ته‌لبیه‌و كات و شوێنی وتنی
ئه‌م باسه‌مان تایبه‌ت کردووه بۆ ته‌لبیه‌و له چه‌ند بابه‌تێکدا ده‌رباره‌ی ته‌لبیه ده‌دوێین.
بابه‌تی یه‌كه‌م
رسته‌كانی ته‌لبیه
نافیع له ئیبنو عومه‌ره‌وه خوا لێیان رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه كه ته‌لبیه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ئاوا بوو: «لَبَّيْكَ اللَّهُمَّ لَبَّيْكَ لَبَّيْكَ لَا شَرِيكَ لَكَ لَبَّيْكَ إِنَّ الْحَمْدَ وَالنِّعْمَةَ لَكَ وَالْمُلْكَ لَا شَرِيكَ لَكَ».[1]
ته‌لبیه خۆی واته وه‌ڵامدانه‌وه و به ده‌نگهاتنی بانگهێشته‌كه‌ی خوای گه‌وره كه له‌سه‌ر زمانی سه‌یدنا ئیبراهیم (عَلَیهِ السَّلَام) خه‌ڵكی بانگ كرد بۆ زیاره‌تی ماڵه‌كه‌ی (كه‌عبه) له‌مه‌ككه.
لَبَّيْكَ: وشه‌یه‌كی وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌و له «ألَبَّ»ه‌وه هاتووه كه چوونه ماڵ و مانه‌وه‌یه لێی، واته قبوڵ كردنی بانگهێشته‌كه‌ی خوای گه‌وره‌و چوونه ماڵی بۆ مانه‌وه و ئه‌نجامدانی په‌رستنه‌كان كه فه‌رزی كردوون. هه‌ندێک له زانایان فه‌رموویانه: مانای رسته‌که ئه‌وه‌یه که به‌ڵێ خوایه گیان وا وه‌ڵامم دایته‌وه و هاتم بۆ ئه‌نجامدانی ملكه‌چی و گوێڕایه‌ڵیت.
له فه‌رمووده‌ی سه‌حیحی تردا هاتووه: «يَقُولُ اللَّهُ تَعَالَى يَوْمَ الْقِيَامَةِ يَا آدَمُ، فَيَقُولُ لَبَّيْكَ»[2]؛ «خوای گه‌وره له رۆژی دواییدا سه‌یدنا ئاده‌م بانگ ده‌كات: ئه‌رێ ئاده‌م! له وه‌ڵامدانه‌وه‌یدا ده‌فه‌رموێ: «لَبَّيْكَ»».
جابری كوڕی عه‌بدوڵڵا خوا لێی رازی بێت به‌م ته‌لبیه‌یه‌ی ده‌فه‌رموو «ته‌وحید»[3]، چونكه هه‌موو جۆره‌كانی یه‌كخواپه‌رستی تێدایه له ناسین و په‌رستن و ته‌نهایی ناو و سیفاتی.
ئه‌بو هوره‌یره خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) جاری وا هه‌بوو ده‌یفه‌رموو: «لَبَّيْكَ إِلَهَ الْحَقِّ»[4]؛ «به‌ڵێ گیان، خوای حه‌ق واهاتم به ده‌نگ بانگهێشته‌كه‌ته‌وه».
