گومانی تێدا نییه كه هه‌موو موسوڵمانێكی سه‌رڕاست سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌وا حه‌ج بكات وه‌كو كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) كردوێتی تا قبوڵ بوونی مسۆگه‌رتر بێت و پاداشتی ته‌واوی له‌سه‌ر وه‌ربگرێت. له‌م سه‌رده‌مه‌دا سپاس بۆ خوا ره‌فتاره‌كانی حه‌ج هه‌مووی به وێنه‌و نه‌خشه‌و به زمانی جیاواز‌و چه‌ندین شێوه‌ی دیتراو نیشاندراون كه ده‌شێت حاجی له مۆبایله‌كه‌یدا خه‌زنیان بكات و هه‌نگاو به هه‌نگاو به پێی ئه‌و ببزوێت.
لێره‌شدا چاكتر وایه هه‌موو بزاوت و سكونه‌ته‌كانی حه‌ج كردن به شێوه‌ی خاڵ به‌خاڵ بخه‌ینه روو كه ده‌شێت خوێنه‌ر له‌سه‌ر كاغه‌زێكی خۆشی نه‌خشه‌ی شوێن و هاتوچۆكان بکێشێت تا باشتر لێی تێبگات.
یه‌كه‌م- پێش سه‌فه‌ری حه‌ج:
١- هه‌ر كه‌سێک له توانای حه‌ج كردنی خۆی دڵنیابوو، پێویسته ویستی بچێته سه‌رحه‌ج و خۆی بۆ ئاماده بكات:
الف- به گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رڕاستانه‌ی بۆ لای خوا (تۆبه‌كردن له هه‌موو گوناحێک و ئه‌نجامدانی فه‌رزه‌كانی ئیسلام).
ب- به گێڕانه‌وه‌ی سامانی دزراو یان زه‌وتكراو یان خوازراوی خه‌ڵكی ئه‌گه‌ر ده‌یزانی خاوه‌نه‌كانیان له كوێن و ئه‌م ده‌ستی ده‌یانگاتێ و كێشه‌ی لێوه په‌یدا نابێت، ده‌نا با به كه‌سێكدا بۆیان بنێرێته‌وه بێ ئه‌وه‌ی بڵێن لای كێ بووه. ئه‌گه‌ر مافی غه‌یره‌ماددی خه‌ڵكی له‌سه‌ر بوو با ئاشتیان كاته‌وه و داوای لێبوردن و گه‌ردن‌ئازادییان لێبكات.
ج- دڵنیا بێت له‌وه‌ی كه قه‌رزی كه‌سی لانه‌ماوه و پشكی پاره‌و بژێویی و سامانی ئه‌وه‌نده‌ی بۆ ماڵ و منداڵی جێهێشتووه كه تا دێته‌وه لایان به‌شیان بكات.
د- داوای گه‌ردن ئازادی له كه‌سوكاری نزیكی بكات و بۆ دواجاریش دیسان له دایک و باوكی بكاته‌وه.
٢- پێداچوونه‌وه‌یه‌كی سه‌رچاوه‌ی پاره‌و مه‌سروفاتی حه‌جه‌كه‌ی بكاته‌وه كه له حه‌ڵاڵه‌وه هاتووه، ئه‌وی جێگومانێتی با لایدات و حه‌ڵاڵی بهێنێته جێ، ئه‌گه‌ر نه‌یبوو خه‌می نه‌بێت حه‌جه‌كه‌ی هه‌ر دروسته.
٣- بزانێت له‌گه‌ڵ كێدا سه‌فه‌ری حه‌جه‌كه‌ی ده‌كات. تا بۆی ده‌لوێت با له گه‌ڵ كه‌سانی خواناس ودیندارو قیامه‌تیدا بێت كه به‌رده‌وام خواپه‌رستیی بیر بخه‌نه‌وه. زه‌رووره بزانێت كێ له كاروانه‌كه‌یاندا مه‌لاو زانا‌و شه‌رعناسه یان حه‌جی پێشتر كردووه یان رێنمایی حه‌ج‌كردنی پێیه با لێی نزیک بێت.
٤- ئه‌گه‌ر مۆبایلی هه‌یه با پێی بێت و ژماره ته‌له‌فونی چه‌ندین مه‌لاو رێنیشانده‌ریی شه‌ر‌عناسی تێدابێت تا بتوانێت بۆ هه‌موو لێ تێكچوونێک په‌یوه‌ندییان پێوه بكات. هه‌روه‌ها ژماره ته‌له‌فۆنی مه‌ڵبه‌نده‌كانی رێنیشاندانی حاجییان له عه‌ره‌بستان.
