سه‌لماندنی هاتنی مانگی ره‌مه‌زان
باسی یه‌که‌م: بینینی هه‌یڤی ره‌مه‌زان
باسی دووه‌م: ته‌واو كردنی سی رۆژه‌ی شه‌عبان
پێشه‌کی:
گرنگی دیاری كردنی خواپه‌رستنی موسوڵمان له‌وه‌دایه كه هه‌موو خواپه‌رستییه سه‌ره‌كییه‌كانی (وه‌كو چوار روكنه‌كه) به دیارده‌ی گه‌ردوونییه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه تا ده‌سه‌ڵاتدار نه‌توانێت به كه‌یفی خۆی وبه‌رژه‌وه‌ندی كورسیه‌كه‌ی بڕیار بدات و کات و چۆنیه‌تی دیاری بکات! كابرای موسوڵمان ده‌زانێت كه‌ی نوێژی نیوه‌ڕۆیه؛ كه خۆر له چه‌قی ئاسمانه‌وه به‌ره‌و خۆرئاوا لاربۆوه. كه‌ی ره‌مه‌زانه؛ كه هه‌یڤ (مانگ)ی بینی. هه‌روه‌ها كاتی زه‌كات وحه‌ج وجیهاد و ئه‌وانی تریش.
ئێستا که ئێمه له باسی رۆژووداین ئه‌م پرسیاره‌مان لا دروست ده‌بێت که کاتی رۆژوو گرتن چۆن ده‌سه‌لمێت؟ له وه‌ڵامدا ده‌ڵێین رۆژوو‌ی ره‌مه‌زان به سه‌لماندنی هاتنی مانگی ره‌مه‌زان ده‌بێت، ئه‌مه‌ش به دوورێگایه:
١- بینینی هه‌یڤ.
٢- ته‌واوكردنی سی رۆژه‌ی مانگی شه‌عبان (پێش ره‌مه‌زان).
بۆیه له دوو باسی تایبه‌تدا له‌سه‌ر هه‌ردووکیان ده‌دوێین.
باسی یه‌که‌م
بینینی هه‌یڤی ره‌مه‌زان
خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: «فَمَن شَهِدَ مِنكُمُ الشَّهْرَ فَلْيَصُمْهُ» [البقرة: ١٨٥]؛ «هه‌ر كه‌سێكتان ئاماده‌ی مانگی ره‌مه‌زان بوو (ره‌مه‌زانی به‌سه‌ردا هات) با رۆژووه‌كه‌ی بگرێت». ده‌رباره‌ی بینینی هه‌یڤی ره‌مه‌زان له چه‌ند بابه‌تدا قسه ده‌که‌ین.
بابه‌تی یه‌که‌م
ژماره‌ی شاهیدانی هه‌یڤ
چه‌ندین فه‌رمووده هه‌ن كه‌جه‌خت له‌سه‌ر په‌یوه‌ست كردنی ده‌سپێک و كۆتایی هاتنی مانگی ره‌مه‌زان به دیتنی هه‌یڤه‌كه‌یه‌وه ده‌كه‌نه؛ بۆیه شه‌رعناسان له‌مه‌دا راجوێ نین، به‌ڵام راجوێییان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێک خاڵی تره، له‌وانه:
الف- ئایا شاهیدی یه‌ک كه‌س به‌سه بۆ رۆژووگرتن (ده‌سپێکی ره‌مه‌زان)؟ هه‌ندێک ده‌فه‌رموون به‌ڵێ وهه‌ندێكیش ده‌فه‌رموون نه‌خێر، دوو شاهید پێویسته.
ب- ئه‌گه‌ر شاهیدی یه‌ک كه‌س بۆ رۆژوو گرتنه‌كه‌ی ده‌سپێكی ره‌مه‌زان به‌سه ئایا بۆ دیتنی هه‌یڤی شه‌ووالیش یه‌ک كه‌س به‌سه كه كۆتایی به رۆژووه‌كه ده‌هێنرێت پێی؟ هه‌ندێک ده‌فه‌رموون به‌ڵێ وهه‌ندێكیش نه‌خیر.
