X

گەڕان




پوخته‌ی ژیاننامه‌

ژیاننامه‌ی مامۆستا كرێكار

3/10/2023 11:57:20 PM   |   1473 :بینراو
ساتی ده‌ستگیركردنی مامۆستا كرێكار له‌نه‌رویج 2012/3/27ز

بسم اللەالرحمن الرحیم
ژیاننامه‌ی مامۆستا كرێكار

هەموو ئەو کەسانەی ناوێکی دیارو کەسایەتییەکی پرشنگداریان دەبێت و ئاراستەی خەڵكی دەکەن، دۆست و ناحەزانیان حەز دەکەن زیاتر بیانناسن و شارەزای ژیاننامەیان ببن، جەنابی مامۆستا کرێکاریش بەدەر لەوەی زانایەکی ئیسلامییە، کەسایەتییەکی سیاسییەو خەڵكێكی زۆر چ لەکوردستان، یان دەرەوەی کوردستان ناوو ناوبانگیان بیستووەو حەز بەژیاننامەی دەکەن، لەبەرئەوە پێمانخۆشبوو لێرەدا بەکورتی باسیبکەین، تا خەڵكی بەگشتی بەژیاننامەی مامۆستای خۆشەویستمان ئاشنابن.


* ناوو نازناوی: مامۆستا كرێكار؛ ناوی تەواوی (نەجمەدین فه‌ره‌ج ئه‌حمه‌د)‌ە لەڕاگەیاندنە جیهانییەکاندا ناسراوە بەمەلا کرێکار، پێشگری مەلا بەواتای هەڵگری زانست، پەروەردەو رۆشنبیریی ئیسلامەتییە، کە ئەمەیش مایەی گەورەیی و رێزو پلە بەرزییە لەناو کۆمەڵگەی ئیسلامەتیدا بەگشتی. وەكو شاعيريش هەڵگری نازناوی کرێکار بووە، کە لەئێستادا زیاتر وەك مامۆستا کرێکار ناسراوەو بانگدەکرێ لەلایەن دۆستان و خۆشەویستانییەوە. هەروەها لەلایەن هاوڕێ و دۆستانییەوە لەوڵاتی پاکستان، نازناوی {ئەبو سەید قوتب -فاتح کرێکار-}ی پێبەخشراوە.


* لەدايكبوون و گەشەو خوێندنی: مامۆستا کرێکار لەساڵی‌ (١٩٥٦) لەخێزانێکی هەژار لەشاری سلێمانی له‌دایكبووه‌، باوک و دایکی بەڕێزی کۆچیدواییان کردووە، شەش براو چوار خوشکی هەیە. لەساڵی (١٩٦٢) دەستی بەخوێندن کردووەو قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لەشاری سلێمانی تەواوکردووە. لەساڵی (١٩٧١) پەیوەندیکردووە بەڕیزەکانی یەکێتیی قوتابیانی سەر بەپارتی دیموکراتی کوردستانەوە، بەڵام زۆری نەخایاندووەو لەگەڵ تێکەڵبوونی بەئەهلی مزگەوت، ئاشنابووە بەئەندامان و لایەنگرانی ئیخوان موسلیمين و بەهۆی رەوشت بەرزی، پابەندبوونی دیندارانەیان، یادکردنەوەی بۆنە ئایینییەکان، کۆڕوکۆبوونەوەی مزگەوتیان هۆگریانبووەو بۆ یەکەمجار لەخزمەتی مامۆستا حەسەن پێنجوێنی لەمزگەوتی ئەبوبەکری سديق لەشاری سلێمانی زانستە شەرعییەکانی خوێندووە، پاشان بووەتە ئەندامی رێکخراوی ئیخوان موسلیمين. خۆشەویستییەکی زۆری بۆ مامۆستا حەسەن پێنجوێنی دەبێت، هەروەك خۆی دەگێڕێتەوەو دەفەرموێت: "مامۆستا حەسەن پێنجوێنیی ئيمامی مزگەوت، بووە ئيمامی ژيانم، لەخۆم و باوك و دايكم زياتر خۆشمدەويست". بۆیە مزگەوتی ئەبوبەکری سديق دەبێتە یەکەم قوتابخانەی ئیسلامەتی و بانگەوازو کاری کۆمەڵکارانەی برایان.
پاش ئاوارە بوونی بەهۆی ستەمکاریی حکومەتی بەعسەوە، لەساڵی (١٩٧٤)دا بووە بەپێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان  و بەردەوام بووە تا نسکۆی ساڵی (١٩٧٥). لەپاش نسکۆو لەبارچوونی شۆڕشی ئەیلول، جەنابی مامۆستایش دەگەڕێتەوە سلێمانی و پاش ماوەیەك ڕوودەکاتە شاری هەولێرو لەتەمەنی (١٩) ساڵيدا وەك فەرمانبەر له‌ئه‌مانه‌تی گشتیی کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی دادەمەزرێت و هاو کات درێژە بەخوێندنی شەوانە دەدات، قۆناغی دواناوەندی بەسەرکەوتووی و نمرەیەكی باش تەواودەکات. لەشاری هەولێر بایەخێکی زۆر بەدیراسەکردن و خوێندنەوە دەدات و  بینای فیکریی خۆی دروستدەکات، ئەمەیش لەپاش ناسینی کەسانێکی دیندارو بۆ خوا سوڵحاو کە ئاراستەیدەکەن، جگە لەوەیش بایەخی زۆر بەخوێندنەوە دەدات و بەردەوام کتێب هاوڕێی دەبێت.
