روکنی چواره‌می حه‌ج (وه‌ستانی عه‌ره‌فات)
باسی یه‌که‌م: سوننه‌ته‌كانی چوونه مینا (مِنَی)
باسی دووه‌م: پێناسه‌و حوكم و كاتی وه‌ستانی عه‌ره‌فات
باسی سێیه‌م: سوننه‌ت و ئادابی وه‌ستان له عه‌ره‌فات
باسی یه‌که‌م
سوننه‌ته‌كانی چوونه مینا (منی)
راسته که چوونه مینا له رۆژی هه‌شتی زیلحیججه‌دا به‌شێک نییه له وه‌ستانی عه‌ره‌فات، به‌ڵام چونکه وه‌کو پێشه‌کییه‌که بۆی به باشمان زانی وه‌کو یه‌که‌م باسی وه‌ستانی عه‌ره‌فات بیهێنینه‌وه. چوونه مینا کۆمه‌ڵه سوننه‌تێکی هه‌یه:
١- رۆژی حه‌وته‌م (رۆژی به‌ر له ته‌رویه) خه‌لیفه خۆی یان جێگریی ئه‌گه‌ر هه‌بوون و هاتبوون یان ئه‌میری حه‌ج له مه‌ککه وتار بۆ خه‌ڵكه‌كه ده‌دات، ره‌فتاره‌كانی حه‌ج و حیكمه‌تیان روون ده‌كاته‌وه، هانیان ده‌دات بۆ خواناسی و خواپه‌رستی پاكترو زۆرتر به تایبه‌تی دوعا‌و پاڕانه‌وه هه‌روه‌ها رێنیشاندان و ئامۆژگاریی بۆ دین و دنیا و دوا رۆژیان. ئه‌م وتاردانه سوننه‌ته، سوننه‌تیشه یه‌ک وتاربێت نه‌ک دوو.
٢- رۆژی ته‌رویه (هه‌شتی زیلحیججه) حاجییه‌كان، ئه‌وانه‌ی كه نیشته‌جێی مه‌ككه‌ن و ئه‌وانه‌ی تریش که نییه‌تی ئیفڕادیان هێناوه (ته‌نها حه‌ج كردن)، ئه‌وانه‌ش كه موته‌مه‌تتیعن (ئیحرامی عومره‌یان كردبۆوه) ئیحرام ده‌پۆشن (له ماڵ و ئوتێله‌كانیانه‌وه).
٣- هه‌موویان (حاجیه قارینه‌كان و ئیفرادییه‌كانی غه‌یری دانیشتووانی مه‌ككه‌ش هه‌موو پێكه‌وه) له رۆژی ته‌رویه‌دا پێش نیوه‌ڕۆ ده‌چنه مینا.
٤- نوێژه‌كانی نیوه‌ڕۆ و عه‌سه‌ر و شێوان و خه‌وتنانی ئه‌و رۆژه (ته‌رویه) له مینا ده‌كه‌ن.
٥- شه‌و له مینا ده‌مێننه‌وه تا نوێژی سپێده‌ی به‌یانی ده‌كه‌ن، كه خۆر هه‌ڵهات ئه‌وه رۆژی عه‌ره‌فاته.
٦- له‌وێوه به‌ره‌و عه‌ره‌فات ده‌كه‌ونه رێ، به سواریی باشتره بڕۆن وه‌ک له پیاده‌ڕۆیی.
٧- ئه‌گه‌ر توانی ئه‌وه سوننه‌ته خێوه‌تێک له ناوچه‌ی نه‌میره‌ی دامێنی عه‌ره‌فات هه‌ڵدات، چونكه بۆ پێغه‌مبه‌ری خوایان (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) هه‌ڵدابوو.
