ئه‌وانه‌ی رۆژوویان له‌سه‌ره‌و نایگرن
له‌م باسه‌دا ده‌رباره‌ی ئه‌و که‌سانه ده‌دوێین که له ئه‌سڵدا رۆژوویان له‌سه‌ره به‌ڵام به هۆی عوزرێکه‌وه نایگرن.
بابه‌تی یه‌كه‌م
ئه‌وانه‌ی به‌رۆژوو نابن و فیدیه ده‌ده‌ن
یه‌كه‌م- پیرو په‌ككه‌وته:
شه‌رعناسان له‌سه‌ر ئه‌وه رێكن كه ژن وپیاوی پیر كه توانای رۆژووگرتنیان نه‌ماوه له‌سه‌ریان نامێنێت و گرتنه‌وه‌شیان له‌سه‌ر نییه به‌ڵام له فیدیه‌دانیدا راجوێن:
جمهوری شه‌رعناسان ده‌فه‌رموون فیدیه ده‌ده‌ن، له‌بری هه‌ر رۆژوویه‌كی ره‌مه‌زان تێركردنی هه‌ژارێكیان له‌سه‌ره. هه‌ر پیرێكیش نه‌دار بوو فیدیه‌که‌شی له‌سه‌ر نامێنێت. به‌ڵام ئیمامی مالیک و ئیبنو حه‌زم ده‌فه‌رموێ فیدیه‌دان فه‌رز نییه له‌سه‌ر پیری ناتوانای رۆژووگرتن به‌ڵام باشتره بیدات. [1]
به‌ڵگه‌ی جمهور ئه‌م ئایه‌ته پیرۆزه‌یه: «وَعَلَى الَّذِينَ يُطِيقُونَهُ فِدْيَةٌ طَعَامُ مِسْكِينٍ» [البقرة: ١٨٤]؛ «ئه‌و كه‌سانه‌ی ناتوانن رۆژوو بگرن فیدیه‌یان له‌سه‌ر ده‌بێت كه‌خۆراكی هه‌ژارێكه». بوخاریش له عه‌تائه‌وه ده‌گێڕێته‌وه كه گوێی له ئیبنو عه‌بباس بووه خوا لێیان رازی بێت فه‌رمووی حوكمی ئه‌م ئایه‌ته هه‌ر به‌رده‌وامه، ئه‌مه حوكمی پیاو و ژنی پیره كه ناتوانن به‌ڕۆژووببن بۆیان هه‌یه فیدیه‌ی بده‌ن.
ئیمامی مالیک وئیمامی ئیبنو حه‌زم ره‌حمه‌تی خوایان لێبێت پشت ده‌به‌ستن به ریوایه‌تی سه‌له‌مه‌ی كوڕی ئه‌كوه‌ع خوا لێی رازی بێت كه ده‌رباره‌ی هاتنه خواره‌وه‌ی ئه‌و ئایه‌ته فه‌رمووی: «لَمَّا نَزَلَتْ: «وَعَلَى الَّذِينَ يُطِيقُونَهُ فِدْيَةٌ طَعَامُ مِسْكِينٍ» [البقرة: 184]. «كَانَ مَنْ أَرَادَ أَنْ يُفْطِرَ وَيَفْتَدِيَ، حَتَّى نَزَلَتِ الآيَةُ الَّتِي بَعْدَهَا فَنَسَخَتْهَا»[2]؛ «كاتێک ئه‌م ئایه‌ته هاته خواره‌وه «ئه‌و كه‌سانه‌ی توانای رۆژوو گرتنیان نییه با له‌جێی هه‌ر رۆژێک رۆژوو نه‌گرتنیان خۆراكی رۆژانه‌ی هه‌ژارێک بده‌ن» ئیتر ئه‌و كه‌سه‌ی بیویستایه رۆژووه‌كه‌ی نه‌گرێت خۆراكه‌كه‌ی ده‌دا، تا ئایه‌تی دوای ئه‌و هاته خواره‌وه‌و ئه‌م حوكمه‌ی سڕییه‌وه»، واته فیدیه‌دانی نه‌هێشت؛ ئه‌م دوو ئیمامه به‌ڕێزه ده‌فه‌موون كه‌وابوو فیدیه‌دان نه‌ماوه‌و ئه‌و پیره‌ی رۆژووی بۆ ناگیرێت فیدیه‌شی له‌سه‌ر نییه. به‌ڵام جمهور ده‌فه‌رموون: هه‌ر ئیبنو عه‌بباس ده‌فه‌رموێ نه‌سخ نه‌بۆته‌وه به‌ڵکو حوكمی فیدیه‌دانی كه‌سی توانا نه‌ماوه.[3] ئه‌مما پیرو په‌ككه‌وته‌وه‌و هاوشێوه‌یان فیدیه‌یان له‌سه‌ره.
