روکنی سێیه‌می حه‌ج (سه‌عیی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه)
باسی یه‌كه‌م: پێناسه‌و حوكمی سه‌عی
باسی دووه‌م: حوکمه‌کانی سه‌عیی نێوان سه‌فا و مه‌ڕوه
باسی یه‌كه‌م
پێناسه‌و حوكمی سه‌عی
كه ده‌وترێت سه‌فاو مه‌ڕوه مه‌به‌ست له هاتن و رۆیشتنه له نێوان دوو كێوی نزمدا، دوو گرددا یه‌كێكیان سه‌فایه (الصَّفَا) ئه‌وی تریان مه‌ڕوه (الْمَرْوَةَ)؛ به‌مه ده‌وترێت سه‌عیی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه (السَّعْیُ بَیْنَ الصَّفَا وَالْمَرْوَةَ).
الف- پێناسه‌ی سه‌عیی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه:
«السَّعْی»: حه‌وت جار هاتن و چوونه که له سه‌فاوه ده‌ست پێ ده‌كات و له مه‌ڕوه كۆتایی دێت، هه‌ر چوونێكیان پێی ده‌وترێت «شَوط»؛ چوونه مه‌ڕوه شه‌وتێكه‌و هاتنه‌وه بۆ سه‌فا شه‌وتێكی تر.
ب- حوکمی سه‌عیی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه:
به شێوازێکی گشتی شه‌رعناسان ده‌رباره‌ی سه‌عیی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه سێ بۆچوونیان لا دروست بووه:
بۆچوونی یه‌که‌م- سه‌عی روکنه:
له راستترین بۆچوونی شه‌رعناسان ئه‌وه‌یه كه سه‌عیی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه یه‌كێكه له روكنه‌كانی حه‌ج؛ ئه‌مه بۆچوونی ئیمامی مالیک و شافیعی و ئه‌حمه‌د و ئیسحاق و ئه‌بوسه‌وره كه ده‌چێته‌وه سه‌ر ئیبنوعومه‌ر و جابرو خاتوو عائیشه خوا لێیان رازی بێت. ئه‌م به‌ڕێزانه ده‌فه‌رموون ناشێت نه‌یكات، ئه‌گه‌ر بیری چوو یان شه‌وتێكی نوقسان كرد و دوایی بیری كه‌وته‌وه له وڵاتی خۆی بێت یان له مه‌ككه ده‌بێ بۆی بێته‌وه‌و ته‌واوی كات ده‌نا حه‌جه‌كه‌ی به‌تاڵه‌و فه‌رزه‌كه‌ی له‌سه‌ر لا ناچێت.[1] به‌ڵگه‌ی ئه‌م به‌ڕێزانه:
١- خوای گه‌وره ده‌رباره‌ی ده‌فه‌رموێ: «إِنَّ الصَّفَا وَالْمَرْوَةَ مِن شَعَائِرِ اللَّهِ فَمَنْ حَجَّ الْبَيْتَ أَوِ اعْتَمَرَ فَلاَ جُنَاحَ عَلَيْهِ أَن يَطَّوَّفَ بِهِمَا» [البقرة: ١٥٨]؛ «سه‌فاو مه‌ڕوه له دروشمه‌كانی خواپه‌رستیی حه‌جن، هه‌ر كه‌سێک حه‌جی كرد یان عومره‌ی كرد گوناحی ناگاتێ كه ته‌وافیان بكات».
