X

گەڕان




حه‌ج

سوننه‌ته‌كانی ئیحرام

22/05/2025   |   4 :بینراو

سوننه‌ته‌كانی ئیحرام

١- غوسڵ ده‌ركردن:

كه ‌نییه‌تی حه‌ج یان عومره ‌یان هه‌ردووكیانی هێنا پۆشاكی ئاسایی داده‌نێت و غوسڵێک وه‌كو غوسڵی جه‌نابه‌ت ده‌رده‌كات (كه ‌ئاو به‌سه‌ر هه‌موو جه‌سته‌یدا بڕوات و ته‌ڕ ببێت پێی). زه‌یدی كوڕی سابت خوا لێی رازی بێت گیڕایه‌وه‌ كه‌ «رَأَى النَّبِيَّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ تَجَرَّدَ لإِهْلاَلِهِ وَاغْتَسَلَ»[1]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوای (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) بینی بۆ نیه‌ت هێنان و ئیحرام پۆشینی حه‌جه‌كه‌ی پۆشاكه‌كانی داكه‌ندو غوسڵی ده‌ركرد».

   ئه‌م غوسڵ ده‌ركردنه بۆ ئافره‌تیشه، ئه‌گه‌ر‌ له ‌سووڕی مانگانه‌ و زه‌یستانیشدا بێت هه‌ر سوننه‌ته‌ غوسڵه‌كه‌ ده‌ركات، جابر خوا لێی رازی بێت گێڕایه‌وه:‌ «حَتَّى أَتَيْنَا ذَا الْحُلَيْفَةِ فَوَلَدَتْ أَسْمَاءُ بِنْتُ عُمَيْسٍ مُحَمَّدَ بْنَ أَبِي بَكْرٍ، فَأَرْسَلَتْ إِلَى رَسُولِ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كَيْفَ أَصْنَعُ؟، قَالَ: "اغْتَسِلِي وَاسْتَثْفِرِي بِثَوْبٍ وَأَحْرِمِي»[2]؛ «كه‌ گه‌یشتینه‌ زولحوله‌یفه‌ (میقات) ئه‌سمائی كچی عومه‌يس (كه‌ ژنی سه‌یدنا ئه‌بوبه‌كری سدیق بوو خوا لێیان رازی بێت) موحه‌ممه‌دی كوڕی ئه‌بووبه‌کری بوو، ناردی بۆ خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) كه‌چی بكه‌م؟ پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمانی پێدا كه‌ غوسڵ ده‌ركه‌و پارچه ‌قوماشێک بخه‌ره‌ سه‌ر شوێنی خوێنت و نییه‌تی حه‌ج بهێنه»‌.

٢- خۆ بۆن خۆش كردن پێش پۆشینی ئیحرامه‌كه‌ی:

دوای غوسڵ و خۆ وشك كردنه‌وه‌ سوننه‌ته‌ بۆنی خۆش له ‌سه‌رو ریش و بنباڵ و جه‌سته‌ی خۆی بدات ئینجا ئیحرامه‌كه‌ی بپۆشێت. ئه‌وه‌ش قه‌یدی نییه‌ كه ‌دواتر بۆنه‌كه‌ به‌ر ئیحرامه‌كه‌ بكه‌وێت و بۆن بگرێت. خاتوو عائیشه‌ خوا لێی رازی بێت ده‌فه‌رموێ: «كُنْتُ أُطَيّبُ رَسُولَ اللّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لإِحْرَامِهِ قَبْلَ أَنْ يُحْرِمَ وَلِحِلّهِ قَبْلَ أَنْ يَطُوفَ بِالْبَيْتِ»[3]؛ «كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ده‌یویست ئیحرام بپۆشێت بۆنی خوشم لێده‌دا، هه‌روه‌ها له‌و كاته‌ی ئیحرامی‌ داده‌ناو ده‌چووه‌ ته‌وافی كه‌عبه‌ (واته پاش ته‌حه‌للولی یه‌که‌م)».

