خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: «يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُواْ لاَ تَقْتُلُواْ الصَّيْدَ وَأَنتُمْ حُرُمٌ وَمَن قَتَلَهُ مِنكُم مُّتَعَمِّدًا فَجَزَاء مِّثْلُ مَا قَتَلَ مِنَ النَّعَمِ يَحْكُمُ بِهِ ذَوَا عَدْلٍ مِّنكُمْ هَدْيًا بَالِغَ الْكَعْبَةِ أَوْ كَفَّارَةٌ طَعَامُ مَسَاكِينَ أَو عَدْلُ ذَلِكَ صِيَامًا لِّيَذُوقَ وَبَالَ أَمْرِهِ عَفَا اللَّهُ عَمَّا سَلَف وَمَنْ عَادَ فَيَنتَقِمُ اللَّهُ مِنْهُ وَاللَّهُ عَزِيزٌ ذُو انتِقَامٍ» [المائدة: ٩٥]؛ «ئه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه له‌و كاتانه‌دا كه ئیحرامتان به‌ستووه راو مه‌كه‌ن، هه‌ر كه‌سێكتان له‌و حاڵه‌ته‌تاندا نێچیرێک راو بكات سزاكه‌ی ئه‌وه‌یه گیاندارێكی وه‌كو نێچیره‌كه بكات به خێروخۆراكی هه‌ژاران. (ئه‌گه‌ر زۆر لێكچووتان ده‌ست نه‌كه‌وت) با دوو كه‌سی دیندار و جێمتمانه‌ی ناوخۆتان بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ن (كه چ گیانله‌به‌رێكی تر ده‌كه‌وێته بری خێری نێچیره‌كه). با سه‌ربڕین و به‌خشینه‌وه‌كه‌شی له ماڵی خوادا بێت له كه‌عبه. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی نه‌كرد با كه‌فاره‌ته‌كه‌ی بدات كه خۆراكدانی شه‌ست هه‌ژارو ده‌ستكورته یان ده‌بێت به‌ڕۆژوو بێت تا هه‌ست به هه‌ڵه‌ی خۆی بكات. خوای گه‌وره له‌وه خۆش بوو كه رابورد به‌ڵام دووباره‌ی مه‌كه‌نه‌وه، چونكه دووباره كردنه‌وه‌ی هێنانه‌وه‌ی یاسا‌و رێسای جاهیلییه‌تی پێشووه و خوای گه‌وره‌ش قبوڵ ناكات. هه‌ر كه‌سێک ئه‌و یاسا‌و نه‌ریته جاهیلییه زیندوو بكاته‌وه خوای گه‌وره تۆڵه‌ی لێ ده‌كاته‌وه خوای گه‌وره به ده‌سه‌ڵاته‌و تۆڵه‌ش ده‌ستێنێته‌وه».
كه‌وابوو ئه‌و كه‌سه‌ی ئیحرامپۆش بوو و نێچیرێكی كێویی راو كردووه سه‌رپشكه له‌وه‌ی كام له سزاكان ده‌گرێته خۆ، چونكه پیتی « أَوْ» له ئایه‌ته‌كه‌دا بۆ سه‌رپشک كردن و سه‌ربه‌ستیدانێتی. جۆری سزای ئاژه‌ڵ سه‌ربڕینه‌كه‌و كردنی به خێر به‌م شێوه‌یه‌یه:
١- هه‌ر جۆرێكی له ئاژه‌ڵی كێویی كوشتبێت، ده‌بێت ئاژه‌ڵێكی توخمی ئه‌و یان لێكچووی ئه‌و له گیانله‌به‌ره ماڵییه‌كان بكات به خێر؛ بۆ نمونه كه‌متیارێكی كوشتووه، ده‌بێت به‌رخێک بكات به خێر، ئاسكێكی كوشتووه ده‌بێت بزنێک بكات به خێر، نه‌عامه‌یه‌كی كوشتووه ده‌بێ حوشترێک بكات به‌خێر. چونكه گرنگ لێره‌دا لێکچوونه نه‌ک گرانی و هه‌رزانی ئه‌میان یان ئه‌ویان. سه‌ربڕینه‌كه كاتی چه‌سپاویی نییه، مه‌رج نییه هه‌ر له‌و چوار رۆژه‌ی قوربانیكردنه‌كه‌ی حه‌جدابێت.