خاتوو عائیشه خوا لێی رازی بێت هۆی هاتنه خواره‌وه‌ی ئه‌م ئایه‌ته‌ی جوان روون كردۆته‌وه كه ریوایه‌ته‌كه‌ی له سه‌حیحه‌یندایه؛ عوڕوه خوا لێی رازی بێت (كه خوشكه‌زای خاتوو عائیشه‌یه‌و كوڕی خاتوو ئه‌سمائه) خوا لێیان رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «سَأَلْتُ عَائِشَةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْها فَقُلْتُ لَهَا أَرَأَيْتِ قَوْلَ اللَّهِ تَعَالَى: «إِنَّ الصَّفَا وَالْمَرْوَةَ مِنْ شَعَائِرِ اللَّهِ فَمَنْ حَجَّ الْبَيْتَ أَوِ اعْتَمَرَ فَلاَ جُنَاحَ عَلَيْهِ أَنْ يَطَّوَّفَ بِهِمَا»، فَوَاللَّهِ مَا عَلَى أَحَدٍ جُنَاحٌ أَنْ لاَ يَطُوفَ بِالصَّفَا وَالْمَرْوَةِ. قَالَتْ بِئْسَ مَا قُلْتَ يَا ابْنَ أُخْتِي إِنَّ هَذِهِ لَوْ كَانَتْ كَمَا أَوَّلْتَهَا عَلَيْهِ كَانَتْ لاَ جُنَاحَ عَلَيْهِ أَنْ لاَ يَتَطَوَّفَ بِهِمَا، وَلَكِنَّهَا أُنْزِلَتْ فِي الأَنْصَارِ، كَانُوا قَبْلَ أَنْ يُسْلِمُوا يُهِلُّونَ لِمَنَاةَ الطَّاغِيَةِ الَّتِي كَانُوا يَعْبُدُونَهَا عِنْدَ الْمُشَلَّلِ، فَكَانَ مَنْ أَهَلَّ يَتَحَرَّجُ أَنْ يَطُوفَ بِالصَّفَا وَالْمَرْوَةِ، فَلَمَّا أَسْلَمُوا سَأَلُوا رَسُولَ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ عَنْ ذَلِكَ قَالُوا يَا رَسُولَ اللَّهِ، إِنَّا كُنَّا نَتَحَرَّجُ أَنْ نَطُوفَ بَيْنَ الصَّفَا وَالْمَرْوَةِ، فَأَنْزَلَ اللَّهُ تَعَالَى: «إِنَّ الصَّفَا وَالْمَرْوَةَ مِنْ شَعَائِرِ اللَّهِ»، قَالَتْ عَائِشَةُ رَضِيَ اللَّهُ عَنْها: وَقَدْ سَنَّ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ الطَّوَافَ بَيْنَهُمَا، فَلَيْسَ لأَحَدٍ أَنْ يَتْرُكَ الطَّوَافَ بَيْنَهُمَا»[2]؛ «له خاتوو عائیشه‌م پرسی خوا لێی رازی بێت سه‌یری ئه‌م فه‌رمووده‌ی خوای گه‌وره‌ت کردووه: «إِنَّ الصَّفَا وَالْمَرْوَةَ...»؟ ده‌ی سوێند به خوا به پێی ئه‌م ئایه‌ته كه‌س گوناحی ناگاتێ كه ته‌وافی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه نه‌كات (هاتوچۆکه‌ی نێوانیان كه ته‌وافیشی پێ ده‌وترێت). خاتوو عائیشه فه‌رمووی: به‌ڕاستی قسه‌یه‌كی خراپت كرد خوشكه‌زاكه‌ی خۆم، ئه‌مه ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه بوایه كه تۆ مانات كرد ده‌بوو بفه‌رموێ: «لاَ جُنَاحَ عَلَيْهِ أَنْ لاَ يَطَّوَّفَ بِهِمَا». ئه‌م ئایه‌ته له‌سه‌ر ئه‌نسارییه‌كان (خه‌ڵكی مه‌دینه) هاته خواره‌وه كه پێش ئه‌وه‌ی موسوڵمان ببن ئیحرامی حه‌جیان بۆ مه‌ناتی تاغووت (بته خواكه‌یان له جاهیلییه‌تدا) ده‌به‌ست، ئه‌وان مه‌ناتیان ده‌په‌رست هه‌موو له «الْمُشَلَّلِ» كۆ ده‌بوونه‌وه و حه‌جیان بۆ ئه‌نجام ده‌دا، ئه‌وجا ده‌واتر (له ئیسلامدا) خه‌ڵكانێک هه‌ستیان به ناڕه‌حه‌تی (ئیحراجی) ده‌كرد كه به‌نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه‌دا