دیاره بۆچوونی جمهور به‌هێزتره چونكه به‌ڵگه‌یان له‌گه‌ڵدایه‌و ئێمه‌ش وا ده‌ڵێینه‌وه والحمد لله؛ كه‌وابوو ئه‌و ژن و پیاوه‌ی له‌به‌ر پیری وبێ توانایی ناتوانن نه له ره‌مه‌زاندا به‌رۆژووبن و دوای ره‌مه‌زانیش بیگرنه‌وه بۆیان هه‌یه له‌جیاتی رۆژووی هه‌ر رۆژێكی ره‌مه‌زان فیدیه‌که‌ی بده‌ن، فیدیه یه‌عنی تێركردنی هه‌ژارێک، ده‌شێت به خۆراک بێت و ده‌شێت به پاره‌یی بیداتێ. ئیبنو عه‌بباس خوا لێیان رازی بێت ده‌فه‌رموێ: « رُخِّصَ لِلشَّيْخِ الْكَبِيرِ أَنْ يُفْطِرَ وَيُطْعِمَ عَنْ كُلِّ يَوْمٍ مِسْكِينًا وَلَا قَضَاءَ عَلَيْهِ »[4]؛ «مۆڵه‌ت دراوه به پیاوی پیر كه به‌ڕۆژوو نه‌بێت، له‌جیاتی هه‌ر رۆژێکی ره‌مه‌زان هه‌ژارێک تێر بكات، رۆژووشی له‌سه‌ر نامێنێت تا بیگرێته‌وه».
پێوه‌ری تێركردنی هه‌ژارێک له‌سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ری خوادا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) به رای حه‌نه‌فییه‌کان ساعێكی پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) بووه له هه‌موو خۆراکه‌کان و نیو ساع بووه له گه‌نم، ساعێک چوار مودد بووه‌و هه‌ر موددێكیش ٦٢٥ گرامی ئه‌م سه‌رده‌مه ده‌كات، كه‌وابوو به رای ئه‌وان فیدیه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه ٣٠٠٠ گرام (٣ كیلۆ) بووه له جۆ، خورماو برنج و دانه‌وێڵه‌ی تر و کیلۆو نیوێک بووه له گه‌نم. به‌ڵام به رای جمهوری شه‌رعناسان موددێکه (٦٢٥ گرام) له هه‌موو خۆراکێک.[5]
ده‌شێت پاره‌كه بداته هه‌ژاره‌كان یان رۆژی به هه‌ژارێک یان هه‌موویان به یه‌كجار ده‌عوه‌ت بكات وه‌كو ئه‌نه‌سی كوڕی مالیک خوا لێی رازی بێت ساڵێكیان زۆر لاواز بوو ره‌مه‌زانی بۆ نه‌گیراو بۆشی نه‌گیرایه‌وه، گۆشتاوێكی به نانه‌وه ئاماده كرد‌و سی هه‌ژاری بۆ بانگهێشت كرد.[6]
دووه‌م- نه‌خۆشی موزمین (به‌رده‌وام):
واته ئه‌و نه‌خۆشه‌ی نه‌خۆشینه‌كه‌ی ساڵ دوازده مانگه به‌رده‌وامه و ئومێدی چاكبوونه‌وه‌ی نییه چ له‌به‌ر بێ‌توانا بوونی بێت چ له‌به‌ر به‌كار هێنانی حه‌ب وده‌رمان. له‌وانه‌یه كه‌سێكی به‌خۆو به‌توانا بێت به‌ڵام شه‌كره‌یه‌تی و پێویست ده‌كات ناوبه‌ناو ئاو بخواته‌وه یان حه‌ب بخوات یان هه‌ر نه‌خۆشییه‌كی تری هاوشێوه. ئه‌م كه‌سانه‌ش وه‌كو پیرو په‌ككه‌وته رۆژوو ناگرن و فیدیه‌که‌شی ده‌ده‌ن.
