شکاندنی رۆژووی سوننه‌ت
رۆژووه‌وانی سوننه‌ت بۆی هه‌یه بیشكێنێت؛ که‌واته ئه‌و كه‌سه‌ی له رۆژووی سوننه‌تدایه كه‌ی خواستی بۆی هه‌یه بیشكێنێت و فه‌رزیش نییه له‌سه‌ری بیگرێته‌وه، مه‌گه‌ر خۆی حه‌ز كات؛ بۆ نموونه ئه‌م به‌ڕۆژووه‌و چوونه ماڵێک، خۆراكیان بۆ هێنان، ئه‌میش سه‌رپشكه بخوات (رۆژووه‌كه‌ی بشكێنێت) یان نه‌خوات و رۆژووه‌كه‌ی به‌رده‌وام كات. به‌ڵام ناشێت ده‌عوه‌ت كرابێت و نانی نیوه‌ڕۆیان بۆ ئاماده‌كرا بێت، ئه‌م به رۆژووه‌وانی لایان بمێنێته‌وه یان بچێت؛ واللّه أعلم. فه‌رمووده‌کانیش له‌سه‌ر شیاوێتی شکاندنی رۆژووی سوننه‌ت زۆرن؛ له‌وانه:
١- خاتوو عائیشه خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: رۆژێک پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ته‌شریفی هێنایه لام، فه‌رمووی: هیچتان هه‌یه؟ (خۆراک). عه‌رزمان كرد نه‌خێر. فه‌رمووی: ده‌ی سا من به‌ڕۆژووم. رۆژێكی تر ته‌شریفی هێنایه‌وه، عه‌رزمان كرد: خورماو رۆنه‌كه‌رێمان بۆ هاتووه، فه‌رمووی: ئاده‌ی پیشانم ده، به‌ڕۆژووشم، پاشان خواردی!
٢- هه‌روه‌ها باسی سه‌یدنا سه‌لمانی فارسی و ئه‌بودده‌ردائمان خوا لێیان رازی بێت هێنایه‌وه، وا لێره‌دا ریوایه‌تێكی تریشی هه‌ر له بوخارییه‌وه ده‌هێنینه‌وه: «آخَى النَّبِيُّ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بَيْنَ سَلْمَانَ وَأَبِي الدَّرْدَاءِ، فَزَارَ سَلْمَانُ أَبَا الدَّرْدَاءِ، فَرَأَى أُمَّ الدَّرْدَاءِ مُتَبَذِّلَةً، فَقَالَ لَهَا: مَا شَأْنُكِ؟ قَالَتْ: أَخُوكَ أَبُو الدَّرْدَاءِ لَيْسَ لَهُ حَاجَةٌ فِي الدُّنْيَا، فَجَاءَ أَبُو الدَّرْدَاءِ فَصَنَعَ لَهُ طَعَامًا، فَقَالَ: كُلْ؟ قَالَ: فَإِنِّي صَائِمٌ، قَالَ: مَا أَنَا بِآكِلٍ حَتَّى تَأْكُلَ... فَقَالَ لَهُ سَلْمَانُ: إِنَّ لِرَبِّكَ عَلَيْكَ حَقًّا، وَلِنَفْسِكَ عَلَيْكَ حَقًّا، وَلِأَهْلِكَ عَلَيْكَ حَقًّا، فَأَعْطِ كُلَّ ذِي حَقٍّ حَقَّهُ، فَأَتَى النَّبِيَّ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ، فَذَكَرَ ذَلِكَ لَهُ، فَقَالَ النَّبِيُّ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: صَدَقَ سَلْمَانُ»»[1]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) سه‌لمانی فارسی و ئه‌بودده‌ردائی كرده برای یه‌ک، جارێک سه‌لمان چووه دیده‌نی ئه‌بودده‌رداء ئوممه ده‌ردائی خێزانی بینی ناڕێک وبێ بایه‌خ به‌خۆیه! سه‌لمان لێی پرسی: چیته بۆ وایت؟ ئوممه ده‌رداء فه‌رمووی: ئه‌بودده‌ردائی برات هیچ پێویستی به دنیا نه‌ماوه. ئه‌بودده‌ردا خواردنی بۆ سه‌لمان ئاماده‌كرد، سه‌لمان فه‌رمووی: (خۆشت) بخۆ، ئه‌بودده‌رداء فه‌رمووی: به‌ڕۆژووم، سه‌لمان فه‌رمووی: منیش ناخۆم تا تۆش نه‌یخۆیت، ئیتر خواردی... سه‌لمان پێی فه‌رموو خوای په‌روه‌ردگارت مافی له‌سه‌رته، به‌ده‌نی خۆت مافی له‌سه‌رته، خێزانت مافی له‌سه‌رته، مافی هه‌ر یه‌كه بده. ئه‌بودده‌رداء هاته خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) و باسه‌كه‌ی بۆ گێڕایه‌وه، پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمووی: سه‌لمان راستی كردووه».
