له‌م باسه‌دا له‌سه‌ر یه‌کێکی تر له مه‌ناسیکی حه‌ج پاش ر‌ۆژی عه‌ره‌فه قسه ده‌که‌ین که شه‌یتان ره‌جم کردنه.
بابه‌تی یه‌كه‌م
پێناسه‌و حوكم و شوێنی شه‌یتان ره‌جمكردن
١- پێناسه‌ی شه‌یتان ره‌جم کردن:
له كوردیدا ده‌وترێت شه‌یتان ره‌جم كردن، به ده‌گمه‌ن كوردم دیبێت وتبێتی «رَمی الجمَرات»، چونكه وشه‌كه به عه‌ره‌بی له كوردیدا خۆی نه‌گرتووه وه‌كو زه‌كات و حه‌ج و خێر‌و هیتر. هه‌ر له كۆنیشه‌وه له ناو میلله‌تانی موسوڵماندا ئه‌وه بڵاو بۆته‌وه كه له‌وێ شه‌یتان ره‌جم ده‌كرێت، بۆیه كه خه‌ڵكێكی ساویلكه هه‌ر واده‌زانێ شه‌یتان له‌وێدایه و هه‌رچی ده‌ستكه‌وێت تێی ده‌گرێت!! له عه‌ره‌بیدا که ده‌وترێت «رمی الجمرة»، «رمی» واته هاویشتن، «الجمرات» یان «الجمار» كۆی «جمرة»یه كه به‌ردووچكه‌یه به‌قه‌ده‌ر ده‌نکه چه‌وێک و بچوكتره.
٢- حوكمی شه‌یتان ره‌جم کردن:
جمهوری شه‌رعناسان ده‌فه‌رموون شه‌یتان ره‌جم كردن واجبه، ناشێت وه‌ل بكرێت، هه‌ر كه‌سێک وه‌لی كات ده‌بێت قوربانییه‌ک بكات. به‌ڵگه‌ی واجب بوونی ئه‌مانه‌ن:
الف- ریوایه‌ته‌كه‌ی جابر خوا لێی رازی بێت كه فه‌رمووی: «رَأَيْتُ النَّبِيَّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَرْمِي عَلَى رَاحِلَتِهِ يَوْمَ النَّحْرِ وَيَقُولُ: لِتَأْخُذُوا مَنَاسِكَكُمْ فَإِنِّي لاَ أَدْرِي لَعَلِّي لاَ أَحُجُّ بَعْدَ حَجَّتِي هَذِهِ»[1]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوام (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) له ر‌ۆژی قورباندا بینی به سواری سوارییه‌كه‌یه‌وه شه‌یتانی ره‌جم ده‌كردو ده‌یفه‌رموو: با ره‌فتاره‌كانی حه‌ج كردنه‌كه‌م لێوه فێر بن، چونكه له‌وانه‌یه دوای حه‌جی ئه‌م جاره‌م جارێكی تر حه‌ج نه‌كه‌مه‌وه».
ب- هه‌روه‌ها فه‌رمووده‌ی: «إِنَّمَا جُعِلَ الطَّوَافُ بِالْبَيْتِ وَبَيْنَ الصَّفَا وَالْمَرْوَةِ وَرَمْىُ الْجِمَارِ لإِقَامَةِ ذِكْرِ اللَّهِ»[2]؛ «ته‌وافی كه‌عبه‌و سه‌عیی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه و شه‌یتان ره‌جم كردن بۆ به‌جێهێنانی زیكری خوای گه‌وره‌یه».
ج- له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ره‌فتارێكه ئیحرام كردنه‌وه‌ی به‌دوادا دێت، وه‌كو فاسڵی نێوان دوو ره‌فتاری ئیحرام به‌ستن و ئیحرام كردنه‌وه‌یه، بۆیه واجبه.
٣- شوێن و ژماره‌ی شه‌یتان ره‌جم كردن:
شه‌یتان ره‌جم كردن له مینایه و سێ جاره:
١- ره‌جم كردنی شه‌یتانی گه‌وره: ئه‌م میله كه به‌رزترینیانه یه‌كه‌مه له لایه‌نی ئاڕاسته‌ی مه‌ككه‌وه، ده‌كه‌وێته لای ده‌ستی چه‌پی ئه‌و كه‌سه‌وه كه داخڵی مینا ده‌بێت.
٢- شه‌یتانی ناوه‌ند: ئه‌مه له نێوانی شه‌یتانی گه‌وره و لایه‌نی ئاڕاسته‌ی موزده‌لیفه‌دایه.
٣- شه‌یتانی گچكه: ئه‌وه‌یانه كه نزیكی مزگه‌وتی «الخیف»ه له مینا.