ده‌شێت ئه‌م حوكمه كه‌سێكی تریش بگرێته‌وه كه به به‌ڕۆژوو بوونه‌كه (به برسێتی یان تینوێتی) نه‌خۆشییه‌كه‌ی زیاد بكات، ئه‌میش له ریزی ئه‌وانه‌دایه كه فیدیه‌که‌ی ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌و نه‌خۆشه‌ی ده‌ترسێت كه به رۆژووگرتن چاكبوونه‌وه‌ی دواكه‌وێت. ته‌نانه‌ت ئه‌م جۆره كه‌سانه ئه‌گه‌ر نه‌زریش بكه‌ن ره‌مه‌زانه‌كه (هه‌مووی یان چه‌ند رۆژێكی) یان غه‌یری ره‌مه‌زان به‌ڕۆژووبن، ئیمامی نه‌وه‌وی ده‌فه‌رموێ نه‌زره‌كه‌شیان دانامه‌زرێت وناشێت پێوه‌ی پابه‌ند بن[7].
ئه‌م نه‌خۆشانه (هه‌ر وه‌کو پیرو په‌ککه‌وته) ئه‌گه‌ر پاره‌ی فیدیه‌که‌یان له ره‌مه‌زان و دواتریدا نه‌بوو، هیچ ناده‌ن به‌ڵام ئه‌گه‌ر گه‌یشتنه‌وه ره‌مه‌زانی داهاتوو و پاره‌ی فیدیه‌یان هاته ده‌ست ده‌بێت بێده‌ن، چونكه وه‌كو قه‌رزه له‌سه‌ریان.[8] ئه‌مه‌ش رای جمهوری شه‌رعناسانه به‌پێچه‌وانه‌ی دوو ئیمامی به‌ڕێز مالیک و ئیبنو حه‌زم. داره‌قوتنی له‌نافیعه‌وه ده‌گێڕێته‌وه كه كابرایه‌ک نه‌خۆش بوو دوو یان سێ ره‌مه‌زانی به‌سه‌ردا هاتبۆوه، ئیبنو عومه‌ر خوا لێیان رازی بێت فه‌رمووی: «فَلْيُطْعِمْ مَكَانَ كُلِّ يَوْمٍ مِسْكِينًا مُدًّا مِنْ حِنْطَةٍ، ثُمَّ لَيْسَ عَلَيْهِ قَضَاءٌ »[9]؛ «با بۆ هه‌ر رۆژێكی رۆژووه‌كه‌ی چنگێک گه‌نم بداته هه‌ژارێک وگرتنه‌وه‌شی له‌سه‌ر نییه».
