مه‌رجێتی دیتنی هه‌یڤ
زانینی هه‌یڤ به دیتنه نه‌ک به رۆژژمێرو حساباتی گه‌ردوونی (گه‌ردوونناسی فه‌له‌كی)؛ که‌واته بۆ دیاریكردنی ره‌مه‌زان وجه‌ژن ده‌بێت ته‌نها ئیعتیماد بكرێته سه‌ر بینینی هه‌یڤ. ئیمامی ئیبنو ته‌یمییه ده‌فه‌رموێ: ئه‌وی ئیعتیماد بكاته سه‌ر حساباتی فه‌له‌كی له رووی شه‌رعییه‌وه گومڕایه‌و له دینیشدا بیدعه‌چییه.
هه‌ر حوكمێكی شه‌رعی په‌یوه‌ندی به كاته‌وه هه‌بووبێت كاته‌كه‌ی به پێی مانگی هه‌یڤین (هیلالی/ عه‌ره‌بی) دیاری كراوه: نوێژ، رۆژوو، حه‌ج، ماوه‌ی عیدده‌و... . زانینی ئه‌مه‌ش به بینینی هه‌یڤه‌كه‌یه، هه‌موو بینه‌رێكی موسوڵمانی راستگۆش به شاهید و هه‌واڵده‌ری راست وه‌رگیراوه‌و حوکمه‌کانی شه‌رع له‌و بوارانه‌دا له‌سه‌ر ئه‌و شایه‌تییه بنیات نراوه. تا سێسه‌د ساڵی سه‌له‌فیش ته‌واو بوو راجوێیی له‌سه‌ر ئه‌مه نه‌بوو، به‌پێچه‌وانه‌وه شه‌رعناسان كۆڕا (ئیجماع)یان له‌سه‌ری هه‌بوو.[1] دواتر هه‌ندێک له زانایانی گه‌ردوونناسی به حساب كردنی رۆژه‌كان كه‌وتنه دیاری كردنی ده‌سپێكی مانگه‌كان و ژماردنیان. له‌م سه‌رده‌می هه‌تیو كه‌وتنه‌ی ئوممه‌تیشدا كه‌مالیزمه‌كان له توركیا كه هه‌موو دینه‌كه‌یان گۆڕی بۆ یه‌كه‌مین جار رۆژانی ره‌مه‌زان وجه‌ژنه‌كان وبۆنه‌ی تریان ساڵ دوازده‌ی مانگه به رۆژژمێر (ته‌قویم) دیاری كرد‌و تا ئێستاش توركیا له‌سه‌ری ده‌ڕوات! ته‌نانه‌ت موسوڵمانانی كوردی توركیاش كه شافیعین له‌وانه‌ی دژی رژێمن و له رۆژئاوا ده‌ژین پابه‌ندن به ده‌سپێكی ره‌مه‌زان وجه‌ژنی ته‌قویمی ده‌وڵه‌تی توركیاوه كه زۆرینه‌ی ساڵان پێچه‌وانه‌ی ره‌فتاری هه‌موو موسوڵمانانی جیهانه!
كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمووی: «فَإِنْ غُمَّ[2] عَلَيْكُمْ، فَأَكْمِلُوا الْعِدَّةَ ثَلاَثِينَ»، واته ئه‌گه‌ر هه‌ور به‌ربه‌ستی بینینی هه‌یڤ بوو خۆتان سی شه‌وه‌كه‌ی شه‌عبان ته‌واو كه‌ن. ریوایه‌ته‌كانی تریش جه‌خت له حساب كردنی رۆژانی مانگی شه‌عبان ده‌كه‌نه‌وه. به‌ڵام كه‌له فه‌رمووده‌یه‌كیاندا ده‌فه‌رموێ: «فَإِنْ غُمَّ عَلَيْكُمْ فَاقْدُرُوا لَهُ» واته ئه‌گه‌ر هه‌ور رێی دیتنی هه‌یڤی لێ گرتن خۆتان ته‌قدیری بكه‌ن، یه‌عنی سی رۆژه‌كه‌ی شه‌عبان ته‌قدیر بكه‌ن. كه‌چی هه‌ندێک لێكدانه‌وه‌یه‌كی تریان بۆ كرد كه گوایه ده‌فه‌رموێ حساباتی گه‌ردوونی بۆ بكه‌ن و به زانستی فه‌له‌کی دیاری بكه‌ن! جمهوری شه‌رعناسان (جگه له قه‌ولێكی ئیمام ئه‌حمه‌د) ده‌فه‌رموون: واتای فه‌رمووده‌که ته‌قدیری سی رۆژه‌كه‌ی شه‌عبانه، خه‌تتابی ده‌فه‌رموێ ئه‌مه بۆچوونی سه‌له‌ف وخه‌له‌فه.
