ئایا عه‌زابی قه‌بر هه‌یه؟ وه‌ڵام چییه بۆ ئه‌وانه‌ی که ده‌ڵێن هه‌ندێک که‌س زووتر مردووه، که‌واته زیاتر عه‌زاب ده‌درێت له‌وه‌ی که که‌سێک ماوه‌یه‌کی که‌م پێش قیامه‌ت ده‌مرێت و ماوه‌ی عه‌زابه‌که‌ی که‌متره‌و ئه‌مه‌ش نابێت؟!
دوو پرسیاره:
یه‌که‌م: ئایا عه‌زابی قه‌بر هه‌یه؟ به‌ڵێ به‌ته‌ئکید هه‌یه وه‌کو خوای په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رموێ: «النَّارُ يُعْرَضُونَ عَلَيْهَا غُدُوّاً وَعَشِيّاً وَيَوْمَ تَقُومُ السَّاعَةُ أَدْخِلُوا آلَ فِرْعَوْنَ أَشَدَّ الْعَذَابِ» [غافر: 46]؛ « ئاگری دۆزه‌خ به‌یانیان و ئێواران نیشانیان ده‌درێت (یان پیایاندا ده‌چزێنرێت، له جیهانی به‌رزه‌خدا). رۆژی قیامه‌تیش فه‌رمان ده‌درێت: ئاده‌ی تاقم و ده‌سته‌ی فیرعه‌ون بخه‌نه ناو ئێش و ئازاری زۆر ناخۆشه‌وه». ئه‌مه باسی قه‌ومی فیرعه‌ونه؛ ئیمامی ئیبنو که‌سیر (ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت) ده‌فه‌رموێ: ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت یه‌کێک له ده‌لیله‌کانیان ئه‌مه‌یه که عه‌زابی قه‌بر هه‌یه [ابن کثیر، تفسير القرآ‌ن العظيم: 7/132]. هه‌روه‌ها فه‌رمووده‌ی سه‌حیحی پێغه‌مبه‌ری خواش (علیه الصّلاة والسّلام) که بوخاری و موسلیم ریوایه‌تیان کردووه هه‌یه که ده‌فه‌رموێت: «اللَّهُمَّ إِنِّي أَعُوذُ بِكَ مِنْ عَذَابِ القَبْرِ» [البخاری: 832 و 1377؛ مسلم: 588 و 589]؛ «خوایه په‌نا ده‌گرم به تۆ له سزا‌و ئه‌شکه‌نجه‌ی گۆڕ».
که‌وابوو عه‌زابی قه‌بر هه‌یه به به‌ڵگه‌ی قورئان و سوننه‌ت؛ فه‌رمووده‌ی تریش له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته زۆرن. ئیمامی ئیبنو ته‌یمییه (ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت) ده‌فه‌رموێ: «أن العذاب على الروح والبدن» [ابن تیمیة، مجموع الفتاوی: 4/289]؛ «سزاکه هه‌م له‌سه‌ر روحه‌و هه‌م جه‌سته‌ش». ئینجا ده‌فه‌رموێ: وه‌کوو خه‌وه. ئه‌هلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌تیش به شێوه‌یه‌کی گشتی هه‌موویان ئه‌م نموونه‌یان هێناوه‌ته‌وه که وه‌کوو خه‌و وایه؛ چۆن یه‌کێک خه‌وتووه له‌به‌ر ده‌ستتا زاهیره‌ن ئه‌و راکشاوه‌و هیچ جووڵه‌یه‌کی نییه‌و ئیستراحه‌ته به‌ڵام له خه‌ویدا را ده‌کات ئێستا‌و ده‌یکوژن و یه‌کێک به دواوه‌یه‌تی، یه‌کێک لێی ده‌دات و دڕنده‌یه‌ک په‌لاماری داوه‌و که‌وتووه‌ته ئاوه‌و ئه‌سووتێت له خه‌وه‌که‌یداو ئێمه هه‌ست به هیچ شتێ ناکه‌ین، سزای گۆڕه‌که‌ش وایه.
دووه‌م: ئه‌گه‌ر هه‌ندێک که‌س زووتر مردووه که‌واته زیاتر عه‌زاب ده‌درێت؟ نا زیاتر عه‌زاب نادرێت؛ خوای په‌روه‌ردگار عه‌دلی مۆتڵه‌قه‌و مسقاڵه زه‌ڕڕه‌یه‌کیش حیساب ده‌کات چ خێر‌و چ شه‌ڕ. بۆیه ئه‌گه‌ر موسوڵمانێک له سه‌رده‌می سه‌یدنا ئاده‌مه‌وه مردبێت خۆ تا قیامه‌ت سزا نادرێت! ئیبنو عو‌سه‌یمین ده‌فه‌رموێت: «يُعذَّب بقَدْرِ ذنوبه» [ابن عثیمین، الشرح الممتع: 3/180 و پاش ئه‌وه]؛ «به‌قه‌ده‌ر گۆناحه‌کانی خۆی عه‌زاب ده‌چێژێت». ئینجا ده‌شفه‌رموێت: به‌ڵام ئه‌گه‌ر کافر بوو له‌و کاته‌ی دفن ده‌کرێت هه‌تا رۆژی قیامه‌ت ئه‌وه هه‌ر له ژێر ئازار‌و ئه‌شکه‌نجه‌دایه چونکه به کافری مردووه خوا لامان دات. ئیبنولقه‌ییمیش له کتێبی «الروح»دا باس له‌مانه هه‌مووی ده‌کاته‌وه‌و ته‌فاسیلێکی زۆر دێنێت و موناقه‌شه‌ی ده‌کات و وه‌کوو عاده‌تی خۆی بۆچوونی هه‌موو زاناکان که ئایا عه‌زابه‌که چۆنه؟ له‌سه‌ر جه‌سته‌یه، له‌سه‌ر روحه؟ یان هه‌ردوو.