پێمان باش بوو به‌ر له‌وه‌ی بچینه سه‌ر باسی ورده‌کارانه‌ی ئه‌حکامی رۆژوو، وه‌کوو پێشه‌کییه‌ک ئایه‌ته‌کانی رۆژوو له سووره‌تی پیرۆزی به‌قه‌ڕه‌دا ته‌فسیر بکه‌ین. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی بۆ ده‌سپێکی کتێبه‌که ان شا‌ء اللّه ده‌بێته هۆی پیرۆزی و به‌ره‌که‌ت، خوێنه‌رانیش زیاتر ئاماده‌ی باسه‌کانی رۆژوو ده‌کات. خوای گه‌وره له ئایه‌ته‌کانی ١٨٣ بۆ ١٨٧ی سووره‌تی به‌قه‌ڕه ده‌فه‌رموێ:
«يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ.
أَيَّاماً مَّعْدُودَاتٍ فَمَن كَانَ مِنكُم مَّرِيضاً أَوْ عَلَى سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِّنْ أَيَّامٍ أُخَرَ وَعَلَى الَّذِينَ يُطِيقُونَهُ فِدْيَةٌ طَعَامُ مِسْكِينٍ فَمَن تَطَوَّعَ خَيْراً فَهُوَ خَيْرٌ لَّهُ وَأَن تَصُومُواْ خَيْرٌ لَّكُمْ إِن كُنتُمْ تَعْلَمُونَ.
شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِيَ أُنزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ هُدًى لِّلنَّاسِ وَبَيِّنَاتٍ مِّنَ الْهُدَى وَالْفُرْقَانِ فَمَن شَهِدَ مِنكُمُ الشَّهْرَ فَلْيَصُمْهُ وَمَن كَانَ مَرِيضاً أَوْ عَلَى سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِّنْ أَيَّامٍ أُخَرَ يُرِيدُ اللّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلاَ يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ وَلِتُكْمِلُواْ الْعِدَّةَ وَلِتُكَبِّرُواْ اللّهَ عَلَى مَا هَدَاكُمْ وَلَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ.
وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي فَإِنِّي قَرِيبٌ أُجِيبُ دَعْوَةَ الدَّاعِ إِذَا دَعَانِ فَلْيَسْتَجِيبُواْ لِي وَلْيُؤْمِنُواْ بِي لَعَلَّهُمْ يَرْشُدُونَ.
أُحِلَّ لَكُمْ لَيْلَةَ الصِّيَامِ الرَّفَثُ إِلَى نِسَآئِكُمْ هُنَّ لِبَاسٌ لَّكُمْ وَأَنتُمْ لِبَاسٌ لَّهُنَّ عَلِمَ اللّهُ أَنَّكُمْ كُنتُمْ تَخْتانُونَ أَنفُسَكُمْ فَتَابَ عَلَيْكُمْ وَعَفَا عَنكُمْ فَالآنَ بَاشِرُوهُنَّ وَابْتَغُواْ مَا كَتَبَ اللّهُ لَكُمْ وَكُلُواْ وَاشْرَبُواْ حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَكُمُ الْخَيْطُ الأَبْيَضُ مِنَ الْخَيْطِ الأَسْوَدِ مِنَ الْفَجْرِ ثُمَّ أَتِمُّواْ الصِّيَامَ إِلَى الَّليْلِ وَلاَ تُبَاشِرُوهُنَّ وَأَنتُمْ عَاكِفُونَ فِي الْمَسَاجِدِ تِلْكَ حُدُودُ اللّهِ فَلاَ تَقْرَبُوهَا كَذَلِكَ يُبَيِّنُ اللّهُ آيَاتِهِ لِلنَّاسِ لَعَلَّهُمْ يَتَّقُونَ».
«يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ»: ئه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه، كه قه‌ناعه‌تی دڵ وبڕیاری زمان وپابه‌ندبوونی شه‌رعه ئه‌م فه‌رمانه‌تان بۆدێت؛ دوای هه‌موو بانگكردنێكی وا فه‌رمانی تایبه‌ت دێت.
«كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ»: رۆژوو فه‌رزه کراوه له‌سه‌رتان؛ موسوڵمانان له‌سه‌ر فه‌رزێتی گرتنی رۆژووی ره‌مه‌زان راجوی نین. «الصِّيَامُ» رۆژوو گرتنه (چاووگه)؛ له‌ئه‌سڵی مانایدا خۆگرتنه‌وه‌و گۆڕینی حاڵه‌تێكی گشتییه بۆ حاڵه‌تێكی تایبه‌ت؛ بۆ نموونه ئه‌سڵ، قسه كردن ودوواندنه، بەڵام كه بێده‌نگ بوو ده‌ڵێن «صامَ»، بۆیه مه‌ریه‌م سه‌لامی خوای لێ بێت فه‌رمووی « إِنِّي نَذَرْتُ لِلرَّحْمَنِ صَوْماً فَلَنْ أُكَلِّمَ الْيَوْمَ إِنسِيّاً» [مریم: ٢٦]؛ «بڕیارم داوه له‌به‌ر خاتری خوا خۆم له قسه‌كردن بگرمه‌وه‌و تا كۆتایی ئه‌مڕۆ هیچ جۆره قسه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ هیچ كه‌سێكدا ناكه‌م».
ئه‌مه بۆ ئه‌و شیاو بووه له شه‌ریعه‌تی خۆیاندا به‌ڵام بۆ ئوممه‌تی ئێمه شیاو نییه. سه‌یدنا ئه‌بو به‌كری سددیق خوا لێی رازی بێت چووه ماڵی ئافره‌تێک له هۆزی ئه‌حمه‌س دیتی بێده‌نگه وقسه ناكات، پێی فه‌رموو: ئه‌مه حه‌ڵاڵ نییه، ئه‌مه ره‌فتاری جاهیلییه‌ته،[1] چونكه ده‌یزانی كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) رێی پێنه‌داوه؛ ئیبنو عه‌بباس خوالێیان رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: « بَيْنَا النَّبِيُّ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَخْطُبُ، إِذَا هُوَ بِرَجُلٍ قَائِمٍ، فَسَأَلَ عَنْهُ فَقَالُوا: أَبُو إِسْرَائِيلَ، نَذَرَ أَنْ يَقُومَ وَلاَ يَقْعُدَ، وَلاَ يَسْتَظِلَّ، وَلاَ يَتَكَلَّمَ، وَيَصُومَ. فَقَالَ النَّبِيُّ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: «مُرْهُ فَلْيَتَكَلَّمْ وَلْيَسْتَظِلَّ وَلْيَقْعُدْ، وَلْيُتِمَّ صَوْمَهُ »[2]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) وتاری ده‌دا، كابرایه‌كی بینی راوه‌ستاوه، فه‌رمووی ئه‌مه كێیه؟ عه‌رزیان كرد: ئه‌بو ئیسڕائیله، نه‌زری كردووه راوه‌ستێت و دانه‌نیشێت، نه‌چێته به‌ر سێبه‌رو قسه‌ش نه‌كات و به‌ڕۆژووش بێت. فه‌رمووی: فه‌رمانی پێبده‌ن با قسه بکات و بشچێته به‌ر سێبه‌رو داشبنیشێت،به‌ڵام رۆژووه‌كه‌ی ته‌واو كات». كه‌وابوو وه‌كو ئیمامی ئیبنو ته‌یمییه ده‌فه‌رموێ ئه‌م ره‌فتارانه جگه له رۆژووه‌كه‌ی، خواپه‌رستی نین ومایه‌ی له‌خوانزیک بوونه‌وه نین.[3]
«كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ»: كه‌وابوو رۆژو له‌سه‌ر ئوممه‌تانی پێشتریش وه‌كو دیان وجوله‌كه فه‌رز كرابوو ئه‌مما ته‌فسیلاتی كه ئایا وه‌كو رۆژووی ئێمه بووه، كاتی هه‌ر وابووه، رێپێنه‌دراوانی هه‌رئه‌وانه‌ی ئێمه بوون و ... ئه‌مانه نازانین، به‌ڵام دیاره جۆرێک بووه له خۆگرتنه‌وه له‌خۆراک وخوارده‌نه‌وه‌و ره‌نگه سه‌رجێیی (جیماع)ی هاوسه‌ر، ره‌نگه زیاتر و كه‌متر بووبێت، گرنگ ئه‌وه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وانیش فه‌رزبووه تا مه‌به‌ستێكی گه‌وره‌ی پێ بێته دی كه ته‌قواكاری وسه‌رڕاستی دیندارییه؛ بۆیه ده‌فه‌رموێ:
«لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ»: چونكه رۆژووگرتن هه‌ستی دینداریی وله‌خوانزیكی له رۆژووه‌واندا زیاتر ده‌كات، خۆ له‌گوناح ده‌گرێته‌وه خواپه‌رستی و چاكه‌كاریی زیاتر ده‌كات ئه‌مه‌ش پله‌كانی ته‌قوایه كه‌هه‌نگاو به‌هه‌نگاو پێیاندا سه‌رده‌كه‌وێت بۆ ئاستی خواناسان.. له‌فه‌رمووده‌ی سه‌حیحدا هاتووه‌كه رۆژوو قه‌ڵغانه، زرێیه، پارێزه‌ره.