٣- ئه‌بو سه‌عیدی خودری خوا لێی رازی بێت فه‌رمووی: «صَنَعْتُ لِرَسُولِ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ طَعَامًا فَأَتَانِي هُوَ وَأَصْحَابُهُ فَلَمَّا وُضِعَ الطَّعَامُ قَالَ رَجُلٌ مِنَ الْقَوْمِ: إِنِّي صَائِمٌ فَقَالَ رَسُولُ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: دَعَاكُمْ أَخُوكُمْ وَتَكَلَّفَ لَكُمْ. ثُمَّ قَالَ لَهُ: أَفْطِرْ وَصُمْ مَكَانَهُ يَوْمًا إِنْ شِئْتَ»[2]؛ «جارێک خواردنم بۆ پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) دروست کردبوو، خۆی و یاوه‌ره‌کانی ته‌شریفیان هێنا، که خواردنه‌که دانرا کابرایه‌ک وتی: من ناخۆم به‌ڕۆژووم، پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمووی: ئه‌و برایه‌تان ده‌عوه‌تی ئێوه‌ی کردووه و زه‌حمه‌تی کێشاوه. پاشان فه‌رمووی رۆژووه‌که‌ت بشکێنه دوایی ئه‌گه‌ر حه‌زت کرد رۆژێکی تر بیگره‌وه». بۆیه زۆربه‌ی ئه‌هلی عیلم رایان وایه که ئه‌و که‌سه‌ی رۆژووی سوننه‌تی گرتووه بۆی هه‌یه که‌ی ویستی بیشکێنێت به‌ڵام پێشیان چاک بووه بیگرێته‌وه له به‌ر ئه‌م حه‌دیسانه‌ی که هێنامانه‌وه.
٤- خاتوو عائیشه‌ش خوا لێی رازی بێت ده‌فه‌رموێ: «دَخَلَ عَلَيَّ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَقُلْتُ: إِنَّا خَبَأْنَا لَكَ حَيْسًا فَقَالَ: «أَمَا إِنِّي كُنْتُ أُرِيدُ الصَّوْمَ وَلَكِنْ قَرِّبِيهِ سَأَصُومُ يَوْمًا مَكَانَهُ»[3]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) هاته لام، عه‌رزم کرد: خۆراکی خورماو رۆنه‌که‌رێمان بۆ ئاماده کردووی. فه‌رمووی: ویستم به‌ڕۆژووبم (رۆژووه‌كه‌م به‌رده‌وام كه‌م) به‌ڵام (قه‌یدی نییه) بیهێنه پێشه‌وه، رۆژێكی تری له‌جیاتی ده‌گرمه‌وه».
٥- ئوممه هانئ خوا لێی رازی بێت فه‌رمووی: «أَنَّ رَسُولَ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ دَخَلَ عَلَيْهَا يَوْمَ الْفَتْحِ، فَأُتِيَ بِشَرَابٍ، فَشَرِبَ، ثُمَّ نَاوَلَنِي، فَقُلْتُ: إِنِّي صَائِمَةٌ، فَقَالَ رَسُولُ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: إِنَّ الْمُتَطَوِّعَ أَمِيرٌ عَلَى نَفْسِهِ، فَإِنْ شِئْتِ فَصُومِي، وَإِنْ شِئْتِ فَأَفْطِرِي »[4] له له‌فزێکی تردا:« الصَّائِمُ الْمُتَطَوِّعُ أَمِيرُ نَفْسِهِ، إِنْ شَاءَ صَامَ، وَإِنْ شَاءَ أَفْطَرَ»[5]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) له رۆژی فه‌تحی مه‌ککه‌دا ته‌شریفی هێنایه لای، خواردنه‌وه‌یه‌کیان بۆ هێنا ئه‌ویش خواردیه‌وه پاشان دایه من، وتم: قوربان من به‌ڕۆژووم، فه‌رمووی: رۆژووه‌وانی سوننه‌ت ئه‌میری نه‌فسی خۆیه‌تی، ده‌توانیت بیشکێنیت هه‌ر وه‌کو که ده‌توانیت به‌رده‌وام بیت»، له‌فزی حاکمیش: «رۆژووه‌وانی سوننه‌ت ئه‌میری نه‌فسی خۆیه‌تی، گه‌ر ویستی رۆژووه‌که‌ی به‌رده‌وام ده‌کات گه‌ر ویستیشی بیشکێنێت بۆی هه‌یه».