جابری کوڕی عه‌بدوڵڵا خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «سَأَلْتُ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ عَنِ الضَّبُعِ فَقَالَ هُوَ صَيْدٌ وَيُجْعَلُ فِيهِ كَبْشٌ إِذَا صَادَهُ الْمُحْرِمُ»[1]؛ «پرسیارێكم ده‌رباره‌ی كه‌متیار عه‌رزی پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) كرد، فه‌رمووی: نێچیر حسێبه، ئه‌گه‌ر ئیحرامپۆش راوی بكات له به‌رامبه‌ریدا به‌رخێک بكاته خێر».
هه‌ر جابر خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه كه «أَنَّ عُمَرَ بْنَ الْخَطَّابِ قَضَى فِي الضَّبُعِ بِكَبْشٍ وَفِي الْغَزَالِ بِعَنْزٍ وَفِي الأَرْنَبِ بِعَنَاقٍ وَفِي الْيَرْبُوعِ بِجَفْرَةٍ»[2]؛ «سه‌یدنا عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب خوا لێی رازی بێت حوكمی وادابوو كه هه‌ر كه‌سێک كه‌متیارێک بكوژێت ده‌بێ به‌رخێک بكات به خێر، ئه‌وی ئاسكێک ده‌كوژێت بزنێک ده‌كات به خێر، ئه‌وی كه‌روێشكێک راو ده‌كات، ده‌بێ كاریله‌یه‌ک بكات به‌خێر (له‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان نه‌گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی ببرێته‌وه ده‌شت و دۆڵ بۆ له‌وه‌ڕین)، ئه‌گه‌ر جرجێكی كوشت (مشكی گه‌وره‌ی بیابان وده‌شت) ده‌بێ كاریله‌یه‌كی چوار مانگانه بكاته خێر». یاوه‌ران و تابیعین ده‌یانفه‌رموو:[3] هه‌ر كه‌سێک نه‌عامه‌یه‌كی كوشت ده‌بێت حوشترێک بكات به خێر؛ ئه‌مه بۆچوونی ئیمامی مالیک و ئیمامی شافیعیشه. ئیبنو حه‌زم ده‌فه‌رموێ: هیچ شتێک وه‌كو نه‌عامه نییه جگه له حوشتر له گه‌ردنی درێژ‌و شێوه‌و دیمه‌نیدا.
هه‌روه‌ها راوكردنی كه‌ری وه‌حشی و حوشترو گاكێویی، كه‌فاره‌ته‌كه‌ی مانگایه‌كه كه ده‌یكاته خێر وخێرات. سه‌یدنا عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب[4] و ئیبنو عه‌بباس خوا لێیان رازی بێت[5] له داوه‌ریی خۆیاندا ئه‌و كه‌سه‌ی كه كۆترێكی راو كردبێت به‌رخێكیان پێكردووه به خێر.
ئیحرامپۆش ئه‌گه‌ر له‌م سه‌رده‌مه‌دا گیانله‌به‌رێک بكوژێت كه حوكمی یاوه‌ران و پێشه‌وایانی تێدا نه‌هاتبێت، بۆ نموونه كه‌نگه‌ر و تاووس و هاوشێوه‌یان، ئه‌و كاته ده‌بێت دوو موسوڵمانی جێمتمانه و شاره‌زا گیانله‌به‌ری به‌رامبه‌ریان ته‌قدیر بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ده‌ست نه‌كه‌وت نرخی كه‌نگه‌ره‌كه چه‌ند بێت، خۆراكی پێ ده‌كڕرێت و به خۆراكی (نه‌ک به پاره) به‌سه‌ر هه‌ژارو نه‌داراندا ده‌به‌خشرێته‌وه.