بابه‌تی دووه‌م
به‌ردووچكه‌كانی شه‌یتان ره‌جم كردن
1- سیفه‌تی به‌ردووچكه‌كان:
قه‌باره‌ی هه‌ر به‌ردووچكه‌یه‌ک له نێوان قه‌باره‌ی نۆكێک و پاقله‌یه‌كدایه له جۆری چه‌و یان زیخی گه‌وره؛ له ریوایه‌ته‌كه‌ی جابردا خوا لێی رازی بێت هاتووه: «ثُمَّ سَلَكَ الطَّرِيقَ الْوُسْطَى الَّتِي تُخْرِجُكَ عَلَى الْجَمْرَةِ الْكُبْرَى حَتَّى أَتَى الْجَمْرَةَ الَّتِي عِنْدَ الشَّجَرَةِ فَرَمَى بِسَبْعِ حَصَيَاتٍ يُكَبِّرُ مَعَ كُلِّ حَصَاةٍ مِنْهَا حَصَى الْخَذْفِ»؛ «پاشان به رێگا ناوه‌نده‌كه‌دا رۆیشت که ده‌تگه‌یه‌نێته جه‌مره‌ی گه‌وره، كه گه‌یشته لای ئه‌و جه‌مره‌ی له‌پاڵ دره‌خته‌كه‌دایه (جه‌مره‌ی گه‌وره) حه‌وت به‌ردووچكه‌ی تێگرت و له‌گه‌ڵ هاویشتنی هه‌ر به‌ردووچكه‌یه‌كیشدا «اللَّهُ أَكْبَر»ێكی ده‌كرد».
هه‌روه‌ها ئیبنو عه‌بباس ده‌گێڕێته‌وه که پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) پێی فه‌رمووم: «الْقُطْ لِي حَصًى. فَلَقَطْتُ لَهُ سَبْعَ حَصَيَاتٍ، هُنَّ حَصَى الْخَذْفِ، فَجَعَلَ يَنْفُضُهُنَّ فِي كَفِّهِ وَيَقُولُ "أَمْثَالَ هَؤُلَاءِ، فَارْمُوا" ثُمَّ قَالَ: "يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِيَّاكُمْ وَالْغُلُوَّ فِي الدِّينِ، فَإِنَّهُ أَهْلَكَ مَنْ كَانَ قَبْلَكُمُ الْغُلُوُّ فِي الدِّينِ[3]؛ «چه‌ند به‌ردووچکه‌م بۆ هه‌ڵبگره، منیش حه‌وت چه‌وم بۆ هه‌ڵگرت و دامه خزمه‌تی، له له‌پی ده‌ستی پاكیدا پرواندنی (له ده‌ست خۆیی خشاندن تا تۆز‌و خۆڵیان لێبێته‌وه) ئینجا فه‌رمووی: به وه‌كو ئه‌مانه ره‌جم بكه‌ن، نه‌كه‌ن بكه‌ونه توندڕه‌ویی و سه‌ختگیریی دینی چونكه خه‌ڵكانی پێش ئێوه ئه‌و توندڕه‌وییه دینییه فه‌وتاندنی».
كه‌وابوو ئه‌مه‌یه سوننه‌ت حه‌وت چه‌وی گچكه‌و یه‌ک له دوای یه‌ک له‌گه‌ڵ «اللَّهُ أَكْبَر» كردن‌دا ده‌گیرێته جه‌مره، تێگرتنه‌كه‌ش هه‌ڵدانێتی به‌و شێوه‌یه‌ی كه بگاته میله‌كه، نه‌ک وه‌كو به‌ردهاویشتنی شه‌ڕه‌به‌رد! به نه‌رم و نیانیش، نه‌ک به رق و قینه‌وه نه‌بادا به‌ر حاجی تر بكه‌وێت و ئازاری پێ بگه‌یێنێت. ناشێت حاجی له ساده‌یی خۆیدا شتی تر بگرێته میله‌كه‌و وابزانێت تۆڵه‌ی خۆی له شه‌یتان ده‌كاته‌وه!
٢- شوێنی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی به‌ردووچکه‌کان:
حاجی بۆی هه‌یه له هه‌ر شوێنێک ویستی به‌ردووچكه‌كانی شه‌یتان ره‌جم كردن هه‌ڵگرێته‌وه، چونكه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) جێگایه‌كی دیاریكراویی ده‌ستنیشان نه‌كردووه بۆی؛ ئه‌مه بۆچوونی ئیمامی ئه‌حمه‌د و عه‌تاء و ئیبنو لمونزیرو په‌سه‌ندكراوی ئیمامی ئیبنو ته‌یمییه‌یه. به‌ڵام ئیمامی شافیعی پێی په‌سه‌ند بوو كه له موزده‌لیفه‌وه له‌گه‌ڵ خۆی بيهێنێت.[4] ده‌شفه‌رموون كه ئه‌مه ره‌فتاری ئیبنو عومه‌ره خوا لێیان رازی بێت، له تابیعینیش سه‌عیدی كوڕی جوبه‌یر.
