پارشێو (پاششێو) كردن (به عه‌ره‌بی: سحور) یه‌کێکه له په‌رستنه‌کان و ئادابه گه‌وره‌کانی رۆژوو. له چه‌ند بابه‌تێکدا له‌سه‌ری ده‌دوێین.
بابه‌تی یه‌که‌م
حوكمی پارشێو
پارشێو بریتییه له خواردن وخواردنه‌وه با پاروویه‌ک و چۆڕێک یان قومێک شله‌مه‌نیش بێت پێش سپێده‌ی به‌یانی. شه‌رعناسان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆن كه پارشێوكردن خێره، به‌ڵام كه‌س به نه‌كردنی گوناحبار نابێت. ئه‌مه‌ش فه‌رمووده‌کانی خێرێتی پارشێو:
١- ئه‌نه‌س خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمووی: « تَسَحَّرُوا فَإِنَّ فِي السَّحُورِ بَرَكَةً»[1]؛ «پارشێو بكه‌ن، پارشێو به‌ره‌كه‌ته»، زیاده خێر‌و پابه‌ندبوونه به سوننه‌ت و وه‌رگرتنه‌وه‌ی وزه‌یه بۆ خواپه‌رستی تر.
٢- عه‌بدوڵڵای كوڕی عه‌مر خوا لێیان رازی بێت ده‌فه‌رموێ: پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ده‌یفه‌رموو: «تَسَحَّرُوا وَلَوْ بِجُرْعَةٍ مِنْ مَاءٍ»[2]؛ «پارشێو بكه‌ن با به‌قومه ئاوێكیش بێت».
٣- عه‌مر كوڕی عاسیش خوا لێی رازی بێت گێڕایه‌وه كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمووی: «فَصْلُ مَا بَيْنَ صِيَامِنَا وَصِيَامِ أَهْلِ الْكِتَابِ أَكْلَةُ السَّحَرِ»[3]؛ «جیاوازی رۆژووگرتنی ئێمه‌و رۆژووگرتنی ئه‌هلی كیتاب پارشێوكردنه‌كه‌یه (خواردنی پارشێوه)».
٤- ئه‌بو هوڕه‌یڕه خوا لێی رازی بێت ده‌یفه‌رموو كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) پێی باش بوو كه خورما له پارشێودا بخورێت بۆیه ده‌یفه‌رموو: «نِعْمَ سَحُورِ الْمُؤْمِنِ التَّمْرُ»[4]؛ «خورما چ پارشێوێکی چاکه بۆ ئیماندار».
٥- میقدامی کوڕی مه‌عدی‌که‌ریب ده‌گێڕێته‌وه که پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ده‌رباره‌ی پارشێو ده‌یفه‌رموو: « عَلَيْكُمْ بِغَدَاءِ السُّحُورِ فَإِنَّهُ هُوَ الْغَدَاءُ الْمُبَارَكُ »[5]؛ «هۆشتان له پارشێوان نه‌بڕێت چونکه پارشێو کردن به‌ره‌که‌ت و پیرۆزییه».
٦- ئه‌بو سه‌عیدی خودری خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمووی: «السَّحُورُ أَكْلُهُ بَرَكَةٌ، فَلَا تَدَعُوهُ، وَلَوْ أَنْ يَجْرَعَ أَحَدُكُمْ جُرْعَةً مِنْ مَاءٍ، فَإِنَّ اللَّهَ عَزَّ وَجَلَّ وَمَلَائِكَتَهُ يُصَلُّونَ عَلَى الْمُتَسَحِّرِينَ»[6]؛ «خواردنی پارشێو به‌ره‌که‌ته، که‌واته وه‌لی مه‌که‌ن و وازی لێ مه‌هێنن و بیكه‌ن با قومه ئاوێكیش بێت، خوای گه‌وره وفریشته‌كانی دوعای خێر بۆ پارشێوكاران ده‌كه‌ن».
هه‌رچه‌نده له هه‌ندێک له‌فه‌رمووده‌كاندا خواستنی پارشێوكردن به شێوازی فه‌رمان هاتووه (وه‌ک: تَسَحَّرُوا) به‌ڵام ئیبنو لمونزیر كۆڕای شه‌رعناسانی نه‌قڵ كردووه كه سوننه‌ته، یاوه‌رانیش له سه‌ره‌تادا پارشێویان نه‌ده‌كرد.
