داخڵبوونی مه‌ككه
که ئیحرامی پۆشی و ویستی بچێته‌وه ناو شاری پیرۆزی مه‌ککه‌وه سوننه‌ته ره‌چاوی کۆمه‌ڵه ره‌فتارێک بکات که پێیان ده‌ڵێن «سوننه‌ته‌كانی داخڵبوونی مه‌ككه»:
١- مانه‌وه له «ذِي طُوَى» و غوسڵ ده‌ركردن:
ئه‌مه خۆئاماده‌كردنی داخڵبوونی مه‌ككه‌یه كه باشتره به رۆژ و كاتی چێشته‌نگاو بچێته ناو مه‌ككه‌وه چونكه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ئه‌و كاته ته‌شریفی ده‌برده مه‌ككه‌وه.[1] بۆیه سوننه‌ته له ناوچه‌ی «ذِي طُوَى» شه‌و به سه‌رببات و سبه‌ی نوێژی به‌یانی بكات و غوسڵ ده‌ركات. ئیبنو عومه‌ر خوا لێیان رازی بێت وه‌كو نافیع ده‌رباره‌ی ده‌گێڕێته‌وه وای ده‌كرد؛ نافیع ده‌فه‌رموێ: «كَانَ ابْنُ عُمَرَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمَا إِذَا دَخَلَ أَدْنَى الْحَرَمِ أَمْسَكَ عَنْ التَّلْبِيَةِ، ثُمَّ يَبِيتُ بِذِي طُوًى، ثُمَّ يُصَلِّي بِهِ الصُّبْحَ وَيَغْتَسِلُ، وَيُحَدِّثُ أَنَّ نَبِيَّ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كَانَ يَفْعَلُ ذَلِكَ»[2]؛ «ئیبنو عومه‌ر خوا لێیان رازی بێت كه ده‌گه‌یشته نزیكترین شوێن له حه‌ره‌می كه‌عبه ته‌لبیه‌ی ده‌وه‌ستان و شه‌و له «ذِي طُوَى» ده‌مایه‌وه پاشان نوێژی به‌یانییه‌كه‌ی ده‌كرد و غوسڵی ده‌رده‌كرد، ده‌یفه‌رموو چونكه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ئاوای كردووه».
٢- داخڵبوونی مه‌ككه له «الثنیة العلیا»وه:
بێگومان ئه‌مه بۆ كه‌سێكه كه بۆی بلوێت، چونكه ئێستا رێگاكان زۆر بوونه‌و قه‌ره‌باڵغی و به‌رفراوانی شاره‌كه ده‌یان جار زیاتر بووه و زۆر شوێنیش وه‌كو جاران نه‌ماوه‌و هه‌ندێكیان ناوی نوێیان وه‌رگرتووه. ئیبنو عومه‌ر خوا لێیان رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «كَانَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَدْخُلُ مِنَ الثَّنِيَّةِ الْعُلْيَا، وَيَخْرُجُ مِنَ الثَّنِيَّةِ السُّفْلَى»[3]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) له سه‌نییه‌ی باڵاوه ته‌شریفی ده‌برده مه‌ككه‌وه‌و له سه‌نییه‌ی خوارووه‌وه ته‌شریفی ده‌بر‌ده‌ره‌وه». ئێستا ناوچه‌ی سه‌نییه‌ی باڵا پێی ده‌وترێت «الحجون»، به‌ڵام ئایا هه‌ر قه‌ده‌ره‌ن وابووه كه له‌و كاته‌دا جه‌نابی به‌وێوه ته‌شریفی هێناوه‌ته ناو شار یان به مه‌به‌ست بووه و سوننه‌ته؟ ئه‌مه بۆچوونی جیاوازی شه‌رعناسانی له‌سه‌ره؛ چونكه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمانی به كه‌س نه‌كرد كه له‌وێوه داخڵی شار ببێت.
