هه‌ندێک ره‌فتاریش بۆ ئیحرامپۆش جائیزو رێپێدراون:
١- خۆ شتن و ئیحرام گۆڕین:
الف- ئیبڕاهیمی کوڕی عه‌بدوڵڵای كوڕی حونه‌ین له باوکییه‌وه خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه كه ئیبنو عه‌بباس و ميسوه‌ری كوڕی مه‌خره‌مه خوا لێیان رازی بێت له خۆشتنی ئیحرامپۆشدا راجوێ كه‌وتن، ئیبنوعه‌بباس ده‌یفه‌رموو بۆی هه‌یه سه‌ری بشوات، میسوه‌ره ده‌یفه‌رموو بۆی نییه.. ئیبنوعه‌بباس منی نارده خزمه‌تی ئه‌بو ئه‌ییوبی ئه‌نساری خوا لێی رازی بێت تا لێی بپرسم، كه چووم بینیم له نێوان دوو تاوێره به‌ردا په‌رده‌یه‌كی رایه‌ڵ كردووه و خۆی ده‌شوات له ئیحرامیشدا بوو، سڵاوم لێ‌كرد، فه‌رمووی: كێیه؟ عه‌رزم كرد: عه‌بدوڵڵای كوڕی حه‌نینم، ئیبنوعه‌بباس ناردوومیه‌ته خزمه‌تی تۆ تا لێت بپرسم كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) چۆن سه‌ری ده‌شت كه ئیحرامی پۆشیبوو؟ ئه‌بو ئه‌ییوب ده‌ستی خسته سه‌ر په‌رده‌كه و نزمی كرده‌وه تا سه‌ریم لێوه ده‌ركه‌وێت، فه‌رمووی بۆی هه‌یه ئاو به‌سه‌ریدا بكات، ئه‌و جا جامێک ئاوی كرد به‌سه‌ری خۆیدا و ده‌ستی به پاش وپێشی سه‌ریدا ده‌هێناو ده‌برد، فه‌رمووی «هَكَذَا رَأَيْتُ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَفْعَلُ»؛ «پێغه‌مبه‌ری خوام (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) بینی ئه‌ئاوای ده‌كرد. [1]
ب- ئیبنوعه‌بباس خوا لێیان رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «قَالَ لِي عُمَرُ تَعَالَ أُمَاقِلُكَ فِي الْمَاءِ أَيُّنَا أَطْوَلُ نَفَسًا؟ وَنَحْنُ مُحْرِمَانِ»[2]؛ «سه‌یدنا عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب خوا لێی رازی بێت پێمی فه‌رموو وه‌ره با خۆ له ئاودا نقوم بكه‌ین بزانین كاممان پشوو درێژتره، هه‌ردووكیشمان له ئیحرامدا بووین».
كه‌وابوو ئه‌وه هه‌ڵه‌تێگه‌یشتنه كه هه‌ندێ كه‌س واده‌زانێت باشتره هه‌ر گه‌رمای بێت و به ئاره‌ق و چڵكه‌وه بمێنێته‌وه وه‌ک له خۆ فێنک كردنه‌وه و خۆشتنێكی ساده!
٢- قژداهێنان:
پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) به خاتوو عائیشه‌ی خوا لێی رازی بێت فه‌رموو: «انْقُضِي رَأْسَكِ، وَامْتَشِطِي»[3]؛ «گرێ و په‌لکه‌ی قژت بکه‌ره‌وه‌و قژت داهێنه». بێگومان قژیش هه‌ر هه‌ڵده‌وه‌رێت له‌گه‌ڵ شانه‌كردنیدا یان له‌گه‌ڵ شانه‌پێداهێناندا ده‌پسێت به تایبه‌تی ئه‌و ئافره‌تانه‌ی قژیان پڕه، پێناچێت به‌ڵگه له‌سه‌ر رێلێگرتنی داهێنانی قژ هه‌بێت به به‌هانه‌ی هه‌ڵنه‌وه‌راندنی؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
٣-سه‌رو له‌ش خوراندن:
له خاتوو عائیشه‌یان خوا لێی رازی بێت پرسی كه كه‌سێک ئیحرامی پۆشیوه، سه‌ری ده‌خورێنێت؟ فه‌رمووی: «نَعَمْ فَلْيَحْكُكْهُ وَلْيَشْدُدْ»[4]؛ «به‌ڵێ با بیخورێنێت به توندی». ریوایه‌تی ئه‌بو ئه‌ییوبی ئه‌نساریش خوا لێی رازی بێت هه‌ر به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر شیاوێتی خوراندنی سه‌رو له‌ش، بۆیه ئیبنوته‌یمییه ره‌حمه‌تی خوای لێبێت ده‌فه‌رموێ: ئه‌گه‌ر له‌شی كه‌وته خوروو بۆی هه‌یه بیخورێنێت، ئه‌گه‌ر ویستی خۆی بشوات، بۆی هه‌یه، ئه‌گه‌ر مووی هه‌ڵوه‌ری كێشه نابێت.[5] ئیمامی نه‌وه‌وی ره‌حمه‌تی خوای لێبێت ده‌فه‌رموێ: وا نازانم راجوێیی له‌سه‌ر شیاوێتی سه‌رخوراندن بۆ ئیحرامپۆش هه‌بێت، به‌ڵام هه‌ندێک فه‌رموویانه به هێواشی ده‌یخورێنێت نه‌بادا قژی هه‌ڵوه‌رێت.[6]
٤- كه‌ڵه شاخ گرتن با تاشینی مووی شوێنه‌كه‌ش بخوازێت:
ئیبنو بوحه‌ینه (ابْن بُحَيْنَة)خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «احْتَجَمَ النَّبِيُّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ وَهْوَ مُحْرِمٌ بِلَحْىِ جَمَلٍ فِي وَسَطِ رَأْسِهِ»[7]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) له ئیحرامیشدا بوو له ناوچه‌ی «له‌حیی جه‌مه‌ل» له ناوه‌ڕاستی سه‌ریدا كه‌ڵه شاخی گرت».
ئیبنوته‌یمیه ده‌فه‌رموێ ئیحرامپۆش بۆی هه‌یه له‌سه‌ر و له‌شی كه‌ڵه‌شاخ بگرێت، ئه‌گه‌ر پێویستی كرد شوێنه‌كه‌ی ده‌تاشێت، چونكه ئه‌وه سه‌لمێنراوه و سه‌حیحه كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) كردوێتی (پاشان ئه‌و ریوایه‌ته‌ی ئیبنوبوحه‌ینه‌ی هێناوه‌ته‌وه).[8]
به‌ڵام سه‌یره كه جمهوری شه‌رعناسان ده‌فه‌رموون به‌و مه‌رجه كه‌ڵه شاخ گرتن جائیزه كه موو نه‌بڕێت و نه‌تاشێت! ده‌فه‌رموون ئه‌گه‌ر تاشی و گرتی ده‌بێ كه‌فاره‌تی بدات كه قوربانییه‌كه. به‌ڵام ئیبنوحه‌زم ئه‌وه‌ی ره‌ت كردۆته‌وه‌و فه‌رمووده‌كه‌ی پێشووی كردووه به به‌ڵگه‌ی بۆچوونه‌كه‌ی كه بێگومان په‌سه‌ندتره. ئینجا ده‌فه‌رموێ: ئه‌وه نه فیدیه‌ی له‌سه‌ره‌و نه غه‌رامه، ئه‌گه‌ر فه‌رز بووایه ئوممه‌ت لێی بێ ئاگا نه‌ده‌بوو، خۆ پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) مووی سه‌ری زۆر بووه.[9]
بێگومان دان هه‌ڵكێشانیش هه‌روایه مادام زه‌رووریی بێت؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
٥- بۆن كردن:
ئیبنو عه‌بباس خوا لێیان بێت ده‌یفه‌رموو: ئیحرامپۆش ده‌چێته خۆ شتن، ددانی به ئێشی ده‌رده‌هێنێت، رێحانه بۆن ده‌كات، ئه‌گه‌ر نینۆكی شكا شكاوییه‌كه‌ی لێ ده‌كاته‌وه، پیسی له خۆتان بكه‌نه‌وه، خوای گه‌وره چی له پیسیتان ده‌كات كه پێتانه‌وه بێت؟![10]
بۆن كردن به شێوه‌یه‌كی گشتی سێ شێوه‌یه:[11]
الف- كه به بێ مه‌به‌ست بۆنی به‌سه‌را دێت و ئه‌میش بۆنی ده‌كات بێگومان ئه‌مه هیچی له‌سه‌ر نییه.
ب- بۆنی ده‌كات تا بزانێت چاكه یان نا تیژه یان سووکه، ئه‌مه‌ش هیچی له‌سه‌ر نییه.