   ئه‌م خۆ بۆنخۆشكردنه‌ بۆ ئافره‌تانیش هه‌ر سوننه‌ته‌؛ خاتوو عائیشه‌ خوا لێی رازی بێت ده‌فه‌رموێ: «كُنَّا نَخْرُجُ مَعَ النَّبِيِّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ إِلَى مَكَّةَ، فَنُضَمِّدُ جِبَاهَنَا بِالسُّكِّ الْمُطَيَّبِ عِنْدَ الْإِحْرَامِ، فَإِذَا عَرِقَتْ إِحْدَانَا سَالَ عَلَى وَجْهِهَا، فَيَرَاهُ النَّبِيُّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَلَا يَنْهَاهَا»[4]؛ «له ‌خزمه‌تی پێغه‌مبه‌ری خوادا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) چووینه‌ مه‌ككه‌ (بۆ حه‌ج كردن) بۆنی خۆشمان له‌ ناوچه‌وانمان هه‌ڵده‌سوو له ‌كاتی ئیحرام كردندا (کاتی نیه‌ت هێنانی حه‌ج) كاتێک یه‌كێكمان ئاره‌قی ده‌كرده‌وه‌ بۆنه‌كه‌ به‌سه‌ر ده‌موچاویدا ده‌هاته‌خواره‌وه‌، پێغه‌مبه‌ری خواش (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ده‌‌یبینی به‌ڵام رێی لێ نه‌ده‌گرتین».

   هه‌موو ئه‌مه‌ (به‌كارهێنانی بۆنی خۆش بۆ حاجی) پێش پۆشینی ئیحرامه‌كه‌یه‌ چونكه‌ وه‌كو ئیمامی نه‌وه‌وی ده‌فه‌رموێ: كۆڕا له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دوای پۆشینی ئیحرام به‌كارهێنانی عه‌تر شیاو نامێنێت.[5]

٣- پیاو شاڵ و په‌شته‌ماڵێكی سپی ده‌كاته‌ ئیحرام و ده‌یپۆشێت:

مه‌به‌ستم له‌ شاڵ پارچه‌ قوماشی نه‌دووراوه‌ كه ‌وه‌كو ملپێچ و ده‌سماڵ و چه‌فته‌ بێ دوورین ده‌پۆشرێن و به‌سه‌رشان و سنگ و پشتدا ده‌درێن،[6]مه‌به‌ست له ‌په‌شته‌ماڵیش ویزره‌یه‌ كه‌ به‌ ناوقه‌ددا ده‌هێنرێته‌وه‌ و له‌ ناوكه‌وه‌ تا خوار ئه‌ژنۆدا ده‌پۆشێت. ئیبنو عه‌بباس خوا لێیان ڕازی بێت ده‌فه‌رموێ: «انْطَلَقَ النَّبِيُّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ مِنَ المَدِينَةِ بَعْدَ مَا تَرَجَّلَ وادَّهَنَ وَلَبِسَ إزَارَهُ ورِدَاءَهُ هُوَ وأصْحَابُهُ»[7]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) پێش ئه‌وه‌ی ته‌شریفی له ‌مه‌دینه‌ بچێته ‌ده‌ره‌وه‌ قژی داهێناو چه‌وری كرد و په‌شته‌ماڵه‌كه‌ی پۆشی و شاڵه‌كه‌ی دا به‌سه‌ر شانیدا». هه‌ر ئیبنو عه‌بباس خوا لێیان رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمووی: «الْبَسُوا مِنْ ثِيَابِكُمْ الْبَيَاضَ فَإِنَّهَا مِنْ خَيْرِ ثِيَابِكُمْ، وَكَفِّنُوا فِيهَا مَوْتَاكُمْ»[8]؛ «پۆشاكی سپی بپۆشن، ئه‌و باشترین پۆشاكتانه‌ بیشیكه‌ن به‌ كفنی مردووه‌كانتان».

   به‌ڵام ئافره‌ت بۆی هه‌یه‌ هه‌موو جۆره‌ پۆشاكێک بپۆشێت، به‌ڵام نابێت په‌چه‌و ده‌سكێش به‌كار بهێنێت، واته‌ نیقاب ناكات (رووی داناپۆشێت). مه‌رجیش نییه‌ پۆشاكه‌که‌ی سپی بێت: «كَانَتْ عَائِشَةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْها تَلْبَسُ الثِّيَابَ الْمُعَصْفَرَة وَهِيَ مُحْرِمَةٌ»[9]؛ «خاتوو عایشه‌ خوا لێی رازی بێت له‌ ئیحرامدا بوو پۆشاكێكی زه‌ردكراوی تۆخی له‌به‌ردا بوو».