پێم وایه مادام به‌ڵگه‌یه‌ک له‌سه‌ر دیاریكردنی شوێنی به‌ردووچكه‌كان نه‌هاتووه، پێویست به‌و قورس كردنه ناكات، ملیۆنه‌ها حاجی ملیۆنه‌ها چه‌و له موزده‌لیفه‌وه له‌گه‌ڵ خۆدا بهێنن، مادام ده‌توانن له‌كاتی شه‌یتان ره‌جم كردنه‌كه‌دا له‌به‌ر پێی خۆیان هه‌ڵیگرنه‌وه و بیهاون؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
٣- به‌کارهێنانه‌وه‌ی به‌ردووچکه‌ی تێگیراو:
ئایا ده‌شێت به‌ردووچكه‌ی تێگیراو به‌كار بهێنێته‌وه؟ جمهوری پێشه‌وایان ده‌فه‌رموون جائیزه حاجی به‌ردووچكه‌یه‌ک له شه‌یتان ره‌جم كردنه‌كه‌یدا به‌كار بهێنێت كه پێشتر به‌كارهێنراوه (گیرراوه‌ته شه‌یتان)؛ ئیبنوحه‌زمیش ده‌فه‌رموێ: شیاوه‌و هیچ گرێ و گۆڵێكی تێدا نییه؛[5] چونكه نه قورئان و نه سوننه‌ت رێ‌یان له‌وه نه‌گرتووه.
٤- شۆرینه‌وه‌ی به‌ردووچکه‌کان:
ئایا به‌ردووچكه‌كان ده‌شۆرێنه‌وه؟ هه‌رچه‌نده ئیمامی شافیعی ده‌فه‌رموێ: به‌ڵێ باشتره بیشواته‌وه به‌ڵام هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌مه نییه. ئیبنولمونزیر ده‌فه‌رموێ: هیچ ریوایه‌تێک له پێغه‌مبه‌ری خواوه (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) نه‌هاتووه كه به‌ردووچكه‌كانی شتبێته‌وه یان فه‌رمانی پێدابێت، شتنه‌وه‌شی هیچ مانایه‌كی نییه. عه‌تاء و سوفیانی سه‌وری و ئیمامی مالیک و زۆرینه‌ی ئه‌هلی عیلم فه‌رموویانه ناشۆرێته‌وه، به‌ڵام له تاووسه‌وه گێڕراوه‌ته‌وه كه ده‌یشته‌وه.[6] پێم وایه - وَاللَّهُ أَعْلَمُ - شتنه‌وه‌ی سه‌ختكارییه‌كی بێ به‌ڵگه‌یه.
٥ شه‌یتان ره‌جم كردن به سوارییه‌وه:
جائیزه، چونكه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) وای كردووه؛ قودامه‌ی كوڕی عه‌بدوڵڵا ده‌فه‌رموێ: «رَأَيْتُ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَرْمِي جَمْرَةَ الْعَقَبَةِ يَوْمَ النَّحْرِ عَلَى نَاقَةٍ لَهُ»[7]؛ «ر‌ۆژی قوربان پێغه‌مبه‌ری خوام (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) بینی به سواری حوشتره‌كه‌یه‌وه شه‌یتانی ره‌جم ده‌كرد».
بابه‌تی سێیه‌م
ژماره‌و کاتی شه‌یتان ره‌جم كردن
١- رۆژه‌کانی شه‌یتان ره‌جم کردن:
شه‌یتان ره‌جم كردن یه‌ك جار‌و یه‌ک رۆژ نییه به‌ڵكو چوار رۆژه؛ ر‌ۆژی یه‌كه‌مینی له ر‌ۆژی جه‌ژنی قورباندا ده‌بێت (يَوْمُ النّحْرِ) كه ده‌یه‌می زیلحیججه‌یه. پاشان سێ رۆژه‌كانی دوای ئه‌ویش كه پێیان ده‌وترێت رۆژانی ته‌شریق (أيَّام التَّشْرِيقِ) كه یازده‌یه‌م و دوازده‌یه‌م و سێزده‌یه‌می مانگی زیلحیججه‌یه؛ به‌م شێوازه:
- ر‌ۆژی جه‌ژنی قوربان به حه‌وت به‌ردووچكه شه‌یتانی گه‌وره ره‌جم ده‌كات (٧).