٢- ئه‌گه‌ر ئیحرامپۆشێک نێچیرێكی راو كرد به‌ڵام توانای نه‌بوو ئاژه‌ڵێكی لێكچووی نێچیره‌كه‌ی په‌یدا كات، نابێت پاره ببه‌خشێته‌وه به‌ڵكو نرخێک ته‌قدیر ده‌كرێت له به‌رامبه‌ردا و خۆراكی پێ ده‌كڕرێت و دابه‌ش ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر گه‌نم بوو هه‌ر هه‌ژاره‌و دوو چنگ، ناشێت هه‌مووی بدرێته دوو سێ هه‌ژارو نه‌دار. ئه‌گه‌ر پاره‌ی به‌خشییه‌وه، كه‌فاره‌ته‌كه‌ی له‌سه‌ر لاناچێت و هه‌ر ده‌مێنێت.[6]
٣- ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ی پێ نه‌كرا، نه سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵێكی لێكچووی نێچیره‌كه‌ی و نه خۆراكه‌كه‌ی پێ درا به هه‌ژاران و نه‌داران، ده‌بێت به‌ڕۆژوو بێت؛ رۆژووه‌كه‌ش به‌قه‌ده‌ر ژماره‌ی چنگه گه‌نمه‌كه‌یه؛ جمهوری شه‌رعناسان ده‌فه‌رموون نرخی نێچیره‌كه به گه‌نم كردوێتیه چه‌ند چنگ، ده‌بێ ئه‌وه‌نده به‌ڕۆژوو بێت. ئیبنو عوسه‌یمین ره‌حمه‌تی خوای لێبێت نموونه‌یه‌كی له‌سه‌ر ئه‌مه هێناوه‌ته‌وه كه زۆر شتی ئێره روون ده‌كاته‌وه؛ ده‌فه‌رموێ: كابرایه‌كی ئیحرامپۆش كۆترێكی كوشتبێت (راوی كردبێت) پێی ده‌ڵێن تۆ سه‌رپشكیت له‌وه‌ی كام له‌م كه‌فاره‌تانه هه‌ڵ‌ده‌بژێریت:
- به‌رخێك سه‌ربڕه و گۆشته‌كه‌ی بكه به خێر‌و به‌شی كه به‌سه‌ر خه‌ڵكی هه‌ژاراندا (له حه‌ره‌می كه‌عبه).
- یان بزانه نرخی به‌رخه‌كه چه‌نده، به‌و بڕه پاره خۆراک بکڕه دابه‌شی که به‌سه‌ر هه‌ژاراندا. ئه‌گه‌ر وتمان به‌رخه‌كه به ٢٠٠ ریاڵه ئه‌وه به‌قه‌ده‌ر ئه‌م بڕه پاره‌یه خۆراک ده‌داته هه‌ژاران.
- ئه‌گه‌ر نه‌شیتوانی خۆراک بکڕێت ئه‌وه حسێبی ده‌که‌ین ٢٠٠ ریاڵه‌که ده‌کاته چه‌ند چنگ خۆراک، به‌قه‌ده‌ر ژماره‌ی چنگه‌کان به‌ڕۆژوو ده‌بێت؛ بۆ نموونه ده‌ڵێین ساعێک خۆراک که چوار چنگه (مودد) به یه‌ک ریاڵه، واته ٢٠٠ ریاڵ ده‌کاته ٨٠٠ چنگ خۆراک، ئه‌وه ده‌بێت هه‌شتسه‌د رۆژ به‌ڕۆژوو بێت! ئه‌و كاته چونكه رۆژووه‌كه‌ی قورسه دێته‌وه بۆ كڕینی به‌رخه‌كه.[7]
خێر كردن و ڕۆژوو گرتنه‌كه مه‌رج نییه له كه‌عبه‌و مه‌ككه بێت، له هه‌ر شوێنێک و هه‌ر كاتێكیدا بێت جائیزه.[8]
راوکردنی به‌کۆمه‌ڵ:
ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵێک نێچیره‌كه‌یان راو كرد ئه‌وه هه‌ریه‌ک سزایان ده‌كه‌وێته سه‌ر، واته به هه‌موویان یان یه‌كێكیان له‌جیاتی هه‌موویان گیانله‌به‌رێک ده‌كه‌نه خێر له جێی نێچیره راوكراوه‌كه؛ چونكه خوای گه‌وره سزاكه‌ی به‌رامبه‌ر جۆری راوه‌كه دیاری كردووه كه ده‌فه‌رموێ: «فَجَزَاء مِّثْلُ مَا قَتَلَ مِنَ النَّعَمِ» [المائدة: ٩٥]؛ «سزای نێچیر راو كردنه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه گیانله‌به‌رێكی لێكچووی وه‌كو نێچیره‌كه بكات به خێر». عه‌مماری كوڕی ئه‌بوعه‌ممار ده‌گێڕێته‌وه كه كۆمه‌ڵێک مه‌والی (خزمه‌تكاری) عه‌بدوڵڵای كوڕی زوبه‌یر خوا لێیان رازی بێت له ئیحرامدا بوون و كه‌متیارێكیان كوشتبوو، پرسیاریان له ئیبنوعومه‌ر خوا لێیان رازی بێت كرد، فه‌رمووی به‌رخێک سه‌ربڕن. عه‌رزیان كرد هه‌ر یه‌كه‌مان به‌رخێک؟ فه‌رمووی: نا به هه‌مووتان به‌رخێک.[9] ئه‌وه له سه‌ره‌تای حوكمی عه‌بدوڵڵای كوڕی زوبه‌یردا بوو (٧ساڵ خه‌لیفه بوو له به‌رامبه‌ر خیلافه‌تی ئه‌مه‌ویدا)، كه‌س له‌یاوه‌رانی ئه‌و سه‌رده‌مه پێچه‌وانه رایان به‌رامبه‌ر بۆچوونه‌كه‌ی ئیبنوعومه‌ر نه‌بوو. ئه‌مه بۆچوونی ئیمامی شافیعی و كۆمه‌ڵێک شه‌رعناسانی سه‌له‌فیشه.
ئه‌مما ئه‌گه‌ر به‌رخه‌كه‌یان نه‌كرده خێر، ده‌بێت هه‌ر یه‌كه‌یان رۆژووی خۆی بگرێت كه له سه‌ریانه، چونكه ناشێت به هه‌مووان ماوه‌یه‌ک به‌ڕۆژوو بن؛ رۆژوو هاوبه‌شكارێتی تێدا نییه.
پێش که‌فاره‌تدان نێچیرێکی تر راو بکات:
ئه‌گه‌ر دیسان نێچیرێكی تری راو كرد پێش كه‌فاره‌تدانی یه‌كه‌م، ئه‌وه دوو كه‌فاره‌تی ده‌كه‌وێته سه‌ر؛ كه‌فاره‌تی نێچیری دووه‌م كه‌فاره‌ته‌كه‌ی یه‌كه‌م ئیلغا ناكاته‌وه چونكه كه‌فاره‌ته‌كه به‌رامبه‌ر كرداری راوكردنه‌كه‌یه، مادام كرداره‌كه دووباره بۆته‌وه سزاكه‌شی دووباره ده‌بێته‌وه.[10]
راوکردنی ئیحرامپۆش به‌هۆی له‌بیرکردن و له‌یادچوونه‌وه:
جمهوری پێشه‌وایان (ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه‌و مالیک و شافیعی) بۆچوونیان وایه كه ئیحرامپۆش ئه‌گه‌ر نێچیرێكی راو كرد سزای ده‌كه‌وێته سه‌ر، جا به‌ئه‌نقه‌ست راوی كردبێت یان بیری چووبێته‌وه كه له ئیحرامدایه. به‌ڵگه‌شیان ئه‌مانه‌یه:[11]
١- خوای گه‌وره كه‌فاره‌تی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه فه‌رز كردووه كه له ئیحرامدایه‌و راو ده‌كات، كه‌وابوو به به‌راورد به حاڵه‌ته‌كه‌ی بیرچووش كه‌فاره‌تی ده‌كه‌وێته سه‌ر وه‌كو ئه‌نقه‌سته‌كه.