بانگێهشته‌كه‌ی خوای گه‌وره ئه‌وه‌یه كه به‌سه‌یدنا ئیبراهیمی (عَلَیهِ السَّلَام) فه‌رموو: «وَأَذِّن فِي النَّاسِ بِالْحَجِّ يَأْتُوكَ رِجَالًا وَعَلَىٰ كُلِّ ضَامِرٍ يَأْتِينَ مِن كُلِّ فَجٍّ عَمِيقٍ» [الحج: ٢٧]؛ «ده‌ی دوای ئه‌وه‌ی فه‌رمانم پێكردیت كه كه‌عبه دروست بكه‌یت و كردت ئینجا به خه‌ڵكیدا راگه‌ێنه كه وه‌رنه زیاره‌تی ماڵه‌كه‌ی خوای گه‌وره جا ئه‌و كاته خه‌ڵكی به پیاده و له هه‌ر هه‌موو لایه‌كه‌وه دێن». «رِجَالًا» مه‌به‌ست له پیاو نییه؛ مه‌به‌ست له‌وه‌یه كه خه‌ڵكی ئه‌وه‌نده شه‌یداو تامه‌زرۆی زیاره‌تی ماڵی خوا ده‌بن گوێ ناده‌نێ كه سوارییان ده‌ست ده‌كه‌وێت یان نا، به پیاده‌ش بێت هه‌ر هه‌وڵ ده‌ده‌ن خۆ بگه‌ێننه زیاره‌تی, هه‌رچه‌ند شوێنیشیان دوور بێت هه‌ر له عه‌وداڵی هاتندا ده‌بن. ئه‌مه‌ش وه‌كو ئیبنو كهSیر ده‌فه‌رموێ وایه؛ كه‌س نییه له ئه‌هلی ئیسلام تامه‌زرۆی حه‌ج نه‌بێت و هه‌وڵی ده‌سته‌به‌ر كردنی توانای نه‌بێت![5]
زمانه‌وانان و توێژه‌ره‌وه‌كانی شه‌رع له‌وه‌ش كۆڵیونه‌ته‌وه كه بۆچی «لَبَّيْكَ» به شێوه‌ی دووانه (مُثنّی)یه و «لَبَّكَ» نه‌بوو؟ ده‌فه‌رموون بۆ زۆریی و سوور بوونی وه‌ڵامدانه‌وه‌و دڵنیاكردنی به‌رامبه‌ر كه جار له دوای جار وه‌ڵامت ده‌ده‌مه‌وه نه‌ک هه‌ر جارێک له دوای جاری یه‌كه‌م. بۆیه زمانه‌وانان ده‌فه‌رموون «لَبَّيْكَ» له ریزی دووانه (ملحقٌ بالمثنى) دایه.[6] كه به مه‌نسووبیش هاتووه نه‌ک مه‌رفووعی واته نه‌بوو به «لَبَّاك»، ته‌قدیرێكی هه‌یه كرداره‌كه‌ی لادراوه؛ ته‌قدیره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه «ألبَبْتُ إِلبَابَينِ لَكَ» واته وه‌ڵامدانه‌وه و هاتنه ماڵ و مانه‌وه‌كه‌م جار له دوای جاره.
اللَّهُمَّ: واته یا اللّه: خوایه گیان، ئه‌ی خوایه گیان! خوایه گیان وا به هه‌موو باوه‌ڕو هه‌ست و هۆش و سامان و توانامه‌وه وه‌ڵامی بانگهێشته‌ته‌كه‌ت جار له دوای جار ده‌ده‌مه‌وه.
« لَبَّيْكَ»ی دووه‌م: هه‌ر جه‌خت كردنه‌وه‌یه له «لَبَّيْكَ»ی یه‌كه‌م كه بۆ ده‌ربڕینی حه‌زی زۆر وه‌ڵامدانه‌وه‌یه.
لَا شَرِيكَ لَكَ: له هیچ سیفه‌تێكدا به هیچ شێوه و چۆنیه‌تییه‌ک، هیچ شتێک ناشێت ببێته هاوبه‌شت. به هیچ شێوه‌یه‌ک و له هیچ سیفه‌تێكی په‌روه‌ردگارێتی و ناسین (الربوبیة) و په‌رستن و رووتێكردن (الألوهیة) و ناو و سیفات (الأسماء والصفات) و ده‌سه‌ڵات و مافی ئاڕاسته‌و داوه‌ریی (التشریع والحكم والقضاء) شه‌ریکت نییه.
لَا: پێی ده‌وترێت «لَا النَّافِيَة لِلْجِنْس» كه به‌هێزترین ئامێری نه‌فی و نكوڵی و رێلێگرتنه، چونكه نه‌فیی توخم ده‌كات، توخمی په‌روه‌ردگارێتی و خوایه‌تی و ناو و سیفه‌ت و ده‌سه‌ڵات و... . له هه‌موو قورئانیشدا بۆ نه‌فیی ره‌هاو گشتی سیفه‌تی خوای گه‌وره و ئه‌وانه‌ی ده‌یانبوغزێنێت ئه‌م « لَا»یه هاتووه.[7]
« لَا»ی نافیه‌ی توخم به‌وه‌دا ده‌ناسرێته‌وه كه به دوایدا ناوێكی نه‌زانراوه‌و «مبنی علی الفتح» دێت وه‌كو «لَا إِلَٰهَ إِلَّا اللّٰه»، «فَلاَ رَادَّ لِفَضْلِهِ» [یونس: ١٠٧]، «فَلاَ كَاشِفَ لَهُ إِلاَّ هُوَ» [الأنعام: ١٧]، «وَاللَّهُ يَحْكُمُ لاَ مُعَقِّبَ لِحُكْمِهِ» [الرعد: ٤١] و «لاَ تَبْدِيلَ لِكَلِمَاتِ اللَّهِ» [یونس: ٦٤].
