ده‌سپێكی حه‌جكردن (المواقیت)
ده‌سپێک هه‌مان میقاتی عه‌ره‌بییه (کۆکه‌ی: المواقیت)؛ له باسی حه‌جدا ده‌سپێک و میقات دووانه: کاتی ده‌سپێکی حه‌ج و شوێنی ده‌سپێکی حه‌ج.
بابه‌تی یه‌که‌م
كاتی ده‌سپێکی حه‌ج
ئه‌و كاته‌یه كه پێش ئه‌و ره‌فتاره‌كانی حه‌جی تێدا ناكرێت، به‌ڵكو ده‌بێت له نیه‌ت هێنان و ئیحرامه‌وه تا كۆتایی‌هاتنی حه‌ج كردن هه‌ر له‌و كاته‌دا بێت كه شه‌رع دیاری كردووه؛ خوای گه‌وره له دیاری كردنیدا فه‌رموویه‌تی: «الْحَجُّ أَشْهُرٌ مَّعْلُومَاتٌ فَمَن فَرَضَ فِيهِنَّ الْحَجَّ فَلاَ رَفَثَ وَلاَ فُسُوقَ وَلاَ جِدَالَ فِي الْحَجِّ» [البقرة: ١٩٧]؛ «حه‌ج كردن له چه‌ند مانگێكی دیاریكراودایه، هه‌ر كه‌سێک ئیحرامی حه‌ج كردنی پۆشی (داخڵی مه‌راسیمی حه‌ج كردن بوو) ئیتر بۆی نییه قسه‌ی سوعبه‌ت وگوناح و شه‌ڕه‌قسه دابمه‌زرێنێت، ئه‌وانه به هیچ شێوه‌یه‌ک نابێت له حه‌جدا هه‌بن». ئایه‌ته‌كه به‌ڵگه‌یه‌كی ئاشكرا‌و راشكاوه كه حه‌ج كردن له مانگی دیاریكراوی خۆیدا ده‌بێت بكرێت نه‌ک له هه‌موو ساڵه‌كه‌دا.
ئیحرام پۆشین پێش مانگه‌کانی حه‌ج:
ئه‌گه‌ر پێش مانگه‌كانی حه‌ج ئیحرامی پۆشی حوکمی چییه؟[1]
شه‌عبی و عه‌تاء ده‌فه‌رموون: هیچی له حه‌ج بۆ حسێب نییه، ئه‌مه‌ش بۆچوونی یاوه‌رانه.
ئیمامی ئه‌وزاعی و شافیعی ده‌فه‌رموون بۆی ده‌بێته عومره.
ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه و مالیک و ئه‌حمه‌د به په‌سه‌ندیان دانه‌ناوه‌و فه‌رموویانه ئه‌گه‌ر پێش ده‌سپێکی کات ئیحرامی به‌ست ده‌بێت پێوه‌ی پابه‌ند بێت تا حه‌جكردنه‌كه‌ی.
پێم وایه بۆچوونی یه‌كه‌م په‌سه‌ندتره؛ چونكه:
١- بۆچوونی یاوه‌رانه.
٢- بۆچوونه‌كانی تر له مانای گشتی ئایه‌ته‌كه دوورن.
٣- چۆن ده‌بێته عومره كه كابرا نییه‌تی عومره‌ی هه‌ر نه‌هێناوه؟ له کاتێکدا خواپه‌رستییه‌كان نییه‌تی خۆیان تایبه‌ته.
٤- هه‌روه‌كو كه ناشێت كه‌سێک نوێژی خه‌وتنان به رۆژ بكات یان به شه‌و به‌ڕۆژوو بێت، ئه‌میش وایه ناشێت كه‌سێک پێش ده‌سپێكی کاتی حه‌جكردنه ده‌ستی به‌حه‌ج كردبێت كه نیه‌ت و ئیحرام پۆشین سه‌ره‌تایه‌تی؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
مانگه‌كانی حه‌جكردن:
شه‌رعناسان له دیاریكردنی مانگه‌كانی حه‌جدا بوون به سێ پۆله‌وه:
پۆلی یه‌كه‌م: شه‌ووال و زیلقه‌عده‌و ده رۆژی یه‌كه‌می زیلحیججه‌یه؛ ئه‌مه بۆچوونی حه‌نه‌فییه‌كان و حه‌نبه‌لییه‌كانه كه له ئیبنو مه‌سعوودو ئیبنوعه‌بباس و ئیبنو زوبه‌یرو كۆمه‌ڵێک له پێشه‌وایانی سه‌له‌فه‌وه هاتووه.