«أَيَّاماً مَّعْدُودَاتٍ»: ئه‌م رۆژوو گرتنه‌تان له چه‌ند رۆژێكی دیاریكراودایه؛ «مَّعْدُودَاتٍ» واته «مَعَیَّنات» به سیفه‌تی كۆی كه‌مینه (جَمعُ قِلَّة) هێناوێتییه‌وه، تا موسوڵمانان سڵی لێ نه‌كه‌نه‌وه.
«فَمَن كَانَ مِنكُم مَّرِيضاً أَوْ عَلَى سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِّنْ أَيَّامٍ أُخَرَ»: هه‌ر كه‌سێكتان نه‌خۆش بوو یان له‌سه‌فه‌ردا بوو، با له رۆژانی داهاتوودا دوای ره‌مه‌زان بیگرێته‌وه. جمهوری شه‌رعناسان ده‌فه‌رموون ئه‌مه وه‌سفی دوو حاڵه‌ته: ئه‌گه‌ر نه‌یده‌توانی به‌ڕۆژوو بێت خێرتره بۆی نه‌یگرێت، ئه‌گه‌ر ده‌یتوانی به‌ڵام له شانی قورس ده‌بوو چاكترو خێرتره به مۆڵه‌تی وه‌رگرێت تا سه‌رپشک بێت له به‌ڕۆژوو بوون وبه‌ڕۆژوونه‌بووندا. سه‌فه‌ریش راجوێیی شه‌رعناسانی له‌سه‌ره كه ئایا چی و چه‌ند به‌سه‌فه‌ر حسێبه؟ هه‌ندێک فه‌رموویانه: ماوه‌ی كورت كردنه‌وه‌ی نوێژه (واته ٨٥كم). هه‌شیانه ده‌فه‌رموێ هه‌ر ناوی سه‌فه‌ری پێوه بێت ده‌شێت. لای جمهور مه‌رجیشه سه‌فه‌ری چاكه بێت نه‌ک سه‌فه‌ری گوناحكاری.
هه‌ر كه‌سێک له‌م دوو عوزره‌و هاوشێوه‌یاندا بوو پیرو په‌ككه‌وته‌و سایه‌ق وخاوه‌ن كاری قورس و..، ئه‌ویش ده‌توانێت له رۆژانی داهاتووی دوا ره‌مه‌زاندا بیگرێته‌وه.
«عِدَّةٌ» له‌سه‌ر وه‌زنی «فِعلَةٌ» و له «عدد: ژماره»ه‌وه هاتووه به‌مانای «مَعدود: ژمێرراو». «أُخَرَ» سیبه‌وه‌یهی ده‌فه‌رموێ له «آخَر»ه‌وه هێنراوه‌و كیسائی ده‌فه‌رموێ كۆی «أُخری»یه.
ئایه‌ته‌كه به‌ڵگه‌ی یه‌ک له‌دوای یه‌ک گرتنه‌وه‌ی رۆژه‌كانی تێدا نییه، كه‌وابوو رۆژووه‌وانی قه‌رزار سه‌رپشكه له یازده مانگی داهاتوودا له كه‌یدا ده‌یگرێته‌وه.
«وَعَلَى الَّذِينَ يُطِيقُونَهُ فِدْيَةٌ طَعَامُ مِسْكِينٍ»: له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه توانای رۆژوو گرتنیان نییه (واته نه ده‌توانن له ره‌مه‌زاندا به‌ڕۆژوو بن و نه دوای ره‌مه‌زانیش بیگرنه‌وه) فیدیه فه‌رزه که بیده‌ن و ئه‌ویش بریتییه له تێركردنێكی ژه‌مه خواردنێكی مام‌ناوه‌ندی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یانه، بیداته هه‌ژارێک بۆ هه‌ر رۆژێک. كه‌وابوو ئه‌و پیرو په‌ككه‌وته‌و خاوه‌ن عوزرانه‌ی ساڵ دوازده‌ی مانگ عوزره‌كه‌یان به‌رده‌وامه فیدیه ده‌ده‌ن له جیاتی به‌ڕۆژووبوون، له‌بری هه‌ر رۆژێک رۆژوو ژه‌مه‌خواردنێكی برنج وشله یان دوو شیش كه‌بابی ئاسایی مه‌عموولی.
