ئه‌وانه‌ی حه‌جه‌كه به‌تاڵ ناكه‌نه‌وه
١- پۆشینی پۆشاكی دوورراو:
وتمان كه پیاو بۆی نییه جگه له به‌رگی تایبه‌تی ئیحرام بپۆشێت و پۆشاکه‌که‌ی نابێت دوورراو (مَخیط) بێت، ئافره‌تیش ئازاده هه‌ر پۆشاكێک بپۆشێت. «المخيط» لای شه‌رعناسان پۆشاكی دوورراوه، نه‌ک ئه‌وه‌ی دروومانی پێوه بێت، ئه‌وه‌یه كه پۆشاكێكه‌و به شێوه‌و ئه‌ندازه‌ی ئه‌ندامانی جه‌سته‌یه وه‌كو كراس و فانیله‌و شه‌ڕواڵ و دشداشه. به‌ڵام په‌شته‌ماڵێک که قه‌راغه‌كانی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵنه‌وشێته‌وه دوورراوه ئه‌مه «مخیط» نییه. زۆر كه‌س له كورده‌واریی ئێمه‌دا به هه‌ڵه تێگه‌یشتوون و ده‌ڵێن نابێت ته‌قه‌ڵی پێوه بێت. نا نابێت دوورراو (مخيط) بێت.
یه‌كه‌مین كه‌س كه ئه‌م وشه‌ی «المخيط»ه‌ی به‌كار هێنا ئیبڕاهیمی نه‌خه‌عی بوو ره‌حمه‌تی خوای لێبێت كه یه‌كێكه له پێشه‌وایانی شه‌رعناسی تابیعین. مه‌به‌ستیشی ئه‌وه‌بوو كه ئه‌و قوماشه‌ی ده‌كرێته ئیحرام به شێوازی جل و به‌رگ نه‌دووررابێت. به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه سه‌ر فه‌رمووده و سیره‌ی یاوه‌ران خوا لێیان رازی بێت چاكتره كه هه‌موو راجوێیی و ناوكۆکییه‌ک چاره‌سه‌رده‌كات. ئیبنو عومه‌ر خوا لێیان رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «أَنَّ رَجُلاً قَالَ يَا رَسُولَ اللَّهِ مَا يَلْبَسُ الْمُحْرِمُ مِنْ الثِّيَابِ؟ قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: لايَلْبَسُ الْقُمُصَ، وَلا الْعَمَائِمَ، وَلا السَّرَاوِيلاتِ، وَلا الْبَرَانِسَ، وَلا الْخِفَافَ، إلاَّ أَحَدٌ لا يَجِدُ نَعْلَيْنِ فَلْيَلْبَس الْخُفَّيْنِ وَلْيَقْطَعْهُمَا أَسْفَلَ مِنْ الْكَعْبَيْنِ، وَلا يَلْبَسْ مِنْ الثِّيَابِ شَيْئاً مَسَّـهُ زَعْفَرَانٌ أَوْ وَرْسٌ»[1]؛ «كابرایه‌ک پرسیاری عه‌رزی پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) كرد: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ئیحرامپۆش بۆی هه‌یه چی له‌به‌ر بکات؟ فه‌رمووی: نه كراس بپۆشێت و نه عه‌مامه‌و نه شه‌ڕواڵ و دشداشه‌ی به‌کڵاو (كلێته) و نه خوفف، مه‌گه‌ر كه‌سێک پێڵاوی نه‌بێت با خوففه‌كان له پێبكات به‌ڵام تا خوار قوله پێی (له سه‌ره‌وه تا قوله پێی) ببڕێت. هیچ قوماشێكیش نه‌پۆشێت كه زه‌عفه‌ران و وه‌رسی به‌ركه‌وتێبت». که‌وابوو:
الف- هه‌رچی پۆشاكێک كه بۆ داپۆشینی نیوه‌ی سه‌ره‌وه‌ی به‌ده‌نه‌وه دووراوه جائیز نییه، وه‌كو هه‌موو جۆرێكی كراس و بلوزو فانیله‌و تی‌شێرت و که‌وا و چاكه‌ت و دشداشه و هاوشێوه‌یان.