پاشان که له سه‌نییه‌وه ده‌هاته خوارێ رێڕه‌وی ئه‌و شوێنه له كۆندا پێی ده‌وترا «باب بني شیبة»، به‌ڵام ئێستا هیچ ئاسه‌وارو ناوێكی ئه‌وه نه‌ماوه. شێخ ئیبنو عوسه‌یمین (رحمه الله) ده‌فه‌رموێ: كه‌سانێكمان بینی كه بۆیان باس كردین كه «باب بني شیبة» له كوێ بوو، نزیک مه‌قامی ئیبڕاهیم (عَلَیهِ السَّلَام) بووه.[4]
٣- قاچی راستی پێش ده‌خات له چوونه ناو سنوری حه‌ره‌مه‌وه:
هه‌ندێک ریوایات له‌سه‌ر ئه‌مه هه‌یه به‌ڵام زه‌عیفن، به‌ڵام خۆ سوننه‌ته كه موسوڵمان به پێی راستی بچێته مزگه‌وته‌وه؛ سوننه‌تیشه ئه‌م دوعایه بكات: «بِسْمِ اللّهِ اللَّهُمَّ صَلِّ عَلى مُحَمَّدٍ، اللَّهُمَّ افْتَحْ لِي أَبْوَابَ رَحْمَتِكَ»[5]؛ «به ناوی خوای گه‌وره‌وه، خوایه دروود و ره‌حمه‌تی خۆت به‌سه‌ر موحه‌ممه‌ددا بڕێژه، خوایه گیان ده‌روازه‌ی ره‌حمه‌تی خۆتم لێ بكه‌ره‌وه»؛ آمین.
٤- له‌گه‌ڵ بینینی كه‌عبه‌دا دوعا ده‌كات:
سوننه‌ته كه كه‌عبه‌ی پیرۆزی لێوه ده‌ركه‌وت ده‌ست بۆ دوعاكردن بڵند كات و بڵێ: «اللَّهُمَّ أَنْتَ السَّلاَمُ وَمِنْكَ السَّلاَمُ فَحَيِّنَا رَبَّنَا بِالْسَّلامِ»[6]؛ «خوایه تۆ ئاشتیت و ئاشتی و ئه‌مان له تۆوه‌یه، خوایه ئاشتییانه سه‌لاممان لێ بكه‌و بمانخه‌ره ئه‌مانی خۆته‌وه». ئه‌مه‌ش له ئیبنوعه‌بباس و ئیبنو عومه‌ره‌وه ریوایه‌ت كراوه.[7]
٥- روو بكاته به‌رده ڕه‌شی كه‌عبه‌و بچێت بۆ ته‌واف كردن:
لێره‌وه ئیتر روكنی دووه‌می حه‌ج ده‌ست پێ ده‌كات و ئێمه‌ش ان شاءالله به ته‌فسیل باسی ده‌كه‌ین.
روکنی دووه‌می حه‌ج (ته‌واف کردن)
باسی یه‌كه‌م: پێناسه‌ی ته‌واف و جۆره‌كانی
باسی دووه‌م: مه‌رجه‌كانی ته‌واف كردن
باسی سێیه‌م: سوننه‌ته‌كانی ته‌واف كردن
پێناسه‌ی ته‌واف و جۆره‌كانی
الف- پێناسه‌ی ته‌واف:
ته‌واف كه هه‌ر «الطواف»ی عه‌ره‌بییه له زمانه‌وانیدا بریتییه له سووڕانه‌وه‌و خولانه‌وه به ده‌وری شتێك‌دا. له زاراوه‌شدا سووڕانه‌وه‌یه به ده‌وری كه‌عبه‌دا كه دواتر باسی دێت ان شا‌ء الله.
ب- جۆره‌كانی ته‌واف:
سێ جۆر ته‌وافی شه‌رعی هه‌یه:
١- ته‌وافی هاتن (طواف القدوم / الورود): پێشی ده‌وترێت ته‌وافی سڵاو كردن (طوافُ التحیة)، چونكه ئه‌و كه‌سانه‌ی غه‌یری دانیشتووی شاری مه‌ككه‌ن كه له رێوه دێن ده‌چنه مزگه‌وتی حه‌رام و ئه‌م ته‌وافه ده‌كه‌ن. جمهوری شه‌رعناسان ده‌فه‌رموون سوننه‌ته، به‌ڵام مالیكییه‌كان ده‌فه‌رموون فه‌رزه و هه‌ر كه‌سێک ته‌وافه‌كه نه‌كات قوربانییه‌كی ده‌كه‌وێته سه‌ر.