به‌ڵگه‌ی ئه‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه (٢ بۆ ٧) ریوایه‌ته‌كه‌ی جابره خوا لێی رازی بێت كه ده‌گێڕێته‌وه «فَلَمَّا كَانَ يَوْمُ التَّرْوِيَةِ تَوَجَّهُوا إِلَى مِنًى فَأَهَلُّوا بِالْحَجِّ وَرَكِبَ رَسُولُ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وآله وَسَلَّمَ فَصَلَّى بِهَا الظُّهْرَ وَالْعَصْرَ وَالْمَغْرِبَ وَالْعِشَاءَ وَالْفَجْرَ ثُمَّ مَكَثَ قَلِيلاً حَتَّى طَلَعَتْ الشَّمْسُ وَأَمَرَ بِقُبَّةٍ مِنْ شَعَرٍ تُضْرَبُ لَهُ بِنَمِرَةَ، فَسَارَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ.. حَتَّى أَتَى عَرَفَةَ»[1]؛ «كه رۆژی ته‌رویه هات هه‌موو به‌ره‌و مینا رۆیشتن، نیه‌ت و ئیحرامیان بۆ حه‌ج كردن به‌ستبوو، پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) به سواری ته‌شریفی برد، نوێژه‌كانی نیوه‌ڕۆو عه‌سرو شێوان و خه‌وتنان و سپێده‌ی به‌یانی له‌وێ كرد، پاشان كه‌مێک مایه‌وه تا خۆر هه‌ڵهات فه‌رمانی دا خێوه‌تێكی مووی له نه‌میره بۆ هه‌ڵده‌ن ئه‌وجا ته‌شریفی برد.. تا گه‌یشته كێوی عه‌ره‌فات».
٨- له رێگای نێوان مینا و عه‌ره‌فاتدا ته‌لبیه (لَبَّيْكَ اللَّهُمَّ لَبَّيْكَ) و ته‌كبیر (اللَّهُ أَكْبَر) ده‌كات؛ موحه‌ممه‌دی كوڕی ئه‌بوبه‌كری سه‌قه‌فی كه له خزمه‌ت ئه‌نه‌سی كوڕی مالیكدا بوو خوا لێی رازی بێت به‌ره‌و عه‌ره‌فات ده‌هاتن له ئه‌نه‌سی پرسی: له‌م رۆژه‌دا كه له خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوادا بوون چیتان ده‌كرد؟ فه‌رمووی: «كَانَ يُهِلُّ مِنَّا الْمُهِلُّ فَلاَ يُنْكِرُ عَلَيْهِ، وَيُكَبِّرُ مِنَّا الْمُكَبِّرُ فَلاَ يُنْكِرُ عَلَيْهِ»[2]؛ «خه‌ڵكانێک ته‌لبییه‌یان ده‌وته‌وه نكووڵی لێ نه‌كردن (رێی پێدان) و خه‌ڵكانێكی تر ته‌كبیریان ده‌كرد نكووڵی له‌مانیش نه‌كرد». ئیبنو عومه‌ریش خوا لێیان رازی بێت هه‌روا ده‌گێڕێته‌وه: «غَدَوْنَا مَعَ رَسُولِ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ مِنْ مِنًى إِلَى عَرَفَاتٍ فَمِنَّا الْمُلَبِّي وَمِنَّا الْمُكَبِّرُ»[3]؛ «كه له خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوادا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) بووین دوای سپێده له میناوه ده‌چووینه عه‌ره‌فات، هه‌مانبوو ته‌لبیه‌ی ده‌وته‌وه و هه‌شمان بوو ته‌كبیری ده‌كرد».
٩- نوێژی نیوه‌ڕۆو عه‌سر به كورت و كۆ (قَصْر و جَمْع) له‌گه‌ڵ ئیمامدا له نه‌میره ده‌كات؛[4] نوێژی سوننه‌تیان نییه.
باسی دووه‌م
پێناسه‌و حوكم و كاتی وه‌ستانی عه‌ره‌فات
له‌م باسه‌دا پێناسه‌و حوکم و کاتی وه‌ستانی عه‌ره‌فات باس ده‌که‌ین.
بابه‌تی یه‌که‌م
پێناسه‌ی وه‌ستانی عه‌ره‌فات
مه‌به‌ست له وه‌ستان له عه‌ره‌فات وجودی حاجیه‌كه‌یه له‌ناو سنوری کێوی عه‌ره‌فاتدا به‌و مه‌رج و شێوه‌یه‌ی ئه‌حكامی شه‌رع داوای لێكردووه. مه‌به‌ست ئه‌وه نییه كه هه‌ر ده‌بێت به پێوه بێت و بۆی نه‌بێت دا‌نیشێت!
