قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان له ئیحرامپۆش
ئه‌مه باسی ئه‌و ره‌فتارانه‌یه كه شه‌رع رێی له ئیحرامپۆش گرتووه بیكات مادام هێشتا ئیحرامی نه‌کردۆته‌وه حه‌رامه بۆی بیانكات. ئه‌مانه‌ش هه‌یانه حه‌جه‌كه‌ی پێ به‌تاڵ ده‌بێته‌وه، بۆیه زه‌روورییه موسوڵمان شاره‌زایان ببێت.
بابه‌تی یه‌كه‌م
ئه‌و ره‌فتارانه‌ی حه‌جه‌كه به‌تاڵ ده‌كه‌نه‌وه
ئه‌وی حه‌ج به‌تاڵ ده‌كاته‌وه سه‌رجێیی (جیماع) كردنه دوای ئیحرام به‌ستنی ده‌سپێک و پێش ئیحرام كردنه‌وه‌ی یه‌كه‌م، واته پێش ئه‌نجامدانی شه‌یتان ره‌جم کردن لای هه‌ندێک له زانایان و دوای ئه‌نجامدانی دوو له سێ ره‌فتاری شه‌یتان ره‌جم کردن و ته‌وافی روکن و تاشینی سه‌ر (یان کورت کردنه‌وه‌ی) لای هه‌ندێکی تر، ئه‌وه هه‌ر حه‌جه‌كه به‌تاڵ ناكاته‌وه به‌ڵكو گوناحێكی قورسیش ده‌خاته سه‌ر بكه‌ره‌كه‌ی، چونكه زۆر كاریگه‌ره له‌سه‌ر حه‌جه‌كه؛ خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: «فَمَن فَرَضَ فِيهِنَّ الْحَجَّ فَلاَ رَفَثَ وَلاَ فُسُوقَ وَلاَ جِدَالَ فِي الْحَجِّ» [البقرة: ١٩٧]؛ «هه‌ركه‌سێک نییه‌تی حه‌ج كردنی له‌و مانگانه‌دا هێناو ئیحرامی به‌ست ئیتر نابێت به هیچ شێوه‌یه‌ک سه‌رجێیی (جیماع) و خراپه‌كاریی و جه‌نگ و جیدال له كات و شوێنی حه‌جه‌كه‌دا بكات». ئیبنو عه‌بباس و ئیبنوعومه‌ر و قه‌تاده‌و ه‌ی تر ده‌فه‌رموون «رَفَثَ» لێره‌دا سه‌رجێیی كردنه. هه‌ندێكی تریش ده‌فه‌رموون: قسه‌ی غه‌زه‌ل و دڵدارانه‌یه یان قسه‌ی ئیساره‌كردنی جنس و هوروژاندنی. ئیمامی ته‌به‌ری ده‌فه‌رموێ هه‌مووی ده‌گرێته‌وه.[1]
ئیبنوقودامه ده‌فه‌رموێ: به‌تاڵ بوونه‌وه‌ی حه‌ج به سه‌رجێیی كردن باسێكه كۆڕا (ئیجماع)ی شه‌رعناسانی له‌سه‌ره‌و راجوێیی تێدا نییه، ئیبنولمونزیریش ده‌فه‌رموێ: شه‌رعناسان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆن كه حه‌ج له دوای ئیحرام به‌ستنه‌وه به غه‌یری سه‌رجێیی كردن به‌تاڵ نابێته‌وه.[2]
لێره‌دا چه‌ند تێبینییه‌ک دێته پێش:
یه‌كه‌م- ئه‌گه‌ر «رفث» به سه‌رجێیكردن لێكدرایه‌وه، ده‌بێ ئایه‌ته‌كه ببێته هۆكاری قه‌ده‌غه‌كردنی سه‌رجێیی كردن، نه‌ک به‌تاڵ بوونه‌وه‌ی حه‌ج، ده‌نا ده‌بێت بوترێت كه به خراپه‌كاریی و جه‌نگ و جیداله‌كه‌ش به‌تاڵ ده‌بێته‌وه. ئه‌مه‌ش جگه له ئیمامی ئیبنو حه‌زم (رحمه اللّه) كه‌س نه‌یفه‌رمووه.
دووه‌م- ریوایه‌تێكی سه‌حیح له‌م لێكدانه‌وه‌یه‌دا له پێغه‌مبه‌ری خواوه (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) نه‌هاتووه تا بكرێته به‌ڵگه.