- ر‌ۆژی دووه‌می جه‌ژن (یازده‌ی زیلحجه) هه‌ر سێ شه‌یتانه‌كه ره‌جم ده‌كات، هه‌ریه‌كه‌یان به حه‌وت به‌ردووچكه (ئه‌مه ٢١).
- ڕۆژی سێیه‌م و چواره‌میش هه‌روه‌ها؛ هه‌ر شه‌یتانه و حه‌وت به‌ردووچكه (ئه‌مه‌ش ٤٢، هه‌ر رۆژه‌و ٢١).
- كۆی هه‌موویان ده‌كاته حه‌فتا به‌ردووچكه.
ئه‌گه‌ر حاجییه‌كه په‌له‌ی بوو له گه‌ڕانه‌وه و نه‌یویست بمێنێته‌وه بۆ ر‌ۆژی سێیه‌می پاش جه‌ژن (سێزده‌ی زیلحیججه) بۆی هه‌یه بڕوات و بگه‌ڕێته‌وه بۆ مه‌ککه؛ كه‌وابوو ئه‌م حاجییه ٤٩ به‌ردووچكه‌ی گرتۆته میله‌كان. ئه‌مه‌ش روونكردنه‌وه‌یه‌كی زیاتری ژماره‌و كاتی شه‌یتان ره‌جم كردنه‌كان.
٢- شوێنی هاویشتنی به‌ردووچکه‌کان (ر‌ۆژی جه‌ژن):
له دۆڵه‌كه‌دا (بَطْنَ الْوَادِي) روو له میلی شه‌یتان ده‌وه‌ستێت، مه‌ككه ده‌كه‌وێته لای چه‌پی و مینا له لای ده‌ستی راستییه‌وه ده‌بێت (ئه‌گه‌ر بۆی كرا)؛ چونكه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) وه‌كو له ریوایه‌ته‌كه‌ی جابردا هاتبوو وای كرد. له فه‌رمووده‌که‌ی ئیبنو مه‌سعوودیشدا خوا لێی رازی بێت هاوتووه: «حِينَ رَمَى جَمْرَةَ العَقَبَةِ فَاسْتَبْطَنَ الوَادِيَ حَتَّى إِذَا حَاذَى بِالشَّجَرَةِ اعْتَرَضَهَا فَرَمَى بِسَبْعِ حَصَيَاتٍ يُكَبِّرُ مَعَ كُلِّ حَصَاةٍ، ثُمَّ قَالَ: مِنْ هَاهُنَا وَالذِي لا إِلَهَ غَيْرُهُ قَامَ الذِي أُنْزِلَتْ عَلَيْهِ سُورَةُ الْبَقَرَةِ (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ)»[8]؛ «كاتێک ئیبنومه‌سعوود شه‌یتانی گه‌وره‌ی ره‌جم كرد له ناوه‌ڕاستی دۆڵه‌كه‌دا وه‌ستا تا گه‌یشته ئاستی دره‌خته‌كه‌ی سه‌رڕێ، پشتی لێکرد و حه‌وت به‌ردووچكه‌ی هاویشت له‌گه‌ڵ هاويشتنی هه‌ر به‌ردووچكه‌یه‌كیشدا ته‌كبیری ده‌كرد، پاشان وتی: سوێند به‌و خوایه‌ی هیچ هاوه‌ڵی نییه، ئه‌و که‌سه‌ی سووره‌تی به‌قه‌ڕه‌ی له‌سه‌ر دابه‌زیوه[9] (واته پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ئالێره‌دا وه‌ستابوو». ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی بۆ نه‌ده‌لوا بۆی هه‌یه له‌هه‌ر لاو لایه‌نێكه‌وه شه‌یتان ره‌جم بكات.
٣- كات و ساتی ره‌جم كردنه‌كه (ر‌ۆژی جه‌ژن):
جابر خوا لێی رازی بێت ده‌فه‌رموێ: «رَأَيْتُ رَسُولَ الله صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَرْمِي يَوْمَ النَّحْرِ ضُحًى»[10]؛ «ر‌ۆژی جه‌ژنی قوربان كاتی چێشته‌نگاو پێغه‌مبه‌ری خوام (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) بینی شه‌یتانی ره‌جم ده‌كرد».