شَرِيكَ: هاوبه‌ش له هه‌ر سیفه‌تێكدا بێت؛ كردگارێتی، خاوه‌نێتی، رۆزیدان، مراندن و هتد. یان په‌رستن به دڵ، به زمان، به ره‌فتاری جه‌سته‌و كردار، به سامان، یان له تاک و ته‌نهایی سیفاتیدا. چونكه خوای گه‌وره بێ‌وێنه و بێ‌هاوتاو بێ‌لێكچووه، هه‌موو سیفه‌تێكی مه‌خلووق سنورداره، له سنورێكدا كۆتایی دێت، به‌ڵام سیفه‌ته‌كانی خوای گه‌وره ره‌هان، رێژه‌و راده‌و بڕو سنور‌و سه‌ره‌تاو كۆتاییان نییه. پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) به‌به‌زه‌یی و دڵسوزی موسوڵمانانه، قورئان ئاوا وه‌سفی ده‌کات: «بِالْمُؤْمِنِينَ رَؤُوفٌ رَّحِيمٌ» [التوبة: ١٢٨]، به‌ڵام ئه‌مانه سیفه‌تی مه‌خلوقن. خوای گه‌وره‌ش «رَؤُوفٌ رَّحِيمٌ»ه به‌ڵام هه‌ر ناوی سیفه‌ته‌كه هاوبه‌شه نه‌ک جۆر‌و راده و بڕو چۆنیه‌تی سیفه‌ته‌كه. «شَرِيكَ» ناوی «لَا النَّافِيَة لِلْجِنْس»ه‌كه‌یه و هه‌میشه خه‌به‌ره‌كه‌ی نیمچه‌ڕسته‌یه (شبه الجملة) كه یان جاڕومه‌جرووره یان زه‌رف؛ وه‌كو «لا شَرِيكَ لَهُ...» و «لا ظُلْمَ الْيَوْمَ» [غافر: ١٧] واته له قیامه‌تدا به هیچ شێوه‌و شێواز‌و راده‌و بڕو چۆنیه‌تییه‌ک سته‌م نییه كه كه‌ناردانی مافی مافدارانه!
إِنَّ الْحَمْدَ وَالنِّعْمَةَ لَكَ: ئه‌گه‌ر «أَنَّ» بێت پێی ده‌وترێت هۆكار (تعلیلیة)، واته ئه‌م سوپاسه گشتگیره (حَمْد له شُكْر گشتگیرتره) له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه تۆ شایانی به‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئێمه كه بۆ بانگهێشته‌كه‌ت رامانگه‌یاندووه و به‌رده‌وام ده‌یڵێینه‌وه. ئه‌گه‌ر «إِنَّ»ش بێت، ئه‌وه سه‌ره‌تای رسته‌یه‌كی نوێیه‌و «استئنافیة»یه واته ئه‌و سوپاس و ستایشه گشتگیره كه بۆ كه‌س شایانی نییه جگه له تۆ وا له‌گه‌ڵ وه‌ڵامدانه‌وه‌مدا ته‌قدیمی ده‌كه‌م. سا خوایه سوپاس و ستایشی بێ پایان ته‌نها شایانی تۆیه.
حَمْد: له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی و به مه‌زندانان داڕێژراوه، واته ئه‌وی « حَمْد» ده‌كرێت پێشتر خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی له دڵی بوێژه‌كه‌دا چه‌سپاوه و له دیدو هۆشیشیدا ئه‌وه بۆته به‌ڵگه‌نه‌ویست كه حه‌مدبۆكراوه‌كه مه‌زنه‌و گه‌وره‌یه‌و شایانی ئه‌و «حَمْد»ه یه، كه‌وابوو ئه‌م سوپاس و ستایشه گشتگیر‌و ناكۆتایه شایانی ئه‌و خوای خوشه‌ویست و مه‌زن و پیرۆزه‌یه كه منی بانگهێشتی ماڵی خۆی كردووه.