لەساڵی (١٩٧٨)دا دەگەڕێتەوە  شاری سلێمانی و لەزانکۆی سلێمانی لەبەشی زمانی عەرەبیی کۆلێژی ئاداب وەردەگیرێت، بەئاستێكی زۆرباش زانکۆ تەواودەکات. لەسەر ئاستی کۆلێژ (به‌شی زمانی عه‌ره‌بی) پلەی دووەم بەدەستدەهێنێت، هەروەها له‌سه‌ر ئاستی به‌شه‌کانی تری کۆلێژەکەی شه‌شه‌م دەبێت، که‌ زانسته‌کانی زمان و کۆمه‌ڵناسی له‌خۆگرتبوو، یه‌کێك دەبێت له‌ (١٠)‌ یه‌که‌مه‌کانی زانکۆ که‌ یاسای ڕژێمی عێراقی ڕێگه‌ی خوێندنی باڵای پێده‌دان، به‌بێئه‌وه‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگیرییان بۆ حیزبی به‌عس هه‌بێت! چونکه‌ له‌یاسای به‌عسییه‌کانی عێراقدا کۆلێژه‌کانی زانست و فێرکردن هه‌روه‌کو کۆلێژی سه‌ربازی و پۆلیس وابوون، ته‌نها بۆ قوتابییانی به‌عسی بوون، جگه‌ له‌ (١٠)‌ یه‌که‌مه‌کان! بۆیە پاش تەواوکردنی زانکۆ داوای خوێندنی باڵا دەکات و قورسترین بەشی زمانی عەرەبی کە (بەلاغەی زمانی عەرەبییە) هەڵدەبژێرێت، بۆیە وەك پاڵێوراوێك بۆ ئەو بەشە رۆژی چاوپێکەوتنی بۆ دیاریدەکرێ، بەڵام لەکاتی چاوپێکەوتنەکەدا پرسیاری ئەوەی لێدەکرێ ئەگەر بەعسی نەبێت، چۆن دەبێتە ئاراستەوان و مامۆستای نەوەی نوێ؟ جەنابی مامۆستا لەوەڵامدا دەڵێت: کارم بەسیاسەتەوە نییە، بەڵام کاتێك پرسیاری ئەنجامەکەی دەکات، دەڵێن: هەر کات لەو بەشە قبوڵکرایت، ئاگادارتدەکەینەوە، بەڵام لەئێستادا پەیوەندیبکە بەیەکەی سەربازییەوە، کە ئەوەیش جۆرێكبووە لەئیزندان بەوەی وەرناگیرێت، چونکە بەعسیبوونی قبوڵنەکردووە!.
پاشان بەغداد بەجێدەهێڵێت و دەگەڕێتەوە بۆ شاری سلێمانی، بۆئەوەی بەسەرباز نەگیرێت خۆی حەشاردەدات، تا لەمێژووی (٢٠/٨/١٩٨٢)دا بڕياردەدات کوردستان جێبهێڵێت و هیجرەتبکات، بۆیە بەهاوڕێیەتیی جەنابی مامۆستا عەلی باپیر بەنهێنی و قاچاغە رێ لەڕێگەی شاخ و سەختاییەوە ڕوودەکاتە وڵاتی ئێران و سەرەتا دەچێتە شاری تاران، بەگەیشتنی هەوڵی ئەوە دەدات لەزانکۆی تاران بەشی کۆمەڵناسی دەست بەخوێندن بکات، بەڵام پرۆسەی خوێندنەکە سەرناگرێت .
لەنێوان ساڵی (١٩٨٢-١٩٨٤)دا لەوڵاتی ئێران نیشتەجێدەبێت و لەئۆردوگایەکی سەر بەشاری کەرەج دەبێتە ئیمام و خەتیب، جگە لەوەی بایەخێکی زۆر بە خوێندنەوە دەدات، هاوکات لەلای زۆرێك لەزانایانی رۆژهەڵاتی کوردستان زانستە شەرعییەکان دەخوێنێت. هەروەها لەتەک مامۆستا سەلاحەدين موحەمەد بەهادین و چەند چالاکوانێکی تری ئیخواندا بەشداربووە لەدروستکردنی رێکخراوێکی جیهادی بەناوی کۆمەڵی پشتیوانان، هەرچەندە ئێرانییەکان وەعدی پشتگیری و هاوکارییان پێدابوون، بەڵام سەرئەنجام کە دڵنیابوون دەستەمۆنابن بۆیان، نەك هاوکاری بگرە کەوتنە دژایەتیکردنیان و زۆرێك لەئەندامانی ئیخوانیان دەستگیرکرد. هەروەها کەوتنە لێپێچينەوە لەتەک جەنابی مامۆستا کرێکاردا، لەبەرئەوە بڕياری دوورکەوتنەوەی دا، پێش ئەوەی بڕياری دادگا دەربچێت لەدژی. بۆیە لەلایەن برایانی ئیخوانەوە  ئامۆژگاریکراوە بەوەی هیجرەتبکات بەرەو وڵاتی پاکستان، یان تورکیاو لەوێیشەوە بۆ وڵاتێکی عەرەبی، بەمەبەستی خوێندنی باڵا، ئەویش داواکەیانی قبوڵکرد، بەڵام بەباشی زانیوە پێش ئەوەی زیاتر دووربکەوێتەوە لەکوردستان، ژیانی هاوسەری پێكبهێنێت، بۆیە بەقاچاخە رێ گەڕایەوە بۆ کوردستانی باشوور بەمەستی پێکهێنانی ژیانی هاوسەری.