بابه‌تی دووه‌م
شه‌رعێتی وه‌ستانی عه‌ره‌فات
وه‌ستان له عه‌ره‌فات روكنێكی سه‌ره‌كی حه‌ج كردنه، هه‌ر كه‌سێک له كات و شوێنی خۆیدا له‌وێ نه‌بێت حه‌جی بۆ حسێب نابێت. به‌ڵگه‌ی ئه‌مه له قورئان و فه‌رمووده‌دایه و كۆڕای شه‌رعناسانی له‌سه‌ره:
خوای گه‌وره له قورئاندا ده‌فه‌رموێ: «فَإِذَا أَفَضتُم مِّن عَرَفَات فَٱذكُرُواْ ٱللَّهَ عِندَ ٱلمَشعَرِ ٱلحَرَامِ» [البقرة: ١٩٩]؛ «هه‌ر کاتێک له عه‌ره‌فات دابه‌زین و گه‌ڕانه‌وه، یادی خوا بکه‌ن له‌لای «مشعر الحرام» ». له‌م ئایه‌ته پیرۆزه‌وه ده‌رده‌که‌وێت که پێویسته سه‌ره‌تا حاجییه‌کان له عه‌ره‌فات بووه‌ستن و کۆ ببنه‌وه. له زه‌مانی جاهیلییه‌تدا هه‌موو خه‌ڵكی له عه‌ره‌فات كۆ ده‌بوونه‌وه جگه له قوڕه‌يش و هاوپه‌یمانانی. بۆیه خوای گه‌وره ئاڕاسته‌ی پێغه‌مبه‌ری خوای (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) كرد كه له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكه‌كه‌دا بێت، ئه‌وه‌یان راستتره وه‌ک له هه‌ڵوێستی هۆزه‌كه‌ی خۆی كه قوڕه‌یشه. ئه‌مان له‌و ساته‌ی رۆژه‌كه‌دا له ناو كه‌عبه كۆ ده‌بوونه‌وه، چونكه ده‌یانوت ئێمه خزمه‌تكاری ماڵی خوا‌و سه‌رپه‌رشتیارانی حاجییه‌كانین، پاشان ده‌چوونه موزده‌لیفه.
له سه‌ره‌تادا عه‌ره‌به‌كان به گشتی ئه‌مه‌یان لاسه‌یر بوو كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) یه‌كێكه له قوڕه‌یش و كه‌چی پێچه‌وانه‌ی دین و نه‌ریت و هه‌ڵوێستیان بۆته‌وه و چۆته ریزی گشتی خه‌ڵكه‌كه‌وه. موحه‌ممه‌دی کوڕی جوبه‌یری كوڕی موتعیم له باوكیه‌وه ده‌گێڕێته‌وه: «أَضْلَلْتُ بَعِيرًا لِي، فَذَهَبْتُ أَطْلُبُهُ يَوْمَ عَرَفَةَ، فَرَأَيْتُ النَّبِيَّ صلى الله عليه وسلم وَاقِفًا بِعَرَفَةَ، فَقُلْتُ هَذَا وَاللَّهِ مِنَ الْحُمْسِ فَمَا شَأْنُهُ هَاهُنَا»[5]؛ «رۆژی عه‌ره‌فه حوشترێكم بزر كرد، كه‌وتمه گه‌ڕان به دوایدا. دیتم وا پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) له‌وێ راوه‌ستاوه وتم: جه‌نابی له حومسه (قوڕه‌یش)، ئه‌ی لێره چی ده‌کات؟». واته بۆچی له كه‌عبه نییه و پاشان بچێته موزده‌لیفه وه‌كو قوڕه‌یشیه‌كانی تر؟
عوروه له باوكیه‌وه خوا لێیان رازی بێت له خاتوو عائیشه‌وه خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه كه: «أَنَّ هَذِهِ الآيَةَ نَزَلَتْ فِي الْحُمْسِ: «ثُمَّ أَفِيضُوا مِنْ حَيْثُ أَفَاضَ النَّاسُ» قَالَ: كَانُوا يُفِيضُونَ مِنْ جَمْعٍ فَدُفِعُوا إِلَى عَرَفَاتٍ»[6]؛ «ئه‌م ئایه‌ته له‌سه‌ر (قوڕه‌یش و نه‌وه‌كانی) هاته خواره‌وه كه (له سه‌رده‌می جاهیلییه‌تدا) له موزده‌لیفه كۆ ده‌بوونه‌وه، به‌م ئایه‌ته فه‌رمانیان پێدرا كه ئه‌وانیش هه‌ر له عه‌ره‌فات كۆ ببنه‌وه و خۆ جودا نه‌كه‌نه‌وه له خه‌ڵكی» (جمع هه‌ر موزده‌لیفه‌یه).