٢- له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حوكمی شه‌رع وا ده‌خوازێت كه هه‌ركه‌سێک سامان و موڵكی كه‌سێكی تر بفه‌وتێنێت ده‌بێت بیبژێرێته‌وه (هه‌قه‌كه‌ی بدات)، ئه‌م ئیحرامپۆشه‌ش سامانی خوای فه‌وتاندووه‌و ده‌بێت بیبژێرێته‌وه.
٣- نێچیروانی ئه‌نقه‌ستی باس فه‌رمووه كه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت ئه‌وی به هه‌ڵه‌ش راو بكات هه‌مان حوكمی هه‌یه.
به‌ڵام ئیمامی ئیبنو حه‌زم ده‌فه‌رموێ ئه‌و كه‌سه‌ی بیری چووه كه له ئیحرامدایه و ئه‌و كه‌سه‌ی به‌ئه‌نقه‌ست راوی نه‌كردووه هیچ سزایه‌كیان له‌سه‌ر نییه، چونكه خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ هه‌ر كه‌سێک به ئه‌نقه‌ست راو بكات (بكوژێت): «وَمَن قَتَلَهُ مِنكُم مُّتَعَمِّدًا» [المائدة: ٩٥]؛ پاشان ده‌فه‌رموێ ئه‌مه بۆچوونی سه‌یدنا عومه‌ر و سه‌یدنا عه‌بدوڕڕه‌حمانی كوڕی عه‌وف و ئیبنو عه‌بباسه له یاوه‌ران خوا لێیان ڕازی بێت، له تابیعینیش بۆچوونی سه‌عیدی كوڕی جوبه‌یرو سه‌عیدی كوڕی موسه‌ییب و تاووس و قاسمی كوڕی موحه‌ممه‌د و سالمی كوڕی عه‌بدوڵڵاو عه‌تاء و موجاهیده. پاشان به‌ڵگه‌ی جمهوری به شێوه‌یه‌كی ورده‌كارانه‌ی سه‌ركه‌وتوو ره‌ت كردۆته‌وه.
ئه‌وه‌ی كوشتنی یان راو كردنی حه‌رام نیه:
١- ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ی له ئه‌سڵدا ماڵییه:
كه ده‌ڵێین ماڵییه مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه كه له‌ماڵی مرۆڤدا ده‌ژی، وه‌كو حوشترو مانگا‌و مه‌ڕ و مریشک و ... . پێچه‌وانه‌ی ئه‌م، كێوییه واته وه‌حشی كه له ده‌رو چۆڵ و چیا‌و بیابان ده‌ژی. ئه‌گه‌ر ئیحرامپۆشێك مانگایه‌كی له ده‌شت له بیر چبوو، پاشان بووه كیۆی كه دیتیه‌وه‌و كوشتی و هێنایه‌وه ئه‌مه حه‌ڵاڵه، چونكه له ئه‌سڵدا كیۆی نییه.[12]
٢- نێچری ده‌ریایی:
واته ئه‌و گیانله‌به‌رانه‌ی ته‌نها له ئاودا ده‌ژین و به هێنانه‌ده‌ره‌وه‌یان ده‌مرن؛ راوكردنی ئه‌مانه حه‌رام نییه، وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌سێک حووتێكی كوشتووه و هێناوێتی بۆ خواردن. ئه‌م حوكمه ئه‌وانه ناگرێته‌وه كه له وشكانی و ده‌ریادا ده‌ژین وه‌كو به‌تریق و ئه‌سپی ئاو. خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ «أُحِلَّ لَكُمْ صَيْدُ الْبَحْرِ وَطَعَامُهُ مَتَاعًا لَّكُمْ وَلِلسَّيَّارَةِ وَحُرِّمَ عَلَيْكُمْ صَيْدُ الْبَرِّ مَا دُمْتُمْ حُرُمًا»[المائدة: ٩٦]؛ «راوی ده‌ریاو هه‌موو خۆراكێكیتان بۆ حه‌ڵاڵه (كه دواتر به وشک كراوه‌یی یان خوێ پێوه كردن و خۆشكردنی هه‌ڵی ده‌گرن و دواتر ده‌یخۆن)، ئه‌وه‌ش كه به مردوویی سه‌ر ئاو كه‌وتووه یان شه‌پۆل هه‌ڵیداوه‌ته كه‌نار (هه‌ر خۆراكی ئاو حسێبه و حه‌ڵاڵه) بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی راویان كردووه یان هه‌ڵیانگرتۆته‌وه و به ته‌ڕیی خواردوویانه. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی تر كه له‌و كات و جێیه‌دا نه‌بوون (وه‌كو ماڵ و منداڵیان) كه خۆتان به ته‌ڕیی خواردووتانه و ئه‌وان به وشک كراوه‌یی. به‌ڵام راو كردنی ئاژه‌ڵی كێویتان لێ حه‌رامه مادام له ئیحرامدا بن».