«حَمْد» بریتییه له «مدح» و «ثناء»، واته وه‌سف كردن و پێداهه‌ڵدان، به‌ڵام ئه‌م دووانه به ته‌نها نابنه مانای «حَمْد». حه‌مد كۆی ئه‌و سیفه‌ت و ره‌فتارانه‌یه؛ نا‌بینیت خوای گه‌وره هه‌ردووكیانی (حمد و ثناء) جیا كردۆته‌وه كه له فه‌رمووده‌ی قودسیدا پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) له خوای خۆیه‌وه ده‌گێڕێته‌وه كه فه‌رمووی: «قَسَمْتُ الصَّلَاةَ بَيْنِي وَبَيْنَ عَبْدِي نِصْفَيْنِ وَلِعَبْدِي مَا سَأَلَ، فَإِذَا قَالَ الْعَبْدُ: «الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ»، قَالَ اللَّهُ تَعَالَى: حَمِدَنِي عَبْدِي، وَإِذَا قَالَ: «الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ» قَالَ اللَّهُ تَعَالَى: أَثْنَى عَلَيَّ عَبْدِي»[8]؛ «نوێژم له نێوان خۆم و عه‌بده‌كه‌مدا كردووه به دوو به‌شه‌وه؛ كه ئه‌و ده‌ڵێ سوپاس و ستایش بۆ خوای جیهانیان، خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: ئه‌وه‌تا عه‌بده‌كه‌م ستایشی كردم. كه ده‌ڵێ خوای پڕ به‌زه‌یی و سۆز، خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: عه‌بده‌كه‌م وه‌سفی چاكی كردم».
«الْ» كه له‌سه‌ر «حَمْد»ه كه‌یه ئه‌لف و لامی ناساندن نییه وه‌كو «رجُلٌ: الرجُلُ» یان عه‌هدیی كه پێشتر له نێوان دوێنه‌راندا باس كراوه وه‌كو «فَأَكَلَهُ الذِّئْبُ» [یوسف: ١٧]؛ ئه‌میان بۆ ئیستیغراقه واته گشتگیری هه‌ر هه‌موو جۆره سوپاس و ستایش و پێ‌زانین و مه‌منونییه‌كه كه له‌سه‌ر سوود پێگه‌یاندن و زیان لێ دوور خستنه‌وه‌ی بۆی ده‌رده‌بڕرێت. واته خوایه گیان له هه‌موو حاڵه‌تێكمدا هه‌ر جه‌نابت شایانی هه‌موو جۆره سوپاس و ستایشێكیت چونكه نیعمه‌ته‌كانت له هه‌ژمارد نایه‌ن، چ سود پێگه‌یاندن بن، چ زیان لێ لادان.
ئیبنولقه‌ییم ره‌حمه‌تی خوای لێبێت خاڵی زۆر جوانی له‌م باره‌وه هێناوه‌ته‌وه، باسی شێخولئیسلام ئیبنوته‌یمییه‌ش ده‌کات و ئاوا وه‌سفی ده‌كات و ده‌فه‌رموێ: ئه‌م مامۆستایه‌مان كه دێته سه‌ر ئه‌م باسانه خاڵی زۆر سه‌یرو عه‌جایه‌بی لێوه نیشان ده‌دات.[9]
النِّعْمَةَ: واته نیعمه‌ت به‌خشین؛ هه‌موو ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی تێداین له ئیمان و موسوڵمانێتی، له دیندارێتی و خواپه‌رستی، له گه‌شه‌ی رۆح و ئاسووده‌یی ده‌روون و چێژی جه‌سته هه‌مووی له تۆوه‌یه.
كه ده‌فه‌رموێ «لَكَ» واته له فه‌زڵ و ره‌حمه‌تی خۆته‌وه به‌خشیوته، تۆ پێت به‌خشیوین و سه‌ركه‌وتووت كردووین تا دڵمان بێت له پێناوی خۆتیدا سه‌رف بكه‌ینه‌وه.