پۆلی دووه‌م: شه‌ووال و زیلقیعده و نۆ رۆژی زیلحیججه‌یه؛ واته رۆژی جه‌ژنی قوربانی له گه‌ڵدا نییه. ئه‌مه‌ش بۆچوونی شافیعییه‌كانه، به‌ڵگه‌شیان ئایه‌ته‌كه‌یه كه ده‌فه‌رموێ: «فَمَن فَرَضَ فِيهِنَّ الْحَجَّ» [البقرة: ١٩٧].
پۆلی سێیه‌م: شه‌ووال و زیلقه‌عده‌و هه‌موو زیلحیججه‌یه؛ ئه‌مه‌ش بۆ چوونی ئیمامی مالیک و ئیبنوحه‌زمه‌و له سه‌یدنا عومه‌ر و ئیبنوعومه‌ر و ئیبنوعه‌بباسه‌وه خوا لێیان رازی بێت هاتووه كه ده‌فه‌رموون كه‌مترینی كۆ (جمع) سێیه، شه‌یتان ره‌جم كردن كه له ره‌فتاره‌كانی حه‌جكردنه ده‌كه‌وێته رۆژی سێزده‌یه‌می زیلحیججه‌وه، هه‌روه‌ها ته‌وافی ئیفازه - كه روكنێكی حه‌جه - بێ راجوێیی جائیزه له هه‌موو مانگی زیلحیججه‌دا بكرێت.
پێم وایه - وَاللَّهُ أَعْلَمُ - بۆچوونی پێشه‌وایانی پۆلی سێیه‌م په‌سه‌ندتره؛ كه‌وابوو مانگه‌كانی حه‌جكردن شه‌ووال و زیلقه‌عده و هه‌موو زیلحجه‌یه، واته نابێت هیچ ره‌فتار (گوفتار وكردار)ێكی حه‌جكردن بكه‌وێته پێش ئه‌و سێ مانگه یان پاشیان. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه ره‌چاو بكرێت كه هه‌ر كه‌سێک وه‌ستانی عه‌ره‌فاتی له رۆژی عه‌ره‌فه‌و شه‌وی قورباندا له كیس چوو، حه‌جه‌كه‌ی به‌تاڵه‌و دروست نییه، ئه‌مه‌ش ئه‌و هۆیه‌یه كه وای له ئیمامی شافیعی به‌رێز كردووه كه رۆژی قوربان (ده‌یه‌می زیلحیججه) له ریزه‌كانی حه‌ج حسێب نه‌كات. به‌ڵام ئایه‌ته‌كه راشكاوه كه ئه‌و رۆژی قوربانه‌ی ناو ناوه رۆژی حه‌جی گه‌وره: «وَأَذَانٌ مِّنَ اللَّهِ وَرَسُولِهِ إِلَى النَّاسِ يَوْمَ الْحَجِّ الأَكْبَرِ» [التوبه: ٣]
شوێنی ده‌سپێكی حه‌ج
ئه‌مه‌ش ئه‌و شوێنانه‌ن كه شه‌رع بۆ ده‌سپێكی حه‌ج دیاری كردوون، چونكه نه زه‌مانی پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) و نه دواتریش له توانادا نه‌بووه و نییه یه‌ک شوێن دیاری كرێت یان هه‌موو لایه‌كی مه‌ككه رێدراو بوایه بۆ ده‌سپێكی حه‌ج، بۆیه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) چه‌ند شوێنێكی له ده‌وری مه‌ككه دیاری كردووه كه له هه‌موو لایه‌كی دنیاوه حاجی له‌و شوێنانه‌وه داخڵ ده‌بن. ئێستاش له‌م زه‌مانه‌دا فڕۆكه‌خانه له نزيک ئه‌و شوێنانه دروستكراوه‌و ناشێت حاجی بێ ئیحرام له‌و شوێنانه تێبپه‌ڕێت كه وه‌ک سنورن. ئه‌و شوێنانه ئه‌مانه‌ن:
١- ذو الحلیفة: ناوی بچوككراوه (تصغیر)ی «الحَلَفة»یه (کۆیه‌که‌ی: الحلفاء) كه دره‌ختێكی كورتی بیابانیه و باڵای به قه‌ده‌ر گۆیژ به‌رز ده‌بێته‌وه. ناوچه‌كه له‌به‌ر زۆریی ئه‌م دره‌خته له‌وێ وا ناونراوه. ٦ بۆ ٧ میل له مه‌دینه‌وه دووره و له مه‌ككه‌شه‌وه كاتی خۆی ده رۆژه‌ڕێ دوور بووه. ئه‌مه دوورترین ناوچه‌ی میقاته‌كانه كه شوێنی ده‌سپێكی خه‌ڵكی مه‌دینه‌و ئه‌و حاجیانه‌یه كه له مه‌دینه‌دا ده‌به‌زن (له هه‌ر شوێنێكه‌وه چووبن)، پێشی وتراوه «آبارُ عَلی».
