رێڕه‌و:
شه‌رعناسان هه‌موو له‌سه‌ر ئه‌وه كۆن كه رۆژووگرتنی ره‌مه‌زان فه‌رزه له‌سه‌ر كه‌سێك ئه‌م سیفه‌تانه‌ی هه‌موو تێدابێت:
الف- موسوڵمانێتی (كه‌وابوو له‌سه‌ر كافر فه‌رز نییه).
ب- ژیرێتی (له‌سه‌ر شێت وخه‌ڵه‌فاو و هاوشێوه‌یان فه‌رز نییه).
ج- باڵغ بوون (له‌سه‌ر منداڵ فه‌رز نییه به‌ڵام هان ده‌درێت له‌سه‌ری بۆ راهاتن).
د-له‌ش‌ساغی (له‌سه‌ر نه‌خۆش فه‌رز نییه چ نه‌خۆشی كاتیی چ نه‌خۆشی موزمین و به‌رده‌وام، هه‌روه‌ها ئه‌وی له حوكمیاندایه له‌به‌ر بێ‌توانایی یان له‌به‌ر كاری قورس).
د- نیشته‌جێیی (بۆیه له‌سه‌ر موسافیر فه‌رز نییه مه‌گه‌ر سه‌فه‌ره‌كه‌ی كورت و ئاسان بێت وخۆی بیگرێت).
ئه‌مانه بۆ نێرینه‌و مێینه‌ی موسوڵمان وه‌كو یه‌كه بەڵام بۆ ئافره‌ت به‌ته‌نها مه‌رجێکی تریش هه‌یه:
ه-پاكێتی له سوڕی مانگانه (حه‌یز) و زه‌یستانی.
باسی یه‌كه‌م
ئه‌وانه‌ی رۆژوویان له‌سه‌ر نییه
له رێڕه‌وه‌که‌دا به کورتی ئاماژه‌مان به‌و که‌سانه دا که رۆژوویان له‌سه‌ر نییه، لێره‌دا به ته‌فسیلێکی زۆرتر باسیان ده‌که‌ین.
١- کافر:
كافر رۆژووی له‌سه‌رفه‌رز نییه؛ رۆژوو خواپه‌رستییه‌كی ئیسلامییه و له‌سه‌ر موسوڵمان فه‌رزه نه‌ک له‌سه‌ر كافر، واته ئێمه داوای لێناكه‌ین بیگرێت ده‌نا شه‌رع داوای له‌ویش كردووه موسوڵمان ببێت وبیگرێت چونكه لقی ئه‌حكامه شه‌رعییه‌كان كافریش ده‌گرێته‌وه بۆیه سزای نه‌گرتنیان له‌قیامه‌تدا هه‌یه جگه له كوفره‌كه‌یان[1]و باأڵام ئێستا كه كافرن داوایان لێنه‌كراوه رۆژوو بگرن یان نوێژ بكه‌ن. كافری ئه‌سڵی ئه‌گه‌ر دوای ره‌مه‌زان موسوڵمان بوو داوای لێناكرێت رۆژووی ره‌مه‌زان بگرێته‌وه به‌ڵام ئه‌وی له‌ئیسلام پاشگه‌زبۆته‌وه (موڕته‌دد) دوای موسوڵمان بوونه‌وه‌ی قه‌رزاره‌و ده‌بێت رۆژووه‌كانی بگرێته‌وه ئه‌گه‌رچی له‌كاتی پاشگه‌زێتییه‌كه‌یدا داوای لێناكرێت به‌ڕۆژووبێت چونكه رۆژووه‌كه‌ی به فه‌رز له‌سه‌ر ده‌مێنێت. به‌ڵام ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه ده‌فه‌رموێ به پاشگه‌زبوونه‌وه خواپه‌رستییه‌كانی له‌سه‌ر لاده‌چێت، كه موسوڵمانیش بۆوه نایانگێڕێته‌وه.
كافر ئه‌گه‌ر به‌رۆژوو ببێت وه‌كو خواپه‌رستی به رۆژوو بۆی حسێب نابێت دواتر موسوڵمان ببێت یان نا، به‌پێچه‌وانه‌ی خێر‌و خێرات كردنه‌وه كه ئه‌گه‌ر موسوڵمان بوو رای په‌سه‌ند ئه‌وه‌یه كه پاداشتی له‌سه‌ر وه‌رده‌گرێته‌وه.
