شه‌ومانه‌وه له موزده‌لیفه
له‌م باسه‌دا له‌سه‌ر شه‌ومانه‌وه له موزده‌لیفه ده‌دوێین و له چه‌ن بابه‌تێکدا باسی ده‌که‌ین.
بابه‌تی یه‌که‌م
حوكمی شه‌ومانه‌وه له موزده‌لیفه
شه‌رعناسان له حوكمی شه‌رعی شه‌ومانه‌وه له موزده‌لیفه‌دا راجوێ بوون؛ بۆچوونیان سێیه:
بۆچوونی یه‌كه‌م- شه‌ومانه‌وه له موزده‌لیفه روكنه:
ئه‌مه بۆچوونی ئیمامی مالیكه و له تابیعینیش عه‌لقه‌مه‌و نه‌خه‌عی و شه‌عبی، له یاوه‌رانیش ئیبنو عه‌بباس و ئیبنو زوبه‌یر خوا لێیان رازی بێت، هه‌روه‌ها رای زاهیرییه‌كانه‌و په‌سه‌ندكراو‌ی ئیبنو لقه‌ییمیشه.[1] به‌ڵگه‌یان ئه‌مانه‌یه:
١- خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: «فَإِذَا أَفَضْتُم مِّنْ عَرَفَاتٍ فَاذْكُرُواْ اللَّهَ عِندَ الْمَشْعَرِ الْحَرَامِ» [البقرة: ١٩٨]؛ «ئه‌گه‌ر له عه‌ره‌فات هاتنه خواره‌وه (بچنه موزده‌لیفه) و له‌پاڵ مه‌شعه‌ری حه‌رامدا یادی خوا بکه‌ن».
٢- ریوایه‌ته‌كه‌ی عوروه‌ی كوڕی موزه‌رریس كه ده‌گێڕێته‌وه: «أَنَّ النَّبِيَّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ: مَنْ شَهِدَ صَلاَتَنَا هَذِهِ وَوَقَفَ مَعَنَا حَتَّى نَدْفَعَ وَقَدْ وَقَفَ بِعَرَفَةَ قَبْلَ ذَلِكَ لَيْلاً أَوْ نَهَارًا فَقَدْ أَتَمَّ حَجَّهُ وَقَضَى تَفَثَهُ»[2]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمووی: هه‌ر كه‌سێک فریای ئه‌م نوێژه‌مان كه‌وتبێت (له‌گه‌ڵماندا كردبێتی) و وه‌كو ئێمه ئاوا لێره وه‌ستابێت تا ده‌ڕۆین، پێشتریش له عه‌ره‌فه وه‌ستابێت، به شه‌و بێت یان رۆژ ئه‌وه مانای وایه وه‌ستانی عه‌ره‌فاتی ئه‌نجام داوه، حه‌جه‌كه‌ی ته‌واو كردووه‌و ره‌فتاره‌كانی به‌جێ هێناوه». ئه‌م به‌رێزانه ده‌فه‌رموون مانای ئه‌وه‌یه كه هه‌ر كه‌سێک له موزده‌لیفه نه‌وه‌ستا حه‌جه‌كه‌ی ته‌واو نییه و نوقسانه.
٣- كرداری پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) راپه‌ڕاندنی ئایه‌ته‌كه‌یه و روون كردنه‌وه‌ی گرنگێتی مانه‌وه‌یه له موزده‌لیفه.