شه‌رعناسان به گشتی ده‌فه‌رموون كاتی هه‌بوونی بوار‌و كات په‌سه‌ندتره كه ر‌ۆژی جه‌ژن، له کاتی چێشته‌نگاو شه‌یتان ره‌جم بكات (شه‌یتانی گه‌وره).[11] ئه‌گه‌ر گه‌یشته خۆرئاوابوون و هه‌ر بۆی نه‌ڕه‌خسا ده‌توانێت دوای خۆرئاوا بوون بیكات؛ چونكه ئیبنوعه‌بباس خوا لێیان رازی بێت ده‌فه‌رموێ: «كَانَ النَّبِيُّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يُسْأَلُ يَوْمَ النَّحْرِ بِمِنًى فَسَأَلَهُ رَجُلٌ فَقَالَ رَمَيْتُ بَعْدَ مَا أَمْسَيْتُ، فَقَالَ: لاَ حَرَجَ»[12]؛ «ر‌ۆژی جه‌ژنی قوربان له مینا پرسیار له پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ده‌كرا، كابرایه‌ک عه‌رزی كرد: من دوای ئه‌وه‌ی ئێواره‌م به‌سه‌ردا هات ره‌جمم كرد، فه‌رمووی قه‌یدی نییه، چاكه».
4- سه‌ره‌تای كاتی شه‌یتان ره‌جم كردن:
حه‌نه‌فییه‌كان و مالیكییه‌كان ده‌فه‌رموون: سه‌ره‌تای كاتی شه‌یتان ره‌جم كردن سپێده‌ی ر‌ۆژی جه‌ژنی قوربانه. شافیعییه‌كان و حه‌نبله‌لییه‌كان ده‌فه‌رموون: سه‌ره‌تای ره‌جم كردن دوای نیوه‌شه‌وه كه بۆ سبه‌ینێ قوربانه، ئه‌مه بۆ هه‌ر كه‌سێكه كه وه‌ستانی كێوی عه‌ره‌فاتی ئه‌نجام دابێت.
٥- كۆتا كاتی ره‌جم کردنی شه‌یتانی گه‌وره (واته ئه‌و حه‌وت به‌ردووچکه‌ی یه‌که‌م که بۆ جه‌مره‌ی عه‌قه‌به ده‌ها):
- حه‌نه‌فییه‌كان ده‌فه‌رموون: سپێده‌ی رۆژیی دواییه (یازده‌ی زیلحیججه؛ واته له سپێده‌ی یه‌كه‌م رۆژه‌وه بۆ سپێده‌ی دووه‌م رۆژ).
- مالیكییه‌كان ده‌فه‌رموون: تا ئێواره‌ی هه‌مان ڕۆژه (ڕۆژی جه‌ژنی قوربان).
هه‌ردوو لاشیان (حه‌نه‌فی و مالیكیه‌كان) ده‌فه‌رموون: ئه‌گه‌ر شه‌یتان ره‌جم كردنی له‌و كاته دیاریكراوه‌وه دواخست ده‌بێ قوربانییه‌ک بكات.
- شافیعییه‌كان و حه‌نبه‌لییه‌كان ده‌فه‌رموون كۆتا كاتی ره‌جم كردنی شه‌یتان گه‌وره (که له ئه‌سڵدا ده‌بێت ر‌ۆژی جه‌ژن ئه‌نجام بدرێت) كۆتا كاتی رۆژانی ته‌شریقه واته ئێواره‌ی سێزده‌ی زیلحیججه.
٦- شه‌یتان ره‌جم کردنی لاواز‌و بێهێزه‌کان له ر‌ۆژی جه‌ژندا:
لاواز‌و بێهێزه‌كان كه بۆیان هه‌بوو له دوای نیوه‌شه‌وه‌وه له موزده‌لیفه بێنه‌خواره‌وه و بچنه مینا تا شه‌یتان ره‌جم بكه‌ن به رای جمهوری شه‌رعناسان له دوای سپێده‌ی به‌یانییه‌وه بۆیان هه‌یه ره‌جم بکه‌ن. به‌ڵام ئیمامی شافیعی ده‌فه‌رموێ بۆیان هه‌یه پێش سپێده‌ش بچن و شه‌یتان ره‌جم بكه‌ن.
پێم وایه له سه‌رجه‌می ریوایه‌ت و ره‌فتاری یاوه‌ران و بۆچوونی پێشه‌وایانی به‌رێزه‌وه ئه‌وه روون ده‌بێته‌وه كه
لاواز‌و بێهێزه‌كان به تایبه‌تی ئافره‌تان بۆیان هه‌یه پێش سپێده و پێش خۆرهه‌ڵهاتن و دواتر شه‌یتان ره‌جم بكه‌ن؛ واته هه‌ر كاتێک گه‌یشتنه مینا. چونكه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) پێشتر رێی پێدان كه له دوای نیوه‌شه‌وه‌وه له موزده‌لیفه‌وه به‌ره‌و مینا بۆ شه‌یتان ره‌جم كردن بێنه‌خواره‌وه و بڕۆن؛ ئیبنو عومه‌ر خوا لێیان رازی بێت گێڕایه‌وه: «أَرْخَصَ فِي أُولَئِكَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ»[13]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) رێی به‌وانه داوه».