٤- نوێژ كردن له‌ دۆڵی عه‌قیق ئه‌گه‌ر له‌وێوه‌ رۆیشت:

«وادی العقیق» دۆڵێكه‌ چوار میل له‌ مه‌دینه‌وه ‌دووره،[10]‌  نزیكی گۆڕستانی به‌قیعه‌؛ سه‌یدنا عومه‌ر خوا لێی رازی بێت ده‌فه‌رموێ: له پێغه‌مبه‌ری خوام (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) بیست له دۆڵی عه‌قیق فه‌رمووی: «أَتَانِي اللَّيْلَةَ آتٍ مِنْ رَبِّي فَقَالَ صَلِّ فِي هَذَا الْوَادِي الْمُبَارَكِ وَقُلْ عُمْرَةً فِي حَجَّةٍ»[11]؛ «یه‌كێک ئه‌مشه‌و له ‌لای خوای گه‌وره‌وه‌ هاته‌ لام و پێی وتم: نوێژ له‌م دۆڵه‌ پیرۆزه‌دا بكه‌و بڵێ وا نیه‌تی عومره‌یه‌كم له‌گه‌ڵ حه‌جه‌كه‌مدا هێنا».

٥- نوێژ كردن له ‌مزگه‌وتی «ذو الحُلَيْفَة» ئه‌گه‌ر له‌وێوه ‌رۆیشت:

ئیبنوعومه‌ر خوا لێیان رازی بێت ده‌یفه‌رموو: «كَانَ النَّبِيُّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَرْكَعُ بِذِي الْحُلَيْفَةِ رَكْعَتَيْنِ»[12]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) كه ‌ده‌گه‌یشته‌ زولحوله‌یفه‌ دوو ركات نوێژی ده‌كرد». هه‌روه‌ها جابر خوا لێی ڕازی بێت ده‌گێڕێته‌وه:‌ «فَلَمَّا أَتَى ذَا الْحُلَيْفَةِ صَلَّى وَهُوَ صَامِتٌ حَتَّى أَتَى الْبَيْدَاءَ»[13]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) كه‌ گه‌یشته‌ زولحوله‌یفه‌ دوو ركات نوێژی كردو تا ته‌شریفی هێنایه‌ به‌یداء هه‌ر بێده‌نگ مایه‌وه»‌.

   ئیمامی نه‌وه‌وی (رحمه‌ الله) له ‌راڤه‌ی فه‌رمووده‌كه‌ی لای ئیبنوعومه‌ردا ده‌فه‌رموێ: ئه‌و دوو ركات نوێژه‌ په‌سه‌نده‌ بكرێت مادام ده‌یه‌وێت نییه‌تی حه‌ج و عومره‌ دابه‌ستێت، نوێژه‌كه‌ش پێش پۆشینی ئیحرامه‌كه‌یه‌ و سوننه‌ته‌؛ ئه‌وه‌ له‌ مه‌زهه‌بی ئێمه‌ و بۆچوونی هه‌موو زانایاندا وایه‌ هه‌ر چه‌نده‌ قازیی و شه‌رعناسی تریش له ‌حه‌سه‌نی به‌سرییه‌وه‌ گێڕاویانه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و نوێژه‌ سوننه‌تی دوای فه‌رز بووه‌ و جه‌نابی (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) كردوێتی. به‌ڵام راستتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ جمهور فه‌رموویانه‌ و زاهیری فه‌رمووده‌كه‌ش وا ده‌گه‌ێنێت.

   به‌ڵام شه‌رعناسانێكی تریش هه‌ن كه‌ فه‌رموویانه‌ ئه‌و دوو ركات نوێژه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئیحرامه‌كه‌وه‌ نه‌بووه‌، به ‌به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئیبنو سیمت (ابْنِ السِّمْطِ) خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه‌: «أَنَّهُ خَرَجَ مَعَ عُمَرَ إِلَى ذِي الْحُلَيْفَةِ فَصَلَّى رَكْعَتَيْنِ فَسَأَلْتُهُ عَنْ ذَلِكَ فَقَالَ إِنَّمَا أَصْنَعُ كَمَا رَأَيْتُ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ»[14]؛ «له ‌خزمه‌تی سه‌یدنا عومه‌ردا چووینه‌ زولحوله‌یفه‌ له‌وێ دوو ركات نوێژی كرد، لێم پرسی كه‌ چیه‌ و بۆچی؟ فه‌رمووی وا ده‌كه‌م كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوام (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) دیوه ‌كه‌ كردوێتی».

