رۆژوو له زمانی كوردیدا به‌رامبه‌ر «الصَّوم»ی عه‌ره‌بی دانراوه؛ له رووی زمانه‌وانییه‌وه خۆگرتنه‌وه‌ی مرۆڤ و ئاژه‌ڵه له خواردن و خواردنه‌وه و دوواندن و رۆیشتن. به هه‌وای وه‌ستاویش ده‌وترێت «صائم» واته سره‌وتوو، هه‌روه‌ها به‌خۆر كه له چه‌قی ئاسماندا ده‌بێت، چونكه پێی وتراوه وه‌ستاو (صامَت الشّمسُ).[1] هه‌روه‌ها به‌و ئێستره‌ی مانی گرتووه ناڕوات یان ئالیک ناخوات[2]. «الصوم» و «الصيام» چاوگن؛ ده‌وترێت: «صام یصوم صوما وصیاما فهو صائم».
له كوردیشدا رۆژوو ناوی ره‌فتاره‌كه‌یه؛ رۆژووگرتن، چاووگه. هه‌روه‌ها به‌ڕۆژوو بوون و پێ‌بوونیشی پێ دەڵێن؛ بۆیه به بكه‌ره‌كه‌ی ده‌وترێت: كه‌سی رۆژووه‌وان، كه‌سی به‌ڕۆژوو و كه‌سی پێ‌بوو، بۆ کرداره‌که‌ش ده‌وترێت: سبه‌ی رۆژوو ده‌گرم، به‌ڕۆژوو ده‌بم و پێ‌ده‌بم.
وه‌کو ئاماژه‌مان پێدا قورئان له‌سه‌ر زمانی خاتوو مه‌ریه‌م سه‌لامی خوای لێبێت ده‌رباره‌ی بڕیاری قسه‌نه‌كردنی ده‌فه‌رموێ: «إِنِّي نَذَرْتُ لِلرَّحْمَنِ صَوْمًا فَلَنْ أُكَلِّمَ الْيَوْمَ إِنسِيًّا» [مریم: ٢٦]؛ «من نه‌زرم كردووه له‌به‌ر خاتری خوا خۆ له قسه‌كردن بگرمه‌وه، تا كۆتایی ئه‌مڕۆ هیچ قسه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ كه‌سدا ناكه‌م».
كابرای شاعیریش (النابغة الذبیانی) له باسی ئه‌سپه‌كانیاندا كه هه‌ندێک خه‌ریكی ئالیک خواردنن و هه‌ندێكی تریان خۆیان له خواردن گرتۆته‌وه ده‌ڵێ:
خَيلٌ صِيامٌ وَخَيلٌ غَيرُ صائِمَةٍ تَحتَ العَجاجِ وَأُخرى تَعلُكُ اللُجُما[3]
واته: هه‌ندێک له‌ئه‌سپه‌كان خۆیان له‌خواردن گرتۆته‌وه و هه‌ندێكی تریشیان نا، هه‌مووشیان وان له ژێر ته‌پوتۆز، هه‌ندێكی تریشیان لغاوه‌كه‌ی ده‌جوێت.
له رووی زاراوه‌ییشه‌وه رۆژوو خۆگرتنه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ته له كاتێكی تایبه‌ت و له شتی تایبه‌ت بۆ كه‌سانی تایبه‌ت؛ واته خۆگرتنه‌وه له‌وانه‌ی رۆژوو ده‌شكێنن له سپێده‌ی به‌یانییه‌وه تا خۆرئاوابوون. خۆ گرتنه‌وه له‌خواردن وخواردنه‌وه‌و
سه‌رجێیی ژن و پیاو (جیماع) بۆ ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن عوزری به‌ڕۆژوو بوون نین.[4]