بۆچوونی دووه‌م- شه‌ومانه‌وه له موزده‌لیفه واجبه:
ئه‌مه بۆچوونی جمهوری پێشه‌وایانی شه‌رعه كه ده‌فه‌رموون هه‌ر كه‌سێک له موزده‌لیفه نه‌مایه‌وه حه‌جه‌كه‌ی دروسته، به‌ڵام ده‌بێ قوربانییه‌ک بكات. به‌ڵگه‌ی ئه‌م به‌رێزانه:
عه‌بدوڕڕه‌حمانی کوڕی یه‌عمور خوا لێی رازی بێت كه فه‌رمووی: «أَنَّ النَّبِيَّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ أَمَرَ مُنَادِيًا فَنَادَى: الْحَجُّ عَرَفَةُ مَنْ جَاءَ لَيْلَةَ جَمْعٍ قَبْلَ طُلُوعِ الْفَجْرِ فَقَدْ أَدْرَكَ الْحَجَّ»[3]؛ « پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمانی دا جاڕچی هاوار له خه‌ڵكی بكات كه حه‌ج كردن بریتییه له وه‌ستان له عه‌ره‌فات، هه‌ركه‌سێک شه‌وی كۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه له عه‌ره‌فات گه‌یشت (و فریا كه‌وت بچێته سنوری كێوی عه‌ره‌فاته‌وه) ئه‌وه حه‌جه‌كه‌ی بۆ حسێبه». كه‌وابوو هه‌ر كه‌سێک پێش سپێده به كه‌مترین ماوه له عه‌ره‌فات وه‌ستابێت حه‌جه‌كه‌ی دروسته، ئه‌مه ده‌ری ده‌خات که وه‌ستان له موزده‌لیفه روكن نییه ده‌نا ده‌بوو وه‌ستانی ئێره‌ش وه‌كو وه‌ستانی عه‌ره‌فات بوایه.
بۆچوونی سێیه‌م- شه‌ومانه‌وه له موزده‌لیفه سوننه‌ته:
ئه‌مه رایه‌كی ئیمام ئه‌حمه‌ده به‌ڵام پێ ده‌چێت زه‌عیف بێت.
پێم وایه شه‌ومانه‌وه له موزده‌لیفه واجبه وه‌كو جمهوری شه‌رعناسان ده‌فه‌رموون (بۆچوونی دووه‌م)، به‌ڵام ئه‌وه كه ئه‌گه‌ر له‌وێ نه‌مایه‌وه ده‌بێت قوربانییه‌ک بكات، جێ سه‌رنجه و لایه‌نگرتنی به بێ هه‌بوونی به‌ڵگه ره‌نگه په‌سه‌ندتر بێت به‌ڵام ناكرێت بڵێین واجبه، چونكه كردنی خێرێک له‌سه‌ر ماڵ و سامانی موسوڵمان به‌ڵگه‌یه‌كی شه‌رعی سه‌لمێنراوی ده‌وێت؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
بابه‌تی دووه‌م
بڕی شه‌و مانه‌وه له موزده‌لیفه[4]
- حه‌نه‌فییه‌كان ده‌فه‌رموون: هه‌ر كه‌سێک ماوه‌یه‌ک، هه‌رچه‌ند كه‌م بێت له شه‌و، پێش سپێده‌ی رۆژی قوربان له موزده‌لیفه بمێنێته‌وه تا خۆریش هه‌ڵدێت، ئه‌وه بۆی حسێبه با هه‌موو شه‌وه‌كه‌ش له‌وێ نه‌مابێته‌وه یان له‌وێش نه‌خه‌وتبێت، ئه‌گه‌ر نا ده‌بێت قوربانییه‌ک بكات مه‌گه‌ر عوزری زۆر قه‌ره‌باڵغی هه‌بووبێت و هه‌وڵی دابێت به‌ڵام نه‌گه‌یشتبێت یان نه‌یتوانیبێت ده‌رچێت.
- مالیكییه‌كان ده‌فه‌رموون: كاته‌كه‌ی كه له‌سه‌رێتی له موزده‌لیفه بمێنێته‌وه له‌كاتی گه‌یشتنێتی تا ده‌ركه‌وتنی سپێده، گرنگ ئه‌وه‌یه به‌شێک له شه‌و له موزده‌لیفه ماوه‌ته‌وه.
- شافیعییه‌كان و حه‌نبه‌لییه‌كان ده‌فه‌رموون: ئه‌گه‌ر پێش نیوه‌شه‌و گه‌یشته موزده‌لیفه با به ماوه‌یه‌كی كه‌میش بێت ده‌بێ بووه‌ستێت و بمێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر له دوای نیوه شه‌وه‌وه گه‌یشت هه‌ر بڕێک پێش سپێده بمێنێته‌وه بۆی حسێبه.