جابر خوا لێی رازی بێت له گێڕانه‌وه‌ی حه‌ج كردنی پێغه‌مبه‌ری خوادا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمووی: «حَتَّى إِذَا أَتَيْنَا اَلْبَيْتَ اِسْتَلَمَ اَلرُّكْنَ، فَرَمَلَ ثَلَاثًا وَمَشَى أَرْبَعًا»؛[8]«تا گه‌یشتینه كه‌عبه كه له خزمه‌تیدا بووین، ده‌ستی پاكی به به‌رده‌ڕه‌شدا هێناو ته‌وافی كرد: سێ جاری یه‌كه‌مین خێرا‌و چوار جاره‌كه‌ی تر به رۆیشتنی ئاسایی». خاتوو عائیشه‌ش خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «أَنَّ أَوَّلَ شَىْءٍ بَدَأَ بِهِ حِينَ قَدِمَ النَّبِيُّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ تَوَضَّأَ ثُمَّ طَافَ»[9]؛ «یه‌كه‌مین شت كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) دوای ته‌شریف هێنانی بۆ مه‌ككه كردی ئه‌وه‌بوو ده‌سنوێژی گرت و ته‌وافی كرد».
مالیكییه‌كان ده‌فه‌رموون: مادام پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) به شێوازی فه‌رمان فه‌رموویه‌تی: «خُذُوْاعَنِّى مَنَاسِكَكُمْ»[10]؛ «مه‌راسیمه‌كانی حه‌جم لێوه وه‌رگرن»، كه‌وابوو ته‌واف كردنه‌كه فه‌رزه‌و ده‌بێت وه‌ک چۆن پێغه‌مبه‌ر (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) کردوێتی هه‌موو حاجییه‌کی تریش بیکات. به‌ڵام جمهور ده‌فه‌رموون ئه‌م ته‌وافه وه‌كو دوو ركات نوێژی سوننه‌تی سڵاوی مزگه‌وت (تحیة المسجد). پێم وایه بۆچوونی جمهور په‌سه‌ندتره؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
تیبینی: ئه‌م ته‌وافه بۆ كه‌سێكه كه راسته‌وخۆ هاتۆته كه‌عبه، ئه‌مما ئه‌و که‌سه‌ی له سه‌ره‌تاوه چۆته مینا یان عه‌ره‌فات وپێشتر نه‌چۆته مه‌ككه‌وه په‌سه‌ند نییه دواتر له‌وێوه بێته‌وه‌و ته‌وافی هاتنه‌كه‌ی بكات چونكه به وه‌ستانی عه‌ره‌فاته‌كه‌ی یان چوونی بۆ مینا ئه‌م سوننه‌ته‌ی ته‌وافی له ده‌ست چووه.[11]
٢- ته‌وافی ڕوکن (طواف الافاضة):
پێشی ده‌وترێت ته‌وافی زیاره‌ت؛ ئه‌مه‌یه كه روکنێكی دووه‌می حه‌ج كردنه‌و شه‌رعناسان له‌سه‌ر روکنێتیی رێكن، چونكه له قورئان و سوننه‌ت و كۆڕادا روکنێتییه‌كه‌ی سه‌لمێنراوه.[12] که‌وابوو کاتێک ده‌وترێت ته‌واف روکنی حه‌جه مه‌به‌ست له ته‌وافی ئیفازه‌یه.
خوای گه‌وره ده‌رباره‌ی ده‌فه‌رموێ: «ثُمَّ لْيَقْضُوا تَفَثَهُمْ وَلْيُوفُوا نُذُورَهُمْ وَلْيَطَّوَّفُوا بِالْبَيْتِ الْعَتِيقِ» [الحج: ٢٩]؛ «پاشان مه‌راسیمه‌كانی حه‌ج بكه‌ن (یان تا ئیحرام بكه‌نه‌وه) و نه‌زره‌كانی حه‌ج كردنه‌كه‌یان بهێننه دی و ته‌وافی ماڵه كۆنه‌كه‌ی خوای گه‌وره بكه‌ن». شه‌رعناسان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆن كه مه‌به‌ست له‌م ته‌وافه لێره‌دا ته‌وافی ته‌وافی ئیفازه‌یه.
خاتوو عائیشه خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «أَنَّ صَفِيَّةَ بِنْتَ حُيَيٍّ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهَا زَوْجَ النَّبِيِّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ حَاضَتْ فَذَكَرْتُ ذَلِكَ لِرَسُولِ اللهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَقَالَ أَحَابِسَتُنَا هِيَ قَالُوا إِنَّهَا قَدْ أَفَاضَتْ قَالَ: فَلاَ إِذًا»[13]؛ «سه‌فیه‌ی کچی حویه‌ی – خوا لێی رازی بێت – (که خێزانی پێغه‌مبه‌ری خوایه) له حه‌ج كه‌وته حه‌یزه‌وه (سوڕی مانگانه‌ی بۆهات)، ئه‌مه‌م بۆ پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) باس کرد، فه‌رمووی: مه‌حته‌لمان ده‌كات؟ عه‌رزیان كرد: ئه‌و ته‌وافی ئیفازه‌كه‌ی كردووه، فه‌رمووی ده باشه مادام وایه». كه‌وابوو ته‌وافی ئیفازه فه‌رزه‌و بێ ئه‌نجامدانی حه‌جه‌که ته‌واو نه‌بووه.