ج- ئایا ئه‌و كه‌سه‌ی شاهیدییه‌كه ده‌دات مه‌رجه سه‌ربه‌ست و پیاو بێت یان كۆیله‌و ژنیش ده‌شێن؟ هه‌ندێک ده‌فه‌رموون مه‌رجه سه‌ربه‌ست و پیاو بێت و هه‌ندێكی تریش ده‌ڵێن شاهیدی كۆیله‌یه‌ک یان ژنێكیش به‌سه.
د- ئینجا ده‌پرسن: ئه‌گه‌ر دیتنی هه‌یڤی ره‌مه‌زان چه‌سپاو بڕیار درا سبه‌ینێ ره‌مه‌زانه یان جه‌ژنه ئایا وڵاته‌کانی تریش ده‌بێت بیكه‌ن به ره‌مه‌زان یان جه‌ژن؟ یان ئه‌وانیش له‌سه‌ر بینینی هه‌یڤ لای خۆیان حوكمی رۆژوو جه‌ژن ده‌رده‌كه‌ن؟
هه‌ر یه‌كێک له‌م پرسیارانه‌ش كلكه پرسیاری تری هه‌یه.
باجارێ له پێشدا فه‌رمووده‌كان بخه‌ینه به‌رده‌ست كه داوه‌رییه‌كه ده‌كه‌ن پاشان دێینه‌وه سه‌ر راجوێیی شه‌رعناسان ژماره‌ی شاهیدانی هه‌یڤ و پاشان بابه‌ته‌کانی تر ان شا‌ء اللّه
1- ئیبنو عومه‌ر خوا لێیان رازی بێت ده‌فه‌رموێت: «تراءى الناسُ الهِلالَ، فأخبرتُ رسولَ الله صلَّى الله عليه وسلم أني رأيتُه فَصَامَ وأمَرَ النَّاسَ بِصِيَامِهِ»[1]؛ «خه‌ڵكی بۆ دیتنی هه‌یڤی ره‌مه‌زان ده‌یانڕوانییه ئاسمان، هه‌واڵ مدایه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) كه من بینیم، ئیتر بڕیاری دا به‌ڕۆژوبێت و فه‌رمانی به خه‌ڵكه‌كه‌ش دا كه به‌ڕۆژووبن». ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر قبوڵكردنی شایه‌تی یه‌ک كه‌س بۆ راگه‌یاندنی فه‌رزی رۆژوو‌ی ره‌مه‌زان. هه‌روه‌ها به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه به‌رپرسێتی كاربه‌ده‌ستانی وڵاتی ئیسلامه‌كه لێی دڵنیا بن و رایگه‌یێنن نه‌بادا راجوێیی ون اكۆكی له‌سه‌ر دروست ببێت و خه‌ڵكانێک مه‌حرووم بن له پاداشتی رۆژووه‌كه‌یان و قه‌رزاری گرتنه‌وه‌شی بن.
٢- ئیبنو عه‌بباس خوا لێیان رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «جا‌ء أعرابيٌّ إلى النبيَّ صلَّى الله عليه وسلم، فقال: إني رأيتُ الهِلالَ. فقال: أتَشْهَدُ أن لا إله إلا الله؟ قال: نعم، قال: أتَشهدُ أن محمداً رسولُ الله؟ قال: نعم، قال: يا بلالُ، أذِّن في النَّاسِ، فليصُومُوا غداً»[2]؛ «كابرایه‌كی ئه‌عرابی هاته خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) وعه‌رزی كرد: هه‌یڤم بینی. فه‌رمووی شایه‌تی ده‌ده‌ی که هیچ په‌رستراوێک حه‌ق نیه جگه زاتی پاکی الله؟ عه‌رزی كرد: به‌ڵێ. فه‌رمووی: شایه‌تی ده‌ده‌ی که موحه‌ممه‌د نێردراوی خوایه؟ عه‌رزی كرد: به‌ڵێ. فه‌رمووی: ده‌ی سا بیلال به خه‌ڵكی راگه‌یێنه كه سبه‌ینێ به‌ڕۆژوو بن».
