ئەگەر باسی شەرع و دین بکەیت، دەڵێن: ئەمەیش ڕای مامۆستا کرێکارە.
باسی سیاسەت بکەیت، دەڵێن: ئەمە بۆچوونی مامۆستا کرێکارە.
باسی هۆنراوە بکەیت، دەڵێن: ئەمە هۆنراوەی کرێکارە.
باسی مێژوویش بکەیت، لێرەیشدا دەڵێن: ئەمە باسی مێژووە لەلایەن مامۆستا کرێکارەوە.
پیاوێک مەلایەو شەرعزانە، لەهەمان کاتدا سیاسییەو شاعیرێکی زۆر بەتوانایە. سروودبێژو قورئانخوێنە، قسەی بۆ منداڵ، پیر، ژنان و لاوان هەیە، بەڵام سەد حەیف لەم جیهانەدا خاوەنی بستێک خاک نییە.
ناساندنی مامۆستا کرێکار
مامۆستا كرێكار: ناوی تەواوی نەجمەدین فەرەج ئەحمەدەو لەڕاگەیاندنە جیهانییەکاندا بەمەلا کرێکار ناسێنراوە، پێشگری مەلا بەواتای هەڵگری زانست، پەروەردەو رۆشنبیریی ئیسلامی دێت، کە ئەمەیش بەشێوەی گشتی لەناو کۆمەڵگەی ئیسلامیدا، مایەی گەورەیی و رێزو پلە بەرزییە.
وەكو شاعيريش هەڵگری نازناوی کرێکارە، کە لەئێستادا زیاتر وەك مامۆستا کرێکار ناسراوەو لەلایەن دۆستان و خۆشەویستانییەوه بانگدەکرێ. هەروەها لەلایەن هاوڕێ و دۆستانییەوە لەوڵاتی پاکستان، نازناوی ئەبو سەیدقوتب (فاتح کرێکار)ی پێبەخشراوە.
مامۆستا کرێکار لەساڵی (1956) لەخێزانێکی هەژار لە شاری سلێمانی لەدایكبووەو ئاستەکانی خوێندنی بڕیوە هەتا بڕوانامەی ماستەری لەزانستی فەرموودەدا بەدەستهێناوە، پاشان لەزانکۆی ئەبوبەکر، کە لقێک بووە لەزانکۆی مەدینەی منەوەرە، لەپاکستان وانەبێژبووە.
کارەساتی هەڵەبجە و گۆڕانکاری لەژیاندا
هەروەها هەتا ساڵی (1988) لەکاری رێکخراوەیی ئیخوانولموسلیمین بەردەوامبووە، بەڵام لەو ساڵەدا کارەساتی کیماییبارانکردنی هەڵەبجە، بەتەواوی گۆڕانکارییهێناوە بەسەر ژیانیداو وازی لەهەموو کارەکانی هێناوە، لەکاتێكدا خوێندکاری دکتۆرا بووەو خەریکی نووسینی نامەی دکتۆراکەی بووە.
هەر لەو ساڵەدا گەڕاوەتەوەو دەستیکردووە بەکاری فریاگوزاریی لێقەوماوان لەخێوەتگەکانی ئێران کە (175000) پەنابەربوون و لەتورکیا زیاتر لە(100000) پەنابەر هەبوون!
چوونی بۆ نەرویج
مامۆستا كرێكار لەساڵی (١٩٨٨)دا وەك كوردێكی چەوساوەو هەڵاتووی بێپەنا، چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەزگای وەرگرتنی پەنابەریی نەتەوە یەكگرتووەكاندا لەئیسلام ئابادی پاكستان كردبوو، وەكو كوردەكانی دیكە مەلەفی پێناسەی بۆ رێكخراو نەتەوە یەكگرتووەكان مەلەفەكەی نارد بۆ چەند وڵاتێك، كە پەنابەرێتیی هەندێك كورد قبوڵبكەن، یەکێک لەوانەیش نەرویج بوو.
لەبەرئەوە لەمێژووی (30/11/1991)دا رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان خۆی و خێزانەکەی گەیاندە نەرویج و لەو كاتەوە لەوێ جێگیربوون.
