سوننه‌ته‌كانی ته‌واف كردن
١- ده‌سنوێژ گرتن پێش ته‌واف كردن (به رای هه‌ندێک له زانایان):
خاتوو عائیشه خوا لێی رازی بێت فه‌رمووی: «أَنَّ أَوَّلُ شَيْءٍ بَدَأَ بِهِ النَّبِيُّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ حِينَ قَدِمَ أَنَّهُ تَوَضَّأَ ثُمَّ طَافَ»[1]؛ «یه‌كه‌مین شتێک كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ته‌شریفی هێناو كردنی ده‌سنوێژ بوو، ده‌سنوێژی گرت پاشان ته‌وافی كه‌عبه‌ی كرد». ئه‌م ده‌سنوێژ گرتنه - وه‌ک ئاماژه‌ی پێدرا – به رای هه‌ندێک له زانایان بۆ په‌سه‌ندێتییه‌تی، نه‌ک بۆ فه‌رزب.وونی نه‌سه‌لمێنراوه كه به‌شێک بووبێت له ته‌واف و حه‌ج؛ چونكه ده‌شێت جه‌نابی (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ده‌سنوێژی بۆ نوێژ گرتبێت كه دوای ته‌واف ده‌یكات، ئه‌گه‌ر بۆ ته‌وافه‌كه‌ش بێت سوننه‌ته‌و به كه‌سی تری نه‌فه‌رمووه ده‌سنوێژ بگره ئینجا ته‌واف بكه. ته‌واف كردن چونكه خواپه‌رستییه، زیكری خوایه و له ماڵی خوایه چاكترو په‌سه‌ندتره ده‌سنوێژی بۆ بگرێت.
٢- پۆشینی ئیحرام وه‌كو چارۆكه:
ئافره‌تی كورد له لادێ جاران چارۆكه‌یان ده‌به‌ست و ده‌چوونه شیر دۆشین، چارۆكه یه‌ک پارچه‌یه وه‌كو جامانه دوو لكی ته‌نیشت یه‌كی ده‌به‌ستراو قۆڵێک و ملی تێ هه‌ڵده‌كێشرا. ئیحرامپۆشینیش وایه به‌ڵام لكه‌كانی نابه‌سترێت. پۆشاکی ئیحرامه‌كه دوو پارچه قۆماشی گه‌وره‌یه (وه‌كو خاولی گه‌رماو/ حه‌مام)، پارچه‌یه‌كیان بۆ نیوه‌ی خواره‌وه‌ی به‌ده‌ن ده‌كرێت به په‌شته‌ماڵ (ویزره) و له عه‌وره‌ت ده‌ێپچێریت، پارچه‌كه‌ی تر به بنباڵی راستیدا تێپه‌ڕ ده‌كرێت كه دوو جه‌مسه‌ره‌كه‌ی بكه‌وێته‌وه سه‌رشانی چه‌پ؛ به‌مه‌ش شانی راستی رووت ده‌بێت. ئه‌مه پێی ده‌وترێت «الِاضْطِبَاع» كه تایبه‌ته به ئیحرامپۆشی پیاو، چونكه یه‌علای كوڕی ئومه‌ییه خوا لێی رازی بێت ده‌فه‌رموێ: «أَنَّ النَّبِيَّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ طَافَ مُضْطَبِعًا»[2]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) كه ته‌وافی كرد ئیحرامه‌كه‌ی (پارچه‌ی سه‌ره‌وه‌ی) وه‌كو چارۆكه به‌سه‌ر شان و ملدا دابوو».
جمهوری پێشه‌وایان ده‌فه‌رموون پۆشینی چارۆكه‌ییانه‌ی ئیحرام له هه‌موو ته‌واف كردنێكدا كه سه‌عیی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه‌ی به‌دوادا بێت سوننه‌ته وه‌كو ته‌وافی هاتن (بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی دوای ته‌واف ده‌چێته سه‌فاو مه‌ڕوه) یان ته‌وافی عومره كردن یان ته‌وافی ئیفازه (بۆ كه‌سێک كه سه‌عیی سه‌فاو مه‌ڕوه‌ی دواخستبێت). به‌ڵام حه‌نبه‌لییه‌كان ده‌فه‌رموون ته‌نها له ته‌وافی هاتندا ئیحرامه‌كه‌ی چارۆكه‌یی ده‌پۆشێت.[3]
هۆشدارییه‌ک:
پۆشینی ئیحرام به‌شێوه‌ی چارۆكه‌یی ته‌نها له كاتی ته‌وافدایه، نه‌ک له كاتی هه‌موو ره‌فتاره‌كانی حه‌جدا. ئه‌وه هه‌ڵه‌یه كه هه‌ندێ كه‌س له یه‌كه‌م ساته‌وه پێوه‌یه‌تی و ته‌نانه‌ت نوێژه‌كانیشی پێوه ده‌كات! كه له راستیدا نوێژ به شانی رووت و پۆشاک پێوه هه‌ڵواسین مه‌كرووهه.