كاتی ته‌وافی ئیفازه:[14]
الف- سه‌ره‌تای ده‌سپێكی: ناشێت ئه‌م ته‌وافه له پێش ئه‌و كاته‌دا بكرێت كه شه‌رع دیاری كردووه كه كاتێكی زۆر‌و به‌رفراوانه؛ لای حه‌نه‌فییه‌كان و مالیكییه‌كان له سپێده‌ی به‌یانی قوربانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات. شافیعییه‌كان و حه‌نبه‌لییه‌كان ده‌فه‌رموون له نیوه‌ی شه‌وه‌وه كه بۆ سبه‌ینێ رۆژ‌ی قوربانه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی پێشتر له عه‌ره‌فات بوون ده‌ست پێ ده‌كات.
ب- كاتی كۆتایی: حه‌نه‌فییه‌كان ده‌فه‌رموون كۆتا كاتی ته‌وافی ئیفازه كۆتاهاتنی دوایین رۆژ‌ی ته‌شریقه. مالیكییه‌كان ده‌فه‌رموون: له مانگی زیلحیججه‌دا ده‌بێت بیكات، كه كه‌وته دواتر ده‌بێت قوربانییه‌كی بۆ بكات. شافیعییه‌كان و حه‌نبه‌لییه‌كان و دوو یاوه‌رانی حه‌نه‌فی ده‌فه‌رموون ئه‌سڵ ئه‌وه‌یه كه كاتی بۆ دیاری نه‌كرێت، هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌وه نییه كه ده‌بێ له رۆژانی ته‌شریق یان هه‌ر له مانگی زیلحیججه‌دا بكرێت و دوا نه‌خرێت، هه‌ر ده‌بێ بیكات با دواتریش بێت، له دواخستنیدا هیچی ناكه‌وێته سه‌ر.
پێم وایه دوانه‌خستنی په‌سه‌ندتره. ئه‌گه‌ر له رۆژانی ته‌شریقدا ته‌وافه‌كه‌ی كرد هه‌موو راجوێییه‌كان ده‌خاته لاوه. بێگومان چاكتره له کاتی حه‌جدا بیكات (که زیلحیججه كۆتاییانه) نه‌ک له‌وه‌ش زیاتر دوای بخات؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ. ئیمامی ئیبنو ته‌یمییه ده‌فه‌رموێ: ئه‌گه‌ر رۆژ‌ی قوربان كردی زۆر چاكه، ئه‌گه‌ر نا دواتر، به‌ڵام ده‌بێ له رۆژانی ته‌شریقدا بێت، چونکه له دواخستنیدا راجوێیی هه‌یه كه ئایا ده‌شێت یان نا.[15]
ج- باشترین كاتی: باشترین كاتی ته‌وافی ئیفازه رۆژ‌ی جه‌ژنی قوربانه؛ چونكه وه‌كو جابر خوا لێی رازی بێت له ریوایه‌ته دوور‌و درێژه‌كه‌یدا گێڕایه‌وه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ئه‌و رۆژه ئه‌و ته‌وافه‌ی كرد.
مه‌رجی تایبه‌تی ته‌وافی ئیفازه:
مه‌رجی ته‌وافی ئیفازه ئه‌وه‌یه كه دوای وه‌ستانی عه‌ره‌فات بیكات چونكه كۆڕای شه‌رعناسان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه هه‌ر كه‌سێک ته‌وافی ئیفازه‌ی پێش راوه‌ستان له عه‌ره‌فات كرد فه‌رزه‌كه‌ی لانه‌چووه و ته‌وافه‌كه هه‌ر ده‌بێت بكاته‌وه.