دەستگیرکردن لە ئێران و هۆڵەندا
کاتێک مامۆستا کرێکار لە (6/9/2002)دا لەئەوروپاوە لەڕێگەی وڵاتی هۆڵەنداوە گەڕایەوە بۆ ئێران، بەمەبەستی بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی پشتیوانانی ئیسلام و گەڕانەوەی بۆ بیارە، کەچی لەو کاتەدا ئێرانییەکان دەستگیریانکردو فڕاندیان، پاش دەستبەسەرکردنی بۆ ماوەی (9) رۆژ، داواکارییان ئەوەبوو کە کاریان لەگەڵدا بکات، بەڵام مامۆستا داواکارییەکەیانی رەتکردەوە.
لەبەرئەوە رادەستی وڵاتی هۆڵەندایان کردەوەو لەوێیش بۆ ماوەی نزیکەی (4) مانگ زیندانیکرا، پاشان رادەستی نەرویج کرایەوە.
تۆمەتەکان دژی مامۆستا کرێکار:
لەدواییدا حكومەتی نەرویجی مامۆستا كرێكاری بەوە تۆمەتباردەكرد، كە دژواریی لەسەر باری ئاسایشی نەرویج درووستدەکات، ئەگەرچی تا ئێستا بەشێوەی راستەوخۆ دەزگا هەواڵگرییەکانی: ئێران، هۆڵەندا، ئەمریكا، نەرویج، ئیتاڵیا و ئەڵمانیا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا كردووه، بەناڕاستەوخۆیش دەزگا هەواڵگرییەکانی: ئیسپانیا، سوید، سویسراو فینلەندا لەڕێی دەزگای هەواڵگری و دادگاكانی نەوریجەوه لێکۆڵینەوەیان دەربارەی كردووه، بەڵام نەیانتوانیوه هیچ تاوانێکی لەسەر بسەلمێنن!
سەلبکردنی مافەکان
بەپێی بڕيارێك کە وەزارەتی شارەوانی و هەرێمەکان- فەرمانگەی کاروباری بیانییەکان لە (19/2/2003)دا دەریکرد، بەبیانووی ئەوەی گوایە مامۆستا مەترسیدەبێت لەسەر ئاسایشی نەرویج!، مافەکانی: پەنابەرێتی، پاسپۆرت، مانەوەی هەمیشەیی و کارکردنی لەمامۆستا کرێکار سەندەوە.
هەوڵەکانی فڕاندن و تیرۆرکردن
لەڕاستیدا تەنها ئەوەی کە میدیا جیهانییەکان ئاشکرایانکردووە، لەلایەن موخابەراتی ئەمریکییەوە (3) جار هەوڵی فڕاندنی مامۆستا کرێکار دراوە، بەڵام (الحمد للە) هەر سێ جارەکە فەشەلیانهێناوە.
هەروەها لەنیوەشەوی (25/1/2010)دا لەناو ماڵەکەی خۆیدا لەئۆسلۆی پایتەختی نەرویج، لەلایەن باندێکی یەکێتییەوە هەوڵی تیرۆرکردنی درا، بەڵام (الحمد للە) سەرکەوتوونەبوون.
دادگاییکردن و زیندانیکردن
موخابەراتی نەرویجی بەتۆمەتی ئیرهاب و هاندان بۆ کاری توندوتیژی، زیاتر لە (40) جار جەنابی مامۆستای بردۆتە بەردەم دادگا، بەڵام لەهیچياندا سەرکەوتوونەبووەو بەڵگەی نەبووە کە مامۆستا تاوانباربکات و زیندانیبکات.
تا سەرەنجام چەند تۆمەتێکی بۆ رێکخرا، بەهۆکاری ئەوەی هەڕەشەی لەسێ کوردی مورتەد کردبوو، کە سوکایەتییان بەپیرۆزییەکانی ئیسلام کردبوو، پاشان لە (27/3/2012)دا دەستبەسەرکراو دواتر بەبڕياری دادگا بە (2) ساڵ و (10) مانگ لەزیندانی کۆنگسڤينگەر زیندانیکرا.
