X

گەڕان




هەواڵەکانی مامۆستا

بارودۆخی مامۆستا كرێكار له‌ زینداندا

12/30/2024 9:26:59 PM   |   492 :بینراو

ڕیپۆرتاژی پێگه‌ی دووربین
له‌مێژووی (21ی12ی2024ز)ـدا، م. خالد ڕه‌نجده‌ر تۆمارێكی ده‌نگیی مامۆستا كرێكاری له‌سه‌ر هه‌ژماری خۆی له‌ فه‌یسبووكدا بڵاوكرده‌وه‌، (كه‌ له‌تۆماره‌كه‌دا ده‌ركه‌وێت قسه‌كانی مامۆستا له‌كاتی په‌یوه‌ندیكردن به‌خێزانه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌رهێنراون)، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی وته‌كانی مامۆستا كرێكار بوون:
ئیتر ئەو زیندانییەکانی تریش هەمووی بە دواما..
ئیتر هەمو ئەوەی دەستیان گەیشتێ سوتاندیان..
پۆلیسەکان ڕایان کردوو..
ئیتر دوای زۆرترسان بێنەوە و هەتا وەکوو چل پەنجا (٤٠-٥٠) کەسیان هاتنەوە..
سەر لەوێ بە حەیزەران خوددە و خۆیان ئامادە کردبوو بەڵام ئیتر هیچیان نەکرد. (تەبعەن کەسیان لێدانی نەخوارد)
 سەیریان کرد حەڵاتەکە گەیشتۆتە ئاخیر دەرەجەی تەقیەنەوە
 ئینجا ئەو خەڵکەی کە زمانیش ئەزانن پییان وتن: ئێمە ئیش لەسەر ئەوە ناکەین تەواو.
ئیتر ئەمڕۆ دوێنی هەر دوێنێ مدیرەکە هات بۆ ژورەکەی من لەگەڵ کۆمەڵی مەسئولینی تریش.
پێم وت: (پێنه‌دانی) ئەو جەریدانە مەعقول نیە، هەناسەیەکمان کە هەیە و ئەو جەریدەیە یه‌. ئێمە نازانین له‌ دونیا چی ڕووئەدات.
 ئێوە بۆیە نایهێنن لەبەر ئەوەی سەرکەوتنی سوریا تیایە لەم پازدە (١٥) ڕۆژەدا
 لەبەر ئەوە بۆچی ئەگەر نایهێنن ئێمە ئەوە ئیشمان دەبی هەتا ئەیهێنن
 واللە هەرچی محاوەلەیان، قسەیان کرد لەگەڵمدا وتم: نا من یەك کەلیمە قسە ئەکەم "جەریدەکە!"
 ئیتر هەر چی محاوەلەیان کرد وتم جوابی یەك کەس نادەمەوە وەلەوە ئەگەر نامەی پاپای پێبێت.
 ئیتر تەواو زانیان ئاخیر دەرەجەیە..
 ئیتر جوابی هیچ کەس نادەمەوە ڕۆشتن بۆ لای یەکێکی تر.
(ئەوەی کە وتم لەسەر عەرەبانە ئەڕوا ئەویش ماشااللە زۆر کوڕێکی ڕێك و پێکە) ئیتر قسەیان لەگەڵ ئەوانەش هەموو کردوو تەواو ئەوانیش وتیان ئێ باشە مەعنای چیە جەردەیەك حەوت (٧) یۆرۆی پێ ئەدەین هەموو ڕۆژێك بۆچی نایهێنن بۆمان؟!
وللە ئیتر سبحان اللە لەو جەریدانەدا (سه‌یید <كوڕه‌كه‌ی مامۆستا>) یەکێک لەوانەی لەگەڵمانایە سورییە 
ڕەسمی کوڕەکەی و ماڵ و مناڵێ خۆی تێدا دۆزیەوە ئیتر بۆم بڕیوو دامێ وه‌لحاسڵ بێمەوە سەر قسەکەی خۆم.
موهیممه‌ کە ئاگریان لە ژورە هینەکان بەردا و مەمەڕەکە و شت زۆر سوتا و ئیتر ئینزار لێیدا ول حاسل ئیتر ئەوانیش هاتن
 ئەمە زۆر زۆر زەروریە ئەم خەبارانە بگەینین بە (NRT و بە جزیرة) و دووربینی خۆمانی خۆمان بڵاویبکاتەوە و ئەو برایانەی تریش..