بێن و به مه‌زنیان دانێن (به تایبه‌تی كه بتێكیش له‌سه‌ر سه‌فا بوو ناوی ئیساف بوو، بتێكیش له‌سه‌ر مه‌ڕوه ناوی نائیله بوو جا ئه‌م ئه‌نسارییانه هه‌ستیان ده‌كرد كه به مه‌زن دانانه‌وه‌ی سه‌فاو مه‌ڕوه‌و سه‌عی كردن له نێوانیاندا ره‌فتاره جاهیلییه‌كه‌یه) بۆیه كه موسوڵمان بوون ئه‌مه‌یان له پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) پرسی، عه‌رزیان كرد ئێمه هه‌ست به ناخۆشی ده‌كه‌ین كه ته‌وافیان بكه‌ینه‌وه. ئیتر ئه‌م ئایه‌ته هاته‌خواره‌وه (كه ده‌فه‌رموێ هیچ ناڕه‌حه‌تی و پێناخۆشی و ئیحراجییه‌كی تێدا نییه كه بچنه‌وه سه‌ر سه‌فاو مه‌ڕوه‌و ته‌وافیان له نێواندا بكه‌ن، چونكه دروشمی خوا په‌رستین). پاشان خاتوو عائیشه فه‌رمووی: پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ئه‌م ته‌وافه‌ی سه‌فاو مه‌ڕوه‌ی بڕیار داوه كه‌س بۆی نییه وه‌ل (ته‌رک)ی بكات و نه‌یكات.
2- پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ده‌یفه‌رموو: «اسْعَوْا، فَإِنَّ الله كَتَبَ عَلَيْكُمْ السَّعْيَ»[3]؛ «سه‌عیی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه بكه‌ن، چونكه خوای گه‌وره له سه‌رتانی نووسیووه/ فه‌رز كردووه».
3- خاتوو عائیشه خوا لێی رازی بێت گێڕایه‌وه: «طَافَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ وَطَافَ الْمُسْلِمُونَ (بَيْنَ الصَّفَا وَالْمَرْوَةِ) فَكَانَتْ سُنَّةً»[4]؛ « پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ته‌وافی له نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه‌دا كرد و موسوڵمانانیش كردیان، بوو به سیره‌و ره‌وییه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ)». پاشان ده‌فه‌رموێ: «فَلَعَمْرِي مَا أَتَمَّ اللَّهُ حَجَّ مَنْ لَمْ يَطُفْ بَيْنَ الصَّفَا وَالْمَرْوَةِ»[5]؛ «سوێند ده‌خۆم كه خوای گه‌وره حه‌جی كه‌سێک به ته‌واو كراویی ناناسێنێت ئه‌گه‌ر ته‌واف (سه‌عی)كه‌ی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه‌ی نه‌كردبێت».
4- پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) به خاتوو عائیشه‌ی خوا لێی رازی بێت فه‌رموو: «طَوَافُكِ بِالْبَيْتِ وَبَيْنَ الصَّفَا وَالْمَرْوَةِ يَكْفِيكِ لِحَجَّتِكِ وَعُمْرَتِكِ»[6]؛ «ته‌واف كردنت به ده‌وری كه‌عبه‌دا و ته‌واف كردنی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه‌که‌ت به‌سه بۆ حه‌ج و عومره‌كه‌ت». كه‌وابوو روكنه وه‌كو كه وه‌ستانی عه‌ره‌فات روكنه‌و حه‌ج به بێ ئه‌م روكنه قبوڵ نییه؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