ئیبنو سوره‌یج وموتته‌ڕیفی كوڕی عه‌بدوڵڵاو ئیبنو قوته‌ییه فه‌رموویانه: حساباتی گه‌ردوونی بۆ بكه‌ن، واته بزاوتی ئه‌ستیره ومانگ وخۆر قۆناغ به‌قۆناغ (كه پێیان ده‌وت مه‌نازیل) حساب بکه‌ن. حافز ئیبنو حه‌جه‌ر له «فتح الباري»دا ده‌فه‌رموێ ئیبنو عه‌بدولبه‌ڕ ده‌فه‌رموێ: ئه‌مه راست نییه، چونكه قه‌ولی وا له‌موتته‌ریف ناوه‌شێته‌وه. ئیبنو قوته‌یبه‌ش ئه‌و که‌سه نییه بۆ یه‌کلایی کردنه‌وه‌ی بۆچوون لای به لاوه بکرێت! ئه‌وه‌ی ئیبنو سوره‌یجیش، ئیبنو لعه‌ره‌بی لێوه‌ی نه‌قڵ كردووه که «فَاقْدُرُوا لَهُ» تایبه‌ته به ئه‌هلی ئه‌م زانسته‌وه (علم الفلك)، ده‌نا خه‌ڵکی هه‌ر پابه‌ندن به ته‌واو کردنی سی رۆژه‌که‌ی شه‌عبانه‌وه! ئه‌مه‌ش له پارسه‌نگی شه‌رعناسان دووره.
ئیبنو به‌تتال ده‌فه‌رموێ: فه‌رمووده‌كه خۆی ره‌تكردنه‌وه‌ی بۆچوونی ژمێریارانی گه‌ردوونی له خۆ گرتووه كه ده‌فه‌رموێ « فَاقْدرُوا لَهُ»، روون كردنه‌وه‌ی ئه‌م فه‌رمانه له ریوایه‌ته‌كانی تردایه، وه‌ک: « فَأَكْمِلُوا العِدَّةَ ثَلاَثِينَ»، واته رۆژی سییه‌می شه‌عبانیش هه‌ر بخۆن وبخۆنه‌وه. سه‌نعانی ده‌فه‌رموێ: ئه‌مه باشترین لێكدانه‌وه‌یه. باجی مالیكی ده‌فه‌رموێ: كۆڕا (ئیجماع)ی سه‌له‌ف هه‌نجه‌ت (حوججه)یه له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی به حساباتی فه‌له‌كی ره‌مه‌زان دیاری ده‌كه‌ن. ئیبنو به‌زیزه‌ش (هه‌ر مالیکییه) ده‌فه‌رموێ: شه‌رع ئاسانكاری كردووه و گه‌ردوونناسان قورسكاری. هه‌ر شه‌رعیش رێی قاڵ وقوڵ بوونه‌وه‌ی حساباتی فه‌له‌كی لێگرتووین چونكه هه‌مووی ته‌قدیرات كردنه. ئه‌مه جگه له فه‌رمووده رۆشنه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) كه بوخاری له ئیبنو عومه‌ره‌وه خوا لێیان رازی بێت هێناوێتیه‌وه كه ده‌فه‌رموێ: «إِنَّا أُمَّةٌ أُمِّيَّةٌ، لاَ نَكْتُبُ وَلاَ نَحْسُبُ، الشَّهْرُ هَكَذَا وَهَكَذَا»[3]؛ «ئێمه ئوممه‌تێكی نه‌خوێنده‌وارین، نه نووسینمان هه‌یه نه ژمێریاریی، مانگه‌كه‌ش ئاوایه وئاوایه» واته جارێک بیست‌و نۆیه‌و جارێكی تر سییه[4].