"هێنانەوەی بوونی ئیسلام
ئارامگریی گشت پێغەمبەرانی دەوێ
خۆڕاگرتن لەزیندانا
ژینی نێو قورئانی دەوێ"
- مامۆستا کرێکار
دۆسییەی ئیتاڵیا
لەمێژووی (12/11/2015ز)دا درووستکردنی کێشەیەکی نوێتر بۆ مامۆستا کرێکار راگەیەنرا، کە وەزیری دادو دەزگای هەواڵگریی نەرویجی، بەهاوکاریی دەزگای هەواڵگریی ئیتاڵی و هەندێک لەدەستەڵاتدارانی تری ئەو وڵاتە، دۆسییەیەکیان بۆ مامۆستا کرێکارو پێنج کەسی تر سازکردبوو، کە پێکهاتبوو لە (26000) لاپەڕە بەزمانی ئیتاڵی!
حوکمدانی مامۆستا کرێکار و برایانی
دادگای ئیتاڵیا لەدانیشتنی مێژووی (15/7/2019)دا دۆسییەی (10) کەسی سەیرکردو سزای بۆ دەرکردن و داوایشی لەوڵاتەکانیان کرد، کە دەستبەسەریانبکەن.
ناوی کەساییەتییەکان و ماوەی حوکمدرانیان:
• مامۆستا کرێکار؛ (12) ساڵ زیندانیکردن
• ئاوات کەرکوکی؛ (9) ساڵ زیندانیکردن
• ماکوان کەریم؛ (9) ساڵ زیندانیکردن
• کامیل جەلال؛ (7) ساڵ و (6) مانگ زیندانیکردن
• زانا هەمەوەندی؛ (7) ساڵ و (6) مانگ زیندانیکردن
• حەمەد بەکر رەحمان؛ (7) ساڵ و (6) مانگ زیندانیکردن
• نەورۆز عەبدوڕەحمان؛ پێشتر سزادراوە
• عەبدوڵڵا ساڵح عەلی؛ پێشتر سزادراوە
• حەسەن ساماڵ جەلال؛ پێشتر سزادراوە
• هۆتزا ئیڵدین؛ کۆسۆڤۆییە - پێشتر سزادراوە
تۆمەتە سازکراوەکان
تۆمەتەکانیان بەم شێوەیەی خوارەوە ریزکرد:
کۆمەڵێکی تیرۆریستییان لەئەوروپا دامەزراندووە
بەنیازن کەسانی دیپلۆماتیکی ئەوروپایی بفڕێنن
خەڵکیان بۆ سوریا، بەمەبەستی ئەنجامدانی مەشقی سەربازیی، ناردووە
پەیوەندییان بەرێکخراوەکانی دەوڵەتی ئیسلامی و ئەلقاعیدەوە هەیە
دەخوازن حکومەتی عەلەمانیی کوردستان بڕوخێنن و خیلافەتی ئیسلامی لەجێی دابمەزرێنن
تێچووی دۆسییەکە:
رۆژنامەی ئۆنلاینی (ABC) بڵاویكردەوە، كە لەساڵی (2002ز)ییەوە تا ئێستا، دۆسییەی كرێكار (12) ملیۆن كرۆنی تێچووه، کە دەکاتە (1,322,395.42$) ملیۆنێك و سێسەدو بیستودوو هەزارو سێسەدو نەوەدو پێنج دۆلارو چلودوو سەنت!
فڕاندنی بۆ ئیتاڵیا
لە مێژووی (26/3/2020ز)دا وەزیری دادی نەرویج ڕایگەیاند: مامۆستا کرێکاریان ڕەوانەی ئیتاڵیا کردووەو ئێستا لەئیتاڵیایە. ڕۆژنامەکانی نەرویج نوسیبوویان: نەیانهێشتووە خواحافیزی لەخێزانەکەیشی بکات.
پارێزەرەكەی مامۆستا كرێكار وتی: "دەزگای هەوڵگریی نەرویج، لەتاریكیی شەودا مامۆستایان فڕاندووە بۆ ئیتاڵیا!"