٥- له سه‌فه‌ره‌كه‌یدا زیاتر سووربێت له‌سه‌ر ئاداب و ره‌فتارو ره‌وشتی ئیسلامی پارسه‌نگ و له خزمه‌ت و بیرخستنه‌وه‌ی هاوڕێیانی حه‌جه‌كه‌یدا بێت، نه‌بادا تووشی هه‌واو فیزو هه‌ڕاڵی و ئیره‌یی ببێت.
دووه‌م- ئیحرام پۆشین:
٦- كه گه‌یشته میقات (شوێن و كاتی ده‌سپێكی حه‌ج كردن)ی خۆی، جلوبه‌رگه‌كه‌ی داكه‌نێت دوای غوسڵ ده‌ركردنی وه‌كو غوسڵ ده‌ركردن له جه‌نابه‌ت (له‌ش پیسی)، بۆنی خۆش له سه‌رو ریش و جه‌سته‌ی بدات (نه‌ک له پۆشاکی ئیحرامه‌كه)، گرنگ نییه دواتر بۆنه‌كه بكه‌وێته سه‌ر ئیحرامه‌كه‌ی یان به‌رده‌وام به به‌ده‌نیه‌وه بمێنێته‌وه. ئه‌وه بۆ هه‌ردوو توخمه‌كه‌یه (پیاو و ژن).
٧- دوای غوسڵ و خۆ بۆنخۆش كردن به‌رگی تایبه‌تی ئیحرام ده‌پۆشێت (بۆ پیاوان)، ئافره‌تانیش بۆیان هه‌یه هه‌موو جۆره پۆشاكێک بپۆشن مادام مه‌رجی شیاوێتی پێوه بێت (واته ته‌نگ و ته‌سک نه‌بێت و ره‌نگێكی وا زه‌ق نه‌بێت له دووره‌وه سه‌رنج راكێشێت، هه‌روه‌ها له پۆشاكی كافران و سه‌رلێشێواوانی (هونه‌ر!) نه‌بێت).
٨- ئه‌گه‌ر كاتی نوێژی فه‌رز بوو نوێژه‌كه‌ی بكات، ئه‌گه‌ر كاتی فه‌رز نه‌بوو دوو ركات سوننه‌تی ده‌ستنۆێژ بكات.
٩- كه له نوێژ ته‌واو بوو نییه‌تی عومره كردن بهێنێت ئه‌گه‌ر پێش مه‌راسیمی حه‌جه‌كه‌ی عومره ده‌کات. ئینجا سواری سه‌یاره یان سوارییه‌كه‌ی ببێته‌وه‌و روو له قیبله «اللَّهُ أَكْبَر» و «الْحَمْدُ لِلَّه» بكات و بڵێ «لَبَّيْكَ اللَّهُمَّ عُمْرَةً» واته خوایه وا به نیازی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی تۆ عومره‌یه‌ک ده‌كه‌م.
١٠- به‌رده‌وام ته‌لبیه ده‌كات؛ واته وتنی: «لَبَّيْكَ اللَّهُمَّ لَبَّيْكَ لَبَّيْكَ لَا شَرِيكَ لَكَ لَبَّيْكَ، إِنَّ الْحَمْدَ وَالنِّعْمَةَ لَكَ وَالْمُلْكَ لَا شَرِيكَ لَكَ». پیاو به ده‌نگی به‌رز ده‌یڵێت و ئافره‌تیش به ده‌نگی نزم وا كه كه‌سێكی ته‌نیشتی گوێی لێی بێت.
١١- هه‌وڵ بدات ده‌م و زمانی به‌م ته‌لبیه پاراو بێت، كه ئه‌می نه‌وت زیكری تر بكات وه‌كو «سُبْحَانَ اللَّهِ» و «الْحَمْدُ لِلَّهِ» و «لا إلَهَ إِلاَّ اللهُ وَحْدَهُ لا شَرِيكَ لَهُ» و «أسْتَغفِرُ اللهَ» و «اللَّهُ أَكْبَر». ته‌نها له كاتی ته‌وافی كه‌عبه‌دا ته‌لبیه نه‌ڵێت ئه‌مما له هه‌موو كاتێكی تری‌دا چاكه‌و خێره. ئافره‌ت له حه‌یز (سوڕی مانگانه)شدا بێت هه‌ر ده‌توانێت ئه‌م زیكرانه بكات.