وَالْمُلْكَ: ده‌سه‌ڵاتدارێتی و خاوه‌نێتی هه‌ردووكیان به سیفه‌تی ره‌هایان؛ چونكه وه‌سفی ناسینی خوای گه‌وره‌ن به‌و سیفه‌ته‌ی كردگارو خاوه‌نه، ده‌سه‌ڵاتداریی بێ سنور‌و بێ هاوتاو بێ وێنه‌یه، نه سیفه‌تی هاوشێوه‌ی هه‌یه نه زاتی، بۆیه شایانی په‌رستنه. ئه‌م سێ سیفه‌ته‌ی په‌روه‌ردگارێتیو خوایه‌تی و ناو و سیفاته سیفه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌كه‌شی هاتۆته سه‌ر. هه‌یه په‌روه‌ردگاره به‌ڵام خاوه‌ن نییه، كردگار نییه، خوا نییه، سیفه‌ته‌كانی ره‌ها نین، ده‌سه‌ڵاتی ره‌های نیه. هه‌یه به هه‌ڵه ده‌په‌رسترێت، به‌ڵام ئه‌وه ناهه‌قه چونكه ئه‌و كه هیچی خه‌لق نه‌كردووه تا شایانی ئه‌و په‌رستنه بێت. كه‌وابوو ئه‌ی خوای كردگارو په‌روه‌ردگار، ئه‌ی خوای په‌رستراوی بێ هاوبه‌ش، ئه‌ی خوای خاوه‌ن سیفه‌تی تاک و ته‌نها و بێ وێنه، هه‌ر تۆ خوای خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتیت؛ ده‌سه‌ڵاتی به‌رنامه‌دانان و فه‌رماندانی خواپه‌رستی و به‌رهه‌ڵستی له‌هه‌ر شتێک ناته‌وێت، ده‌سه‌ڵاتی حوكمدان و فه‌رمان ده‌ركردن، ده‌سه‌ڵاتی پرسینه‌وه و داوه‌ریی كردن، ده‌سه‌ڵاتی پاداشت دانه‌وه و سزادان، سوپاس و ستایشی ره‌ها بۆ تۆیه ئه‌ی خوای كردگارو په‌روه‌ردگارو په‌رستراو و به‌ده‌سه‌ڵات كه منی عه‌بدی بچووک و كه‌متر به كۆڵی گوناحه‌وه بانگهێشتی ماڵی خۆت كردووه تا لێم ببووریت! تا سه‌ر له نوێ له گوناح پاكم بكه‌یته‌وه. تۆ خۆت مه‌سروفی رێگا‌و توانا‌و ئه‌مانیشت پێ به‌خشیوم. ده‌ی سا خوایه شاهیدم كه هه‌ر تۆ خوایت و خوایه منیش به عه‌بدی خۆت قبوڵ كه‌و بمخه‌ره ریزی ئه‌وانه‌وه كه لێیان ڕازیت.
وتنی ته‌لبیه به شێواز‌و رسته‌ی تر:
لێره‌دا ئه‌م پرسیاره دروست ده‌بێت که ئایا ده‌شێت ته‌كبیر و شێوازی تری ته‌لبیه بووترێت؟ به‌ڵێ ده‌شێت، به‌ڵام پابه‌ندبوون به ره‌فتاره به‌رده‌وامه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ری خواوه (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) چاكتره. ئیبنوعومه‌ر خوا لێیان رازی بێت جاری وا هه‌بوو له دوای ئه‌و ته‌لبیه‌یه ده‌یفه‌رموو: «لَبَّيْكَ وَسَعْدَيْكَ وَالْخَيْرُ فِي يَدَيْكَ لَبَّيْكَ وَالرَّغْبَاءُ إِلَيْكَ وَالْعَمَلُ»[10]؛ «خوایه گیان وا وه‌ڵامم دایته‌وه و هاتم به ده‌نگ بانگهێشته‌كه‌ته‌وه». له ریوایه‌تێكی تری‌دا «وَالرَّغْبَةُ إِلَيْكَ وَالْعَمَلُ».[11]
ئه‌گه‌ر كاتی ته‌لبیه بوو كه‌سێک هه‌ر «اللَّهُ أَكْبَر»ی ده‌كرد باشتره فێری ته‌لبیه بكرێت و رێی ته‌كبیره‌كه‌شی لێ نه‌گیرێت، چونكه ئه‌نه‌س خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه «حَجَجْنَا مَعَ النَّبِيِّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ مِنَّا اَلْمُكَبِّرُ وَمِنَّا اَلْمُهِلُّ»[12]؛ «له خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوادا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) حه‌جمان كرد، هه‌مانبوو هه‌ر ته‌كبیر (اللَّهُ أَكْبَر)ی ده‌كرد و هه‌شمانبوو ته‌لبیه‌ی ده‌كرد (لَبَّيْكَ اللَّهُمَّ لَبَّيْكَ..)». ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌یێنێت كه هه‌ر هه‌موویان به كۆمه‌ڵ هه‌ر ته‌لبیه‌كه‌یان نه‌كردووه به‌ڵكو هه‌یانبووه ته‌كبیری كردووه.