٦- دوای نوێژێكی فه‌رز یان سوننه‌ت نییه‌تی ئیحرامه‌كه‌ بهێنێت:

باشتر وایه‌ له‌ دوای نوێژی فه‌رز یان سوننه‌ت نییه‌تی حه‌ج و عومره‌كه‌ی بهێنێت و ئیحرام بپۆشێت. له‌به‌ر ئه‌و فه‌رموودانه‌ی پێشوو كه‌ ده‌یسه‌لمێنن پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) دوو ركات نوێژی كرد ئینجا ئیحرامی پۆشی، به‌ڵام نوێژه‌كه‌ی په‌یوه‌ندی به ‌ئیحرام پۆشینه‌وه‌كه ‌نه‌بووه‌. ئیبنو عه‌بباس خوا لێیان رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه:‌ «أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ صَلَّى الظُّهْرَ بِذِي الْحُلَيْفَةِ ثُمَّ دَعَا بِبَدَنَةٍ‌. فَلَمَّا قَعَدَ عَلَيْهَا وَاسْتَوَتْ بِهِ عَلَى الْبَيْدَاءِ أَهَلَّ بِالْحَجِّ»[15]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) نوێژی نیوه‌ڕۆی له ‌زولحوله‌یفه‌ كرد. پاشان داوای كرد وشترێکی بۆ بهێنن. دواتر كه‌ سواری حوشتره‌كه‌ی بوو، گه‌یشته‌ به‌یداء نییه‌تی حه‌ج كردنه‌كه‌ی هێنا». دیاره‌ ئه‌م نوێژه ‌كه‌ جه‌نابی (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) له‌ زولحوله‌یفه‌دا كردوێتی فه‌رزی نیوه‌ڕۆ بووه‌، چونكه‌ فه‌رمووده‌ی سه‌حیحی تر ده‌یسه‌لمێنێت كه‌ نوێژی سه‌فه‌ری له‌وێ كردووه‌، واته‌ دوو ركاتی. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌ی ئه‌م بۆچوونه‌یه‌ كه‌ فه‌رمووی: «أَتَانِي اللَّيْلَةَ آتٍ مِنْ رَبِّي فَقَالَ صَلِّ فِي هَذَا الْوَادِي الْمُبَارَكِ وَقُلْ عُمْرَةً فِي حَجَّةٍ»[16]. ئه‌م نوێژه‌شیان ده‌شێت فه‌رزه‌كه‌ بووبێت كه‌ دووڕكات كردوێتی، هه‌روه‌كو كه‌ ده‌شێت سووننه‌تیش بێت و له‌به‌ر ئه‌و فه‌رمانه‌ له‌وێ كردبێتی.

   شێخولئیسلام ئیبنوته‌یمییه‌ ره‌حمه‌تی خوای لێبێت ده‌فه‌رموێ: «هه‌ر كه‌سێک كه ‌نوێژی فه‌رزێكی كرد با ئیحرام دوای ئه‌و بپۆشێت، نوێژی تایبه‌ت به‌ ئیحرام به‌ستن نییه».[17]

٧- ته‌سبیحات كردن پێش نییه‌تی ئیحرام به‌ستن:

واته‌ پێش ئه‌وه‌ی ئیحرام ببه‌ستێت -با‌ سواریش بێت -‌ بڵێت: «الْحَمْدُ لِلَّه» و «سُبْحَانَ اللَّه» و «اللَّهُ أَكْبَر»؛ چونكه‌ ئه‌نه‌س خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه‌: «ثُمَّ رَكِبَ حَتَّى إِذَا اسْتَوَتْ بِهِ عَلَى الْبَيْدَاءِ حَمِدَ اللَّهَ وَسَبَّحَ وَكَبَّرَ ثُمَّ أَهَلَّ بِحَجٍّ وَعُمْرَةٍ»[18]؛ «پاشان سواری حوشتره‌كه‌ی بوو گه‌ گه‌یاندییه‌ ناوچه‌ی به‌یداء سوپاس و ستایشی خوای كرد، هه‌روه‌ها ئه‌م زیکرانه‌ی «الْحَمْدُ لِلَّه» و «سُبْحَانَ اللَّه» و «اللَّهُ أَكْبَر» فه‌رموو، پاشان نییه‌تی حه‌ج و عومره‌كه‌ی هێنا».