ج- بۆ چێژی خۆشی بۆنی ده‌كات؛ هه‌ندێک له شه‌رعناسان ده‌فه‌رموون ناشێت، هه‌ندێكی تر ده‌فه‌رموون كاریگه‌ری نییه چونكه نه به‌جه‌سته‌یه‌وه‌یه‌تی و نه به ئیحرامه‌كه‌یه‌وه. پێم وایه ئه‌مه‌شیان په‌سه‌ندتره؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
٦- لێكردنه‌وه‌ی نینۆكی شكاو:
ریوایه‌ته‌كه‌ی پێشوو كه له ئیبنو عه‌بباسه‌وه خوا لێیان رازی بێت هاتبوو به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر شیاوێتی لێكردنه‌وه و قرتاندنی نینۆكی شكاو، نینۆكی په‌نجه‌ی ده‌ست و پێ جیاوازیان نییه. كابرایه‌ک له سه‌عیدی كوڕی موسه‌ییبی پرسی كه نینۆكێک شكا چی لێ بكات؟ فه‌رمووی لێی كه‌ره‌وه.[12]
٧- داپۆشینی روو (بۆ پیاو):
ئه‌گه‌ر له‌به‌ر تینی گه‌رماو هه‌ڵاو بێت یان له‌به‌ر تۆز‌و غومار (غوبار) و هاوشێوه‌یان هیچی له‌سه‌ر نییه و ئیحرامپۆشی پیاو بۆی هه‌یه رووی خۆی داپۆشێت چ به لكی جامانه‌و عه‌مامه و عوتره‌كه‌ی داوێتی به‌سه‌ریدا چ به‌شتێكی تر. ئه‌مه له سه‌یدنا عوسمان و زه‌یدی كوڕی سابت و عه‌بدوڵڵای كوڕی زوبه‌یرو جابر و ئیبنوعه‌بباسه‌وه خوا لێیان رازی بێت له یاوه‌ران و كۆمه‌ڵێکی تر له پێشه‌وایانی سه‌له‌فه‌وه هاتووه، بۆچوونی ئیمامی شافیعی و سوفیانی سه‌وری[13] و قه‌ولێكی ئیمامی ئه‌حمه‌دیشه.[14]
ئیمامی ئه‌بوحه‌نیفه‌و یاوه‌رانی و ئیمامی مالیک ده‌فه‌رموون نابێت رووی داپۆشێت. ئه‌مه‌ش ریوایه‌ته‌و له ئیبنوعومه‌ره‌وه خوا لێیان رازی بێت هاتووه، به‌ڵگه‌شیان ئه‌وه‌یه كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ده‌رباره‌ی سه‌رو روو داپۆشینی ئه‌و یاوه‌ره‌ی كه وڵاخه‌كه‌ی له‌قه‌ی لێدابوو و كوشتبووی بۆ كفن كردنه‌كه‌ی فه‌رمووی: «لا تُخَمِّرُوا رَأْسَهُ»[15]؛ «سه‌ری دامه‌پۆشن»، له ریوایه‌تێكی تری‌دا ده‌فه‌رموێ: «لا تُخَمِّرُوا وَجْهَهُ»؛ «رووی دامه‌پۆشن». ئیبنو حه‌زم ده‌فه‌رموێ: ئیحرامپۆشی مردوو رووی داناپۆشرێت، به‌ڵام ئیحرامپۆشی زیندوو بۆی هه‌یه دایپۆشێت.
٨- رووداپۆشینی كاتیی ئافره‌تی ئیحرامپۆش:[16]
وتمان كه جمهوری شه‌رعناسان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ن كه ئافره‌تی ئیحرامپۆش رووی داناپۆشێت و ده‌سكێشیش له ده‌ست ناكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بینی پیاو ته‌ماشای ده‌كه‌ن یان به لای كۆمه‌ڵێک پیاودا تێپه‌ڕی یان ئه‌وان به‌لای ئه‌مدا تێپه‌ڕی په‌سه‌ندتره به لكێكی سه‌رپۆشه‌كه‌ی رووی داپۆشێت تا تێده‌په‌ڕن چونكه ئه‌مه په‌چه (نیقاب) كردن و رووداپۆشینی نییه. خاتوو عائیشه خوا لێی رازی بێت ده‌فه‌رموێ: «كَانَ الرُّكْبَانُ يَمُرُّونَ بِنَا وَنَحْنُ مَعَ رَسُولِ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ مُحْرِمَاتٌ، فَإِذَا حَاذَوْا بِنَا سَدَلَتْ إِحْدَانَا جِلْبَابَهَا مِنْ رَأْسِهَا عَلَى وَجْهِهَا، فَإِذَا جَاوَزُونَا كَشَفْنَاهُ»[17]؛ «كه له ئیحرامدا بووین له خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوادا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) سوار به لاماندا تێده‌په‌ڕین، ئێمه‌ش سه‌رپۆشه‌كانمان ده‌هێنایه خواره‌وه بۆ سه‌ر روومان تا تێده‌په‌ڕین، ئیتر له‌سه‌ر روومان لامان ده‌برده‌وه». خاتوو ئه‌سمائی كچی سه‌یدنا ئه‌بوبه‌كریش (خوشكی خاتوو عائیشه و ژنی سه‌یدنا زوبه‌یری كوڕی عه‌ووام خوا لێیان رازی بێت) ده‌فه‌رموێ: پێش ئیحرام قژمان شانه ده‌كرد و ده‌م و چاویشمان له پیاوان داده‌پۆشی.[18]
٩- پۆشینی ره‌نگی جۆراوجۆر بۆ ئافره‌ت:
ئافره‌ت بۆی هه‌یه هه‌موو ره‌نگێک بپۆشێت؛ قاسمی كوڕی موحه‌ممه‌دی كوڕی سه‌یدنا ئه‌بوبه‌كر خوا لێیان رازی بێت له باسی پووره عائیشه خانی‌دا خوا لێی رازی بێت ده‌فه‌رموێ: خاتوو عائیشه له ئیحرامدا بوو، پۆشاكی زه‌ردكراوی ده‌پۆشی. [19]
یه‌زیدولفه‌قیر ره‌حمه‌تی خوای لێبێت ده‌فه‌رموێ: له خزمه‌تی خاتوو ئوممه سه‌له‌مه‌ی ژنی پێغه‌مبه‌ری خوادا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) چوومه حه‌ج، هه‌ندێک له‌و ئافره‌تانه‌ی له خزمه‌تیدا بوون پۆشاكی زه‌ردكراویان پۆشیبوو.[20] عه‌تاء له باسی ته‌واف كردنی خاتوو عائیشه‌دا خوا لێی رازی بێت كه له‌گه‌ڵ پیاواندا بوو ده‌یفه‌رموو ئێله‌گێكی (درع) گوڵگوڵی له به‌ردا بوو.[21]
كه‌وابوو مه‌رج نییه ئافره‌تی موسوڵمان سوور بێت له‌سه‌ر پۆشینی سپی وه‌كو هه‌ندێک واده‌زانن سوننه‌ته بۆی پۆشاكی ئاسایی خۆی شیاوه مادام مه‌رجه‌كانی شه‌رعێتی پۆشاكی ئیسلامی تێدابێت هه‌رچه‌نده ئێستا پۆشاكی سه‌ره‌وه‌ی ئافره‌تانه له حه‌ج زۆره‌و ئاسان ده‌ست ده‌كه‌وێت له باڵا پۆشی سووک و ته‌نک و ره‌شی عه‌ره‌بی خلیجی بۆ كراسی ئاودامێنی میسریی بۆ جله‌نوێژی مالیزیی كه هه‌موویان وه‌كو كراسی كوردی كۆن شیاو و جوانن؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
١٠- له پێكردنی شه‌ڕواڵ و خوفف بۆ ئافره‌ت:
كه ده‌ڵێین شه‌ڕواڵ مه‌به‌ستمان هه‌ر شه‌ڕواڵی پیاوانه‌ی كورد نییه، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌و پۆشاكانه‌یه كه ده‌كرێته به‌ر نیوه‌ی خواره‌وه‌ی به‌ده‌ن و دوولینگی هه‌یه، وه‌كو شه‌ڕواڵ و بیجامه و تراكسوت و سترێج و پانتۆڵ و شانتۆڵ و ... . هه‌موو ئه‌مانه بۆ ئافره‌تی ئیحرامپۆش (حاجی و عومره‌وان) جائیزه. که‌وابوو پۆشاكی دوورراو له پیاوی ئیحرامپۆش قه‌ده‌غه‌یه نه‌ک له ئافره‌تی ئیحرامپۆش.[22] به‌ڵام ئافره‌ت بۆی نییه په‌چه (نیقاب: رووبه‌ند) بپۆشێت یان ده‌سكێش له ده‌ست بكات. هه‌روه‌ها بۆی هه‌یه خوفف له‌پێ كات (كه وه‌كو گۆره‌وییه و چه‌رمه)، فه‌رزیش نییه له‌سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی خوففه‌كه تا قوله‌پێی ببڕێت. ئیبنو عومه‌ر خوا لێیان رازی بێت ده‌یفه‌رموو: ئافره‌تی ئیحرامپۆش بۆی هه‌یه شه‌ڕواڵ و خوفف له پێ بكات.[23]