بابه‌تی دوو‌م
كاتی پارشێو
هه‌ر له نیوه‌شه‌وه‌وه تا سپێده‌ی به‌یانی (مه‌لابانگدان) به كاتی پارشێو حسێبه، به‌ڵام تا دواتر بخرێت خێرتره:
١- زه‌یدی كوڕی سابیت خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «تَسَحَّرْنَا مَعَ النَّبِيِّ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ، ثُمَّ قَامَ إِلَى الصَّلاَةِ، قُلْتُ: كَمْ كَانَ بَيْنَ الأَذَانِ وَالسَّحُورِ؟ قَالَ: قَدْرُ خَمْسِينَ آيَةً»[7]؛ «له‌خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوادا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) پارشێومان كرد، پاشان بۆنوێژ هه‌ستا، وتم (ئه‌نه‌س له زه‌یدی پرسی): ماوه‌ی نێوان پارشێو و نوێژه‌كه چه‌ند بوو؟ فه‌رمووی: ئه‌وه‌ندی په‌نجا ئایه‌تی تێدا بخوێندرێت».
٢- ئونه‌یسه‌ی كچی حه‌بیب خوا لێیان رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمووی: «إِذَا أَذَّنَ ابْنُ أُمِّ مَكْتُومٍ فَكُلُوا وَاشْرَبُوا، وَإِذَا أَذَّنَ بِلَالٌ فَلَا تَأْكُلُوا وَلَا تَشْرَبُوا. قَالَتْ: وَإِنْ كَانَتِ الْمَرْأَةُ لَيَبْقَى عَلَيْهَا مِنْ سُحُورِهَا فَنَقُولُ لِبِلَالٍ: أَمْهِلْ حَتَّى أَفْرُغَ مِنْ سُحُورِي»[8]؛ «ئه‌گه‌ر عه‌بدوڵڵای كوڕی ئوممه مه‌كتوم بانگی دا هه‌ر بخۆن و بخۆنه‌وه (بانگی یه‌که‌م)، ئه‌گه‌ر بیلال بانگی دا (بانگی دووه‌م) ده‌ست له خواردن وخواردنه‌وه هه‌ڵگرن، جاری واهه‌بوو یه‌كێكمان (له‌ژنان) شتێكی له پارشێوه‌كه‌ی به‌رده‌ستی ده‌مایه‌وه به‌بیلالی ده‌وت: سه‌برێک بگره تا پارشێوه‌كه‌م ته‌واو ده‌كه‌م».
٣- ئه‌بو هوڕه‌یڕه خوا لێی رازی بێت ده‌فه‌رموێ: پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ده‌یفه‌رموو: «إذا سَمِعَ أحَدُكُم النداء والإناءُ على يَدِهِ فلا يَضَعْهُ حتى يقضِيَ حاجتَه منه»[9]؛«كه یه‌كێكتان گوێی له‌بانگ ده‌بێت و ده‌فره‌که‌ی (خواردن یان خواردنه‌وه) له‌به‌ر ده‌ستدایه با نه‌یخاته لاوه تا تێری لێ ده‌خوات». كه‌وابوو كه بانگ ده‌دات و هێشتا ده‌یخوارد با ته‌واوی كات. ئه‌مه هه‌لێكی ره‌خساوه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی فریای پارشێو نه‌كه‌وتوون و كاتی ته‌واویان له‌به‌رده‌ستدا نه‌بووه، ده‌نا باشتر وایه كه‌مێک پێش بانگ خۆ له خواردن وخواردنه‌وه بگرێته‌وه چونكه له ریوایه‌ته‌كه‌ی زه‌یددا خوا لێی رازی بێت باس له ماوه‌ی خوێندنی په‌نجا ئایه‌ت ده‌كات كه حه‌تمه‌ن له‌پێنج ده‌قیقه زیاتر بووه.