ب- هه‌روه‌ها هه‌رچی شتێک سه‌ر داپۆشێت له کڵاو و جامه‌دانی و مشكی و چیت و عه‌مامه و سداره‌و كاسكێت و ده‌سڕو خاولی پێوه به‌ستن و هاوشێوه‌یان وه‌كو بارۆكه.
ج- هه‌روه‌ها بۆی نییه شه‌ڕواڵ بپۆشێت كه بۆ داپۆشینی نیوه‌ی خوارێیی به‌ده‌نه. بێگومان بیجامه و تراكسووت سترێج و هاوشێوه شیانه.
د- « الْبَرَانِس»: ئه‌و دشداشه‌یه‌یه كه له یه‌خه‌كه‌یه‌وه کڵاوی پێوه‌یه و له كاتی سه‌رماو گه‌رمادا به‌سه‌ردا ده‌درێته‌وه؛ ئه‌مه ئێستا له وڵاتانی مه‌غریبی عه‌ره‌بی زۆره، به تایبه‌تی له مه‌غریب. هه‌رچه‌نده هه‌ندێک ده‌ڵێن ئه‌وه‌ی مه‌غریبییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پۆشاكی قه‌شه‌ی ئه‌نده‌لوس (ئیسپانیا و پورتوگاڵی كۆن).
ه- « الْخِفَافَ»: كۆی خوففه كه وه‌كو گۆره‌وییه‌و له چه‌رم دروست كراوه. گۆره‌وی ئه‌ستووریش هاوشێوه‌یه‌تی. جا ده‌فه‌رموێ ئه‌گه‌ر پێڵاو (نه‌عل)ی ده‌ست نه‌كه‌وت با سه‌ره‌وه‌ی خوففه‌كانی ببڕێت تاوه‌كو پێڵاو (پاته‌ی لاستیكی ئه‌م زه‌مانه یان قۆنه‌ره‌ی) لێبێت.
و- بێگومان رێی له ئیحرامی بۆنخۆشكراو گرتووه. جاران پۆشاک به زه‌عفه‌ران (تۆوی رووه‌كێكه) یان به وه‌رس (كه رووه‌كێكه) بۆن خۆش ده‌كرا.
ز- گرنگ ئه‌وه‌یه ئیحرامه‌كه‌ی له خۆوه پێچابێت، نیوه‌ی خواره‌وه‌ی وه‌كو په‌شته‌ماڵ ونیوه‌ی سه‌ره‌وه‌ی پێدادان، نه‌ک به قه‌باره‌و چۆنیه‌تی ئه‌ندامێكی له‌شی.[2]
به‌کارهێنانی ده‌رزی بۆ پێکه‌وه به‌ستنی پۆشاکی ئیحرام:
ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌رگیز پۆشاكی وایان به‌كار نه‌هێناوه ره‌نگه بۆیان ببێته كێشه كه چۆن ئیحرامه‌كه به به‌ده‌نیانه‌وه بمێنێته‌وه! بۆیه ده‌شێت به ده‌رزییه‌ک پێكیانه‌وه ببه‌ستێت یان به دوو، به‌ڵام زۆرتر نه‌كات تاوه‌كو كراس و شه‌ڕواڵیان لێبێت.[3]
غه‌یری شه‌ڕواڵ و خوففی ده‌ست نه‌که‌وێت:
ئه‌گه‌ر هه‌ر شه‌ڕواڵ و خوففی ده‌سكه‌وت و غه‌یری ئه‌وانی ده‌ست نه‌که‌وت ده‌توانێت ئه‌وان بپۆشێت؛ چونكه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) له عه‌ره‌فات رێی پێدان خوفف له پێ بكه‌ن، كه پێشتر فه‌رمووی تا قوله‌پێكه‌ی ببڕن. ئیبنوعه‌بباس خوا لێیان رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «خَطَبَنَا النَّبِيُّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بِعَرَفَاتٍ فَقَالَ: مَنْ لَمْ يَجِدِ الإِزَارَ فَلْيَلْبَسِ السَّرَاوِيلَ، وَمَنْ لَمْ يَجِدِ النَّعْلَيْنِ فَلْيَلْبَسِ الْخُفَّيْنِ»[4]؛ «هه‌ر كه‌سێک په‌شته‌ماڵی ده‌ست نه‌كه‌وت با شه‌ڕواڵ له پێ بكات، هه‌ر كه‌سێكیش پێڵاو (نه‌علی) ده‌ست نه‌كه‌وت با خوفف له پێ بكات». كه‌وابوو هه‌ر كه‌سێک په‌شته‌ماڵی ده‌ست نه‌كه‌وت كه له ناو قه‌دو به‌ره‌و خوارییه‌وه ده‌پێچێت بۆی هه‌یه شه‌ڕواڵ له پێ بكات. مه‌رجیش نییه وه‌كو حه‌نه‌فییه‌كان ده‌فه‌رموون په‌شته‌ماڵه‌كه‌ی بكاته دوو له‌ت (پارچه)ه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه په‌سه‌ند بووایه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) وای پێ ده‌فه‌رموون، چونكه هه‌ر ئه‌و سات و شوێنه ئه‌و روون كردنه‌وه‌ی ده‌خواست.
