باسی شه‌شه‌م
ئه‌رکانی ده‌ستنوێژ
ئه‌رکانی شتێک یه‌عنی پێکھاته‌که‌ی، ئه‌وه‌ی ده‌بێته مایه‌ی ھه‌بوونی. ئه‌رکانی ده‌ستنوێژ بریتیه له‌و ره‌فتارانه‌ی که به ھه‌موویان حه‌قیقه‌تی ده‌ستنوێژه‌که پێک ده‌ھێنن، ئه‌گه‌ر یه‌کێکیان ئه‌نجام نه‌درا ده‌ستنوێژه‌که به‌تاڵ ده‌بێت. ئه‌رکانی ده‌ستنوێژ ئه‌مانه‌ن:
بابه‌تی یه‌که‌م
روکنی یه‌که‌می ده‌ستنوێژ
(شتنی ھه‌موو ده‌موچاو)
ده‌موچاو واته روو که به‌وه وتراوه که له رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌دا ده‌رده‌که‌وێت. که‌واته بریتیه له باری پانایی له گوچێکهوه بۆ گوێچکه و له باری درێژیی له بنجی مووه‌کانی سه‌ر ناوچه‌وانه‌وه بۆ که‌سانی ئاسایی تا چه‌ناگه، یان له‌و شوێنه‌وه که ئیتر ته‌ختی ناوچه‌وان به‌ره‌و ته‌وقی سه‌ر کۆتایی پێ دێت تا چه‌ناگه.
شتنی ده‌موچاو روکنێکه له روکنه‌کانی ده‌ستنوێژ و ده‌ستنوێژ بێ ئه‌م روکنه باتڵه، چونکه خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: «إِذَا قُمْتُمْ إِلَى الصَّلاةِ فَاغْسِلُواْ وُجُوهَكُمْ» [الْمَائِدَة:٦]؛ «که ھه‌ستان بۆ نوێژ بڕۆن دهموچاوتان بشۆن (یه‌عنی ده‌ستنوێژ بشۆن که ده‌موچاو شتنه‌که روکنهکهیهتی)». ھه‌ر که‌سێکیش چۆنیه‌تی ده‌ستنوێژ گرتنی پێغه‌مبه‌ری خوای (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) گێراوه‌ته‌وه ئه‌وه‌ی باس کردووه، بۆیه کۆڕای شه‌رعناسانیش له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌یه.
١- فه‌رزێتی ئاو له ده‌مولووت رادان:
ئاو رادان له ده‌م بریتیه له‌وه‌ی بڕێک ئاو بخرێته ده‌مه‌وه‌و له‌ده‌مدا ھاتوچۆی وه‌ک غه‌رغه‌ره‌ی پێبکرێت. ئاو له لووت رادانیش دوو ره‌فتاره: یه‌که‌میان گه‌یاندنی ئاوه‌که‌یه به ناو لووت و ھه‌ڵمژینی، ئه‌مه له عه‌ره‌بیدا پێی ده‌وترێت «الإسْتِنْشِاق». دووه‌میان فم کردنه‌وه‌ی ئاوه‌که‌یه (واته فڕێدانه ده‌ره‌وه‌ی به تین و فشاره‌وه) ئه‌مه‌یان له عه‌ره‌بیدا پێی ده‌وترێت: «الإسْتِنْثَار». زۆر له شه‌رعناسان ئه‌م دوو ره‌فتاره له ده‌ستنوێژدا به واجب ده‌زانن، چونکه:
١- خوای په‌روه‌ردگار فه‌رمانی له ده‌ستنوێژدا به شتنی ده‌موچاو داوه، ده‌م و لووتیش به‌شێکن له‌و ده‌موچاو،
ھیچ پێویستیش ناکات فه‌رمانێکی تایبه‌تی بۆ شتنی دیوی ده‌ره‌وه‌یان ده‌رچێت.[1]
٢- خوای گه‌وره که فه‌رمانی به شتنی ده‌موچاوه‌که دا پێغه‌مبه‌ری پێشه‌وا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) به کرده‌وه له‌به‌رچاوی یاوه‌راندا نواندی تا بۆیان روون کاته‌وه‌و فێریان کات. له ھه‌موو دهستنوێژگرتنێکیدا ئه‌مانه‌ی کردووه، قه‌ت جارێک لێی نه‌بینراوه ده‌ستنوێژی گرتبێت و نه‌یکردبن؛ که‌وابوو ئه‌نجامدانیان واجبه.[2]
٣- پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) فه‌رمانی تایبه‌تی به ئه‌نجامدانی ئه‌م دوو ره‌فتاره داوه؛ وه‌کو ئه‌م فه‌رموودانه‌ی خواره‌وه:
الف- «مَنْ تَوَضَّأَ فَلْيَسْتَنْثِرْ»؛ «ھه‌ر که‌سێک ده‌ستنوێژی گرت با ئاو له لووتی رادات». له ریوایه‌تێکی تردا ده‌فه‌رموێ: «إذَا تَوَضَّأَ أَحَدُكُمْ فَلْيَجْعَلْ فِي أَنْفِهِ مَاءً ثُمَّ لِيَسْتَنْثِرْ»؛[3] «ئه‌گه‌ر یه‌کێکتان ده‌ستنوێژی گرت با ئاو له لووتی راداو فم (یان فن) کاته‌وه».
ب- «إذَا تَوَضَّأَ أَحَدُكُمْ فَلْيَسْتَنْشِقْ..».[4]؛ «ئه‌گه‌ر یه‌کێکتان ده‌ستنوێژی گرت با ئاو له لووتی رادا».
ج- «وَبَالِغْ فِي الإسْتِنْشَاقِ إلَّا أنْ تَكُونَ صَائِمَاً»[5]؛ «زۆر ئاو له لووتت راده مه‌گه‌ر به‌ڕۆژوو بیت (که به‌ڕۆژوو بوویت زۆر وا مه‌که)».
ئیمامی ئیبنوته‌یمییه ده‌فه‌رموێ: جه‌خت کردنه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) له‌سه‌ر ئاو له لووت رادان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نیه که گرنگتر بێت له پاک راگرتنی ده‌م که بهڕێزترهو جێی زیکری خوا‌و خوێندنی قورئانه‌و زۆرتربه ھۆی رۆژوو گرتنه‌وه بۆنی دێت، به‌ڵکو وَاللَّهُ أَعْلَمُ له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که ده‌م به به‌کارھێنانی سیواک و شتنی دوای نان خواردن و (به پێی ھه‌ندێک به‌ڵگه) پێش نان خواردنیش به جۆرێک له جۆره‌کان جێبایه‌خ ده‌بێت و ھه‌رچۆنێک بێت ھه‌ر به پاکژی ده‌مێنێته‌وه، به‌ڵام لووت پاککردنه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌و ته‌ئکیده‌ی لێنه‌کرێته‌وه له‌وانه‌یه ئیھمال بکرێت.[6]
٤- فه‌رمووده‌ی تایبه‌ت به ئاو له‌ده‌م رادان ھه‌یه، وه‌ک ئه‌وه‌ی که له‌قیتی کوڕی سه‌بره - خوا لێی رازی بێت- ده‌گێڕێته‌وه که پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) فه‌رمووی: «إذَا تَوَضَّأْتَ فَمَضْمِضْ»[7]؛ «ئه‌گه‌ر ده‌ستنوێژت شت، ئاو له‌ده‌مت وه‌رده».