ئیمامان شافیعی وئه‌حمه‌د ده‌فه‌رموون رۆژووه‌وانی سوننه‌ت ئه‌گه‌ر شكاندی پێویست نابێت له‌سه‌ری رۆژێكی تری له‌جیاتی بگرێته‌وه. به‌ڵام ئیمامان ئه‌بو حه‌نیفه ومالیک ده‌فه‌رموون مادام به ئه‌نقه‌ست شكاندوێتی پێویسته رۆژێكی تر بیگرێته‌وه. ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌نه به‌ڵگه‌یان، فه‌رمووده‌ی زه‌عیفه یان لێكچوواندنه به‌ڵام ته‌واو نییه؛ ئه‌مان ده‌فه‌رموون:
الف- پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) به خاتوو عائیشه‌و خاتوو حه‌فسه‌ی فه‌رموو: «اقْضِيَا يَوْمًا مَكَانَهُ»[6]؛ «دوایی رۆژێكی تر له‌جیاتی بگرنه‌وه». به‌ڵام فه‌رمووده‌وانان ده‌فه‌رموون زه‌عیفه‌و حوكمێكی شه‌رعی وای پێ ده‌رناچێت.
ب- که فه‌رمووی: « وَلَكِنْ قَرِّبِيهِ سَأَصُومُ يَوْمًا مَكَانَهُ»، ئه‌وه ده‌رده‌خات که پێویسته رۆژووی سوننه‌تیش بگیرێته‌وه.
ج- ته‌واو کردنی رۆژووی سوننه‌ت وه‌كو ته‌واو كردنی حه‌ج وعومره‌یه. به‌ڵام له‌مه‌شا ته‌واو نه‌یانپێكاوه، چونكه ئه‌و كه‌سه‌ی نوێژ و رۆژووی به‌تاڵ ده‌كاته‌وه‌و به‌رده‌وام ده‌بێت تێیاندا گوناحبار ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌ی حه‌جه‌كه‌ی به‌تاڵ كاته‌وه هه‌ر ده‌بێت به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ری. كه‌وابوو خاڵی هاوبه‌شی لێكچوواندن له قیاس كردنه‌كه‌یاندا نییه. هه‌روه‌ها شافیعییه‌كان و حه‌نبه‌لییه‌كان و زانایانی ئوسول و فه‌رمووده ده‌فه‌رموون: ئه‌مه لێكچوواندنه له‌كاتی هه‌بوونی ده‌قی ئاشكرا‌و راشكاوده، ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه.
پێم وایه رۆژووه‌وانی رۆژووی سوننه‌ت ئه‌میری خۆیه‌تی و هه‌ركاتێک بخوازێت بۆی هه‌یه بیشكێنێت ومه‌رجیش نییه بیگرێته‌وه؛ سه‌رپشكه له گرتنه‌وه و له نه‌گرتنه‌وه‌شیدا؛ واللّه أعلم.
[3]. نه‌سائی: ٣٣٠٠؛ عبد الرزاق: 7793؛ داره‌قوتنی: 2237؛ به‌یهه‌قی: ٨٣٤١، ده‌فه‌رموێ: زه‌عیفه (صحیح فقه السنه ٢/١٤٠). نه‌سائی ده‌فه‌رموێ: هه‌ڵه‌یه. به‌یهه‌قی ده‌فه‌رموێ: لای ئه‌هلی حه‌دیس به فه‌رمووده هه‌ژمار نه‌کراوه.
[4]. داره‌قوتنی: ٢٢٢٢؛ به‌یهه‌قی: ٨٣٤٨؛ ئه‌حمه‌د: 26909.
[6]. ترمزی: ٧٣٥؛ نه‌سائی: ٣٣٠٠؛ ئه‌حمه‌د: 26267؛ زه‌عیفه (صحیح فقه السنة: ٢/١٤٠).