٨- روو كردنه‌ قیبله ‌له ‌كاتی نییه‌تی ئیحرامدا:

نافیع ده‌گێڕێته‌وه‌: «كَانَ ابْنُ عُمَرَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهما إِذَا صَلَّى بِالْغَدَاةِ بِذِي الْحُلَيْفَةِ أَمَرَ بِرَاحِلَتِهِ فَرُحِلَتْ ثُمَّ رَكِبَ، فَإِذَا اسْتَوَتْ بِهِ اسْتَقْبَلَ الْقِبْلَةَ قَائِمًا... وَزَعَمَ أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَعَلَ ذَلِكَ»[19]؛ «ئیبنوعومه‌ر خوا لێیان رازی بێت كاتێک نوێژی نیوه‌ڕۆی له‌ زیلحو‌له‌یفه ‌ده‌كرد، فه‌رمانی ده‌دا سوارییه‌كه‌یان بۆ ده‌هێنا سوار ده‌بوو، پاشان رووی ده‌كرد قیبله‌ و ته‌لبیه‌‌‌ی ده‌كرد... ده‌یفه‌رموو چونكه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) وای كردووه»‌.

٩- ته‌لبیه‌ كردن به‌ ده‌نگی بڵند:

سائیبی كوڕی خه‌للاد خوا لێی ڕازی بێت ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمووی: «جَاءَنِي جِبْرِيلُ فَقَالَ لِي يَا مُحَمَّدُ مُرْ أَصْحَابَكَ أَنْ يَرْفَعُوا أَصْوَاتَهُمْ بِالتَّلْبِيَةِ»[20]؛ «جبریل هاته‌ لام و فه‌رمووی: ئه‌رێ موحه‌ممه‌د به‌ یاوه‌رانت بفه‌رموو با ته‌لبیه‌كه‌ به‌ ده‌نگی به‌رز بڵێنه‌وه»‌. جمهوری شه‌رعناسان ده‌فه‌رموون ده‌نگ بڵندكردن سوننه‌ته،‌ به‌ڵام زاهیرییه‌كان ده‌فه‌رموون[21]  فه‌رزه، چونكه‌ جابری كوڕی عه‌بدوڵڵا و ئه‌بو سه‌عیدی خودری خوا لێیان رازی بێت ده‌فه‌رموون: «قَدِمْنَا مَعَ النَّبِيِّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ وَنَحْنُ نَصْرُخُ بِالْحَجِّ صُرَاخًا»[22]؛ «له ‌حه‌ج له ‌خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوادا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) بووین له ‌ته‌لبیه‌ كردنه‌كه‌دا هاوارمان ده‌كرد».

ته‌لبیه کردنی ئافره‌تان:

شه‌رعناسان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆن كه‌ ئافره‌تان هه‌ر خۆیان ته‌لبیه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن و كه‌س له‌ جیاتی ئه‌وان نایكاته‌وه،[23] زۆرینه‌شیان رایان وایه‌ كه‌ له ‌ته‌لبیه‌ كردنیدا ده‌نگی بڵند ناكات،[24] چونكه‌ پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) له‌ راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی ئیمامی نوێژدا له ‌لایه‌ن مه‌ئموومه‌كانیه‌وه‌ فه‌رمووی پیاوان به ‌«سبحان‌ الله» كردن و ئافره‌تان به‌ چه‌پڵه‌ لێدان (ده‌ستی راستی به ‌پشتی ده‌ستی چه‌پی ده‌كێشێت یه‌ك جار یان دووجار» (التَّسْبِيحُ لِلرِّجَالِ وَالتَّصْفِيحُ لِلنِّسَاءِ)[25]، ده‌ی که واته ئافره‌ت که بۆی نه‌بێت بۆ راست کردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی ئیمام ده‌نگ به‌رز کاته‌وه بۆ ته‌لبیه کردنیش هه‌ر ده‌نگی به‌رز ناکاته‌وه. هه‌روه‌ها فه‌رموویانه‌ چونكه‌ به ‌گشتی ده‌شێت ده‌نگی ئافره‌ت زیاتر سه‌رنج راكێشێت. هه‌ندێكیشیان ریوایه‌تێكیان كردووه‌ به ‌به‌ڵگه ‌كه‌ زه‌عیفه‌، ده‌فه‌رموێ: «لا تَصْعَدُ الْمَرْأَةُ فَوْقَ الصَّفَا وَالْمَرْوَةِ، وَلا تَرْفَعُ صَوْتَهَا بِالتَّلْبِيَةِ»[26]؛ «ئافره‌ت نه ‌ده‌چێته‌ سه‌ر سه‌فاو مه‌ڕوه‌و نه ‌ده‌نگیشی له ‌ته‌لبیه‌ كردند بڵند ده‌كات».

