X

گەڕان




هەواڵەکانی مامۆستا

پانۆڕامای كێشه‌كانی مامۆستا كرێكار له‌دادگادا

7/14/2016 1:09:42 PM   |   2766 :بینراو

پانۆڕامای كێشه‌كانی مامۆستا كرێكار له‌دادگادا

  ده‌مێك بوو نه‌رویج خۆی خزاندبووه‌ گۆشه‌ی سه‌ختی كێشه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ له‌ ناوه‌نده‌ی سیاسی و میدیایه‌كاندا به‌ ناوی كێشه‌ی مه‌لا كرێكار ناسرا.. مامۆستا كرێكار له‌ 1991دا له‌ ڕێی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ گه‌یشته‌ نه‌رویج و مافی په‌نابه‌رێتی درایه‌، ساڵی 1995 له‌ شاری ئۆسلۆ مزگه‌وتی ئیمانی كرده‌وه‌ كه‌ تا 1997 خۆی ئیمام و خه‌تیبی بوو، له‌ ماوه‌ی شازده‌ ساڵی رابوردوودا هیچ هه‌ڵوێستێكی لێ نه‌بینراوه‌ كه‌ دژایه‌تی نه‌رویجی لێ بفامرێته‌وه‌، كه‌چی له‌ دوای 1998ه‌وه‌ وه‌كو مامۆستا له‌ كتێبه‌ نه‌رویجیه‌كه‌یدا نووسیوێتی موخابه‌راتی نه‌رویجی له‌سه‌ر داوای موخابه‌راتی ئه‌مریكاو به‌ هاوكاری یه‌كێتی كه‌وتنه‌ سۆراخی مامۆستاو چه‌ند جارێك بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ بانگ ده‌كرایه‌ موخابه‌راتی نه‌رویجی، له‌ دوای شه‌ڕی یه‌كێتی و جوندولئیسلام له‌ خێڵی حه‌مه‌ له‌ 23/9/2001 یه‌كێتی مه‌له‌فێكی بێ به‌ڵگه‌ی بۆ ئه‌مریكایی و نه‌رویجییه‌كان ساز كرد تا مامۆستای پێ بدرێته‌ دادگا، هه‌رچه‌نده‌ سه‌رزاره‌كی له‌ دوای 10/12/2001 ه‌وه‌ كه‌ جوندو باڵی مامۆستا كرێكار (ئیسڵاح) بوون به‌ یه‌ك و ئه‌نساریان ڕاگه‌یاندو ماوه‌ی پێنج مانگ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كه‌وتنه‌ دانوستان و گفتوگۆ، چونكه‌ یه‌كێتی هه‌ر ده‌یوویست كات به‌ زایه‌ بدات و پشوویه‌كی تری سه‌ربازیانه‌ بدات و له‌ملاوه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌مریكاییه‌كاندا له‌ڕێی به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ گه‌یشتبووه‌ ڕێككه‌وتنی لێدانی ئه‌نسار، به‌ڵام ئه‌مریكاییه‌كان له‌ سه‌رده‌می سه‌ركاریی جۆرج تێنیتی سه‌رۆكی موخابه‌راتی ئه‌مریكایی قه‌ناعه‌تیان به‌ لێدانی ئه‌نسار نه‌بوو، بۆیه‌ لێدانه‌كه‌یان دواخست..