سالم له باوكیه‌وه خوا لێیان رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه كه باوكی وا فه‌توای بۆ ئافره‌تان ده‌دا كه له حه‌ج و عومره‌دا خوففه‌كانیان له سه‌ره‌وه تا قوله‌پێ ببڕن (تا وه‌كو پێڵاوی لێبێت)، تا ئه‌و كاته‌ی خاتوو سه‌فییه پێی فه‌رموو كه خاتوو عائیشه فه‌توای بۆ ئافره‌تان ده‌دا كه خوفف له پێ بكه‌ن و لێشی نه‌بڕن ئیتر ئه‌میش فه‌تواكه‌ی وا راست كرده‌وه.[24]
١١- خشڵ پۆشین بۆ ئافره‌ت:
خشڵ هه‌موو كانزایه‌كی نه‌خشێنراوه كه ئافره‌ت به‌كاری ده‌هێنێت وه‌كو گواره و گه‌ردانه و مستیله و بازنگ و پاوانه‌و هیتر له زێڕ بن یان له زیو، ئه‌ڵماس بن یان هیتر، هه‌روه‌ها كه‌ره‌سته به‌نرخه‌كانی تری وه‌كو دایمۆند و پیرۆزه‌و مرواری و ... . ئافره‌تی ئیحرامپۆش (له حه‌جدایه یان عومره) بۆی هه‌یه بیانپۆشێت مادام هه‌یه‌تی و بۆ خۆهه‌ڵكێشانی نییه، ئه‌مانه له ئه‌سڵدا ئافره‌ت بۆ جوانی ده‌یانپۆشێت، چونكه جائیزه خۆی جوان كات لای مه‌حره‌مه‌كانی. سه‌فییه‌ی كچی شه‌یبه ده‌گێڕێته‌وه كه ئافره‌تێک عه‌رزی خاتوو عائیشه‌ی خوا لێی رازی بێت كرد كه فڵان كه‌سی كچی سوێندی خواردووه خشڵه‌كانی له‌كاتی حه‌جكردندا نه‌پۆشێت. خاتوو عائیشه فه‌رمووی پێی بڵێ: دایكی موسوڵمانان (مه‌به‌ستی خۆیه‌تی چونكه خێزانی پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) دایكی موسوڵمانانه) سوێندت ده‌دات كه هه‌ر هه‌موو خشڵه‌كانت بپۆشه.[25]
هه‌روه‌ها نافیع ده‌گێڕێته‌وه كه ژن و كچه‌كانی عه‌بدوڵڵای كوڕی سه‌یدنا عومه‌ر خوا لێیان رازی بێت له ئیحرامیشدا بوون و هه‌موویان خشڵیان پۆشیبوو.[26] مالیكی كوڕی میغوه‌ل ده‌فه‌رموێ: له ئیبنولئه‌سوه‌دم پرسی ئایا ئافره‌تی ئیحرامپۆش خشڵ ده‌پۆشێت؟ فه‌رمووی هه‌رچییه‌كی پێش حه‌ج و عومره ده‌پۆشی بۆی هه‌یه له حه‌ج و عومره‌شدا بیانپۆشێت.[27]
ریوایه‌تێک له عه‌تائه‌وه هاتووه كه ده‌یفه‌رموو هه‌ر خشڵێک ئافره‌تێكی به‌تایبه‌ت ناودار كردبێت له ناو ئافره‌تاندا، بۆی نییه له حه‌ج و عومره‌دا بیپۆشێت.[28] دیاره له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بووه كه ئه‌م جۆره‌یان مایه‌ی شانازی و خۆپێوه‌بادانه. له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئه‌و خشڵه گرانبه‌ها تایبه‌ته‌ی وه‌كو تاجه یان خه‌ڵاتێكی زێڕینی پێشبڕكێیه‌كه‌و تایبه‌ت به كه‌سێکه، ئه‌میان نه‌پۆشێت په‌سه‌ندتره تا نه‌بێته مایه‌ی شانازی كردنی له حه‌ج كه ره‌فتارێكی جاهیلییه؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
١٢- ده‌ست له خه‌نه گرتن:
شافیعییه‌كان و حه‌نبه‌لییه‌كان ده‌فه‌رموون ئافره‌تی ئیحرامپۆش بۆی هه‌یه خه‌نه بگرێته ده‌ستی با بۆ جوانیش بێت چونكه بۆنی نییه؛ به‌ڵگه‌یه‌كیش له‌به‌رده‌ستدا نییه كه رێ له به‌كارهێنانی بگرێت. به‌ڵام حه‌نه‌فییه‌كان و مالیكییه‌كان ده‌فه‌رموون ئیحرامپۆش پیاو بێت یان ئافره‌ت بۆی نییه خه‌نه له ده‌ست و پێ بگرێت چونكه مایه‌ی جوانی و خۆڕازاندنه‌وه‌یه.