«فَمَن تَطَوَّعَ خَيْراً فَهُوَ خَيْرٌ لَّهُ»: هه‌ر كه‌سێک زیاده ببه‌خشێت بۆ خۆی چاكتره؛ ئه‌و كه‌سه‌ی ژه‌مه خۆراكی هه‌ژارێک له‌سه‌ری فه‌رز بووه ئه‌گه‌ر ژه‌مه خۆراكی دوو هه‌ژار بدات حه‌تمه‌ن خێری زیاتری بۆ ده‌نووسرێت. هه‌ندێک فه‌رموویانه ئه‌گه‌ر رۆژووه‌كه‌ش بگرێت و كه‌فاره‌ته‌كه‌ش بدات (ئه‌وه چاکتر و خێرتره)، به‌ڵام پێم وایه ئه‌مه دوورتر بێت كه باس له دوو ره‌فتاره؛ چونكه « تَطَوَّعَ»ه كه زیاتر كردنی ره‌فتاره، له رۆژووه‌كه‌شدا زیاتر ناكرێت، بۆیه حه‌تمه‌ن مه‌به‌ست به‌خشینه‌كه‌یه كه له‌جیاتی ژه‌مێک با دوو ژه‌م بدات به هه‌ژارێک یان به دوو؛ واللّه أعلم.
«وَأَن تَصُومُواْ خَيْرٌ لَّكُمْ»: بەڵام رۆژووگرتنه‌كه‌تان چاكتره له شکاندن و كه‌فاره‌ت و گرتنه‌وه‌ی بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی كه نه‌خۆشییه‌كه‌ی سووكه یان سه‌فه‌ره‌كه‌ی ئاسانه‌و له‌ش‌ساغه‌و زۆرپێوه‌ی ماندوو نابێت.
«شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِيَ أُنزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ»: «رَمَضَانَ» له «رَمضاء»ه‌وه هاتووه واته به‌رد که له گه‌رمای هاویندا سوور ده‌بێته‌وه له‌به‌ر گه‌رمی خۆر بۆیه له په‌ندی پێشینانی عه‌ره‌بیدا به‌و كه‌سه كه خۆی له‌و به‌رده سووره‌وه‌كراوه قوتار كردووه به‌ڵام به‌سه‌ر ئاگردا كه‌وتووه وتراوه: «كالْمُستَجِيرِ من الرَّمضَاءِ بالنَّارِ» وه‌كو په‌نده كوردییه‌كه‌یه كه ده‌ڵێ «له‌كۆته‌ره ره‌وییه‌وه، به سه‌ر به‌رازدا كه‌وت». جا هه‌روه‌كو كه له كوردیدا ناوی مانگه‌كان له دیارده‌كانی كه‌شه‌وه وه‌رگیراوه‌و وتراوه: جۆزه‌ردان و به‌فرانبارو سه‌هۆڵبه‌ندان، له عه‌ره‌بیشدا له كۆنه‌وه ئاوا ناویان له مانگه‌كان ناوه، بۆیه ئه‌و مانگه‌ی كه‌وتۆته ناوه‌ڕاستی گه‌رمای هاوینی بیابانه‌وه پێی وتراوه «رمضان» كه ده‌شێت به‌كوردی بێته «قرچه‌ی گه‌رما». پێشتر وه‌كو ماوه‌ردی ده‌فه‌رموێ ناوی «ناتق» بووه واته برژێنه‌ر. پاشان وتوویانه رۆژووه‌وان له تینوواندا ناوسكی وه‌كو ئه‌و به‌رده سووره‌وه‌بووه‌وه‌ی به‌ر قرچه‌ی خۆری هاوینی بیابانی لێهاتووه.[4] ره‌مه‌زان مانگی نۆیه‌می عه‌ره‌بییه.
مانگی ره‌مه‌زان كه قورئانی به یه‌كجاری تێدا هاته خواره‌وه له له‌وحولمه‌حفوز (اللوح المحفوظ)ه‌وه بۆ ئاسمانی دنیا وه‌كو عه‌قیده‌ی ئه‌هلی سوننه‌ت وجه‌ماعه‌ته؛ چونكه «أنزَلَ» كرداری موته‌عه‌ددی «نزل»ه (واته دابه‌زی) و بۆ یه‌كجارییه، به‌ڵام «نَزَّلَ» بۆ دابه‌زاندنی كۆمه‌ڵ کۆمه‌ڵی ئایه‌ت وسووره‌ته‌كانێتی.