شه‌وكانی ره‌حمه‌تی خوای لێبێت دوای هێنانه‌وه‌ی هه‌ر دوو فه‌رمووده‌که ده‌فه‌رموێ به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه شایه‌تی یه‌ک موسوڵمان به‌سه بۆ سه‌لماندنی رۆژوو‌ی ره‌مه‌زان؛ ئه‌مه‌ش بۆچوونی عه‌بدوڵڵای كوڕی موباره‌ک و ئه‌حمه‌دی كوڕی حه‌نبه‌ل و قه‌ولێكی شافیعییه، نه‌وه‌ویش ده‌فه‌رموێ ئه‌مه راستتره. به‌ڵام مالیک و له‌یس و ئه‌وزاعی و سوفیانی سه‌وری و قه‌ولێكی تری شافیعی ده‌فه‌رموون به دوو شاهید كه هه‌یڤیان بینبێت فه‌رزی رۆژوو‌ی ره‌مه‌زان ده‌چه‌سپێت، به‌ڵگه‌ی ئه‌مانیش ئه‌م ریوایه‌ته‌یه[3]:
٣- عه‌بدوڕڕه‌حمانی كوڕی زه‌یدی كوڕی خه‌تتاب له رۆژێكی گومان‌لێکراودا (رۆژێک پێش ره‌مه‌زان) وتاری دا، تێیدا فه‌رمووی: « أَلَا إِنِّي جَالَسْتُ أَصْحَابَ رَسُولِ اللَّهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ، وَسَاءَلْتُهُمْ، وَإِنَّهُمْ حَدَّثُونِي أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ: «صُومُوا لِرُؤْيَتِهِ، وَأَفْطِرُوا لِرُؤْيَتِهِ، وَانْسُكُوا لَهَا فَإِنْ غُمَّ عَلَيْكُمْ فَأَكْمِلُوا ثَلَاثِينَ، فَإِنْ شَهِدَ شَاهِدَانِ فَصُومُوا وَأَفْطِرُوا»[4]؛ «له خزمه‌ت یاوه‌رانی پێغه‌مبه‌ری خوادا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) دانیشتووم و پرسیارم لێكردوون، بۆیان گێڕانه‌وه كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رموویه‌تی: به بینینی هه‌یڤ به‌ڕۆژوو بن و به بینینی بیشكێنن (كۆتایی به ره‌مه‌زان بهێنن كه‌شه‌وی جه‌ژن ده‌كات)، ئه‌وه‌ش به خواپه‌رستی بزانن. ئه‌گه‌ر ئاسمان هه‌ور دایپۆشیبوو (نه‌تانده‌توانی هه‌یڤ ببینن) سی رۆژه‌ی شه‌عبان (مانگی پێشتر) ته‌واو كه‌ن. ئه‌گه‌ر دوو شاهیدی موسوڵمان شایه‌تییان بۆ دان به شایه‌تییه‌كه‌یان به‌ڕۆژووبن و به شایه‌تییه‌كه‌شیان بیكه‌ن به جه‌ژن».
شه‌رعناسانی خاوه‌ن ئه‌م به‌ڵگه‌یه ده‌فه‌رموون: دیاره ده‌بێت دوو شاهید بن وموسوڵمانیش بن، چونكه شایه‌تی كافر بۆ به‌ڕۆژبوون و كۆتایی پێهێنانی ناشێت.