مێلینگ؛ پارێزەرەکەی مامۆستا کرێکار، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە (26/3/2020ز)دا وتی: "ئەمڕۆ ڕۆژێکی پڕ شەرمەزارییە بۆ هەمووتان، بۆ موخابەراتی نەرویج، بۆ دادگا، بۆ دادوەری گشتی، بۆ هەموو ئەوانەی کە دەیانتوانی ناردنی پیاوێکی بێتاوان بۆ ئیتاڵیا بووەستێنن و نەیانوەستاند"
دادگای ئیتاڵیا
هەروەک بڕیاربوو رۆژی هەینی (10/7/2020) دادگای تێهەڵچوونەوه لەوڵاتی ئیتاڵیا، جارێکی تر پێداچوونەوە بەحوکمدرانی مامۆستا کرێکارو ئەو برایانەی تردا بکاتەوە، کە نزیکەی ساڵێک لەوەوپێش لە (15/7/2019)دا لەلایەن دادگای شاری بۆڵزانۆی ئیتاڵیاوە بەبێ ئامادەبوونی خۆیان بەزیندانیکردن حوکمدرابوون، ئاشکرایە مامۆستا کرێکار بە (12) ساڵ و ئەو (9) برایەی تریش هەریەکەیان لە (6-9) ساڵ حوکمدرابوون، ئەمەیش بەمەبەستی زیاتر گەورەکردن و مەترسیدارتر نیشاندانی قەزییەکەی مامۆستا کرێکار بوو..
چۆنێتیی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنیان لەئیتاڵیا: بۆ یەکەم جار لەو وڵاتەدا مامۆستا كرێكارو چەندین برای تر، لەڕێی ڤیدیۆ لینكەوە بەشداریی دادگاییەكەیان کرد، لەسەرەتادا، دادوەرەکان پێیانڕاگەیاندن: کە دەبێت هەریەکەیان تەنها (5) خولەک قسەبکەن، بەڵام مامۆستا کرێکارو ئەو برایانەی تریش ئەوەیان رەتکردەوە. پاشان بەناچاری وتیان: هەریەکەتان با وتەکانی خۆی پێشکەشبکات. هەروەها لەسەرەتادا رێگەیاننەدا بەمامۆستا كرێكار قسەبكات، چونكە مامۆستا داوایكردبوو: کە رێگەیپێبدەن بۆئەوەی (3) کاتژمێر لەسەر ئەم دۆسییەیە قسەبكات، بەڵام بەم داواکارییەی مامۆستا رازینەبوون، پاشان مامۆستا کرێکار بەهەر (7) دادوەرەكەی وت: "من دەمەوێت ئەوەتان بۆ روونبكەمەوه، كە ئێوە فریودراون، ئەو وتانەی ئێوە حوكمتان لەسەریداوه، لەوەرگێڕرانیاندا، گۆڕانکارییان تێداکراوە". كەچی لەمیانەی پێشکەشکردنی وتەکانیدا، چەندین جار دەنگی مامۆستا کرێکاریان پچڕاند، پاشان مامۆستا وتی: "ئێوە (12) ساڵ حوكمتان بەسەر مندا سەپاندووە، كەچی ئامادەنین (3) كاتژمێر گوێملێبگرن! بەڕاستی ئەم دادگاییکردنە وەكو دادگاییکردن لەوڵاتی میسر دەبینم و هیچ دادپەروەرییەكی تێدانییە". ئیتر مامۆستا پشتیكردە دادگاو هیچ قسەیەکی تری نەكرد!
هەروەها وەرگێڕێكیان بۆ كاك زانا هەمەوەندی و برایانی تر دانابوو، كە لێیان تێنەدەگەیشت و بەهیچ شێوەیەک نەیدەتوانی وەرگێڕانیان بۆ بکات، کەچی دادگاکەیش ئامادەنەبوو بۆیان بگۆڕێت بەوەرگێڕێکی باشتر! کەواتە: نه ئەوان لەزمانی وەرگێڕەکە تێدەگەیشتن و نە وەرگێڕەکەیش دەیتوانی قسەكانی ئەوان بەدادگا بگەیەنێت..