سێیه‌م- دووگیان (حامیله) و شیرده‌ر (دایه‌ن):
ئه‌میش له بازنه‌ی ئه‌و حوكمه شه‌رعییه‌دایه و ره‌نگه له‌پێشتریش بێت چونكه هه‌م توانای خۆی پێوه به‌نده هه‌م ژیانی كۆرپه‌له‌كه‌شی، بۆیه زۆرینه‌ی شه‌رعناسان ده‌رباره‌ی دووگیان ئاسانكارن. ئه‌گه‌ر دووگیان خه‌می كۆرپه‌له‌كه‌ی بوو كه رۆژووگرتنی ئه‌م، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر پێكهاته‌ی كۆرپه‌له‌كه‌ی دروست ده‌كات (پزیشكی پسپۆر وموسوڵمان یان دادپه‌روه‌رێكی ناموسوڵمان ئه‌مه‌ی بۆ سه‌ڵماندبوو) ده‌شێت رۆژووه‌كه نه‌گرێت و دوای منداڵبوون و دوای ماوه‌یه‌كیش له شیردانی ئه‌گه‌ر له توانایدا بوو و زیانی كه‌م‌خۆراكی بۆ كۆرپه‌كه‌ی نه‌بوو بیگرێته‌وه. به‌ڵگه‌مان ئه‌و فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ری خوایه (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ): «إِنَّ اللَّهَ عَزَّ وَجَلَّ وَضَعَ عَنِ الْمُسَافِرِ شَطْرَ الصَّلَاةِ وَالصِّيَامَ، وَعَنِ الْحَامِلِ وَالْمُرْضِعِ»[10]؛ «خوای گه‌وره رۆژووگرتن و نیونوێژی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه هه‌ڵگرتووه كه له سه‌فه‌ردایه هه‌روه‌ها له‌سه‌ر دووگیان وشیرده‌ر(رۆژووه‌که‌ی هه‌ڵگرتووه)». ئه‌مه باسی رۆژوو نه‌گرتن و گێڕانه‌وه‌ی، به‌ڵام شه‌رعناسان له‌سه‌ر فیدیه‌دانی دووگیان وشیرده‌ر چه‌ندین بۆچوونییان لا دروست بووه:
بۆچوونی یه‌که‌م- ده‌بێت رۆژووه‌كه‌ش بگرێته‌وه‌و له‌بری هه‌ر رۆژێكیش كه خواردوێتی (له ره‌مه‌زانه‌كه) فیدیه بدات. ئه‌مه‌ش بۆچوونی جمهوری پێشه‌وایانه (مالیک وشافیعی وئه‌حمه‌د).[11] ئه‌ڵبه‌ت شافیعییه‌كان وحه‌نبه‌لییه‌كان فه‌رموویانه ئه‌گه‌ر له ترسی خۆیان به‌ڕۆژوونه‌بوون هه‌رگرتنه‌وه‌كه‌یان له‌سه‌ر ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌به‌ر کۆرپه‌که‌یان بێت هه‌م گرتنه‌وه‌و هه‌م فیدیه ده‌که‌وێته سه‌ریان؛ ئه‌مه رای موجاهیدیشه.
بۆچوونی دووه‌م- هه‌رگرتنه‌وه‌یان له‌سه‌ره. ئه‌مه بۆچوونی عه‌تائی كوڕی ئه‌بوڕه‌باح وحه‌سه‌نی به‌سری و زه‌ححاک وئیبڕاهیمی نه‌خه‌عی و ئیمامی ئه‌وزاعی وسوفیانی سه‌وری و ئه‌بوحه‌نیفه‌و زوهری و ئه‌بو سه‌ور و یاوه‌رانی و ئه‌بوعوبه‌یده ره‌حمه‌تی خوایان لێبێت.[12]
بۆچوونی سێیه‌م- نایگرنه‌وه، ته‌نها فیدیه‌که‌ی ده‌ده‌ن. ئه‌مه‌ش بۆچوونی ئیبنو عه‌بباس و ئیبنو عومه‌ره و له تابعینیش سه‌عیدی كوڕی جوبه‌یرو ئیمامی ئیسحاق و له‌م سه‌رده‌مه‌شدا بۆ چوونی شێخی ئه‌لبانییه.[13] به‌ڵگه‌ێ ئه‌م بۆچوونه فه‌رمووده‌ی ئیبنو عه‌بباس و ئیبنو عومه‌ره؛ ئیبنو عه‌بباس خوا لێیان رازی بێت به ئوممه وه‌له‌دێکی[14] خۆی فه‌رموو كه ساوای هه‌بوو شیریی ده‌داێی: «أنتِ بمنزلة الذي لا يطيق فعليكِ الفداء ولا قضاء »[15]؛ «تۆ وه‌كو ئه‌و كه‌سه‌ی كه ناتوانێت رۆژووبگرێت، فیدیه‌ت له‌سه‌ره، به‌ڵام گێڕانه‌وه نا». هه‌روه‌ها نافیع ده‌گێرێته‌وه: «كَانَتْ بِنْتٌ لِابْنِ عُمَرَ تَحْتَ رَجُلٍ مِنْ قُرَيْشٍ وَكَانَتْ حَامِلًا فَأَصَابَهَا عَطَشٌ فِي رَمَضَانَ , فَأَمَرَهَا ابْنُ عُمَرَ أَنْ تُفْطِرَ وَتُطْعِمَ عَنْ كُلِّ يَوْمٍ مِسْكِينًا»[16]؛ «كچێكی ئیبنو عومه‌ر خوا لێیان رازی بێت كه ژنی پیاوێكی قوڕه‌یشی بوو دووگیان بوو له ره‌مه‌زاندا زۆری تینوو بوو ئیبنو عومه‌ر پێی فه‌رموو بیشكێنه وهه‌ر رۆژه‌و خۆراكی هه‌ژارێک بده».