* هاوسەرگیریکردنی: لەپاش ئەوەی لەمانگی (٧ی ١٩٨٤)دا گەڕایەوە بۆ شاری سلێمانی، لەمێژووی (٢٢/٧/١٩٨٤)دا ژیانی هاوسەری لەگەڵ خاتوو  رووخۆش ئەحمەد پێکهێنا، کە پێشتر یەکیان ناسیبوو، جەنابی مامۆستا هۆکاربووە بۆئەوەی لەڕیزی کۆمۆنیستەکان دووریبخاتەوەو ببێتە هۆکاری هیدایەتدانی. خوای گەورە چوار منداڵی پێبەخشيون بەناوەکانی {مەعالیم، سەید قوتب، (ظلال)، ئیبنوتەیمییە}.


* رۆيشتن و نیشتەجێبوونی لەپاکستان: پاش ئەوەی لەگەڵ خاتوو رووخۆش ژیانی هاوسەری پێكدەهێنن، لەڕێگەی قاچاخەوە دەگەڕێنەوە وڵاتی ئێران و لەپاش (١٣) رۆژ لەوێوە بەنهێنی و قاچاخەڕێ ڕوودەکەنە وڵاتی پاکستان، لەگەڵ گەیشتنیان لەسنووری پاکستان دەستگیردەکرێن و جەنابی مامۆستا بۆ ماوەی (١٠٠) رۆژ زیندانیدەکرێ. لەبەرئەوەی لەوێ زیندانیش بۆ ئافرەتان نەبوو، خێزانی تەسلیم بەماڵی شێخ عەبدولخالق زامرانی دەکرێ، کە زانایەکی دیاری ناوچەی بەلوجستان و ئەندامی کۆمەڵی ئیسلامیی پاکستان بوو. لەدوای (١٠٠) رۆژ زیندانیکردنی بەهەوڵی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوە ئیسلامییەکان، لەناویشياندا کەسایەتیی دیارو ناسراو؛ شەهید د. عەبدوڵڵا عەزام بەڕەحمەتبێت، ئازادکرا. لەمانگی (٢ی ١٩٨٥) لەتەک خێزانیدا لەشاری کەراچیی پاکستان نیشتەجێدەبن و درێژە بەژیانی ئاوارەیی و غوربەت دەدەن. لەوێیش بایەخێکی زۆر بەخوێندنەوە دەدات، هەروەها بڕوانامەی ماستەر لەزانستی فەرموودەدا وەردەگرێت و وەك مامۆستا لەزانکۆی ئەبوبەکر؛ کە لقێکی زانکۆی مەدینەی منەوەرە بوو، وانە دەڵێتەوەو بەردەوامدەبێت لەکاری رێکخراوەیی ئیخوان. تا ساڵی (١٩٨٨) و کارەساتی کیمیاییبارانکردنی هەڵەبجە، کە بەتەواوی گۆڕانکاری بەسەر ژیانیدا دەهێنێت و واز لەهەموو کارەکانی تری دەهێنێت. لەکاتێكدا خوێندکاری دکتۆرا بووە، دەگەڕێتەوە و دەستدەکات بەکاری فریاگوزاریی لێقه‌وماوان که‌ له‌خێوه‌تگەکانی ئێراندا نزیکەی (١٧٥٠٠٠) په‌نابه‌رو له‌تورکیا زیاتر لە (١٠٠٠٠٠) دەبوون.
لەکاتی ئاوارەیی ئێران و پاکستاندا چەند کتێبێکی بەسوود دەنووسێت و وەردەگێڕێتە سەر زمانی کوردی، کە دیارترینیان (معالم في الطريق)ی سەید قوتبە بەڕەحمەت بێت، هەروەها یەکەم دیوانی شيعری بەناوی (ژانی مان) دەنووسێت.
جەنابی مامۆستا لەگەڵ ئەوەی لەڕیزەکانی ئیخواندا کاریدەکرد، وەك فيکرو مەنهەج پێوەیان پابەندبوو، بەڵام لەڕووی عەقائیدییەوە هەر لەساڵانی خوێندنی زانکۆوە، عەقیدەیەکی سەلەفییانەی تۆکمەی هەبووە، بەهۆی ئەوەی ئاشنایەتییەکی باشی لەتەک هەندێك برای عەرەبی بەغدادی و موسڵاویدا پەیداکردبوو، کە چەندین کتێبی زانایانی سەلەفییان بۆ هێنابوو، وەك کتێبەکانی ئیحسان ئیلاهی زەهیر بەڕەحمەتبێت، کە ديدێکی فراوانی پێبەخشيبوو لەبارەی ناسینی شيعەو تەشەيوعەوە، پاشان چەندین کتێبی بەسوود لەبارەی: عەقیدە، سوننەت، وەلائـــ و بەرائـــ و بیدعەوە، کە هەر ئەو سەردەمەو ئەو باسەکانی تەوحيدی وەك؛ ئەسمائـــ و سیفات، ناسینی پەروەردگارێتی و حاکمێتی بۆ خوێندکارەکانی ڕووندەکردەوە، کە زۆرێك لەئیخوانییەکان پێیاندەوت: " زانينی ئەم زانيارييە، قازانج ناگەیەنێت و نەزانينیشی زيان ناگەیەنێت!". لەساڵی (١٩٨٨)دا پاش کیمیاییبارانکردنی هەڵەبجە، ريزەکانی ئیخوان بەجێدەهێڵێت و پەیوەندیدەکات بەبزووتنەوەی ئیسلامییەوە بەڕابەرایەتیی مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیزدا بەڕەحمەتبێت. لەساڵی (١٩٨٩)دا بووە بەئەندامی شورای بزووتنەوەی ئیسلامی. پاشان لەساڵی (١٩٩٤)دا هێڵی چاکسازی (ئیسڵاح) دادەمەزرێنێت، بەئامانجی پەروەردەکردن و پاراستنی لاوانی ناو بزووتنەوەی ئیسلامی، بۆئەوەی نەکەونە ژێر کاریگەریی کەسانی سەر بەئێران، یان ئەوانەی لایەنە دەرەکییەکان ئاراستەیاندەکردن.
لەپاش ئەوەی مامۆستا عەلی باپیرو باڵی نەهزەکان لەمێژووی (٣١/٥/٢٠٠١)دا لەبزووتنەوەی ئیسلامی جیابوونەوە، هەروەها هێزی دووی سۆران لە (١/٩/٢٠٠١)دا خۆیان وەك جوندولئیسلام راگەیاند، بزووتنەوە ی یەکبوونی ئیسلامی بووەوە بەبزووتنەوەی ئیسلامی، لە (١٠/١٢/٢٠٠١)دا باڵی ئیسڵاحی مامۆستا کرێکارو جوندولئیسلام یەکیانگرت و پشتیوانانی ئیسلام (ئەنسارولئیسلام)یان پێکهێنا.