5- عه‌مری كوڕی دینار ده‌فه‌رموێ: له ئیبنو عومه‌رمان پرسی كابرایه‌ک له عومره كردنیدا ته‌وافی به‌یت (كه‌عبه)ی كرد‌و ته‌وافی سه‌فاو مه‌ڕوه‌ی نه‌كرد بۆی هه‌یه بچێته لای خێزانی سه‌رجێیی له‌گه‌ڵدا بكات؟ فه‌رمووی: «قَدِمَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَطَافَ بِالْبَيْتِ سَبْعًا وَصَلَّى خَلْفَ الْمَقَامِ رَكْعَتَيْنِ وَبَيْنَ الصَّفَا وَالْمَرْوَةِ سَبْعًا وَقَدْ كَانَ لَكُمْ فِي رَسُولِ اللَّهِ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ»؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ته‌شریفی هێنا (بۆ مه‌ككه) حه‌وت جار ته‌وافی كه‌عبه‌ی كرد، پاشان له پشت مه‌قامی سه‌یدنا ئیبڕاهیمه‌وه (عَلَیهِ السَّلَام) دوو ركات نوێژی كرد پاشان ته‌شریفی برده سه‌فاو مه‌ڕوه‌و حه‌وت جار ته‌وافی كردن، ئێ نموونه‌ی پێشه‌وایه‌تیان وا له پێغه‌مبه‌ری خوادا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) كه باشترین نموونه‌یه». عه‌مری كوڕی دینار ده‌فه‌رموێ پاشان پرسیارمان له جابری كوڕی عه‌بدوڵڵا كرد خوا لێیان خۆش بێت فه‌رمووی: توخنی
ژنه‌كه‌ی نه‌كه‌وێت تا ته‌وافی نێوان سه‌فاو مه‌رواش ده‌كات.[7]
بۆچوونی دووه‌م- سه‌عی واجبه نه‌ک روكن:
به پێی ئه‌م بۆچوونه ئه‌گه‌ر سه‌عیی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه‌ی نه‌كرد حه‌جه‌كه‌ی راست و دروسته، به‌ڵام چونكه نه‌یكردووه قوربانییه‌كی له‌سه‌ره. ئه‌مه بۆچوونی ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه‌و سوفیانی سه‌وری و حه‌سه‌نی به‌سرییه.
بۆچوونی سێیه‌م- سه‌عی سوننه‌ته نه‌ک واجب:
به‌م مانایه وه‌لكردنی هیچی له‌سه‌ر نییه، ته‌نانه‌ت قوربانییه‌كیش! ئه‌مه بۆچوونی موحه‌ممه‌دی كوڕی سیرینه و له ئه‌نه‌س و ئیبنو زوبه‌یره‌وه هاتووه خوا لێیان رازی بێت، هه‌روه‌ها ریوایه‌تێكیشه له ئیبنو عه‌بباسه‌وه خوا لێیان رازی بێت.
ئیبنو عه‌بدولبه‌ڕ ده‌فه‌رموێ: باشترین لێكدانه‌وه‌ی ئایه‌ته‌كه و حوكمی سه‌فاو مه‌ڕوه بۆچوونه‌كه‌ی خاتوو عائیشه‌یه خوا لێی رازی بێت (بۆچوونی یه‌که‌م).[8]
پێم وایه بۆچوونی جمهوری پێشه‌وایان (بۆچوونی یه‌که‌م) په‌سه‌ندتره و به‌ڵگه‌یان به‌هێزتره و حوكمه‌كه‌ی خاتوو عائیشه خوا لێی رازی بێت هه‌قه‌و راجوێیی بنبڕ ده‌كات. كه‌وابوو سه‌عیی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه روكنه‌و حه‌ج به‌بێ ئه‌و دروست نییه و ده‌بێ هه‌ر حه‌وت شه‌وته‌كه‌شی به ته‌واویی بكرێت؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
ته‌واف و سه‌عیی قارین و موته‌مه‌تتیع:
شه‌رعناسان ده‌رباره‌ی ته‌واف كردنی قارین (ئه‌و كه‌سه‌ی حه‌ج و عومره پێكه‌وه ده‌كات) و موته‌مه‌تتیع (ئه‌و كه‌سه‌ی ته‌نها عومره‌كه ده‌كات) سێ بۆچوونیان لادروست بووه:[9]
بۆچوونی یه‌که‌م- هه‌ر یه‌كه‌یان دوو ته‌واف و دوو سه‌عیی له‌سه‌ره: ئه‌مه بۆچوونی ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه‌و
سوفیانی سه‌وری و ئه‌وزاعی و خه‌ڵكی كوفه‌و رایه‌كی ئیمام ئه‌حمه‌ده كه ده‌چێته‌وه سه‌ر سه‌یدنا عه‌لی و ئیبنو مه‌سعوود خوا لێیان رازی بێت.