٤- ئیبنو عومه‌ر خوا لێیان رازی بێت ده‌فه‌رموێ: «سَمِعْتُ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَقُولُ: «إِذَا رَأَيْتُمُوهُ فَصُومُوا، وَإِذَا رَأَيْتُمُوهُ فَأَفْطِرُوا، فَإِنْ غُمَّ عَلَيْكُمْ فَاقْدُرُوا لَهُ»[5]؛ «گوێم لێ‌بوو پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ده‌یفه‌رموو ئه‌گه‌ر هه‌یڤتان بینی به‌ڕۆژوو بن، ئه‌گه‌ر بینیتان كۆتایی پێ بهێنن، ئه‌گه‌ر هه‌ور رێی دیتنی گرتن ئه‌ندازه‌گیریی (ته‌قدیری) بۆ بكه‌ن». له ریوایه‌ته‌كه‌ی موسلیمدا ده‌فه‌رموێ « فَإِنْ أُغْمِيَ عَلَيْكُمْ فَاقْدِرُوا لَهُ ثَلَاثِينَ»؛ «ئه‌گه‌ر هه‌ور بوو، نه‌تانتوانی هه‌یڤ بینن خۆتان سی رۆژه‌كه‌ی شه‌عبان ته‌قدیر كه‌ن» كه كۆتایی هاتووه و ره‌مه‌زانه یان ماوێتی. ئه‌م فه‌رمووده به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر فه‌رز بوونی رۆژوو‌ی ره‌مه‌زان و كۆتایی هاتنی مانگه‌كه به دیتنی هه‌یڤ؛ هه‌یڤی یه‌ک‌شه‌وه‌ی ره‌مه‌زان وهه‌یڤی یه‌ک‌شه‌وه‌ی مانگی دواتر كه شه‌وواله. كۆڕا (ئیجماع) له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه بینینی هه‌ندێک موسوڵمان حوكمه شه‌رعییه‌كه ده‌چه‌سپێنێت، هه‌رچه‌نده فه‌رمانه‌كه بۆ هه‌موو موسوڵمانانه.[6]
هه‌ندێک له زانایان ئه‌مه‌شیان کردۆته به‌ڵگه‌و ده‌فه‌رموون به بینینی یه‌ک که‌سیش فه‌رمانی فه‌رمووده‌که ده‌چه‌سپێت.
٥- هه‌ر ئیبنو عومه‌ر خوا لێیان رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمووی: «الشَّهْرُ تِسْعٌ وَعِشْرُونَ لَيْلَةً، فَلاَ تَصُومُوا حَتَّى تَرَوْهُ، فَإِنْ غُمَّ عَلَيْكُمْ فَأَكْمِلُوا العِدَّةَ ثَلاَثِينَ»[7]؛ «مانگ ده‌شێت بیست و نۆ شه‌و بێت، به‌ڕۆژوو مه‌بن تا هه‌یڤ ده‌بینن، ئه‌گه‌ر هه‌وریش بوو سێ رۆژه‌كه‌ی شه‌عبان هه‌ژمارد كه‌ن»، واته رۆژی سییه‌می شه‌عبانیش هه‌ر بخۆن وبخۆنه‌وه‌و بۆ سبه‌ینێ به‌ڕۆژوو بن چونكه مانگی عه‌ره‌بی سی‌ویه‌كی نییه.
٦- ره‌بیعی كوڕی حیراش (رَبیع بن حِراش) له یاوه‌رێكی پێغه‌مبه‌ره‌وه (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ده‌گێڕێته‌وه: «اختلف الناسُ في آخر يومٍ من رمضانَ، فقدم أعرابيانِ فشهدا عندَ النبيَّ صلَّى الله عليه وسلم بالله لأهلاَّ الهِلال أمسِ عشيةً، فأمرَ رسولُ الله صلَّى الله عليه وسلم الناسَ أن يُفْطِرُوا»[8]؛ «خه‌ڵكی راجوێ بوون له كۆتا رۆژی ره‌مه‌زاندا كه سبه‌ی جه‌ژنه یان نا، دوو ئه‌عرابی هاتنه خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) سوێندیان خوارد كه دوێنێ ئێواره هه‌یڤیان بینیوه، ئیتر پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمانی دا رۆژوو بشكێنن چونكه جه‌ژنه».