٢- له سیره و سوننه‌تدا به‌ڵگه زۆره؛ له‌وانه ریوایه‌ته به‌ناو بانگه‌كه‌ی عه‌بدوڕڕه‌حمانی کوڕی یه‌عمور خوا لێی رازی بێت كه فه‌رمووی: «أَنَّ النَّبِيَّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ أَمَرَ مُنَادِيًا فَنَادَى: الْحَجُّ عَرَفَةُ مَنْ جَاءَ لَيْلَةَ جَمْعٍ قَبْلَ طُلُوعِ الْفَجْرِ فَقَدْ أَدْرَكَ الْحَجَّ»[7]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمانی دا جاڕچی هاوار له خه‌ڵكی بكات كه حه‌ج كردن بریتییه له وه‌ستان له عه‌ره‌فات، هه‌ركه‌سێک شه‌وی كۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه له عه‌ره‌فات گه‌یشت (و فریا كه‌وت بچێته سنوری كێوی عه‌ره‌فاته‌وه) ئه‌وه حه‌جه‌كه‌ی بۆ حسێبه».
٣- شه‌رعناسانێكی زۆر فه‌رموویانه‌كه كۆڕا (ئیجماع) له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه هه‌ر كه‌سێک فریای كات و شوێنی عه‌ره‌فات نه‌كه‌وت له‌گه‌ڵ حاجییه‌كاندا له‌وێ بێت حه‌جه‌كه‌ی قبوڵ نابێت و ده‌بێ ساڵی داهاتوو بیكاته‌وه.
بابه‌تی سێیه‌م
كاتی وه‌ستان له عه‌ره‌فات
١- جمهوری پێشه‌وایان ده‌فه‌رموون كاتی وه‌ستان له عه‌ره‌فات له نیوه‌ڕۆوه ده‌ست پێ ده‌كات، دوای زه‌وال (دوای لاربوونه‌وه‌ی خۆر له ناوه‌ندی ئاسمانه‌وه به‌ره‌و خۆرئاوا)؛ پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) له دوای ئه‌و كاته‌وه ته‌شریفی هێنایه عه‌ره‌فات. ئه‌وه له ریوایه‌ته درێژه‌كه‌ی جابردا هاتووه خوا لێی رازی بێت. مادام فه‌رمووشیه‌تی «خُذُوا عَنِّي مَنَاسِكَكُمْ»؛ «ره‌فتاره‌كانی حه‌ج له منه‌وه وه‌رگرن» هه‌ر ده‌بێت وابێت.
ئیمامی ئه‌حمه‌د ده‌فه‌رموێ كاتی چوونه عه‌ره‌فات له سپێده‌ی رۆژی عه‌ره‌فه‌وه‌یه (٩ی زیلحیججه)؛ به‌ڵگه‌شی ریوایه‌ته‌كه‌ی عوروه‌ی كوڕی موزه‌رریسه (عُرْوَة بْن مُضَرِّس) كه ده‌گێڕێته‌وه: «أَنَّ النَّبِيَّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ: مَنْ شَهِدَ صَلاَتَنَا هَذِهِ وَوَقَفَ مَعَنَا حَتَّى نَدْفَعَ وَقَدْ وَقَفَ بِعَرَفَةَ قَبْلَ ذَلِكَ لَيْلاً أَوْ نَهَارًا فَقَدْ أَتَمَّ حَجَّهُ وَقَضَى تَفَثَهُ»[8]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمووی: هه‌ر كه‌سێک فریای ئه‌م نوێژه‌مان كه‌وتبێت (له‌گه‌ڵماندا كردبێتی) و وه‌كو ئێمه ئاوا لێره وه‌ستابێت تا ده‌ڕۆین، پێشتریش له عه‌ره‌فه وه‌ستابێت، به شه‌و بێت یان رۆژ ئه‌وه مانای وایه وه‌ستانی عه‌ره‌فاتی ئه‌نجام داوه، حه‌جه‌كه‌ی ته‌واو كردووه‌و ره‌فتاره‌كانی به‌جێ هێناوه».