ئاماژه‌ی ئه‌م رووداوه گرنگه‌یه كه له ئایه‌تێكی تردا ده‌فه‌رموێ: «إِنَّا أَنزَلْنَاهُ فِي لَيْلَةٍ مُّبَارَكَةٍ» [الدّخان: 3]؛ «ئێمه له شه‌وێكی پیرۆز‌و به‌فه‌ڕدا دامانبه‌زاندۆته‌خواره‌وه» كه شه‌وی قه‌دره‌و چاكتره له هه‌زار مانگ كه ده‌كاته هه‌شتاو سێ ساڵ وچوار مانگ: «لَيْلَةُ الْقَدْرِ خَيْرٌ مِّنْ أَلْفِ شَهْرٍ» [القدر:٣].
«هُدًى لِّلنَّاسِ وَبَيِّنَاتٍ مِّنَ الْهُدَى وَالْفُرْقَانِ»: ئه‌م قورئانه رێنمایی خه‌ڵكی ده‌كات، رێنیشانده‌ری چاكسازیی وخێرخوازییه، شتیان بۆ روون ده‌كاته‌وه تا هه‌ڵوێستی راست بگرنه به‌ر. ئه‌م قورئانه ئاوا بۆته دیدو هه‌ڵوێستی خواویستی، ئه‌م قورئانه هۆكاری ناسینه‌وه‌ی حه‌ق وباتڵه‌و جوێكاریی دیدو هه‌ڵوێستی حه‌قه له باتڵ، دیدو هه‌ڵوێستی خواناسی له دیدو هه‌ڵوێستی تاغووتی.
«فَمَن شَهِدَ مِنكُمُ الشَّهْرَ فَلْيَصُمْهُ»: هه‌ر كه‌سێكتان ئاماده بوو، له‌ش‌ساغ ونیشته‌جێ و پاک بوو له حه‌یزو زه‌یستانی، هه‌ر كه‌سێكتان ئاوا مانگی ره‌مه‌زانی به سه‌ردا هاته‌وه با بیگرێت. جمهوری شه‌رعناسان ده‌فه‌رموون هه‌ر كه‌سێک له‌سه‌ره‌تاوه تا كۆتایی مانگه‌كه عوزری نه‌بوو بۆ نه‌گرتنی رۆژوو با بیگرێت؛ چونكه ئه‌وی له سه‌فه‌ردایه یان نه‌خۆشه‌و ره‌مه‌زانی به‌سه‌ردا هاتووه یان له ره‌مه‌زاندایه‌و سه‌فه‌ری هاتۆته پێش یان نه‌خۆش كه‌وتووه ئه‌وه خاوه‌ن عوزره با نه‌یگرێت، با بیشكێنێت چونكه سه‌لمێنراوه‌كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) له‌سه فه‌ردا رۆژووه‌كه‌ی شكاند.
«وَمَن كَانَ مَرِيضاً أَوْ عَلَى سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِّنْ أَيَّامٍ أُخَرَ»: هه‌ر كه‌سێک نه‌خۆش بوویان سه‌فه‌ری له‌به‌ر بوو با له رۆژانێكی تردا دوایی بیگرێته‌وه.
«يُرِيدُ اللّهُ بِكُمُ الْيُسْرَ وَلاَ يُرِيدُ بِكُمُ الْعُسْرَ»: خوای گه‌وره ئاسانكاریی بۆتان ده‌وێت نه‌ک قورس كردن، رۆژووه‌كه‌ی له‌سه‌ر فه‌رز كردوون تا پاداشتێكی خه‌یاڵیی مسۆگه‌ر كه‌ن پێی. له هه‌ندێک حاڵه‌تیشدا به‌ڕۆژوو نابن ئه‌مه‌ش ئاسانكارییه‌و خۆی عوزری بۆ داناون، كه مۆڵه‌ته‌كه‌شی وه‌رده‌گرن وبه‌ڕۆژوونابن هه‌ر پاداشتتان ده‌داته‌وه، كه‌فاره‌ت ده‌ده‌ن هه‌ر پاداشتی هه‌یه، شه‌ونوێژو ته‌راویح ده‌كه‌ن هه‌مووی پاداشته، ئیعتیكاف ده‌كه‌ن هه‌ر پاداشته. له ئیعتیكافتاندا بێده‌نگیش دانیشن هه‌ر پاداشته!
