نه‌فس و به‌شه‌كانی
سه‌ره‌تایه‌ك:
مرۆڤ دروستكراوێكی سه‌رسوڕهێنه‌ره‌و سروشتێكی ئاڵۆز‌و توانایه‌كی جۆراوجۆری هه‌یه، زۆر به ئاسانی ده‌توانێت چاكه‌و خراپه له یه‌كدی جیا بكاته‌وه، ئه‌و كاته‌ش ده‌توانێت به‌ره‌و چاكه یان خراپه بڕوات.. ئه‌م توانا و وزه‌یه‌ش له ده‌روونی مرۆڤدا هه‌یه و هه‌مووكات ئاماده‌یه.
مه‌به‌ست له په‌یامی پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ )بزواندنی ئه‌و توانا‌و هه‌ستانه‌یه نه‌ك دروست كردنیان، چونكه له‌بنه‌ڕه‌تدا هه‌ن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا له ده‌روونی مرۆڤدا هێزێك هه‌یه، ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌و هێزه به پاك رابگرێت ئه‌وا سه‌ربه‌رز ده‌بێت، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزه پۆخڵ بكرێت ئه‌وا خاوه‌نه‌كه‌ی زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت،ئه‌و هێزه‌ش نه‌فسه.
زانای به ناوبانگ ئیبنولقه‌یم ده‌فه‌رموێ: نه‌فس له ژیانی ئیمانداردا ده‌ورێكی سامناكی هه‌یه، ئیماندار ده‌زانێت كه هه‌موو نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كان به هۆی نه‌فسی به‌دكاره‌وه په‌یدا ده‌بن، چونكه كاتێ ژه‌نگ دێنێت كار ده‌كاته سه‌ر هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی، له پێش هه‌مووشیانه‌وه دڵ.
نه‌فس حه‌ز به لادان و سه‌ركه‌شی و دنیاپه‌رستی ده‌كات، خوای گه‌وره‌ش بانگه‌واز ده‌كات بۆ به‌هه‌شت و لێخۆشبوو‌ن و هه‌وڵدان بۆ زاڵ بوون به‌سه‌ر نه‌فسدا، دڵیش له‌و نێوانه‌دایه: (فَأَمَّا مَن طَغَى* وَآثَرَ الْحَيَاةَ الدُّنْيَا * فَإِنَّ الْجَحِيمَ هِيَ الْمَأْوَى* وَأَمَّا مَنْ خَافَ مَقَامَ رَبِّهِ وَنَهَى النَّفْسَ عَنِ الْهَوَى * فَإِنَّ الْجَنَّةَ هِيَ الْمَأْوَى) النازعات/٣٧-٤١.
واتە:ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌شی ده‌كات و مه‌به‌ستی ته‌نها ژیانی دنیایه‌و ئه‌وی زیاتر مه‌به‌سته، ئه‌وه دۆزه‌خ جێگه‌و رێگه‌یه‌تی.. بەڵام ئه‌وه‌ی كه له وه‌ستان و هه‌ڵوێست و روو به‌ڕوو بوونه‌وه‌ی په‌روه‌ردگار ده‌ترسێ و جڵه‌وی نه‌فسی له لادان و یاخی بوون ده‌گرێته‌وه، ئه‌وه به‌هه‌شت جێگه‌و مه‌نزڵگایه‌تی..
پێغه‌مبه‌ری خوایش (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ )زۆر جار وتاری به‌م ده‌قه پیرۆزه ده‌ست پێكردووه: (إنَّ الْحَمْدَ للهِ نَحْمَدُهُ وَنَسْتَعِينُهُ وَنَسْتَغْفِرُهُ وَ نَعوذُ باللهِ مِنْ شُرُورِ أنْفُسِنَا وَمِنْ سَيِّئاتِ أعْمَالِنَا).([1])
واتە:به‌ڕاستی سوپاس و ستایش هه‌ر شایسته‌ی خوای گه‌وره‌یه، ئێمه‌ش سوپاسی ده‌كه‌ین و داوای كۆمه‌كیی لێ ده‌كه‌ین و داوای لێ خۆشبوونی لێ ده‌كه‌ین، له شه‌ڕو خراپه‌ی نه‌فس و له كرده‌وه خراپه‌كانمان په‌نا ده‌گرین به خوای گه‌وره..