* سەرەتای رۆیشتنی مامۆستا بۆ نەرویج و دۆسییەی لەو وڵاتەدا: مامۆستا كرێكار كه‌ له‌ (١٩٨٨)دا وه‌كو كوردێكی چه‌وساوه‌و هەڵاتووی بێپه‌نا، موقابه‌له‌ی له‌گه‌ڵ ده‌زگای قبوڵكردنی په‌نابه‌ریی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا لەئیسلام ئابادی پاكستان كرد، وه‌كو كورده‌كانی تر مه‌له‌فی پێناسه‌ی رێكخرا، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان مه‌له‌فه‌كه‌ی نارده‌ چه‌ند وڵاتێك كه‌ په‌نابه‌رێتیی هه‌ندێك كورد قبوڵبكه‌ن، له‌وانه‌ نه‌رویج بوو كه‌ مه‌له‌فی مامۆستا كرێكاری دیراسه‌كردو مافی په‌نابه‌رێتی دا‌ بەمامۆستا كرێكارو خێزانە‌كه‌ی. بۆیه‌ لە (٣٠/١١/١٩٩١)دا رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان گه‌یاندنییه‌ نه‌رویج و له‌و كاته‌وه‌ له‌وێ جێگیربوون. له‌شوباتی (١٩٩٨)دا رێكخراوی (INDICT) كه‌ به‌ریتانییه،‌ بەڵام عایدی موخابه‌راتی (سی ئای ئه‌ی)ی ئه‌مریكایه‌و كابرایه‌ك به‌ناوی چارڵس فۆرس سه‌رپه‌رشتیدەکردو ئەڵقه‌ی په‌یوه‌ندیشیان به‌كورده‌كانه‌وه‌ هەبوو، بەتایبەتی لەگەڵ عەبدولله‌تیف ره‌شیدی ئاوه‌ڵزاوای تاڵه‌بانیدا، كه ئه‌و كاته‌ به‌رپرسی مه‌كته‌بی رێكخراوه‌كانی یه‌كێتی بوو له‌به‌ریتانیا، ئه‌مانه‌ له‌مانگی (١٠/٢٠٠١)دا هاتبوونه‌ نه‌رویج و راپۆرتێكیان ده‌رباره‌ی مامۆستا كرێكارو چالاكییه‌كانی دابوو‌ بەموخابه‌راتی نه‌رویجی! کاتێک جەنابی مامۆستا لەمێژووی (٦/٩/٢٠٠٢) گەڕایەوە بۆ وڵاتی ئێران بەمەبەستی بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی ئەنسارولئیسلام، بەڵام ئێرانییەکان دەستگیریانکردو فڕاندیان، پاش دەستبەسەرکردن و داواکارییان لێی بەوەی کاریان لەتەکدا بکات، جەنابی مامۆستا رەفزیکرد، بۆیە تەسلیمی وڵاتی هۆڵەندایان کردەوە. هەروەها حكومه‌تی نه‌رویجی مامۆستا كرێكاری به‌وه‌ تۆمەتباركرد كه‌ دژواریی له‌سه‌ر ئه‌منییه‌تی ئەو وڵاتە هه‌یه،‌ تا ئێستا موخابه‌راتەکانی: ئێرانی، هۆڵه‌ندی، ئه‌مریكایی، نه‌رویجی، ئیتالیایی و ئه‌ڵمانی راسته‌وخۆ کۆڵینەوەیان له‌تەکدا كردووه‌و به‌ناڕاسته‌وخۆیش موخابه‌راتەکانی: ئیسپانی، سویدی، سویسری، فینله‌ندی له‌ڕێی موخابه‌رات و دادگاكانی نه‌وریجه‌وه‌ کۆڵینەوەیان ده‌رباره‌ی كردووه‌و نه‌یانتوانیوه‌ به‌هیچ شتێك تاوانباریبكه‌ن، غه‌یری ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ هه‌ر ده‌یڵێن و ده‌یڵێنه‌وه:‌ مامۆستا كرێكار فیكری سه‌له‌فیی جیهادی هه‌یه! ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت: دژایه‌تیكردنی مامۆستا كرێكار له‌به‌رئه‌وه‌ نییه،‌ کە تاوانباربێت،‌ به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ موسوڵمانێكی راست و سه‌رڕاسته. جارێك بەکرداری و هەروەها بەوەندەی کە راگەیاندنە جیهانییەکان ئاشکرایانکردووە لەلایەن موخابەراتی ئەمریکییەوە سێ جار هەوڵی فڕاندنی جەنابی مامۆستا کرێکار دراوە، بەڵام (الحمد للە) هەر سێ جارەکە فەشەلیانهێناوە.
لەمێژووی (٢٥/١/٢٠١٠)دا لەنیوەشەوداو لەناو شاری ئۆسلۆی پایتەختی نەرویجدا، لەلایەن باندێکی یەکێتییەوە، لەناو ماڵەکەی خۆیدا هەوڵی تیرۆرکردنی درا، بەڵام (الحمد للە) سەرکەوتوونەبوون(*).
پاشانیش زانیاری گەیشتە دەستی مامۆستا بەوەی کەسانێکی دیکە رەوانەکراون کە هەوڵی دووەم بدەن بۆ تیرۆرکردنی، بەڵام پاش ئەوەی لەڕێگەی پارێزەرەکەیەوە پۆلیس ئاگادارکرایەوە، بەپەلە نەرویجیان بەجێهێشت و گەڕانەوە بۆ کوردستان.
بەپێی بڕيارێك کە وەزارەتی شارەوانی و هەرێمەکان لە (١٩/٢/٢٠٠٣) دەریکردووە، گوایە: مامۆستا مەترسیدەبێت لەسەر ئاسایشی نەرویج، فەرمانگەی کاروباری بیانییەکان مافی پەنابەرێتی، پاسپۆرت، ئیقامەی هەمیشەیی و مافی کارکردنی لەمامۆستا کرێکار سەندەوە.
موخابەراتی نەرویجی زیاتر لە (٤٠) جار جەنابی مامۆستای بردۆتە بەردەم دادگا بەتۆمەتی ئیرهاب و هاندان بۆ کاری توندوتیژی، بەڵام لەهیچياندا سەرکەوتوونەبووەو بەڵگەی نەبووە کە مامۆستا تاوانباربکات و زیندانییبکات، تا سەرئەنجام چەند تۆمەتێکی بۆ رێکخرا لەسەر ئەوەی هەڕەشەی لەسێ کوردی مورتەد کردووە، کە سوکایەتییان بەپیرۆزییەکانی ئیسلام کردبوو، لە (٢٧/٣/٢٠١٢)دا دەستبەسەرکراو پاشان بەبڕياری دادگا (٢) ساڵ و (١٠) مانگ لەزیندانی کۆنگسڤينگەر زیندانیکرا.
لەسایەو پەنای ئەو مافی مرۆڤ، ئازادی، دیموکراسییەی کە لافوگەزافی پێوە لێدەدەن، لەزیندانیشدا مامەڵەیەکی باشیان لەتەکدا نەکردو زۆربەی مافەکانی لێزەوتکرابوو وەك؛ خوێندن، چۆنییەتیی سەردانیکردن، ناردنی نامەو شتومەك بەدەستی، تەنانەت کاتژمێر (٧)ی بەرەبەیانی (٢٠/٣/٢٠١٣) موخابەرات هەڵیانکوتایە سەر ژوورەکەی و هەموو دەستنووس و کتێبەکانییان پێچایەوەو لەگەڵ خۆیان بردیان و تا ئێستایش بۆیان نەگێڕاوەتەوە! لەپاش (٢) ساڵ و (١٠) مانگ زیندانیکرانی لە (٢٥/١/٢٠١٥)دا ئازادکراو گەڕایەوە نێو ماڵی خۆی لەشاری ئۆسلۆ، بەڵام پاش ئەنجامدانی چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی (ئێن ئار کۆی)ی نەرویجیدا جارێکی تر بەتۆمەتی بێبنەما دەستگیریانکردەوە، چونکە وتەکانییان وا لێکدابوویەوە کە هەڕەشەن، یان هاندانن بۆ کوشتنی یەکێک لەمولحیدەکان، پاشان لەدوای زیاتر لە (8) مانگ دەستبەسەرکردنی لە (30/10/2015) دادگا ساڵ و نیوێك حوکمی بەسەردا سەپاند، بەڵام پارێزەرەکەی حوکمەکەی بەستەم زانی و داوای تێهەڵچونەوەی کرد، لەپاش (4) ڕۆژ لەدانیشتنی دادگای تێهەڵچوونەوەی ئۆسلۆ، دادوەر بێتاوانیی مامۆستا کرێکاری سەلماندو بەرائەتیدەرکرد، پاشان لە (17/3/2016)دا ئازادکرا.