بەهەمان شێوەی مامۆستا كرێكار، رێگەیاننەدا بەو برایانەی تریش بەتەواوی وتەکانیان ئاراستەی دادگا بکەن، لەباشترین حاڵەتدا رێگەیانپێدان هەریەکەیان تەنها نزیکەی کەمتر لە (15) خولەک قسەبکەن، پاشان کاک زانا هەمەوەندی بەدادوەرەکانی وت: "ئێوە لەم کاتەدا مامۆستا کرێکارتان هێناوە بۆ ئیتاڵیا، کە نەخۆشیی کۆرۆنا بڵاوبۆتەوە، بەڕاستی ئەمەیش وەک ئەوە وایه: هەموومانتان کوشتبێت".
بەهیچ شێوەیەک وتەی دادوەرەکان بۆ مامۆستا کرێکارو برایانی تر تەرجومەنەدەکرا، ئەوان تەنها لەنێوان خۆیاندا قسەیاندەکردو هەموو کاتەکەیان، بەباسکردنی یاساکانی ئیتاڵیاو چوونەدەرەوەو هاتنەژوورەوەوە بەسەربرد!
دادوەرەکان وتیان: "لەدوای (5) خولەك لەکۆتاییهاتنی دادگاییەکه، بڕیارەكە رادەگەیەنین". دیارە دواتر ئەمەیان بەهەڵە زانی، لەبەرئەوە ماوەکەیان كرد بە (1) كاتژمێر، بۆئەوەی وا دەرنەکەوێت کە بڕیاری پێش وەختیان هەبووە، لەدوای کۆتاییهاتنی کاتی دیاریکراو، بڕیاریاندا بەهێشتنەوەی حکومدرانی مامۆستا کرێکارو هەریەکە لەبرایانی تر، وەک خۆی و بەبێ گۆڕانکاری.
لەڕاستیدا ئەوەی تێبینیدەکرا؛ شێوازی دادگاییکردنە بەتەواوی گاڵتەجاڕی بوو، تەنانەت لەخوار ئاستی دادگاییکردن لەهەرێمی کوردستانیشدا دادەنرێ!
لەکۆتاییدا ئەوەی شیاوی باسکردن بێت ئەوەیە کە مامۆستا کرێکار هەمیشە بەربەستبووە لەبەردەم ئەوانەی ویستویانەو هەوڵیانداوە بۆ شێواندن و گۆڕینی بنەما نەگۆڕەکانی ئیسلام، هەمیشە دژی ئەوانە وەستاوەتەوە، کە سوکایەتییان بەپیرۆزییەکانی ئیسلام کردووە، بەکورتی و بەکوردی: مامۆستا کرێــکار دەنگی دلێری خواویستی و شەرعێتیی هەڵوێستە. دیمەنی دەستگیركردنی مامۆستا كرێكار؛ دیمەنێكی ئاوێتەیه لەغوربەت و عیزەتی ئیسلام و موسوڵمانان. ئەمەیش وایکردووە کە ژمارەیەکی زۆری موسوڵمانان لەکوردستان و وڵاتانی تردا بەگوێرەی توانای خۆیان، بەرگری لەمامۆستا کرێکار بکەن، هەروەک ئەوەی ژمارەیەکی زۆری برایان و خوشکانی موسوڵمانمان لەمێژووی (8/7/2020)دا لەوڵاتی بەریتانیا بەشدارییانکرد لەخۆپیشاندان و رێپێوانێکدا بۆ پشتگیریکردنی بەڕێز مامۆستا کرێکار، هەروەها لێرەدا بەپێویستی دەزانین داواکاریی خۆمان لەموسوڵمانانی شوێنەکانی تری جیهان -هەروەکو پێشتر دووبارەبکەینەوە- کە بەهەمان شێوەی ئەو موسوڵمانە بەڕێزانە، پشتگیریی خۆیان بۆ ئازادکردنی مامۆستا کرێکار، لەدەستی دوژمنانی ئیسلام و موسوڵمانان، دەرببڕن.