7- ئیمامی شه‌وكانی ریوایه‌تێكی تری وه‌كو ئه‌مه‌ی پێشوو له ئه‌بو عومه‌یری كوڕی ئه‌نه‌سی كوڕی مالیكه‌وه خوا لێیان رازی بێت ده‌هێنێته‌وه: «أَنَّ رَكْبًا جَاءُوا إِلَى النَّبِيِّ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَشْهَدُونَ أَنَّهُمْ رَأَوُا الْهِلَالَ بِالْأَمْسِ، فَأَمَرَهُمْ أَنْ يُفْطِرُوا، وَإِذَا أَصْبَحُوا أَنْ يَغْدُوا إِلَى مُصَلَّاهُمْ»[9]؛ «كاروانێک هاتنه خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) و شایه‌تیان دا كه دوێنێ هه‌یڤیان دیوه، پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمانی پێدان كه رۆژووه‌كه‌یان بشكێنن و كه سپێده ته‌واو بوو به‌ره‌و جێ‌نوێژی جه‌ژن بچن».
هه‌ردوو فه‌رمووده‌كه وه‌كو شه‌وكانی له ئه‌بو حاته‌م (له «العلل»ه‌وه) نه‌قڵی كردووه به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر قبوڵكردنی شاهیدی ئه‌عرابی و شاهیدی هه‌ر كه‌سێكی تر كه رواڵه‌تی موسوڵمانه‌و شایه‌تمان ده‌هێنێت. دیاره به پشت به‌ستن به‌م فه‌رموودانه‌یه كه هه‌ندێک له شه‌رعناسان فه‌رموویانه شاهیدی كۆیله‌و ژنی موسوڵمانیش له فه‌رزبوونی رۆژوو‌ی ره‌مه‌زاندا شیاوه مادام هه‌یڤیان دیوه و خۆشیان موسوڵمانن.
٨- حارسی كوڕی حاته‌ب ئه‌میری مه‌ككه‌بوو (ساڵی ٦٦ ک) فه‌رمووی: «عَهِدَ إِلَيْنَا رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ أَنْ نَنْسُكَ لِلرُّؤْيَةِ، فَإِنْ لَمْ نَرَهُ، وَشَهِدَ شَاهِدَا عَدْلٍ نَسَكْنَا بِشَهَادَتِهِمَا »[10]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ئه‌وه‌ی تێگه‌یاندووین كه ده‌بێت به دیتنی هه‌یڤ ئه‌م خواپه‌رستییه بگرینه به‌ر، ئه‌گه‌ر هه‌یڤمان نه‌بینی و دوو شاهیدی جێمتمانه (سیقه) كه دادپه‌روه‌ردن (دیندارییان له رواڵه‌تدا ساغ و چاكه) شایه‌تی بینینیان دا ئه‌وه به‌ڕۆژوو ده‌بین له‌به‌ر شایه‌تی‌دانه‌كه‌ی ئه‌وان».
پاش هێنانه‌وه‌ی فه‌رمووده‌کان ده‌ڵێین: شه‌رعناسان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له شایه‌تیدانی دیتنی هه‌یڤی ره‌مه‌زان و شه‌ووالدا راجوێ بوون؛ ده‌شێت بڵێین سێ بۆچوونیان هه‌یه:[11]
بۆچوونی یه‌كه‌م- شایه‌تی یه‌ک موسوڵمان بۆ هه‌ردووكیان به‌سه:
واته ئه‌گه‌ر یه‌ک موسوڵمان (لای زۆرینه‌یان سه‌ربه‌ست وكۆیله‌و پیاو و ژن جیاوازییان نییه له شایه‌تیدانی ئێره‌دا) شایه‌تی دا كه هه‌یڤی بینیوه، ئه‌گه‌ر هه‌یڤی ره‌مه‌زان بوو به‌سه بۆ فه‌رزبوونی رۆژوو‌ی ره‌مه‌زان له‌سه‌ر هه‌موو موسوڵمانان، ئه‌گه‌ر هه‌یڤی شه‌ووال بوو به‌سه بۆ كۆتایی هێنان به‌ره‌مه‌زان و ده‌سپێكی شه‌ووال (واته جه‌ژن). ئه‌مه بۆچوونی ئه‌بو سه‌ورو ئیبنوحه‌زم وئیبنو روشده كه ده‌شفه‌رموێ بۆچوونی ئیبنولمونزیرو زاهیرییه‌كانیشه. شه‌وكانیش دوای تاووتوێی بۆچوونی هه‌مووان لایه‌نگری ئه‌مانی كردووه.
