X

گەڕان




حه‌ج و عومره >>  حه‌ج و عومره‌ی به‌ده‌ل
  •    من شوکر چوومه عومره ئه‌گه‌ر خوای گه‌وره قبوڵی کات، له‌وێ پرسیارم کرد ئایا ده‌بێ عومره بۆ دایکیشم بکه‌م ؟
  • من شوکر چوومه عومره ئه‌گه‌ر خوای گه‌وره قبوڵی کات، له‌وێ پرسیارم کرد ئایا ده‌بێ عومره بۆ دایکیشم بکه‌م چونکه توانای ماددی نییه‌و به‌ته‌مه‌نیشه‌و خۆی پێی ناکرێت، وتیان: ده‌توانی، ئیتر عومره‌یه‌کم بۆ کرد، ئایا ئه‌و عومره‌یه‌ی بۆ نووسراوه؟

    به‌ڵێ به‌ته‌ئکید و ان شاء اللّه بۆی نووسراوه مادام ناتوانێت؛ چونکه حه‌ج و عومره هه‌روه‌کو ده‌شێ بۆ مردووی بکه‌ی، ده‌شێ بۆ زیندوویه‌کیشی بکه‌ی که ناتوانێت حه‌ج و عومره‌که بکات جا له‌به‌ر پیری بێت یان له‌به‌ر نه‌خۆشینی دائیمی و درێژخایه‌ن و له‌م جۆره شتانه، به‌ مه‌رجێک حه‌ج و عومره فه‌رزه‌که‌ی خۆتت کردبێت؛که‌واته خوا جه‌زای به‌خێرت بداته‌وه ته‌واو بێخه‌م به لێی، چونکه وه‌کو ئیبنوعه‌بباس (خوا لێیان رازی بێت) ده‌گێڕێته‌وه: پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) گوێی لێبوو کابرایه‌ک له‌ حه‌ج ده‌یوت: «‌لَبَّيْكَ ‌عَنْ ‌شُبْرُمَةَ»؛ «خوایه گیان ئه‌وه له‌ببه‌یک و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواکه‌ی تۆیه له بری شوبرومه». پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) فه‌رموی: «مَنْ شُبْرُمَةُ؟»؛ «شوبرومه کێیه؟». کابرا وتی: «أَخٌ لِي (أَوْ قَرِيبٌ لِي)»؛ «برامه (یان خزمێکی نزیکمه)». فه‌رمووی: «حَجَجْتَ عَنْ نَفْسِكَ؟»؛ «حه‌جت کردووه له‌جیاتی خۆت؟ (حه‌جه فه‌رزه‌که‌ی خۆتت کردووه؟)». عه‌رزی کرد: «لَا»؛ «نه‌خێر». پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) فه‌رمووی: «حُجَّ عَنْ نَفْسِكَ، ثُمَّ حُجَّ عَنْ شُبْرُمَةَ»[1]؛ «ده‌ی که‌واته سه‌ره‌تا حه‌جه‌که‌ی خۆت بکه پاشان له‌جیاتی شوبرومه‌ش حه‌ج بکه».

       که‌واته خوای گه‌وره‌ له تۆیشی قبووڵ کات یه‌که‌م جار عومره‌‌که‌ی خۆتت ئه‌نجام داوه‌ جا عومره‌ت بۆ دایکت کردووه‌و شتێکی زۆر چاکتان کردووه، خوای گه‌وره‌‌ش یارمه‌تیده‌رتان بێت و سه‌بریش بگرن و به‌ڕه‌حم بن له‌گه‌ڵ یه‌کتری، له‌گه‌ڵ خوشکه‌کانتان له‌گه‌ڵ باوک و دایکتان، رێزی براکانیشتان بگرن.



    [1]. أبو داود: 1181؛ ابن ماجه: 2903؛ ئه‌لبانی ده‌فه‌رموێ: سه‌حیحه (مشکاة المصابیح: 2529).