شه‌رعناسان له وه‌ڵامیدا ده‌فه‌رموون: ئه‌مه رێ له‌وه ناگرێت كه مه‌به‌ستی پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) له « أَوْ نَهَارًا» هه‌ر له نیوه‌ڕۆكه‌وه بێت. ئه‌مه‌ش شیكارییه‌كی قبووڵه و له‌گه‌ڵ به‌ڵگه‌ی جمهوری شه‌رعناساندا یه‌ک ده‌گرێته‌وه.
٢- هه‌ر كه‌سێک پاش نیوه‌ڕۆ خۆی گه‌یانده عه‌ره‌فات، ئه‌گه‌ر پێش ئاوابوونی خۆر عه‌ره‌فاتی جێهێشت:[9]
- ئیمامی مالیک ده‌فه‌رموێ: حه‌جه‌كه‌ی به‌تاڵه چونكه ده‌بێت له ماوه‌ی شه‌و و رۆژێكدا له‌وێ بێت واته به‌شێك له رۆژو به‌شێک له شه‌و.
- ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه و ئه‌حمه‌د ده‌فه‌رموون حه‌جه‌كه‌ی دروسته به‌ڵام ده‌بێت قوربانییه‌ک بكات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه هیچ ماوه‌یه‌كی له كاتی شه‌ودا له عه‌ره‌فات نه‌بردۆته سه‌ر.
- ئیمامی شافیعی ده‌فه‌رموێ: حه‌جه‌كه‌ی دروسته‌و هیچی ناكه‌وێته سه‌ر، ئه‌مه بۆچوونی زاهیرییه‌كانیشه كه پێ ده‌چێت ئه‌م بۆچوونه‌یان په‌سه‌ندتر بێت. هه‌مووشیان هه‌ر پێشه‌وای به‌ڕێزن و به‌ڵگه‌یه‌ک نییه به زۆر پابه‌ندمان كات به بۆچوونێكیانه‌وه یان نه‌هێلێت پابه‌ند بین به یه‌كێكیانه‌وه. هه‌ر مه‌زهه‌به‌و كۆمه‌ڵێک خاڵی وه‌كو به‌ڵگه‌ی هێزی بۆچوونه‌كه‌ی هێناوه‌ته‌وه، به‌ڵام نه‌مویست زۆر به دوایدا بڕۆم؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
٣- ئه‌و بڕه وه‌ستانه‌ی كه راجوێیی دروست ناكات ئه‌وه‌یه كه بڕێک له شه‌و پێش سپێده‌ی به‌یانی با كه‌میش بێت له عه‌ره‌فات بووبێت، چونكه ئه‌گه‌ر خۆر هه‌ڵبێت و له عه‌ره‌فات نه‌بووبێت حه‌جه‌كه‌ی له ده‌ست چووه؛ ریوایه‌ته‌كه‌ی عوروه‌ی كوڕی موزه‌رریسیش (كه پێشتر هێنامانه‌وه) ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
باسی سێیه‌م
سوننه‌ت و ئادابی وه‌ستان له عه‌ره‌فات
وه‌ستانی عه‌ره‌فات کۆمه‌ڵه ئاداب و سوننه‌تێکی تایبه‌تی خۆی هه‌یه:
١- وه‌ستان لای تاوێره به‌رده‌كانه‌وه: حاجی بۆی هه‌یه له هه‌موو شوێنێكی كێوی عه‌ره‌فات بووه‌ستێت به‌ڵام وه‌ستانی لای تاوێره به‌رده‌كانی خوارێ (دامێنی چیاكه) كه ده‌كاته ناوه‌ندی كێوی عه‌ره‌فات سوننه‌ته، چونكه وه‌كو له ریوایه‌ته‌كه‌ی جابردا خوا لێی رازی بێت هاتبوو: «حَتَّى أَتَى الْمَوْقِفَ فَجَعَلَ بَطْنَ نَاقَتِهِ الْقَصْوَاءِ إلَى الصَّخَرَاتِ»؛ «هه‌تا جه‌نابی (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ته‌شریفی هێنایه كێوی عه‌ره‌فات، وا وه‌ستا كه تاوێره به‌رده‌كان كه‌وتبوونه بن سكی حوشتره‌كه‌یه‌وه (كه ناوی قه‌سواء بوو)». ئیمامی نه‌وه‌وی له شه‌رحیدا ده‌فه‌رموێ: ئه‌وه سوننه‌ته‌و په‌سه‌نده وابكرێت ئه‌مما ئه‌وه‌ی كه خه‌ڵكانێكی عه‌وامی گه‌لۆر وا تێگه‌یشتوون هه‌ر ده‌بێ بچێته سه‌ر لوتكه‌ی شاخه‌كه (جبل الرّحمة) ئه‌وه خه‌یاڵاتی خۆیانه‌و هه‌ڵه‌یه.