٣- خێرا رۆیشتن له سێ ده‌ور (سووڕانه‌وه)ی یه‌كه‌مدا:
ئه‌مه پێی ده‌وترێت «ره‌مه‌ل» كه خێرا رۆیشتنه و ناگاته هه‌روه‌له، هه‌روه‌له شان و قاچی تێدا له زه‌وی به‌رز ده‌بێته‌وه به‌ڵام ره‌مه‌ل ته‌نها شانه‌كانی تێدا به‌رز ده‌بێته‌وه. ئه‌مه له سووڕانه‌وه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌م جاردا ده‌بێت و له چوار جاره‌كه‌ی تردا ده‌یكاته‌وه به رۆیشتنی ئاسایی. ره‌مه‌ل رۆیشتن سوننه‌ته بۆ هه‌موو ته‌وافێک كه دواتر سه‌عیی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه‌ی به‌دوادا بێت. ئیبنو عه‌بباس خوا لێیان رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «قَدِمَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ وَأَصْحَابُهُ مَكَّةَ وَقَدْ وَهَنَتْهُمْ حُمَّى يَثْرِبَ . قَالَ الْمُشْرِكُونَ إِنَّهُ يَقْدَمُ عَلَيْكُمْ غَدًا قَوْمٌ قَدْ وَهَنَتْهُمُ الْحُمَّى وَلَقُوا مِنْهَا شِدَّةً. فَجَلَسُوا مِمَّا يَلِي الْحِجْرَ وَأَمَرَهُمُ النَّبِيُّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ أَنْ يَرْمُلُوا ثَلاَثَةَ أَشْوَاطٍ وَيَمْشُوا مَا بَيْنَ الرُّكْنَيْنِ لِيَرَى الْمُشْرِكُونَ جَلَدَهُمْ. فَقَالَ الْمُشْرِكُونَ هَؤُلاَءِ الَّذِينَ زَعَمْتُمْ أَنَّ الْحُمَّى قَدْ وَهَنَتْهُمْ هَؤُلاَءِ أَجْلَدُ مِنْ كَذَا وَكَذَا»[4]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) و یاوه‌رانی به‌ره‌و مه‌ككه ده‌هاتن ئه‌و له‌رزو تایه‌ی له مه‌دینه بڵاو بووبۆوه، ئه‌وانیشی گرتبۆوه و ماندووی كردبوون. موشریكه‌كان (له ناو خۆیاندا) وتیان: سبه‌ینێ که‌سانێک (واته موسوڵمانه‌کان) دێنه لاتان (بۆ مه‌ككه) به‌ڵام له‌رزو تا زۆر لاوازیی كردوون و له ناڕه‌حه‌تیدان. بۆ سبه‌ی موشریکه‌کان له ناو حه‌وشی که‌عبه نزیک حیجر دانیشتن. به‌ڵام پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمانی دا به یاوه‌ران (تا لاوازیی و بێ‌هێزییان لێ نه‌بینرێت) كه سێ جار سووڕانه‌وه‌ی یه‌كه‌م به خێرایی ببڕن و كه گه‌یشتنه نێوان به‌رده‌ڕه‌ش و روکنی یه‌مانی به رۆیشتن ئه‌و مه‌سافه‌یه ببڕن (كه له موشریكه‌كانه‌وه نه‌دیو بوو!) تا موشریكه‌كان ببینن كه هه‌ر به‌هێزو گوڕ‌و تینن. ئینجا موشریكه‌كان له ناو خۆیاندا وتیان: ئه‌مه ئه‌وانه‌ن كه واتان ده‌زانی له‌رزو تا لاواز‌و بێ‌هێزیی كردوون؟! خۆ له هین و هین به‌هێز ترن».
ئه‌مه له عومره‌ی قه‌زائدا بوو كه له ساڵی حه‌وته‌می كۆچی‌دا ئه‌نجام درا، به‌ڵام رۆیشتنی ره‌مه‌ل بوو به سوننه‌ت و جێی خۆی له هه‌موو حه‌ج و عومره‌یه‌كدا گرت، چونكه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) دواتر كه حه‌جی كرد ئه‌م جۆره رۆیشتنه‌ی له سێ ده‌وتی یه‌که‌می ته‌وافدا هه‌ر هێشته‌وه و تا ئێستاش هه‌روا ماوه‌و سوننه‌ته.
ئیبنو عومه‌ر خوا لێیان رازی بێت ده‌فه‌رموێ: «سَعَى النَّبِيُّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ثَلاَثَةَ أَشْوَاطٍ وَمَشَى أَرْبَعَةً فِي الْحَجِّ وَالْعُمْرَةِ مِنَ الْحَجَرِ إِلَى الْحَجَرِ»[5]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) له حه‌ج و عومره‌كه‌یدا سێ ده‌وری یه‌که‌می ته‌وافی به خێرایی (هه‌روه‌له) بڕی و چواره‌كه‌ی تری به رۆیشتن له به‌رده‌ڕه‌شه‌وه ده‌ستی پێ ده‌كردو هه‌ر به به‌رده‌ڕه‌ش كۆتایی پێ ده‌هێنا». هه‌روه‌كو ریوایه‌ته‌كه‌ی جابریش فه‌رمووی: «رَمَلَ ثَلاَثًا وَمَشَى أَرْبَعًا»[6]؛ «سێ جار ته‌وافی به خێرا رۆیشتنی ره‌مه‌ل كرد‌و چوار جاریش به رۆیشتن».
سه‌یدنا عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب خوا لێی رازی بێت ویستی واز له رۆیشتنی ره‌مه‌ل بهێنێت، چونكه هۆكاره‌كه‌ی نه‌ما كه بریتی بوو له نیشاندانی هێزو به‌هێزی؛ بۆیه فه‌رمووی:«فَمَا لَنَا وَلِلرَّمَلِ إِنَّمَا كُنَّا رَاءَيْنَا بِهِ الْمُشْرِكِينَ، وَقَدْ أَهْلَكَهُمُ اللَّهُ»؛ «چیمان داوه له رۆیشتنی ره‌مه‌ل، ئه‌وه‌مان بۆیه كرد تا خۆ نیشانی موشریكه‌كان بده‌ین. خۆ خوای گه‌وره تۆوی بڕین و فه‌وتاندنی». «ثُمَّ قَالَ شَىْءٌ صَنَعَهُ النَّبِيُّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَلاَ نُحِبُّ أَنْ نَتْرُكَهُ»[7]؛ «دواتر فه‌رمووی: شتێك که پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) كردوێتی حه‌ز ناكه‌ین ته‌رکی بكه‌ین».