سێیه‌م- داخڵبوونی مه‌ككه و ته‌وافی كه‌عبه:
١٢- هه‌ر كه گه‌یشته مه‌ككه خێرا خۆی بگه‌یێنێته كه‌عبه‌و خۆی بگه‌یێنێته به‌رده‌ڕه‌ش (الحَجَر الْأَسْوَد) و ده‌ستی راستی پێدا بهێنێت و هه‌وڵ بدات ماچی بكات ئه‌گه‌ر زه‌حمه‌ت نه‌بوو، ئه‌گه‌ر نا هه‌ر ده‌ستی لێدات و ده‌ستی خۆی ماچ بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌میش زه‌حمه‌ت بوو هه‌ر له دووره‌وه به ده‌ستی راستی ئاماژه بۆ به‌رده‌ڕه‌شه بكات و «اللَّهُ أَكْبَر» بڵێ، ئه‌مه‌نده به‌سه‌و جێ ده‌گرێت، پێویستیش نییه ده‌ستی ئاماژه كردنه‌كه‌ی خۆی ماچ كات. زه‌روورییه ئه‌وه ره‌چاو كات كه له‌به‌ر خاتری ماچكردنی به‌رده‌ڕه‌ش خه‌ڵكی ئازار نه‌دات و نه‌كه‌وێته شه‌ڕه‌پاڵ. ئه‌گه‌ر گه‌یشتبووه به‌رده‌كه‌و ماچی كردبوو یان ده‌ستی لێدابوو با خێرا بێته‌وه دوواوه و رێ بۆ خه‌ڵكی تر بكاته‌وه، خۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ش وه‌كو ئه‌و موسوڵمانن و بۆ ماچكردنی به‌رده‌ڕه‌ش هاتوون.
١٣- ئینجا وا بووه‌ستێت كه به‌رده‌ڕه‌شی كه‌عبه كه‌وتبێته ده‌ستی چه‌پی و ده‌ست بكات به ته‌واف كردن واته سووڕانه‌وه به ده‌وری كه‌عبه‌دا، به‌رده‌ڕه‌ش سه‌ره‌تای ده‌سپێكی ته‌وافه، كه گه‌یشته نێوان به‌رده‌ڕه‌ش و روكنی یه‌مانی سوننه‌ته ئه‌م دوعا قورئانییه بكات: «رَبَّنَا آتِنَا فِي الدُّنْيَا حَسَنَةً وَفِي الآخِرَةِ حَسَنَةً وَقِنَا عَذَابَ النَّارِ» [البقرة: ٢٠١]؛ «خوایه له دنیا و رۆژیی دواییدا چاكه‌مان به نسیب بكه و له سزای ئاگری دۆزه‌خ لامانده». ئه‌گه‌ر ئاوا به ده‌وری كه‌عبه‌دا سووڕایه‌وه و گه‌یشته‌وه ئاستی به‌رده‌ڕه‌ش ئه‌وه جارێكی ته‌واف كرد، ئینجا هه‌ر ئاوا ته‌واف ده‌كات تا حه‌وت جار ته‌واو ده‌بێت.
١٤- پیاو ده‌بێت له كاتی ته‌واف كردنیدا پارچه‌ی یه‌كه‌می ئیحرامه‌كه‌ی بكاته په‌شته‌ماڵ و له ناوكیه‌وه تا ئه‌ژنۆی پێ دابپۆشێت، پارچه‌ی دووه‌میش لكی یه‌كه‌می بخاته سه‌رشانی چه‌پی و باقیه‌كه‌ی تری به‌سه‌ر شان و ملیداو به‌ین باڵی راستیدا بهێنێته‌وه بۆ لای لكی دووه‌م و كۆتایی هه‌ردوو لكه‌كه له‌سه‌ر شانی چه‌پی ده‌بن (ئه‌مه پێی ده‌وترێت «الاضطباع» و له ته‌وافێکدا سوننه‌ته که له پاشیدا سه‌عیی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه بکات ).
١٥- له سێ جار ته‌وافی یه‌كه‌مینیدا (یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌م ته‌واف) خێرا ده‌ڕوات و له چوار جاره‌كه‌ی تردا رۆیشتنی ئاسایی.
١٦- كه ته‌وافی ته‌واو كرد ده‌چێته پشت مه‌قامی ئیبراهیمه‌وه (عَلَیه السَّلَام) و دوو ركات نوێژ ده‌كات؛ واته مه‌قام له نێوان خۆی و كه‌عبه‌دا ده‌بێت، هه‌ردوو سوره‌تی «قُلْ يَا أَيُّهَا الْكَافِرُونَ» و «قُلْ هُوَ اللَّهُ أَحَدٌ»یان تێدا ده‌خوێنێت.
١٧- ئینجا ده‌چێته سه‌ر ئاوی زه‌مزه‌م و لێی ده‌خواته‌وه‌و به سه‌ر سه‌ری خۆییدا ده‌كات.
١٨- پاشان ده‌گه‌ڕێته‌وه لای به‌رده‌ڕه‌ش و به هه‌مان شێوه‌ی پێشوو هه‌وڵ ده‌دات ماچی بكات، ئه‌گه‌ر نا هه‌ر ده‌ستی پێدا ده‌هێنێت و ده‌ستی ماچ ده‌كات، ئه‌گه‌ر نا هه‌ر له دووره‌وه ده‌ستی راستی بۆ راده‌كێشێت و «اللَّهُ أَكْبَر» ده‌كات.
چواره‌م- هه‌روه‌له‌ی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه:[1]
١٩- سه‌فاو مه‌ڕوه دوو ته‌پۆڵكه (گردی نزم و بچووک) بوون، حاجی دوای خواردنه‌وه‌ی ئاوی زه‌مزه‌م و ماچكردنه‌وه‌ی به‌رده‌ڕه‌ش دێته ئێره؛ سه‌ره‌تا ده‌چێته سه‌فاو ئه‌م ئایه‌ته ده‌خوێنێت: «إِنَّ الصَّفَا وَالْمَرْوَةَ مِن شَعَائِرِ اللَّهِ» [البقرة: ١٥٨]؛ «سه‌فاو مه‌ڕوه دوو دروشمی تایبه‌ت به خوا په‌رستین».
٢٠- سه‌ر ده‌كه‌وێته سه‌ر سه‌فا تا كه‌عبه‌ی لێوه دیار ده‌بێت، روو ده‌كاته قیبله‌و سێ جار ده‌ڵێ «لا إلَهَ إِلاَّ اللهُ وَحْدَهُ لا شَرِيكَ لَهُ، لَهُ الْمُلْكُ وَلَهُ الْحَمْدُ، وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ، لا اِلـهَ إِلاَّ اللهُ وَحْدَهُ، اَنْجَزَ وَعْدَهُ وَنَصَرَ عَبْدَهُ، وَهَزَمَ الأحْزابَ وَحْدَهُ»، چه‌ندیش بخوازێت دوعا بۆ خۆی و دایک و باوک و كه‌س‌وكارو دڵسۆزانی ده‌كات.
٢١- پاشان به رۆیشتنی ئاسایی له سه‌فا دێته خواره‌وه و له نێوان دوو عه‌له‌مه سه‌وزه دیاریكراوه‌كه‌دا پیاو ده‌بێت به هه‌روه‌له مه‌سافه‌كه ببڕێت (پیاو نه‌ک ئافره‌ت).
٢٢- كه ده‌گاته ته‌پۆڵكه‌ی مه‌ڕوه هه‌ر به هه‌مان شێوه‌ی سه‌فا سه‌رده‌كه‌وێته سه‌ره‌وه‌و روو له قیبله ئه‌و زیكر‌و دوعایانه ده‌كاته‌وه؛ ئه‌مه یه‌ک جار رۆیشتنی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه‌یه. ئینجا له مه‌ڕوه‌وه به هه‌مان شێوه‌ی رۆیشتن و هه‌ڕوه‌له ده‌چێته‌وه بۆ سه‌فا؛ ئه‌مه دووه‌م رۆیشتن. تا حه‌وت جار ته‌واو ده‌كات (چوون جارێکه‌و و هاتنه‌وه‌ش جارێکی تره).
پێنجه‌م- رۆژی تێرئاوبوون (ته‌رویه):
٢٣- رۆژی هه‌شته‌می زیلحیججه پێی ده‌وترێت رۆژی تێرئاوبوون (چونكه شوێنه‌كانی حه‌ج كه له‌وێوه حاجی ده‌چوون بۆیان ئاوی لێ نه‌بوو، لێره تێرئاو ده‌بوون و ده‌ڕۆیشتن)، له‌م رۆژه‌دا حاجی كه له مه‌ككه‌یه له‌و شوێنه‌ی كه لێیه‌تی ئیحرام ده‌پۆشێت و نیه‌تی حه‌جكردن ده‌هێنێت و به له‌فزیش ده‌ڵێ: «لَبَّيْكَ اللَّهُمَّ بِحَجَّةٍ»؛ «وا وه‌ڵامی بانگهێشته‌كه‌مم به حه‌ج كردن دایه‌وه»، ئه‌گه‌ر خه‌می ئه‌وه‌ی له‌به‌ر بوو كه ده‌شێت به‌ربه‌ستێكی بێته رێ و رێی ته‌واوكردنی حه‌جه‌كه‌ی لێ بگرێت، بۆی هه‌یه ئه‌م مه‌رجه بڵێ: «وَإِنْ حَبَسَنِيْ حَابِسٌ فَمَحِلِّيْ حَيْثُ حَبَسْتَنِيْ»؛ «ئه‌گه‌ر به‌ربه‌ستێک رێی لێگرتم، ئه‌و شوێنه كه وه‌ستاندمت لێی، بۆم ببێته‌وه به ده‌سپێک». ئه‌مه بۆ ئه‌وه‌یه له سه‌ره‌تاوه ده‌ست پێنه‌كاته‌وه.