كه‌وابوو پارشێو له نیوه‌شه‌وه‌وه تا سپێده‌یه‌وسوننه‌ته، كه‌س به وه‌ل (ته‌رک) كردنی گوناحبار نابێت و دواخستنی چاكه‌و خراپ نییه، چونكه بوواری زیاتری خواردن وخواردنه‌وه‌ی ده‌بێت وپێچه‌وانه‌كاریی كافرانه.
بابه‌تی سێیه‌م
دیاری کردنی کۆتایی پارشێو و گومان له‌سپێده‌ی به‌یانی
١- دیاری کردنی کۆتایی پارشێو:
پرسیار ئه‌مه‌یه که کۆتایی پارشێو چۆن دیاری ده‌کرێت و یاوه‌ران چۆن دیاری‌یان ده‌كرد؟!
عه‌دی كوڕی حاته‌م خوا لێی رازی بێت ده‌فه‌رموێ «لَمَّا نَزَلَتْ: «حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَكُمُ الْخَيْطُ الْأَبْيَضُ مِنَ الْخَيْطِ الْأَسْوَدِ» [البقرة: 187] قَالَ لَهُ عَدِيُّ بْنُ حَاتِمٍ: يَا رَسُولَ اللهِ، إِنِّي أَجْعَلُ تَحْتَ وِسَادَتِي عِقَالَيْنِ: عِقَالًا أَبْيَضَ وَعِقَالًا أَسْوَدَ، أَعْرِفُ اللَّيْلَ مِنَ النَّهَارِ، فَقَالَ رَسُولُ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: «إِنَّ وِسَادَتَكَ لَعَرِيضٌ، إِنَّمَا هُوَ سَوَادُ اللَّيْلِ، وَبَيَاضُ النَّهَارِ»[10]؛ «كه ئه‌و ئایه‌ته هاته‌خواره‌وه كه ده‌فه‌رموێ «بخۆن وبخۆنه‌وه تا ئه‌و كاته‌ی خه‌تی سپی وخه‌تی ره‌شتان بۆ ڵیک جوێ ده‌كرێته‌وه (هێشتا « مِنَ الْفَجْرِ» نه‌هاتبووه خواره‌وه) عه‌رزی پێغه‌مبه‌ری خوام (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) كرد كه من دووپه‌تی سپی و ره‌شم له ژێر سه‌رینه‌كه‌مدا داناوه شه‌و و رۆژیان پێ لێک جوێ ده‌كه‌مه‌وه (له ریوایه‌تی ئه‌بو حاتمه‌مدا هاتووه[11] كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) پێكه‌نی وفه‌رمووی) دیاره سه‌رینه‌كه‌ت زۆرپانه (که سپێتی و ره‌شێتی رۆژو شه‌وی له ژێردا جێ ده‌بێته‌وه)! مه‌به‌ست ئه‌وه نییه، مه‌به‌ست جیاكردنه‌وه‌ی ره‌شێتی شه‌وه له سپێتی به‌یانی» ئینجا « مِنَ الْفَجْرِ» هاته‌خواره‌وه.[12]
له ریوایه‌تی سه‌هلی كوڕی سه‌عدیشدا خوا لێی رازی بێت كه له بوخاری و موسلیمدا هاتووه ده‌فه‌رموێ كه ئه‌و ئایه‌ته هاته خواره‌وه زۆر كه‌س داوێكی ره‌ش و داوێكی سپی به پێی خۆیه‌وه ده‌به‌ست، پارشێوان ده‌یخوارد و ده‌یخوارده‌وه تا ئه‌و دوو داوه‌ی بۆ لێک جودا ده‌بۆوه (ماڵه‌كانیشیان روناكی تێدانه‌بوو)! ئینجا «مِنَ الْفَجْرِ» هاته‌خواره‌وه.[13]