بۆچوونی دووه‌م- هه‌ریه‌كه‌یان یه‌ک ته‌واف و یه‌ک سه‌عیی له‌سه‌ره: ئه‌وه بۆچوونی ئیمامی ئه‌حمه‌دو عه‌بدوڵڵای كوڕیی و په‌سه‌ند كراوی ئیمامی ئیبنو ته‌یمییه و ئیبنو لقه‌ییمه.
بۆچوونی سێیه‌م- قارین یه‌ک ته‌واف و یه‌ک سه‌عی و موته‌مه‌تتیع دوو ته‌واف و دوو سه‌عیی له‌سه‌ره: ئه‌وه بۆچوونی ئیمامی مالیک و شافیعی و بۆچوونی حه‌نبه‌لییه‌كان و عه‌تتاء و تاووس و حه‌سه‌نی به‌سرییه.
بۆچوونی یه‌كه‌م به‌ڵگه‌یان له فه‌رمووده‌دا نییه، مانای گشتی ئه‌م ئایه‌ته‌یان کردۆته به‌ڵگه «وَأَتِمُّواْ الْحَجَّ وَالْعُمْرَةَ لِلَّهِ» [البقرة: ١٩٦]؛ «حه‌ج و عومره‌كه بۆ خوا ته‌واو بكه‌ن». ئایه‌ته‌كه‌ش گشتییه‌و وانازانم ببێته به‌ڵگه‌یان؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
دوو بۆچوونه‌كه‌ی تر راجوێ بوون چونكه ریوایه‌تی جیاوازیان له‌به‌ر ده‌ستدایه:
الف- جابر خوا لێی رازی بێت ده‌فه‌رموێ: «لَمْ يَطُفِ النَّبِيُّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ وَ لاَ أَصْحَابُهُ بَيْنَ الصَّفَا وَالْمَرْوَةِ إِلاَّ طَوَافًا وَاحِدًا طَوَافَهُ الأَوَّلَ»[10]؛ «نه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) و نه یاوه‌رانی له ته‌وافێک زیاتریان له نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه‌دا نه‌كردووه، هه‌ر ته‌وافی یه‌كه‌م جاریان بوو»، مه‌به‌ستیشی له ته‌واف سه‌عیی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه‌یه.
ب- خاتوو عائیشه خوا لێی رازی بێت ده‌فه‌رموێ: پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) پێی فه‌رموو: «طَوَافُكِ بِالْبَيْتِ وَبَيْنَ اَلصَّفَا وَاَلْمَرْوَةِ يَكْفِيكِ لِحَجِّكِ وَعُمْرَتِكِ»[11]؛ «ته‌واف كردنه‌كه‌ت به ده‌وری كه‌عبه‌و رۆیشتنه‌كه‌ت له نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه‌دا به‌سته بۆ حه‌ج و عومه‌ره‌كه‌ت». وادیاره سه‌لمێنراویشه كه قارین بووه، واته ئیحرامی بۆ حه‌ج و عومره پێكه‌وه به‌ستووه؛ بۆیه جه‌نابی (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ئاماژه‌ی به هه‌ردووكیان كردووه.
ج- هه‌ر خاتوو عائیشه خوا لێی رازی بێت ده‌فه‌رموێ: «فَطَافَ الَّذِينَ كَانُوا أَهَلُّوا بِالْعُمْرَةِ بِالْبَيْتِ وَبَيْنَ الصَّفَا وَالْمَرْوَةِ، ثُمَّ حَلُّوا، ثُمَّ طَافُوا طَوَافًا وَاحِدًا بَعْدَ أَنْ رَجَعُوا مِنْ مِنًى، وَأَمَّا الَّذِينَ جَمَعُوا الْحَجَّ وَالْعُمْرَةَ فَإِنَّمَا طَافُوا طَوَافًا وَاحِدًا»[12]؛ «ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ئیحرامیان بۆ عومره به‌ستبو ته‌وافی كه‌عبه‌یان كرد، هه‌روه‌ها سه‌عیی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه و پاشان ئیحرامیان كرده‌وه پاشان كه له مینا گه‌ڕانه‌وه ته‌وافێكی تریان كرد. ئه‌مما ئه‌و كه‌سانه‌ی كه حه‌ج و عومره‌كه‌یان پێكه‌وه كرد هه‌ر یه‌ک ته‌وافیان كرد».