٢و٣- ڕوو كردنه قیبله و دوعا كردن: چونكه ریوایه‌ته‌كه‌ی جابر ده‌فه‌رموێ «وَاسْتَقْبَلَ الْقِبْلَةَ»؛ «رووی پاكی كرده قیبله». پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ده‌فه‌رموێ: «خَيْرُ الدُّعَاءِ دُعَاءُ يَوْمِ عَرَفَةَ وَخَيْرُ مَا قُلْتُ أَنَا وَالنَّبِيُّونَ مِنْ قَبْلِي لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللَّهُ وَحْدَهُ لاَ شَرِيكَ لَهُ لَهُ الْمُلْكُ وَلَهُ الْحَمْدُ وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ»[10]؛ «باشترین دوعا دوعای رۆژی عه‌ره‌فه‌یه، باشترین دوعاش كه من و پێغه‌مبه‌رانی تری پێش من سه‌لامی خوایان لێبێت كردبێتیان ئه‌وه‌یه «لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللَّهُ وَحْدَهُ لاَ شَرِيكَ لَهُ لَهُ الْمُلْكُ وَلَهُ الْحَمْدُ وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ»».
هه‌ندێك دوعای تر گێڕراونه‌ته‌وه كه قسه له‌سه‌ر سه‌نه‌ده‌كانیان هه‌یه كه زه‌عیف بن[11]. به‌ڵام به گشتی هه‌موو دوعایه‌كی خێر هه‌ر شیاوه.
٤- ته‌لبیه كردن: سه‌عیدی كوڕی جوبه‌یر ده‌فه‌رموێ: له خزمه‌ت ئیبنو عه‌بباسدا بووین خوا لێیان رازی بێت لێمی پرسی: ئه‌رێ سه‌عید گوێم لێ نییه خه‌ڵک ته‌لبیه بكه‌ن؟ عه‌رزم كرد: له موعاویه ده‌ترسن! ده‌فه‌رموێ هه‌ستاو له چادره‌كه‌ی چووه ده‌رێ و به ده‌نگی به‌رز ته‌لبیه‌ی كرد (لَبَّیْك اَللَّهُمَّ لَبَّیْك) و فه‌رمووی له بوغزاندنی عه‌لیدا سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) واز لێ ده‌هێنن![12]
ئیمامی ئیبنو ته‌یمییه ده‌فه‌رموێ: ته‌لبیه كردن له كاتی وه‌ستانی عه‌ره‌فاتدا له پێغه‌مبه‌ری خواوه (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) نه‌هاتووه، ئه‌وه له خوله‌فای راشیدین و یاوه‌رانی تره‌وه هاتووه.[13] به‌ڵام بێگومان ئه‌م ریوایه‌ته‌ی ئیبنو عه‌بباس ئه‌و بۆچوونه‌ی ئیمامی ئیبنو ته‌یمییه ده‌خاته كه‌ناره‌وه. كه‌وابوو سوننه‌ته حاجی به یادو زیكری خواوه، به ته‌لبیه و ته‌كبیرو سوپاس و ستایشی خواوه مه‌شغوڵ بێت نه‌ک به قسه‌ی دنیایی و موناقه‌شه‌و قسه‌و باس.
٥- به‌ڕۆژوو نه‌بێت: سوننه‌ت نییه بۆ حاجی كه له عه‌ره‌فاتدایه و رۆژی عه‌ره‌فه‌یه (سبه‌ینێ جه‌ژنی قوربانه) به‌ڕۆژوو بێت؛ خاتوو مه‌یموونه خوا لێی رازی بێت گێڕایه‌وه: «أَنَّ النَّاسَ شَكُّوا فِي صِيَامِ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَوْمَ عَرَفَةَ، فَأَرْسَلَتْ إِلَيْهِ بِحِلَابٍ وَهُوَ وَاقِفٌ فِي الْمَوْقِفِ، فَشَرِبَ مِنْهُ وَالنَّاسُ يَنْظُرُونَ»[14]؛ «خه‌ڵكه‌كه كه‌وتنه گومانه‌وه له‌وه‌دا كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) رۆژی عه‌ره‌فه به‌ڕۆژووه یان نا، منیش دۆلكه‌یه‌ک شیرم بۆ نارد له‌و كاته‌دا كه له عه‌ره‌فات وه‌ستابوو، وه‌ریگرت و نۆشی كرد؛ خه‌ڵكه‌كه‌ش ته‌ماشایان ده‌كرد». واته دیتیان كه نۆشی ده‌كات و به‌ڕۆژوو نییه.