پێم وایه ئه‌سڵ ئه‌وه‌یه كه شه‌ومانه‌وه‌ی له موزده‌لیفه تا سپێده‌ی به‌یانی واجبه، جا پێش نیوه‌شه‌و گه‌یشتووه یان دوای نیوه‌شه‌و، چونكه شه‌و مانه‌وه (المبیت) بۆ مانه‌وه‌یه تا سپێده‌ی به‌یانی؛ ئه‌مه‌شه كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) به یاوه‌رانی كردووه، به‌ڵام رێگای به پیاو و ئافره‌ته لاواز و بێتاقه‌ته‌كان داوه كه زووتر (پێش سپێده) موزده‌لیفه جێ بهێڵن وه‌كو له‌م به‌ڵگانه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت:
١- ریوایه‌تی خاتوو ئه‌سماء خوا لێی رازی بێت كه له كۆتایی ژیانیدا چاوه‌كانی كوێر ببوون، شه‌و له موزده‌لیفه مابۆوه، دوایی هه‌ستا ماوه‌یه‌ک شه‌ونوێژیی كرد و پرسی: ئه‌رێ رۆڵه مانگ ئاوا نه‌بوو (هه‌ر مانگه شه‌وه؟)؟ عه‌رزم كرد: نه‌خێر ئاوا نه‌بووه پاشان ماوه‌یه‌كی تریش نوێژی كرد‌و پرسییه‌وه: ئه‌رێ مانگ ئاوا نه‌بوو؟ عه‌رزم كرد: به‌ڵێ ئاوا بوو، فه‌رمووی ده‌ی با بڕۆین، ئیتر رۆیشتین تا شه‌یتانی ره‌جم كرد و پاشان گه‌ڕایه‌وه ماڵه‌وه و نوێژی به‌یانی له ماڵه‌وه كرد، عه‌رزم كرد: پوورێ گیان واده‌زانم زۆری شه‌و مابوو كه هاتینه خوارێ (له موزده‌لیفه). فه‌رمووی: «إِنَّ النَّبِيَّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ أَذِنَ لِلظُّعُنِ» پێغه‌مبه‌ری خوا صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ رێی به ئافره‌تانی داوه (دوای مانگ ئاوا بوون موزده‌لیفه جێ بهێڵن).[5]
٢- ئیبنو عه‌بباس خوا لێیان رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «أَنَا مِمَّنْ قَدَّمَ النَّبِيُّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لَيْلَةَ الْمُزْدَلِفَةِ فِي ضَعَفَةِ أَهْلِهِ»[6]؛ «من له‌وانه‌م كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) شه‌وی موزده‌لیفه له‌گه‌ڵ خێزانه لاوازه‌كانیدا ناردمی».
٣- خاتوو عائیشه خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «نَزَلْنَا الْمُزْدَلِفَةَ فَاسْتَأْذَنَتِ النَّبِيَّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ سَوْدَةُ أَنْ تَدْفَعَ قَبْلَ حَطْمَةِ النَّاسِ، وَكَانَتِ امْرَأَةً بَطِيئَةً، فَأَذِنَ لَهَا، فَدَفَعَتْ قَبْلَ حَطْمَةِ النَّاسِ، وَأَقَمْنَا حَتَّى أَصْبَحْنَا»،[7] «گه‌یشتینه موزده‌لیفه و ماینه‌وه خاتوو سه‌وده خوا لێی رازی بێت كه خێزانی پێغه‌مبه‌ری خوایه (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) داوای رێپێدانی كرد كه زووتر موزده‌لیفه جێ بهێڵێت پێش قه‌ره‌باڵغی خه‌ڵكی چونكه هیواش ده‌ڕۆیشت، پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) رێی پێدا، ئیتر ئه‌و ته‌شریفی برد و ئێمه‌ش له موزده‌لیفه تا سپێده ماینه‌وه».
كه‌وابوو مانه‌وه له موزده‌لیفه واجبه و جێهێشتنی ده‌بێت دوای سپێده بێت بۆ ئه‌و پیاو و ئافره‌تانه‌ی به‌توانان له مانه‌وه‌و رۆیشتندا؛ بۆیه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) رێی به خاتوو سه‌وده و ئیبنو عه‌بباس و هاوشێوه‌یان - له كه‌م تواناییدا- دا‌و خاتوو عائیشه و یاوه‌رانی تر خوا لێیان رازی بێت تا سپێده هه‌ر له موزده‌لیفه مانه‌وه.