تۆمەتی کردەی تیرۆریستی: لەشەوی دووشەممە (15/7/2019)دا پۆلیسی نەرویج هە‌ڵیانكوتایە سەر ماڵی مامۆستا كرێكارو دەستگیریانكرد، ئەمەیش پاش ئەوە هات، کە لەدانیشتنی رەسمیی دادگای شاری بۆڵزانۆی ئیتاڵیادا -بەبێ ئامادەبوونی خۆی- سزای (12) ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا، دوای دوو رۆژو لەئێوارەی چوارشەممە (17/7/2019)دا پۆلیسی بەریتانیا زانا هەمەوەندیی زاوای مامۆستا کرێکاریشی دەستگیركرد.
* سەرەتای كێشە دروستکراوەكەو پێگەی ئیتاڵیا لەم دۆسییەیەدا: لەمێژووی (12/11/2015ز)دا درووستکردنی کێشەیەکی نوێتر بۆ مامۆستا کرێکار راگەیەنرا، کە وەزیری دادو دەزگای هەواڵگریی نەرویجی، بەهاوکاریی دەزگای هەواڵگریی ئیتاڵی و هەندێک لەدەستەڵاتدارانی تری ئەو وڵاتە، دۆسییەیەکیان بۆ مامۆستا کرێکارو پێنج کەسی تر سازکردبوو، کە پێکهاتبوو لە (26000) لاپەڕە بەزمانی ئیتاڵی! وادیارە ئیتاڵیا ئەم دۆسییە نوێیەی لەسەر داواکاریی نەرویج دروستکردووە. پۆلیسی نەرویج لەژووری چاوپێکەوتنی زیندانی کۆنگسڤینگەر، لەکاتی بەسەربردنی سزای (2) ساڵ و (10) مانگەکەدا، هەندێک جار مایکرۆفۆنی شاراوەیان بۆ تۆمارکردنی قسەکانی مامۆستا کرێکار دانابوو، ئەو زانیارییانەی لەوێدا هاتوون، پۆلیسی ئیتاڵیا بۆ ئەم دۆسییەیە بەکاریهێناوە. لێکۆڵینەوەی پۆلیس و دادگای ئیتاڵیا هەوڵی ئەوەیان داوە "رەوتی شاخ" ببەستنەوە بەئەنسارولئیسلامەوە، دادگای ئیتاڵیایش خۆی ئاماژەی بەوە کردووە، کە رەوتی شاخ بنکەو نووسینگەی لەهیچ وڵاتێکدا نییەو تەنها پاڵتۆکی بەکارهێناوە. لەبڕیارەکەی دادگای ئیتاڵیادا هەوڵدراوە تۆمەتی پلاندانان بۆ کاری تیرۆریستی بدرێتە پاڵ رەوتی شاخ، هەروەها‌ بڕیارەکەی دادگا ئاماژەی بەوە کردووە، کە رەوتی شاخ پلانیان هەبووە بۆئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕوخێنن و خۆیان دەوڵەتێکی ئیسلامی لەشوێنی ئەو دابمەزرێنن و خەلیفەیەک هەڵبژێرن.
پاشان دادگای ئیتاڵیا لەدانیشتنی مێژووی (15/7/2019)دا دۆسییەی (10) کەسی سەیرکردو سزای بۆ دەرکردن و داوایشی لەوڵاتەکانیان کرد، کە دەستبەسەریانبکەن، تا ئەو کاتەی ئیتاڵیا داوایاندەکات و رادەستدەکرێن.
ناوی کەساییەتییەکان‌ و ماوەی حوکمدرانیان بەزیندانیکردن بەم شێوەیەی خوارەوەن:
* مامۆستا کرێکار؛ (12) ساڵ زیندانیکردن.
* ئاوات کەرکوکی؛ (9) ساڵ زیندانیکردن -پێشتر لەسەر کێشەیەکی تر زیندانیکراوە-.
* ماکوان کەریم؛ (9) ساڵ زیندانیکردن -لەئیتاڵیا زیندانیکراوه-.
* کامیل جەلال؛ (7) ساڵ و (6) مانگ زیندانیکردن -لەئێستادا ئازاد‌کراوه-.
* زانا هەمەوەندی؛ (7) ساڵ و (6) مانگ زیندانیکردن - لەئیتاڵیا زیندانیکراوە-.
* حەمەد بەکر رەحمان؛ (7) ساڵ و (6) مانگ زیندانیکردن -دادگا ئاماژەیپێکردووە لەکوێ دەژی-.
* نەورۆز عەبدوڕەحمان؛ -پێشتر سزادراوەو لەئیتاڵیا زیندانیکراوه-.
* عەبدوڵڵا ساڵح عەلی -پێشتر سزادراوەو لەئیتاڵیا زیندانیکراوە-.
* حەسەن ساماڵ جەلال -پێشتر سزادراوەو لەئیتاڵیا زیندانیکراوە-.

* هۆتزا ئیڵدین؛ کۆسۆڤۆییە -پێشتر سزادراوەو لەئیتاڵیا زیندانیکراوە-. 

دەنگۆی ئەوە هەیە، کە نەرویج و لایەنێکی سیاسی لەهەرێمی کوردستان، بەرتیلیاندابێت بەئیتاڵیا بۆئەوەی ئەو کەیسە بۆ مامۆستا دروستبکات و ئەوانی تریشی تێبئاڵێنێت، تاکو کەیسەکەی مامۆستا قورستربکەن.
سەرەنجام لەدوای دواخستنی دادگاییەکە بۆ ماوەی (6) جار، دادگای شاری بۆڵزانۆی ئیتاڵیا، حوکمی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردن، بەو گومانەی گوایە: لەنەرویج و بەریتانیا تاوانێك ئەنجامدراوە، کە بریتییە لەدامەزراندنی "رەوتی شاخ" یان "دیدی نوێ"! پاشان ئەم رەوتی شاخ، یان دیدی نوێیەیان كردووە بەڕێكخراوێكی تیرۆریستی، كەچی ناتوانن لەدادگا ئەوە بسەلمێنن كە رەوتی شاخ رێكخراوە، چ جای ئەوەی رێكخراوێكی تیرۆریستی بێت! سەرەنجام تۆمەتەکانیان بەم شێوەیەی خوارەوە ریزکرد، کە ئەمانەن:
١- کۆمەڵێکی تیرۆریستییان لەئەوروپا دامەزراندووە.
٢- بەنیازن کەسانی دیپلۆماتیکی ئەوروپایی بفڕێنن.
٣- خەڵکیان بۆ سوریا، بەمەبەستی ئەنجامدانی مەشقی سەربازیی، ناردووە.
٤- پەیوەندییان بەرێکخراوەکانی دەوڵەتی ئیسلامی و ئەلقاعیدەوە هەیە.
٥- دەخوازن حکومەتی عەلەمانیی کوردستان بڕوخێنن و خیلافەتی ئیسلامی لەجێی دابمەزرێنن.
هەروەک پێشتر ئاماژەمانپێکرد: پاش مانەوەی مامۆستا کرێکار لەزینداندا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە (17/7/2019)دا بڕیاری دادگا وابوو، کە ئەگەر بێتو لەماوەی چوار هەفتەدا مامۆستا کرێکار نەبرێتە ئیتاڵیا، دەبێت ئازادبکرێ. بیانووی دەستگیرکردنەکەیش ئەوەبوو: ئەگەر دەستبەسەرنەكرێ، ئەوا مامۆستا كرێكار هەوڵی دەربازبوون دەدات، هەرچەندە پارێزەرەكەی مامۆستا كرێكار داوای تێهەڵچوونەوەی بۆ بڕیارەكە كردبوو، بەهۆکاری ئەوەی مامۆستا كرێكار هیچ پاسپۆرت و بەڵگەنامەیەكی رەسمیی نییەو ناتوانێت بۆ هیچ شوێنێك سەفەربكات، هەروەها سیمای مامۆستا ناسراوەو لەهەر شوێنێك ببینرێ دەناسرێتەوە، سەرەڕای ئەوەی لەوڵاتی ئوردنیش بەتۆمەتی "فرۆشتنی هیرۆیین!" بەماوەی (15) ساڵ حوکمدراوەو لەنەتەوە یەكگرتووەكانیش ناوی لەلیستی تیرۆردایە، كەچی دادوەر داواكەی رەتكردەوە.