 کە شتێکی ئاوا ڕوویداوە و زەروریە (مێڵینگ <پارێزه‌ره‌كه‌ی مامۆستا>) یش بزانێت
 چونکە من بڕیارم دابوو ئەگەر بێتوو هەروا بڕوا نەقڵم بکەن لێرە بمبه‌ن بۆ ژورێکی تر
 ئیزراب (آضراب: مانگرتن) لە خواردن بکەم و لە حەبەکانیش هیچی ناخۆم.
وه‌لحاسڵ کێشەکە زۆر گەورە بوو بوو ئیتر ئەمڕۆ كه‌ مودیرەکە بانگی کردموو زۆر حاڵەتی خۆم بۆ باس کردوو
وتم: لێرە لەم سجنەی تۆدا خەڵکانێك هەیە موحارەبەی نەفسی من دەکەن!
لەسەر کتێب لەسەر جل و بەرگ لەسەر مسوەددە لەسەر قەڵەم لەسەر هەموو شتێك
 لەبەر ئەوە یەعنی نابێ ئەم شتە بەردەوام بێت
 پێشم وت وتم: من کێـم مەلەفی من چۆنە ئەم جۆرە شتانە.. مورتاح بوو لە قسەکان یەعنی پێشی سەیر بوو قسەکان زۆر جالب بوو وەکوو ئەڵێی زۆر جەزبی نەزەری کردبوو...
به‌شێكی تری قسه‌كانی مامۆستا له‌باره‌ی كه‌ش و هه‌وای زیندانه‌كه‌ی له‌ زستاندا:
ژووره‌كان ساردن، په‌نجه‌ره‌كان هه‌وا ئه‌ده‌ن، خه‌ڵكه‌كه‌ (زیندانیان) هه‌وڵیان داوه‌ به‌ جل و به‌رگ و مه‌عجونی دان قه‌پاتی كه‌ن، ئینجا شۆفاشه‌كه‌ ته‌نها 4 سه‌عات ئیش ئه‌كات، به‌یانیان 5:00 تاكو 7:00 ته‌قریبه‌ن، له‌یازده‌ی شه‌و به‌ولاوه‌ زۆر سارده‌ تاكو به‌یانی. 
كۆتایی قسه‌كانی مامۆستا
له‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م تۆماره‌ پێگه‌ی دووربین په‌یوه‌ندی به ‌مامۆستا خالد ڕه‌نجده‌ری برای مامۆستا كرێكاركردو دیدارێكی به‌شێوه‌ی نووسین له‌گه‌ڵ به‌ڕێزیان سازكرد، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ناوه‌ڕۆكی پرسیاره‌كانمانه‌ له‌باره‌ی شێخی زیندان و وه‌ڵامی به‌ڕێزیانه‌.
دووربین: مامۆستا كرێكار ئێستا له‌كام شاری ئیتاڵیاو له‌كامه‌ زیندانه‌؟ ماوه‌ی حوكمه‌كه‌ی چۆن بۆ هه‌ژمارده‌كرێت؟ و چه‌نده‌ی ماوه‌؟ 
خالد ڕەنجدەر: مامۆستا کرێکار لە زیندانی شاری "کاسا سیرکۆندەریالە" لە هەرێمی (ساردینیا) لە ئیتالیا. جارێک لێمپرسی چۆن ماوەی حوکمەکەی بۆ هەژمار دەکرێت، وتی: نازانم، بەڵام کاتێک زیندانی دوو لەسەر سێی حوکمەکەی تەواو دەکات ئەو کات پێی دەڵێن حوکمەکەی چۆن بۆ هەژمار دەکرێت و چەندی ماوە. به‌ڵام شەو و ڕۆژی بۆ هەژمار دەکرێت، هه‌رچه‌نده‌ کاتی ئازاد کردنی دیاری نەکراوە.