٢- شێت و ئه‌وی له حوكمیدایه:
ئیمامی نه‌وه‌وی ره‌حمه‌تی خوای لێبێت ده‌فه‌رموێ: ئه‌و فه‌رمووده سه‌حیحه‌ی كه ئه‌بو داوود ونه‌سائی له «كتاب الحدود» به ریوایه‌تی سه‌یدنا عه‌لی خوا لێی رازی بێت گێڕاویانه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها هه‌ر ئه‌بوداوود ونه‌سائی وئیبنوماجه له «كتاب الطلاق»دا له خاتوو عائیشه‌وه خوا لێی رازی بێت به‌سه‌نه‌دی حه‌سه‌ن ریوایه‌تیان كردووه كه‌ده‌فه‌رموێ:
« رُفِعَ القلم عن ثلاثةٍ: عن النَّائم حتى يستيقظَ، وعن الصَّبىِّ حتى يَحتَلِمَ، وعن المجنونِ حتى يَعقِلَ»[2]؛ «حوكمی شه‌رعی له‌سه‌ر سێ پۆل هه‌ڵگیراوه: خه‌وتوو تا به‌خه‌ر دێت، منداڵ تا باڵغ ده‌بێت و شێت تا ئه‌قڵی دێته‌وه به به‌ردا». حوكم له‌سه‌ر هه‌ڵگرتنی واته ناچار نه‌كردنی یان له‌سه‌ر لادانی کاتی، نه‌ک له‌سه‌ر لادانی یه‌كجاریی.
شێت ئه‌ركی شه‌رعی له‌سه‌ر نییه به به‌ڵگه‌ی ئه‌م فه‌رمووده و كۆڕای شه‌رعناسان، ئه‌گه‌ر دواتر ئه‌قڵی هاته‌وه به‌به‌رداوبووه‌وه به‌خاوه‌ن هزر ئه‌و كاته ئه‌ركه شه‌رعییه‌كانی له‌سه‌ر فه‌رز ده‌بێته‌وه به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ماوه‌ی شێتییه‌كه‌ی ناگێڕێته‌وه، له ره‌مه‌زاندا بووبێت یان كاتی تر، هه‌رچه‌نده ئیبنو سوره‌یج ره‌حمه‌تی خوای لێبێت ده‌فه‌رموێ ده‌بێ بیگرێته‌وه به‌ڵام وا پێناچێت پێكابێتی.
٣- سه‌رخۆش:
سه‌رخۆش كه خۆی بۆته‌مایه‌ی سه‌رخۆشبوونی ده‌بێ بیگرێته‌وه.
٤- بووراوه‌و له هۆشچوو:
ئه‌وی بووراوه‌ته‌وه‌و له‌هۆش خۆی چووه، ئه‌گه‌ر له ره‌مه‌زاندا هۆشی هاته‌وه قه‌رزاری رۆژووه‌كانی پێشووی ده‌بێت، ئه‌گه‌ر هه‌موو ره‌مه‌زانه‌كه بوورابۆوه له‌سه‌ری نامێنێت چونكه حوكمی ده‌كه‌وێته خانه‌ی حوكمی شێته‌وه.
ئه‌گه‌ر كه‌سێک ده‌رمانێكی خوارده‌وه‌و پێی بوورایه‌وه (له‌هۆش خۆی چوو) یان به‌هه‌ر هۆیه‌كی تری به‌ده‌ر له ویستی خۆی، رۆژووه‌كانی ده‌گێڕێته‌وه ونوێژه‌كانی نا (وه‌كو حوكمی حه‌یزدار)، گوناحباریش نابێت[3].
ئه‌گه‌ر شه‌و نییه‌تی رۆژووی سبه‌ینێی هێنابوو (بۆ نموونه له ئێواره‌وه) پاشان له هۆش خۆی چوو عه‌سر هۆشی هاته‌وه به‌ر، زۆرینه‌ی شه‌رعناسان ده‌فه‌رموون ده‌بێت رۆژێک رۆژوو بگرێته‌وه چونكه قه‌رزار بووه چونکه كه هۆشی هاتۆته‌وه هێشتا حوكمی رۆژوو به‌رده‌وام بووه ونییه‌ته‌كه‌شی به شه‌و هێناوه كه روكنی یه‌كه‌می دروستی رۆژووه.
٥- منداڵ (زارۆک):
وتمان منداڵ رۆژووی له‌سه‌ر فه‌رز نییه، چونکه فه‌رمووده‌کان راشکاوانه حوکمی فه‌رزێتیان له‌سه‌ر لابردوون؛ هه‌ندێکین ده‌فه‌رموون تاكاتی باڵغ‌بوونی، هه‌ندێکیشان ده‌فه‌رموون تا خه‌ونی شه‌یتانی ده‌بینێت.[4]
سه‌یدنا عه‌لی كوڕی ئه‌بو تالیب خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه كه پێغه‌مبه‌ر (صلّی اللّه علیه و سلّم) فه‌رموویه‌تی:« رُفِعَ القلم عن ثلاثةٍ: عن النَّائم حتى يستيقظَ، وعن الصَّبىِّ حتى يَحتَلِمَ، وعن المجنونِ حتى يَعقِلَ»[5]؛ «قه‌ڵه‌م له سه‌ر سێ که‌س هه‌ڵگیراوه (یه‌عنی حوکمیان له سه‌ر نه‌ماوه و شه‌رع داوای هیچیان لێ ناکات): له شێت تا ژیریی بۆ ده‌گێڕێته‌وه، خه‌وتوو تا هه‌ڵده‌ستێت، منداڵ تا باڵغ ده‌بێت.