پێم وایه بۆچوونی حه‌نه‌فی و مالیكییه‌كان په‌سه‌ندتر بێت، به‌تایبه‌تی خه‌نه‌دان له ده‌ست له‌م سه‌رده‌مه‌دا بۆ ژنان هه‌ر تێهه‌ڵسوونی خه‌نه‌كه نییه، به‌ڵكو ورده‌كارییه‌كی زۆری نه‌خشاندنی جوانه‌و سه‌رنج‌ڕاكێشه؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
١٣- چاوڕشتن:
به‌كارهێنانی كل بۆ چاوڕشتن له کاتی ئیحرامپۆشیدا وا دیاره دوو مه‌رجی هه‌بێت:
الف- بۆ چاره‌سه‌ری چاوئێشه یان خورانی بنجی مووه‌كان بێت.
ب- بۆندار نه‌بێت.
جگه له‌م دووه پێناچێت چاوڕشتنی ئیحرامپۆش (ئافره‌ت و پیاو) به كل جائیز بێت. له‌م سه‌رده‌مه‌شدا ده‌رمانی چاو جێی كله‌كه ده‌گرێته‌وه. جا ئه‌گه‌ر رێ به چاوڕشتن درا (بۆ جوانی) ده‌شێت سه‌ر بكێشێت بۆ به‌كارهێنانی ماسكارا و كه‌ره‌سته‌كانی مكیاج! رێگرتنیش له‌مه له كاتی حه‌ج و عومره‌دا پێم وایه زه‌رووره؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ. ئیمامی نه‌وه‌وی ده‌فه‌رموێ: شه‌رعناسان رایان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆیه كه ده‌شێت كل بۆ چاوئێشه به‌كار بهێنێت به مه‌رجێک بۆندار نه‌بێت.[29] هه‌روه‌ها شومه‌یسه خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: له ئیحرامدا بووم و چاوم ده‌ئێشا پرسیارم له خاتوو عائیشه‌ی دایكی موسوڵمانان كرد خوا ڵیی رازی بێت بۆ به‌كارهێنانی كل، فه‌رمووی هه‌ر جۆره كلێكی بۆ به‌كار بهێنیت ده‌شێت جگه له «الاثمد» كه بۆنداره، حه‌رام نییه كل به‌كار بێت به‌ڵام كل مایه‌ی جوانكارییه و ئێمه‌ش له ئیحرامدا نامانه‌وێت به‌كاری بهینین. ئه‌گه‌ر ده‌ڵێيت با به سه‌بر (رووه‌كێكی كوتراوه به‌ڵام تاڵ و تیژه) چاوت بڕێژم، منیش رازی نه‌بووم.[30]
ئیبنو عومه‌ر خوا لێیان رازی بێت ده‌یفه‌رموو چاوڕشتن بۆ ئيحرامپۆش جائیزه، مادام كلێک بێت که بۆندار نییه.[31] له سه‌حیحی موسلیمیشدا هاتووه كه عومه‌ری كوڕی عوبه‌یدوڵڵا خوا لێی رازی بێت له ئیحرامدا بوو چاوی ژانی ده‌كرد، ویستی بیڕێژێت به كل به‌ڵام ئه‌بانی كوڕی سه‌یدنا عوسمان خوا لێیان رازی بێت نه‌یهێشت، فه‌رمووی به سه‌بر بيڕێژه، پاشان ئه‌بان فه‌رمووی كه سه‌یدنا عوسمان فه‌رموویه‌تی: «أَنَّ النَّبِيَّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَعَلَ ذَلِكَ»[32]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) وای كردووه».