ئافره‌ت پێش ته‌وافی ئیفازه بکه‌وێته حه‌یزه‌وه:
ئه‌گه‌ر ئافره‌ت پێش ته‌وافی ئیفازه كه‌وته حه‌یزه‌وه، ئه‌گه‌ر ناڕه‌حه‌ت نه‌ده‌بوو له‌سه‌ری، چاوه‌ڕێ ده‌كات تا پاک ده‌بێته‌وه‌و غوسڵ ده‌رده‌كات، پاشان ته‌وافه‌كه‌ی ده‌كات چونكه ئه‌سڵ ئه‌وه‌یه كه ئافره‌ت له كاتی حه‌یزو زه‌یستانیدا نابێت ته‌وافی كه‌عبه بكه‌ن. كاتێک خاتوو عائیشه خوا لێی رازی بێت له حه‌ج كه‌وته حه‌یزه‌وه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) پێی فه‌رموو: «اِفْعَلِي مَا يَفْعَلُ اَلْحَاجُّ، غَيْرَ أَنْ لَا تَطُوفِي بِالْبَيْتِ»[16]؛ «هه‌موو ئه‌و ره‌فتارانه‌ی حاجی ده‌یكه‌ن تۆش بیانكه جگه له ته‌واف». شێخولئیسلام ئیبنو ته‌یمییه ره‌حمه‌تی خوای لێبێت ده‌فه‌رموێ: ئه‌وه‌ی كه ده‌زانم له نێوان شه‌رعناساندا راجوێیی تێدا نه‌بێت ئه‌وه‌یه كه ئافره‌ت كه له حه‌یزدا بوو مادام بتوانێت له كاتی پاكبوونه‌وه‌یدا ته‌وافه‌كه‌ی بكات نابێت له كاتی حه‌یزیدا بیكات، نه‌مزانیوه كه‌س فه‌رمووبێتی ئه‌گه‌ر به حه‌یزه‌وه ته‌وافی كرد گوناحبار نابێت. راجوێییان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر گوناحبارانه كردی ئایا فه‌رزێتی ته‌وافه‌كه‌ی له‌سه‌ر لاده‌چێت یان نا؟ ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه ده‌فه‌رموێت: به‌ڵێ له‌سه‌ری لاده‌چێت؛ ئه‌مه رایه‌كی مه‌زهه‌بی حه‌نبه‌لیشه.[17]
به‌ڵام ئه‌گه‌ر كاتی به ده‌سته‌وه نه‌بوو، وه‌كو ئه‌م سه‌رده‌مه كه ئه‌و یه‌كێكه له كاروانی حاجییه‌کانی شاره‌كه‌ی و په‌یوه‌سته به هه‌موو كات و ره‌فتارێكی سه‌فه‌رو ئیقامه‌یانه‌وه، حوكمی ته‌وافی ئه‌م ئافره‌ته حاجییه له‌م حاڵه‌ته‌یدا یه‌كێک له‌مانه‌ی دێته رێ:
١- پێی بوترێت با كاروانه‌كه‌ت سه‌فه‌ری خۆیان بكه‌ن و خۆت بمێنه‌ره‌وه تا پاک ده‌بیته‌وه و ته‌وافه‌كه‌ت ده‌كه‌یت! بێگومان ئه‌مه خراپه‌كارییه‌كی زۆری دێنێته رێ به ته‌نها له وڵاتێكی غه‌ریبی ئه‌سته‌مه دینه‌كه‌شی
راگرێت.
٢- پێی بوترێت: ده‌ی ته‌وافی ئیفازه‌كه‌ت مه‌كه چونكه نه‌تتوانیوه مه‌رجه‌كه‌ی بهێنیته دی! ئه‌مه‌ش كه‌س نه‌یفه‌رمووه چونكه ته‌وافی ئیفازه روکنێكی سه‌ره‌كی حه‌جه.
٣- پێی بوترێت: ئه‌گه‌ر ده‌زانیت له‌و كاته‌دا حه‌یزت بۆ دێت ته‌وافه‌كه‌ت پێشخه! ئه‌مه‌ش نه‌شیاوه‌و كه‌س نه‌یوتووه چونكه وه‌كو ئه‌وه‌یه پێی بوترێت وه‌ستانی كێوی عه‌ره‌فه بخه‌ره رۆژێک پێش كاتی خۆی!
٤- با ئافره‌تان حه‌ج نه‌كه‌ن تا ده‌گه‌نه ته‌مه‌نی وه‌ستانی خوێنی حه‌یز! ئه‌مه قسه‌یه‌كی باتڵه چونكه فه‌رزێتی حه‌ج كردنه‌كه له‌سه‌ر ملیۆنه‌ها ئافره‌ت لاده‌دات به بێ به‌ڵگه.