له شه‌وانیشدا ئه‌و دوعایه‌ی فه‌رمووه: (اللَّهُمَّ آتِ نَفْسِي تَقْوَاهَا وَزَكِّهَا أَنْتَ خَيْرُ مَنْ زَكَّاهَا أَنْتَ وَلِيُّهَا وَمَوْلَاهَا)([2]).
واته: ئه‌ی په‌روه‌ردگار، ته‌قوا به دڵ و ده‌روونم ببه‌خشه‌و خاوێنی بكه‌ره‌وه، چونكه تۆ چاكترینی كه بتوانی پاك و خاوێنی بكه‌یته‌وه، هه‌ر تۆ پشتیوان و یاریده‌ده‌ریی..
ئاشكرایه كه خوای گه‌وره‌و دانا هه‌ر دوو جۆری ئاماده‌یی له نه‌فسدا دابین كردووه: بۆیه دڵ ده‌توانێت پاك و خاوێن بێت، ده‌شتوانێت پۆخڵ و تاریك و ژه‌نگاوی بێت..
بەڵام مژده به‌وانه ده‌دات كه نه‌فسیان پاك و پوخت راده‌گرن كه سه‌رفرازو سه‌ركه‌وتوو ده‌بن، و سه‌رنجامی ده‌روونه بۆگه‌نه‌كانیش ده‌خاته روو! كه په‌شیمان ونائومێدو خه‌جاڵه‌تییه: (وَنَفْسٍ وَمَا سَوَّاهَا *فَأَلْهَمَهَا فُجُورَهَا وَتَقْوَاهَا * قَدْ أَفْلَحَ مَن زَكَّاهَا* وَقَدْ خَابَ مَن دَسَّاهَا)الشمس٧-١٠ .
واتە:سوێند به نه‌فس و ئه‌وه‌ی بۆی رێكی خستووه، خوا رێی خراپه‌كاریی و ته‌قواكاریی نیشانی ئه‌و نه‌فسه داوه. حه‌تمه‌ن ئه‌و كه‌سه‌ی دڵ و ده‌روونی پاڵفته ده‌كات و به پاك و پوختی رایده‌گرێت سه‌رفراز ده‌بێت، حه‌تمه‌ن ئه‌و كه‌سه‌ش كه دڵ و ده‌روونی پیس كردووه داماوو زیان لێكه‌وتووه..
نه‌فس ئه‌و جارانه ئاسوده‌یه كه به‌ده‌م بانگه‌وازی خوای گه‌وره‌وه ده‌چێت، زۆر جاریش ته‌نگ و غه‌مباره كه به‌ده‌م بانگه‌وازی نه‌فس و شه‌یتانه‌وه ده‌چێت.
قورئان ئاماژه بۆ سێ جۆر نه‌فس ده‌كات:
١- نه‌فسی ئه‌مماره: واتە: ئه‌و نه‌فسه‌ی كه فه‌رمان به خراپه و تاوان و گوناه ده‌كات، ئه‌م جۆره نه‌فسه سواری سه‌ری خاوه‌نه‌كه‌ی بووه‌و ئارامی لێ هه‌ڵگرتووه‌و به‌رچاوی تاریك كردووه، كه‌م ئامۆژگاری ده‌بیستێ، كه‌م گوێ بۆ حه‌ق ده‌گرێت، ئه‌گه‌ر به‌زه‌یی خوای گه‌وره نه‌بێت كه‌م جار ئه‌م جۆره كه‌سانه به‌ره‌و ئیمان دێن، بەڵام هه‌ندێ جار به هۆی رووداوێكی دڵته‌زێنه‌وه داده‌چڵه‌كێت.. قورئان له باسی ئه‌م جۆره نه‌فسه‌دا له‌سه‌ر زمانی زوڵێخاوه ده‌فه‌رموێ: (وَمَا أُبَرِّئُ نَفْسِي إِنَّ النَّفْسَ لأَمَّارَةٌ بِالسُّوءِ) یوسف/٥٣.