سێیه‌م- ئایا ئه‌و كۆڕا (ئیجماع)ه‌ی ئیبنولمونزیر فه‌رموویه‌تی، به‌وه لاواز ده‌بێت كه شه‌وكانی له توێژینه‌وه‌و به‌دوادا چوونی بۆچوونه پێچه‌وانه‌كه‌ی داوودی زاهیریدا هێناوێتیه‌وه؟ كه راجوێیی شه‌رعناسانه:
١- ئیبنوعه‌بباس خوا لێیان رازی بێت هه‌روه‌ها ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه ده‌فه‌رموون: حه‌ج به سه‌رجێیی کردن به‌تاڵ نابێته‌وه دوای روكنی وه‌ستانی عه‌ره‌فات.
٢- ئیمامی مالیک ده‌فه‌رموێ: ئه‌گه‌ر رۆژی جه‌ژنی قوربان پێش شه‌یتان ره‌جم كردن سه‌رجێیی كرد، حه‌جه‌كه‌ی به‌تاڵ ده‌بێته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له رۆژی قورباندا دوای شه‌یتان ره‌جم كردنه‌كه كردی به‌تاڵ نابێته‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر دوای رۆژی قوربان و پێش شه‌یتان ره‌جم كردنه‌كه كردی هه‌ر به‌تاڵ نابێته‌وه.
٣- ئیمامی شافیعی ده‌فه‌رموێ: ئه‌گه‌ر دوای شه‌یتان ره‌جم كردن سه‌رجێیی كردبێت حه‌جه‌كه‌ی ته‌واوه.
دوای ئه‌م راجوێییه‌ی شه‌رعناسان له‌سه‌ر كات و شوێنی سه‌رجێیی كردنی ئیحرامپۆش، له‌وه‌شدا زۆر راجوێ بوون كه ئه‌گه‌ر كردی حوكمی چییه و ده‌بێت چی بكات؟
ئیبنوعه‌بباس و ئیبنوعومه‌ر و ئیبنو عه‌مر خوا له خۆیان و باوكیان رازی بێت فه‌رموویانه: ئه‌گه‌ر پێش ئیحرام كردنه‌وه‌ی یه‌كه‌م، سه‌رجێیی كرد گوناحباریش ده‌بێت و حه‌جه‌كه‌شی به‌تاڵ ده‌بێته‌وه و ده‌بێت حه‌جه‌كه‌شیان ته‌واو بكه‌ن ئه‌گه‌ر چی قبووڵیش نییه؛ چونكه خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: «وَأَتِمُّواْ الْحَجَّ وَالْعُمْرَةَ لِلَّهِ» [البقرة: ١٩٦]؛ «حه‌ج و عومره‌كه له‌به‌ر خاتری خوای گه‌وره ته‌واو بكه‌ن». ده‌بێ له ساڵی داهاتوویاندا حه‌جه‌كه‌یان بكه‌نه‌وه و قوربانیشیان كه‌وتۆته سه‌ر.
عه‌مری كوڕی شوعه‌یب له باوكیه‌وه خوا لێیان رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: كابرایه‌ک هاته خزمه‌ت ئیبنوعومه‌رو پرسیاری ده‌رباره‌ی كه‌سێک لێ‌كرد كه ئیحرامپۆش بووه و سه‌رجێیی له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌یدا كردووه؟ ئیبنوعومه‌ر ئاماژه‌ی كرد بۆ عه‌بدوڵڵای كوڕی عه‌مر (كه له‌و بپرسن)، لێیان پرسی. فه‌رمووی: حه‌جه‌كه‌ی به‌تاڵ بۆته‌وه. لێیان پرسی: هه‌ر له‌وێ دا‌نیشێت؟ فه‌رمووی: نا، هه‌ر له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌كه (حاجییه‌كانی تر) ده‌بێت، ئه‌وه ده‌كات كه ئه‌وان ده‌یكه‌ن، ئه‌گه‌ر ساڵی دا هاتووی به‌سه‌ردا هاته‌وه دێته‌وه حه‌ج و قوربانیش ده‌كات. گه‌ڕانه‌وه خزمه‌ت ئیبنو عومه‌ر و هه‌واڵیان دایه (كه وه‌ڵامی ئیبنوعه‌مر) ئاوا بوو، ئیبنو عومه‌ر ئینجا ناردنی بۆ خزمه‌ت ئیبنو عه‌بباس، كه پرسیاریان له‌ویش كرد هه‌ر وه‌كو ئیبنو عه‌مر وه‌ڵامی دایه‌وه. هاتنه‌وه خزمه‌ت ئیبنو عومه‌ر و هه‌واڵیان دایه (كه وه‌ڵامی ئیبنوعه‌بباسیش) هه‌ر ئاوا بووه. ئینجا له خۆیان (له ئیبنو عومه‌ر) پرسی: ئه‌دی جه‌نابت چ ده‌ڵێیت؟ فه‌رمووی: هه‌ر ئه‌وه‌ی كه هه‌ردووكیان فه‌رموویانه.[3]
زاهیرییه‌كان ده‌فه‌رموون: هه‌موو حه‌جه‌كه‌ی پێ به‌تاڵ بۆته‌وه و پێویسته له شوێنی مه‌راسیمه‌كانی حه‌ج بكشێته‌وه، نابێ هیچ خواپه‌رستییه‌كی حه‌ج و عومره بكات، چونكه به‌تاڵه، كاری به‌تاڵیش بێ پاداشته. ئه‌م شه‌رعناسه به‌ڕێزانه ده‌فه‌رموون ئیتر بۆی نییه حه‌جێكی تر بكاته‌وه! چونكه خوای گه‌وره حه‌جێكی له‌سه‌ر فه‌رز كردووه، وا خۆی حه‌جه‌كه‌ی فه‌وتاند، هه‌ر كه‌سێک بڵێ ساڵی داهاتوو ده‌بێ حه‌ج بكاته‌وه دیاره دوو حه‌ج كردنی له‌سه‌ر فه‌رز ده‌كات.[4]
هه‌ندێك له شه‌رعناسانی تابیعین ده‌فه‌رموون:[5] عومه‌ره‌یه‌ک ده‌كات و ده‌ڕوات، حه‌جێكیش قه‌رزاره، چونكه ئه‌مه به بۆچوونی ئه‌م شه‌رعناسانه وه‌كو ئه‌و كه‌سه‌یه فریای وه‌ستانی كێوی عه‌ره‌فات نه‌كه‌وتبێت.