بابه‌تی سێیه‌م
سوننه‌ت و ئادابی مانه‌وه له موزده‌لیفه و جێهێشتنی[8]
١- نوێژی شێوان و خه‌وتنان پێكه‌وه ده‌كات به كۆی دواخستن (جَمْعُ تأخير).
٢- یه‌ک بانگیان بۆ ده‌دات و دوو ئیقامه‌یان بۆ ده‌كات.
٣- نوێژه سوننه‌ته‌كانی نێوانیان ناكات.
٤- تا سپێده له موزده‌لیفه ده‌مێنێته‌وه و ده‌خه‌وێت؛ شه‌و نوێژیش ناكات (سوننه‌ت نییه).
٥- نوێژی به‌یانییه‌كه‌ی به بانگ و قامه‌ت ده‌كات (له سه‌ره‌تای كاته‌كه‌یه‌وه).
٦- له كێوی مه‌شعه‌ری حه‌رام (هه‌ر له موزده‌لیفه‌یه) رووه‌و قیبله ده‌وه‌ستێت و دوعا و سوپاس و ته‌كبیرو ته‌لبیه ده‌كات، تا دنیا به ته‌واوی روناک ده‌بێته‌وه.
٧- پێش خۆرهه‌ڵهاتن هێدیی و له‌سه‌رخۆ موزده‌لیفه جێ ده‌هێڵێت.
٨- كه له موزده‌لیفه چووه خوارێ و گه‌یشته دۆڵی موحه‌سسیر(وَادِي مُحَسِّر) خێرا تێ ده‌په‌ڕێت، مه‌گه‌ر به سواری سه‌یاره بێت وخۆی لێی نه‌خوڕێت، به‌ڵام له دڵی خۆیدا وادانێت كه ئه‌گه‌ر پیاده بڕۆیشتایه ئه‌م دۆڵه‌ی خێرا ده‌بڕی (ئه‌م دۆڵه ئه‌و شوێنه‌یه كه فیله‌كانی ئه‌بڕه‌هه‌ی تێدا وه‌ستا كه هاتبوو كه‌عبه بڕوخێنێت!). پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) سیره‌ی وابوو كه تا بۆی بكرایه به‌و شوێنانه‌دا نه‌ده‌ڕۆیشت كه غه‌زه‌بی خوایان لێ باریبوو، یان زۆر خێرا پێیدا گوزه‌ری ده‌كرد.
٩- له رێگایه‌كی تری غه‌یری رێگاكه‌ی عه‌ره‌فاته‌وه بچێته خواره‌وه و به‌ره‌و مینا بكه‌وێته رێ.
[1]. المغني: ٣/٣٧٦؛ المحلى: ٧/١١٨؛ بداية المجتهد: ١/٣٧٦؛ زاد المعاد: ٢/٢٥٣.
[2]. ئه‌بو داوود: ١٩٥٠؛ ترمزی: ٨٩١؛ نه‌سائی: ٥/٢٦٣؛ ئيبنو ماجه: ٣٠١٦؛ شێخی ئه‌لبانی له الاروا‌ء (١٠٦٦)دا ده‌فه‌رموێ سه‌حيحه.
[3]. ئه‌بوداوود: ١٩٣٣؛ ترمزی: ٥٩٠؛ نه‌سائی: ٥/٢٦٤؛ ئيبنو ماجه: ٣٠١٥.
[4]. رد المحتار: ٢/٢٤١؛ حاشية العدوي: ١/٤٧٥؛ مغني المحتاج: ١/٤٩٨؛ المغني: ٣/٤١٧؛ الفروع: ٣/٥١٠.
[5]. بوخاری: ١٦٧٩؛ موسلیم: ١٢٩١.
[6]. بوخاری: ١٦٧٨؛ موسليم: ١٢٩٣.
[7]. بوخاری: ١٦٨١؛ موسليم: ١٢٩٠.
[8]. هه‌موو ئه‌م سوننه‌تانه له ريوايه‌تی سه‌حيحی جابر و ئوسامه‌دا خوا لێيان رازی بێت هه‌ن لای بوخاری و موسليم.