٢٤- پاشان له چێشته‌نگاودا (نێوان خۆر به‌رزبوونه‌وه و لار بوونه‌وه‌ی نیوه‌ڕوانی) ده‌چێت بۆ مینا‌و نوێژی نیوه‌ڕۆ و عه‌سرو شێوان و خه‌وتنان و سپێده‌ی به‌یانی دواتر له‌وێ ده‌كات، كه‌وابوو شه‌و له‌وێ ده‌مێنێته‌وه.
شه‌شه‌م- رۆژی عه‌ره‌فه:[2]
٢٥-كه خۆری نۆیه‌م رۆژی ذیلحیججه ده‌ركه‌وت (له عه‌ره‌فاته‌وه)، حاجییه‌كان ده‌بێ له میناوه بڕۆن بۆ عه‌ره‌فه، پێشتر له شوێنێک كه پێی ده‌ڵێن نه‌میره و پێش سنوری عه‌ره‌فه‌یه لاده‌ده‌ن بۆ حه‌وانه‌وه‌و خواپه‌رستی گشتی، تا نزیكی نوێژی نیوه‌ڕۆ له‌وێ ده‌بن.
٢٦- كه خۆر لار بۆوه‌و كاتی نوێژی نیوه‌ڕۆ هات، حاجییه‌كان نوێژی نیوه‌ڕۆو عه‌سریان به كورت و كۆ (قصر و جمع) ده‌كه‌ن كه دیاره كۆی پێشخستنه (جمع تقدیم)؛ یه‌ک بانگی بۆ ده‌درێت و دوو قامه‌تیان له‌گه‌ڵ ئیمامدا بۆ ده‌كرێت. ئه‌گه‌ر كه‌سێک به ته‌نها كردی هه‌روا كورت و كۆ ده‌یانكات، نوێژی سوننه‌تیان نه له پێشدا ده‌كرێت و نه له پاشانیش، نێوان دوو نوێژه‌كه‌ش زیكر‌و ته‌سبیحاتی تێدا نییه.
٢٧- له دوای نوێژه‌وه تا خۆر ئاوابوون بۆ دوعاكردن و پاڕانه‌وه لێ ده‌بڕێت، چونكه هه‌لی ته‌مه‌نه‌و كات و شوێنه‌كه هه‌لی ده‌سكه‌وتووی وه‌ڵامدانه‌وه و قبووڵ بوونی دوعان، به تایبه‌تی بۆ حاجی تۆبه‌كارو پاک و سه‌رڕاست. له دوعاكاندا روو له قیبله ده‌كاته‌وه، نه‌ک له كێوی عه‌ره‌فات؛ زه‌روورییه ئه‌مه بۆ حاجییه‌كان روون بكرێته‌وه چونكه كه‌عبه ماڵی خوایه و نوێژ به‌و گرنگییه‌یه‌وه رووی تێدا له‌وێ ده‌كرێت. خۆ عه‌ره‌فه گه‌وره‌ترو پیرۆزتر نییه له كه‌عبه‌و نه خوای گه‌وره و نه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) و نه یاوه‌رانیش له دوعایاندا روویان له عه‌ره‌فات نه‌كردوووه.
٢٨- كه خۆر ئاوا بوو، زۆر هێدیی و له‌سه‌رخۆ له كێوی عه‌ره‌فه دێته خواره‌وه و به‌ره‌و موزده‌لیفه ده‌كه‌وێته رێ.
حه‌وته‌م- چوونه موزده‌لیفه و شه‌ومانه‌وه له‌وێ:
٢٩- كه گه‌یشته موزده‌لیفه نوێژی شێوان و خه‌وتنان به كورت و كۆ (قصر وجمع) ده‌كات كه كۆی دواخستنه (جمع تأخیر)؛ یه‌ک بانگیان بۆ ده‌درێت و دوو قامه‌ت بۆ هه‌ردوو نوێژه‌كه ده‌كرێت.