که‌سێک رۆیشتنی ره‌مه‌لی پێ نه‌کرێت:
ئه‌گه‌ر که‌سێک رۆیشتنی ره‌مه‌لی پێ نه‌كرا قه‌ره‌بووی ناكاته‌وه؛ بۆ نموونه له‌به‌ر قه‌ره‌باڵغی حه‌وشه‌ی حه‌ره‌م نه‌یتوانیبوو به ره‌مه‌ل بڕوات تا گه‌یشته جاری پێنجه‌مینی ته‌واف، ئه‌و كاته هه‌وڵ نادات دوو جاره‌كه‌ی تر به ره‌مه‌ل بڕوات، نا، چونكه شوێنی ره‌مه‌ل رۆیشتن سێ جاری یه‌كه‌مین بوو كه كاتی به‌سه‌ر چوو، ئه‌م چوار جار ته‌وافه‌ی دوایین ده‌بێ به رۆیشتنی ئاسایی و هێدیی و له‌سه‌رخۆ ته‌واو كات، نه‌ک خێرا.[8]
ره‌مه‌ل بۆ ئافره‌تان:
زۆرینه‌ی شه‌رعناسانه ده‌فه‌رموون: ئافره‌تان هه‌ر ئاسایی ده‌ڕۆن نه‌ک ره‌مه‌ل. هه‌ندێک ده‌فه‌رموون كۆڕا (ئیجماع)ی له‌سه‌ره كه ره‌مه‌ل رۆیشتن ته‌نها بۆ پیاوانه. خاتوو عائیشه خوا لێی رازی بێت به ئافره‌تانی فه‌رموو: «یَا مَعْشَرَ النِّسَاءَ لَيْسَ عَلَيْكُنَّ رَمَلٌ بِالْبَيْتِ لَكُنَّ فِينَا أُسْوَةٌ»[9]؛ «هۆ ئافره‌تینه، ئێوه رۆیشتنتان به ره‌مه‌ل به ده‌وری كه‌عبه‌دا له‌سه‌ر نییه، چاو له ئێمه بكه‌ن ئێمه نموونه‌ین بۆ ئێوه». وه‌كو ئه‌م بۆچوونه له ئیبنو عه‌بباس[10] و ئیبنو عومه‌ریشه‌وه[11] خوا لێیان رازی بێت گێڕراوه‌ته‌وه.
٤- ده‌ستدان له به‌رده‌ڕه‌ش و ماچ كردنی ئه‌گه‌ر له توانادا بوو:
ئه‌گه‌ر توانی له‌گه‌ڵ هه‌موو جارێكی ته‌وافدا ده‌ست بهێنێت به به‌رده‌ڕه‌شی كه‌عبه‌دا و ماچی بكات چونكه سوننه‌ته، ئه‌گه‌ر نه‌یده‌توانی ماچی بكات با ده‌ستی پێدا بهێنێت و ده‌ستی خۆی ماچ بكات:
الف- ئینو عومه‌ر خوا لێیان رازی بێت فه‌رمووی: «رَأَيْتُ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ حِينَ يَقْدَمُ مَكَّةَ إِذَا اسْتَلَمَ الرُّكْنَ الأَسْوَدَ أَوَّلَ مَا يَطُوفُ حِينَ يَقْدَمُ يَخُبُّ ثَلاَثَةَ أَطْوَافٍ مِنَ السَّبْعِ»[12]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوام (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) بینی كه ته‌شریفی هێنا بۆ مه‌ككه ده‌ستی به گۆشه‌یه‌كی به‌رده‌ڕه‌شدا هێناو له‌وێوه ده‌ستی به ته‌واف كرد؛ سێ جار له حه‌وت جار سووڕانه‌وه‌ی ته‌وافه‌که خێراتر بوو».
ب- سه‌یدنا عومه‌ر خوا لێی رازی بێت به‌رده‌ڕه‌شی ماچ كرد و فه‌رمووی: «لَوْلاَ أَنِّي رَأَيْتُ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَبَّلَكَ مَا قَبَّلْتُكَ»[13]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوام (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) نه‌دیبا كه ماچی ده‌كردیت ماچم نه‌ده‌كردیت».
ج- نافیع ده‌فه‌رموێ: ئیبنو عومه‌رم دی ده‌ستی گه‌یانده به‌رده ڕه‌ش و پاشان ده‌ستی خۆی ماچ كرد و فه‌رمووی «مَا تَرَكْتُهُ مُنْذُ رَأَيْتُ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَفْعَلُهُ»[14]؛ «له‌و كاته‌وه كه پێغه‌مبه‌ری خوام (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) دیوه وای كردووه منیش وه‌لم نه‌كردوه‌و وا ده‌كه‌مه‌وه».
ئه‌گه‌ر نه‌توانێت به‌رده‌ڕه‌ش ماچ کات و‌ده‌ستی بگه‌یێنێتێ:
په‌سه‌نده كه خۆی بگه‌یێنێته به‌رده‌ڕه‌ش و ماچی بكات بێ ئه‌وه‌ی كه‌س ئازار بدات، ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی با هه‌ر ده‌ستی بگه‌یێنێتێ و ماچی كات (واته ده‌ستی ماچ كات كه له به‌رده‌ڕه‌شی داوه)، ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی و عه‌سای پێ‌بوو ده‌یتوانی عه‌ساكه‌ی بگه‌یێنێتێ، با وا بكات و عه‌ساكه ماچ كات چونكه ئیبنو عه‌بباس خوا لێیان رازی بێت گێڕایه‌وه: «طَافَ النَّبِيُّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فِي حَجَّةِ الْوَدَاعِ عَلَى بَعِيرٍ، يَسْتَلِمُ الرُّكْنَ بِمِحْجَنٍ»[15]؛ «له حه‌جی ماڵئاواییدا پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) به‌سه‌ر حوشتره‌وه ته‌وافی كرد و گۆچانه‌كه‌ی ده‌ستی گه‌یانده به‌رده‌ڕه‌ش». له ریوایه‌تی موسلیمدا دوای ئه‌م ده‌قه ده‌فه‌رموێ: «وَيُقَبِلُ الْمِحْجَنِ»[16]؛ «پاشان گۆچانه‌كه‌ی ماچ ده‌كرد».
ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌شی نه‌توانی هه‌ر له دووره‌وه ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات (به ده‌ستی) و ته‌كبیر (اللَّهُ أَكْبَر) ده‌كات؛ ئیبنو عه‌بباس خوا لێیان رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «طَافَ النَّبيُّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بِالْبَيْتِ عَلَى بَعِيرٍ كُلَّمَا أَتَى الرُّكْنَ أَشَارَ إِلَيْهِ بِشَيْءٍ عِنْدَهُ وَكَبَّرَ»[17]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) به سواری حوشتره‌وه ته‌وافی كه‌عبه‌ی كرد، هه‌ر كه ده‌گه‌یشته ئاستی به‌رده‌ڕه‌ش به شتێک كه پێی بوو ئاماژه‌ی بۆ ده‌كرد و ته‌كبیری ده‌كرد».
ئیبنو عومه‌ر خوا لێیان رازی بێت كه به‌رده‌ڕه‌شی ماچ ده‌كرد ده‌یفه‌رموو: «بِسْمِ اللّهِ، اللَّهُ أَكْبَر».[18]
5- ناوچه‌وان خستنه سه‌ر به‌رده‌ڕه‌ش ئه‌گه‌ر له توانادا بوو:
ئه‌گه‌ر خوا كردی و ئاسان گه‌یشته به‌رده‌ڕه‌ش، با ماچیشی بكات وناوچه‌وانیشی بخاته سه‌ر (ناوچه‌وانی پێوه بنوسێنێت)؛ ئه‌میش سوننه‌ته. ئینو عومه‌ر خوا لێیان رازی بێت ده‌فه‌رموێ: «رَأَيْتُ عُمَرَ بْنَ الْخَطَّابِ قَبَّلَ وَسَجَدَ عَلَيْهِ ثُمَّ عَادَ فقَبَّلَه وَسَجَدَ عَلَيْهِ ثُمَّ قَالَ هَكَذا رَأَيْتُ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ»[19]؛ «سه‌یدنا عومه‌ری كوڕی خه‌تتابم بینی به‌رده‌ڕه‌شی كه‌عبه‌ی ماچ كرد و سه‌جده‌ی برده سه‌ری (ناوچه‌وانی پێوه نا) پاشان ته‌شریفی هێنایه‌وه و دیسان ماچی كرده‌وه و ناچه‌وانی پێوه نایه‌وه، پاشان فه‌رمووی: پێغه‌مبه‌ری خوام (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) دی ئاوای كرد. له ئیبنو عه‌بباسه‌یشه‌وه خوا لێیان رازی بێت هاتووه كه وای كردووه. بۆیه شێخی ئه‌لبانی ره‌حمه‌تی خوای لێبێت ده‌فه‌رموێ له سه‌رجه‌می ئه‌و ریوایه‌تانه‌وه كه هێنامانه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت و به مه‌رفووع و مه‌وقووف ده‌سه‌لمێت كه ناوچه‌وان خستنه سه‌ر به‌رده‌ڕه‌شی كه‌عبه جائیزه و كراوه؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.[20]
٦- ده‌ستدان له روكنی به‌رده‌ڕه‌ش و یه‌مانی :
ئه‌مه ته‌نها بۆ دووگۆشه‌ی كه‌عبه‌یه كه گۆشه‌ی به‌رده‌ڕه‌ش و گۆشه‌ی یه‌مانین به‌ڵام به‌یه‌که‌وه پێیان ده‌وترێت دوو گۆشه (روکن)ی یه‌مانی. ئیبنو عومه‌ر خوا لێیان رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «لَمْ أَرَ النَّبيَّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَسْتَلِمُ مِنْ الْبَيْتِ إلاَّ الرُّكْنَيْنِ الْيَمَانِيَيْنِ»[21]؛ «نه‌مدی پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ده‌ست به غه‌یری دوو روكنی یه‌مانیدا (روکنی به‌رده‌ڕه‌ش و یه‌مانی) بهێنێت». دووگۆشه‌ی تریش هه‌ن پێیان ده‌وترێت دوو ڕوكنی شامی كه ده‌ستیان پێدا ناهێنرێت چونكه له بناغه‌ی سه‌ره‌كی كه‌عبه‌دا نه‌بوون؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
ماچ کردنی به‌رده‌ڕه‌ش بۆ ئافره‌ت:
ناشێت ئافره‌ت بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌ڕه‌ش ماچ كات یان ده‌ستی پێدابهێنێت یان ده‌ست به روکنی به‌رده‌ڕه‌ش و یه‌مانیدا بهێنێت خۆ بخاته به‌ر پاڵ و ناو قه‌ره‌باڵغی پیاوانه‌وه؛ عه‌تاء ده‌فه‌رموێ: «كَانَتْ عَائِشَةُ رَضِيَ اللَّهُ عَنْها تَطُوفُ حَجْرَةً مِنَ الرِّجَالِ لاَ تُخَالِطُهُمْ، فَقَالَتِ امْرَأَةٌ انْطَلِقِي نَسْتَلِمْ يَا أُمَّ الْمُؤْمِنِينَ. قَالَتْ انْطَلِقِي عَنْكِ. وَأَبَتْ. وَكُنَّ يَخْرُجْنَ مُتَنَكِّرَاتٍ بِاللَّيْلِ، فَيَطُفْنَ مَعَ الرِّجَالِ، وَلَكِنَّهُنَّ كُنَّ إِذَا دَخَلْنَ الْبَيْتَ قُمْنَ حَتَّى يَدْخُلْنَ وَأُخْرِجَ الرِّجَالُ»[22]؛ «خاتوو عائیشه خوا لێی رازی بێت ته‌وافی خۆی له دووری پیاوانه‌وه ده‌كرد و تێكه‌ڵیان نه‌ده‌بوو، ئافره‌تێك عه‌رزی كرد: دایكی موسوڵمانان با بڕۆین خۆ بگه‌یێنینه به‌رده‌ڕه‌ش ده‌ستی پێدابهێنین. فه‌رمووی: جا تۆ خۆت بڕۆ (ئه‌مه‌ی بۆ مۆڵه‌تدان نه‌وت، بۆ ره‌تدانه‌وه وتی). ئیتر مۆڵه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌دا. ئافره‌تان شه‌وان سیمای ده‌ره‌كی خۆیان ده‌گۆڕی خۆیان داده‌پۆشی و له‌گه‌ڵ پیاواندا ده‌چوونه ته‌واف، به‌ڵام كه ده‌یانویست بچنه كه‌عبه‌وه ده‌وه‌ستان تا پیاوان ده‌چوونه ده‌رێ جا ده‌چوونه ژووره‌وه». هه‌روه‌ها كه خاتوو ئوممه سه‌له‌مه‌ی خێزانی به‌رێزی پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) سكاڵای كرد كه ناتوانێت بگاته به‌رده‌ڕه‌ش پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) پێی فه‌رموو: «طُوفِي مِنْ وَرَاءِ النَّاسِ وَأَنْتِ رَاكِبَةٌ»[23]؛ «به سواریی له پشت خه‌ڵكه‌كه‌وه ته‌وافی خۆت بكه».