٥- پێی بوترێت: هه‌ر به نییه‌تی ئیحرام به‌ستنه‌كه‌ته‌وه بمێنه‌ره‌وه‌و بگه‌ڕێره‌وه ماڵ و شاری خۆت و دواتر له ساڵانی تردا وه‌ره‌وه ته‌وافه‌كه بكه به‌ڵام له‌و ماوه‌ی ساڵانه‌دا ناشێت شوو بكه‌یت، ناشێت سه‌رجێیی (جیماع) بكه‌یت! بێگومان ئه‌مه‌ش قسه‌یه‌كه نه له‌گه‌ڵ ئه‌حكامی خواپه‌رستیدا دێته‌وه نه له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی دادپه‌روه‌ری و مافپارێزیدا ده‌گونجێت كه ئیسلام دابینی كردووه.
٦- پێی بوترێت: حاڵه‌تی تۆش وه‌كو حاڵه‌تی رێلێگيراوه (الاحصار) كه چه‌كدارانێک نه‌یانهێشتووه حه‌جه‌كه‌ی ته‌واو كات بۆیه پێی ده‌وترێت ئیحرامت بكه‌ره‌وه تا پاک ده‌بیته‌وه حه‌جه‌كه‌شت هه‌ر له‌سه‌ره، هه‌ر كاتێک توانیت بیكه. ئه‌م به‌راورده‌ش ناشێت چونكه رێلێگیراو نه‌گه‌یشتۆته حه‌ج، ئه‌م خۆی له حه‌جه! رێلێگیراو عوزره‌كه‌ی له رێ بۆ دروست بووه ئه‌م هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ئه‌گه‌ری به‌سه‌ردا هاتنی ئه‌م حاڵه‌ته‌ی هه‌بووه.
٧- پێی بوترێت: كه‌سێک به‌كرێ بگره حه‌جه‌كه‌ت له جیاتی بكات، چونكه تۆش وه‌كو په‌ككه‌وته‌ی! كه‌س شتی وای نه‌ووتووه، چونكه ئه‌م به پیاوێكی په‌ككه‌وته به‌راورد ناكرێت، په‌ككه‌وته ره‌شبین و بێ ئومێده له چاكبوونه‌وه واته له نه‌مانی عوزه‌كه‌ی به‌ڵام ئه‌م بێ‌ئومێد نییه چونكه ده‌شێت حه‌یزی كۆتایی پێبێت.
كه مادام ئه‌م حه‌وت رێگایه شیاو نه‌بێت بیگرێته به‌ر كه‌وابوو هه‌ر رێگای هه‌شته‌می له‌به‌رده‌مدایه، واته:
٨- پێی بوترێت له‌به‌ر حاڵه‌ته زه‌روورییه تایبه‌تییه‌كه‌ت ته‌وافه‌كه‌ت به‌و حاڵه‌ته‌وه بكه. ئه‌وه‌یان زیاتر له‌گه‌ڵ ره‌حمه‌تی ئیسلام و حیكمه‌تی شه‌رعدا ده‌گونجێت. ئه‌مه‌ش په‌سه‌ندكراوی ئیمامی ئیبنوته‌یمییه‌یه كه له كۆتاییدا ده‌فه‌رموێ:[18] ئه‌م بۆ چوونه‌م لا رۆشنتره له‌م بابه‌ته‌دا - وَلَا حَوْلَ وَ لَا قُوَّةَ اِلا بِاللهِ الْعَلیّ الْعَظیم -، له‌به‌ر زه‌رووره‌ت و پێویستی خه‌ڵكی نه‌بووایه قسه‌م تێدا نه‌ده‌كرد به‌ڵام خه‌ڵكی وه‌كو زانین و ئه‌نجامدان پێویستیانه فێر بن. راو بۆچوونێكی واشم تێدا نه‌بینی تا هه‌ر لاكه‌م به‌لای ئه‌وه‌وه. ئێ ئیجتیهادیش له كاتی زه‌رووره‌تدا فه‌رمانێكی خواییه و له‌سه‌رمانه.