ئیبنولمونزیر ره‌حمه‌تی خوای لێبێت ده‌فه‌رموێ: مادام زانایان كۆڕایان (ئیجماعیان) له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه به شایه‌تی یه‌ک كه‌س ئوممه‌ته‌كه به‌ڕۆژوو ده‌بێت، كه‌وابوو ده‌بێت شایه‌تی یه‌ک كه‌سیش به‌س بێت بۆ كۆتایی ره‌مه‌زانه‌كه؛ چونكه جیاوازی نێوان ده‌سپێک و كۆتایی ره‌مه‌زان نییه‌ونیشانه‌ی دیاری كردنی هه‌ردووكیان هه‌ر یه‌كه. به‌ڵام وا پێده‌چێت ئه‌م ئیمامه به‌ڕێزه له‌مه‌دا نه‌یپێکابێت، چونکه زۆرینه‌ی شه‌رعناسان رایان وایه که یه‌ک شایه‌تی یه‌ک که‌س ته‌واوه بۆ ده‌سپێکی ره‌مه‌زان، نه‌ک كۆڕایان له‌سه‌ری هه‌بێت؛ واللّه أعلم.
شه‌وكانیش ره‌حمه‌تی خوای لێبێت به توندی لایه‌نگیریی ئه‌مانی كردووه‌و ده‌فه‌رموێ: مادام هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک نه‌بێت خه‌ڵكی باپه‌ند بكات به شایه‌تی زیاتر له یه‌ک كه‌سه‌وه كه‌وابوو هه‌ر به لێچوواندن (قیاس) له‌سه‌ر رۆژووگرتنه‌كه كه به شایه‌تی یه‌ک موسوڵمانی راستگۆ فه‌رز ده‌بێت كۆتایی هێنانیشی هه‌ر به شاهیدی یه‌ک شاهیدی راستگۆ ده‌بێت. هه‌روه‌ها مادام خواپه‌رستییه‌ک به شایه‌تی یه‌ک كه‌س بێته دی خواپه‌رستییه‌كانی تریش هه‌ر وان مه‌گه‌ر به‌ڵگه هه‌بێت له‌م رێسایه‌یان ده‌ركات. كه‌وابوو وه‌ک چۆن خواپه‌رستی رۆژووگرتن به یه‌ک شاهید چه‌سپێنرا خواپه‌رستی جه‌ژن وداخوازییه‌كانیشی به شایه‌تی یه‌ک موسوڵمان ده‌چه‌سپێت. حوكمی چه‌سپاندنی خواپه‌رستی یه‌ک شاهیدی ده‌وێت، به‌پێچه‌وانه‌ی شایه‌تی پاره‌و سامان كه دوانی ده‌وێت یان دادگا که هه‌ندێک جار زیاترشی ده‌وێت. بۆیه بۆچوونه‌كه‌ی ئه‌بو سه‌ورو هاوڕایانی په‌سه‌ندتره.[12]
دیسان ئه‌م شه‌رعناسه به‌ڕێزانه ده‌فه‌رموون شایه‌تیدانی یه‌ک شاهیده‌كه‌ی ره‌مه‌زان و شه‌ووال له راستیدا هه‌واڵدانه، بۆیه حاڵی وه‌كو حاڵی گێڕه‌ره‌وه‌ی فه‌رمووده (راوی) وایه كه ریوایه‌تی یه‌ک كه‌سیشی تێدا قبووڵه.