ده‌ركه‌وتنی سپێده‌ی به‌یانی له ئێمه‌وه، هه‌ر كه‌سه‌مان له شاری خۆیدا حسێبه نه‌ک هه‌ر ده‌كه‌وتنێكی یان خۆرئاوابوونێكی.[14] مه‌به‌ستیش له سپێده، سپێده‌ی دووه‌مه (الفجر الصادق)، نه‌ک سپێده‌ی یه‌که‌م (الفجر الکاذب). ئیمامی نه‌وه‌وی ده‌فه‌رموێ ئه‌مه مه‌زهه‌بی ئێمه (شافیعی) و ئه‌بوحه‌نیفه‌و مالیک وئه‌حمه‌د وجه‌ماوه‌ری زانایانه له یاوه‌ران و تابعین و شه‌رعناسانی ویلایه‌ته‌كان. ئیبنولمونزیر ده‌فه‌رموێ ئه‌وه بۆچوونی سه‌یدنا عومه‌ر و ئیبنو عه‌بباس و یاوه‌رانی تره. خۆشمان (هه‌ر نه‌وه‌وی ده‌فه‌رموێ) له‌سه‌یدنا عه‌لییه‌وه ریوایه‌تمان كردووه. حوزه‌یفه‌ی كوڕی یه‌مانیش كه سپێده‌ی دی پارشێوی كرد و پاشان نوێژه‌كه‌ی كرد. ئێمه‌ویاوه‌رانمان كۆمه‌ڵێک به‌ڵگه‌مان هێناوه‌ته‌وه.[15] ئیتر به‌ڵگه‌كان باس ده‌كات له‌هۆی هاتنه‌خواره‌وه‌ی ئایه‌ته‌كه‌وه (حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَكُمُ الْخَيْطُ الأَبْيَضُ مِنَ الْخَيْطِ الأَسْوَدِ مِنَ الْفَجْرِ) كه پێشتر هێنامانه‌وه ئینجا به‌ڵگه‌ی سوننه‌ت وره‌فتاری یاوه‌ران كه هه‌ندێكیان لێره‌دا هێنراونه‌ته‌وه.
٢-گومان له‌سپێده‌ی به‌یانی:
ئه‌گه‌ر که‌سێک که‌وته گومانی ئه‌وه‌وه که ئایا بوو به به‌یانی یان هێشتا کات ماوه، ده‌توانێت هه‌ر بخوات و بخواته‌وه تا له سپێده‌ی به‌یانییه‌که دڵنیا ده‌بێت، با کار به گومانه‌که‌ی نه‌کات چونکه خوای په‌روه‌ردگار کۆتایی هێنانی خواردن و خواردنه‌وه‌ی پارشێوی به جۆی کردنه‌وه‌ی ره‌شی شه‌و له سپێتی به‌یانی دیاری کردووه، وه‌ک ده‌فه‌رموێ:«وَكُلُواْ وَاشْرَبُواْ حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَكُمُ الْخَيْطُ الأَبْيَضُ مِنَ الْخَيْطِ الأَسْوَدِ مِنَ الْفَجْرِ» [البقرة: 187]؛ «بخۆن و بخۆنه‌وه تا هێڵی سپی سپێده‌تان بۆ له ره‌شێتی شه‌و جۆێ ده‌کرێته‌وه».
کابرایه‌ک به ئیبنو عه‌بباسی وت: من که پارشێو ده‌که‌م ده‌خۆم و ده‌خۆمه‌وه تا ئه‌و ساته‌ی گومان ده‌که‌م که ئیتر به‌یانه، ئیتر ده‌ست هه‌ڵ ده‌گرم فه‌رمووی: تا گومانت مابێت هه‌ر بخۆ‌و بخۆره‌وه که گومانت نه‌ما ده‌ست هه‌ڵبگره. ئیمامی ئه‌بو داوود ده‌فه‌رموێ: ئیمامی ئه‌حمه‌دی کوڕی حه‌نبه‌ل فه‌رمووی: ئه‌گه‌ر گومانی له هاتنی به‌یانی کرد له خواردن و خواردنه‌وه‌ی خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت تا گومانی نامێنێت، ئه‌مه‌ش رای ئیبنو عه‌بباس و عه‌تاء و ئه‌وزاعی و ئیمامی ئه‌حمه‌ده.[16]