ئیبنولقه‌ییم ره‌حمه‌تی خوای لێبێت ده‌فه‌رموێ:
- یان ده‌بێ بوترێت خاتوو عائیشه سه‌لماندوێتی و جابر نكوڵی لێكردووه (وه‌ک له فه‌رمووده‌ی «الف»دا هێنامانه‌وه)؛ له‌م حاڵه‌شدا سه‌لماندن ده‌خرێته پێش نكووڵی (نه‌فی).
- یان ده‌وترێت: مه‌به‌ستی جابر ئه‌و كه‌سانه‌یه كه قارین بوون و له خزمه‌تی پێغه‌مبه‌ری خوادا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بوون) كه قوربانییان هێنابوو و پێیان بوو، ئه‌وانه كه‌م بوون. ئه‌مان یه‌ك جاریان سه‌عیی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه كرد، هه‌موو یاوه‌رانی تر وایان نه‌كرد.
- یان ده‌بێت بوترێت ریوایه‌ته‌كه‌ی عائیشه له وشه‌ی «فَطَافَ»ه‌وه مودره‌جه واته قسه‌ی راوییه‌كه‌یه‌و كه‌وتۆته ناو ده‌قی قسه‌ی خاتوو عائیشه‌وه خوا لێی رازی بێت.[13] ئه‌م شیكارییه‌ی دوایین زه‌حمه‌ته قبوڵ ببێت، چونكه موده‌رج ده‌بێت نیشانه هه‌بێت له‌سه‌ری و پاشان كه‌سه‌كانی گێره‌ره‌وه زۆر جێمتمانه و ناسراو نابن. لێره‌دا چۆن ده‌بێ مودره‌ج بێت كه كه‌ڵه پێشه‌وای فه‌رمووده‌وانی وه‌كو ئیمامی زوهری ریوایه‌تی كردووه؟ له‌م سه‌رده‌مه‌شدا فه‌رمووده‌وانی گه‌وره شێخی ئه‌لبانی ره‌حمه‌تی به هه‌موو رێگاكاندا چۆته‌وه و نیشانی داوه كه هه‌موویان راستن و مودره‌ج بوون ئه‌سته‌مه.
ریوایه‌ته‌كه‌ی خاتوو عائیشه به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی هه‌ر عومره ده‌كات و پاشان حه‌ج (موته‌مه‌تتیع) دوو ته‌واف و دوو سه‌عیی له‌سه‌ره. خاتوو عائیشه لێره‌دا له جابر له‌پێشتره چونكه زیاتری ئێره‌ی له‌به‌ر كردووه و زانیوێتی، به‌تایبه‌تی كه له هه‌موو هه‌نگاوه‌كاندا له خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوادا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) بووه. ئه‌وه‌ی ئه‌م به‌راورده‌مان به‌هێزتر ده‌كات ریوایه‌ته‌كه‌ی ئیبنو عه‌بباسه خوا لێیان رازی بێت كه ده‌رباره‌ی موتعه‌ی حه‌ج لێیان پرسی فه‌رمووی: «أَهَلَّ الْمُهَاجِرُونَ وَالأَنْصَارُ وَأَزْوَاجُ النَّبِيِّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فِي حَجَّةِ الْوَدَاعِ وَأَهْلَلْنَا، فَلَمَّا قَدِمْنَا مَكَّةَ قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: اجْعَلُوا إِهْلاَلَكُمْ بِالْحَجِّ عُمْرَةً إِلاَّ مَنْ قَلَّدَ الْهَدْىَ. فَطُفْنَا بِالْبَيْتِ وَبِالصَّفَا وَالْمَرْوَةِ وَأَتَيْنَا النِّسَاءَ، وَلَبِسْنَا الثِّيَابَ وَقَالَ: مَنْ قَلَّدَ الْهَدْىَ فَإِنَّهُ لاَ يَحِلُّ لَهُ حَتَّى يَبْلُغَ الْهَدْىُ مَحِلَّهُ. ثُمَّ أَمَرَنَا عَشِيَّةَ التَّرْوِيَةِ أَنْ نُهِلَّ بِالْحَجِّ، فَإِذَا فَرَغْنَا مِنَ الْمَنَاسِكِ جِئْنَا فَطُفْنَا بِالْبَيْتِ وَبِالصَّفَا وَالْمَرْوَةِ فَقَدْ تَمَّ حَجُّنَا، وَعَلَيْنَا الْهَدْىُ»[14]؛ «موهاجیران و ئه‌نسارو خێزانه‌كانی پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) له حه‌جی ماڵئاواییدا ئیحرامی حه‌جیان به‌ست، ئێمه‌ش به‌ستمان، كاتێک گه‌یشتینه مه‌ككه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمووی: ئیحرام به‌ستنه‌كه‌تان كه بۆ حه‌ج بوو بیكه‌نه ئیحرام به‌ستنی عومره جگه له‌و كه‌سانه‌تان كه قوربانییان له‌گه‌ڵ خۆ هێناوه‌و پێیانه. ته‌وافی كه‌عبه‌مان كرد هه‌روه‌ها سه‌فاو مه‌ڕوه، پاشان چووینه لای خێزانه‌كانمان (چونكه تا ئێره عومره‌كه‌یان كردووه‌و ئیحرامی عومره‌یان کردۆته‌وه) و پۆشاكمان پۆشی (واته ئیحراممان دانا). پاشان فه‌رمووی: ئه‌وانه‌ی كه قوربانییان پێیه نابێت ئیحرام بكه‌نه‌وه‌و (وه‌كو ئه‌وانی تر بكه‌ن)، ده‌بێت به‌رده‌وام بن له ئیحرام پۆشینیان تا قوربانییه‌كان له كات و شوێنی خۆیدا سه‌ر ده‌بڕن. پاشان ئێواره‌ی رۆژی ته‌رویه (هه‌شتی زیلحیججه) فه‌رمانی به ئێمه دا (كه عومره‌مان به جیا كردبوو): ئیحرامی حه‌ج كردن ببه‌ستن (نیه‌ت و پۆشینی ئیحرام)، كه ره‌فتاره‌كانی حه‌جمان ته‌واو كرد هاتینه‌وه ته‌وافمان به ده‌وری كه‌عبه‌و سه‌فاو مه‌ڕوه‌دا كرد؛ ئاوا حه‌ج كردنی ئێمه‌ش ته‌واو بوو، قوربانیش که‌وتبووه سه‌رمان».