   كه‌ مامۆستا كرێكار له‌ هاوینی 2002 دا گه‌ڕایه‌وه‌ نه‌رویج یه‌كێتی و موخابه‌راتی نه‌رویجی زۆریان هه‌وڵدا بزانن له‌ كوێیه‌، به‌ڵام ئه‌و خۆی و خێزانی له‌ نه‌رویج و سویدو هۆڵه‌ندو ئه‌ڵمانیادا بۆ جێ پێ وون كردن به‌ گه‌شتێكی خانه‌واده‌یی ده‌هاتن و ده‌چوون، تا كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی، كه‌ له‌ هۆڵه‌نداوه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ ئێران، به‌ڵام دوای چه‌ند ڕۆژێك موخابه‌راتی ئێرانی فڕاندیان و چه‌ند جێگایه‌كیان پێ كرد تا له‌ 13/9/2002 دا دایانه‌وه‌ به‌ هۆڵه‌نداو ئیتر له‌وێ به‌ تۆمه‌تی فرۆشتنی هیرۆیین له‌ ئه‌رده‌ن! چوار مانگ گیرا، دواتر به‌ ڕێكه‌وتنێكی نێوان هۆڵه‌نداو نه‌رویج و ئه‌مریكا درایه‌وه‌ به‌ نه‌رویج كه‌وا بڕیار بوو له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی ببرێته‌ زیندانێك.!! به‌ڵام كه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی سه‌ربازیی گارده‌مووه‌نی ئۆسلۆ دابه‌زێنرا، هه‌موو میدیاكان زانیبوویان و ئه‌و ناوه‌یان ته‌نیبوو..

له‌ هه‌مان كاتیشدا دادوه‌ری گشتی نه‌رویجی به‌ ڕووی موخابه‌راتدا وه‌ستابۆوه‌ كه‌ گرتنه‌كه‌ی یاسایی نیه‌و نابێت بگیرێت.. ئه‌مه‌ بۆ خۆی حكومه‌تی نه‌رویجی خسته‌ به‌رده‌م قه‌یرانێكی یاسایی، كه‌ نه‌یانتوانی به‌ هیچ تۆمه‌تێك بیگرن، به‌ڵام له‌ شوباتی 2003 دا خاتوو ئارنا سۆڵبێرگی وه‌زیره‌ی شاره‌وانییه‌كان كه‌ مه‌له‌فی په‌ناهێنده‌ی لابوو بڕیاری ناردنه‌وه‌ی مامۆستا كرێكاری ده‌ركرد بۆ بیاره‌.! مامۆستاش شكاتی له‌ حكومه‌تی نه‌رویجی كردو له‌و ڕۆژه‌وه‌ ئه‌م كێشه‌یان به‌ دادگاكاندا هات و چوو.!!

   ئیتر له‌ كوردستانه‌وه‌ تۆمه‌ت له‌سه‌ر تۆمه‌ت ته‌رتیب ده‌كراو ده‌هاته‌ به‌رده‌م دادگاكانی نه‌رویج و فش ده‌بوونه‌وه‌، تا له‌ 15/6/2004 دا به‌رائه‌تی مامۆستاو ئه‌نسار له‌ هه‌موو تۆمه‌تێكی تیرۆریستی له‌ باڵاترین دادگای نه‌رویجیه‌وه‌ ده‌رچوو، به‌ڵام حكومه‌تی نه‌رویجی كه‌ له‌ حزبه‌ ڕاستڕه‌وه‌كان درووست بووبوو كه‌ زۆر شوێنكه‌وته‌ی ئه‌مریكا بوون، به‌ هاوكاری موخابه‌راتی ئه‌مریكایی و یه‌كێتی كه‌وتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك تۆمه‌تی تر، له‌وانه‌ گوایه‌ مامۆستا كرێكار پێشمه‌رگه‌ی ناردووه‌ خۆیان له‌ شارۆچكه‌ی سه‌ید سادقدا به‌ خه‌ڵكی مه‌ده‌نیدا بته‌قێننه‌وه‌، هه‌روه‌ها مێرد منداڵێكی ته‌مه‌ن پازده‌ ساڵی ناردووه‌ نارنجۆكی ده‌ستی بخاته‌ كۆڕی یادی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ له‌ 16/3/2002.!! ئیتر به‌م دوو تۆمه‌ته‌ مامۆستا بۆ دووه‌مین جار له‌ نه‌رویج گیرایه‌وه‌و له‌ 2005 دا درایه‌وه‌ به‌ دادگاو له‌وێشدا بێ تاوان ده‌رچوو.!