ئه‌گه‌ر پێڵاوی ده‌ست نه‌كه‌وت بێگومان خوفف به‌كار ده‌هێنێت چونكه ناتوانێت به‌و ده‌شت و دۆڵانه‌دا به پێی په‌تی (پێخاوس) بڕوات؛ به‌ڵام ئایا فه‌رزه خوففه‌كه‌ی له‌سه‌ره‌وه تا قوله پێی بكاته‌وه؟
جمهوری شه‌رعناسان به گشتی ده‌فه‌رموون به‌ڵێ ده‌بێت سه‌ره‌وه تا قوله پێ لێكاته‌وه تا وه‌كو پێڵاوی لێبێت، چونكه ریوایه‌ته‌كه‌ی ئیبنو عومه‌ر خوا لێیان رازی بێت له باسی بڕینیدا رۆشن و راشكاوه.[5]
رای ئیمامی ئه‌حمه‌د و بۆچوونی په‌سه‌ندكراوی ئیمامی ئیبنوته‌یمییه ئه‌وه‌یه كه نابڕرێت لێی چونكه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) یه‌كه‌مجار فه‌رمانی پێدان بیبڕن به‌ڵام دواتر له عه‌ره‌فاتدا رێی پێدان هه‌روا له پێی بكه‌ن و نه‌یبڕن. هه‌ندێک شه‌رعناسی تر كه لایه‌نگیری ئه‌م بۆچوونه‌ی ئیمامی ئه‌حمه‌دن و ده‌فه‌رموون ئه‌وه‌شی بۆ ئیزافه ده‌بێت كه خراپكردنی خوففه‌كه ده‌چێته‌ریزی خراپكردنی سامان و فه‌وتاندنیه‌وه كه حه‌رامه.
هه‌رچه‌نده له‌وانه‌یه زۆر كه‌س وابزانێت ئه‌مانه كێشه‌ی سه‌رده‌مانی كۆنن و ئێستا هه‌موو كه‌سێک جووتێک نه‌علی هه‌ر ده‌ست ده‌كه‌وێت یان پۆشاکی ئیحرامه‌كه كه ده‌یان كارگه‌ی چینی هه‌یه و له هه‌موو وڵاتێک دروست ده‌كرێت، ئه‌مه راسته به‌ڵام هه‌زاران كه‌سی یه‌مه‌ن و ئه‌فریقا و به‌نگلادیش و فه‌قیرستانی تر هه‌یه كه ته‌نها مه‌سروفی بلیت و خۆراک و پۆشاكێكیان به كوله‌مه‌رگی ده‌ست كه‌وتووه، له‌وانه‌یه له‌وێش پێڵاوه‌كانی بزر ببێت یان بپسێت. بۆیه پێم وایه ئه‌گه‌ر هیچی غه‌یری خوففه‌كانی نه‌بوو با به بۆچوونه‌كه‌ی ئیمام ئه‌حمه‌د بكات؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
[1]. بوخاری: ١٥٤٢؛ موسليم: ١١٧٧.
[2]. المجموع: ٧/٢٦٩؛ المحلى: ٧/٨٠.
[3]. الشرح الممتع: ٣/١٩٥.
[4]. بوخاری: ١٨٤٣؛ موسليم: ١١٧٨.
[5]. المجموع: ٧/٢٧٠؛ فتح الباري: ٣/٤٧١؛ مجموع الفتاوی: ٢٦/١٠٩.