كه‌وابوو ریوایه‌ته‌كان له ریزیاندا ئه‌مه‌ی ئیبنو عه‌بباس خوا لێیان رازی بێت جه‌خت له ریوایه‌ته‌كه‌ی خاتوو عائیشه ده‌كه‌نه‌وه كه ئه‌و كه‌سه‌ی ته‌نها نییه‌تی عومره‌ی هێناوه و ئیحرامی بۆ پۆشیووه ته‌وافێک (٧جار) و سه‌عییێکی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه‌ی (٧جار) له‌سه‌ره پاشان ئیحرام ده‌كاته‌وه و دواتر ده‌بێ ته‌واف و سه‌عییێکی تر دوای هاتنه‌وه‌ی له عه‌ره‌فات بكاته‌وه. ئه‌مما ئه‌و كه‌سه‌ی كه قارینه (نییه‌تی حه‌ج و عومره‌ی پێكه‌وه هێناوه و ئیحرامی بۆ پۆشیوه و قوربانی هێناوه) یه‌ک ته‌واف و یه‌ک سه‌عیی له‌سه‌ره؛ که‌واته بۆچوونی جمهوری پێشه‌وایانی شه‌رع (بۆچوونی سێیه‌م) به‌هێزتره‌و به‌ڵگه‌ی زۆرتریان له‌گه‌ڵدایه‌و راست و په‌سه‌ندتره؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
سه‌عی بخاته پێش ته‌وافی که‌عبه:
ئایا ده‌شێت سه‌عی بخاته پێش ته‌وافی كه‌عبه؟ ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه و مالیک و شافیعی ده‌فه‌رموون ئه‌گه‌ر سه‌عیی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه‌ی پێش ته‌وافی كه‌عبه كرد، بۆی حسێب نابێت وده‌بێت دوای ته‌واف، سه‌عیه‌كه بكاته‌وه. ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه و مالیک ده‌فه‌رموون: ته‌واف و سه‌عیه‌که هه‌ردووکیان ده‌كاته‌وه، به‌ڵام ئیمامی شافیعی ده‌فه‌رموێ كه ته‌وافه‌كه‌ی كردووه نایكاته‌وه، هه‌ر سه‌عیی نێوان سه‌فاو مه‌روه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه و كاره‌كه‌ی راست ده‌كاته‌وه[15].
سه‌عیی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه بۆ حه‌یزدار:
شافیعییه‌كان ده‌فه‌رموون:[16] حه‌یزدار سه‌عیی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه ده‌کات؛ ئه‌مه‌ش په‌سه‌نده‌و به‌ڵگه‌ی هه‌یه، چونكه به‌ڵگه له‌سه‌ر هه‌بوونی پاكی و ده‌سنوێژ بۆ سه‌عی نییه. ئیبنو عومه‌ر خوا لێیان رازی بێت ده‌یفه‌رموو: ئه‌گه‌ر ته‌وافی كه‌عبه‌ی كرد‌و كه‌وته حه‌یزه‌وه با سه‌عیی نێوان سه‌فا و مه‌ڕوه‌که‌ی بكات.[17] ئه‌مه بۆچوونی عه‌تاء و حه‌مماد و حه‌سه‌نی به‌سریشه ره‌حمه‌تی خوایان لێبێت.
[1] فتح القدير (٢/١٥٦) حاشية العدوي (١/٤٧٠) المجموع (٨/٧١) المغني (٣/٣٨٥).
[3] ئه‌حمه‌د (٦/٤٢١) حاكم (٤/٧٠) و به‌كۆی رێگاكانی سه‌حيحه (الالباني: الاروا‌ء /١٠٧٢).
[6]. ئه‌بوداود: ١٨٩٧؛ به‌یهه‌قی: ٥/١٠٦؛ به‌غه‌وی: ٧/٨٤؛ سه‌حیحه (صحیح فقه السنة: ٢/٢٣٥). لای ئیمامی موسلیمیش ئاوایه: «يَسَعُكِ طَوَافُكِ لِحَجِّكِ وَعُمْرَتِكِ».
[7]. بوخاری: ١٦٤٦؛ موسليم: ١٢٣٤.
[8]. ابن عبد البر، التمهيد: ٢/٩٨.
[9]. ابن القيم، تهذيب السنن: ٥/٢٤٣؛ زاد المعاد: ٢/٢٧١؛ مجموع الفتاوى: ٢٦/١٠٤.
[10]. موسليم: ١٢١٥؛ ئه‌بوداوود: ١٨٩٥؛ ترمزی: ٩٤٧؛ نه‌سائی: ٢٩٨٦؛ ئيبنو ماجه: ٢٩٧٢.
[12]. بوخاری: ١٥٥٦؛ موسليم: ١٢١١.
[13]. ابن القيم، زادالمعاد: ٢/٢٧١.
[14]. بوخاری به موعه‌لله‌قی و موسلیم له غه‌یری سه‌حیحه‌كه‌ی؛ به‌ڵام سه‌حیحه (صحیح فقه السنة: ٢/٢٣٧).
[15]. التمهيد: ٦/١٢؛ المجموع: ٨/١٠٥.
[17]. مصنف ابن أبي شيبة: ١/٣٤٤.