   به‌ڵام شه‌رعناسانێكی تر فه‌رموویانه ده‌نگ بڵند كردن بۆ ئافره‌تانیش شیاوه‌ چونكه‌ خاتوو عائیشه‌ خوا لێی رازی بێت وای كردووه‌؛ به‌ڵگه‌یان ئه‌مانه‌ن

الف- عه‌بدوڕڕه‌‌حمانی كوڕی قاسمی كوڕی موحه‌ممه‌دی كوڕی سه‌یدنا ئه‌بو به‌كر خوا لێیان رازی بێت گێڕاوێتیه‌وه‌: شه‌وێكی حه‌ج موعاویه‌ی كوڕی ئه‌بوسوفیان خوا لێیان رازی بێت گوێی له ‌ته‌لبیه‌ كردنی ئافره‌تێک بوو به‌ ده‌نگی به‌رز، پرسی كێیه‌؟ عه‌رزیان كرد خاتوو عائیشه‌یه‌، له‌ ته‌نعیمه‌وه‌ نییه‌تی عومره‌ی هێناوه‌. دواتر ئه‌مه‌یان بۆ خاتوو عائیشه‌ گێڕایه‌وه‌، فه‌رمووی «لَوْ سَأَلَني لأَخْبَرْتُه»[27]؛ «ئه‌گه‌ر لێی بپرسیمایه‌، وه‌ڵامیم ده‌دایه‌وه»‌ (كه ‌جائیزه‌).

ب- فه‌رمووده‌ی «جَاءَنِي جِبْرِيلُ فَقَالَ لِي يَا مُحَمَّدُ مُرْ أَصْحَابَكَ أَنْ يَرْفَعُوا أَصْوَاتَهُمْ بِالتَّلْبِيَةِ» گشتییه‌ و جیاوازی پیاو و ئافره‌تی تێدا نییه‌، خاتو عائیشه‌ش له‌مه‌ گه‌یشتووه‌ كه ‌پیاو و ئافره‌ت ده‌گرێته‌وه‌.

ج- هه‌ندێ كه‌س به‌ بێ به‌ڵگه‌ پێی وایه‌ ئافره‌ت بۆی نییه ده‌نگ به‌رز بکاته‌وه چونكه‌ ده‌نگیان عه‌وره‌ته‌ و نابێت پیاوان بیبستن، ئه‌مه‌ وانییه‌؛ ئیمامی ئیبنو حه‌زم ده‌فه‌رموێ: خۆ خه‌ڵكی هه‌موو گوێیان له ‌ده‌نگی ژنه‌كانی پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ده‌بوو، كه‌س راجوێیی له‌سه‌ر شیاوێتییه‌كه‌ی نه‌بووه‌.[28]

   پێم وا نییه‌ ئافره‌تانی یاوه‌ران و تابیعین کاتی ته‌لبیه ده‌نگیان زۆر به‌رز كردبێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر وا بوایه‌ به ‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌یان ریوایه‌تی له‌سه‌ر ده‌بوو، به‌ڵام دیاره‌ هه‌ر وه‌كو ئیمامی ئیبنوته‌یمیه‌ ده‌فه‌رموێ: ئه‌وه‌نده‌ ده‌نگی به‌رز ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌سته‌ خوشكه‌كه‌ی ته‌نیشتی گوێی لێبێت.[29]

خاڵێکی گرنگی تر ده‌رباره‌ی ئافره‌تان ئه‌ویه که ئه‌وی له ‌سووڕی مانگانه‌و زه‌یستانیشدایه‌ هه‌ر ته‌لبیه‌ ده‌كات؛ كاتێک خاتوو عائیشه‌ خوا لێی رازی بێت له ‌كاتی حه‌جدا سووڕی مانگانه‌ی بۆ هات پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) پێی فه‌رموو: «افْعَلِي مَا يَفْعَلُ الحَاجُّ غَيْرَ أَنْ لَا تَطُوفِي بِالبَيْتِ»[30]؛ «هه‌موو ئه‌وانه‌ بكه‌ كه‌ حاجی ده‌یكه‌ن جگه‌ له‌ ته‌واف». به‌ڵام بێگومان په‌سه‌ندتره‌ كه‌ دوای غوسڵ ده‌رکردنی بێت.[31]

 



[1]. ترمذي: ٨٣١؛ حه‌سه‌نه (صحيح فقه‌ السنة: ٢/١٩٠).