یه‌كێک له‌و ئاسانكاریانه‌ی سه‌رده‌م له‌م بواره‌شدا هه‌بوونی حه‌به كه ئافره‌ت پێش هاتنی سووڕی مانگانه‌كه‌ی قووتی ده‌دات و حه‌یزه‌كه‌ی دوا ده‌خات؛ ئه‌مه بۆ هه‌فته‌و دوو هه‌فته‌ش هه‌یه. به‌ڵام به مه‌رجێک زیانی بۆ ئافره‌ته‌كه نه‌بێت، ئه‌گه‌ر زانی زیانی ده‌بێت با هه‌ر به فه‌تواكه‌ی ئیبنوته‌یمییه بكات (رحمه اللّه).
٣- ته‌وافی ماڵئاوایی:
پێشی ده‌وترێت ته‌وافی كۆتا په‌یمان. ئه‌میش لای جمهوری پێشه‌وایان و شه‌رعناسان - جگه له مالیكییه‌كان- فه‌رزه، ئه‌وان ده‌فه‌رموون سوننه‌ته. ئیبنو عه‌بباس خوا لێیان رازی بێت گێڕاوێتیه‌وه: «كَانَ النَّاسُ يَنْصَرِفُونَ فِي كُلِّ وَجْهٍ فَقَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: لاَ يَنْفِرَنَّ أَحَدٌ حَتَّى يَكُونَ آخِرُ عَهْدِهِ بِالْبَيْتِ»[19]؛ «خه‌ڵكی هه‌ر یه‌كه به لایه‌كدا بڵاو ده‌بوونه‌وه‌و ده‌ڕۆیشتنه‌وه؛ پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) به خه‌ڵكی فه‌رموو: كه‌س نه‌ڕواته‌وه تا ته‌واف ده‌كات تا كۆتا به‌ڵێنی هه‌ر له كه‌عبه بدات یان كه‌عبه كۆتا جێی بێت كه جێی ده‌هێڵێت». له ریوایه‌تێكی تری‌دا ئیبنوعه‌بباس ده‌فه‌رموێ: «أُمِرَ النَّاسُ أَنْ يَكُونَ آخِرُ عَهْدِهِمْ بِالْبَيْتِ إِلاَّ أَنَّهُ خُفِّفَ عَنِ الْمَرْأَةِ الْحَائِضِ»[20]؛ «خه‌ڵكی فه‌رمانیان پێدرا كه كۆتا مه‌نزڵیان كه‌عبه بێت كه جێی ده‌هێڵن و ده‌ڕۆنه‌وه، به‌ڵام بۆ ئافره‌تێک ئاسان كرا كه كه‌وتۆته حه‌یزه‌وه»، واته ته‌وافه‌كه نه‌كات و بڕوات.
ئه‌و شه‌رعناسانه‌ی ده‌فه‌رموون ته‌وافی ماڵئاوایی فه‌رزه ده‌فه‌رموون فه‌رمووده‌كان به‌شێوه‌ی فه‌رمان بۆ خه‌ڵكه‌كه هاتووه، ئافره‌تیش بۆیه حوكمه‌كه نه‌یگرتۆته‌وه چونكه له حه‌یزدا بووه، ئه‌مما ئه‌وانه‌ی تر كه له حه‌یزدا نین ته‌وافه‌كه‌یان له‌سه‌ر فه‌رزه. ئه‌گه‌ر ئافره‌ت به‌هۆی سووڕی مانگانه‌یه‌وه ته‌وافی ماڵئاوایی نه‌كرد و گه‌ڕایه‌وه ماڵ و شاری خۆی هیچی له قوربانی ناكه‌وێته سه‌ر.