«وَلِتُكْمِلُواْ الْعِدَّةَ وَلِتُكَبِّرُواْ اللّهَ عَلَى مَا هَدَاكُمْ»: خوای گه‌وره مه‌به‌ستێتی رۆژووی هه‌موو رۆژه‌كانی ره‌مه‌زان ته‌واو كه‌ن چ له هه‌موو مانگه‌كه‌دا چ به‌گێڕانه‌وه‌ی دوای ره‌مه‌زانی تا خوای گه‌وره به گه‌وره‌و مه‌زن ودینه‌كه‌ی به قه‌درو رێز بناسن و شه‌رعه‌كه‌ی به‌هه‌ند وه‌رگرن وبه‌رنامه‌كه‌ی بكه‌نه رێباز‌و دیدو هه‌ڵوێستتان تا له ناخی دڵتان‌دا بچه‌سپێت كه ته‌نها خوای گه‌وره‌ی تاک و پاكه خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی ره‌هاو توانای بێ سنور تا له هه‌ست وهۆشی بیروباوه‌ڕتاندا بچه‌سپێت كه ئه‌و خوایه‌ی رێنمایی كردوون بۆ رێی راستی خۆی شایانی ئه‌وه‌یه ته‌قواكارانه بۆی به‌ڕۆژوو ببن، واش بكه‌ونه ژێر كاریگه‌ریی رۆژوو و ره‌مه‌زانه‌كه‌وه كه خوای گه‌وره ده‌خوازێت. ئائه‌م پابه‌ندبوون و چه‌سپاندنه‌یه سه‌لماند‌نی شوكرانه‌بژێری، به‌م شێوه ره‌فتاره به‌كرده‌وه سوپاسگوزارییه‌كه‌ی خوای گه‌وره ده‌هێننه دی.
«وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي فَإِنِّي قَرِيبٌ أُجِيبُ دَعْوَةَ الدَّاعِ إِذَا دَعَانِ فَلْيَسْتَجِيبُواْ لِي وَلْيُؤْمِنُواْ بِي لَعَلَّهُمْ يَرْشُدُونَ»: ئه‌گه‌ر عه‌بده‌كانم ده‌رباره‌ی من لێتیان پرسی‌و پرسیاری نزین و دوورییم لێیانه‌وهو پرسیاری به‌هاناوه هاتن و وه‌ڵامدانه‌وه‌و قبوڵ كردنی دوعا‌و پاڕانه‌وه‌یان، من زۆر نزیكم، وه‌ڵامی ئه‌و كه‌سه‌ی هاوارم ده‌كاتێ زوو ده‌بیستم و به هانایه‌وه دێم مادام هانای بۆ من هێناوه، با وه‌ک من ئاوا نزیكم و زوو به‌ده‌نگ بانگ كردیانه‌وه دێم ئه‌وانیش وا بن، با ئه‌وانیش وه‌ڵامی من بده‌نه‌وه، با باوه‌ڕ به‌من بهێنن و دینه‌كه‌م بكه‌نه رێبازی كار‌و به‌رنامه‌ی ژیانیان، با ئاوا بێن به‌ده‌نگه‌وه، بۆخۆیان قازانجه چونكه هیدایه‌ت وه‌رده‌گرن و دیدو هه‌ڵویستیان راست ده‌بێت ودیندارێتی سه‌رڕاستانه ده‌كه‌ن و منیش زیاتر یارمه‌تی پابه‌ندبوونیان ده‌ده‌مه‌وه.
«أُحِلَّ لَكُمْ لَيْلَةَ الصِّيَامِ الرَّفَثُ إِلَى نِسَآئِكُمْ»: «الرَّفَثُ» هه‌موو چێژێكه كه پیاو له ژنه‌وه ده‌ستی ده‌كه‌وێت، له هاوده‌نگی وسۆزو چێژی ده‌سبازی وسه‌رجێیی. كه ده‌فه‌رموێ شه‌وانی رۆژوو ئه‌م چێژه‌تان بۆ حه‌ڵاڵ كراوه كه له ژنه‌كانتانیه‌وه بكه‌ن، به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه پێشتر لێیان حه‌رام بووه، هه‌روه‌كو له هۆی هاتنه‌خواره‌وه‌ی ئایه‌ته‌كه‌شدا روون ده‌بێته‌وه.
«هُنَّ لِبَاسٌ لَّكُمْ وَأَنتُمْ لِبَاسٌ لَّهُنَّ»: ئه‌وانه پۆشاكی ئێوه‌ن وئێوه‌ش پۆشاكی ئه‌وان، هه‌ر لایه‌كتان ئه‌وی تر له عه‌یبداریی ده‌گرێته‌وه و ستری ده‌كات.