دووربین: كۆتا پێداچوونه‌وه‌و پێشهات له‌ دۆسییه‌ی مامۆستا كرێكار به‌كوێ گه‌یشتووه‌، ئایا نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هه‌ڵوێستی جیدیان هه‌بووه‌، ئایا دادگای ئه‌وروپا دۆسییه‌كه‌ی وه‌رگرت؟
خالد ڕەنجدەر: ساڵ و نیوێک پێش ئێستا دادگای تێهەڵچوونەوەی ئیتالیا تەنها ئەوەندە سەیری دۆسییەکەی مامۆستا کرێکاری کردبووەوە کە ئایا دادگای (بۆڵزانۆ) مافی ئەوەی هەیە دۆسییەی مامۆستا کرێکار تاوتوێ بکات یان نا؟ دادگا بە "بەڵێ" وەڵامی دابووەوە. ئەوەبوو لە ماوەی (٨٠) چرکەدا بە "بەڵێ" بڕیاری لەسەردابوو. (٢) خولەکیش درابوو بە مامۆستا کرێکار کە قسەکانی خۆی بکات، ئەگەر قسەیەکی هەبێت. ئەویش ڕەتی کردبووە کە وەڵام بداتەوە.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تائێستا هیچ هەڵوێستێکی نەبووە. دادگای ئەوروپاش دۆسییەکەی وەرگرتووە و هیچ وەڵامێکی نەبووە.
دووربین: په‌یوه‌ندی مامۆستا كرێكار به‌ بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌وه‌ چۆنه‌ و چه‌نده‌ی كات پێده‌درێت؟ ئایا ته‌نها ده‌نگییه‌ یان ڤیدیۆییه‌؟
خالد ڕەنجدەر: لە هەفەیەکدا یەکجار بە واتس ئاپ و بۆ ماوەی یەک سەعات قسە لە گەڵ هاوسەر و منداڵەکانی دەکات. هەروەها لە هەفتەیەکدا یەکجاریش بە تەلەفۆنی ئاسایی قسەیان لە گەڵ دەکات. لە واتس ئاپەوە بە دەنگ و ڕەنگە و لە تەلەفۆنەوە تەنها دەنگە.
دووربین: له‌دوای ڕاده‌ستكردنی مامۆستا كرێكار به ‌ئیتالیا، جه‌نابتان توانیوتانه‌ سه‌ردانیی بكه‌ن؟ ئه‌گه‌ر توانیوتانه‌ چۆن بووه‌ و سه‌ردانكردنی بۆ كێ گونجاوه‌؟
خالد ڕەنجدەر: بەداخەوە من لەبەر باری تەندروستیم نەمتوانیووە سەردانی بکەم و لە نزیکەوە بیبینم. بەڵام هاوسەر و منداڵەکانی چەندجارێک سەردانیان کردووە. ماوەی سەردانەکەشیان تەنها (١) سەعات بووە. جاری واهەبووە زۆریان ڕاگرتوون و ماندوویان کردوون. هەرشتێکیشیان بۆ بردبێت لێیان وەرگرتوون و دوای ماوەی مانگێک ئینجا داویانە بە مامۆستا کرێکار.
دووربین: ته‌ندروستی جه‌نابی مامۆستا كرێكار له‌ زینداندا چۆنه‌؟
خالد ڕەنجدەر: سوپاس بۆ خوا تەندروستی باشە. ماوەیەک دان ئێشەی هەبوو و چارەسەریان بۆ کردووە، بەڵام پێویستی بە ئەزمایشی گشتی هەبوووە. داواکەیان زۆر دواخستووە و ناچار بووە سکاڵای بەرزکردووەتەوە. ئێستا به‌ڵێنیان پێداوە ئەزمایشی بۆ بکەن.
دووربین: وه‌كو ئه‌وه‌ی شاره‌زابن مامۆستا كرێكار له‌ زینداندا كاته‌كانی چۆن ڕێكده‌خات؟
خالد ڕەنجدەر: مامۆستا کرێکار ڕۆژانە وەرزش دەکات و لە ژوورەکەشی خەریکی نووسینە، بەڵام تاکو دەفتەرێک یان قەڵەمێکی دەدەنێ زۆری ماندوو دەکەن و کاتێکی زۆر دەخایەنێت تاکو بۆی دابین دەکەن و دەیدەنێ.