بابه‌تی چواره‌م
سوننه‌ته‌كانی شه‌یتان ره‌جم كردن
١- كۆتاهێنانی ته‌لبیه (لَبَّيْكَ اللَّهُمَّ لَبَّيْكَ) پێش ده‌ستپێكردنی ره‌جم كردن، چونكه فه‌زڵی كوڕی عه‌بباس خوا لێیان رازی بێت گێڕایه‌وه كه: «أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لَمْ يَزَلْ يُلَبِّي حَتَّى بَلَغَ الْجَمْرَةَ»[14]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) له‌سه‌ر ته‌لبیه كردنی به‌رده‌وام بوو تا گه‌یشته شوێنی شه‌یتان ره‌جم كردن». ئه‌مه بۆچوونی جمهوری پێشه‌وایانیشه.[15]
٢- ته‌كبیر (اللَّهُ أَكْبَر) كردن له‌گه‌ڵ هاویشتنی هه‌ر به‌ردووچكه‌یه‌كدا؛ چونكه وه‌كو له ریوایه‌ته‌كه‌ی جابردا خوا لێی رازی بێت هاتبوو: «حَتَّى أَتَى اَلْجَمْرَةَ اَلَّتِي عِنْدَ اَلشَّجَرَةِ، فَرَمَاهَا بِسَبْعِ حَصَيَاتٍ، يُكَبِّرُ مَعَ كُلِّ حَصَاةٍ مِنْهَا»؛ « كه گه‌یشته لای ئه‌و جه‌مره‌ی له‌پاڵ دره‌خته‌كه‌دایه (جه‌مره‌ی گه‌وره) حه‌وت به‌ردووچكه‌ی تێگرت و له‌گه‌ڵ هاویشتنی هه‌ر به‌ردووچكه‌یه‌كیشدا «اللَّهُ أَكْبَر»ێكی ده‌كرد ».
٣- له به‌ری خواره‌وه‌ی میله‌كه‌وه له ناوه‌ندی دۆڵه‌كه‌وه به‌ردووچكه‌كانی تێبگرێت وه‌ک پێشتر باس كرا.
٤- ره‌جم كردنه‌كه‌ی له دوای خۆرهه‌ڵهاتن بێت وه‌ک پێشتر باس كرا.
٥- دوای شه‌یتان ره‌جم كردن یه‌كسه‌ر بڕوات و له‌وێ نه‌مێنێت، نه بۆ دوعاكردن و نه بۆ زیكری تر.
ئیمامی ئیبنو حه‌جه‌ر ده‌فه‌رموێ: چوار ره‌فتاری جیاواز له ره‌جم كردنی شه‌یتانی گه‌وره‌دا هه‌یه كه له دوو شه‌یتانه‌كه‌ی تردا نین: ر‌ۆژی قوربان هه‌ر ئه‌ویان ره‌جم ده‌كرێت، دواتر لای نامێنێته‌وه، چێشته‌نگاو ره‌جم ده‌كرێت و له‌به‌ری خوارێیه‌وه به‌ردووچكه‌كانی تێ ده‌گیرێت».[16]
لاباس- ره‌فتاره‌كانی ر‌ۆژی جه‌ژنی قوربان یه‌ک له دوای یه‌ک:
ر‌ۆژی قوربان كه حاجی ده‌گاته مینا چوار ره‌فتاری له‌سه‌ره ئه‌نجامی بدات: ره‌جم كردنی شه‌یتانی گه‌وره، پاشان سه‌ربڕینی قوربانییه‌كه‌ی، پاشان سه‌رتاشین، پاشان ته‌وافی ئیفازه. ئه‌م ره‌فتارانه به‌م ریزبه‌ندییه سوننه‌تن، نه‌ك واجب؛ چونكه ئه‌گه‌ر ته‌واف كردنه‌كه‌ی خسته پێش شه‌یتان ره‌جم كردن، یان قوربانییه‌كه‌ی له كاتی خۆیدا سه‌ربڕی به‌ڵام هێشتا شه‌یتانی ره‌جم نه‌كردبوو یان سه‌ری تاشی پێش شه‌یتان ره‌جم كردن یان ته‌واف جائیزه و هیچ قوربانی ئیزافه‌ی ناكه‌وێته سه‌ر، به‌ڵام چاكترینه‌كه‌ی له ده‌ست داوه.[17] ئه‌وه بۆچوونی ئیمامی شافیعییه كه له هه‌مان كاتیش‌دا بۆچوونی شه‌رعناسانی سه‌له‌ف و فه‌رمووده‌وانانیشه.[18] ریوایه‌ته‌كه‌ی ئیبنو عه‌بباس خوا لێیان رازی بێت ده‌بێته به‌ڵگه‌ی ئه‌مه كه گێڕایه‌وه: «أَنَّ النَّبِيَّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قِيلَ لَهُ فِي الذَّبْحِ وَالْحَلْقِ وَالرَّمْىِ وَالتَّقْدِيمِ وَالتَّأْخِيرِ فَقَالَ: لاَ حَرَجَ»[19]؛ «عه‌رزی پێغه‌مبه‌ری خوایان (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) كرد بۆ پاش و پێش خستنی قوربانی كردن و سه‌رتاشین و شه‌یتان ره‌جم كردن‌و فه‌رمووی: ئیشكالی تێدا نیه». ئه‌وه‌ش یه‌عنی نه هه‌ڵه‌یه‌و نه قوربانی ئیزافیشی ده‌كه‌وێته سه‌ر.
