به‌م سێ رۆژه وتراوه «أیام البیض» واته ئه‌و رۆژانه‌ی شه‌وه‌كانیان رووناكه كه سێزده‌و چوارده‌و پازده‌و مانگه‌كانن؛ ئیبنوقوته‌یبه‌و زمانه‌وانانی تر فه‌رموویانه ده‌ركه‌وتنی مانگی چوارده‌و روناک كردنه‌وه‌ی شه‌وه تاریكه‌كه‌یان به سپێتی چواندووه و وتوویانه «أیام اللیال البیض»، دواتر «اللیال»ه‌كه‌ش لا دراوه. با بچینه سه‌ر فه‌رمووده‌کانی ئه‌م رۆژووه سوننه‌ته:
١- ئه‌بو هوڕه‌یڕه خوا لێی رازی بێت ده‌فه‌رموێ: «أَوْصَانِي خَلِيلِي صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بِثَلاَثٍ: صِيَامِ ثَلاَثَةِ أَيَّامٍ مِنْ كُلِّ شَهْرٍ، وَرَكْعَتَيِ الضُّحَى، وَأَنْ أُوتِرَ قَبْلَ أَنْ أَنَامَ»[1]؛ «هاوڕێی عه‌زیزم پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ئامۆژگاری کردم بۆ سێ شت (سێ شتی پێ راسپاردم): به‌ڕۆژووبوونی سێ رۆژ له‌هه‌رمانگێک، دوو ركات زوحاو پێش ئه‌وه‌ی بشخه‌وم نوێژی وتره‌كه‌م بكه‌م».
٢- ئه‌بو زه‌ڕی غیفاری خوا لێی رازی بێت ده‌فه‌رموێ: « أمَرَنَا رَسُولُ الله صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ أنْ نَصُومَ مِنَ الشَّهْرِ ثَلاثَةَ أيامِ الْبِيضِ: ثَلاثَ عشَرَةَ، وَأرْبَعَ عَشَرَةَ، وَخَمْسَ عَشَرَةَ»[2]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمانی پێ کردین که سێ رۆژی شه‌وه گه‌شداره‌کان (ئه‌و شه‌وانه‌ی مانگی چوارده‌یان تێدا ده‌ر ده‌که‌وێت) له هه‌ر مانگێک به‌ڕۆژوو بین؛ سێزده و چوارده و پازده‌ی مانگ».
٣- هه‌ر ئه‌بو زه‌ڕ خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه که پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) پێی فه‌رموو: «يَا أَبَا ذَرٍّ إِذَا صُمْتَ مِنَ الشَّهْرِ ثَلَاثَةَ أَيَّامٍ فَصُمْ ثَلَاثَ عَشْرَةَ وَأَرْبَعَ عَشْرَةَ وَخَمْسَ عَشْرَةَ»[3]؛ «ئه‌بو زه‌ڕ ئه‌گه‌ر سێ رۆژی مانگ به‌ڕۆژوو بوویت رۆژانی سێزده‌و چوارده‌و پازده‌ی بگره».
٤- ئه‌بو قه‌تاده خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه که پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمووی: « ثَلَاثٌ مِنْ كُلِّ شَهْرٍ، وَرَمَضَانُ إِلَى رَمَضَانَ، فَهَذَا صِيَامُ الدَّهْرِ كُلِّهِ»[4]؛ «له هه‌ر مانگیک سێ رۆژو ره‌مه‌زان تا ره‌مه‌زان ئه‌وه رۆژووگرتنی هه‌موو ساڵه‌كه‌یه». شه‌وكانی ده‌فه‌رموێ سێ رۆژی مانگه‌كان پێکه‌وه (بێ ره‌مه‌زان) ده‌که‌نه سی‌وسێ، هه‌ر رۆژێكیشه به ده به‌رابه‌ره ئه‌وه سێسه‌د و سی، ره‌مه‌زانه‌كه‌ش سی ئه‌وه رۆژووی ساڵه‌كه.[5]
٥- پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ئامۆژگاری ئیبنو عومه‌ری خوا لێیان رازی بێت كرد به « صُمْ مِنَ الشَّهْرِ ثَلاَثَةَ أَيَّامٍ، فَإِنَّ الحَسَنَةَ بِعَشْرِ أَمْثَالِهَا، وَذَلِكَ مِثْلُ صِيَامِ الدَّهْرِ»[6]؛ «له هه‌ر مانگێک سێ رۆژ به‌ڕۆژووبه، هه‌موو چاكه‌یه‌كیش ده به‌رابه‌ره، ئه‌وه‌ش وه‌كو رۆژوو گرتنی ساڵه‌كه‌یه». ریوایه‌تیش هه‌یه كه هاتنه خواره‌وه‌ی ئه‌و ئایه‌تی ده به‌رابه‌ری پاداشته په‌یوه‌ندی به‌م رۆژووه‌وانه‌وه هه‌بێت.
