رۆژوو له‌و خواپه‌رستییه مه‌زنانه‌یه که خاوه‌نه‌که‌ی زۆر له خوای گه‌وره نزیک ده‌کاته‌وه، بۆیه خوای گه‌وره‌ش ئاوا له‌سه‌ر خه‌ڵکی فه‌رز کردووه ویستوێتی به‌و رۆژووه دڵ و ده‌روونی خه‌ڵکی پێ پارسه‌نگ کات. ویستوێتی له‌سه‌ر خۆ کۆنتڕۆڵ کردن و خێرخوازی رایان بهێنێت، بۆیه حه‌تمه‌ن ده‌بێت رۆژووه‌وان خۆی له هه‌موو هه‌ڵس و که‌وت و ره‌فتارێک بگرێته‌وه که رۆژووه‌که‌ی پێ له‌که‌دار بکات یان سیره‌ی خۆی پێ عه‌یبدار بکات. ده‌بێ ئه‌وه‌نده رۆژووه‌که‌ی به پاکی راگرێت تا له ته‌رازووی چاکه‌کانیدا کێشێکی هه‌بێت، به‌ره‌و ئاستی ته‌قواو پارێزکاری به‌رزی کاته‌وه تا مه‌به‌ست له رۆژوو فه‌رز کردنه‌که بێته دی: «يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ» [البقرة: 183].
رۆژوو گرتن هه‌ر خۆ گرتنه‌وه نییه له خواردن و خواردنه‌وه، به‌ڵکو خۆ گرتنه‌وه‌شه له هه‌موو ئه‌وانه‌ی که خوای گه‌وره به‌رهه‌ڵستی لێکردوون. ئه‌بو هوڕه‌یڕه خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه که پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمووی: «لَيْسَ الصِّيَامُ مِنَ الْأَكْلِ وَالشُّرْبِ إِنَّمَا الصِّيَامُ مِنَ اللَّغْوِ وَالرَّفَثِ، فَإِنْ سَابَّكَ أَحَدٌ، وَجَهِلَ عَلَيْكَ فَقُلْ : إِنِّي صَائِمٌ»[1]؛ «رۆژوو گرتن هه‌ر خۆ گرتنه‌وه له خواردن و خواردنه‌وه نییه، به‌ڵکو خۆ گرتنه‌وه‌شه له قسه‌ی هه‌له‌ق و مه‌له‌ق و زۆر بڵێیی، له سوعبه‌ت و شه‌ڕه قسه، ئه‌گه‌ر که‌سێک جنێوی پێدایت یان ره‌فتارێکی ناشیرینی جاهیلیانه‌ی به‌رامبه‌رت نواند، بڵێ من به‌ڕۆژووم». دیسان ئه‌بو هوڕه‌یڕه خوا لێی رازی بێت گێڕایه‌وه که پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمووی:«مَنْ لم يَدَعْ قوْلَ الزُّورِ وَالعملَ بِه والجهلَ، فَلَيْسَ لله حَاجَةٌ في أَن يَدَعَ طَعامَهُ وشرابَهُ»[2]؛ «ئه‌و که‌سه‌ی واز له شایه‌تی درۆ‌و قسه‌ی ناهه‌ق و کاری نادروست ناهێنێت خوا پێویستی به‌و نییه واز له خواردن و خواردنه‌وه‌کانی بهێنێت». مه‌به‌ست له‌وه‌یه مادام د‌ه‌ڵێت له به‌ر خاتری خوا رۆژووم گرتووه با هه‌ر له به‌ر خاتری خواش واز له کار و ره‌فتاری ناشیرین بهێنێت؛ شایه‌تی درۆ جگه له خودی درۆکه‌یه که غه‌یبه‌ت و دووزمانی و جنێو و ئه‌وانه‌ش ده‌گرێته‌وه.
دیسان هه‌ر له‌وه هاتووه که پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رموویه‌تی:«رُبَّ صَائِمٍ لَيْسَ لَهُ مِنْ صِيَامِهِ إِلَّا الْجُوعُ، وَرُبَّ قَائِمٍ لَيْسَ لَهُ مِنْ قِيَامِهِ إِلَّا السَّهَرُ»[3]؛ «رۆژووه‌وانی وا هه‌یه جگه له برسێتی هیچی تری له رۆژووه‌که‌ی بۆ نامێنێته‌وه، هه‌روه‌ها شه‌ونوێژ خوێنی وا هه‌یه له شه‌ونوێژه‌که‌ی ته‌نها شه‌ونخوونیه‌که‌ی بۆ ده‌مێنێته‌وه».
ئه‌م حه‌دیسانه که هه‌مووی داوای پابه‌ندی پیاوچاکانه ده‌که‌ن به ره‌فتاری به‌رزی رۆژووه‌وانه و به‌رهه‌ڵستی کرده‌وه‌ی خراپی لێده‌که‌ن چونکه گوناح که لای خوای گه‌وره شتێکی قه‌ڵب و ناقۆڵاو خراپه، موسوڵمان له ره‌مه‌زاندا بیکات ناشیرینتره یان له هه‌ندێک جێگای وه‌کوو که‌عبه ناشیرینتره. ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی هه‌ر بۆ سوڵحان و ساغ بوونه‌وه‌یه بۆ خوای گه‌وره ئه‌گینا رۆژوو به‌و شتانه گه‌ر هه‌مووشی بکات هه‌ر به‌تاڵ نابێته‌وه.
[1]. حاکم: ١٥٧٠؛ ئیبنو حیببان: ٣٤٧٠؛ ئیبنو خوزه‌یمه: ١٩٩٦.
[2]. بوخاری: ١٩٠٣؛ ترمزی: ٧٠٧؛ ئیبنو ماجه: ١٦٨٩؛ ئه‌بوداوود: ٢٣٦٢؛ ئه‌حمه‌د: ١٠٥٦٢.
[3]. حاکم: ١٥٧١؛ ئیبنو ماجه: ١٦٩٠؛ ئه‌حمه‌د: ٨٨٥٦.