له ریوایه‌ته‌كه‌ی جابریشدا خوا لێی رازی بێت ده‌رباره‌ی سه‌یدنا عه‌لی و خاتوو فاتیمه خوا لێیان رازی بێت گێڕایه‌وه كه: «وَقَدِمَ عَلِيٌّ مِنَ الْيَمَنِ بِبُدْنِ النَّبِيِّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ، فَوَجَدَ فَاطِمَةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهَا مِمَّنْ حَلَّ وَلَبِسَتْ ثِيَابًا صَبِيغًا وَاكْتَحَلَتْ، فَأَنْكَرَ ذَلِكَ عَلَيْهَا فَقَالَتْ: إِنَّ أَبِي أَمَرَنِي بِهَذَا»[33]؛ «سه‌یدنا عه‌لی خوا لێی رازی بێت حوشترو ئاژه‌ڵی قوربانیی له یه‌مه‌نه‌وه بۆ پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) هێنا، یبنی وا خاتوو فاتیمه خوا لێی رازی بێت ئیحرامی كردۆته‌وه‌و پۆشاكی ره‌نگكراوی پۆشیوه و چاوی به كل رشتووه. به‌رهه‌ڵستی لێ‌كرد و لۆمه‌ی كرد كه بۆچی وای كردووه. فه‌رمووی باوكم (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمانی پێداوم وا بکه‌م. ئیبنو قودامه ره‌حمه‌تی خوای لێبێت ده‌فه‌رموێ: دیاره چاوڕشتن له كاتی حه‌ج و عومره‌ی ئافره‌تدا رێپێدراو نه‌بووه بۆیه سه‌یدنا عه‌لی خوا لێی رازی بێت به‌رهه‌ڵستی له خاتوو فاتیمه كرد خوا لێی رازی بێت.[34]
١٤- چوونه به‌ر سێبه‌ر:
سێبه‌ری چادرو خێوه‌ت بێت یان سه‌یاره و سه‌قف و له‌وح یان هه‌ڵگرتنی چه‌تر و هاوشێوه‌یان هه‌مووی بۆ ئیحرامپۆش جائیزه؛ ئوممولحوسه‌ین (أُمّ الْحُصَيْن) خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «حَجَجْتُ مَعَ رَسُولِ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ حَجَّةَ الْوَدَاعِ فَرَأَيْتُ أُسَامَةَ وَبِلاَلاً وَأَحَدُهُمَا آخِذٌ بِخِطَامِ نَاقَةِ النَّبِيِّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ وَالآخَرُ رَافِعٌ ثَوْبَهُ يَسْتُرُهُ مِنَ الْحَرِّ حَتَّى رَمَى جَمْرَةَ الْعَقَبَةِ»[35]؛ «له خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوادا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) حه‌جم كرد، ئوسامه‌ی كوڕی زه‌ید و بیلالی حه‌به‌شیم بینی له خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ردا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) یه‌كیان جڵه‌وی حوشتره‌كه‌ی بۆ گرتبوو ئه‌وی تریشیان به پۆشاكه‌كه‌ی خۆی سێبه‌ری بۆ كردبوو هه‌ر ئاوا بوون تا جه‌مره‌ی عه‌قه‌به‌ی ره‌جم کرد».
كه‌وابوو باشتر نییه خه‌ڵكێک به سه‌ری رووته‌وه‌و بێ سێبه‌ر له‌و گه‌رما به‌تینه مه‌راسیمه‌كانی حه‌ج بكات و بڵێ یادی ناڕه‌حه‌تی یاوه‌ران ده‌كه‌مه‌وه! ئیقتیدا كردن به پێغه‌مبه‌ری پێشه‌واو و خۆشه‌ویستمان (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) له هه‌موو ره‌فتارێک چاكتره.
١٥- قایش به‌ستن:
ئه‌وانه‌ی رانه‌هاتوون له‌سه‌ر په‌شته‌ماڵ به‌ستن و زووزوو په‌شته‌ماڵه‌كه‌یان توند ده‌كه‌نه‌وه، باشتر وایه به په‌تێک وه‌كوه به‌نه‌خوێن (دۆخین) یان به قایشێک بیبه‌ستن، با قایشه‌كه‌ش دووراو بێت و ئاغزونه‌ی هه‌بێت، ئه‌مه كاریگه‌ریی نییه؛ ده‌شێت كه‌مه‌ربه‌ندێک ببه‌ستێت كه رۆڵی قایشه‌كه‌شی بۆ ده‌بینێت و جزدانیشه ده‌توانێت سه‌عات و ده‌رمان و شته گرنگه‌كانی خۆی تێكات. وتیشمان هه‌ڵگرتنی سه‌عات و عه‌ینه‌ک و تاقمی دان و مستیله و مۆبایل و هاوشێوه‌شیان جائیزه؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ. چونكه چه‌ند ئاسه‌وارێک له یاوه‌رانه‌وه هاتووه که ئێمه ده‌توانین ئه‌م حوکمه‌ی لێوه وه‌ربگرین. بۆ نموونه له خاتوو عائیشه‌یان خوا لێی رازی بێت ده‌رباره‌ی هه‌ميان[36] پرسی بۆ ئیحرامپۆش؟ فه‌رمووی: «وَمَا بأسٌ لِيَسْتَوثِق مِن نَفَقَتِه»[37]؛ «قه‌یدی چییه؟ تا دڵنیا بێت له هه‌ڵگرتنی پاره‌و سامانه‌که‌ی». عه‌تائیش ده‌یفه‌رموو: ئیحرامپۆش بۆی هه‌یه مستیله‌و هه‌میان بپۆشێت.[38]
شێخی ئه‌لبانی ره‌حمه‌تی خوای لێبێت ده‌فه‌رموێ: شاراوه نییه كه پۆشینی سه‌عات و عه‌ینه‌كیش له حوكمی له ده‌ستكردنی مستیله‌و قایش به‌ستن دایه كه كه‌مه‌ربه‌ند بووه به تایبه‌تی كه رێلێگرتنی له‌سه‌ر نه‌هاتووه؛ «وَمَا كَانَ رَبُّكَ نَسِيًّا» [مریم: ٦٤]؛ «خوای په‌روه‌ردگارت بیرچۆوه نییه».