له‌م سه‌رده‌مه‌دا زۆر له‌م ره‌فتارانه رێكخراوه و كه‌عبه‌ش كه شه‌و و رۆژ هه‌ر رووناكه هی ئه‌وه نییه ئافره‌ت سیمای ده‌ره‌كی خۆی بگۆڕێت و بچێت. به شێوه‌یه‌كی گشتی ئافره‌تان كێشه‌یان له ته‌وافدا نییه و بۆ ماچ كردنی به‌رده‌غڕه‌شیش هه‌زار پیاویش هه‌ن كه له ته‌وافدا ناتوانن بیگه‌نێ و له كاتی تردا ده‌چن و ماچی ده‌كه‌ن.
٧- دوعا كردن له نێوان دوو روكنه یه‌مانییه‌كاندا (روکنی به‌رده‌ڕه‌ش و یه‌مانی):
عه‌بدوڵڵای كوڕی سائیب خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «سَمِعْتُ النَّبِيَّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ وَهُوَ يَقُولُ بَيْنَ الرُّكْنَيْنِ وَالْحِجْرِ: رَبَّنَا آتِنَا فِي الدُّنْيَا حَسَنَةً وَفِي الآخِرَةِ حَسَنَةً وَقِنَا عَذَابَ النَّارِ»[24]؛ «گوێم لێ‌بوو پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) له نێوان دوو روکنی به‌رده‌ڕه‌ش و یه‌مانی و حیجردا دوعای ده‌كرد و ده‌یفه‌رموو: خوای په‌روه‌ردگارمان له دونیادا چاكه‌مان به نسیب كه‌و له رۆژی دواییداچاكه‌مان به نسیب بكه‌و له سزای ئاگری دۆزه‌خ لامان ده».
شێخولئیسلام ده‌فه‌رموێ: ره‌فتارێكی په‌سه‌نده كه له‌گه‌ڵ ته‌واف كردنه‌كه‌یدا یادی خوا بكات و دوعا بكات به‌و دوعایانه‌ی شه‌رعین، ئه‌گه‌ر به په‌نهانی قورئانیش بخوێنێت له‌به‌ر خۆیه‌وه هه‌ر زیكره‌و شیاوه. زیكرێكی تایبه‌ت له پێغه‌مبه‌ری خواوه (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) به‌و كات و شوێنه نه‌هاتووه، ئه‌وه‌ی كه خه‌ڵكانێک كه ده‌گه‌نه ژێر پلوسكی كه‌عبه دوعایه‌ک ده‌كه‌ن سه‌نه‌دی نییه. پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) كه ته‌وافێكی ته‌واو ده‌كرد ده‌یفه‌رموو: «رَبَّنَا آتِنَا فِي الدُّنْيَا حَسَنَةً وَفِي الآخِرَةِ حَسَنَةً وَقِنَا عَذَابَ النَّارِ» [البقرة: ٢٠١]، هه‌روه‌كو كه هه‌موو دوعاكانی تریشی به‌م ئایه‌ته كۆتایی پێ ده‌هێنا.
8- هاتنه مه‌قامی ئیبراهیم دوای ته‌واف و خوێندنی دوو رکات نوێژ:
ئه‌مه‌ش سوننه‌ته‌و په‌سه‌نده كه ئه‌م ئایه‌ته‌ش له‌وێدا بخوێنێت: «وَاتَّخِذُواْ مِن مَّقَامِ إِبْرَاهِيمَ مُصَلًّى» [البقرة: ١٢٥]؛ « شوێنه‌که‌ی ئیبراهیم بكه‌نه جێ نوێژ» كه پێغه‌مبه‌ر ئیبڕاهیم سه‌لامی خوای لێبێت ئه‌چووه ئه‌و جێگه‌یه هه‌ر کات ریزێک دیواری دائه‌نا، له‌وێوه سه‌یری ئه‌کرد تا رێکییه‌که‌ی بزانێت. ره‌فتارێكی په‌سه‌نده دوو ركات نوێژی لێبكات، به تایبه‌تی كه ده‌بێ دوای ته‌واف بێت كه تا راده‌یه‌ک چۆڵ ده‌بێت و بواری نوێژ ده‌كرێته‌وه. سوننه‌تیشه له‌م دوو رکاته‌دا سوره‌تی «الكافرون» و «الإخلاص» بخوێنێت؛ چونکه له ریوایه‌ته دوور‌و درێژه‌كه‌ی جابردا خوا لێی رازی بێت باسی دوو ركات نوێژه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوای (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) تێدایه كه له‌مه‌قامی سه‌یدنا ئیبڕاهیمدا (عَلَیهِ السَّلَام) كردی كه سوره‌تی: «قُلْ يَا أَيُّهَا الْكَافِرُون» و سووره‌تی «قُلْ هُوَ اللَّهُ أَحَد»ی تێد خوێند، بۆیه جمهوری شه‌رعناسان ده‌فه‌رموون سوننه‌ته له دوای ته‌واف كردن ئه‌گه‌ر بۆی لوا له پشت مه‌قامی سه‌یدنا ئیبڕاهیمه‌وه (عَلَیهِ السَّلَام) دوو ركات نوێژ بكات و ئه‌و دوو سووره‌ته‌ی تێدا بخوێنێت. حه‌نه‌فییه‌كان ده‌فه‌رموون ئه‌م نوێژه واجبه؛ رایه‌كی ئیمامی ئه‌حمه‌دو قه‌ولێكی شافیعییه‌كانیش وایه، مالیكییه‌كانیش ده‌فه‌رموون ته‌نها له ته‌وافی روکندا وایه.[25] هه‌روه‌ها شافیعییه‌كان و حه‌نبه‌لییه‌كان ده‌فه‌رموون ئه‌گه‌ر دوای ته‌وافه‌كه‌ی كاتی خوێندنی نوێژی نیوه‌ڕۆ بوو (بۆ نموونه) و كردی ئه‌م فه‌رزه جێی ئه‌و دوو ركاته سونته‌شی بۆ ده‌گرێت.