به‌لاَم له‌ساڵی 2006 هه‌ریه‌كه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و ئه‌مه‌ریكا ناوی مامۆستا كرێكاریان خسته‌ لیستی تیرۆره‌وه‌و ئه‌رده‌نیش به‌ تۆمه‌تی فرۆشتنی هیرۆین له‌ وولاَته‌كه‌یدا مامۆستا كرێكاری به‌ 15 ساڵ زیندانی حوكمدا.

 له‌دادگای نه‌رویجدا هیچ تۆمه‌تێك له‌سه‌ر مامۆستا كرێكار نه‌كرایه‌ تاوان و هیچی له‌سه‌ر ئیسپات نه‌بوو، به‌ڵام حكومه‌تی نه‌رویجی بۆ نه‌شكاندنی قسه‌ی وه‌زیره‌كه‌ی خۆی سوور بوو له‌سه‌ر ناردنه‌وه‌ی مامۆستاو له‌ ساڵی 2007 دا به‌تۆمه‌تی درووستكردنی مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌رویج مافی نیشته‌جێبوونی لێ سه‌نده‌وه‌, هه‌مووشی خه‌ته‌رتر ئه‌وه‌ بوو كه‌ ده‌ینێرێته‌وه‌ بۆ عێراق نه‌ك ته‌گبیرێكی تری بۆ بكات، تا له‌ دادگای باڵای نه‌رویجدا بڕیاری ناردنه‌وه‌ی مامۆستا كرێكار بۆ عێراق چه‌سپێنرا.!!  به‌ڵام عوزری بڕیاره‌كه‌ له‌ قه‌باحه‌ته‌كه‌ی خراپتر بوو چونكه‌ ده‌ڵێ: (كرێكار له‌ داهاتوودا دژواریی له‌سه‌ر ئه‌منیه‌تی نه‌رویج درووست ده‌كات.).!!

له‌ساڵی 2010 كوردێك ده‌چێته‌ سه‌ر ماڵی مامۆستا كرێكارو هه‌وڵی كوشتنی ده‌دات, به‌لاَم له‌و هه‌وڵه‌دا زاوایه‌كی مامۆستا كرێكار بریندار ده‌بێت و هێرشبه‌ره‌كه‌ ئامانجه‌كه‌ی ناپێكێت, له‌دوای ده‌ستگیركردنی هێرشبه‌ره‌كه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی پۆلیسی نه‌رویجی, ده‌ركه‌وت ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی حیزبێكی كوردی له‌پشت هه‌وڵی كوشتنه‌كه‌وه‌یه‌و پلانداڕێژه‌ری هه‌وڵه‌ شكستخواردووه‌كه‌ بووه‌, تا ئێستاش ته‌نها ئه‌و به‌رپرسه‌ له‌ناو حیزبه‌كه‌یدا دژی گه‌ڕانه‌وه‌ی مامۆستا كرێكاره‌ بۆ كوردستان و ئه‌ندامانی تری مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و حیزبه‌ له‌گه‌ڵ كۆتایی هێنانی كێشه‌ی نێوان مامۆستا كرێكارو حیزبه‌كه‌یانن.!!

كۆتا دادگایی مامۆستا كرێكارو حوكمدانی

له‌ 26/3/2012 جارێكی تر مامۆستا كرێكار له‌سه‌ر فه‌توایه‌ك برایه‌وه‌ به‌رده‌م دادگاو به‌ پێنج ساڵ حوكمدرا, هۆكاری حوكمه‌كه‌ په‌یوه‌ست بوو به‌ فه‌توایه‌كی مامۆستا كرێكار له‌سه‌ر حوكمی سوتاندنی قورئان كه‌ دوو كوردی دانیشتوی نه‌رویج پێی هه‌ستابوون.

به‌لاَم دادگای بالاَ حوكمه‌كه‌ی له‌پێنج ساڵه‌وه‌ كرده‌ 2 ساڵ و10 مانگ.