به‌ڵام بێگومان وه‌كو ئیمامی شافیعی ده‌فه‌رموێ: هه‌ر شێوازه‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) چاكتره لام. ئیمامی ئیبنوحه‌جه‌ری عه‌سقه‌لانیش ده‌فه‌رموێ: ئه‌م قه‌وله‌ی ئیمامی شافیعی بۆچوونی جمهوری شه‌رعناسانیشه.[13]
وتیشمان كه ده‌نگ به‌رز كردنه‌وه له ته‌لبیه كردنه‌كه‌دا سوننه‌ته، به‌ڵام له شوێنی تر‌و سه‌فه‌ری غه‌یری حه‌ج و په‌رستنی تردا ده‌نگ به‌رز کردنه‌وه بۆ دوعا‌و پاڕانه‌وه سوننه‌ت نییه؛ وه‌كو ئه‌و جاره‌ی كه یاوه‌ران خوا لێیان رازی بێت به ده‌نگی به‌رز زیكریان ده‌كرد پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) پێی فه‌رموون: «أَيُّهَا النَّاسُ أَرْبِعُوا عَلَى أَنْفُسِكُمْ، فَإِنَّكُمْ لَا تَدْعُونَ أَصَمَّ وَلَا غَائِبًا، إِنَّمَا تَدْعُونَ سَمِيعًا بَصِيرًا»[14]؛ «ئه‌رێ هۆ خه‌ڵكینه له‌سه‌رخۆ بن، خۆ ئێوه بانگی یه‌كێک ناكه‌ن كه‌ڕ بێت یان لاتان نه‌بێت، ئێوه ته‌نها بانگی که‌سێک ده‌که‌ن که بیسه‌رو بینایه».
بابه‌تی دووه‌م
شوێنه‌كانی ته‌لبیه‌كردن
جمهوری شه‌رعناسان جگه له مالیكییه‌كان ده‌فه‌رموون ته‌لبیه كردن له هه‌موو كات و شوێنێكی حه‌جدا په‌سه‌نده تا ئه‌و كاته‌ی شه‌یتان ره‌جم ده‌كات. هه‌ر له‌و كاته‌وه كه نیه‌ت ده‌هێنێت و ئیحرام ده‌به‌ستێت ئیتر له هه‌موو حاڵه‌تی سواریی و پیاده‌ڕۆیی، یان سه‌ركه‌وتن و دابه‌زیندا بۆی سوننه‌ته؛ ده‌توانین ئه‌مه خاڵبه‌ند نیشان بده‌ین.
١- كاتی رۆیشتن به به‌رزایی و نزمایی رێگاكاندا:
ئیبنوعه‌بباس خوا لێیان رازی بێت له ریوایه‌تی مه‌رفووعدا له باسی ده‌جالدا ده‌گێڕێته‌وه كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمووی: «أَمَّا مُوسَى كَأَنِّي أَنْظُرُ إِلَيْهِ إِذِ انْحَدَرَ فِي الْوَادِي يُلَبِّي»[15]ێ كئه‌مما مو‌سا (عَلَیهِ السَّلَام) بینیم وا به‌ره‌و دۆڵه‌كه به‌ده‌م ته‌لبیه‌كردنه‌كه‌وه ده‌هاته خواره‌وه». ئیبنو حه‌جه‌ر ره‌حمه‌تی خوای لێبێت له راڤه‌یدا ده‌فه‌رموێ دیاره كه ته‌لبیه‌كردن له كاتی هاتنه خواره‌وه (له‌سه‌ر چیا‌و كێ‌و و گرده‌وه) بۆ دۆڵ، سیره و سوننه‌تی پێغه‌مبه‌رانه سه‌لامی خوایان لێبێت.[16]
٢- له رێگای عه‌ره‌فات:
له‌و كاته‌دا كه ئه‌نه‌س خوا لێی رازی بێت له میناوه به‌ره‌و عه‌ره‌فات ده‌چوو، لێیان پرسی: ئێوه كه له‌خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوادا بوون (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ته‌لبیه‌تان چۆن ده‌كرد؟ فه‌رمووی «كَانَ يُلَبِّي الْمُلَبِّي لاَ يُنْكَرُ عَلَيْهِ، وَيُكَبِّرُ الْمُكَبِّرُ فَلاَ يُنْكَرُ عَلَيْهِ»[17]؛ «هه‌بوو ته‌لبیه‌ی ده‌کرد، به‌رهه‌ڵستی نه‌ده‌كرد، هه‌بوو ته‌كبیری ده‌كرد و به‌رهه‌ڵستی ئه‌ویشی نه‌ده‌کرد».