واتە:خۆم بێ تاوان ناناسێنم، بەڵام خۆ نه‌فسیش فه‌رمانڕه‌وای كرده‌وه‌ی به‌ده..
٢- نه‌فسی له‌ووامه: واتە: نه‌فسی لۆمه‌كار.. قۆناغێكه له قۆناغه‌كانی گۆڕان له نه‌فسدا، كه زۆربه‌ی ئیمانداران ده‌گرێته‌وه! ئه‌ویش به‌وه‌ی كه كاتێك گوناهێك ده‌كه‌ن په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌و لۆمه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن، یاخود به‌رده‌وام په‌شیمانن له رابووردووی خۆیان.. خوای گه‌وره ئه‌و جۆره نه‌فسه‌ی لا په‌سه‌نده و سوێندی پێ خواردووه..
هه‌تا ئێمه خاوه‌نی دڵ و ده‌روون و نه‌فسێكی وا بین ئه‌وه مانای وایه ئیمان و باوه‌ڕمان سه‌لامه‌ته.
٣- نه‌فسی هێمن و ئارام (موتمه‌ئیننه:المطمئنة): واته: ئارام و دامه‌زراو، ئه‌و كه‌سانه ده‌بنه خاوه‌نی ئه‌م نه‌فسه كه به‌رده‌وام له زیكر‌و یادی خوای گه‌وره غافڵ نابن، ئه‌وانه‌ی كه زۆر مه‌به‌ستیانه ره‌زامه‌ندی خوای گه‌وره به‌ده‌ست بێنن.. ئه‌مانه جڵه‌وی نه‌فسی خۆیان گرتووه‌و نایه‌ڵن سه‌ركه‌شی بكات، ئه‌و به‌خته‌وه‌رانه له سه‌ره‌مه‌رگدا پێیان ده‌وترێت: (يَا أَيَّتُهَا النَّفْسُ الْمُطْمَئِنَّةُ * ارْجِعِي إِلَى رَبِّكِ رَاضِيَةً مَّرْضِيَّةً * فَادْخُلِي فِي عِبَادِي * وَادْخُلِي جَنَّتِي) الفجر٢٧-٣٠ .
واته: ئه‌ی خاوه‌ن نه‌فسی هێمن، دڵ و ده‌روونی پڕ له ئارامی، بگه‌ڕێره‌وه بۆ لای په‌روه‌ردگارت، ئه‌و له تۆ رازییه‌و تۆش له‌و رازیت، بچۆره ریزی پیاوچاكانمه‌وه، بچۆره به‌هه‌شته‌كه‌مه‌وه.
خۆزگه له‌سه‌ره‌مه‌رگ و كۆتایی ژیانماندا شایسته‌ی ئه‌م مژده قورئانییه ده‌بوین و روو به هه‌مووانمان ده‌وترا.
كاریگه‌ریی گوناهوتاوان
گوناهو تاوان شوێنه‌واری خۆی به‌سه‌ر گوناهباره‌وه له دنیا و له قیامه‌تدا جێ دێڵێت! ئه‌گه‌ر تۆبه‌ی راسته‌قینه نه‌كات وای لێ دێت كه:
١- كه‌ڵك له‌و زانیاری و زانستیانه وه‌رناگرێت كه به‌هۆیه‌وه له خوای گه‌وره نزیكی ده‌كاته‌وه، چونكه ئه‌و جۆره زانستیانه نوورن و به‌و كه‌سانه نابه‌خشرێن كه له‌سه‌ر گوناهو تاوان سوورن.
٢- بێ به‌ره‌كه‌تی له رزق و رۆزی و ته‌مه‌ندا.
٣- هه‌میشه دڵته‌نگ و غه‌مباره، هه‌تا وای لێ دێت بۆ ئه‌وه‌ی به خه‌یاڵی خۆی تۆزێ غه‌می كه‌م كاته‌وه په‌لاماری گوناهی تر ده‌دات! وه‌كو شه‌راب خواردنه‌وه‌و به‌كارهێنانی مادده بێهۆشكه‌ره‌كان.
٤- نه‌حه‌وانه‌وه‌و هه‌ست نه‌كردن به نازو نیعمه‌ته‌كان.