٣٠- شه‌و له موزده‌لیفه ده‌خه‌وێت و شه‌ونوێژ ناكات.
٣١- سپێده‌ی به‌یانی زوو له‌گه‌ڵ هاتنی كاتی نوێژی به‌یانیدا نوێژه‌كه‌ی ده‌كات (بانگ و قامه‌تی بۆ ده‌كرێت) پاشان له‌سه‌ر كێوی مه‌شعه‌ری حه‌رام كه له موزده‌لیفه‌یه رووه‌و قیبله ده‌وه‌ستێت و زیكر‌و ته‌سبیحات ده‌كات و ده‌كه‌وێته دوعا‌و پاڕانه‌وه تا دنیا به ته‌واویی روناک ده‌بێته‌وه.
٣٢- ئافره‌تان و كه‌سانی پیرو بێ توانا بۆیان هه‌یه نیوه‌شه‌و كه مانگ (هه‌یڤ) ئاوا ده‌بێت له موزده‌لیفه بێنه خواره‌وه‌و به‌ره‌و مینا بڕۆن؛ واته مه‌رج نییه وه‌كو پیاوان و به تواناكان له موزده‌لیفه بمێننه‌وه تا سپێده‌ی به‌یانی.
هه‌شته‌م- رۆژی قوربانی:
الف- چوونه مینا‌و شه‌یتان ره‌جم كردن:[3]
33- سپێده دوای نوێژی به‌یانی و پێش خۆر هه‌ڵهاتن له موزده‌لیفه‌وه به‌ره‌و مینا ده‌كه‌وێته رێ، له دۆڵی موحه‌سسیر رۆیشتنه‌كه‌ی خێراتر ده‌كات.
34- كه ده‌گاته مینا، شوێن و ساتی شه‌یتان ره‌جم كردنه ئیتر ته‌لبیه كردن (وتنی لَبَّيْكَ اللَّهُمَّ..) ده‌وه‌ستێت و به حه‌وت به‌ردووچكه شه‌یتانی گه‌وره ره‌جم ده‌كات؛ یه‌ک له دوای یه‌ک به‌ردووچكه‌كان ده‌هاوێت و له‌گه‌ڵ هاویشتنی هه‌ر یه‌كێكیاندا ته‌كبیر (اللَّهُ أَكْبَر وتن) ده‌كات. ره‌جم كردنی رۆژی جه‌ژنی قوربان له دوای خۆرهه‌ڵهاتنه، یه‌كه‌مین شه‌یتانیش كه ره‌جم ده‌كرێت شه‌یتانی گه‌وره‌یه (ئه‌وه‌یانه كه له ته‌ره‌فی كه‌عبه‌وه یه‌كه‌مینه).
35- مه‌رجه حه‌وت به‌ردووچكه بێت؛ مه‌رجه به‌ردو چه‌و بێت، شتی تر ناشێت وه‌كو ته‌خته‌و دار‌و پێڵاو یان شتی به‌نرخی وه‌كو زێڕو ئه‌ڵماس. له مه‌سافه‌ی لانی كه‌م ١٦٧ مه‌تره‌وه یه‌ک یه‌ک ده‌یهاوێت، هه‌موو پێكه‌وه بهاوێت به یه‌ک به‌رد حسێب ده‌بێت. دواتر دێینه سه‌ر ته‌فسیلاتی ئه‌م خاڵانه (إِنْ شَاءَ اللَّه).
36- كه شه‌یتان ره‌جم كردنی ته‌واو كرد، ئیحرامی ده‌كاته‌وه‌و هه‌موو شتێكی حه‌ڵاڵ كه لێی قه‌ده‌غره كرابوو بۆ حه‌ڵاڵ ده‌بێته‌وه جگه له سه‌رجێی (جیماع) كردن، ئه‌مه كردنه‌وه‌ی یه‌كه‌می ئیحرامه كه بۆی هه‌یه هه‌موو پۆشاكێك ببۆشێت و نینۆكی بكات و بۆنی خۆش له خۆی بدات.
37- ئینجا قوربانییه‌كه‌ی (ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ی بۆ قوربانیكردن داینابوو) له مینا یان له مه‌ككه سه‌ر ده‌بڕێت. ماوه‌ی چوار رۆژه (رۆژی جه‌ژنی قوربان و سێ رۆژی دوایی) هه‌مووی بواری قوربانی كردنه، ئه‌گه‌ر پاره‌ی قوربانی كردنی نه‌بوو، سێ رۆژ له حه‌ج به‌ڕۆژوو ده‌بێت و حه‌وت رۆژیش كه گه‌ڕایه‌وه وڵات و ناو كه‌سوكاری خۆی.