٦- خاتوو عائیشه خوا لێی رازی بێت فه‌رمووی: «كَانَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَصُومُ مِنَ الشَّهْرِ السَّبْتَ، وَالأَحَدَ، وَالِاثْنَيْنِ، وَمِنَ الشَّهْرِ الآخَرِ الثُّلَاثَاءَ، وَالأَرْبِعَاءَ، وَالخَمِيسَ»[7]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) له مانگێک شه‌ممه‌و یه‌كشه‌ممه‌و دووشه‌ممه به‌ڕۆژوو ده‌بوو، مانگێكی تر سێ‌شه‌ممه‌و چوارشه‌ممه‌وپێنج‌شه‌ممه».
7- موعازه‌ی عه‌ده‌وییه خوا لێی رازی بێت له خاتوو عائیشه‌ی پرسی خوا لێی رازی بێت: «أَكَانَ رَسُولُ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَصُومُ مِنْ كُلِّ شَهْرٍ ثَلَاثَةَ أَيَّامٍ؟ قَالَتْ: «نَعَمْ»، فَقُلْتُ لَهَا: «مِنْ أَيِّ أَيَّامِ الشَّهْرِ كَانَ يَصُومُ؟» قَالَتْ: لَمْ يَكُنْ يُبَالِي مِنْ أَيِّ أَيَّامِ الشَّهْرِ يَصُومُ»[8]؛ «ئه‌رێ پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) له هه‌رمانگێک سێ رۆژ به‌ڕۆژوو ده‌بوو؟ فه‌رمووی: به‌ڵێ. موعازه ده‌فه‌رموێ: عه‌رزم كرد: چ رۆژانێک له مانگه‌كه؟ فه‌رمووی: گوێی نه‌ده‌دایه، له هه‌موو رۆژه‌كانی مانگه‌كه‌ی ده‌گرت».
ئه‌وه‌ی له كۆی فه‌رمووده‌كان وه‌رده‌گیرێت ئه‌وه‌یه كه:
الف- گرتنی رۆژووی سێ رۆژ له‌هه‌ر مانگێكی عه‌ره‌بی سوننه‌تێكی گه‌وره‌یه‌و پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) وه‌ل (ته‌رک)ی نه‌كردووه.
ب- جه‌نابی (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) به پێی كات و بوار‌و ده‌رفه‌تی خۆی رۆژانی جیاوازی مانگه‌كانی گرتووه.
ج- ته‌ئكیدی له به‌ڕۆژوو بوونی رۆژانی سێزده‌و چوارده‌و پازده‌ی مانگه‌كان كردۆته‌وه.
د- حافز ئیبنو حه‌جه‌ری عه‌سقه‌لانی له «فتح الباری»دا ده بۆچوونی فه‌رمووده‌وانان و شه‌رعناسانی هێناوه‌ته‌وه كه هه‌ر یه‌كه‌یان پشتی به یه‌كێک له‌م به‌ڵگانه به‌ستووه، سه‌رجه‌می هه‌موویان ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن كه موسوڵمان سه‌رپشكه له هه‌ڵبژاردنی سێ رۆژدا».
ه- ده‌شێت سێ رۆژی تری غه‌یری سێ رۆژی شه‌وه رووناكه‌كانیش (أیام البیض: سێزده‌و چوارده‌و پازده) به‌ڕۆژوو بێت هه‌تا بشگاته نۆ رۆژ: سێ له سه‌ره‌تای مانگ وسێی شه‌وه رووناكه‌كان و سێ رۆژیش له كۆتایی مانگه‌كه‌دا یان شه‌ممه‌و یه‌کشه‌ممه‌و دووشه‌ممه یان سێ‌شه‌ممه‌و چوار شه‌ممه‌و پێنج‌شه‌ممه‌یه‌كی سه‌ره‌تا یان ناوه‌ڕاست یان كۆتا؛ ئه‌مانه هه‌مووی جائیزن.[9] واللّه تعالی أعلم.
[1]. بوخاری: ١٩٨١؛ موسلیم: ٧٢١.
[2]. ئه‌بوداوود: ٢٤٤٩؛ نه‌سائی: ٢٤٢٣-٢٤٢٢؛ ئیبنو ماجه: ١٧٠٧؛ ئه‌حمه‌د: ٢٠٣١٦؛ ئیبنوحیببان: ٣٦٤٨.
[3]. نه‌سائی: ٢٤٢٤؛ ترمزی: ٧٦١؛ ئه‌حمه‌د: ٢١٤٣٧؛ ئه‌لبانی به حه‌سه‌نی ناساندووه (له صحیح النسائی: ٢٤٢١٢).
[4]. موسلیم: ١١٦٢؛ ئه‌بوداوود: ٢٤٢٥؛ ئه‌حمه‌د: ٢٢٥٣٧.
[5]. نیل الأوطار: ٨٣٥-٨٣٦.
[6]. بوخاری: 1976؛ موسلیم: 721.
[7]. ترمزی: ٧٤٦، ده‌شفه‌رموێ: حه‌سه‌نه؛ ئه‌بوداوود: ٢٤٥٠؛ نه‌سائی: ٢٤١٥.
[8]. موسلیم: ١١٦٠؛ ترمزی: ٧٦٣؛ ئه‌بوداوود: ٢٤٥٣.
[9]. المجموع: ٦/٩؛ نیل الأوطار: ٨٣٤-٨٣٦؛ سبل السلام: ٤٣٠-٤٣١؛ صحیح فقه السنة: ٢/١٣٨.