له به‌رامبه‌ر ئه‌م به‌ڵگانه‌دا، به‌ڵگه‌ی تریش ھه‌ن که ھه‌ندێک زانا‌و شه‌رعناسی تر پشتیان پێ به‌ستوون و رایان له‌سه‌ر واجب بوونی ئاو له ده‌م و لووت رادان نه‌داوه‌و به سوننه‌تیان زانیوه‌و به‌س؛ له‌وانه: ئه‌و فه‌رمووده‌ی که به «حَديثُ الْمُسِئُ صَلَاتَهُ» (فه‌رمووده‌ی کابرای که نوێژه‌که‌ی به خراپی کرد) به‌ناوبانگه که پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) به کابرای فه‌رموو: «لاَ تَتِمُّ صَلاَةُ أَحَدِكُمْ حَتَّى يُسْبِغَ الْوُضُوءَ كَمَا أَمَرَهُ اللَّهُ عَزَّ وَجَلَّ فَيَغْسِلَ وَجْهَهُ وَيَدَيْهِ إِلَى الْمِرْفَقَيْنِ وَيَمْسَحَ بِرَأْسِهِ وَرِجْلَيْهِ إِلَى الْكَعْبَيْنِ»[8]؛ «نوێژی که‌ستان قبووڵ نابێت تا ده‌ستنوێژه‌که‌ی به جوانی به‌و شێوه‌یه‌ی که خوای گه‌وره فه‌رمانی پێداوه نه‌شوات، دهموچاوو ده‌ستی تا ئانیشکی ده‌شوات و مه‌سحی سه‌ری ده‌کات و ھه‌ردوو پێی تا قوله‌پێی ده‌شوات».
ئه‌و زانا به‌ڕێزانه ده‌فه‌رموون: ئه‌مه ھه‌موو شه‌رحی ده‌ستنوێژه‌که‌ی تێدایه، بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌یه‌ک به ئاو له ده‌م و لووت رادان بدات، بۆیه ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر واجب بوایه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) به تایبه‌ت باسی ده‌فه‌رموو. ئه‌مه‌ش راو بۆچوونێکه‌و جێی تێبینیه. به ھه‌رحاڵ شه‌رعناسان له حوکمی ئاو له‌ده‌م و لووت راداندا چوار پۆلن:[9]
پۆلی یه‌که‌م- ئه‌وانه‌ی فه‌رموویانه ئاو له ده‌م و لووت رادان له غوسڵ ده‌رکردندا واجبه نه‌ک له ده‌ستنوێژدا:
ئه‌مه‌ش رای ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه‌و سه‌وری و زانایانی مه‌دره‌سه‌ی ره‌ئیه.
پۆلی دووه‌م- ئه‌وانه‌ی فه‌رموویانه ھه‌ردووکیان له غوسڵ و ده‌ستنوێژدا سوننه‌تن:
ئه‌مه‌ش رای ئیمامی مالیک و شافیعی ولهیس و ئهوزاعیه.
پۆلی سێیه‌م- ئه‌وانه‌ی فه‌رموویانه: ھه‌ردووکیان له غوسڵ و ده‌ستنوێژدا واجبن:
ئه‌مه‌ش رای عه‌تاء و ئیبنوجوره‌یج و ئیبنولموباره‌ک و ئیسحاق و قه‌ولێکی ئیمامی ئهحمهدو حه‌نبه‌لییه‌کانه.
پۆلی چواره‌م- ئه‌وانه‌ی فه‌رموویانه: ئاو له ده‌م وهردانهکه له ھه‌ردووکیاندا سووننه‌ته‌و ئاو له لووت رادان له ھه‌ردووکیاندا واجبه:
ئه‌مه‌ش قه‌ولێکی تری ئیمامی ئه‌حمه‌ده‌و رای ئه‌بوعوبه‌یدو ئه‌بوسه‌ورو کۆمه‌ڵێک فه‌رمووده‌وانه و ئیبنولمونزیریش ئه‌مه‌یانی په‌سه‌ند کردووه.
له‌به‌ر به‌ھێزی به‌ڵگه‌ی واجب بوون، پێم وایه ئاو له ده‌م و لووت رادان له غوسڵ و ده‌ستنوێژدا واجبه؛ واللّه أعلم.
2- شتنی ریش و برۆی پڕ:
ئه‌گه‌ر که‌سێک ریشی یان برۆکانی پڕ بن ده‌بێت له‌گه‌ڵ شڵپ پێدانی ئاوی ده‌ستنوێژدا ده‌ستیان تێخات تا ئاو بگاته بن مووه‌کان، ئه‌گه‌ر زۆر پڕ بوون مه‌رج نیه، ته‌نھا ته‌ڕ بوونی ده‌ره‌وه‌یان به‌سه. خودی ریش ئه‌گه‌ر درێژ بووبێته‌وه به رای ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه‌و قه‌ولێکی کۆنی ئیمامی ئه‌حمه‌د مه‌رج نیه بشۆرێت چونکه به ده‌موچاو حسێب نین. به‌ڵام رای ئیمامی شافیعی و قه‌ولێکی به‌ھێزی ئیمامی ئه‌حمه‌د ھه‌یه که ده‌فه‌رموێ: ده‌بێت بشۆرێت، چونکه جگه له‌وه‌ی مووه‌کان له جێیه‌که‌وه ھاتوون که شتنی فه‌رزه، ریشهکهش حوکمی ده‌موچاوه‌که‌ی وه‌رگرتووه.[10] ئه‌مه‌ش په‌سه‌ندتره؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
بابه‌تی دووه‌م
روکنی دووه‌می ده‌ستنوێژ
(شتنی ده‌سته‌کان تا ئانیشک)
خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: «يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ إِذَا قُمْتُمْ إِلَى الصَّلاةِ فَاغْسِلُواْ وُجُوهَكُمْ وَأَيْدِيَكُمْ إِلَى الْمَرَافِقِ» [الْمَائِدَة: ٦]؛ «ئه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی باوه‌ڕتان ھێناوه ئه‌گه‌ر بۆ نوێژ ھه‌ستان با دهموچاوو ده‌ستان تا ئانیشک
شتبێت». له‌به‌ر ئه‌م به‌ڵگه‌یه‌یه که شه‌رعناسان له‌سه‌ر ئه‌وه یه‌کڕان که ده‌ست شتن له ده‌ستنوێژدا واجبه.
پیتی «إِلَى» که له ئایه‌ته‌که‌دا ھاتووه (وَأَيْدِيَكُمْ إِلَى الْمَرَافِقِ)، به مانای «مَعَ»یه؛ واته له‌گه‌ڵیدا. یه‌عنی پێویسته ئانیشکیش له‌گه‌ڵ ده‌ست بشۆررێت. ھه‌ر وه‌کو ئه‌و ئایه‌ته‌ی تره که خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: «وَلاَ تَأْكُلُواْ أَمْوَالَهُمْ إِلَى أَمْوَالِكُمْ» [النِّسَاءِ: ٢]؛ «سه‌روه‌ت و سامانی ھه‌تیوان مه‌خه‌نه گه‌ڵ سه‌روه‌ت و سامانی خۆتان و بیخۆن». یان: «وَيَزِدْكُمْ قُوَّةً إِلَى قُوَّتِكُمْ» [هُود:٥٢]؛ «ھێزێکی تریشتان له‌گه‌ڵ ھێزه‌که‌ی خۆتاندا پێ ده‌به‌خشێت».
موبهڕیدی زمانه‌وان - ره‌حمه‌تی خوای لێبێت- ده‌فه‌رموێ: ئه‌گه‌ر سنور له توخمی دیاری کراوه‌که بێت ده‌چێته ریزیه‌وه. له‌به‌ر ئه‌مانه‌یه که مه‌زھه‌بی جمھور (چوار مه‌زھه‌به‌که جگه له مالیکی) فه‌رموویانه: ئانیشکه‌کانیش ده‌بێت بشۆررێن.[11]
کرداری پێغه‌مبه‌ری نازداریش (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) به‌ڵگه‌یه‌کی تره که نوعه‌یمی کوڕی عه‌بدوڵڵای موجمیر ده‌گێڕێته‌وه که سه‌یدنا ئه‌بو ھوڕهیڕهی بینیوه - خوا لێی رازی بێت- ده‌ستنوێژی ئاوا گرتووه: «فَغَسَلَ وَجْهَهُ فَأَسْبَغَ الْوُضُوءَ ثُمَّ غَسَلَ يَدَهُ الْيُمْنَى حَتَّى أَشْرَعَ فِي الْعَضُدِ ثُمَّ يَدَهُ الْيُسْرَى حَتَّى أَشْرَعَ فِي الْعَضُدِ ثُمَّ مَسَحَ رَأْسَهُ.. قَالَ هَكَذَا رَأَيْتُ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَتَوَضَّأُ»[12]؛ «ده‌موچاوی شت، ئینجا ده‌ست و بازووی راستی له‌گه‌ڵ ئانیشکی شت، ئینجا ده‌ست و بازووی چه‌پی له‌گه‌ڵ ئانیشکی، پاشان مه‌سحی سه‌ری کرد. پاشان فه‌رمووی: ئاوا پێغه‌مبه‌ری خوام (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) ده‌بینی که ده‌ستنوێژی ده‌شت».
ئه‌و رێسایه‌ش ئه‌م به‌ڵگانه به‌ھێزتر ده‌کات که ده‌فه‌رموێ: «مَا لا يَتِمُّ الواجِبُ الَّا بهِ فَهوَ واجِبٌ»؛ «ئه‌وه‌ی که فه‌رزی پێ ته‌واو ده‌کرێت خۆشی فه‌رز ده‌بێت». له شتنی بازووشدا له ده‌ستنوێژدا نازانرێت سنوری باسک به ته‌واوی دیاری بکرێت که شۆراوه یان نا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئانیشکی له‌گه‌ڵدا شۆرا دڵنیابوونی شتنی باسک مسۆگه‌ر ده‌بێت.[13]
بابه‌تی سێیه‌م
روکنی سێیه‌می ده‌ستنوێژ
(مه‌سحی سه‌ر)
خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: «يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ إِذَا قُمْتُمْ إِلَى الصَّلاةِ فَاغْسِلُواْ وُجُوهَكُمْ وَأَيْدِيَكُمْ إِلَى الْمَرَافِقِ وَامْسَحُواْ بِرُؤُوسِكُمْ» [الْمَائِدَة:٦]؛ «ئه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی باوه‌ڕتان ھێناوه ئه‌گه‌ر بۆ نوێژ ھه‌ستان با دهموچاوو ده‌ستان تا ئانیشک شتبێت و مه‌سحی سه‌رتان کردبێت».
١- بڕو راده‌ی مه‌سحی سه‌ر:
شه‌رعناسان له‌سه‌ر ئه‌وه کۆن که مه‌سحی سه‌ر فه‌رزه، به‌ڵام له بڕو رادهیدا راجوێ بوون. به پێی بۆچوونیان سێ پۆلن:
پۆلی یه‌که‌م- ئه‌وانه‌ی فه‌رموویانه مه‌سحی ھه‌موو سه‌ر بۆ ژن و پیاو فه‌رزه:
ئه‌مه مه‌زھه‌بی ئیمامی مالیک و قه‌ولی به‌ھێزی حه‌نبه‌لیه‌کان و زۆرینه‌ی یاوه‌رانی ئیمامی ئهحمهدو ئه‌بوعوبه‌ید و ئیبنولمونزیره‌و ئیمامی ئیبنوته‌یمییه‌ش ئه‌مه‌ی به په‌سه‌ندتر ناساندووه؛[14] به‌ڵگه‌شیان:
١- ئه‌و بائهی له ئایه‌ته‌که‌ی سوره‌تی مائیدهدایه (وَامْسَحُواْ بِرُؤُوسِكُمْ) بۆ پێوه‌لکان (الإلْصَاق)ه؛ بۆیه تهقدیرهکهی ده‌بێته: «وامْسَحُوا رُؤوسَكُم». به‌وه‌ش وه‌کو مه‌سحی ته‌یه‌ممومی لێدێت بۆ ده‌موچاو، ھه‌ردووکیشیان (سه‌ر له ده‌ستنوێژو ده‌موچاو له ته‌یه‌ممومدا) له قورئاندا به له‌فزێکی ھاوبه‌ش ھاتوون: «فَلَمْ تَجِدُوا مَاءً فَتَيَمَّمُوا صَعِيدًا طَيِّبًا فَامْسَحُوا بِوُجُوهِكُمْ وَأَيْدِيكُم مِّنْهُ» [الْمَائِدَة:٦]؛ «ئه‌گه‌ر ئاوتان ده‌ست نه‌که‌وت ھه‌ر به‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌میندا به‌رز بۆته‌وه (له خاک و لم و به‌رد) مه‌سحی دهموچاوتان بکه‌ن»، یه‌عنی ھه‌موو دهموچاوتان. جا له هه‌ردوو ئایه‌ته‌که‌دا له‌فزی « فَامْسَحُوا بِ» هاتووه.
به‌ڵام هه‌ندێک له زانایان موناقه‌شه‌ی بائی «وَامْسَحُواْ بِرُؤُوسِكُمْ»یان کردووه‌و فه‌رموویانه: که‌س له زمانه‌وانان نه‌یوتووه ئه‌و بائه بۆ پێوه لکانه! ته‌نانه‌ت ئیبنو بورھان ده‌فه‌رموێ: ھه‌ر که‌سێک بڵێت ئه‌و بائه بۆ پێوه لکانه، ئه‌وه شتێکی خستۆته سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی که زمانه‌وانان نه‌یانزانیووه![15]
٢- سوننه‌ت ئه‌مه‌ی به روونی لێکداوه‌ته‌وه‌و یاوه‌ران بینیویانه که پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) له ده‌ستنوێژیدا ھه‌موو سه‌ری پیرۆزی مه‌سح کردووه. عه‌بدوڵڵای کوڕی زه‌ید - خوا لێی رازی بێت- ده‌فه‌رموێ: «أَتَانَا رَسُولُ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَأَخْرَجْنَا لَهُ مَاءً فِي تَوْرٍ مِنْ صُفْرٍ، فَتَوَضَّأَ فغَسَلَ وَجْهَهُ ثَلَاثَاً وَيَدَيْهِ مَرَّتَينِ إِلَى الْمِرْفَقَيْنِ وَمَسَحَ بِرَأْسَهُ فَأَقْبَلَ بِهِ وَأَدْبَرَ وَغَسَلَ رِجْلَيْهِ»[16]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) ته‌شریفی ھێنایه لامان ئاومان له ده‌فرێک (قاپێک)ی مسی زه‌ردا بۆ ھێنا، ده‌ستنوێژی گرت: سێ جاران ده‌موچاوی شت، ده‌ستیشی دووجاران تا ئانیشکی، پاشان مه‌سحی سه‌ری کرد به‌وه‌ی که ده‌ستی به پاش و پێشی سه‌ریدا ھێنا، ئینجا پێیه‌کانی شت». له ریوایه‌تێکی دیکه‌دا ھاتووه که «وَمَسَحَ رَأسَهُ كُلَّهَا»؛ «ھه‌موو سه‌ری مه‌سح کرد».
٣- فه‌رمووده‌که‌ی موغیره‌ی کوڕی شوعبه - خوا لێی رازی بێت- که ده‌فه‌رموێ: «أنَّ النَّبِيَّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ تَوَضَّأ فَمَسَحَ عَلَى خُفَّيهِ وَمُقَدَّمَ رَأْسِهِ وَعَلَى عِمَامَتِهِ»[17]؛ «پێغه‌مبه‌ر (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) ده‌ستنوێژی شت، ئینجا مه‌سحی سه‌ر خوففهکانی کرد، ھه‌روه‌ھا پێشه سه‌ری و مه‌سحی ھه‌موو سه‌ری به‌سه‌ر عه‌مامه‌که‌یه‌وه». ئه‌م پۆله زانایانه ده‌فه‌رموون: ئه‌گه‌ر مه‌سحی پێشه سه‌ری به‌س بوایه ھه‌موو سه‌ری پیرۆزی به‌سه‌ر عهمامهکهشهوه مه‌سح نه‌ده‌کرد، که‌وابوو مه‌سحی ھه‌موو سه‌ر فه‌رزه.
پۆلی دووه‌م- ئه‌وانه‌ی فه‌رموویانه مه‌سحی به‌شێکی سه‌ر به‌سه:
ئه‌مه‌ش مه‌زھه‌بی ئه‌بوحه‌نیفه‌و شافیعیه.[18] به‌ڵام ئه‌مانیش له‌وه‌دا راجوێن که بڕی ئه‌و به‌شه چه‌نده؟! ھه‌ندێک
ده‌فه‌رمون: سێ تاڵه موو بگرێته‌وه به‌سه، ھه‌ندێکی تریش ده‌فه‌رموون: چاره‌ک یان نیوه‌ی سه‌ر بگرێته‌وه. ھه‌ندێک له به‌ڵگه‌ی ئه‌مانیش ئه‌مانه‌ن:
١- ئه‌و بائهی به «وَامْسَحُواْ بِرُؤُوسِكُمْ»ه‌وه‌یه بۆ ھه‌ندێکه (التَّبْعِيض) نه‌ک بۆ پێوه‌لکان (الألْتِصَاق).
٢- به‌ڵگه‌ش له‌سه‌ر ئه‌وه ھه‌یه که پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) مه‌سحی پێشه سه‌ری کردووه‌و به‌س بووه.
پۆلی سێیه‌م- ئه‌وانه‌ی فه‌رموویانه مه‌سحی ھه‌موو سه‌ر بۆ پیاوانه نه‌ک بۆ ژنان:
ئه‌مه‌ش ریوایه‌تێکی لای ئیمامی ئه‌حمه‌ده که ده‌فه‌رموێ: ئومێده‌وارم که مه‌سحی سه‌ر بۆ ژنان ئاسانتر بێت. بۆیه ئه‌مه‌ی ده‌فه‌رموو چونکه ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ی لا راست بوو که عائیشه‌خان - خوا لێی رازی بێت- له ده‌ستنوێژیدا ته‌نھا پێشه سه‌ری مه‌سح ده‌کرد، بۆیه ئیبنوقودامه‌ش که حه‌نبه‌لیه ده‌فه‌رموێ: ئیمامی ئه‌حمه‌د له فهرموودهوانانه، روداوێکی وا ده‌کاته به‌ڵگه.[19] ئه‌وه‌ی زیاتر ده‌سه‌لمێت ئه‌وه‌یه که پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) به‌رده‌وام مه‌سحی ھه‌موو سه‌ری کردووه، ده‌ستی ته‌ڕی به پێشهسهریدا به‌ره‌و پشته سه‌ری پیرۆزی ھێناوه‌و بردووه. ئه‌و جارانه‌ی که پێشه سه‌ری پیرۆزی مه‌سح کردووه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که ده‌گمه‌نن له ھه‌مان کاتیش‌دا مه‌سحی ھه‌موو سه‌ری پیرۆزی به سه‌ر عهمامهکهیدا ھه‌ر کردووه. دیاره ئه‌وه‌شی وه‌کو ته‌کمیله کردنی مهسحهکهی بووه. پاشان له ھیچ رێگایه‌که‌وه ریوایه‌تێک نه‌سه‌لمێنراوه که پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) بۆ یه‌ک جاریش بێت ته‌نھا پێشه‌سه‌ری مه‌سح کردبێت و به‌س. ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌ی ئه‌و زانایانه به‌ھێز ده‌کات که ده‌فه‌رموون مه‌سحی ھه‌موو سه‌ر فه‌رزه.
له‌به‌ر هه‌موو به‌ڵگه‌کان ئه‌وه‌ی لای من ده‌سه‌لمێت ئه‌وه‌یه که: مه‌سحی ھه‌موو سه‌ر له ده‌ستنوێژدا بۆ پیاوان فه‌رزه، نه‌ک بۆ ژنان.. وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
٢- سهربهخهنهو مه‌سحی سه‌ری:
ئه‌گه‌ر که‌سێک خه‌نه یان ھاوشێوه‌ی له‌سه‌ر گرتبوو که عاده‌ته‌ن ئه‌و که‌سه سه‌ری داده‌پۆشێت، مه‌سحی سه‌ری ئه‌م که‌سه به‌سه‌ر سه‌رپۆشه‌که‌وه یان به‌سه‌ر سهربهستهکهوه ده‌کرێت و پێویست ناکات سه‌ربه‌سته‌که‌ی لادات؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ. چونکه وه‌کو إِنْ شَاءَ اللَّه له باسی حه‌جدا دێت، ده‌سه‌لمێت که پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) له حه‌جدا له ئیحرامدا بوو، سه‌ری پیرۆزی به‌ستبوو، له ده‌ستنوێژیدا سه‌ربه‌سته‌که‌ی نه‌ده‌کرده‌وه.
بابه‌تی چواره‌م
روکنی چواره‌می ده‌ستنوێژ
(مه‌سحی ھه‌ردوو گوێچکه)
مه‌سحی گوێچکهکانیش فه‌رزه چونکه به‌سه‌ره‌وه‌ن و وه‌کو پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) ده‌فه‌رموێ: «الأُذُنَانِ مِنَ الرَّأْسِ».[20]؛ «گوێچکه‌کان به‌شێکن له سه‌ر». مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه که حوکمی ئه‌و وه‌رده‌گرن. زۆر فه‌رمووده‌ی تریش ھه‌ن که ئه‌م حوکمه به‌ھێزتر ده‌که‌ن و ده‌سه‌لمێنن که پێغه‌مبه‌ری پێشه‌وا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) به‌رده‌وام له ده‌ستنوێژیدا که سه‌ری پیرۆزی مه‌سح کردووه پاشان گوێچکهکانیشی مه‌سح کردووه، وه‌کو ئه‌و فه‌رمووده‌ی ئیبنوعه‌بباس خوا لێیان رازی بێت ده‌یگێڕێته‌وه که: «أنَّ النَّبِيَّ مَسَحَ رَأسَهُ وَأُذُنَيهِ مَرَّةً وَاحِدَةً»[21]؛ «پێغه‌مبه‌ر (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) مه‌سحی سه‌ری کرد‌و مه‌سحی گوێچکه‌ی جارێک کرد»، نه‌ک سێ جار. سه‌نعانی ده‌فه‌رموێ: ریوایه‌ته‌کان له‌سه‌ر مه‌سحی گوێچکه زۆرن، له عه‌لی کوڕی ئه‌بوتالیب و ئیبنوعه‌بباس و روبه‌یع و عوسمانی کوڕی عه‌ففانه‌وه خوا لێیان رازی بێت گێڕراونه‌ته‌وه، ھه‌مووشیان ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن که یه‌کجار مه‌سحی گوێچکه‌ی ده‌کرد، یه‌عنی به یه‌کجار ئاو به‌کارھێنان.[22] ئه‌گه‌ر که‌سێک ئاوی نوێی بۆ مه‌سحی گوێچکه‌ی به‌کار ھێنا نابێت به ئیسراف و زێده‌ڕۆیی، چونکه سه‌لمێنراوه که ئیبنوعومه‌ر خوا لێیان رازی بێت وای ده‌کرد.[23]
مه‌سحی پشت مل و گه‌ردن: ھیچ به‌ڵگه‌یه‌کی له‌سه‌ر نیه که به سونه‌تیش ھه‌ژمارد بکرێت.[24]
بابه‌تی پێنجه‌م
روکنی پێنجه‌می ده‌ستنوێژ
(شتنی پێیه‌کان تا قوله‌پێ)
لای جمھوری ئه‌ھلی سوننه‌ت شتنی پێیه‌کان تا قوله‌پێ له ده‌ستنوێژدا فه‌رزه، چونکه خوای گه‌وره فه‌رموویه‌تی: «يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِذَا قُمْتُمْ إِلَى الصَّلَاةِ فَاغْسِلُوا وُجُوهَكُمْ وَأَيْدِيَكُمْ إِلَى الْمَرَافِقِ وَامْسَحُوا بِرُءُوسِكُمْ وَأَرْجُلَكُمْ إِلَى الْكَعْبَيْنِ» [الْمَائِدَة:٦]؛ «ئه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی باوه‌ڕتان ھێناوه ئه‌گه‌ر بۆ نوێژ ھه‌ستان با دهموچاوو ده‌ستان تا ئانیشک شتبێت و مه‌سحی سه‌رتان کردبێت وپێیهکانیشتان تا قوله‌پێ شتبێت».
ھه‌روه‌ھا ھه‌رکه‌سێک له یاوه‌ران باسی چۆنیه‌تی ده‌ستنوێژی پێغه‌مبه‌ری خوای (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) گێڕابێته‌وه ھه‌ر باسی له شتنی پێی پیرۆزی کردووه که تا قوله‌پێکانی شتوونی؛ وه‌کو ریوایه‌ته‌که‌ی سه‌یدنا عوسمان که پێشتر به ته‌فسیل هێنامانه‌وه.
قوله‌پێ له حوکمی شتنهکهدایه، چونکه ھه‌ر سنورێک به‌شێک بێت له توخمی شته‌که ئه‌ویش له حوکمه‌که‌دا به‌شدار ده‌بێت. به‌ڵگه‌ی تریش ھه‌ن ئه‌مه ده‌سه‌لمێنن، وه‌کو ئه‌و فه‌رمووده‌ی که ئیبنوعومه‌ر - خوا لێی رازی بێت- ده‌گێڕێته‌وه که ده‌فه‌رموێ: «تَخَلَّفَ النَّبِيُّ (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) عَنَّا فِي سَفْرَةٍ سَافَرْنَاهَا فَأَدْرَكَنَا وَقَدْ أَرْهَقْنَا الْعَصْرَ فَجَعَلْنَا نَتَوَضَّأُ وَنَمْسَحُ عَلَى أَرْجُلِنَا فَنَادَى بِأَعْلَى صَوْتِهِ وَيْلٌ لِلْأَعْقَابِ مِنْ النَّارِ مَرَّتَيْنِ أَوْ ثَلَاثًا»[25]؛ «جارێکیان له سه‌فه‌ر بووین و پێغه‌مبه‌ری خوامان (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) که‌مێک لێ دواکه‌وت، ئێمه‌ش ھێنده‌مان به عه‌سره‌وه نه‌ھێشت و ھێشتا نوێژه‌کانمان نه‌کردبوو، بۆیه خێرا ده‌ستنوێژمان گرت و مه‌سحی پێیه‌کانمان کرد که پێغه‌مبه‌رمان (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) گه‌یشتێ دوو جار سێ جار به ده‌نگی به‌رز ھاواری کرد: سزای وه‌یل بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی پاژنه پێیان ناشۆن!!».
ئه‌مه به‌ڵگه‌یه‌کی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر ھه‌رکه‌سێک که وه‌کو شیعه له ده‌ستنوێژدا مه‌سحی پێیه‌کان به رووتی به شه‌رع بزانێت، چونکه ئه‌مه ته‌ئکید له‌وه ده‌کاته‌وه که پێیه‌کان ده‌بێ بشۆرێن و مه‌سح کردنیان جائیز نیه، سه‌یر ئه‌وه‌یه لای شیعه‌کان مهسحهکهش که ده‌یکه‌ن پاژنه پێ ناگرێته‌وه!!
لای ئه‌ھلی سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت ئه‌وه رۆشنه که مه‌سحی پێ کاتێک ده‌کرێت که خوففی پێوه بێت نه‌ک به رووتی. ئیبنو ئهبیلهیلا ده‌فه‌رموێ: ھه‌موو یاوه‌رانی پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) له‌سه‌ر ئه‌وه‌ن که پێیه‌کان ده‌بێ بشۆررێن.[26] جا سه‌یر ئه‌وه‌یه شیعه مه‌سح له‌سه‌ر خوف به جائیز نازانێت!!
پهنجهوهردان له نێوانی په‌نجه‌کانی پێ:
پێویسته له کاتی ده‌ستنوێژو شتنی پێیه‌کاندا موسوڵمان به په‌نجه‌کانی ده‌ستی نێوان په‌نجه‌کانی پێی بشوات و به‌رده‌وام ده‌ستیان پێدا بھێنێت تا ته‌ڕ ببن چونکه ئه‌وانیش به‌شێکن له پێیه‌کان و له حوکمی شتنهکهدان.
بابه‌تی شه‌شه‌م
روکنی شه‌شه‌می ده‌ستنوێژ
(ریزبه‌ندی ره‌فتاره‌کانی ده‌ستنوێژ)
شتن و مه‌سحی ئه‌ندامه‌کان یه‌ک له‌دوای یه‌ک به‌و ریزبه‌ندییه‌ی له ئایه‌ته‌که‌دا ھاتووه بێئه‌وه‌ی پاش و پێش بخرێن. شتنی ده‌موچاو، پاشان ده‌سته‌کان، پاشان مه‌سحی سه‌ر، پاشان شتنی پێیه‌کان. ئه‌م ریزبه‌ندییه به رای زۆرینه‌ی شه‌رعناسان فه‌رزه، ئه‌مه بۆچوونی مه‌زھه‌بی شافیعی و حه‌نبه‌لی و ئه‌بو سه‌ورو زاھیریهکانه.[27] به‌ڵگه‌شیان ئه‌مانه‌یه:
١- خوای گه‌وره له ئایه‌ته‌که‌ی مائیده‌دا فه‌رزه‌کانی ده‌ستنوێژی یه‌ک له دوای یه‌ک به‌و ریزبه‌ندییه باس فه‌رمووه.
٢- ھه‌رکه‌سێک چۆنیه‌تی ده‌ستنوێژی پێغه‌مبه‌ری خوای (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) گێڕاوه‌ته‌وه به وردی ئه‌و ریزبه‌ندییه‌ی ده‌ستنوێژی باس کردووه. زیاتر له بیست یاوه‌ر شێوه‌ی ده‌ستنوێژی پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستیان (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) گێڕاوه‌ته‌وه، ھه‌موویان وه‌کو یه‌ک گێڕاویانه‌ته‌وه جگه له دوانیان که فه‌رمووده‌کانیان موناقه‌شه‌ی حه‌سه‌ن و زه‌عیفیان له‌سه‌ره.[28] کرداری پێغه‌مبه‌ری خواش (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) روون کردنه‌وه‌و لێکدانه‌وه‌و شه‌رحی ئایه‌تی قورئانه.
به‌ڵام ئیمامی مالیک و سه‌وری و ئه‌ھلی مه‌دره‌سه‌ی ره‌ئی ده‌فه‌رموون: ریزبه‌ندیی ده‌ستنوێژ سوننه‌ته نه‌ک فه‌رز.[29] به‌ڵگه‌ی ئه‌وانیش:
١- ئه‌و ریزبه‌ندییه‌ی له ئایه‌ته‌کدا ھاتووه به‌ڵگه نیه له‌سه‌ر فه‌رزبوونی ریزبه‌ندی روکنه‌کانی ده‌ستنوێژ.
٢- ئه‌و ریوایه‌ته‌ی له سه‌یدنا عه‌لی کوڕی ئه‌بوتالیب و ئیبنومه‌سعووده‌وه گێڕراوه‌ته‌وه که فه‌رموویانه: لام گرنگ نیه به ھه‌ر ئه‌ندامێک ده‌ست پێ بکه‌م.[30]
٣- ئه‌وه‌ی که ئیمامی ئه‌حمه‌د فه‌رموویه‌تی لام گرنگ نیه که ئایا به ده‌ستی راست ده‌ست پێ ده‌کات یان به ده‌ستی چه‌پ، چونکه له ئایه‌ته‌که‌دا جیاوازی نه‌خستۆته نێوانیانه‌وه.
ئه‌مه راسته به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) ھه‌میشه راستی پێشخستووه، له‌میشدا راست پێشخرێت پێکانی سوننه‌ت و پابه‌ندبوونه پێوه‌ی.
به‌ڵگه‌ی ئه‌و شهرعناسانهمان پێ به‌ھێزتره که فه‌رموویانه: ریزبه‌ندی ره‌فتاره‌کانی ده‌ستنوێژ فه‌رزه.
بابه‌تی حه‌وته‌م
روکنی حه‌وته‌می ده‌ستنوێژ
(یه‌کسه‌ری: الْمُوَالاَة)
واته به‌جێھێنانی ره‌فتاره‌کانی ده‌ستنوێژ یه‌کسه‌ر، یه‌ک له دوای یه‌ک بێ ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌کی وا بکه‌وێته نێوانیانه‌وه که ئه‌ندامی پێشوو وشک ببێته‌وه. ئه‌مه به‌لای زۆر له شه‌رعناسانه‌وه فه‌رزه، وه‌کو ئیمامی شافیعی له قه‌ولی کۆنیداو ئیمامی ئه‌حمه‌د له رای به‌ناوبانگی و ئیمامی مالیک، به‌ڵام ئه‌م ده‌فه‌رموێ ئه‌گه‌ر ناچاربوو قه‌یدی نیه. ئیبنوته‌یمییه‌ش ئه‌مه‌ی ئیمامی مالیکی پێ په‌سه‌ندتر بووه.[31]
ده‌شێت ئه‌وه‌ش ببێته به‌ڵگه که سه‌یدنا عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب - خوا لێی رازی بێت- رۆژێک ده‌ستنوێژی شت، به‌قه‌ده‌ر نینۆکێک به پێیه‌وه وشکایی دیار بوو، پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) که بینی فه‌رمووی: «اِرْجِعْ فَأَحْسِنْ وُضُوءَكَ»[32]؛ «بگه‌ڕێره‌وه ده‌ستنوێژه‌که‌ت به باشی بگره» ئه‌ویش گه‌ڕایه‌وه ده‌ستنوێژه‌که‌ی گرته‌وه‌و پاشان نوێژه‌که‌ی کرد.
دیسان ریوایه‌تێکی تریش ھه‌یه که یاوه‌ران وه‌کو خالیدی کوڕی مه‌عدان دیویانه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) که‌سێکی بینیوه له پشتی پێیه‌وه سپیاییه‌ک به‌قه‌ده‌ر درھه‌مێک دره‌وشاوه‌ته‌وه که جێی نه‌شوشتنی بووه، پێی فه‌رمووه که ده‌ستنوێژه‌که‌ی بشواته‌وه‌و ئینجا نوێژه‌که‌ی بکات.[33]
ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه‌و ئیمامی شافیعی له قه‌ولێکی نوێیدا فه‌رموویانه: یه‌کسه‌ری فه‌رز نیه، ئه‌مه ریوایه‌تێکی ئیمامی ئهحمهدو مه‌زھه‌بی ئیبنوحهزمیشه.[34] به‌ڵگه‌شیان:
١- خوای گه‌وره فه‌رمانی به شتنی ئه‌ندامه‌کان کردووه، ھه‌رکه‌سێک به ھه‌ر شێوه‌یه‌ک شتنی یه‌کسه‌ر یان ماوه‌ی خستبێته نێوانیانه‌وه، ئه‌وه فه‌رمانه‌که‌ی خوای گه‌وره‌ی به‌جێھێناوه.
٢- نافیع - ره‌حمه‌تی خوای لێبێت- ده‌گێڕێته‌وه که ئیبنوعومه‌ر - خوا لێیان رازی بێت- له ناو بازاڕدا ده‌ستنوێژی ده‌شت، دهموچاوو ده‌ستی شت و مه‌سحی سه‌ری کرد‌و له‌و کاته‌دا ھاواریان کردێ که جه‌نازه‌یه‌ک ھات، ئه‌ویش چووه مزگه‌وت و له‌وێ مه‌سحی سه‌ر خوففهکانی کرد‌و نوێژی کرد.[35]
دیاره ئه‌م حاڵه‌ته‌ی ئیبنوعومه‌ر - خوا لێیان رازی بێت- ناچارییه‌و نابێته به‌ڵگه.
٣- ئه‌و فه‌رموودانه‌یان به زه‌عیف ناساندووه که فه‌رمان به ده‌ستنوێژ شتنه‌وه‌و نوێژکردنه‌وه ده‌کات.
٤- ئه‌و فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ری خوایان (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) (اِرْجِعْ فَأَحْسِنْ وُضُوءَكَ) وا لێکداوه‌ته‌وه که ده‌ستنوێژه‌که‌ت به ته‌واوی نه‌گرتووه، مادام ئاوت به‌سه‌ر پێیه‌کانتدا نه‌ڕژاندووه.
پێم وایه ئه‌وی داوه‌ری راجوێیی ئه‌م شه‌رعناسه به‌ڕێزانه ده‌کات، فه‌رمووده‌که‌ی خالیدی کوڕی مهعدانه که پێغه‌مبه‌ری پێشه‌وا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) کابرای نارده‌وه ده‌ستنوێژه‌که‌ی بشواته‌وه‌و نوێژه‌که‌شی بکاته‌وه چونکه به قه‌ده‌ر درھه‌مێک په‌ڵه‌ی وشکیی به پێیه‌وه بووه. وا ده‌زانم ئه‌مه حه‌سمی ھه‌موو راجوێییهکان بکات؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
[1]. الشَوكَانِي، نَيِلُ الْأَوْطَار: ١/١٧٤؛ ابن العَرَبِي، أَحْكَامُ القُرْآنِ: ٢/٥٦٣
[2]. ابن تَيْمِيَّة، شَرْح العُمْدَة: ١/١٧٨؛ ابن عَبدُالبَر، التَّمْهِيد: ٤/٣٦.
[3]. هه‌ردووكیان سهحيحن: بُخَاري: ١٦١ و مُسْلِم: ٢٣٧.
[5]. أَبُودَاوُد: ١٤٢؛ النَّسَائِيّ: ١/٦٦؛ ابن مَاجَه: ٤٠٧؛ أَحْمَد: ٤/٣٣؛ كَمَالْ بنْ السّيد سَالْم (له صَحِيحُ فِقْه السُّنَة: ١/١٢٣) ده‌فه‌رموێ: سه‌حیحه.
[6]. ابن تَيْمِيَّة، شَرْح العُمْدَة: ١/١٧٩.
[7]. أَبُودَاوُد :١٤٠؛ التِّرْمِذِيّ: ٣٨؛ النَّسَائِيّ: ١/٦٦؛ ابن مَاجَه: ٤٤٨؛ كَمَالْ بنْ السّيد سَالْم (له صَحِيحُ فِقْه السُّنَة: ١/١١٤) ده‌فه‌رموێ: سه‌حیحه.
[8]. أَبُودَاوُد: ٨٥٩؛ التِّرْمِذِيّ: ٣٠٢؛ النَّسَائِيّ: ٢/٢٠ و ١٩٣؛ ابن مَاجَه: ٤٦٠؛ كَمَالْ بنْ السّيد سَالْم (له صَحِيحُ فِقْه السُّنَة: ١/١١٥) ده‌فه‌رموێ: سه‌حیحه.
[9]. المروزي، اخْتِلَافُ العُلَماءِ: ٢٣؛ إِبْنُ عَبدالبَر، التَّمْهِيدُ: ٤:٣٤؛ ابن الْمُنْذِرِ، الأَوْسَط: ١/٣٧٩؛ ابن الجَوزی، التَّحْقِيق: ١/١٤٣؛ ابن حَزْم، المُحَلّىٰ: ٢/٥٠.
[10]. ابن الهمَام، فَتْحُ القَدِير: ١/١٢؛ ابن قُدَامَة، الْمُغْنِي: ١/٨٧؛ النَّوَوِيّ، المَجْمُوع: ١/٣٨٠.
[11]. السَرْخَسِي، المَبْسُوط: ١/٦؛ ابن رُشْد، بِدَايَة المُجْتَهِد: ١/١١؛ النَّوَوِي، المَجْمُوع: ١/٣٨٩؛ ابن قُدَامَة، الْمُغْنِي: ١/٩٠.
[13]. الغَامِدِي، اخْتِيَارَاتُ اِبْنِ قُدَامَة: ١/١٦٤.
[14]. مَالِك، المُدَوَّنَة: ١/١٦؛ ابن قُدَامَة، الْمُغْنِي: ١/٩٢؛ ابن الْمُنْذِرِ، الأَوْسَطُ: ١/٣٩٩؛ ابن تَيْمِيَّة، مَجْمُوع الفَتَاوَىٰ: ٢١/١٢٣.
[15]. الشَوكَانِي، نَيِلُ الْأَوْطَار: ١/١٥٥؛ ابن قُدَامَة، الْمُغْنِي: ١/٧٨.
[16]. بُخَاري: ١٨٥؛ مُسْلِم: ٢٣٥.
[17]. مُسْلِم: ٢٧٥؛ أَبُودَاوُد: ١٥٠؛ التِّرْمِذِيّ: ١٠٠؛ قسهیهكیشی له‌سه‌ر كردووه، به‌ڵام شێخی ئه‌لبانی ره‌حمه‌تی به سه‌حيحی داناوه.
[18]. السَرْخَسِي، المَبْسُوط: ١/٨؛ النَّوَوِي، المَجْمُوع: ١/٣٩٩؛ ابن قُدَامَة، الْمُغْنِي: ١/٩٢.
[19]. ابن قُدَامَة، الْمُغْنِي: ١/٩٣.
[20]. ئه‌م فه‌رمووده لای ئیبنو عومه‌ر خوا لێیان رازی بێت سه‌لمێنراوه‌و داره‌قوتنی (١/٩٨) و ئیبنو ئه‌بی شه‌یبه (١/٢٨) هێناویانه‌ته‌وه، فه‌رمووده‌که یه‌کێكه له‌و فه‌رموودانه‌ی له نێوان شێخی ئه‌لبانی و فه‌رمووده‌وانانی تری سه‌رده‌مدا جێی راجوێییه، ئه‌لبانی ره‌حمه‌تی (له سِلْسِلَةُ الأَحَادِيثِ الصَّحِيحَة: ١/٥٥) به سه‌حيحی داناوه به‌ڵام شێخ مه‌شهور حه‌سه‌ن له په‌راوێزی کتێبی «الخِلَافْیَاتْ»ی به‌یهه‌قی که به توێژینه‌وه‌ی خۆیه‌تی، دوای به‌حسێكی ورده‌كارانه به زه‌عیفی داناوه.
[21]. أَبُودَاوُد: ١٣٣؛ التِّرْمِذِيّ: ٣٦؛ النَّسَائِيّ: ١/٧٤؛ ابن مَاجَه: ٤٣٩؛ فه‌رمووده‌وانانی تریش هێناویانه‌ته‌وه. ئه‌سڵی ئه‌م فه‌رمووده‌یه له بوخاريدایه (١٥٧)، هاوشێوه‌ی ئه‌ویش هه‌یه که فه‌رمووده‌که‌ی ره‌بیعی کچی موعهوویزه لای: أَبُودَاوُد: ١٢٦؛ ابن مَاجَه: ٤١٨.
[22]. الصَنْعَانِي، سُبُلُ السَّلَامِ: ١/٤٩.
[23]. الْبَيْهَقِيّ: ١/٦٥؛ عَبْدُ الرَّزَّاقِ، المُصْنَّف: ٢٩؛ كَمَالْ بنْ السّيد سَالْم (له صَحِيحُ فِقْه السُّنَة: ١/١١٩) ده‌فه‌رموێ: سه‌نه‌ده‌که‌ی سه‌حیحه.
[24]. مَجْمُوع الفَتَاوَىٰ: ١/٥٦؛ زَادُ المِعَادَ: ١/٤٩؛ سِلْسِلَةُ الأَحَادِيثِ الصَّحِيحَة: ٦٩/٧٤٤.
[25]. بُخَاري: ١٦١؛ مُسْلِم: ٢٤١.
[26]. ابن حَجَرٍ الْعَسْقَلانِيّ، فَتْحِ اَلْبَارِي: ١/٢٢٦؛ ابن قُدَامَة، الْمُغْنِي: ١/١٢٠.
[27]. النَّوَوِي، المَجْمُوع: ١/٤٣٣؛ ابن قُدَامَة، الْمُغْنِي: ١/١٠٠؛ ابن حَزْم، المُحَلّىٰ: ٢/٦٦.
[28]. یه‌كێکیان فه‌رمووده‌ی میقدامی كوڕی مه‌عدی که‌ربه که لای ئیمامی ئهحمهدو ئه‌بوداود هه‌یه، یه‌کێكه له‌و فه‌رموودانه‌ی که له نێوان شێخی ئه‌لبانی و فه‌رمووده‌وانانی کۆن و نوێ‌دا موناقه‌شه‌ی له‌سه‌ره، شێخ ئه‌م دوو فه‌رمووده‌یه‌ی ئاماژه‌م پێكردووه به بۆچوونی ئیبنو حه‌جه‌رو نه‌وه‌وی به حه‌سه‌ن ده‌زانێت (تَمَامُ المِنَّة: ٨٨) له کاتێكدا ئه‌وانی دیکه وه‌كو ئیبنولقه‌ییم له کۆنهكان و سهیدسابق له نوێیه‌كان ته‌سلیم به توێژینه‌وه‌و حوكمهکهی نابن، واشم بۆ روون بۆوه رای جمهوری توێژه‌ره‌وان له‌مه‌دا له بۆچوونی ئه‌لبانی به‌هێزتر بێت، چونکه ئه‌لبانی ره‌حمه‌تی له‌و کتێبه‌دا توێژینه‌وه‌ی نه‌كردووه.
[29]. المُدَوَّنَة: ١/١٤؛ المَبْسُوطُ: ١/٥٥؛ شَرحُ فَتْح القَدِير: ١/٣٠.
[30]. ریوایه‌تی سه‌یدنا عه‌لی لای ئیمامی ئه‌حمه‌د (له العِلَل: ١/٢٠٥) هێناوێتییه‌وه‌و فه‌رمویه‌تی زه‌عیفه، هه‌روه‌ها دارهقوتنیش (١/٨٨) هه‌ر به زه‌عیفی داناوه. ئه‌وه‌ی ئیبنومهسعوودیش ئه‌سڵه‌که‌ی لای بوخارییه (له التَّارِيخ: ١٦٥٠) و لای ئه‌بوعوبه‌ید (له الطُّهُورُ: ٣٢٥) که سه‌نه‌دی حه‌سه‌نه.
[31]. الأُمُ: ١/٣٠؛ المَجْمُوع: ١/٤٥١؛ كَشَّافُ القناعِ: ١/٩٣؛ المُدَوَّنَةُ: ١/١٥؛ الإِسْتِذْكَار: ١/٢٦٧؛ مَجْمُوع الفَتَاوَىٰ: ٢١/١٣٥.
[32]. مُسْلِم: ٢٣٢؛ ابن مَاجَهْ: ٦٦٦؛ أَحْمَدُ: ١/٢١؛ ئیمامی ئه‌حمه‌د هه‌ندێک قسه‌ی له‌سه‌ر كردووه به‌ڵام شێخی ئه‌لبانی ده‌فه‌رموێت ریوایاتی تری هه‌یه‌و به هه‌موان پله‌ی حه‌سه‌ن وه‌رده‌گرێت؛ بڕوانه: إِرْوَاءُ: ٨٦؛ التَّلْخِيصُ: ١/٩٥.
[33]. أَبُودَاوُد: ١٧٥؛ أَحْمَدُ: ٣/٤٢٤؛ شێخی ئه‌لبانی (له إِرْوَاءُ الغَلِیل: ٨٦) به سه‌حيحی داناوه.
[34]. المَبْسُوط: ١/٥٦؛ الأُم: ١/٣٠؛ المَجْمُوع: ١/٤٥١؛ المُحَلّىٰ: ٢/٧٠.
[35]. مالیك: ٤٨؛ شافیعی: ١٦؛ الْبَيْهَقِي، المَعْرِفَة: ٩٩.