ئیمامی نه‌وه‌وی ده‌فه‌رموێ: یاوه‌رانی ئیمامی شافیعی رایان هه‌موو له سه‌ر ئه‌وه‌یه که که‌سێک که به گومانه له سپێده بۆی هه‌یه بخوات و بخواته‌وه تا له به‌یانی بوون دڵنیا ده‌بێت. هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموێ: به‌یهه‌قی به سه‌نه‌دی سه‌حیحه‌وه له حه‌بیبی كوڕی ئه‌بو سابته‌وه ریوایه‌تی كردووه كه ئیبنو عه‌بباس خوا لێیان رازی بێت له پارشێودا دوو پیاوی نارده ده‌رێ سه‌یری سپێده‌ی به‌یانی بۆ بكه‌ن كه هاتنه‌وه یه‌كیان وتی سپێده‌ی داوه، ئه‌وی تریان وتی: هه‌ر شه‌وه. ئیبنو عه‌بباس فه‌رمووی ئاده‌ی ئه‌و ئاوه‌م بده‌نێ با بیخۆمه‌وه مادام راتان جیایه. یه‌عنی له‌كاتی گومان كردن له رۆژبوونه‌وه‌شدا بخۆن. به‌یهه‌قی ئه‌مه‌ی له سه‌یدنا ئه‌بوبه‌كرو سه‌یدنا عومه‌رو ئیبنو عومه‌ره‌وه ریوایه‌ت كردووه.[17]
ئیمامی نه‌وه‌وی ره‌حمه‌تی خوای لێبێت ده‌فه‌رموێ له یاوه‌ران و شه‌رعناسانی تابعین ودوای ئه‌وان ئه‌وه‌نده زۆرن كه بۆچوونیان وایه كه رۆژووه‌وان له پارشێودا تا گومانی مابێت كه هێشتا شه‌وه‌و سپێده نه‌بووه بۆی هه‌یه بخوات و بخواته‌وه‌و سه‌رجێیی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ریدا بكات که ناژمێررێن. ئینجا قه‌ولی ئیمامی ئیبنولمونزیر ده‌هێنته‌وه كه ده‌فه‌رموێ ئه‌مه بۆچوونی سه‌یدنا ئه‌بوبه‌كرو وسه‌یدنا عومه‌ر و ئیبنو عه‌بباس وئیبنو عومه‌رو عه‌تاء و ئه‌وزاعی و ئه‌حمه‌دو ئه‌بوسه‌ورو مه‌دره‌سه‌ی ره‌ئیه، كه‌س پێچه‌وانه‌ی نه‌بووه جگه له مالک؛ واللّه أعلم كه ده‌فه‌رموێ ئه‌گه‌ر له‌كاتی هه‌بوونی گوماندا (له‌كۆتایی شه‌و و هاتنی سپێده‌ی به‌یانی) خواردی رۆژووه‌كه‌ی شكاوه‌و ده‌بێت بیگرێته‌وه.[18]
پێم وایه رای جمهور په‌سه‌ندتره له‌به‌ر زۆری و به‌هێزی به‌ڵگه‌كانیان. به‌رده‌وام بوونی ئیبنو عه‌بباس له‌سه‌ر خواردن و خواردنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه یه‌كێك له پیاوه‌كان وتی سپێده‌ی داوه به‌ڵگه‌یه‌كی به‌هێزه. ده‌شێت له‌م زه‌مانه‌دا به‌كاتی بانگدان حسێب بكرێت یان ماوه‌ی ٤-٥ خوله‌ک پاش لیستی كاتی بانگدانه‌كان. جه‌ختیش له‌وه ده‌که‌مه‌وه كه ئه‌مه بۆ كه‌سانێكه كه فریای پارشێویان نه‌كه‌وتوون، نه‌ک بۆ كه‌سانێک كه سه‌عاتێكه یان كه‌متر ده‌خۆن و ده‌خۆنه‌وه‌و له‌به‌ر قسه كردن كۆتاخواردنه‌وه‌یان ده‌خه‌نه كاتی بانگه‌كه! والله اعلم.
