X

گەڕان




باوەڕناسی [عەقیدە] >>  ته‌وحیدی ئولووهییه‌ت
  •    ئایا بڵێیت به سه‌ری بابم یان به برایه‌تیمان.... دروسته‌؟!
  • ئایا بڵێیت به سه‌ری بابم یان به برایه‌تیمان یان هه‌ر شتێک له‌و قسانه که مه‌به‌ستت ته‌وکید کردنه‌وه بێت نه‌ک سوێنده‌که بخۆیت، ئه‌مه شیاوه؟ که‌سێک داوای به‌ڵگه ده‌کات و ده‌ڵێت ئاساییه وا بڵێیت، چونکه ئه‌ڵێت ئه‌وه نییه خوا سوێند به به‌یانی، به عه‌سرو به شتی تر ده‌خوات؟

    ئێمه ناتوانین خۆمان به خوای په‌روه‌ردگار قیاس و به‌راورد بکه‌ین؛ چونکه خوای گه‌وره لێی ناپرسرێته‌وه، ئه‌و له عه‌بده‌کان ده‌پرسێته‌وه. ئه‌و سوێندی خواردووه به عه‌سر یان شتێکی تر، مه‌عنای وا نییه بۆ ئێمه‌ش جائیز بێت سوێند بخۆینه‌وه به زه‌مان، چونکه پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) ئه‌مانه‌ی روون کردۆ‌ته‌وه؛ بۆ نموونه له فه‌رمووده‌ی بوخاری و موسلیمدا له عومه‌ری کوڕی خه‌تتابه‌وه (خوا لێی رازی بێت) ریوایه‌ت کراوه که پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) ده‌فه‌رموێ: «أَلاَ إِنَّ اللَّهَ يَنْهَاكُمْ أَنْ تَحْلِفُوا بِآبَائِكُمْ، فَمَنْ كَانَ حَالِفًا فَلْيَحْلِفْ بِاللَّهِ، وَإِلَّا فَلْيَصْمُتْ» [البخاري: 6646؛ مسلم: 1646]؛ «خوای په‌روه‌ردگار به‌رهه‌ڵستی ئه‌وه‌تان لێ ده‌کات که سوێند بخۆن به سه‌ری بابتان (یان به گۆڕی بابتان یان به‌و جۆره شتانه)؛ هه‌ر که‌سێک که سوێند ده‌خوات با سوێند به خوای گه‌وره بخوات یان با بێده‌نگ بێت». فه‌رمووده‌که سه‌حیحه‌و وه‌ک وتمان بۆوخاری و موسلیم ریوایه‌تیان کردووه‌و به‌رهه‌ڵستیی پێغه‌مبه‌ری خوایه (علیه الصّلاة والسّلام). جا فه‌رمووده‌که راشکاوانه ئه‌وه ده‌فه‌رموێ که خوای گه‌وره نه‌هی و به‌رهه‌ڵستیی لێ کردووه. له‌به‌ر ئه‌وه جه‌نابت و رفیقه‌که‌شت و هیچ که‌سێکی تر بۆی جائیز نییه بڵێت به سه‌ری بابم، به گیانی دایکم، به گۆڕی باپیرم، به کوردستان، به شێ مه‌حموود، به شێخ عه‌بدولقادری گه‌یلانی، به پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام). هه‌رچه‌ند هه‌ندێک له زانایان فه‌رموویانه سوێند خواردن به پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصّلاة والسّلام) جائیزه به‌ڵام زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری پێشه‌وایانی دین فه‌رموویانه سوێندخواردن به غه‌یری خوای په‌روه‌ردگار نابێت.

       هه‌روه‌ها فه‌رمووده‌ی تریش هه‌یه که ترمزی و حاکم ریوایه‌تیان کردووه له ئیبنو عومه‌ره‌وه‌و سه‌حیحیشه که پێغه‌مبه‌ری خوا (علیه الصلاة والسّلام) فه‌رمووی: «مَنْ حَلَفَ بِغَيْرِ اللهِ فَقَدْ كَفَرَ أَوْ أَشْرَكَ» [الترمذي: 1535؛ حاکم: ٧٨١٤؛ ئه‌لبانی به سه‌حیحی داناوه (صحیح الترغیب والترهیب: 2952)، زه‌هه‌بیش فه‌رموویه‌تی: به‌پێی مه‌رجی بوخاری و موسلیمه]؛ «هه‌ر که‌سێک سوێند به غه‌یری خوای گه‌وره بخوات کوفر یان شیرکی کردووه». ئه‌وه‌یش ته‌بعه‌ن کوفری بچووک و شیرکی بچووکه.

       هه‌روه‌ها فه‌رمووده‌ی تریش له‌سه‌ر ئه‌وه زۆره لای ئه‌بوداوود و نه‌سائی و ئه‌وانی تریش؛ به‌ڵام ئێمه ته‌نها ئاماژه‌مان به‌م دوو فه‌رمووده‌ داو هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش به‌سه.