٦- هاتنه خواره‌وه له عه‌ره‌فات دوای خۆرئاوابوون: ئینجا سوننه‌ته هێدیی و له‌سه‌رخۆ له‌كێوی عه‌ره‌فات بێته خواره‌وه، مادام خۆر ئاوا بووه، په‌له‌كردن باش نییه؛ پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) كه دوای خۆرئاوابوون ته‌شریفی له عه‌ره‌فات هێنایه خواره‌وه به خه‌ڵكه‌كه‌ی فه‌رموو: «أَيُّهَا النَّاسُ عَلَيْكُمْ بِالسَّكِينَةِ فَإِنَّ الْبِرَّ لَيْسَ بِإِيجَافِ الخيْلِ والإِبِلِ »[15]؛ «ئه‌ری خه‌ڵكینه به كاووخۆ (هێدیی)، چاکه‌کری به په‌له رادانی ئه‌سپ و وشتره سوارییه‌کانتان نییه».
به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆشایی (به‌تاڵایی) له پێش خۆیه‌وه بینی، كارێكی چاكه چه‌ند هه‌نگاوێک خێراتر پێ هه‌ڵهنێته‌وه‌و ره‌چاوی قه‌ره‌باڵغییه‌كه‌ی دوای خۆی بكات؛ چونكه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) وای ده‌كرد: «كَانَ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَسِيرُ الْعَنَقَ فَإِذَا وَجَدَ فَجْوَةً نَصَّ»[16]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) له‌سه‌رخۆ ده‌ڕۆیشت كه فاسڵێكی به‌تاڵی له پێش خۆیدا ده‌بینی خێراتری ده‌كرد».
٧- چوون بۆ موزده‌لیفه به ده‌م ته‌لبیه كردنه‌وه.
[2]. بوخاری: ١٦٥٩؛ موسليم: ١٢٨٤.
[4]. ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئیمام فریا نه‌كه‌وت به ته‌نها ده‌یكات وه‌كو جمهوری پێشه‌وایان ده‌فه‌رموون ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه ده‌فه‌رموێ نابێت.
[5]. تفسير ابن كثير (چاپی یه‌ك به‌رگی): ١٨٩.
[6]. بوخاری: ١٦٦٥؛ موسليم: ١٢١٩.
[7]. ئه‌بو داوود: ١٩٣٣؛ ترمزی: ٥٩٠؛ نه‌سائی: ٥/٢٦٤؛ ئيبنو ماجه: ٣٠١٥؛ سه‌حیحه (صحيح فقه السنة: ٢/٢٤٢).
[8]. ئه‌بو داوود: ١٩٥٠؛ ترمزی: ٨٩١؛ نه‌سائی: ٥/٢٦٣؛ ئيبنو ماجه: ٣٠١٦؛ شێخی ئه‌لبانی له الإروا‌ء (١٠٦٦)دا ده‌فه‌رموێ سه‌حيحه.
[9]. البدائع: ٣/١٠٩٨؛ المجموع: ٨/١٢٣؛ المغني: ٣/٣٧٠؛ المحلى: ٧/١١٨.
[10]. ترمزی: ٣٥٨٥؛ ئيبنو ئه‌بی شه‌يبه: ١/٣٦٩؛ ئه‌لبانی ده‌فه‌رموێ سه‌حيحه.
[12]. به‌يهه‌قی: ٥/١٠٣؛ حاكم: ١/٤٦٤؛ ئه‌لبانی له (حجة النبي صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: ٧٤)دا ده‌فه‌رموێ سه‌حيحه.
[13]. مجموع الفتاوى: ٢٦/١٣٦.
[14]. بوخاری: ١٩٨٩؛ موسليم: ١١٢٤.
[15]. بوخاری: ١٦٧١؛ موسليم: ١٢١٨؛ نه‌سائی: ٥/٢٥٧.
[16]. بوخاری: ١٦٦٦؛ موسليم: ١٢٨٦.