لاباس- رۆژووی ئه‌و وڵاتانه‌ی رۆژه‌کانیان نائاساییه:
رۆژی نائاسایی كه زیاتر له بیست سه‌عات رۆژه یان هه‌ر شه‌وی نییه یان رۆژی نییه وه‌كو باكوری نه‌رویج و سوید و فینله‌نداو كه‌نه‌داو ئالاسكا له باكوری زه‌وی یان خواره‌وه‌ی ئوسترالیا به‌پێچه‌وانه‌ی باكوره‌وه. زانایان له‌م باره‌وه راجوێن؛ هه‌یانه ده‌فه‌رموێ: رۆژوو و نوێژیان به گوێره‌ی کاتی ئه‌و وڵاتانه ده‌بێت که شه‌ریعه‌تی خوایان تێدا داڕێژراوه که ماوه‌ی شه‌و و رۆژیان وه‌کو یه‌که، وه‌کو مه‌ککه‌و مه‌دینه. ئه‌مه فه‌توای شێخ ئیبنو بازیشه ره‌حمه‌تی خوای لێبێت. هه‌ندێکی تریان ده‌فه‌رموون: به گوێره‌ی کاتی نزیکترین وڵات لێیانه‌وه ده‌که‌ن.
ئه‌مه حوکمی نوێژ‌و رۆژووه له‌و شوێنانه‌ی که خۆریان لێوه هه‌ڵدێت و لێیانه‌وه ئاوا ده‌بێت، ئه‌مما شوێنی وه‌کو پۆڵ (قوتب)ه‌کانی باکوور‌و باشووری زه‌وی که شه‌ش مانگ شه‌وه‌و شه‌ش مانگ رۆژه ئه‌وانه کاته‌کان ته‌قدیر ده‌که‌ن، وه‌کو ئه‌وه‌ی دوازده سه‌عات ئیعتیبار بکه‌ن به رۆژ و دوازده سه‌عاته‌که‌ی تر بکه‌نه شه‌و. نوێژ‌و رۆژووه‌کانیان به‌م ته‌قدیرکردنه حسێب ده‌که‌ن. ئێستا موسوڵمانانی باکوری نه‌رویج و سوید‌و فنله‌نداو که‌نه‌دا ئاوا ده‌که‌ن.
[1]. بوخاری: ١٩٢٣؛ موسلیم: ١٠٩٥.
[2]. ئیبنو حیببان: ٣٤٧٦؛ حه‌سه‌نه (صحیح فقه السنة: ٢/١٠٠).
[3]. موسلیم: ١٠٩٦؛ ئه‌بوداوود: ٢٣٤٣؛ ترمزی: ٧٠٩؛ نه‌سائی: 2166؛ ئه‌حمه‌د: 17762؛ داریمی: 1739؛ ئیبنو خوزه‌یمه: ١٩٤٠.
[4]. ئیبنو حیببان: ٣٤٧٥؛ ئه‌بوداوود: ٢٣٤٥؛ سه‌حیحه.
[5]. نه‌سائی: ٢١٦٤؛ سه‌نه‌ده‌که‌ی باشه.
[6] ئه‌حمه‌د: ١١٠٨٦؛ شێخی ئه‌لبانی (له صحیح الجامع: ٣٦٨٣) به حه‌سه‌نی ناساندووه.
[7]. بوخاری: ١٩٢١؛ موسلیم: ١٠٩٧؛ ترمزی: ٧٠٣ و ٧٠٤.
[8] نه‌سائی: ٦٤٠؛ ئه‌حمه‌د: ٢٧٤٤٠؛ ئیبنو حیببان: ٤٧٤؛ سه‌حیحه (صحیح فقه السنة: ٢/١٠٠).
[9]. حاکم: 729؛ ئه‌بو داوود: ٢٣٣٣؛ شێخی ئه‌لبانی (له صحیح الجامع: ٦٠٧)ده‌فه‌رموێ سه‌حیحه.
[10]. بوخاری: ١٩١٦؛ موسلیم: ١٠٩٠؛ ئه‌بوداوود: ٢٣٤٩؛ ترمزی: ٢٩٧٠؛ داریمی: 1841؛ خوزه‌یمه: ١٢٦.
[11]. شه‌وکانی، فتح القدیر: ١/١٨٣.
[12]. بوخاری: ١٩١٦؛ موسلیم: ١٠٩٠؛ ئه‌بو داوود: ٢٣٤٩؛ ئه‌وانی تریش.
[13]. موسلیم: ١٠٩١؛ بوخاری: ١٩١٧.
[14] بۆ نموونه من له‌م شوێنه‌م (زیندان)، پێنج خوله‌ک پێش ئۆسلۆ رۆژوو ده‌شکێنم، من له رۆژهه‌ڵاتترم.