ئه‌م دوو ركاته مه‌رج نییه هه‌ر له كاتی نوێژی سوننه‌تدا بێت ئه‌گه‌ر له كاتی نه‌هیكراویشدا بیكات (وه‌كو دوای فه‌رزی عه‌سر) هه‌ر جائیزه، چونكه جوبه‌یری كوڕی موتعیم خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) به نه‌وه‌ی عه‌بدی‌مه‌نافی هۆزی خۆیی فه‌رموو: «يَا بَنِي عَبْدِ مَنَافٍ لَا تَمْنَعُوا أَحَدًا طَافَ بِهَذَا الْبَيْتِ وَصَلَّى أَيَّةَ سَاعَةٍ شَاءَ مِنْ لَيْلٍ أَوْ نَهَارٍ»[26]؛ «هۆ نه‌وه‌ی عه‌بدی مه‌ناف رێ له كه‌س مه‌گرن كه هات ته‌وافی به ده‌وری ئه‌م كه‌عبه‌یه‌دا کرد كه بیه‌وێت نوێژ بكات با بیكات له هه‌ر كات و ساتێكی شه‌وو رۆژدا بێت بۆی هه‌یه».
9- به‌كارهێنانی ئاوی زه‌مزه‌م دوای ئه‌م نوێژه:
سوننه‌ته دوای ته‌واوكردنی ئه‌م دوو ركات نوێژه‌ی مه‌قامی سه‌یدنا ئیبراهیم (عَلَیهِ السَّلَام) بچێته سه‌ر بیره‌كانی زه‌مزم كه ئێستا به‌لۆعه‌ی بۆ كراوه تا ئاوی لێ بخواته‌وه و سوننه‌تیشه هه‌ندێكی لێ بكات به سه‌ر خۆیدا؛ چونكه له ریوایه‌ته‌كه‌ی جابردا خوا لێی رازی بێت هاتبوو: «أَنَّ النَّبِيَّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ رَمَلَ ثَلاثَةَ أَطْوَافٍ مِنْ الْحَجَرِ إِلَى الْحَجَرِ، وَصَلَّى رَكْعَتَيْنِ، ثُمَّ عَادَ إِلَى الْحَجَرِ، ثُمَّ ذَهَبَ إِلَى زَمْزَمَ فَشَرِبَ مِنْهَا، وَصَبَّ عَلَى رَأْسِهِ، ثُمَّ رَجَعَ فَاسْتَلَمَ الرُّكْنَ»[27]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) سێ جار سووڕانی یه‌كه‌مینی به رۆیشتنی خێرا ئه‌نجام دا له به‌رده‌ڕه‌شه‌وه بۆ به‌رده‌ڕه‌ش، پاشان دوو ركات نوێژی كرد ئینجا ته‌شریفی هێنایه‌وه بۆ به‌رده‌ڕه‌ش، پاشان ته‌شریفی برد بۆ زه‌مزه‌م لێی نۆش كرد‌و هه‌ندێكی لێ به‌سه‌ری پیرۆزیدا كرد پاشان ته‌شریفی برده‌وه لای به‌رده‌ڕه‌ش و ده‌ستی پێداهێنا».
10- خۆ هه‌ڵرۆسكاندن به كه‌عبه‌دا:
خۆهه‌ڵڕۆسكاندن ئه‌وه‌یه كه ده‌سته‌كانی به كراوه‌یی تا كۆتا به‌رزكردۆته‌وه و له‌پی ده‌سته‌كانی به دیواری كه‌عبه‌وه ناوه‌و ناوچه‌وان یان روومه‌تی به دیواره‌كه‌وه ده‌نێ و دوعا ده‌كات وه‌كو كۆتا شێوه‌ی هاناو هاواری په‌نادان و خۆ به ده‌سته‌وه‌دان و لێپاڕانه‌وه. ریوایه‌ت له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌یه كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) رۆژی فه‌تحی مه‌ككه وایكردووه:
عه‌بدوڕڕه‌حمانی كوڕی ئه‌بو سه‌فوان خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «لَمَّا فَتَحَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ مَكَّةَ... انْطَلَقْتُ فَرَأَيْتُ النَّبِيَّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَدْ خَرَجَ مِنَ الْكَعْبَةِ هُوَ وَأَصْحَابُهُ وَقَدِ اسْتَلَمُوا البَیتَ مِنَ الْبَابِ إِلَى الْحَطِيمِ وَقَدْ وَضَعُوا خُدُودَهُمْ عَلَى الْبَيْتِ وَرَسُولُ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ وَسْطَهُمْ»[28]؛ «كاتێک پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌تحی مه‌ككه‌ی كرد... وه‌ڕێ که‌وتم دیتم پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) له‌گه‌ڵ یاوه‌رانیدا له كه‌عبه هاتوونه‌ته ده‌ره‌وه‌و ده‌ستیان به دیواری که‌عبدا ده‌هێنا له مه‌سافه‌ی نێوان ده‌رگای كه‌عبه‌وه تا حه‌تیم، روومه‌تیان به دیواری كه‌عبه‌وه نابوو، پێغه‌مبه‌ری خواش (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) له ناوه‌ندیاندا بوو».