له‌ 20/12/2013 دا پۆلیسی ئه‌ڵمانیا داوا له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ نه‌رویج وسویسرا ده‌كات لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌یه‌كی نوێ بكه‌ن به‌ناوی ڕه‌وتی شاخ, له‌ به‌ره‌به‌یانی 20/3/2014 له‌شاره‌كانی شتوتگارت و كۆڵن وناوچه‌ی بایرن 53 پۆلیسی ئه‌ڵمانی ده‌چنه‌ سه‌ر 7 ماڵ و 7 كه‌س به‌تۆمه‌تی ئه‌ندامێتی ڕێكخراوێكی تیرۆریستی ده‌ستگیر ده‌كه‌ن و هه‌مان ڕۆژ پاش لێكۆڵینه‌وه‌ ئازاد ده‌كرێنه‌وه‌و كه‌سیان زیندانی ناكرێن, له‌هه‌مان ڕۆژیشدا له‌ زیندانی كۆنسینڤینگه‌ر له‌ نه‌رویج له‌سه‌ر هه‌مان تۆمه‌ت لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ مامۆستا كرێكار ده‌كرێت, به‌لاَم پاش ساڵ و نیوێك له‌و به‌رواره‌ نه‌ ئه‌ڵمانیا مامۆستا كرێكاری تۆمه‌تبار كردووه‌ به‌هیچ تاوانێك و نه‌ مه‌له‌فه‌كه‌شی ڕه‌وانه‌ی دادگا كراوه‌, ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی نه‌بوونی به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه‌و فه‌شه‌ل هێنانی ئه‌و دۆسیه‌یه‌.

له‌25/1/2015 مامۆستا كرێكار ئازاد ده‌كرێت, ئازادكردنه‌كه‌شی جارێكی تر ناوه‌نده‌ سیاسی و میدیاییه‌كانی كوردستان و نه‌رویج سه‌رقاڵ ده‌كاته‌وه‌, ئایا مامۆستا كرێكار پاش ئازادبونی به‌رنامه‌ی چیه‌.؟ مانه‌وه‌ له‌ نه‌رویج و درێژه‌دان به‌ژیانی نیشته‌جێبونی زۆره‌ ملێیی یان ئازادبوونی ته‌واوه‌تی و گێڕانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م مافه‌كانی.؟ ئایا مامۆستا كرێكار به‌رنامه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ كوردستانی هه‌یه‌و درێژه‌ به‌كاری سیاسی ده‌دات.؟ یان ماڵئاوایی له‌سیاسه‌ت ده‌كات و خۆی بۆ بواری فیكر یه‌كلایی ده‌كاته‌وه‌.؟ ئایا له‌كوێدا خاڵی كۆتایی له‌و دۆسیه‌دا داده‌نرێت كه‌ به‌ كێشه‌ی مه‌لا كرێكار ناسراوه‌.؟ ئایا مامۆستا كرێكارو نه‌یاره‌كانی درێژه‌ به‌ململانێی نێوانیان ده‌ده‌ن, یان په‌ڕه‌یه‌كی نوێ هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌و كێشه‌كانیان وه‌لا ده‌نێن.؟ ئه‌م پرسیارانه‌و ده‌یان پرسیاری تر بیری زۆربه‌ی چاودێرانی سه‌رقاڵ كردوه‌و به‌دوای وه‌لاَمه‌كه‌یدا ده‌گه‌ڕێن.؟ به‌لاَم وه‌لاَمدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه‌ به‌كراوه‌یی به‌جێ ده‌مێنن تا ئه‌و كاته‌ی مامۆستا كرێكار به‌رنامه‌ی نوێی خۆی ئاشكرا ده‌كات و دۆست و نه‌یارانی مامۆستا كرێكاریش دوا قسه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن.!!!

ئاماده‌كردنی: كاروان خانه‌قینی



هەواڵەکانی مامۆستا