«الشَّهْرُ» ئه‌لف ولامه‌كه‌ی عه‌هده واته باس له مانگێک ده‌فه‌رموێت كه بیسه‌ران ده‌زانن مه‌به‌ستی چ مانگێكه، كه دیاره باسه‌كه باسی مانگی ره‌مه‌زانه، چونكه له ریوایه‌تی موسلمیدا ده‌فه‌رموێ: «إِنَّمَا الشَّهْرُ تِسْعٌ وَعِشْرُونَ فَلَا تَصُومُوا حَتَّى تَرَوْهُ، وَلَا تُفْطِرُوا حَتَّى تَرَوْهُ...»؛ «مانگه‌كه بیست و نۆیه به‌ڕۆژوو مه‌بن و کۆتاییشی پێ مه‌هێنن تا هه‌یڤ ده‌بینن». بێگومان مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه كه كه‌سانێكتان بیبینن نه‌ک رۆژووی یه‌ک یه‌كتان به بینینی یه‌ک یه‌كتان بۆ هه‌یڤ ببه‌ستنه‌وه! ئیبنو مه‌سعود ده‌فه‌رموێ: له‌خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوادا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) بیست و نۆ رۆژیمان زیاتر گرت وه‌ک له‌سی رۆژه، پێغه‌مبه‌ری خواش (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ٩ ره‌مه‌زان به‌ڕۆژوو بوو، ئه‌وه‌ش یه‌عنی لانی كه‌م پێنج جاریان بیست و نۆ رۆژی بووه.
ئیمامی نه‌وه‌وی ده‌فه‌رموێ «الشَّهْرُ هَكَذَا وَهَكَذَا»؛ «بیست و نۆ رۆژ ده‌بێت یان سی رۆژ» به ئیعتیباری بینینی هه‌یڤه، چونکه مانگ جاری وا هه‌یه ته‌واوه‌و سییه، جاری واش هه‌یه ناته‌واوه‌و بیست و نۆیه، جاری واش هه‌یه هه‌یڤ نابینرێت بۆیه پێویسته سییه‌که‌ی شه‌عبان ته‌واو بکرێت. وتووشیانه: ده‌شێت تا چوار مانگی هه‌یڤین له‌سه‌ر یه‌ک بیست و نۆ بیست و نۆ بن، به‌ڵام زیاتر له چوار مانگ له‌سه‌ریه‌ک ناشێت.[5]
ئیمامی ئیبنو ته‌یمیه به ته‌فسیل به‌رپه‌رچی ئه‌و كه‌سانه‌ی داوه‌ته‌وه كه به‌حساباتی فه‌له‌كی ده‌سپێكی ره‌مه‌زان دیاری ده‌كه‌ن یان كۆتاییه‌كه‌ی.[6]
[1]. صحیح فقه السنة: ٢/٩١.
[2]. له ریوایه‌ته جیاوازه‌کاندا هاتووه : «فإن غمّ علیكم»، «و إن أغمي علیکم»، «إن غمي»، «إن غُمّیَ»، «إن غبِّیَ علیکم»؛ هه‌مووی هه‌ر یه‌ک مانایه که ئه‌گه‌ر به هۆی هه‌وره‌وه شاراوه بوو لێتان.
[3]. بوخاری: ١٨١٤؛ موسلیم: ١٠٨٠.
[6]. وا له به‌رگی ٢٥ی مجموع الفتاوی، لاپه‌ڕه ٥٨-٩٠ له سه‌ر ئه‌وه باسه‌یه.