عه‌مری كوڕی شوعه‌یب له باوكیه‌وه له باپیریه‌وه ده‌گێڕێته‌وه فه‌رمووی: «طُفْتُ مَعَ عَبْدِ اللَّهِ فَلَمَّا جِئْنَا دُبَرَ الْكَعْبَةِ قُلْتُ أَلاَ تَتَعَوَّذُ؟ قَالَ نَعُوذُ بِاللَّهِ مِنَ النَّارِ. ثُمَّ مَضَى حَتَّى اسْتَلَمَ الْحَجَرَ وَأَقَامَ بَيْنَ الرُّكْنِ وَالْبَابِ فَوَضَعَ صَدْرَهُ وَوَجْهَهُ وَذِرَاعَيْهِ وَكَفَّيْهِ هَكَذَا وَبَسَطَهُمَا بَسْطًا ثُمَّ قَالَ هَكَذَا رَأَيْتُ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَفْعَلُهُ»[29]؛ «له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵای كوڕی عه‌مردا ته‌وافم كرد كه گه‌یشته ئاستی پشته‌وه‌ی كه‌عبه عه‌رزم كرد ئیستیعازه ناكه‌یت؟ (واته په‌نابردنه به‌ر خوای گه‌وره). فه‌رمووی په‌نا ده‌گرم به خوای گه‌وره له ئاگری دۆزه‌خ. پاشان به‌رده‌وام بوو تا گه‌یشته به‌رده‌ڕه‌ش ده‌ستی پێداهێنا ئینجا له نێوان روکن و ده‌رگاكه‌دا وه‌ستا سنگ و روو و هه‌ردوو ده‌ستی ئاوا کرده‌وه، هه‌ر دوو ده‌ستیشی له‌و كاته‌دا به كراوه‌یی نیشاندا به دیواری كه‌عبه‌وه نووساندی، پاشان فه‌رمووی: پێغه‌مبه‌ری خوام (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) بینی ئاوای ده‌كرد».
هه‌ر دوو ریوایه‌ته‌كه زه‌عفیان تێدایه ئه‌مما ئایا به هه‌ردووكیان ده‌گه‌نه ئاستی حه‌سه‌ن؟ ئه‌وه پێویستی به توێژینه‌وه‌یه؛ له‌وانه‌یه ئه‌م خۆهه‌ڵڕۆسكانه به كه‌عبه‌دا كاتی ماڵئاوایی لێكردنی بێت. به هه‌ر حاڵ جمهوری شه‌رعناسان پێیان په‌سه‌ند بووه كه وابكرێت و به‌رده‌وام دوعا بكرێت چونكه كات و شوێنه‌كه بواری وه‌ڵام دانه‌وه‌ی دوعان وه‌كو له ئیبنو عه‌بباسه‌وه خوا لێیان رازی بێت گێڕراوه‌ته‌وه؛[30] وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
١١- قسه كردن له كاتی ته‌وافدا باش نییه مه‌گه‌ر فێركردن بێت:
هه‌رچه‌نده قسه كردن له كاتی ته‌واف كردن‌دا جائیزه به‌ڵام به‌ته‌ئكید حاجی و عومره‌وان خۆی به قسه‌وه خه‌ریک نه‌كات چاکتره، كاتی قسه‌ی زۆر هه‌یه به‌ڵام كات و شوێنی ته‌واف هی ئه‌وه نییه بیكاته بواری قسه، ئه‌وێ بواری زیكری خوای گه‌وره‌یه، بواری ده‌ر‌بڕینی زه‌لیلی عه‌بدێتی و به‌مه‌زن دانانی خوای گه‌وره و خۆشه‌ویسته. به‌ڵام ئه‌گه‌ر قسه كردن پێویست بوو وه‌كو فێركردن و رێنیشاندان و ئامۆژگاریی و ئاڕاسته كردن و بیرخستنه‌وه یان فه‌رمان به چاكه‌و به‌رهه‌ڵستی له خراپه یان وه‌ڵامی پرسیاری شه‌رعی بێگومان شیاو و په‌سه‌ند و چاكه‌یه چونكه ئه‌مانه‌ش كه له‌به‌ر خاتری خوای گه‌وره ده‌كرێن به خواپه‌رستی حسێبن. ئیبنو عه‌بباس خوا لێیان رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «أَنَّ النَّبِيَّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ مَرَّ وَهُوَ يَطُوفُ بِالْكَعْبَةِ بِإِنْسَانٍ رَبَطَ يَدَهُ إِلَى إِنْسَانٍ بِسَيْرٍ، أَوْ بِخَيْطٍ، أَوْ بِشَىْءٍ غَيْرِ ذَلِكَ، فَقَطَعَهُ النَّبِيُّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بِيَدِهِ، ثُمَّ قَالَ: قُدْهُ بِيَدِهِ»[31]؛ «له‌و كاته‌ی كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ته‌وافی كه‌عبه‌ی ده‌كرد به لای كابرایه‌كدا تێپه‌ڕی وا یه‌كێكی تری به خۆیه‌وه به پارچه چه‌رمێک یان به گوریسێک یان به شتێكی وا به خۆیه‌وه به‌ستۆته‌وه، پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) به ده‌ستی پاكی به‌نده‌كه‌ی پساندو فه‌رمووی ده‌ستی بگره و له‌گه‌ڵ خۆتیدا ببه».