بۆچوونی چواره‌م- دووگیان ته‌نها ده‌یگرێته‌وه، به‌ڵام شیرده‌ر ده‌یگرێته‌وه‌و فیدیه‌ش ده‌دات. ئه‌مه بۆچوونی ئیمامی مالیک ورایه‌كی شافیعییه‌كانه[17].
بۆچوونی شه‌شه‌م- نه گرتنه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌و نه فیدیه‌ش. ئه‌وه‌ش بۆچوونی ئیمامی ئیبنو حه‌زمه (رحمه اللّه)؛ ده‌فه‌رموێ كه مادام رۆژووه‌كه‌ی له‌سه‌ر نه‌مابێت ئیتر فیدیه‌ی چی؟ چ به‌ڵگه‌یه‌ک له‌سه‌ر فیدیه له دینه‌كه‌ی خوادا هه‌یه؟ هیچ! خوای گه‌وره گرتنه‌وه‌ی رۆژووه خوراوه‌كه‌ی ره‌مه‌زانی له‌سه‌ر نه‌خۆش و گه‌شته‌وان (موسافیر) و حه‌یزدار ئه‌و كه‌سه فه‌رز كردووه كه به‌ئه‌نقه‌ست خۆی ده‌ڕشێنێته‌وه ئه‌مما خۆراكدانیان به‌ڵگه‌ی له‌سه‌ر نییه و كه‌س بۆی نییه به بێ هه‌بوونی ده‌ق یان كۆڕا (ئیجماع) شتێک له‌سه‌ر خه‌ڵكی فه‌رزبكات[18].
پێم وایه رای جمهور (بۆچوونی یه‌كه‌م) په‌سه‌ندتر بێت له‌گه‌ڵ ره‌چاو كردنی بۆ چوونی دووه‌مدا؛ چونكه:
١- له‌وانه‌یه حاڵه‌ته‌كه‌ی خێزانی ئیبنو عه‌بباس و كچه‌كه‌ی ئیبنو عومه‌ر تایبه‌ت به‌وانه‌وه بووبێت و كه‌وتبنه حاڵه‌تێكی په‌رێشانییه‌وه ده‌نا ده‌بوایه چه‌ندین جار ئه‌م فه‌توایه‌یان له ره‌مه‌زانه‌كاندا لێ بیسترایه‌ته‌وه كه هه‌ردووكیان الحمد للّه ته‌مه‌نیان زۆربوو.
٢- رۆژووه‌كه ئه‌سڵًه فه‌رزه‌كه‌یه و به‌جێهێنانی داواكراوی ده‌ق و كۆڕایه، ئاسان كردنی له‌سه‌ر كه‌سانی تری غه‌یری ناوبراوی قورئان وسوننه‌ت به‌ڵگه‌ی به‌هێزتری ده‌وێت.