38- ئینجا سه‌ری ده‌تاشێت. ئافره‌تیش كه‌مێک له قژی ده‌گرێت با به‌قه‌ده‌ر سه‌ره په‌نجه‌یه‌كیش بێت.
ب- گه‌ڕانه‌وه بۆ مه‌ككه و ئه‌نجامدانی ته‌وافی ئیفازه:
39- ده‌چێته‌وه بۆ كه‌عبه و حه‌وت جار ته‌وافی ده‌وری كه‌عبه ده‌كاته‌وه؛ ئه‌گه‌ر پاش ته‌وافی قودووم سه‌عیی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه‌ی نه‌کردبوو ئه‌وه پێویسته دوای ئه‌م ته‌وافه بیکات. كه ته‌وافی كرد ئیحرامیش ده‌كاته‌وه. كه ئیحرامیشی - دوای ته‌واف كردنه‌كه‌ی - كرده‌وه هه‌موو قه‌ده‌غه لێكراوه‌كانی بۆ جائیز ده‌بێته‌وه ته‌نانه‌ت سه‌رجێیی (جیماع) كردنیش؛ ئه‌مه ئیحرام كردنه‌وه‌ی كۆتایییه واته (التحلل الاكبر).
40- ئه‌گه‌ر ئافره‌تێک له كاتی ره‌فتاره‌كانی حه‌ج و عومره‌یدا سوڕی مانگانه‌ی بۆ هات (كه‌وته حه‌یزه‌وه) هه‌موو ره‌فتاره‌كانی حه‌ج و عومرهكهی ده‌كات جگه له ته‌واف كردنی كه‌عبه كه دوای ده‌خات بۆ كاتی پاكبوونه‌وه‌ی.
41- ئه‌گه‌ر نه‌یده‌توانی بمێنێته‌وه تا پاک ده‌بێته‌وه، وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كارواندایه‌و ده‌بێ فڕۆكه‌كه‌یان یان پاسه‌كه‌یان له فڵان كاتدا بكه‌وێته‌وه رێ، بۆی هه‌یه بچێت ته‌وافه‌كه‌ی بكات با به‌و حاڵه‌ته‌شیدا بێت چونكه له‌وه زیاتری پێنه‌كراوه.
ج- چوونه‌وه بۆ مینا:
42- پاشان دوای ته‌واف (ئه‌گه‌ر سه‌عییشی که‌گه‌ڵ بوو پاش ئه‌ویش) ده‌چێته‌وه بۆ مینا تا شه‌وانی ته‌شریق له‌وێ بمێنێته‌وه، واته شه‌وی یازده‌و دوازده‌و سێزده‌یه‌می مانگی زیلحیججه.
نۆیه‌م- رۆژانی ته‌شریق:
الف- شه‌یتان ره‌جم كردن (هه‌ر سێكیان) له یازده‌و دوازده‌ی مانگدا:
٤٣- دوای نیوه‌ڕۆی رۆژی یازده‌ی زیلحجه تا كاتی هاتنی شه‌و هه‌ر سێ شه‌یتانه‌كه ره‌جم ده‌كات، هه‌ر یه‌كه‌یان به حه‌وت به‌ردووچكه و له‌گه‌ڵ هاویشتنی هه‌ر به‌ردووچكه‌یه‌كیشیاندا ته‌كبیر (اللَّهُ أَكْبَر) ده‌كات. له شه‌یتانی بچووكه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات بۆ شه‌یتانی ناوه‌ند، ئینجا شه‌یتانی گه‌وره. ده‌بێ به‌ردووچكه‌كان بگه‌یه‌نێته میله‌كان (واته بكه‌وێته بازنه‌ی شه‌یتانه‌كانه‌وه!) چونكه ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێته ناویه‌وه حسێب ناكرێت.
٤٤- رۆژی دواتریش (دوازده‌ی زیلحیججه) به هه‌مان شێوه ده‌چێته‌وه‌و شه‌یتانه‌كان ره‌جم ده‌كاته‌وه. كه شه‌یتان ره‌جم كردن له رۆژی دوازده‌دا ته‌واو ده‌كات ده‌توانێت له مینا بێته خوارێ، ده‌شتوانێت شه‌وی سێزده‌ی زیلحیججه هه‌ر له‌وێ بمێنێته‌وه مانه‌وه‌شی چاكتره.
