م. عبدالرحمن محمد عارف
لەساڵی ١٩٨٢ لە ئان و ساتی کارەساتی شاری حەمای جوان و مێژویی، کەبە سەرکردایەتی ڕەفعەت ئەسەدی مامەی بەششاری خائین ٤٠ هەزار کەسی شارەکە شەهیدکران، جگە بریندارو گیراوو ئەوانەی لەدەست بەعس وڵاتیان بەجێ هێشت، گوناحی گەورەیان ئەوەبو کە ئیسلامیی بون، لە ئان و ساتی ئەم کارەساتەدا مامۆستا کرێکار خۆی ئاسایی بە شیعرێکی ناسک و ناوەرۆک گەورەوە شیوەن ئەگێڕێت بۆ خوشکانی سەرپۆش بەسەری حەماو ژان و ناسۆرییان وەک خۆیان نیشان ئەدات، پێشمان ئەڵێت: داوای چی لە برایانی تێکۆشەر ئەکەن، سەدای ئەم شیعرەو شیعرەکانیتری هەرلەوکاتەوە تا ئەم چرکەیە لە گوێما ئەزرینگێتەوە. وا ئەمڕۆش بوە خۆشترین ئاوازیی هیوایەک و حەزێکی بەدیهاتو. شیعرەکانی ئەو پیاوە گەورە بەشێکبون لە ئەدەبیاتی پەروەردەکردنی کوران و کچانی ڕابون هەر لەو رۆژگارەوە. ئافەرین بۆ قەڵەم و بۆ چاوڕونی و بۆ خەمی گەورەتان جەنابی مامۆستا کرێکار .
ئەمجارەیان مارکسیزم
کینەی سووری
له (تەدمور) دا
له خاکی پیرۆزی سووری
له دایک بوو
له باوەشی رق و قینا
له دڵی (نوسەیری) بێ دینا
له دایک بوو
له سەر رانی فرۆشیاری
کێشەی وونی فەلەستینا
له دایک بوو
ئەم جارەیان
هۆلاکۆ هاته سەر (حەما)
نەک به رم و شمشێر و تیر
به (راجمه)
دیجلەیەک درووست بوو به خوێن
نەوەک دەست نووس
ئابڕوو تکا
قورئان نەما
هەزاران خوشکی داوێن پاک
له ترسی ئابڕوو چوونی
له تاو ئازاری دەروونی
هاوار ئەکەن
وا محمداه
وا اسلاماه
هاوار ئەکەن
تو خوا وەرن هێرش بێنن
زیندانەکان
به سەرمانا بڕوخێنن
هاوار ئەکەن
تو خوا موسوڵمانی جیهان
چارەسەرێ
ئێمەی خوشکتان
روومان نەما بێینه دەرێ
ئێمەی کڵۆڵ
ئێمەی زگ پڕ له کۆرپەی زۆڵ
چۆن بێینه دەر
- فتوا بدەن خۆ بکوژین
نەک پاشان زۆڵ
بگرینه کۆڵ
تو خوا زووتر هێرش بێنن
بۆ پاراستنی ئابڕوو
زیندانەکان
بەسەرمانا بڕوخێنن