[1]. بوخاری: ١٨٤٠؛ موسليم: ١٢٠٥.
[2]. به‌یهه‌قی: ٥/٦٣؛ سه‌نده‌كه‌ی سه‌حیحه (صحیح فقه السنة: ٢/٢١٢).
[3]. بوخاری: ٣١٦؛ موسليم: ١٢١١.
[4]. ئیمام ماليک، الموطأ: ٨٠٣؛ سه‌حيحه (صحيح فقه السنة: ٢/٢٠١٢).
[5]. الفتاوی الكبری: ٢/٣٦٨.
[7]. بوخاری: ١٨٣٦؛ موسليم: ١٢٠٣.
[8]. مجموع الفتاوى: ٢٦/١١٦.
[10]. به‌يهه‌قی: ٥/٦٢؛ سه‌حيحه (صحيح فقه السنة: ٢/٢١٣).
[11]. الشرح الممتع: ٣/١٩٨.
[12]. الموطأ: ٨٠٥؛ سه‌حيحه (صحيح فقه السنة: ٢/٢١٤).
[13]. المحلى: ٧/٩١؛ المجموع: ٧/٢٨٠.
[15]. متفق علیه؛ زیاده‌كه‌شی لای موسلیمه. ئیمامی ئیبنو حه‌جه‌ریش له فتح الباري (٤/٤٧) دوای توێژینه‌وه ده‌فه‌رموێ: سه‌حیحه، هه‌روه‌ها ئه‌لبانی له (إروا‌ء الغلیل: ٤/٢٠٠)دا.
[16]. المحلى: ٧/٩١؛ المغني: ٣/٣٢٥.
[17]. ئه‌بو داوود: ١٨٣٣ به سه‌ندێكی زه‌عیف؛ ئه‌حمه‌د: ٦/٣٠؛ به كۆی رێگاكانی ده‌چێته ئاستی حه‌سه‌ن (صحیح فقه السنة: ٢/٢١٥).
[18]. المستدرك: ١/٤٥٤؛ سه‌حيحه.
[19]. فتح الباري: ٢/٤٠٥؛ سه‌حيحه.
[20]. ابن أبي شیبة، المصنف؛ سه‌حیحه (صحیح فقه السنة: ٢/٢١٥).
[22]. الأم: ٢/١٢٦؛ المغني: ٣/٣٢٨؛ مجموع الفتاوى» ٢٦/١١٢؛ فتح الباري: ٣/٤٠٦؛ جامع أحكام النساء: ٢/٤٩٠.
[23]. ابن أبي شیبة، المصنف: ٤/٩٢؛ سه‌حيحه (صحيح فقه السنة: ٢/٢١٦).
[24]. ئه‌بو داوود: ١٨٣١ به مه‌وقووفی؛ به‌يهه‌قی: ٥/٥٢؛ سه‌حيحه.
[25]. به‌يهه‌قی: ٥/٥٢؛ ئيبنو ئه‌بی شه‌يبه: ١/٤/٣١٩؛ سه‌حيحه.
[26]. ئيبنو ئه‌بی شه‌يبه: ١/٣٢٠؛ سه‌حيحه.
[28]. المجموع: ٧/٢١٩؛ جامع أحكام النساء: ٢/٤٩٧.
[29]. شرح مسلم: ٣/٢٩٢؛ ئيمامی ماليک، المدونة: ١/٣٤٢؛ ئيمامی شافيعی، الأم: ٢/١٢٩.
[31]. ئيبنو ئه‌بی شه‌يبه: ١/٤/٤٢٤؛ سه‌حيحه (صحيح فقه السنة: ٢/٢١٧).
[33]. موسليم: ١٢١٨؛ ئه‌بو داوود: ١٩٠٥؛ ئيبنو ماجه: ٣٠٧٤؛ دارمی: ١٨٥٠ وه‌ی تر.
[35]. موسليم: ١٢٩٨؛ ئه‌بوداوود: ١٨٣٤؛ ئه‌حمه‌د: ٢٥٩٩٨؛ به‌يهه‌قی: ٥/٦٩.
[36]. که‌مه‌ربه‌ندێکه بۆ هه‌ڵگرتنی پاره.
[37]. ئه‌لبانی، حجة النبي صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: ٣٠