رۆژی گومان‌لێكراو ئه‌و رۆژه‌یه‌كه ده‌كه‌وێته پێش ره‌مه‌زان ونازانرێت رۆژی یه‌كه‌می ره‌مه‌زانه یان رۆژی سییه‌می شه‌عبان، چونکه که رۆژی بیست و نۆی شه‌عبان ته‌واو بووه دنیا هه‌ور یان ته‌پ‌وتۆز بووه‌و نه‌یانتووانیوه بۆ مانگ بگه‌ڕێن، ئیتر که‌وتوونه‌ته گومانه‌وه که سبه‌ینێ سی شه‌عبانه یان یه‌کی ره‌مه‌زان. به‌ڕۆژووبوون له‌م رۆژه‌دا حه‌رامه، چونكه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) نه‌هیی لێ كردووه، مه‌گه‌ر كه‌سێک عوزری هه‌بێت وه‌كو ئه‌و كه‌سه‌ی راهاتووه هه‌موو دووشه‌ممه‌و پێنج شه‌ممه‌یه‌ک به‌ڕۆژوو بێت، یان رۆژه‌ناڕۆژێک.
ئیمامی ترمزی ده‌فه‌رموێ ئه‌مه رای زۆرینه‌ی شه‌رعناسانه وه‌كو سوفیانی سه‌وری و مالیک و عه‌بدوڵڵای كوڕی موباره‌ک و شافیعی و ئه‌حمه‌دو ئیسحاق كه پێیان وابووه به‌ڕۆژووبوون له رۆژی گومان‌لێكراودا جائیز نییه، زۆریشیان وا ده‌بینن كه ئه‌گه‌ر كه‌سێک له‌و رۆژه‌دا (بۆ ئیحتیا‌ت) به‌ڕۆژووبوو، دوایی ده‌ركه‌وت ره‌مه‌زان بووه، بۆی حسێب نییه‌و ده‌بێت دوای ره‌مه‌زان ئه‌و رۆژه بگرێته‌وه چونكه نییه‌ت له‌سه‌ر دڵنیایی داده‌مه‌زرێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سێک نه‌زر یان كه‌فاره‌تی له‌سه‌ر بوو و له‌و رۆژه‌دا به‌ڕۆژووبوو بۆی حسێبه؛ واللّه أعلم.
عه‌مماری كوڕی یاسر خوا لێیان رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمووی: «مَنْ صَامَ الْيَوْمَ الَّذِي شَكَّ فِيهِ فَقَدْ عَصَى أَبَا الْقَاسِمِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ»[1]؛ «هه‌ر كه‌سێک ئه‌و رۆژه‌ی گومان بگرێت (كه رۆژی پێش ره‌مه‌زانه) ئه‌وه سه‌رپێچی فه‌رمانی ئه‌بولقاسمی كردووه»، ئه‌بولقاسم واته باوكی قاسم هه‌ر پێغه‌مبه‌ری خوایه (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) كه كوڕێكی هه‌بوو ناوی قاسم بوو ئه‌ویش وه‌كو ئیبڕاهیمی كوڕی هه‌ر به منداڵی كۆچی دوایی كرد.
بۆچوونی زانایان ده‌رباره‌ی رۆژووی رۆژی گومان‌لێکراو:
له‌گه‌ڵ هه‌بوونی فه‌رمووده سه‌حیحه‌که‌ی سه‌ره‌وه‌شدا شه‌رعناسان راجوێ بوون له‌سه‌ر جائیز بوون وجائیزنه‌بوونی به‌ڕۆژوو بوونی رۆژی گومان‌لێكراو، چونكه هه‌ندێک له‌شه‌رعناسان بۆچوونی خۆیان به به‌ڵگه‌ی تر به‌هێز كردووه. به گشتی ئیمامی شه‌وكانی بۆچوونیانی كردووه به سێ[2]:
بۆچوونی یه‌كه‌م: رۆژووگرتن له رۆژی گومان‌لێكراودا جائیز نییه؛ ئه‌وه بۆچوونی ئیمامان مالیک وشافیعی و جمهوری شه‌رعناسانه وه‌كو ئیمامی نه‌وه‌وی ده‌فه‌رموێ، حافز ئیبنو حه‌جه‌ریش ده‌فه‌رموێ: مالیک و ئه‌بوحه‌نیفه ده‌فه‌رموون: جائیز نییه ئه‌گه‌ر به نییه‌تی ئه‌گه‌ری ره‌مه‌زان (وه‌كو ئیحتیا‌ت) به‌ڕۆژوو بێت، ده‌نا جائیزه. له‌وانه‌ی كه پێیان په‌سه‌ند نه‌بووه له یاوه‌ران سه‌یدنا عومه‌ر و سه‌یدنا عه‌لی و عه‌مماری كوڕی یاسر‌و حوزه‌یفه‌ی كوڕی یه‌مان و ئیبنو عه‌بباس وئه‌بو هوڕه‌یڕه‌و ئه‌نه‌سی كوڕی مالیکن خوا لێیان رازی بێت.