داواكاریی ئیتاڵیا بەمەبەستی رادەستكردنی مامۆستا كرێكار: لەمێژووی (1/8/2019)دا دەوڵەتی ئیتاڵیا بەڕەسمی داوای رادەستكردنی مامۆستا كرێكاری ئاراستەی وەزارەتی دادی نەرویج کرد، لەمیانەی ئاراستەکردنی داواكارییەکەدا، داواكاری گشتیی نەرویج دەیویست لەماوەی تەنها (1) رۆژدا، دادگا هەڵسەنگاندن بۆ ناردنی مامۆستا كرێكار بۆ ئیتاڵیا بكات، ئەمەیش لەلایەن (برینیار مێلینگ)ی پارێزەرە نەرویجییەكەی مامۆستا كرێكارەوە بەوە لێكدرایەوە، كە نەرویج دەیەوێت بەخێرایی و بەبێ هەڵاوێردنی دۆسییەو هەڵسەنگاندنی تۆمەتەكان، بەئاسانی بڕیاری رادەستكردنی مامۆستا كرێكار دەربكات و رەوانەی ئیتاڵیای بكات، پاشان دوای دوو جار درێژكردنەوەی ماوەی دەستبەسەركرانی لەزینداندا، لە (9/10/2019ز)دا دیسانەوە دادوەر ماوەی دەستبەسەركرانی مامۆستا كرێكاری بۆ (8) هەفتەی تر درێژكردەوە.

پیلانەکە لەدژی مامۆستا کرێکار ئاشکرادەبێت: لەپایزی ساڵی (2002ز)دا دوای ئەوەی ئێران مامۆستا کرێکاری بۆ ماوەی (9) رۆژ دەستبەسەرکرد، پاشان ناردییەوە بۆ هۆڵەندا، بەگەیشتنی بۆ فڕۆکەخانەی (سغیپوڵ) لەئەمستەر‌دام، یەکسەر ئوردن داوایکرد: کە رادەستی ئەو وڵاتەی بکەنەوە، چونکە وەک دەستەڵاتدارانی ئوردن وتیان: مامۆستا کرێکار لەپشتی کوشتنی دیپلۆماتکارێکی ئەمریکاوە بووە لەئوردن. دواتر کە سەرکەتوونەبوون، لەداوایەکی تردا وتیان: ماددەی هۆشبەری لەئێرانەوە هێناوە بۆ هەرێمی کوردستان و لەوێیشەوە بۆ ئوردن. ئوردن تاکە وڵاتی عەرەبی بوو کە رێکەوتننامەی لەگەڵ هۆڵەندا هەبوو بۆ رادەستکردنەوەی تاوانباران. نەرویج و ئەمریکا هەوڵیاندا هۆڵەندا بۆ تێپەڕاندنی پیلانەکەیان بەکاربهێنن، بەڵام دەستەڵاتدارانی هۆڵەندا ژیربوون و نەکەوتنە ناو ئەو گەمە قێزەونەوەو مامۆستایان رەوانەی نەرویج کردەوە. ئێستایش ئیتاڵیا تاکە وڵاتی ئەوروپییە، کە رێکەوتننامەی لەگەڵ عێراقدا هەیە بۆ رادەستکردنەوەی تاوانباران، هەر بۆیە تۆمەتی تیرۆر خراوەتە پاڵ مامۆستا کرێکار. لەمێژووی (25/3/2020ز)دا جارێکی تر دانیشتنی دادگای بەرایی ئۆسلۆ دەستیپێكردەوە لەبارەی نوێکردنەوەی دەستبەسەرکردنی مامۆستا كرێكارەوە، یان ناردنەوەی بۆ ماڵەوە، پاشان دادگا بڕیاریدا مامۆستا كرێكار هەتا (10/4/2020ز) دەستبەسەركردنەكەی درێژبکرێتەوە! بڕیاری نوێكردنەوەی دەستبەسەری بۆ مامۆستا كرێكار؛ لەكاتێكدابوو كە مەترسیی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا، سەرانسەری وڵاتی گرتبووەوەو لەنەرویجیش كۆمەڵێك زیندانی ئازادكران، بەڵام مامۆستا كرێكار كە لەو کاتەدا تەمەنی (64) ساڵ بوو، بڕیاری ئازدبوون، لەوڵاتی بەناو مافی مرۆڤدا نەیگرتەوە!. پێشتر پارێزەرەكەی مامۆستا كرێكار وتبووی:‌ ناردنی مامۆستا كرێكار لەئێستادا مەحاڵه،‌ چونكە ئیتاڵیا هە‌موو سنوورەكانی داخستووە!

بڕیاری بەپەلە بۆ فڕاندنی مامۆستا کرێکار: لە مێژووی (26/3/2020ز)دا وەزیری دادی نەرویج ڕایگەیاند: مامۆستا کرێکاریان ڕەوانەی ئیتاڵیا کردووەو ئێستا لەئیتاڵیایە. ڕۆژنامەکانی نەرویج نوسیبوویان: نەیانهێشتووە خواحافیزی لەخێزانەکەیشی بکات.
پارێزەرەكەی مامۆستا كرێكار وتی: "دەزگای هەوڵگریی نەرویج، لەتاریكیی شەودا مامۆستایان فڕاندووە بۆ ئیتاڵیا!"
پارێزەرەکەی مامۆستا وتی: شەرمە بۆ هەمووتان! مێلینگ؛ پارێزەرەکەی مامۆستا کرێکار، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە (26/3/2020ز)دا وتی: "ئەمڕۆ ڕۆژێکی پڕ شەرمەزارییە بۆ هەمووتان، بۆ موخابەراتی نەرویج، بۆ دادگا، بۆ دادوەری گشتی، بۆ هەموو ئەوانەی کە دەیانتوانی ناردنی پیاوێکی بێتاوان بۆ ئیتاڵیا بووەستێنن و نەیانوەستاند".

لەکۆتایی مانگی شوباتەوە پیلانیان داڕشتبوو: دەستەڵاتدارانی نەرویج لەکۆتایی مانگی شوباتەوە ئامادەکارییانکردبوو بۆ ناردنی مامۆستا کرێکار بۆ ئیتاڵیا. لەهەنگاوی یەکەمدا مامۆستا کرێکاریان بەبیانووی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بردبوو بۆ زیندانی (کۆنگسڤینگەر)، کە پێشتر (2) ساڵ و (10) مانگ تێیدا زیندانیبووە. هاوکات فڕۆکەیەکیان لەدانیمارک بەکرێگرتبوو، لەدادگایش لەسیناریۆیەکدا راگرتنەکەیان بۆ (16) رۆژ درێژکردەوە.

