- ئایا پیرو په‌ککه‌وتوو رۆژوویان له‌سه‌ره؟ ئه‌گه‌ر توانایان نه‌بوو ده‌بێ چی بکه‌ن؟
-
شه‌رعناسان له‌سه‌ر ئه‌وه رێ که‌وتوون که ژن و پیاوی پیر که توانای رۆژوو گرتنیان نه‌مابێت له سه‌ریان نامێنێته‌وه، گرتنه‌وه‌شیان هه‌ر له‌سه‌ر نامێنێت به‌ڵام له که‌فاره‌ته‌که‌ەدا راجوێ بوون؛ جمهووری شه‌رعناسان ده‌فه‌رموون: که‌فاره‌ت ده‌ده‌ن و له بری هه‌ر رۆژوویه‌کی ره‌مه‌زان تێرکردنی هه‌ژارێکیان له‌سه‌ره، به‌ڵام هه‌ر پیرێک نه‌دار بوو تا ره‌مه‌زانی داهاتووش به نه‌داری مایه‌وه که‌فاره‌ته‌که‌شی له‌سه‌ر نامێنێت، ئه‌گه‌ر پێش ره‌مه‌زانی داهاتوو توانای دارایی هه‌بوو ده‌بێ که‌فاره‌ته‌که بدات. به‌ڵام ئیمامی مالیک (ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت) ده‌فه‌رموێ: که‌فاره‌تدان فه‌رز نییه له‌سه‌ر پیری ناتواناو رۆژوو گرتنه‌که‌ش هه‌روه‌ها به‌ڵام باشتره بیدات. به‌ڵام دیاره بۆچوونی جمهووری شه‌رعناسان به‌هێزتره چونکه به‌ڵگه‌یان له‌گه‌ڵدایه‌و ئێمه‌ش پێمان وایه ئه‌و بۆچوونه‌ی جمهور په‌سه‌ندترو به‌هێزتره‌و ئێمه‌ش هه‌روه‌کوو ئه‌وان ده‌ڵێینه‌وه. به‌ڵگه‌ی جمهوور ئایه‌ته‌که‌ی خوای گه‌وره‌یه که ده‌فه‌رموێ: «وَعَلَى الَّذِينَ يُطِيقُونَهُ فِدْيَةٌ طَعَامُ مِسْكِينٍ» [البقرة: 184]؛ « ئه‌و که‌سانه‌ی که ناتوانن رۆژووه‌که بگرن که‌فاره‌تیان له‌سه‌ره که خۆراکی هه‌ژارێکه ئه‌گه‌ر توانایان نه‌ما»، یه‌عنی ئه‌گه‌ر توانییان ئه‌وه به‌ڕۆژوو بن به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌یانتوانی چونکه پیرن، په‌ککه‌وته‌ن، لاوازن ئه‌وانه ته‌بعه‌ن ئه‌و کاته که‌فاره‌ته‌که ده‌ده‌ن. بوخاری له عه‌تائه‌وه ده‌گێڕێته‌وه که گوێی له ئیبنو عه‌بباس ( خوا لێی رازی بێت) بووه فه‌رمووی: حوکمی ئه‌م ئایه‌ته هه‌ر به‌رده‌وامه، ئه‌مه حوکمی پیاو و ژنی پیره که ناتوانن به‌ڕۆژوو ببن بۆیان هه‌یه که‌فاره‌ته‌که‌ی بده‌ن.