٣- رۆژوونه‌گرتن و فیدیه‌دانی له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستای كورددا پابه‌ندبوونی ئافره‌تان به رۆژووه‌وه شلترده‌كات كه الحمد للّه ده‌وڵه‌مه‌ندترن له ئافره‌تانی نه‌وه‌كانی رابردوو.
٤- پرسم به پسپۆڕی پزیشكی و دووگیانی و ژنانی دووگیان كردووه، پێیان وابووه كه به‌گشتی ژنانی دووگیان تا پێنج مانگی حه‌مل وشیرده‌ران تا ته‌مه‌نی پێنج مانگی ساواكانیان رۆژوو گرتن بۆیان سه‌خت و زیانمه‌نده، که‌واته با له‌م ماوه‌دا به‌ڕۆژوو نه‌بن. به‌ڵام له‌وه به‌دوا بیشیگرێت زیانی بۆ خۆی و کۆرپه‌که‌ی نابێت. به‌ڵام ئه‌و دووگیان و شیرده‌رانه‌ی له رووی جه‌سته‌ییه‌وه لاوازن یان كۆرپه‌كانیان زۆر پێویستن ده‌توانن نه‌یگرن.
که‌واته ده‌توانین بڵێین هه‌ر دووگیانێک وهه‌ر شیرده‌رێک رۆژووی ره‌مه‌زانی له‌به‌ر ئه‌و دوو هۆیه نه‌گرت قه‌رزاره‌و ده‌بێت دواتر بیگرێته‌وه‌و فیدیه‌ی له‌سه‌ر نییه (بۆچوونی دووه‌م)، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ره‌مه‌زانی داهاتووی به‌سه‌ردا هاته‌وه‌و نه‌یگرتبوو (حه‌ملی تریشی نه‌ببوو، نه‌خۆشینی تریشی نه‌بوو) ده‌بێت رۆژووكه‌ش بگرێته‌وه‌و كه‌فاره‌ته‌كه‌شی بدات؛ واللّه أعلم.
چواره‌م- خاوه‌ن ئیشی قورس:
شه‌رعناسان به شێوه‌یه‌كی گشتی له خانه‌ی نه‌توانین ئه‌و كه‌سانه‌شیان باس كردووه كه ساڵ دوازده‌ی مانگه له كاری قورسدان وبژێوی رۆژانه‌یان له سه‌رێتی وه‌كو به‌ردهه‌ڵكه‌ن وئاسنگه‌ر، له‌م زه‌مانه‌شدا سایه‌قی سه‌یاره‌ی كرێ و نانه‌واو كرێكارانی كانه‌خه‌ڵوزی به‌ردین وكانزای تر وزۆری تر؛ هه‌رچه‌نده له‌م سه‌رده‌مه‌دا له زۆر شوێن خاوه‌ن كاری قورس بۆی هه‌یه مۆڵه‌تی ساڵانه وه‌رگرێت بۆیه موسوڵمان ده‌بێت مشوری رۆژووی ره‌مه‌زانه‌كه‌ی بخوات و مۆڵه‌ته‌كه‌ی بخاته ئه‌و مانگه‌وه. ئه‌و كه‌سانه‌ش كه فه‌توایان بۆ ده‌ردرێت كه له كاری قورسدان تا به‌ڕۆژوو نه‌بن ده‌بێ ئه‌وه بزانن كه ئه‌مه حوكمی گشتییه وئه‌گه‌ر له توانایاندا هه‌بوو رۆژوو بوونیان چاكتره له فیدیه‌دان وه‌ک خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: «وَأَن تَصُومُواْ خَيْرٌ لَّكُمْ» [البقرة: ١٨٢]؛ «رۆژوو گرتنه‌كه‌تان چاكتره بۆتان»، واللّه أعلم.
[1] القوانین الفقهیه(٨٢)، المجموع(٦/٢٥٨)، المغنی(٣/٧٩)،کساف القناع(٢/٣٠٩)،بدایه المجتهد(١/٤٤٧).