بۆچوونی دووه‌م- یه‌ک شاهید بۆ ره‌مه‌زان و دوو بۆ شه‌ووال:
واته به‌ڵێ شایه‌تی یه‌ک كه‌سی موسوڵمان بۆ چه‌سپاندنی فه‌رزێتی رۆژوو‌ی ره‌مه‌زانه‌كه قبوڵه‌و به‌ڵگه‌ی به‌هێزی هه‌یه، به‌ڵام بۆ كۆتایی پێهێنانی ئه‌م خواپه‌رستییه كه بینینی هه‌یڤی شه‌وواله دوو شاهیدی موسوڵمانی ده‌وێت، ئه‌مه‌شیان به‌ڵگه‌ی له‌سه‌ره‌و هه‌مووی ره‌ت ناكرێته‌وه. ئه‌مه‌ش بۆچوونی ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه ورای په‌سه‌ندكراوی ئیمامی شافیعی وئیمامی ئه‌حمه‌دو زاهیرییه‌كانه، ئیمامی ترمزیش ده‌فه‌رموێ ئه‌مه بۆ چوونی عه‌بدوڵڵای كوڕی موباره‌ک وئیمامی شافیعییه (له قه‌ولی په‌سه‌ندیدا) هه‌روه‌ها ئیمامی ئه‌حمه‌دیش.
ئیمامی نه‌وه‌وی له راڤه‌ی سه‌حیحی موسلیم و «المجموع»دا ده‌فه‌رموێ ئه‌مه (به‌سێتی یه‌ک شاهید) بۆ دیاری‌كردنی ده‌سپێكی ره‌مه‌زانه‌كه‌یه‌و به‌ڵێ وایه، به‌ڵام بۆ هه‌یڤی شه‌ووال (كه ده‌کرێته جه‌ژن) هه‌ر ده‌بێت دوو شاهید لانی كه‌م هه‌بن یان سی رۆژی ره‌مه‌زان ته‌واو كرابێت.
بۆچوونی سێیه‌م- هه‌ر یه‌كه‌یان دوو شاهیدی ده‌وێت:
واته دوو موسوڵمان شایه‌تی ده‌ده‌ن له‌سه‌ر دیتنی هه‌یڤی ره‌مه‌زان تا رۆژووه‌كه سبه‌ینێ بگیرێت، هه‌روه‌ها دوو موسوڵمان شایه‌تی ده‌ده‌ن كه هه‌یڤی شه‌ووالیان بینیوه‌و ره‌مه‌زان كۆتایی پێ هاتووه (سبه‌ینێ جه‌ژنه). ئه‌مه‌ش بۆچوونی ئیمامان مالیک و له‌یس و ئه‌وزاعی و سوفیانی سه‌وری و قه‌ولێكی ئیمامی شافیعییه كه فه‌رموویانه دوو شاهیدی عه‌دل واته راستگۆ‌و جێمتمانه له هه‌ر دووكیاندا پێویستن.
رای په‌سه‌ندكراو:
توێژینه‌وه‌و بۆچوونی پۆلی یه‌كه‌م به به‌هێز ده‌بینم، به‌ڵام رای ئیمامی نه‌وه‌وی و پۆلی دووه‌میشم پێ به‌هێزه له‌به‌ر هه‌بوونی به‌ڵگه‌كه‌كانی دوو شاهیدیی، هه‌رچه‌نده دیاره هه‌ندێک له فه‌رمووده‌وانان قسه‌یان له‌سه‌ر هه‌ندێک له پیاوانی سه‌نه‌ده‌كان كردووه، به‌ڵام خۆ هه‌رشه‌وكانی ره‌حمه‌تی خوای لێبێت قه‌ولی ئیمامی ئیبنو حه‌جه‌ری له‌سه‌ر ریوایه‌ته‌كه‌ی عه‌بدوڕڕه‌حمانی كوڕی زه‌ید: «فَإِنْ شَهِدَ شَاهِدَانِ...» (فه‌رمووده‌ی ژماره ٣ له فه‌رمووده‌کانی سه‌ره‌تای باسه‌که‌دا) هێناوه‌ته‌وه‌و ده‌رباره‌ی ده‌فه‌رموێ حافز له «التلخیصدا هێناوێتییه‌وه‌و تانه‌ی لێ نه‌داوه، سه‌نه‌ده‌كه‌شی باشه له‌گه‌ڵ ئه‌و راجوێییه‌ی تێشیدایه.[13]
دیسان بۆیه بۆ چوونی پۆلی دووه‌م به په‌سندتر دانا چونكه شه‌رعناسانی حه‌ره‌مه‌ین[14] له لیژنه‌ی به‌رده‌وامی توێژینه‌وه‌ی زانستی و فه‌توا به فه‌توای ژماره (١٦١٥)ی خۆیان له (١١/٧/١٣٩٧)دا په‌سه‌ندیان كردووه؛ كه‌وابوو به شاهیدی یه‌ک موسوڵمان ده‌كرێته ره‌مه‌زان وبه شاهیدی دوو موسوڵمان ده‌كرێته جه‌ژن؛ واللّه أعلم.