ب- شه‌یتان ره‌جم كردنه‌وه‌ی رۆژی سێزده‌ی مانگ:
٤٥- ئه‌گه‌ر بڕیاری دا شه‌و له مینا بمێنێته‌وه یان ئێواره‌ی به‌سه‌ردا هات و هه‌ر له‌وێ بوو، ده‌بێت شه‌وه‌كه هه‌ر له‌وێ بمێنێته‌وه و بۆ سبه‌ینێش (سێزده‌ی زیلحیججه) هه‌رسێ شه‌یتانه‌كه به‌هه‌مان شێوه‌ی ره‌جم كردنی پێشوویان ره‌جم بكاته‌وه.
ده‌یه‌م- ئیحرام دانانه‌وه:
٤٦- كه حاجی سه‌ری تاشی (یان کورتی کرده‌وه)، ته‌وافی روکنی (طواف الافاضة) کرد و شه‌یتانی ره‌جم کرد ئیتر له ئیحرام دێته ده‌ره‌وه.
٤٧- پۆشاکی ئیحرامه‌كه‌ی داده‌كه‌نێت و پۆشاكی ئاسایی خۆی له‌به‌ر ده‌كاته‌وه و هه‌موو شتێكی حه‌ڵاڵی پێش ئیحرامی بۆ حه‌ڵاڵ ده‌بێته‌وه، له خۆراک و پۆشاک و سه‌رجێیی (جیماع) كردن و... .
یازده‌یه‌م- ته‌وافی ماڵئاوایی:
٤٨- ئه‌گه‌ر حاجی حه‌ج و عومرهكهی ته‌واو كرد و ویستی بگه‌ڕێته‌وه ناو وڵات و كه‌س و كاریی ده‌بێت بچێته‌وه كه‌عبه‌و ته‌وافی ماڵئاوایی بكات. ئافره‌تانی خاوه‌ن عوزر (سوڕی مانگانه و زه‌یستانی) بۆیان هه‌یه بێ
ته‌واف كردنی ماڵئاوایی بگه‌ڕێنه‌وه؛ خوا لێیانی قبوڵ كردبێت إِنْ شَاءَ اللَّه.
٤٩- ئه‌گه‌ر حاجی خواستی زیاره‌تی مزگه‌وتی پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویست (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) بكات كه له مه‌دینه‌یه، بۆی هه‌یه و په‌سه‌نده، به‌ڵام بزانین كه ئه‌وه له مه‌راسیم و ره‌فتاره‌كانی حه‌ج نییه، خه‌ڵک خۆیان واده‌زانن له ریزی كاره‌كانی حه‌جه. هه‌یانه ئه‌وه‌نده ساده‌یه وا ده‌زانێت له‌به‌ر خاتری زیاره‌تی گۆڕی پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ده‌شچینه كه‌عبه!!.
٥٠- ئه‌گه‌ر كۆتایی به هه‌موو شتێک هێناو گه‌ڕایه‌وه وڵات و ناو كه‌س و كاریی خێرێكی گه‌وره‌یه مانگایه‌ک یان حوشترێک یان چه‌ند سه‌ر مه‌ڕێک سه‌ر بڕێت و گۆشته‌كه‌یان دابه‌شكات به‌سه‌ر هه‌ژارو نه‌داراندا؛ ئه‌گه‌ر هه‌یبوو ئه‌گه‌رنا ناچار نییه بیكات.
خوای په‌روه‌ردگاریش له هه‌مووتانی قبوڵ كات و به نسیبی ئێمه‌شی بکات؛ ئامین.
[1]. هه‌روه‌له عه‌ره‌بییه‌و له راستیدا له سه‌عی خێراتره، هه‌روه‌له به کوردی گورگه لۆقه‌یه كه ده‌سپێكی راكردن و غاردانه، به‌ڵام بۆ ئێره پێم جوان نه‌بوو بیكه‌مه وه‌سفی ئه‌و بزاوته خێرایه.
[2]. عه‌ره‌فه ناوی شاخێکی نزم وبچووكه كه ٢٦كم له مه‌ككه‌وه دووره، هه‌ر ئه‌مه‌یه كه پێی ده‌وترێت عه‌ره‌فات. رۆژی وه‌ستانی ئێره‌یه كه پێی ده‌وترێت عه‌ره‌فه. به‌ڵام كورد به رۆژی كۆتایی ره‌مه‌زانیش ده‌ڵێ عارفه واته عارفه رۆژه‌كه‌ی پێش هه‌ردوو جه‌ژنه‌كه‌یه!
[3]. له عه‌ره‌بیدا «رمي الجمرات»ه؛ به‌ردووچكه‌كان ده‌گرێته میلێک (ستون یان عه‌موودێک).