٥- مرۆڤی ئیماندار كاتێ گوناهێك ده‌كات كاركردنی له‌سه‌ر ژن و منداڵ سامان و كه‌سابه‌تی ده‌بینێ! هه‌ر وه‌ك پیاوچاكێك ده‌فه‌رموێت: جاری وا هه‌بووه هه‌ڵه‌یه‌ك یا گوناهێكم له‌ده‌ست ده‌رچووه، زووبه‌زوو كاركردنیم له هه‌ڵس و كه‌وتی خێزانه‌كه‌م و ئه‌سپه‌كه‌مدا بینیووه.([3])
٦- كاره‌كانی به‌قورس و گران به ده‌سته‌وه دێت، زۆرجار هه‌ست ده‌كات كه هه‌مووده‌روازه‌كان له روویاندا داخراون.
٧- ئه‌گه‌ر زوو فریای خۆی نه‌كه‌وێت گوناه گوناهی تر دێنێت و ده‌بێته هۆی ره‌شبوونه‌وه‌ی دڵ.
٨- لاوازیی رووده‌كاته دڵ و ده‌روونی و له‌به‌رانبه‌ر گوناهه‌وه خۆی پێ ناگیرێت، ئیتر دڵی ده‌مرێت! ئه‌وكاته گوێ به حه‌رام نادات.
٩- وای لێ دێت كه گوناه به ناشیرین نازانێت، له‌وانه‌یه به‌شانازییه‌وه لای هاوه‌ڵه‌كانی باسی گوناهو تاوانه‌كانی خۆی بكات.
عبدالله كوڕی عه‌باس([4]) (خوا لێی رازی بێت) فه‌رموویه‌تی: چاكه‌كاریی رووخسار رووناك ده‌كاته‌وه، نوور ده‌خاته دڵه‌وه، به‌ره‌كه‌ت ده‌خاته رزقه‌وه، هێز به‌لاشه ده‌به‌خشێت و خۆشه‌ویستی پێشكه‌ش به خه‌ڵك ده‌كات..
گوناهیش رووزه‌ردی و خه‌جاڵه‌تی له دوایه، دڵ تاریك ده‌كات، لاشه لاواز ده‌كات، به‌ره‌كه‌ت له رزق و رۆزیدا ناهێڵێت، خۆشه‌ویستی خه‌ڵكی له ناو ده‌بات، رق و كینه‌یان ده‌بزوێنێت.. به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر گوناهه‌كه ده‌ستدرێژی بێت بۆ سه‌ر ماڵ یان ناموسی كه‌سانی تر.
هه‌ر كه‌سێك له‌سه‌ر گوناهو تاوان به‌رده‌وام بێت، به‌ره به‌ره حه‌یای لێ هه‌ڵده‌گیرێ و شه‌رم و شكۆی نامێنێت، هه‌تا وای لێ دێت شانازی پێوه ده‌كات و خۆی پێوه هه‌ڵده‌كێشێت! چونكه عه‌قڵ و ژیری خۆی له‌ده‌ست داداو ده‌یه‌وێت هاوڕێ بۆ خۆی زۆر بكات..
جا ئه‌وی شه‌رم له خوای گه‌وره بكا، خوای گه‌وره‌ش شه‌رمی لێ ده‌كات، ئه‌وی شه‌رمی لێ نه‌كات له رۆژی قیامه‌تدا له‌به‌رچاوی هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه حه‌یای ده‌بات.
ئه‌وه‌ی له دنیادا حساب بۆ گه‌وره‌یی خوای گه‌وره نه‌كات و بێ شه‌رمانه هه‌رچی نه‌فسی به‌دكاری داوای لێ كرد بیكات، له قیامه‌تدا خوای گه‌وره پشت گوێی ده‌خات و فه‌رامۆشی ده‌كات.
پیاوچاكێك([5]) ده‌فه‌رموێ: كاتێك كه ده‌ته‌وێ گوناهێك بكه‌یت با بچوكیش بێت سه‌یری گوناهه‌كه مه‌كه، به‌ڵكو بزانه تۆ سه‌رپێچی كێ ده‌كه‌یت و له كێ یاخی ده‌بیت ئه‌گه‌ر ئیماندار به‌و شێوه‌یه بیربكاته‌وه گوناهو تاوان له كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا بنه‌بڕ ده‌بێت و متمانه‌و باوه‌ڕ به‌یه‌ك و خۆشی و شادی و كامه‌رانی هه‌ردوو دنیا به‌ده‌ست دێنین .