له‌سه‌ره‌تای فه‌رزبوونی رۆژوودا، ده‌بوو تا بانگی عیشا بخۆن وبخۆنه‌وه‌و سه‌رجێیی بكه‌ن، دوای عیشا ده‌بوو خۆبگرنه‌وه تا سبه‌ی ئه‌و كاتانه. به‌ڵام كه یه‌کێک له یاوه‌ران (ریوایه‌تێک ده‌فه‌رموێ كه سه‌یدنا عومه‌ر) هاته خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) وفه‌رمووی: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) داوای لێبوردن له خوای گه‌وره ده‌كه‌م وعوزریش ده‌هێنمه‌وه لای جه‌نابت ئه‌مشه‌و سه‌رجێیم كردووه، ئیتر ئه‌م ئایه‌ته هاته خواره‌وه كه ده‌فه‌رمووێ:
«عَلِمَ اللّهُ أَنَّكُمْ كُنتُمْ تَخْتانُونَ أَنفُسَكُمْ فَتَابَ عَلَيْكُمْ وَعَفَا عَنكُمْ»: خوای گه‌وره ده‌یزانی كه تێتاندایه خیانه‌ت له نه‌فسی خۆی ده‌كات واته سته‌م له نه‌فسی خۆی ده‌كات به‌وه‌ی كه به‌ڵێن و په‌یمانی خۆی وه‌كو راسپارده ناپارێزێت، بۆیه تۆبه‌كه‌ی لێ قبوڵ كردن و لێیان خۆش بوو. ئه‌مه‌ش بوو به هۆی رێپێدانی خواردن و خواردنه‌وه‌و سه‌رجێیی هاوسه‌ر له خۆرئاوابوونه‌وه تا سپێده‌ی به‌یانی. یاوه‌ران به‌مه زۆر خۆشحاڵ بوون، چونكه قه‌یسی كوڕی سیرمه‌ی (صِرمَة) ئه‌نساری كه به‌رۆژوو بوو ئێواره چووه‌وه ماڵه‌وه تا ژنه‌كه‌ی خواردنی بۆ په‌یدا كرد خه‌وی لێكه‌وت ئیتر نه ده‌بوو بخوات و بخواته‌وه، بۆ سبه‌ینێ نیوه‌ڕۆ له‌برسێتی وماندوێتییدا بوورایه‌وه، كه هه‌واڵیان دایه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ئه‌م ئایه‌ته هاته‌خواره‌وه؛ ئه‌مه‌ریوایه‌تی بوخارییه و له كاتی خۆشی‌دا ده‌خرێته‌وه به‌ر چاو إن شا‌ء اللّه.
«فَالآنَ بَاشِرُوهُنَّ وَابْتَغُواْ مَا كَتَبَ اللّهُ لَكُمْ»: ئێستا دوای هاتنه‌خواره‌وه‌ی ئایه‌ته‌كه بۆتان هه‌یه سه‌رجێیی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كانتاندا بكه‌ن چ به ئومێدی منداڵبوون چ بۆ چێژوخۆشی خۆتان.
« َكُلُواْ وَاشْرَبُواْ حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَكُمُ الْخَيْطُ الأَبْيَضُ مِنَ الْخَيْطِ الأَسْوَدِ مِنَ الْفَجْرِ »: بخۆن وبخۆنه‌وه تا دا‌و (په‌ت و به‌ن)ی سپیتان بۆ له داوی ره‌ش جوێ ده‌كرێته‌وه. هێشتا «مِنَ الْفَجْرِ» نه‌هاتبووه خواره‌وه هه‌ندێک له‌یاوه‌ران داوی سپی و ره‌شیان به په‌نجه‌ی پێیانه‌وه به‌ستبۆوه وپارشێو ده‌یانخوارد و ده‌یانخوارده‌وه‌و ناو به‌ناو سه‌یری په‌ته‌كانی قاچی خۆیان ده‌كرد؛ كه لێكیان جوێ ده‌كردنه‌وه ده‌ستیان هه‌ڵده‌گرت! عه‌دی كوڕی حاته‌میش خوا لێی رازی بێت دوو په‌ت (گوریس)ی ره‌ش وسپی له ژێر سه‌رینه‌كه‌ی خۆی دانابوو هه‌ر ده‌یخواردو ده‌یخوارده‌وه وسه‌یری ده‌كردن تا لێكی جودا ده‌كردنه‌وه، كه هاته خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) و ره‌فتاركه‌ی خۆی بۆ گێڕایه‌وه، پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) وا پێكه‌نی خرێكانی ده‌ركه‌وتن وفه‌رمووی: دیاره سه‌رینه‌كه‌شت پانه! ئینجا «مِنَ الْفَجْرِ» بۆ ته‌واو کردنی ئایه‌ته‌كه دابه‌زی، كه بخۆن و بخۆنه‌وه تاهێڵی سپی سپێده‌ی به‌یانیتان له ئاسمان له هێڵی ره‌شی شه‌و بۆ لێک جودا ده‌كرێته‌وه. ئیتر هه‌موو زانییان كه بواری خواردن وخواردنه‌وه وسه‌رجێیی له خۆرئاوابوونه‌وه‌یه تا سپێده‌ی به‌یانی. ئینجا:
«ثُمَّ أَتِمُّواْ الصِّيَامَ إِلَى الَّليْلِ»: پاشان رۆژووه‌كه‌تان تا شه‌و به‌رده‌وام بكه‌ن.