بۆچوونی دووه‌م: رۆژووگرتن له رۆژی گومان‌لێكراودا جائیزه، فه‌رز بێت یان سوننه‌ت: ئه‌مه قه‌ولێكی ئیمام ئه‌حمه‌ده، ده‌یگه‌ڕێننه‌وه سه‌ر كۆمه‌ڵێک پێشه‌وایانی تابعین و له‌وانه موجاهیدو تاووس وسالمی كوڕی عه‌بدوڵڵاو مه‌یموونی كوڕی میهران و موته‌ڕڕیفی كوڕی شێخخیرو به‌كری كوڕی عه‌بدوڵڵای موزه‌نی و ئه‌بو عوسمانی نه‌هدی و له یاوه‌رانیش سه‌یدنا عه‌لی و خاتوو عائیشه و ئیبنو عومه‌رو ئه‌سماء و عه‌مری كوڕی عاس و موعاویه‌ی كوڕی ئه‌بو سوفیان خوا لێیان رازی بێت.
بۆچوونی سێیه‌م: ئیمام (خه‌لیفه یان نوێنه‌رانی) یه‌كلای ده‌كه‌نه‌وه؛ خه‌ڵكه‌كه‌ش گوێڕایه‌ڵی ده‌بن. ئه‌مه‌ش رایه‌كی تری ئیمامی ئه‌حمه‌ده كه وا دیاره بۆ ده‌رچوونه له راجوێییه‌ک كه هه‌ر دوو لا پشت به دیدو هه‌ڵوێستی یاوه‌ران ده‌به‌ستێت كه ئه‌وانیش تێیدا راجوێ بوون.
هه‌رچه‌نده بۆ چوونی یه‌كه‌م ودووه‌م به‌هێزن به‌ڵام پێم وایه بۆچوونی یه‌كه‌م په‌سه‌ندتربێت؛ چونكه به‌ڕۆژووبوونی سه‌یدنا عومه‌رو خاتوو عائیشه‌و هه‌ندێک له ناوبراوانی تابعینیش له‌و رۆژه گومان‌لێكراوه‌دا هه‌ڵبژاردنێكی ئه‌نقه‌ستیان نه‌بووه به‌ڵكو هه‌ر له‌و رۆژانه‌ن راهاتبوون له‌سه‌ر رۆژوو گرتنی، چونكه ئه‌م به‌ڕێزانه‌و هه‌ندێكی تریش له یاوه‌ران و تابعین ساڵ دوازده‌ی مانگ به‌ڕۆژوو ده‌بوون جگه له رۆژی جه‌ژنی ره‌مه‌زان و رۆژی جه‌ژنی قوربان و سێ رۆژه‌که‌ی پاش ئه‌و (سێ رۆژی ته‌شریق)؛ واللّه أعلم.
[1]. ئه‌بوداوود: ٢٣١٧؛ ترمزی: ٦٨١؛ نه‌سائی: 2188؛ ئیبنو ماجه: ١٦٤٥؛ شێخی ئه‌لبانی ده‌فه‌رموێ: سه‌حیحه (إرواء الغلیل: ٩٦١).
[2]. نیل الأوطار: ٧٩٧-٧٩٨.