ئیمامی ئه‌حمه‌د ده‌فه‌رموێ: ئه‌نجامدانی ئه‌م ره‌فتارانه به بێ ریزبه‌ندیی خۆیان جائیزه بۆ كه‌سێک كه بیری چووه یان لێی تێک چووه، نه‌ک بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی به ئه‌نقه‌ست به ریزبه‌ندییه‌كه‌ی خۆیان نه‌یكردووه.[20] چونكه ریوایه‌ته‌كه‌ی عه‌بدوڵڵای كوڕی عه‌مر خوا لێیان رازی بێت ده‌فه‌رموێ: «أَنَّ رَسُولَ اَللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ وَقَفَ فِي حَجَّةِ اَلْوَدَاعِ، فَجَعَلُوا يَسْأَلُونَهُ، فَقَالَ رَجُلٌ: لَمْ أَشْعُرْ، فَحَلَقْتُ قَبْلَ أَنْ أَذْبَحَ. قَالَ: اِذْبَحْ وَلَا حَرَجَ. فَجَاءَ آخَرُ، فَقَالَ: لَمْ أَشْعُرْ، فَنَحَرْتُ قَبْلَ أَنْ أَرْمِيَ، قَالَ: اِرْمِ وَلَا حَرَجَ. فَمَا سُئِلَ يَوْمَئِذٍ عَنْ شَيْءٍ قُدِّمَ وَلَا أُخِّرَ إِلَّا قَالَ: اِفْعَلْ وَلَا حَرَجَ»[21]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) له حه‌جی ماڵئاواییدا وه‌ستاو خه‌ڵكه‌كه‌ش پرسیاریان عه‌رز ده‌كرد، كابرایه‌ک عه‌رزی كرد: بێ‌ئاگایانه سه‌رم تاشی پێش ئه‌وه‌ی قوربانییه‌كه‌م بكه‌م، فه‌رمووی قوربانییه‌كه‌ت بكه‌و بێخه‌م به. یه‌كێكی تر عه‌رزی كرد: منیش قوربانیم كرد پێش شه‌یتان ره‌جم كردن، فه‌رمووی: ره‌جم كه‌و خه‌مت نه‌بێت. له‌و رۆژه‌دا هه‌ر چییه‌كیان عه‌رز كرد له پاش و پێش كردنی (ره‌فتاره‌كانی مینا) هه‌ر ده‌یفه‌رموو: بیكه و بێخه‌م به».