٣- ئه‌و گیانله‌به‌رانه‌ی حه‌ڵاڵ نین:
وه‌كو ئاژه‌ڵی كه‌ڵبه‌دارو باڵنده‌ی چڕنووكدار، وه‌كو شێر‌و پڵنگ و گورگ یان داڵ و هه‌ڵۆ و شاهێن. كوشتنی ئه‌مانه حه‌رام نییه چونكه له ئیسلامدا نرخیان نییه، ناكڕرێن و نافرۆشرێنه‌وه، بۆیه به نێچیری راو حسێب نین. ئه‌مه بۆچوونی شافیعییه‌كانه و قه‌ولێكی حه‌نبه‌لییه‌كانیشه كه پێچه‌وانه‌ی رای جمهوری شه‌رعناسانه كه فه‌رموویانه سزای ده‌كه‌وێته سه‌رو فه‌رزیشه جێبه‌جێی بكات.[13]
٤- گیانله‌به‌ری زیانبه‌خش:
هه‌ر ئاژه‌ڵێک یان حه‌شه‌راتێک زیانی گیانی یان ماڵی و سامانی دا كوشتنی جائیزه؛ چ راسته‌وخۆ زیان بگه‌یه‌نێت وه‌كو په‌لامار (گورگ و مار و هیتر) یان زیان له ده‌غڵ و دان (وه‌كو كولله) یان بووه هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی نه‌خۆشی وه‌كو قالۆنچه‌و هه‌ندێک جۆری كرم و مێش. هه‌ندێک له‌مانه له ده‌قی فه‌رمووده‌دا هاتووه كه کوشتنیان له هه‌موو كات و شوێن و حاڵه‌تێكی ئیحرامپۆشی و ئاسایی‌دا حه‌ڵاڵه؛ خاتوو عائیشه خوا لێی رازی بێت ده‌فه‌رموێ: پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ده‌یفه‌موو: «خَمْسٌ مِنَ الدَّوَابِّ كُلُّهُنَّ فَاسِقٌ، يَقْتُلُهُنَّ فِي الْحَرَمِ الْغُرَابُ وَالْحِدَأَةُ وَالْعَقْرَبُ وَالْفَأْرَةُ وَالْكَلْبُ الْعَقُورُ»[14]؛ «پێنج گیانله‌به‌ر له حاڵه‌تی ئیحرامپۆشی و ئاسایی‌دا ده‌كوژرێن: قه‌له‌ڕه‌شكه و باڵنده‌ی حیدئان و دووپشک و مشک و سه‌گی هار». شێخولئیسلام ئیبنوته‌یمییه ده‌فه‌رموێ: به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌مه حوكمی هه‌موو زیانبه‌خشێكه (زیانی گیانی و ماڵیی) مادام زیان بگه‌یێنن، جا دڕنده‌یه‌ک بێت و په‌لاماری ئیحرامپۆشه‌كه‌ی دابێت و ئه‌میش كوشتبێتی، یان مارێكه و له نزیک شوێنی لادانه‌كه‌یه‌وه دیویانه، ئه‌مه ده‌شێت بۆی بگه‌ڕێن و بیدۆزنه‌وه و بیكوژن، چونكه ئه‌مانی نییه. هه‌روه‌ها دووپشک و مشک و سه‌گی هار؛ چونكه ئه‌مانه ده‌خزێنه ناو خه‌ڵكییه‌وه و له جێ و كه‌لوپه‌لیاندا خۆ مات ده‌كه‌ن و له پڕ زیانه‌كه ده‌گه‌یێنن. یاوه‌رانی ئێمه (حه‌نبه‌لییه‌كان) ده‌فه‌رموون: كوشتن‌یان په‌سه‌نده. هه‌روه‌ها كوشتنی مێش و مێشووله‌و كێچ و ئه‌سپێ مادام زیانبه‌خشن.[15]
هه‌ندێك گیانله‌به‌ری تر هه‌ن كوشتن‌یان جائیز نییه وه‌كو مێرووله‌و هه‌نگ و په‌پوسلێمانكه (هودهود) و هاوشێوه‌یان.