دووربین: مامۆستا كرێكار چه‌نده‌ ئاگاداری بارودۆخی ده‌ره‌وه‌ی زیندانه‌؟
خالد ڕەنجدەر: مامۆستا کرێکار لە ڕۆژنامەی (القدس العربي) بەشدارەو هەندێکجار ڕۆژنامەکە دوا دەخەن و دوای چەند ڕۆژێک دەیدەنێ، بەتایبەتی ئەگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزییەکان گەورە ببن. هەروەها ڕادیۆی لایەو هەندێک لە زیندانییەکانی دیکە کە زمانی ئیتالی دەزانن هەواڵەکانی بۆ دەکەن بە عەرەبی.
دووربین: به‌ڕێزتان تۆمارێكی ده‌نگی مامۆستا كرێكارتان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ باسی كێشه‌یه‌كی له‌ زیندانه‌كه‌دا كردبوو، ده‌كرێت ڕونكردنه‌وه‌ی ته‌واوو زیاتری له‌سه‌ر بده‌یت، ئایا ئه‌و كێشانه‌ به‌هۆی چییه‌وه‌ بوون؟
خالد ڕەنجدەر: ئیدارەی زیندانەکە هەمیشە داواکارییەکانی مامۆستا کرێکاری دواخستووە و شەڕی دەروونییان لە گەڵ کردووە. ئەو پشێووییەی لەم دواییانەدا دروستبوو لەسەر ئەوەبوو کە هەفەتەیەک ڕۆژنامەکەیان نەداوەتێ لەبەرئەوەی ئاگای لە گۆڕانکارییەکانی سوریا نەبێت. دوای دانیشتنی بەڕێوەبەری زیندانەکە لە گەڵیدا، ئاگامان لێی نییە ئایا ڕۆژنامەکەیان داوەتێ یان نا؟ ئایا ئەو پشێووییە ناکەنە بیانوو بۆ ئەوەی سزای مامۆستا بدەن یان نا؟ دەبێ چاوەڕێ بکەین تاکو خۆی پەیوەندیمان پێوە دەکاتەوە.
دووربین: هه‌مان هه‌واڵی ئه‌و كێشانه‌ی له‌ زیندانه‌كه‌ی مامۆستا كرێكار روویانداوه‌ ئایا هیچ میدیایه‌ك (به‌ ئه‌وروپیی و عه‌ره‌بیی و كوردیی) ئاماژه‌ی پێداوه‌؟
خالد ڕەنجدەر: وەک ئاگادارم هیچ میدیایەکی نەرویجی و عەرەبی و بگرە کوردییش باسیان نەکردووە و ەک کورتە هەواڵێش ئاماژەیان پێنەکردووە.
دووربین: چاودێرانی سیاسی و ته‌نانه‌ت هه‌موو كه‌سێكی ئاسایی ئه‌وه‌ ده‌زانێت كه‌ دۆسییه‌ی مامۆستا كرێكار دۆسییه‌یه‌كی سیاسییه‌؟ به‌ بۆچوونی به‌ڕێزتان چ ڕێگه‌یه‌ك گونجاوه‌ بۆ كاركردن له‌سه‌ر ئه‌و دۆسییه‌یه‌ و كێ بیكات؟
خالد ڕەنجدەر: زۆر ڕاستە و چەندیجار برینیار مێڵینگی پارێزەرە نەویجییەکەی گوتوویەتی کە دۆسییەی مامۆستا کرێکار سیاسییە و هیچ پەیوەندی بە تیرۆر و تاوانکارییەوە نییە. تاکو ئێستاش ڕێگای چارەسەری هەر دادگایە و دادگاش بێدەنگە. پاڕێزەرە ئیتالییەکانی مامۆستا کرێکار زۆر چالاک نین و دەبێ بەپارە بیانجووڵێنین.
دووربین: ئێوه‌ وه‌كو بنه‌ماڵه‌ی مامۆستا كرێكار پێویستتان به‌هاوكاریی ماددی موسوڵمانان هه‌یه‌ بۆ جوڵاندنی زیاتری پارێزه‌رو دۆسییه‌ی مامۆستا؟
خالد ڕەنجدەر: لە ئێستادا ناتوانرێت هیچ هاوکارییەکی ماددی وەربگیرێت تەنانەت بۆ پارێزەریش چونکە تۆمەتەکە تیرۆرە.