[2]. بوخاری: ٤٥٠٧؛ موسلیم: ١١٤٥؛ ئه‌بوداوود: ٢٢١٥؛ ترمزی: ٧٩٨؛ نه‌سائی: 2316؛ داریمی: 1775.
[3]. العنایه علی الهدایة: ٢/٢٢٧، له په‌راوێزی «فتح القدیر»دایه.
[4]. داره‌قوتنی: 2380؛ حاکم: 1607، ده‌شفه‌رموێ به پێی مه‌رجی بوخارییه و سه‌حیحه. شێخی ئه‌لبانی ره‌حمه‌تیش ده‌فه‌رموێ: راسته وایه به‌ڵگه‌شه له سه‌ر ئه‌وه‌ی که ناتوانای رۆژوو گرتن له به‌ر پیری بێت یان نه‌خۆشی به‌رده‌وام رۆژی هه‌ژارێک تێر ده‌کات، ئه‌مه‌ش دروسته و فه‌رمووده‌ی لای ئیبنو عومه‌ر و ئه‌بوو هوڕه‌یڕه خوا لێیان رازی بێت ده‌یسه‌لمێنێت.
[5]. هه‌رچه‌نده له‌م زه‌مانه‌شدا ده‌شێت ٣ کیلۆ (به رای حه‌نه‌فییه‌کان) یان ٦٢٥ گرام (به رای جمهور) له‌و خۆراکه ناوبراوانه له بری رۆژووی هه‌ر رۆژێکی ره‌مه‌زان بدرێت به‌ڵام ده‌شێت پاره‌ی ژه‌مێ خواردنی ( شله‌و برنج یان دوو شیش که‌باب)ی مام‌ناوه‌ندی ئێستای کوردستانی بدرێتێ. ئه‌وانه‌ی له رۆژئاوا و وڵاتی هاوشێوه‌ی ده‌ژین (وه‌کو یابان و کۆریا و ئوسترالیا و ...) ده‌توانن ژه‌مێک خواردنی چێشتخانه‌ی ماکدوناڵد یان هاوشێوه‌ی بکه‌ن به پێوه‌ر، ئه‌گه‌رچی ئه‌و پێوه‌ره‌شمان پێ خۆش نه‌بێت چونکه وه‌کوو دۆلاره‌که‌یان – خوا سووکی کات – بۆته پێوه‌ری جیهانی! ئه‌وه‌ی ئه‌م که‌فاره‌ته ده‌دا له هه‌ر شارێک ده‌ژی به پاره‌ی ژه‌مه خۆراکێکی ئه‌وێ حسێبی ده‌کات نه‌ک به پاره‌ی ئه‌و شوێنه‌ی هه‌ژاره‌کانی لێیه.
[6]. داره‌قوتنی: ٢/٢٠٧؛ ئیبنو حه‌جه‌ر، فتح الباری: ٨.
[8]. هه‌مان سه‌رچاوه: ٦/٢٥٧.
[10]. ئه‌بوداوود: ٢٤٠٨؛ نه‌سائی: ٢٧٥؛ ترمزی: ٧١٥؛ ده‌فه‌رموێ حه‌سه‌نه؛ ئه‌حمه‌د: 19047؛ حه‌سه‌نه (صحیح فقه السنة: ٢/١٢٥).
[11]. ترمذي: ٣/٤٠٢؛ تحفة الأحوذي: ٧١.
[12]. بدایة المجتهد: ١/٤٤٦؛ جامع أحکام النساء: ٢/٣٩٤.
[13]. إرواء الغلیل: ٤/٢٤.
[14]. ئوممه‌وه‌له‌د ئه‌و که‌نیزه‌که‌یه که منداڵی ده‌بێت له خاوه‌نه‌که‌ی.
[16]. داره‌قوتنی: ٢/٢٠٧؛ شێخی ئه‌لبانی له الإروا‌ء (٤/٢٠) به سه‌حیحی ناساندووه.
[17]. بدایة المجتهد: ١/٤٤٦؛ المجموع: ٦/٢٧٣؛ المحلی: ٦/٢٦٥.