٥- مرۆڤی ده‌ستدرێژكار:
ئه‌گه‌ر جه‌رده‌و رێگر یان دزو پیاوخراپی تر هه‌ڵمه‌تیان كرد بۆ ئیحرامپۆش بێگومان بۆی هه‌یه به‌رگریی له خۆی بكات و ئه‌گه‌ر به غه‌یری كوشتن‌یان كۆتایی به ده‌ستدرێژییان نه‌ده‌هات بۆی هه‌یه بیانكوژێت، ئه‌گه‌ر خۆی كوژرا شه‌هیده و ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌وانیشی كوشت به قه‌تڵ حسێب نابێت له‌سه‌ری، چونكه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ده‌فه‌رموێ: «مَنْ قُتِلَ دُونَ مَالِهِ فَهُوَ شَهِيدٌ»[16]؛ «هه‌ر كه‌سێک له رێی به‌رگرییكردنی له ماڵ و سامانیدا بكوژرێت، ئه‌وه شه‌هیده». بێگومان له به‌رگریكردنی گیانی خۆی و ماڵ و منداڵی‌دا له پێشتره كه شه‌هیده.
[1]. ئه‌بو داوود: ٣٨٠١؛ شێخی ئه‌لبانی له (الإروا‌ء:١٠٥٠)دا ده‌فه‌رموێ سه‌حیحه.
[2]. مالیک: ٩٤٧؛ شافیعی: ٩٨٧؛ سه‌حیحه (الاروا‌ء: ١٠٥١).
[3]. المغني: ٥/٢٠٤و٤٠٤؛ ابن تیمیة، شرح العمدة: ٢/٢٨٣؛ المحلی: ٧/٢٢٦.
[4]. شافیعی، الأم: ٢/٢١٤؛ به‌یهه‌قی: ٥/٥٠٢؛ ئیمامی ئیبنو حه‌جه‌ر له (التلخیص: ٢/٢٨٥) ده‌فه‌رموێ حه‌سه‌نه.
[5]. به‌یهه‌قی: ٥/٢٠٥؛ شێخی ئه‌لبانی (له الاروا‌ء: ١٠٥٦)دا ده‌فه‌رموێ سه‌حیحه.
[7]. الشرح الممتع: ٣/٢١٧-٢١٨.
[9]. الدار قطني: ٢/٢٥٠؛ ابن حزم: ٧/٢٣٧؛ حه‌سه‌نه (صحيح فقه السنة: ٢/٢٠٩).
[10]. هه‌مان سه‌رچاوه‌کانی په‌راوێزی پێشوو.
[11]. المحلى: ٧/٢١٤؛ المجموع: ٧/٤٣٧.
[12]. الشرح الممتع: ٧/١٦٧.
[13]. المحلى: ٧/٢٣٨؛ ابن كثير: ٢/٩٨.
[14]. بوخاری: ١٨٢٩؛ موسليم: ١١٩٨.
[15]. ابن تيمية، شرح العمدة: ١/١٣٦.
[16]. بوخاری: ٢٤٨٠؛ موسليم: ١٤١.