دووربین: له‌پێشتردا مامۆستا كرێكار داوای كردبوو كه‌ ئه‌ندامێكی په‌رله‌مان سه‌ردانیی بكات، مه‌به‌سه‌ت له‌و سه‌ردانییه‌ چی بوو، ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی به‌كوێ گه‌یشت؟
خالد ڕەنجدەر: مامۆستا کرێکار خۆی داوای نەکردبوو کە پەرلەمانتارێک سەردانی بکات، بەڵام پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ وتبووی کە سەردانی دەکات. ئاکو ئێستا سەردانەکە نەکراوە. نازانین ئەو پەرلەمانتارە یان یەکێکی دیکە سەردانی دەکەن یان نا؟ هیچ زانیارییمان لەو بارەیەوە نییە. هیوادارین وەک بانگەشەی هەڵبژاردن بەکارنەهێندرێت.
دووربین: له‌سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردن و پێشتریشدا چه‌ند حیزبێكی كوردستانی هه‌ڵوێستی ئه‌رێنیان له‌سه‌ر دۆسییه‌ی مامۆستا كرێكار ده‌رخستووه‌، ئایا له‌پاڵ ئه‌وه‌دا هه‌نگاوی ڕاسته‌قینه‌ نراوه‌ بۆ دۆسییه‌ی مامۆستا؟
خالد ڕەنجدەر: ئێمە سوپاسی ئەو هەڵوێستەمان کردو مامۆستا کرێکاریش ئاگای لێی بوو، بەڵام هیچ حیزبێک لەو بارەیەوە هەنگاوی نەناو ئەوەتا ئێستا دەتوانم بڵێم لەبیر خۆیان بردووەتەوە.
دووربین: به‌بڕوای به‌ڕێزتان دوای ته‌واوكردنی حوكمه‌كه‌ی، مامۆستا كرێكار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ نه‌رویج؟ یان له‌ ئیتاڵیا په‌رنابه‌ریی پێده‌درێت؟
خالد ڕەنجدەر: نەخێر ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ نەرویج، چونکە لە ساڵی (٢٠٠٣)دا بە فەرمی و بە بڕیاری دادگای باڵای نەرویج لە نەرویج دەکراوە. ئێمە نازانین ئایا ئیتالیا مافی پەنابەرێتی یان مافی مانەوەی دەداتێ یان نا؟ بەڵام ئەگەر ئیتالیا بیەوێت لەو وڵاتە دەری بکات، ئەوە هەمان کیشەی نەرویجییان بۆ دروست دەبێت بۆیه‌ مەگەر وەک نەرویج بەزۆر دەری بکەن.
ــــــــــــــــــــ
ناسنامەی خالد ڕەنجدەر:
لە ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی وڵاغلوی ناوچەی شارباژێڕی سەر بەپارێزگای سلێمانی لەدایک بووە. لە قەرەداخ و سلێمانی و بەغداد خوێندوویەتی. دەرچووی پەیمانگەی باڵای کشتوکاڵی بەغدایە و لەبەر بەشداربوونی لە شۆڕشی ساڵی ١٩٧٤دا یەک ساڵ لە خوێندن دابڕاوە. لە ساڵی ١٩٧٥دا خوێندنی تەواو کردووە و دوای نزیکەی (٧) مانگ لە بێکاری لە سلێمانی لە فەرمانگەی کشتوکاڵ دامەزراوە و بەهۆی بانگکردنییەوە بۆ سەربازی لە کاتی شەڕی نێوان عێراق و ئێراندا و دوای نزیکەی (٩) ساڵ لە فەرمانبەرێتی، سلێمانی بەجێهێشتووە و چووەتە پاکستان و دوای چوار ساڵ ماوەنەوە لە پاکستان، لە ساڵی ١٩٩٢ لە نەرویج وەک پەنابەری سیاسی وەگیراوە.
دوو کوڕ و کچێکی هەیە و کوڕەکان ژنیان هێناوە و کچەکەشی شووی کردووە، هەرسێکیان منداڵیان هەیە. خۆی و هاوسەرەکەی وەک باپیرە و نەک دڵیان پێمان خۆشە. نزاش بۆ کوڕی و کچی موسوڵمان دەکەن کە هاوسەرگیری بکەن و وەچە بخەنەوە.
ئێستا چالاكییه‌كانی تەنها لە ڕێگەی فەیسبووکەوەیە. 


هەواڵەکانی مامۆستا