درێژه‌ی ئه‌م باسه له بابه‌تی دواتره
[1]. ئه‌بوداوود: ٢٣٤٢؛ فه‌رموویه‌تی به پێی مه‌رجی موسلیمه و ئیمامی زه‌هه‌بیش لێی بێده‌نگ بووه؛ ئیبنو حیببان: ٣٤٣٨؛ شێخی ئه‌لبانی به سه‌حیحی ناساندووه (إرواء الغلیل: ٩٠٨).
[2]. ئه‌بوداوود: ٢٣٤٠؛ ترمزی: ٦٩١؛ نه‌سائی: 2113؛ ئیبنو ماجه: ١٦٥٢؛ ترمزی فه‌رموویه‌تی: موڕسه‌له؛ هه‌روه‌ها شێخی ئه‌لبانی له «ضعیف أبی داوود» و «ضعیف الترمذي»دا هێناوێتیه‌وه.
[4]. ئه‌حمه‌د: 18895؛ نه‌سائی: 2116؛ شێخی ئه‌لبانی (له الإروا‌ء: ٩٠٩) ده‌فه‌رموێ: سه‌حیحه.
[5]. بوخاری: ١٩٠٠؛ موسلیم: ١٠٨٠.
[8]. ئه‌حمه‌د: 18824؛ ئه‌بوداوود: ٢٣٣٩؛ شه‌وکانی ده‌رباره‌ی ده‌فه‌رموێ: ئه‌بو داوود و مونزیری لێی بێده‌نگ بوون، پیاوانی سه‌نه‌ده‌که پیاوانی فه‌رمووده‌ی سه‌حیحن، نه‌زانینی ئه‌و یاوه‌ره‌ش نابێته مایه‌ی زه‌عیفیی فه‌رمووده‌که (نیل الأوطار: ٧٩٥).
[9]. شه‌وکانی ده‌فه‌رموێ: ئه‌حمه‌د و ئه‌بو داوود و نه‌سائی و ئیبنو ماجه ریوایه‌تیان کردووه‌و ئیبنولمونزیر و ئیبنو سه‌که‌ن و ئیبنو حه‌زمیش به سه‌حیحیان ناساندووه و ئیبنو حیببانیش له سه‌حیحه‌که‌یدا هێناویه‌تیه‌وه.
[10]. ئه‌بو داوود: ٢٣٣٨؛ داره‌قوتنی: ٢١٩١، ده‌شفه‌رموێ: سه‌نه‌ده‌که‌ی په‌یوه‌سته‌و فه‌رمووده‌که‌ی سه‌حیحه.
[11]. حاشیة ابن عابدین: ٢/٣٩٢؛ المجموع: ٦/٢٨٩؛ بدایة المجتهد: ١/٤٢٦؛ المغني: ٣/٢٨٩؛ المحلی: ٦/٢٣٥.
[12]. نیل الأوطار: ٧٩٤-٧٩٥.
[14]. که به زوڵم ناو نراوه «شانشینی سعودی»!!