له شێوه‌كانی به‌ربه‌ره‌كانی نه‌فس
هه‌ر كه‌سێ ده‌یه‌وێت چاره‌سه‌ری نه‌فس و ده‌روونی خۆی بكات با سه‌ره‌تا ده‌ست به لۆمه‌كردن و گله‌یی كردن له خۆی بكات، ئه‌وجا ئامۆژگاری، پاشان لێپرسینه‌وه، دوایی ترساندن له سزای توندوتیژی خوای گه‌وره‌یی و خه‌جاڵه‌تباری رۆژی ره‌ستاخێز (قیامه‌ت)..
هه‌روه‌ها بۆ شتنه‌وه‌ی چڵك و ژه‌نگی گوناهانی رابردووی با به‌رده‌وام فرمێسكی په‌شیمانی هه‌ڵوه‌رێنێ و بزانێ بۆچی كه‌وتۆته ناوی؟! ئه‌گه‌ر هاوه‌ڵه بێ دین و خوانه‌ناسه‌كانێتی، با هه‌وڵ بدات ئه‌وان ئیسڵاح بكات..
سه‌ره‌تا با هاوه‌ڵی چاك بۆ خۆی په‌یدابكات، با هه‌وڵ بدات سوود له به‌رنامه به‌سووده‌كانی كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌فزیۆن وه‌رگرێت..([6]) جار جاره به‌رۆژوو بێ چونكه هه‌ر وه‌ك پێغه‌مبه‌ری سه‌ردار (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ )ئامۆژگاری لاوانی كردووه و فه‌رموویه‌تی: (يَا مَعْشَرَ الشَّبَابِ مَنْ اسْتَطَاعَ مِنْكُمْ الْبَاءَةَ فَلْيَتَزَوَّجْ فَإِنَّهُ أَغَضُّ لِلْبَصَرِ وَأَحْصَنُ لِلْفَرْجِ، وَمَنْ لَمْ يَسْتَطِعْ فَعَلَيْهِ بِالصَّوْمِ فَإِنَّهُ لَهُ وِجَاءٌ)([7]) .
واتە:ئه‌ی كۆمه‌ڵی لاوان ئه‌وه‌ی ده‌توانێت و بۆی ده‌لوێت هاوسه‌ر بگرێت، با ژن بێنێت، ئه‌وه‌ی ناتوانێت با به‌ڕۆژوو بێت، چونكه رۆژووگرتن قه‌ڵغانه.. خۆ دوورخستنه‌وه‌یه له گوناە.
به‌م شێوه‌یه ده‌توانین نه‌فسمان بگرینه‌وه‌و له سه‌ر دووره‌په‌رێزیی له زۆربه‌ی گوناهه‌كان رای بێنین.. به‌ڵێ راسته، هه‌رچی بكه‌ین نابینه فریشته، بەڵام به ئه‌نجامدانی ئه‌م كارانه به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه خۆمان له گوناهه گه‌وره‌كان دووره په‌رێز ده‌گرین. ئه‌وسا ئیتر له باتی غه‌فڵه‌ت، بێداریی.. له جیاتی هه‌ڵه‌شه‌یی، هێمنیی.. له جیاتی قسه‌ی بێ تام و پێز، قسه‌ی به‌جێ، له جیاتی ته‌ماشای گوڤارو كتێبی بێ سوود، ته‌ماشای به‌سوود ده‌كه‌ین، خۆمان به ده‌وركردنه‌وه‌ی قورئان و تێبینی كردنی واتاكانییه‌وه سه‌رگه‌رم ده‌كه‌ین، قسه‌مان كه‌م ده‌بێ و بێ ده‌نگیمان زۆر ده‌بێت.