ئیمامی نه‌وه‌وی ره‌حمه‌تی خوای لێبێت ده‌رباره‌ی ره‌مه‌زان ده‌فه‌رموێ ده‌وترێت: ره‌مه‌زان و مانگی ره‌مه‌زان، ئه‌مه‌ش راسته‌و ئیشكالی تێدا نییه وا بووترێت وه‌كو توێژه‌ره‌وه‌كان و بوخاری گه‌یشتوونه‌تێ؛ ئه‌وان فه‌رموویانه هیچ كه‌راهه‌تێكی تێدا نییه بووترێت ره‌مه‌زان. بۆچوونی یاوه‌رانی ئیمامی مالیک نه‌یپێكاوه كه ده‌فه‌رموون نابێ به ته‌نها وشه‌ی ره‌مه‌زان بووترێت، به‌ڵكو ده‌بێت بووترێت مانگی ره‌مه‌زان. له‌وه‌شدا به هه‌ڵه‌دا چوون كه فه‌رموویانه ره‌مه‌زان ناوێكی خوای گه‌وره‌یه؛ هه‌وڵیان داوه ئه‌و ریوایه‌ته‌ی به‌یهیقی بكه‌نه به‌ڵگه كه له موجاهیدو حه‌سه‌نه‌وه هێناوێتیه‌وه هه‌روه‌ها له موحه‌ممه‌دی كوڕی كه‌عبه‌وه كه گوایه ئه‌بو هوڕه‌یڕه خوا لێی رازی بێت گێڕاوێتییه‌وه كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمووێتی: «لا تَقُولُوا: رَمَضَانَ، فَإِنَّ رَمَضَانَ اسْمٌ مِنْ أَسْمَاءِ اللَّهِ تَعَالَى، وَلَكِنْ قُولُوا: شَهْرُ رَمَضَانَ»[5]؛ «مه‌ڵێن ره‌مه‌زان چونكه ره‌مه‌زان ناوێكه له ناوه‌كانی خوای په‌روه‌ردگار، به‌ڵام بڵێن: مانگی ره‌مه‌زان». ئه‌مه فه‌رمووده‌یه‌كی زه‌عیفه و به‌یهه‌قی خۆی - كه ریوایه‌تی كردووه - به زه‌عیفی ناساندووه، هه‌روه‌ها غه‌یری ئه‌ویش. زه‌عیفییه‌كه‌شی روون و ئاشكرایه چونكه «نه‌جیحی سندی» له سه‌نه‌ده‌كه‌یدا هه‌یه كه زه‌عیفه، چونكه له‌به‌ركردنی زۆر خراپه. پاشان نه‌وه‌وی ده‌فه‌رموێ: زۆرینه‌ی یاوه‌رانمان، یان زۆر له‌یاوه‌رانمان و ئیبنولباقیللانی فه‌رموویانه ئه‌گه‌ر وشه‌یه‌كی هاوڕێ هه‌بوو كه مه‌به‌ست لێی مانگی ره‌مه‌زان نیشان دا كه‌راهه‌ته‌كه‌ی نامێنێت، ده‌نا هه‌روا بووترێت ره‌مه‌زان مه‌كرووهه، ده‌بێ بووترێت: ره‌مه‌زان به‌ڕۆژوو بووین، یان ته‌راویحی ره‌مه‌زانمان كرد، یان ره‌مه‌زان چاكترین مانگه، شه‌وی قه‌در وا له‌كۆتایی مانگی ره‌مه‌زاندا وه‌هه‌روه‌ها؛ چونكه ئه‌مانه وشه‌ی هاوڕێیان له‌گه‌ڵدایه كه ده‌سه‌لمێنن مه‌به‌ست لێی مانگی ره‌مه‌زانه. پاشان ئیمامی نه‌وه‌وی ده‌فه‌رموێ به‌ڵام ئه‌مانه هیچی مه‌كروه نییه، هه‌روه‌ها كه ده‌ڵێن مه‌كرووهه بووترێت: ره‌مه‌زان هات، ره‌مه‌زان چوو، ره‌مه‌زانم پێ خۆشه و ...، راست ئه‌وه‌یه كه هیچ كه‌راهه‌تێک له‌وه‌دا نییه كه به‌ته‌نها ناوی ره‌مه‌زان بهێنرێت. دوو بۆچوونه‌كه‌ی پێش ئه‌مانیش (پێش باقللانی و هاوڕایانی) زۆر هه‌ڵه‌یه چونكه مه‌كرووهێتی شتێک ده‌بێت به به‌ڵگه‌ی شه‌رعی بسه‌لمێنرێت، هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیش له‌سه‌ر ئه‌وه نییه. ئه‌وه‌ش كه ده‌ڵێن: ره‌مه‌زان ناوێكه له ناوه‌كانی خوای گه‌وره، راست نییه، هیچی له‌سه‌ر نه‌هاتووه سه‌حیح یان حه‌سه‌ن بێت. ده‌ی ناوه‌كانی خوای گه‌وره‌ش ته‌وقیفین،[6] به بێ به‌ڵگه‌ی راست و دروست ناسه‌لمێن، ئه‌گه‌ر بشسه‌لمایه كه ناوی خوای گه‌وره‌یه هه‌ر مه‌كروه نه‌ده‌بوو به‌ته‌نها