دادگاییکردنی مامۆستا کرێکار لەئیتاڵیا: پاش ناردنی مامۆستا کرێکار بۆ ئیتاڵیا، له ‌(30/6/2020)دا مامۆستایان لەزیندانی (رێبیبیا)ی رۆماوە گواستەوە بۆ دوورگەی سیسلیە (صقلیة) لەباشووری ئیتاڵیا، کە ناوچەیەکی خاوەن ئۆتۆنۆمییەو دەکەوێتە دەریای سپیی ناوەڕاستەوە. هەروەها بڕیاردرا لە (3/7/2020)دا دادگاییکردنی مامۆستا کرێکار دەستپێبکاتەوە، بەڵام بەهۆکاری ئامادەنەبوونی هەندێک لەو برایانەی -پێشتر لەتەک مامۆستا کرێکاردا، لەدادگای بۆڵزانۆی ئیتاڵیا سزادرابوون- دادگای تێهەڵچوونەوە لەئیتاڵیا، دانیشتنەکەی دواخست بۆ (10/7/2020ز). ڤیتیریۆ پلاتۆ؛ پارێزەرە ئیتاڵییەکەی مامۆستا کرێکار، دەڵێت: "هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر تێوەگلانی مامۆستا کرێکار، بەهیچ تۆڕێکی تیرۆریستییەوە".

دادگای تێهەڵچوونەوه؛‌ بڕیاری حوكمدرانی مامۆستا كرێكارو برایانی تری،‌ بەبێ گۆڕانکاری هێشتە‌وە!: هەروەک بڕیاربوو رۆژی هەینی (10‌/7/2020) دادگای تێهەڵچوونەوه لەوڵاتی ئیتاڵیا،‌ جارێکی تر پێداچوونەوە بەحوکمدرانی مامۆستا کرێکارو ئەو برایانەی تردا بکاتەوە، کە نزیکەی ساڵێک لەوەوپێش لە (15/7/2019)دا لەلایەن دادگای شاری بۆڵزانۆی ئیتاڵیاوە بەبێ ئامادەبوونی خۆیان بەزیندانیکردن حوکمدرابوون، ئاشکرایە مامۆستا کرێکار بە (12) ساڵ و ئەو (9) برایەی تریش هەریەکەیان لە (6-9) ساڵ حوکمدرابوون، ئەمەیش بەمەبەستی زیاتر گەورەکردن و مەترسیدارتر نیشاندانی قەزییەکە‌ی مامۆستا کرێکار بوو..
چۆنێتیی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنیان لەئیتاڵیا: بۆ یەکەم جار لەو وڵاتەدا مامۆستا كرێكارو چەندین برای تر، لەڕێی ڤیدیۆ لینكەوە بەشداریی دادگاییەكەیان کرد، لەسەرەتادا، دادوەرەکان پێیانڕاگەیاندن: کە دەبێت هەریەکەیان تەنها (5) خولەک قسەبکەن، بەڵام مامۆستا کرێکارو ئەو برایانەی تریش ئەوەیان رەتکردەوە. پاشان بەناچاری وتیان‌: هەریەکەتان با وتەکانی خۆی پێشکەشبکات. هەروەها لەسەرەتادا رێگەیاننەدا‌ بەمامۆستا كرێكار قسەبكات، چونكە مامۆستا داوایكردبوو‌: کە رێگەیپێبدەن بۆئەوەی (3) کاتژمێر لەسەر ئەم دۆسییەیە قسەبكات، بەڵام بەم داواکارییەی مامۆستا رازینەبوون، پاشان مامۆستا کرێکار بەهەر (7) دادوەرەكەی وت‌: "من دەمەوێت ئەوەتان بۆ روونبكەمەوه،‌ كە ئێوە فریودراون، ئەو وتانەی ئێوە حوكمتان لەسەریداوه،‌ لە‌وەرگێڕرانیاندا، گۆڕانکارییان تێداکراوە". كەچی لەمیانەی پێشکەشکردنی وتەکانیدا، چەندین جار دەنگی مامۆستا کرێکاریان پچڕاند‌، پاشان مامۆستا وتی: "ئێوە (12) ساڵ حوكمتان بەسەر مندا سەپاندووە، كەچی ئامادەنین (3) كاتژمێر گوێملێبگرن! بەڕاستی ئەم دادگاییکردنە وەكو دادگاییکردن لەوڵاتی میسر دەبینم و هیچ دادپەروەرییەكی تێدانییە". ئیتر مامۆستا پشتیكردە دادگاو هیچ قسەیەکی تری نەكرد!
هەروەها وەرگێڕێكیان بۆ كاك زانا هەمەوەندی و برایانی تر دانابوو، كە لێیان تێنەدە‌گەیشت‌ و بەهیچ شێوەیەک نەیدەتوانی وەرگێڕانیان بۆ بکات، کەچی دادگاکەیش ئامادەنەبوو بۆیان بگۆڕێت بەوەرگێڕێکی باشتر‌! کەواتە: نه ‌ئەوان لەزمانی وەرگێڕەکە تێدەگە‌یشتن و نە وەرگێڕەکەیش دەیتوانی قسەكانی ئەوان بەدادگا بگەیەنێت..
بەهەمان شێوەی مامۆستا كرێكار، رێگەیاننەدا‌ بەو برایانەی تریش بەتەواوی وتەکانیان ئاراستەی دادگا بکەن، لەباشترین حاڵەتدا رێگەیانپێدان هەریەکەیان تەنها نزیکەی کەمتر لە (15) خولەک قسەبکەن، پاشان کاک زانا هەمەوەندی بەدادوەرەکانی وت‌: "ئێوە لەم کاتەدا مامۆستا کرێکارتان هێناوە بۆ ئیتاڵیا، کە نەخۆشیی کۆرۆنا بڵاوبۆتەوە، بەڕاستی ئەمەیش وەک ئەوە وایه:‌ هەموومانتان کوشتبێت".
بەهیچ شێوەیەک وتەی دادوەرەکان بۆ مامۆستا کرێکارو برایانی تر تەرجومەنەدەکرا، ئەوان تەنها لەنێوان خۆیاندا قسەیاندەکردو هەموو کاتەکەیان، بەباسکردنی یاساکانی ئیتاڵیاو چوونەدەرەوەو هاتنەژوورەوەوە بەسەربرد!
دادوەرەکان وتیان‌: "لەدوای (5) خولەك لەکۆتاییهاتنی دادگاییەکه،‌ بڕیارەكە رادەگەیەنین". دیارە دواتر ئەمەیان بەهەڵە‌ زانی،‌ لەبەرئەوە ماوەکەیان كرد‌ بە (1) كاتژمێر، بۆئەوەی وا دەرنەکەوێت کە بڕیاری پێش وەختیان هەبووە، لەدوای کۆتاییهاتنی کاتی دیاریکراو، بڕیاریاندا بەهێشتنەوەی حکومدرانی مامۆستا کرێکارو هەریەکە لەبرایانی تر، وەک خۆی و بەبێ گۆڕانکاری.
لەڕاستیدا ئەوەی تێبینیدەکرا؛ شێوازی دادگاییکردنە بەتەواوی گاڵتەجاڕی بوو، تەنانەت لەخوار ئاستی دادگاییکردن لەهەرێمی ‌کوردستانیشدا دادەنرێ!.