ئیمامی مالیک و ئیمامی ئیبنوحه‌زم (ره‌حمه‌تی خوایان لێ بێت) پشت ده‌به‌ستن به ریوایه‌تی سه‌له‌مه‌ی کوڕی ئه‌کوه‌ع (خوای لی رازی بێت) که ده‌رباره‌ی هاتنه خواره‌وه‌ی ئه‌و ئایه‌ته فه‌رمووی: «لَمَّا نَزَلَتْ: «وَعَلَى الَّذِينَ يُطِيقُونَهُ فِدْيَةٌ طَعَامُ مِسْكِينٍ» [البقرة: 184] «كَانَ مَنْ أَرَادَ أَنْ يُفْطِرَ وَيَفْتَدِيَ، حَتَّى نَزَلَتِ الآيَةُ الَّتِي بَعْدَهَا فَنَسَخَتْهَا»[1] ؛ «که ئه‌م ئایه‌ته: «وَعَلَى الَّذِينَ يُطِيقُونَهُ..» هاته خواره‌وه هه‌ر که‌س بیویستایه به‌ڕۆژوو نه‌بێت که‌فاره‌ته‌که‌ی ده‌دا تا ئایه‌تی دواتر هاته خواره‌وه نه‌سخی کرده‌وه» واته که‌فاره‌تدانیشی نه‌هێشت. ئه‌م دوو ئیمامه به‌ڕێزه ده‌فه‌رموون: که‌وابوو که‌فاره‌تدان نه‌ماوه‌و ئه‌و پیره‌ی رۆژووی بۆ ناگیرێت که‌فاره‌تیشی له‌سه‌ر نییه.
به‌ڵام جمهوور ده‌فه‌رموون: هه‌ر ئیبنو عه‌بباس فه‌رموویه‌تی ئایه‌ته‌که نه‌سخ نه‌بۆته‌وه به‌ڵکو ده‌فه‌رموێ: حوکمی که‌فاره‌تدان بۆ که‌سی به‌توانا نه‌ماوه ئه‌مما پیرو په‌ککه‌وتوو و هاوشێوه‌یان که‌فاره‌ته‌که‌یان له‌سه‌ره که بیده‌ن. که‌وابوو پیرو په‌ککه‌وته واته ئینسانی ناته‌وان که رۆژوو ناگرن ده‌بێ که‌فاره‌ته‌که بده‌ن ئه‌گه‌ر که‌فاره‌تیان پێ نه‌درا له فه‌قیری خۆیاندا که‌فاره‌تیشیان له‌سه‌ر نامێنێت واته فه‌رزی ره‌مه‌زانه‌که‌یان له‌سه‌ر نه‌ما، نه به‌ڕۆژوو بوون و نه که‌فاره‌تیان دا.
[1] . البخاري: 4507؛ مسلم: 1145.
- داپیره‌م پیره، دوکتۆر وتی نابێت به‌ڕۆژوو بێت، ناشتوانێت فیدیه بدات؛ چی بکات باشه؟
-
داپیره‌م پیره، دکتۆر وتی نابێت به‌ڕۆژوو بێت، ناشتوانێت فیدیه بدات؛ چی بکات باشه؟
هیچ ناکات مادام دکتۆرێکی موسوڵمان پێی وتووه تۆ ناتوانی به‌ڕۆژوو بیت یان به ته‌جروبه‌ی خۆی بۆی ده‌رکه‌وتووه ناتوانێت به‌ڕۆژوو بێت و پاره‌شی نیه فیدیه بدات، هیچی له‌سه‌ر نه‌ماوه‌و هیچ ته‌کلیفی له‌سه‌ر نییه ده‌رباره‌ی رۆژوو.
- پیاوێکی پیر که ئه‌قڵی له ده‌ست داوه به‌ڕۆژوو ده‌بێت به‌ڵام شتیش ده‌خوات ئایا که‌فاره‌تی بۆ بده‌ین؟
-
پیاوێکی پیر که ئه‌قڵی له ده‌ست داوه به‌ڕۆژوو ده‌بێت به‌ڵام شتیش ده‌خوات ئایا که‌فاره‌تی بۆ بده‌ین؟
نا که‌فاره‌تی له سه‌ر نییه؛ نه رۆژووی له‌سه‌ره نه که‌فاره‌تی له‌سه‌ره، نوێژه‌کانیش ئه‌گه‌ر نه‌توانێت ئه‌ویشی له‌سه‌ر نامێنێت. چونکه که‌سێک که ئه‌قڵی نه‌مابێت ئیتر ته‌کلیفی عیباده‌ته‌کانی له‌سه‌ر نییه. دیاره ئه‌ویش که بڵێت به‌ڕۆژوو ده‌بم و له هه‌مان کاتیش‌دا بخوات یه‌عنی ئه‌قڵی پێ ناشکێت؛ بۆیه نه رۆژووی له‌سه‌ره نه نوێژی له‌سه‌ره نه که‌فاره‌تیشی بۆ بده‌ن.