ئیبنوده‌قیقیلعید ده‌فه‌رموێ: ئه‌وه‌ی ئیمامی ئه‌حمه‌د فه‌رموویه‌تی به‌ڵگه‌ی له‌گه‌ڵدایه كه ده‌بێ ئیقتیدا به پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) بكرێت و ئه‌و ره‌فتارانه به پێی سوننه‌ت یه‌ک له دوای یه‌ک بكرێن، چونكه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رموویه‌تی: «خُذُوا عَنِّي مَناسِكَكُمْ»؛« ره‌فتاره‌كانی حه‌ج له منه‌وه وه‌ربگرن». ئه‌م ریوایه‌تانه كه رێپێدانی پاش و پێش كردنیان سه‌لماندووه ده‌سته‌واژه (عیباره‌ت)ی پرسیار‌كاره‌كه‌ی تێدا رۆشنه كه ده‌فه‌رموون «لَمْ أَشْعُرْ»، كه‌وابوو حوكمه‌كه په‌یوه‌ندی به‌م حاڵه‌تی بێ‌ئاگاییه‌وه‌یه ئه‌مما به ئه‌نقه‌ست كردی یان به ئاگایانه ئه‌نجامی دان هه‌ر ده‌بێت به پێی ریزبه‌ندیی سوننه‌ت بێت.[22]
به‌ڵێ ئه‌وه شیكارییه‌كی جوان و به‌هێزكردنی بۆچوونه‌كه‌ی ئیمام ئه‌حمه‌ده به‌ڵام خۆ پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) هه‌ر بۆ كاره ئه‌نجامدراوه‌كانی نه‌فه‌رموو: «لَا حَرَجَ»، به‌ڵكو بۆ كاری داهاتووشیان فه‌رمووی «اِفْعَلْ وَلَا حَرَجَ»، ئه‌وه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یێنێت كه جیاوازی له نێوان بێ‌ئاگاو به‌ئاگاو نه‌زان و زانادا نییه له پاش و پێش خستنی ره‌فتاره‌كانی ئه‌م رۆژه؛ له‌م رۆژه‌شدا ئه‌مه‌یان كه بۆچوونی جمهوری پێشه‌وایانی شه‌رعه گونجاوتره بۆ حه‌ج كردنی ئه‌م سه‌رده‌مه كه لانی كه‌م سێ ملیۆن حاجی ساڵانه حه‌ج ده‌كه‌ن! ئه‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ری ئیشكالی هه‌یه ئه‌و ریزبه‌ندییه‌یه ئایه‌ته‌كه باسی کردووه: «وَلاَ تَحْلِقُواْ رُؤُوسَكُمْ حَتَّى يَبْلُغَ الْهَدْيُ مَحِلَّهُ» [البقرة: ١٩٦]؛ «سه‌رتان مه‌تاشن تا ئاژه‌ڵی قوربانییه‌كان ده‌گه‌نه شوێنی خۆیان». به‌ڵام جمهور وه‌ڵامی ئه‌مه‌شیان داوه‌ته‌وه كه ئایه‌ته‌كه نه‌یفه‌رمووه سه‌ر مه‌تاشن تا قوربانییه‌كه ده‌كه‌ن؛ قوربانییه‌كان له شوێنی ئاماده كراوی سه‌ربڕینیاندان، كه‌وابوو فه‌رمانی ئایه‌ته‌كه هاتۆته دی، ئاژه‌ڵه‌كان ئاماده‌ی قوربانی كراون ئینجا سه‌ریان تاشیوه.
پێم وایه ئه‌سڵ هه‌ر به پێی سوننه‌ته‌كه بێت چاكتره به‌ڵام له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئه‌و ریزبه‌ندییه بۆ هه‌موو كه‌س نالوێت له‌به‌ر قه‌ره‌باڵغی و یاساكانی رێكخستنی حه‌ج كردن و هه‌بوونی پابه‌ندبوون به كات و ئاڕاسته‌ی كاروانی حاجیانی وڵات و کۆمپانیاکانی حه‌جه‌وه؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
[1]. موسليم: ١٢٩٧؛ نه‌سائی: ٣٠٦٢؛ ئئه‌بو داوود: ١٩٧٠.
[2]. ئه‌بو داوود: ١٨٨٨؛ ترمزی: ٩٠٢؛ ئه‌حمه‌د: ٤/٦٤؛ زه‌عيفه (صحيح فقه السنة: ٢/٢٤٨).
[3]. نه‌سائی: ٥/٢٦٨؛ ئيبنو ماجه: ٣٠٢٩؛ ئه‌حمه‌د: ١/٢١٥؛ سه‌حيحه (صحيح فقه السنة: ٢/٢٤٩).
[7]. ترمزی: ٩٠٣؛ نه‌سائی: ٥/٢٧٠؛ ئيبنو ماجه: ٣٠٣٥؛ حه‌سه‌نه (صحيح فقه السنة: ٢/٢٥٠).
[8]. بوخاری: ١٧٥٠؛ موسليم: ١٢٩٦.
[9]. بۆیه لێره‌دا باسی سووره‌تی به‌قه‌ڕه‌ی کردووه چونکه زۆرینه‌ی ئه‌حکامی حه‌ج له‌م سووره‌ته‌دان؛ واللّه أعلم.
[11]. ابن عبد البر، التمهيد: ١٧/٢٥٥.
[13]. له باسی مانه‌وه له موزده‌ليفه‌دا هه‌مووی هاتووه.
[14]. بوخاری: ١٦٧٠؛ موسليم: ١٢٨١.
[15]. المجموع: ٨/١٧٧؛ نهاية المحتاج: ٣/٣٠٣؛ المبدع: ٣/٣٤٠؛ المحلى: ٧/١٨٠؛ فتح الباري: ٣/٦٢٣.
[20]. المغني: ٣/٤٤٧؛ فتح الباري: ٣/٦٦٨.
[21]. بوخاری: ١٧٣٦؛ موسليم: ١٣٠٦.
[22]. ابن دقيق العيد، شرح عمدة الأحكام: ٣/٧٩.