ئه‌وه‌ش كه مالیكییه‌كان ده‌فه‌رموون سوننه‌ته چونكه ئافره‌تێک كه له حه‌یزدا بووه بۆی هه‌بوو جێبه‌جێی نه‌كات. به‌ڵام ئه‌مه به‌ڵگه‌یه‌كی به‌هێز نییه، خۆ ئافره‌ت كه ده‌كه‌وێته حه‌یزه‌وه نوێژه فه‌رزه‌كانیش ناكات و دواتریش نایانگێڕێته‌وه! ئێ ئه‌م ته‌وافه ش هه‌ر وایه؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
پاکبوونه‌وه‌ی ئافره‌ت پێش ده‌رچوونی له مه‌ککه:
ئه‌گه‌ر ئافره‌ت پێش ده‌رچوونی له مه‌ككه پاک بۆوه ده‌بێ ته‌وافه‌كه بكات؛ واته مادام ئافره‌ته‌كه هێشتا له ماڵه‌كانی مه‌ككه دوور نه‌كه‌وتۆته‌وه، له‌م زه‌مانه‌شدا مادام نه‌گه‌یشتۆته فڕۆكه‌خانه‌و له توانادایه چاوه‌ڕوان بكرێت ده‌بێ غۆسڵ ده‌ركات و ته‌وافه‌كه بكات، ئه‌گه‌ر نا ته‌واوه‌و له‌سه‌ری لاچووه.[21]
ته‌وافی ماڵئاوایی بۆ دانیشتووانی مه‌ککه:
ئه‌م ته‌وافی ماڵئاواییه له‌سه‌ر كه‌سانێكه كه خه‌ڵكی غه‌یره مه‌ككه‌ن (واته له غه‌یری مه‌ككه نیشته‌جێن)، دانیشتووانی مه‌ككه (بێگومان ئه‌وانه‌ش كه ئیقامه‌یان هه‌یه یان به قاچاخ له‌وێ ده‌ژین) ئه‌م ته‌وافه‌یان له‌سه‌ر نییه. حه‌نه‌فیه‌كان ده‌فه‌رموون ئه‌وه حوكمی ئه‌و خه‌ڵكه‌شه كه له سنوری میقاتی حه‌جدان، كه‌وابوو مه‌رج نییه هه‌ر دانیشتووی مه‌ككه بێت. ده‌شێت له زیلحوله‌یفه بێت یان له رابغ چونكه ته‌وافه‌كه بۆ ماڵئاواییه، ئه‌مانیش به نیشته‌جێیانی شوێنی حه‌ج حسێبن.
مالیكییه‌كان و شافیعییه‌كان ده‌فه‌رموون ته‌وافی ماڵئاواییه‌كه له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌یه كه له مه‌ككه‌وه سه‌فه‌ر ده‌كه‌ن (به مه‌سافه‌ی كورت كردنه‌وه‌ی نوێژ)، جا مه‌ككه‌یی بن یان ده‌ره‌كی.[22]
[1]. بوخاری: ١٤٩٩؛ موسليم: ١٢٥٩.
[2]. بوخاری: ١٥٧٣؛ موسليم: ١٢٥٩.
[3]. بوخاری: ١٥٧٥؛ موسليم: ١٢٥٧.
[4]. الشرح الممتع: ٣/٢٥٤.
[5]. موسليم: ٧١٣؛ ترمزی: ٤٦٥؛ ئه‌بو داوود: ٣١٤؛ نه‌سائی: ٧٢٩.
[6]. به‌يهه‌قی: ٥/٧٢؛ الألباني، مناسك الحج: ٢٠؛ سه‌حيحه.
[7]. ئيبنو ئه‌بی شه‌يبه: ٣/٩٦؛ هه‌روه‌ها مناسك الحج: ٢٠.
[9]. بوخاری: ١٦١٥؛ موسليم: ١٢٣٥.
[10]. موسليم: ١٢٩٧؛ ئه‌بوداوود: ١٩٧٠؛ نه‌سائی: ٣٠٦٢.
[11]. مجموع الفتاوى: ٣٦/١٣٩.
[12]. المغني: ٣/٤٤٠؛ البدائع: ١/١٢٨؛ التمهيد: ٣/١٣٣.
[13]. بوخاری: ١٧٣٣؛ موسليم: ١٢١١.
[14]. الهداية: ٢/١٨٠؛ حاشية ابن عابدين: ٢/٢٥٠؛ نهاية المحتاج: ٢/٤٢٩؛ شرح الزرقاني: ٢/٢٨١؛ المغني: ٣/٤٤١؛ الموسوعة الفقهية الكويتیة: ١٧/٥٣.
[15]. مجموع الفتاوى: ٢٦/١٣٨؛ المحلى: ٧/١٧٢.
[16]. مالك، الموطأ: 1325؛ أحمد، المسند: 26344.
[17] مجموع الفتاوى (٢٦/٢٠٥٢٠٦).
[18]. مجموع الفتاوی: ٢٦/١٧٦؛ په‌سه‌ندكراوی شێخ مسته‌فا عه‌ده‌ویشه (شه‌رعناسی سه‌له‌فییه‌كانی مسیر، خاوه‌نی كتێبی جامع أحكام النساء: ٢/٥٧٢).
[20]. بوخاری: ١٧٥٥؛ موسليم: ١٣٢٧.
[22]. الموسوعة الفقهية الکویتیة: ١٧/٥٨.