدانیان.