ھه‌رکه‌سێک دوچاری میزه‌چڕکێ بووبێت، ده‌بێت بۆ ھه‌موو نوێژێک ده‌سنوێژی تایبه‌ت به‌و نوێژه بگرێت. ئه‌و کاته‌ی که ده‌زانێت نوێژ بووه (که گوێی له بانگ ده‌بێت یان به سه‌عاتدا ده‌زانێت یان پێی ده‌ڵێن) بچێت تارات بگرێت و که‌مێک تین بداته خۆی، ده‌ست به ده‌ماره‌کانی بن زه‌که‌ریدا بھێنێت و پاشان ده‌سنوێژه‌که‌ی بگرێت، ئه‌گه‌ر دوای ئه‌وه دڵۆپه میزی لێ چۆڕی گوێی نه‌داتێ و نوێژی خۆی بکات. چونکه زاھیره‌ن ئه‌مه له‌سه‌ر قه‌ولی ئیمامانی به‌ڕێزی وه‌کو ئه‌بوحه‌نیفه‌و شافیعی و ئهحمهدو ئیسحاق و ئه‌بو سه‌ورو ئه‌وانه به حوکمی خوێنی جاری داوێن (ئیستیحازه)ی ژنان قیاس ده‌کرێت که پێغه‌مبه‌ری نازدار (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّم) له حوکمیدا به ژنه‌که‌ی فه‌رموو: «إِنَّمَا ذَلِكِ عِرْقٌ وَلَيْسَ بِالْحَيْضَةِ فَإِذَا أَقْبَلَتْ الْحَيْضَةُ فَاتْرُكِي الصَّلَاةَ فَإِذَا ذَهَبَ قَدْرُهَا فَاغْسِلِي عَنْكِ الدَّمَ وَصَلِّي»[1]؛ «ئه‌وه ده‌ماره، حه‌یز نیه (یه‌عنی خوێنێکی سروشتیه‌و جێ مه‌ترسی نیه و پاکه) ئه‌گه‌ر خوێنی حه‌یز ھات واز له نوێژه‌کان بھێنه‌و مه‌یانکه تا به‌قه‌ده‌ر عاده‌تی حه‌یزی خۆت تێپه‌ڕ ده‌بێت (یه‌عنی عاده‌تی حه‌یزی جارانت چه‌ند رۆژ بوو، ئه‌وه‌نده به حه‌یز حسێب بکه) ئینجا جێی خوێنی ئه‌میان بشۆو نوێژی خۆت بکه». ته‌کمیله‌ی تری لای بوخاری ده‌فه‌رموێ: «ثُمَّ تَوَضِّئِي لِكُلِّ صَلاةٍ، حَتَّى يَجِيءَ ذَلِكَ الْوَقْتُ»[2]؛ «پاشان ده‌سنوێژ بۆ ھه‌ر نوێژێک به تایبه‌ت بگره، تا کاتی نوێژه‌که‌ی تر دێت».
ئه‌و شه‌رعناسانه‌ی که زیاده‌که‌ی بوخاری به قه‌ولی سه‌یدنا عوروه لێک ده‌ده‌نه‌وه فه‌رموویانه که بۆ ھه‌موو نوێژێک ده‌سنوێژی تایبه‌تی ناوێت، به‌ڵام ھه‌موو ئه‌وانی تر فه‌رموویانه که ھه‌ر پیاوێک که میزه چرکه‌ی بێت یان ژنێک که خوێنی جاری داوێن (ئیستیحازه)ی ھه‌بێت، ده‌بێت بۆ ھه‌موو نوێژێک ده‌سنوێژێکی تایبه‌تی بۆ بگرن و دهسنوێژهکهش تا نوێژه‌که‌ی تر حسێبه؛ ئه‌مه‌ش لای من رای په‌سه‌ندتره، چونکه به‌ڵگه‌کانی به‌هێزن.
[1]. بُخَاري: ٢٢٨؛ مُسْلِم: ٣٣٣؛ النَّسَائِيّ: ١/١٨٥؛ الْبَيْهَقِيُّ: ١/٣٢٧.
[2]. كَمَالْ بنْ السّيد سَالْم (له صَحِيحُ فِقْه السُنَةَ) ده‌فه‌رموێ: ھه‌ندێک له فه‌رمووده‌وانانی وه‌کو ئیمامی ئیبنو حه‌جه‌ری عه‌سقه‌لانی فه‌رموویانه: ئه‌م زیاده‌یه‌ی بوخاری قه‌ولی عوروه‌ی کوڕی زوبه‌یره خوا لێیان رازی بێت که فه‌رمووده‌که‌ی له دایکه عائیشه‌وه گێڕاوه‌ته‌وه که پوورێتی.