«وَلاَ تُبَاشِرُوهُنَّ وَأَنتُمْ عَاكِفُونَ فِي الْمَسَاجِدِ»: ده‌سبازیی له‌گه‌ڵ خێزانتاندا مه‌كه‌ن مادام له مزگه‌وتدا ئیعتیکافتان كردووه‌و بۆ خواپه‌رستی ماونه‌ته‌وه بۆ چه‌ند شه‌وو رۆژێک. ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه بوو كه هه‌ندێک یاوه‌ر كه بۆ چه‌ند رۆژ جگه له ده رۆژی كۆتایی ره‌مه‌زان ئیعتیكافیان ده‌كرد كه ده‌چوونه‌وه ماڵه‌وه بۆ خواردن وخۆ شتن یان پێداویستی تر ده‌سبازییان له‌گه‌ڵ خێزانیاندا ده‌كرد یان سه‌رجێییان ده‌كرد ئیتر خوای گه‌وره حوكمی ئه‌وه‌ی دا كه سه‌رجێیی كردن ئیعتكافه‌كه به‌تاڵ ده‌كاته‌وه، ئه‌وی له مزگه‌وت بۆ خواپه‌رستی لێبڕاوه نابێت ده‌سبازیی له‌گه‌ڵ خێزانی‌دا بكات چ جای شتی تر. پاشان ده‌فه‌رموێ:
«تِلْكَ حُدُودُ اللّهِ فَلاَ تَقْرَبُوهَا»: ئه‌مانه سنووری خوای گه‌وره‌ن مه‌یانبه‌زێنن، ئه‌مانه فه‌رمانی خوان سه‌رپێچییان تێدا مه‌كه‌ن و خۆتان گوناحبار مه‌كه‌ن.
«كَذَلِكَ يُبَيِّنُ اللّهُ آيَاتِهِ لِلنَّاسِ لَعَلَّهُمْ يَتَّقُونَ»: ئاوا خوای گه‌وره نیشانه و به‌ڵگه‌و ئه‌حكامی دینی خۆی روون ده‌كاته‌وه بۆ خه‌ڵكی تا پێیه‌وه پابه‌ند بن وبه‌ره‌و ته‌قوا هه‌ڵكشێن.
سه‌رنج ده چۆن له سه‌ره‌تای باسی رۆژووه‌که‌دا فه‌رمووی: «لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ»، لێره‌شدا ته‌ئكید ده‌كاته‌وه‌و ده‌فه‌رموێ: «لَعَلَّهُمْ يَتَّقُونَ»، كه به پابه‌ندبوونتان به ئه‌حكامی شه‌رعه‌وه‌و به‌خواپه‌رستی و بۆخوا سوڵحانتان ده‌گه‌نه ئاستی ته‌قواكاری. دیاره چه‌ندین هۆكارو بوار وشێوازی دینداریی سه‌رڕاستانه هه‌یه كه كه‌سه‌كه شایانی ته‌قواده‌كه‌ن؛ خوای گه‌وره به ئێمه‌شی ببه‌خشێت، ئامین.
[1]. بوخاری: ٢٤٢٨؛ ئیمامی ئه‌حمه‌د: ٥/٢٨.
[2]. بوخاری: 6704؛ ئه‌بو داوود: ٣٣٠٠.
[3]. مجموع الفتاوی: ٢٥/١٣٣.
[4]. شه‌وکانی، فتح القدیر: ١/١٧٨.