بووترێت ره‌مه‌زان، چونكه له فه‌رمووده‌ی سه‌حیحی زۆردا هاتووه كه به‌ته‌نها وشه‌ی ره‌مه‌زانی ناوبردووه نه‌ک مانگی ره‌مه‌زان، وه‌كو ریوایه‌تی ئه‌بو هوڕه‌یڕه خوا لێی رازی بێت: «إِذَا جَاءَ رَمَضَانُ فُتِّحَتْ أَبْوَابُ الْجَنَّةِ، وَغُلِّقَتْ أَبْوَابُ النَّارِ، وَصُفِّدَتِ الشَّيَاطِينُ»[7]؛ «ئه‌گه‌ر ره‌مه‌زان هات ده‌روازه‌كانی به‌هه‌شت واڵاده‌كرێن و ده‌روازه‌كانی دۆزه‌خ مه‌حكه‌م داده‌خرێن و شه‌یتانه‌كان زنجیربه‌ند ده‌كرێن». ئه‌مه ریوایه‌تی بوخاری و موسلیمه. له ریوایه‌تێكی تریشیاندا هاتووه: «إِذَا دَخَلَ رَمَضَانُ...»؛ «ئه‌گه‌ر مانگی ره‌مه‌زان داخڵ بوو...».[8] نموونه‌ی ئه‌مه له هه‌ر دوو سه‌حیحه‌كه‌ی بوخاری و موسلیم دا هه‌یه‌و زۆره.[9]
پاشان هه‌ر ئه‌م ئیمامه به‌ڕێزه ره‌حمه‌تی خوای لێبێت له‌سه‌ر فه‌رزێتی رۆژوو ده‌دوێت و ده‌فه‌رموێ كۆڕا (ئیجماع)ی شه‌رعناسان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه هیچ رۆژوویه‌ک به‌بێ به‌ڵگه‌ی شه‌رعی فه‌رز ناكرێت، بۆیه رۆژووی ره‌مه‌زان فه‌رزه، هه‌روه‌ها رۆژووگرتنی نه‌زرو كه‌فاره‌ت و سزای راو‌و هاوشێوه‌ی. به‌ڵگه‌ی كۆڕاش ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌یه كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) له وەڵامی پرسیاری كابرای ئه‌عرابیدا كه ده‌رباره‌ی ئیسلام پرسی فه‌رمووی: «وَصِيَامُ رَمَضَانَ»؛ «رۆژووی ره‌مه‌زانیش فه‌رزه له‌سه‌رت»، كابرا پرسی: هیچی ترم له‌سه‌ره؟ فه‌رمووی: «لاَ، إِلاَّ أَنْ تَطَّوَّعَ»؛ «نا، مه‌گه‌ر خۆت له زیاده بیكه‌یت».[10]
[1]. الراغب الاصفهانی، مفردات ألفاظ القرآ‌ن: ٥٠٠.
[2]. النووی، المجموع: 6/245.
[3]. دیوان النابغة الذبیانی: ١١٢.
[4].النووی، المجموع: ٦/٢٤٥؛ الشوکانی، نیل الاوطار: ٧٩٤؛ الأمیر الصنعانی، سبل السلام: 2/385؛ ابن قدامة المقدسی، المغنی: ٣/٨٤.
[5]. بیهقی، السنن الکبری: 7904 و 7905.
[6]. ته‌وقیفی واته بۆ سه‌لماندنی پێویست به ده‌قی سه‌حیح هه‌یه‌و به ئیجتیهاد و راو بۆچوون ناسه‌لمێت؛ وه‌کو ژماره رکاتی نوێژه‌کان و بڕه زه‌کاتی زێڕو ... .
[7]. بوخاری: ١٨٩٩ به له‌فزی «إذا دخل شهر رمضان» و ١٨٩٨ به له‌فزی «إذا جا‌ء رمضان»؛ موسلیم: ١٠٧٩ به له‌فزی «إذ کان رمضان» و «إذا دخل رمضان».
[8]. کورد ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر که‌وتینه‌وه ره‌مه‌زان
[9]. النووی، المجموع :٦/٢٤٥-٢٤٦.
[10]. بوخاری: ٤٦؛ موسلیم: ١١؛ له سه‌یدنا ته‌ڵحه‌ی کوڕی عوبه‌یدوڵڵاوه خوا لێی رازی بێت.