٣- له كاتی ئیفازه‌ی عه‌ره‌فاته‌وه تا كاتی شه‌یتان ره‌جم كردن:
ئیبنوعه‌بباس خوا لێیان رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «أَنَّ أُسَامَةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ كَانَ رِدْفَ النَّبِيِّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ مِنْ عَرَفَةَ إِلَى الْمُزْدَلِفَةِ ثُمَّ أَرْدَفَ الْفَضْلَ مِنْ الْمزْدَلِفَةِ إِلَى مِنًى قَالَ فَكِلَاهُمَا قَالَا: لَمْ يَزَلْ النَّبِيُّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يُلَبِّي حَتَّى رَمَى جَمْرَةَ الْعَقَبَةِ»[18]؛ «له عه‌ره‌فاته‌وه تا موزده‌لیفه ئوسامه‌ی كوڕی زه‌ید خوا لێیان رازی بێت له دوای پێغه‌مبه‌ری خواوه (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) سوار ببوو، پاشان له موزده‌لیفه‌وه تا مینا فه‌زڵی (كوڕی عه‌بباس) خوا لێیان رازی بێت له دوای پێغه‌مبه‌ره‌وه (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) سوارببوو، هه‌ردووكیان (ئوسامه‌و فه‌زڵ) گێڕایانه‌وه كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) به‌رده‌وام ته‌لبیه‌ی كرد تا كات و شوێنی شه‌یتان ره‌جم كردن». ئیمامی نه‌وه‌وی ده‌فه‌رموێ: ئه‌مه به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر به‌رده‌وام وتنی ته‌لبیه تا ئه‌و ساته‌ی ده‌ست ده‌كات به شه‌یتان ره‌جم كردن كه رۆژی قوربان و قوربانیكردنه. [19] ئه‌مه بۆچوونی ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه‌و سوفیانی سه‌وری و ئیمامی شافیعی و ئه‌بو سه‌ورو جه‌ماوه‌ری زانایانی یاوه‌ران و تابیعین و شه‌رعناسانی هه‌رێمه‌كانیشه. ئیمامی ئه‌حمه‌د و ئیسحاق ده‌فه‌رموون تا له ره‌جم كردنی شه‌یتانیش ده‌بێته‌وه ته‌لبیه هه‌ر ده‌كات. جمهور ده‌فه‌رموون تا ساتی ده‌سپێكی ره‌جمكردنه‌كه‌یه.
[1]. نه‌سائی: ٥/١٦١؛ ئه‌حمه‌د: ١/٤٧٦؛ شێخی ئه‌لبانی له (صحیح الجامع: ٥٠٥٧)دا ده‌فه‌رموێ سه‌حیحه.
[2]. بوخاری: ٣١٧٠؛ موسليم: ٢٢٢.
[3]. بوخاری: ١٥٤٩؛ موسليم: ١١٨٤.
[4]. نه‌سائی: ٢٧٥٢؛ ئيبنو ماجه: ٢٩٢٠؛ (صحيح فقه السنة: ٢/١٩٥).
[6]. ابن عثيمين، الشرح الممتع: ٣/١٨٠.
[7]. نامیلكه‌یه‌كم به زمانی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر ئه‌م «لا النافیة للجنس»ه و په‌یوه‌ندی به عه‌قیده‌وه نووسیوه؛ والحمدلله.
[9]. بدائع الفوائد: ل٣٢٤-٣٢٧.
[12]. بوخاری: ١٥٧٦؛ موسليم: ١٢٨٥.
[14]. بوخاری: ٦٠٢١؛ موسليم: ٢٧٠٤.
[15]. بوخاری: ١٥٥٥؛ موسليم: ١٦٦.
[17]. بوخاری: ١٦٥٩؛ موسليم: ١٢٨٤.
[19]. شه‌رحی سه‌حیحی موسليم: ٩/٢٧.