پێم وایه - وَاللَّهُ أَعْلَمُ - بۆچوونی یه‌كه‌م په‌سه‌ندتره كه بۆچوونی سێ له حه‌وت زانا شه‌رعناسه‌كانی یاوه‌رانه، هه‌ر ئه‌م بۆ چوونه‌شه كه بۆته فه‌توای مه‌زهه‌بی پێشه‌وایان و ئوممه‌تیش پێوه‌ی پابه‌ندبووه.
ناچار کردنی ژن بۆ سه‌رجێیی کردن:
ئه‌گه‌ر کابرا ژنه‌كه‌ی ناچار كردبوو بۆ سه‌رجێی کردن حوکمی چییه؟
ژنه‌كه حه‌جی خۆی دوای غوسڵ ده‌ركردن به‌رده‌وام ده‌كات و حه‌جه‌كه‌ی دروسته، به‌ڵام قوربانیی له‌سه‌ره، به‌ڵام مێرده‌كه‌ی حه‌جه‌كه‌شی دروست نییه و قوربانیشی له‌سه‌ره.[6]
بیری چێته‌وه له ئیحرامدایه‌و سه‌رجێیی بکات:
ئه‌گه‌ر پێش ئیحرام كردنه‌وه بوو، بیری چووبۆوه كه له ئیحرامدایه‌و سه‌رجێیی بکات! راستتر ئه‌مه‌یه كه حه‌جه‌كه‌ی به‌تاڵ نابێته‌وه‌و كه‌فاره‌تی له‌سه‌ر نییه و له‌سه‌ر مه‌راسیمه‌كانی حه‌ج به‌رده‌وام ده‌بێت.
سه‌رجێیی کردن پاش ئیحرام کردنه‌وه‌ی یه‌که‌م:
ئه‌گه‌ر دوای ئیحرام كردنه‌وه‌ی یه‌كه‌م (واته پاش ئه‌نجامدانی شه‌یتان ره‌جم کردن لای هه‌ندێک له زانایان و دوای ئه‌نجامدانی دوو له سێ ره‌فتاری شه‌یتان ره‌جم کردن و ته‌وافی روکن و تاشینی سه‌ر (یان کورت کردنه‌وه‌ی) لای هه‌ندێکی تر) سه‌رجێیی كرد حوکمی چییه؟
گوناحبار ده‌بێت به‌ڵام حه‌جه‌كه‌ی به‌تاڵ نابێته‌وه. به رای هه‌ندێک له زانایان ده‌بێت سه‌رله‌نوێ نییه‌ت بهێنێته‌وه و ئیحرام بپۆشێت و بچێته ته‌واف، ئه‌مه نوێكردنه‌وه‌یه بۆ ئیحرامه‌که‌ی که به‌تاڵی کردۆته‌وه؛ ده‌بێت قوربانییه‌كیش بكات.[7]
[1]. تفسير الطبري: ٤/١٢٥-١٣٦.
[2]. المغني: ٣/٣٣٤؛ ابن المنذر، الإجماع: ١٤٤.
[3]. ئیبنو ئه‌بو شه‌یبه: ١/١٤٢؛ به‌یهه‌قی: ٥/١٦٧؛ حه‌سه‌نه (صحيح فقه السنة: ٢/١٩٨).
[5]. ابن عثیمين، الشرح الممتع: ٧/١٨٣ ( چاپی کۆن).
[7]. الشرح الممتمع: ٣/٢١٠.