ته‌واف كردن به سواری:
ده‌شێت به سواریشه‌وه ته‌واف بكات، با توانای رۆیشتنیشی هه‌بێت چونكه «طَافَ النَّبِيُّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ عَلَى بَعِيرٍ، يَسْتَلِمُ الرُّكْنَ بِمِحْجَنٍ»[32]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) به‌سواریی حوشترێكه‌وه ته‌وافی كرد، گۆچانێکی هێنا به به‌رده‌ڕه‌شدا»، له جیاتی ده‌ستی پاكی؛ مه‌به‌ستی بوو خه‌ڵكه‌كه بیبینن چونكه له قه‌ره‌باڵغیدا نه‌ده‌بینراو خه‌ڵكیش موحتاجی بوون پرسیاری لێبكه‌ن، بۆیه ئیبنو عه‌بباس خوا لێیان رازی بێت ده‌فه‌رموێ: «طَافَ النَّبِيُّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فِي حَجَّةِ الْوَدَاعِ عَلَى رَاحِلَتِهِ بِالْبَيْتِ وَبِالصَّفَا وَالْمَرْوَةِ لِيَرَاهُ النَّاسُ وَلِيُشْرِفَ وَلِيَسْأَلُوهُ فَإِنَّ النَّاسَ غَشُوهُ»[33]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) له حه‌جی ماڵئاواییدا به‌سه‌ر سوارییه‌وه ته‌وافی كرد‌و له نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه‌دا ته‌شریفی هێناو برد تا له خه‌ڵكه‌وه دیار بێت و بیبینن و پرسیاری عه‌رز بكه‌ن چونكه خه‌ڵكه‌كه قه‌ره‌باڵغییان زۆر له ده‌وری دروست كرد»، واته كه خه‌ڵكی زۆر كه‌وتنه چوار ده‌وریه‌وه له‌وانی تر دیار نه‌ما، بۆیه جه‌نابی سوار بوو تا بزانرێت له كوێیه.
له‌مه‌وه‌یه كه شافیعییه‌كان و رایه‌كی ئیمام ئه‌حمه‌د ئه‌وه‌یه كه ده‌شێت حاجی و عومره‌وان به سواری ته‌واف بكه‌ن با عوزریشیان نه‌بێت. به‌ڵام حه‌نه‌فییه‌كان و حه‌نبه‌لییه‌كان ده‌فه‌رموون هه‌ر ده‌بێت به پیاده‌ڕۆ ته‌واف بكات، نه‌ك سواری. مالیكییه‌كانیش ده‌فه‌رموون ئه‌وه ته‌نها له ته‌وافی فه‌رزدایه، له غه‌یری ئه‌ودا ئه‌گه‌ر توانای رۆیشتنی هه‌بوو به‌ڵام به سوارییه‌وه ته‌وافی كرد، ده‌بێ قوربانییه‌ک بكات.[34]
[1]. بوخاری: ١٦١٥؛ موسليم: ١٢٣٥.
[2]. ئه‌بو داوود: ١٨٨٣؛ ترمزی: ٨٥٩؛ ئيبنو ماجه: ٢٩٥٤؛ شێخی ئه‌لبانيش به حه‌سه‌نی ناساندووه (صحيح فقه السنة: ٢/٢٢٨).
[4]. بوخاری: ١٦٠٢؛ موسليم: ١٢٦٦.
[5]. بوخاری: ١٦٠٤؛ موسليم: ١٢٦١؛ ئيبنو ماجه: ٢٩٥٠.
[7]. بوخاری: ١٦٠٥؛ موسليم: ١٢٧٠.
[9] به‌یهه‌قی (٥/٨٤) ئیبنو ئه‌بو شه‌یبه (٨٠٩) و حه‌سه‌نه.
[10] ئیبنو ئه‌بو شه‌یبه (١/٤/١٢٢) و شلگیریی تێدایه.
[11] به‌یهه‌قی (٥/٨٤) ئیبنو ئه‌بو شه‌یبه (١/٤/١٢١) و سه‌حیحه.
[12] بوخاری (١٦٠٣) موسليم (١٢٦١).
[13]. بوخاری: ١٠٦٥؛ موسليم: ١٢٧٠.
[18]. عبدالرزاق: ٨٨٩٤؛ به‌یهه‌قی: ٥/٧٩؛ ئیمامی ئیبنو حه‌جه‌ر له التلخیص (٢/٢٤٧)دا به سه‌حیحی داناوه.
[19]. شێخی ئه‌لبانی له الاروا‌ء (٤/٣١٢)دا به حه‌سه‌نی ناساندووه.
[20]. إرواء الغليل (٤/٣١٢).
[21]. بوخاری: ١٦٠٩؛ موسليم: ١٢٦٧.
[22]. بوخاری: ١٦١٨؛ عه‌بدوڕڕه‌ززاق: ٥/٦٧.
[23]. بوخاری: ١٦١٩؛ موسليم: ١٢٧٦.
[24] ابو داوود (١٨٩٢) نه‌سائی (٣٩٣٤) احمد (٣/٤١١) سه‌یدنا عومه‌ر و ئیبنو عومه‌ریش خوا لێیان رازی بێت هه‌ر وایان كردووه (صحیح فقه السنة ٢٠/٢٣١).
[25]. فتح القدير: ٢/١٥٤؛ حاشية العدوي: ١/٤٦٧؛ مغني المحتاج: ١/٤٩٢؛ المغني: ٣/٣٩٤.
[26]. ترمزی: ٨٦٩؛ نه‌سائی: ٥/٢٢٣؛ ئيبنوماجه: ١٢٥٤؛ سه‌حيحه (صحيح فقه السنة: ٢/٢٣٢).
[27]. أحمد: ٣/٣٩٤؛ حه‌سه‌نه، تا باسی خواردنه‌وه‌كه له موسلیمدایه: ١٢١٨ (صحیح فقه السنة: ٢/٣٢٣).
[28]. ئه‌بو داوود: ١٨٩٨؛ به‌ڵام زه‌عيفه.
[29]. ئه‌بو داوود: ١٨٩٩؛ ئیبنو ماجه: ٢٩٦٢؛ به‌یهه‌قی: ٥/٩٣؛ ئه‌میش هه‌روه‌ها زه‌عیفه (صحیح فقه السنة ٢/٢٣٣)
[30]. شرح ابن عابدين: ١/١٧٠-١٨٧؛ روضة الطالبين: ٣/١١٨؛ كشاف القناع: ٢/٥١٣؛ زاد المعاد: ٢/٢٩٨.
[32]. بوخاری: ١٦٠٧؛ موسليم: ١٢٧٥.
[34]. البدائع: ٢/١٢٨؛ حاشية العدوي: ١/٤٦٨؛ نهاية المحتاج: ٣/٢٧٥؛ المغني: ٣/٣٩٧.