كه مادام رۆژووی له‌سه‌ر فه‌رز نییه كه‌وابوو رۆژوو نه‌گرتنی ره‌مه‌زانه‌كه‌ی قه‌رزاری ناكات ونایگرێته‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر توانی به‌رۆژوو ببێت هان ده‌درێت وجورئه‌تی ده‌خرێته به‌ر تا به‌ڕۆژوو بێت، ئه‌گه‌ر له رۆژدا بێتاقه‌ت بوو، زۆر كڕووزایه‌وه یان وره‌ی به‌ردا رێی بدرێت كه‌مێک بخوات وخۆ بگرێته‌وه دیسان كه زۆرجار به‌منداڵ ده‌ڵێن: گرێی بده‌ره‌وه!
روبه‌ییعی کچی موعه‌ووه‌ز (خوا لێی رازی بێت) گێڕایه‌وه که : «أَرْسَلَ رَسُولُ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ غَدَاةَ عَاشُورَاءَ إِلَى قُرَى الْأَنْصَارِ، الَّتِي حَوْلَ الْمَدِينَةِ: مَنْ كَانَ أَصْبَحَ صَائِمًا، فَلْيُتِمَّ صَوْمَهُ، وَمَنْ كَانَ أَصْبَحَ مُفْطِرًا، فَلْيُتِمَّ بَقِيَّةَ يَوْمِهِ» فَكُنَّا بَعْدَ ذَلِكَ نَصُومُهُ، وَنُصَوِّمُ صِبْيَانَنَا الصِّغَارَ، وَنَذْهَبُ إِلَى الْمَسْجِدِ، فَنَجْعَلُ لَهُمُ اللُّعْبَةَ مِنَ الْعِهْنِ، فَإِذَا بَكَى أَحَدُهُمْ عَلَى الطَّعَامِ أَعْطَيْنَاهَا إِيَّاهُ حَتَّی یَکونَ عِنْدَ الْإِفْطَارِ »[6]؛ «پێغه‌مبه‌ر (صلّی اللّه علیه وسلّم) له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنی به‌یانی عاشورادا جوابی نارد بۆ پشتیوانه‌کان که له ده‌وری مه‌دینه بوون: هه‌ر که‌س به‌ڕۆژووه با رۆژووه‌که‌ی خۆی ته‌واو کات، ئه‌وی به‌ڕۆژووش نییه با تا به‌ربانگ هیچ نه‌خوات. پاش ئه‌وه ئیتر ئێمه هه‌موومان ئه‌و رۆژه به‌ڕۆژوو ده‌بووین و به منداڵه‌کانیشمان رۆژووه‌که‌مان ده‌گرت ( وامان لێ کردن به‌ڕۆژوو بن)، ده‌چووین بۆ مزگه‌وت، یاریمان له خوری بۆ دروست کردبوون، هه‌ر یه‌کێکیان که له برسان بگریایه به‌و یارییانه ژیریان ده‌کردنه‌وه، ئاوا تا به‌ربانگ».
شه‌رعناسان له دیاری كردنی ته‌مه‌نی منداڵدا بۆ رۆژووگرتن راجوێ بوون له نێوانی ٧ بۆ ١٢ ساڵان، شافیعییه‌كان ده‌فه‌رموون له ٧ بۆ ١٠، حه‌نبه‌لییه‌كان ده‌فه‌رموون ١٢ ساڵان، حه‌نه‌فییه‌کانیش هه‌ر له‌و نێوانه‌داو مالیكییه‌كانیش ده‌فه‌رموون سوننه‌ت نییه. به‌ڵام به‌وه وه‌ڵام دراونه‌ته‌وه كه له‌م ریوایه‌ته‌دا روبه‌ییعی کچی موعه‌وویز كه ده‌فه‌رموێ له زه‌مانی پێغه‌مبه‌ری خوادا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) وامان ده‌کرد، ئه‌مه حوكمی مه‌رفوعی هه‌یه چونكه ئه‌وه دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ناو یاوه‌ران بووه كه ئاوا ره‌فتاریان له‌گه‌ڵ زارۆكانی خۆیاندا كردووه و ناشێت پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) لێی بێ‌ئاگا بووبێت، كه ئاگای لێ بووه ناشێت پێی رازی نه‌بووبێت و لێی بێده‌نگ بووبێت؛[7] واللّه أعلم.
[2] . ابن خزیمة: 1003؛ 4401؛ ئه‌حمه‌د: ٢٤٦٩٤.
[4]. هه‌ندێک ده‌ڵێن شه‌یتانی ده‌بێت و هه‌ولێریش ده‌ڵێن شه‌یتان پێی پێده‌که‌نێ!
[5]. ئه‌بو داوود: ٤٤٠٣؛ ترمزی: ١٤٢٣؛ ئیبنو ماجه: ٢٠٤١؛ ئه‌حمه‌د: ١٠١.
[6]. بوخاری: ١٩٦٠؛ موسلیم: ١١٣٦.
[7]. نیل الأوطار: ٨٠١-٨٠٢.