بەرهەمەکانی :مامۆستا کرێکار لەسەرەتای دینداری و دەستپێکردن بەکاری ئیسلامییەوە، بەشاهیدیی دۆست و دوژمن لەڕادە بەدەر چالاکبووە، هیچ شتێك وەک؛ ئاوارەیی، زیندان، خەباتی شاخ و شار نەیانتوانیوە بیوەستێنن لەگەیاندنی پەیامی ئیسلامەتی و مەنهەجی کارکردنی. بۆیە بەرهەمەکانی زۆرن و زیاتر لە (١٠٠٠) وتاری دەنگی و ڤيديۆیی و زیاد لە (١٠٠) کتێبی نوسراوی خۆی و وەرگێڕانی هەیەو دیوانی شيعرەکانی (٣٠٠) لاپەڕەیە.


کەسایەتیی مامۆستا: مامۆستا کەسێکی قسە خۆش، هەمیشە دەم بەخەندە، دڵسۆزە بۆ دەوروبەری، هەرچی لەنزیکەوە بیناسێت، دەزانێت چەند بەخەمی دۆستانییەوەیەتی بەتایبەتی و خەڵکی بەگشتی، دڵ نەرم و بەبەزەیی و بەخشندەیە، هەمیشە بەخەمی بێباوکان و بێوەژن و هەژارانەوەیە، هەرچی بێتە دەستی خێرا دەیبەخشێت، لەگەڵ گرفتەکانی خەڵکدا تێکەڵەو هەمیشە لەهەوڵی چارەسەردایە بۆیان، جارێك بۆ نانخواردنی بەیانی هەمووانی هەڵسان، بەڵام پێش ئەوەی نانەکە دابنرێ، تەلەفۆنێکی بۆ هات و قسەیدەکرد، کە کاتی نانخواردن هات، هیچی پێنەخوراو دڵی نەیدەبرد! دایە فاتم (دایکی خێزانی) لێیپرسی: خۆ تۆ بەگەرموگوڕییەوە داوای نان و چات کرد، کەچی ئێستا بۆچی هیچ ناخۆیت؟! فەرمووی: ئەو تەلەفۆنە زۆر بێتاقەتیکردم، چونکە پرسی تەڵاقبوو. بەپێچەوانەیشەوە زۆر دڵخۆشە بەدڵخۆشیی خەڵک و سەرکەوتنیان، کەسێك کە تەلەفۆنی بۆ بکات بەوەی لەخوێندن سەرکەوتووبووە، یان کێشەیەکی چارەسەربووە، یان ژیانی خێزانیی پێكهێناوە، زۆر دڵخۆشدەبێت و چەندین جار باسیدەکات و سوپاسی خوا دەکات لەسەری. شەرعزان و بیرمەندە، ئاراستەوانێکی بەتواناو خاوەن مەنهەج و بەرنامەی گەورەو بەسوودە، سیاسییەکی لێهاتووەو زوو درك بەهۆکاری دروستبوونی روداوەکان دەکات و هەڵياندەسەنگێنێت و شیکارییان بۆ دەکات، دڵسۆزی خاك و نەتەوەو نیشتیمانەکەیەتی، ئامادەنەبووەو نییە، بۆ هیچ داگیرکارێك تەنازولبکات و لەبەر بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی هاوکاریانبێت. بەخشندەیە بەرانبەر بەهەڵەی موسوڵمانان، خاوەن وەعدو بەڵێنە بەرانبەر بەنەیارەکانی، هەر بەڵێنێك بدات دەیباتەسەر، هیچ نەرمییەك نانوێنێت لەبەرانبەر بنەما عەقائیدییەکانی دینەکەی، هەرگیز هیچ تەنازولێك ناکات. حەق وتن و پابەندبوون پێوەی لەلای خاڵێكی جەوهەری و نەگۆڕە.

ئەوەی شیاوی باسکردن بێت ئەوەیە: مامۆستا کرێکار هەمیشە بەربەستبووە لەبەردەم ئەوانەی ویستویانەو هەوڵیانداوە بۆ شێواندن و گۆڕینی بنەما نەگۆڕەکانی ئیسلام، هەمیشە دژی ئەوانە وەستاوەتەوە، کە سوکایەتییان بەپیرۆزییەکانی ئیسلام کردووە، بەکورتی و بەکوردی: مامۆستا کرێــکار دەنگی دلێری خواویستی و شەرعێتیی هەڵوێستە. دیمەنی دەستگیركردنی مامۆستا كرێكار؛ دیمەنێكی ئاوێتەیه لەغوربەت و عیزەتی ئیسلام و موسوڵمانان. ئەمەیش وایکردووە کە ژمارەیەکی زۆری موسوڵمانان لەکوردستان و وڵاتانی تردا بەگوێرەی توانای خۆیان، بەرگری لەمامۆستا کرێکار بکەن، هەروەک ئەوەی ژمارەیەکی زۆری برایان و خوشکانی موسوڵمانمان لەمێژووی (8/7/2020)دا لەوڵاتی بەریتانیا بەشدارییانکرد لەخۆپیشاندان و رێپێوانێکدا بۆ پشتگیریکردنی بەڕێز مامۆستا کرێکار، هەروەها لێرەدا بەپێویستی دەزانین داواکاریی خۆمان لەموسوڵمانانی شوێنەکانی تری جیهان -هەروەکو پێشتر دووبارەبکەینەوە- کە بەهەمان شێوەی ئەو موسوڵمانە بەڕێزانە، پشتگیریی خۆیان بۆ ئازادکردنی مامۆستا کرێکار، لەدەستی دوژمنانی ئیسلام و موسوڵمانان، دەرببڕن.

.................................................................................................


(*) پۆلیسی نەرویج کوردێکی دانیشتووی سویدی تۆمەتبارکرد بەوەی کە یەكێكبووە لەو کەسانەی تەقەی لەماڵی مامۆستا کرێکار کردبوو، بەڕێکەوتن لەگەڵ پۆلیسی سوید دەستگیرکراو ناردیان بۆ نەرویج و ماوەیەك لەوێ زیندانیکرا، بەڵام لەبەرئەوەی ئەگەر لەدادگادا تاوانەکەی لەسەر بسەلمێنرایە بەوەی کە یەکێتی رەوانەی کردووە، مامۆستا کرێکار مافی ئەوەی دەبوو سەرلەنوێ مافەکانی بۆ بگێڕرایەتەوە، چونکە خەسمەکەی کە یەکێتییە، هەوڵی تیرۆکردنی داوە، بەڵام لەبەرئەوەی ئەو مافانە بۆ مامۆستا نەگەڕێننەوە، نەرویج ئەو کەسەی ئازادکردو ئامادەنەبوو بیباتە بەردەم دادگا! پۆلیس باسی لەگرتن و گواستنەوەی کرد، بەڵام هیچ روونکردنەوەیەکی نەدا لەبارەی ئازادکردنییەوە!.



پوخته‌ی ژیاننامه‌