به‌مه‌ش دڵمان به نووری ئیمان رووناك ده‌بێته‌وه.. نه‌ك ته‌نها فه‌رزه‌كان به رێكوپێكی جێبه‌جێ ده‌كه‌ین، به‌ڵكو سوننه‌ته‌كانیش ئه‌نجام ده‌ده‌ین، پێشبڕكێ ده‌كه‌ین بۆ ئه‌نجامدانی هه‌موو چاكه‌یه‌ك.. وه هه‌موو رێیه‌ك ده‌گرینه‌به‌ر بۆ دامركاندنه‌وه‌ی نه‌فسی به‌دكارو جڵه‌و گرتنی هه‌ڵپه‌و ته‌ماعه ناڕه‌واكانی.. ئه‌و كاته ئاوا ده‌توانین له سنووری شه‌رعدا سوود له دڵ و ده‌روون وه‌رگرین، كه ئاوا بیخه‌ینه ژێربارو رایگرین، ئه‌و كاته له‌شه‌ڕو زیانه‌كانی دنیا‌و قیامه‌ت به‌دوور ده‌بین.
پێغەمبەر یوسف عَلَيْهِ السَّلَام نموونه‌ی لاوێكی تا بڵێی قۆزو پێكه‌وتوو بوو، قورئان ئاماژه بۆ ئه‌و رواڵه‌ته قه‌شه‌نگه‌ی ده‌كات كه په‌روه‌ردگار پێی به‌خشیبوو، كاتێك له كۆشكی پاشای میسر ده‌بێت، زوڵەیخای ژنی دەسەڵاتداری میسر شه‌یدای ده‌بێت..
بەڵام ئه‌م هه‌ر خۆی ده‌گرێت.. تا رۆژێك به فێڵ بانگی ده‌كات و هه‌موو ده‌رگاكان داده‌خات و ده‌یه‌وێ پێغەمبەر یوسف عَلَيْهِ السَّلَام تووشی گوناهو تاوان بكات، ئه‌ویش سه‌ره‌تا زۆر ئامۆژگاری ده‌كات.. بەڵام بێ سوود ده‌بێت.
سه‌ره‌نجام پێغەمبەر یوسف عَلَيْهِ السَّلَام به‌ره‌و ده‌رگا را ده‌كات و ده‌یكاته‌وه، ئا له‌و كاته‌دا رووبه‌ڕووی مێرده‌كه‌ی زوڵەیخا و یه‌كێ له خزمانی ده‌بێته‌وه.. زوڵەیخا بۆ ئه‌وه‌ی پاكانه بۆ خۆی بكات ده‌ستی تۆمه‌ت بۆ پێغەمبەر یوسف عَلَيْهِ السَّلَام را ده‌كێشێت كه گوایه ئه‌و هاتۆته سه‌ری، بۆیه ده‌بێت به‌ند بكرێت، یان سزا بدرێت.. پێغەمبەر یوسفیش عَلَيْهِ السَّلَام ده‌فه‌رموێ: نه به خوای گه‌وره، وا نییه، ئه‌و وویستی من له خشته‌به‌رێ و عه‌یبدارم بكات، ئه‌و وویستی شه‌رمه‌زاری لای گه‌وره‌م بكات، كراسه‌كه‌شمی دڕاندووه.. ئه‌وسا خزمه‌كه‌ی هه‌ڵی دایه‌و وتی من ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر كراسه‌كه‌ی له‌پێشه‌وه دڕابوو ئه‌وه زوڵەیخا راست ده‌كات وه ئه‌گه‌ر له پشته‌وه دڕابوو یوسف راست ده‌كات.([8])
كاتێك سه‌رنجیاندا، كراسی یوسف له پشته‌وه دڕا‌و بوو، مێرده‌كه‌ی وتی : ئه‌مه په‌ن وپیلانی ئێوه‌ی ژنانه.. یوسف تۆ ئه‌م رووداوه باس مه‌كه‌و زوڵەیخا تۆش داوای لێخۆشبوو‌ن بكه، چونكه به‌ڕاستی ئه‌وه هه‌ڵه‌ی تۆیه..