[2]. موسليم: 1218؛ ئه‌بو داوود: 1905؛ ئيبنو ماجه:‌ 3074؛ دارمی: 1850.

[3]. بوخاری: ١٥٣٩؛ موسليم: ١١٨٩.

[4]. ئه‌بوداوود: ١٨٣٠؛ به‌يهه‌قی:٥/٤٨؛ سه‌حيحه‌ (صحيح فقه‌ السنة: ٢/١٩٠).

[5]. المجموع: ٧/٢٧٠.

[6]. وه‌كو چادری ئه‌فغانی و به‌لووچی كه‌ ده‌یده‌ن به‌سه‌ر شانیانداو له ‌به‌كارهێناندا شان و پشت و سینه‌ی پێ داده‌پۆشن.

[7]. ئه‌بوداوود: ٣٨٦٠؛ ترمزی: ٩٩٩؛ سه‌حيحه‌ (صحيح فقه‌ السنة: ٢/١٩١).

[8]. بوخاری: ٥/١٥٤.

[9]. ئیمامی ئیبنو حه‌جه‌ر له‌ (فتح الباری: ٣/٤٠٥)‍دا ده‌فه‌رموێ: سه‌عیدی كوڕی مه‌نسوور (مامۆستای ئیمامی موسلیم) هێناوێتیه‌وه‌، سه‌نه‌دیشی سه‌حیحه‌.

[10]. فتح الباري: ٣/٤٥٩.

[11]. بوخاری: ١٥٤٣.

[12]. موسليم: ١١٨٤.

[13]. نه‌سائی: ٢٧٥٦؛ حه‌سه‌نه‌ (صحیح فقه‌ السنة:‌ ٢/١٩١).

[14]. ئه‌حمه‌د: ٢٠٢؛ حه‌سه‌نه‌ (صحيح فقه‌ السنة: ٢/١٩٢).

[15]. ئه‌بوداوود: ١٧٥٢؛ ئه‌حمه‌د: ٢٩٨٢؛ داریمی: ١٩١٢؛ حه‌سه‌نه‌ (صحیح فقه‌ السنة:‌ ٢/١٩٢).

[16]. بوخاری: ١٥٣٤؛ ئه‌بو داوود: ١٧٨٣؛ ئيبنو ماجه: ٢٩٧٦.

[17]. مجموع الفتاوى: ٢٦/١٠٨؛ المحلى: ٧/٩٠.

[18]. بوخاری: ١٥٥١؛ ئه‌بوداوود: ١٧٧٩.

[19]. بوخاری: ١٥٥٣.

[20]. ئه‌بوداوود: ١١٩٧؛ ترمزی: ٨٣٠؛ نه‌سائی: ٥/١٦٢؛ ئيبنو ماجه: ٢٩٢٢؛  سحيحه (صحيح فقه السنة: ٢/١٩٣).

[21]. حاشية السندي على النسائی: ٥/١٦٥.

[22]. موسليم: ١١٤٨.

[23]. ترمزی: ٨٤٩.

[24]. الام: ٢/١٣٣؛ المغني: ٣/٣٣٠؛ جامع أحكام النساء: ٢/٤٩٩.

[25]. ئه‌حمه‌د: ٧٢٣٨.

[26]. به‌يهه‌قی، السنن: ٥/٤٦؛ به‌ڵام زه‌عيفه‌ (صحيح فقه‌ السنة: ٢/١٩٣).

[27]. ابن ابي شيبة، المصنف: ١/٤/٣٨٩؛ سهحيحه (صحيح فقه‌ السنة: ٢/١٩٤).

[28]. المحلى: ٧/٩٣.

[29]. مجموع الفتاوى: ٢٦/١١٥.

[30]. بوخاری: ٢٩٤؛ موسليم: ١٢١١.

[31]. الأم: ٢/١٣٤.