([1]) ئه‌مه سه‌ره‌تای ووتاری پێداوویستی (خطبة الحاجة)ی پێ ده‌وترێت.. هه‌موو ووتاره‌كه‌ش وا له سه‌حیحی موسلیم (٢/٥٩٣ ژماره ٨٦٨) ، ئه‌بوداوود (٢/٢٣٩-٢١١٨)، ترمزی (٤/٦١ -١١٠٥)، نه‌سائی (٦/٨٩ -٣٢٧٨) ئه‌حمه‌د (١/٣٠٢-٣٩٣).
([3]) زۆر گه‌ڕام بزانم خاوه‌نی ئه‌م مه‌قووله‌یه كێیه، بەڵام به‌داخه‌وه نه‌مدۆزیه‌وه، له هه‌ندێك سه‌رچاوه‌دا ده‌گه‌یشتمه ئه‌وه‌ی كه محمدی كوڕی سیرینه ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت كه یه‌كێكه له حه‌وت پیاوچاكه‌كه‌ی تابعین له به‌سره.. سه‌رچاوه‌ی گێڕانه‌وه‌ی مه‌قووله‌كه ئیمامی ئیبنولقه‌ییمه له كتێبی ( الجواب الکافي لمن سأل عن الدوا‌ء الشافی ب١ ل٢٨)..
([4]) بۆ ناسینی بڕۆ بۆ پاشكۆی پێناسه‌ی كه‌سایه‌تیه‌كان.
([5]) وێڵ بووم به دوای ئه‌م قه‌وله‌و خاوه‌نه‌كه‌یدا، تا ده‌ستم له‌وه‌نده گیر بوو كه قسه‌ی بیلالی كوڕی سه‌عیده‌و ئیمامی ئه‌حمه‌د لێیه‌وه ریوایه‌تی كردووه‌و ئیمامی ئیبنولقه‌یمیش له كتیبه‌كانیدا (وه‌كو بدائع الفوائد و مدارج السالكین) لێوه‌ی نه‌قڵ كردووه..
([6]) پێم وایه سه‌ره‌تا به خواناسی و زانستی شه‌رعی و په‌روه‌رده‌بوون ده‌ست پێ بكرێت راستتره نه‌ك به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی!! كه تا شتێكی باشی لێوه ده‌بیسترێت یان ده‌بینرێت، ده‌یان شتی تری كات به فیڕۆدانی لێوه ده‌بینرێت.. جاری واش هه‌یه گوناح!!
([7]) بوخاری (١/٤٥٦)، موسلیم (١/٦٣٠) له سه‌یدنا ئیبنو مه‌سعوده‌وه خوا لێی رازی بێت گێڕاویانه‌ته‌وه..
([8]) شاهیده‌كه‌ی سه‌یدنا یوسف كێشه‌یه‌كی ناكۆییه كه ئایا منداڵ بووه، یان گه‌وره؟!
دوو فه‌رمووده له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌ن كه منداڵ بووبێت، هه‌ردووكیان لای حاكمن (المستدرك ٤/٣٨٣) ئیمامی زه‌هه‌بیش به سه‌حیحی داناون و فه‌رموویه‌تی: (له‌سه‌ر مه‌رجه‌كانی بوخاری و موسلیمن)، سوهه‌یلییش به سه‌حیحی داناوه‌و ئیمامی قورتوبی(٩/١٧٨) و ئیمامی ته‌به‌ری (١٢/١١٥) و ئیبنوكه‌سیر (٢/٤٣٣)یش لێیانه‌وه وه‌رگرتووه‌و تا راده‌یه‌ك لایه‌نگیری سه‌حیحێتی بوون، به‌ڵام شێخی ئه‌لبانی له (سلسلة الاحادیث الضعیفة‌٢/٢٧١ ـ ٦٤٠٠) دا هێناونێتیه‌وه‌و سه‌رسامی خۆی له پشتیوانی لێكردنی ئیمامی زه‌هه‌بی ده‌ربڕیووه‌و فه‌رموویه‌تی: هه‌ردووكیان لای من لاوازن و به ته‌فسیل توێژینه‌وه‌ی خۆی له‌سه‌ر كردوون، پاشان ده‌فه‌رموێ: ریوایه‌تی سه‌حیح له سه‌یدنا ئیبنوعه‌بباسه‌وه هه‌یه كه شاهیده‌كه گه‌وره بووه‌و ریشی هه‌بووه.