٢- الجُحْفَة: ئه‌مه‌ش شوێنی ده‌سپێكی حاجیانی شام و میسر‌و مه‌غریبه كه ئه‌فریقاش ده‌گرێته‌وه؛ جوحفه شارێكه له‌سه‌ر ده‌ریای سوور، چونكه زه‌مانی كۆن كه كه‌ناڵی سویس هه‌ڵنه‌كه‌ندرابوو خه‌ڵكی شامیش ده‌چوونه‌وه میسر‌و له‌وبه‌ری ده‌ریای سووره‌وه كه ئێستا شاری حه‌لایبی سودانه و مسیر داوای ده‌كاته‌وه (!!) ده‌په‌ڕینه‌وه به‌ره‌و مه‌ككه بۆ جوحفه.
جوحفه گوندێكی كۆن بوو دواتر لافاو بردی و نه‌ما، پێشتریش كه وڵاتی ژێر ده‌ستی كافران بوو نه‌خۆشی له‌وێ و ده‌وروبه‌ریی بڵاو بۆووه، پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) له دوعایدا ده‌یفه‌رموو: «اللَّهُمَّ انْقُلْ حُمَّاهَا إِلَى الْجُحْفَةِ»[2]؛ «خوایه ده‌ردو به‌ڵاو نه‌خۆشی مه‌دینه بخه‌ره سه‌ر جوحفه». كه وێران بوو دواتر كه‌وته ده‌ست ئه‌هلی ئیسلام، گونجاوی پێشوازیی حاجی نه‌مابوو. ئیتر گوندێكی تری ته‌نیشت ئه‌و كه ناوی «رابغ» بوو كرا به شوێنی پێشوازیی حاجییه‌كان و ده‌سپێكی حه‌ج، رابغ حه‌وت رۆژه‌ڕێ له مه‌دینه‌وه‌و سێ رۆژه‌ڕێ له مه‌ككه‌وه دوور بوو، ئێستا گه‌وره‌یه و هه‌ر به ناوی رابغه‌وه‌یه و هه‌موو حاجیانی ئه‌فریقا له‌وێوه ئيحرام ده‌به‌ستن، هه‌یانه هه‌ر به ده‌ریای سووردا ده‌په‌ڕێته‌وه‌و هه‌یانه به فڕۆكه.
٣- یه‌له‌مله‌م (يَلَمْلَم): چیایه‌كی به‌راورد به شاخی نزم و گچكه‌یه له خوارووی مه‌ككه كه له كۆنه‌وه شوێنی ده‌سپێكی ئیحرامی حه‌ج بووه، تا ئێستاش بۆ خه‌ڵكی باشور تا یه‌مه‌ن هه‌روایه و ئێستاش هه‌ر به‌و ناوه‌وه ناسراوه.
٤- قه‌ڕن (یان قرنُ المنازل یان قرنُ الثعالب): ئه‌مه‌ش میقاتی خه‌ڵكی نه‌جدو رۆژهه‌ڵاتی مه‌ككه‌یه، ئه‌و كه‌سانه‌ی له قه‌ته‌رو به‌حره‌ینه‌وه به‌و هێڵه‌دا دێن.
ئه‌م چوار شوێنه راجوێییان تێدا نه‌بووه چونكه ریوایه‌تی ئیبنو عه‌بباس خوا لێیان رازی بێت ده‌رباره‌ی رۆشنه‌كه ده‌گێڕێته‌وه: «وَقَّتَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لِأَهْلِ المَدِينَةِ ذَاالحُلَيْفَةِ، وَلِأَهْلِ الشَّامِ الجُحْفَةَ، وَلِأَهْلِ نَجْدٍ قَرْنَ المَنَازِلِ، وَلِأَهْلِ اليَمَنِ يَلَمْلَمَ، فَهُنَّ لَهُنَّ، وَلِمَنْ أَتَى عَلَيْهِنَّ مِنْ غَيْرِ أَهْلِهِنَّ لِمَنْ كَانَ يُرِيدُ الحَجَّ وَالعُمْرَةَ، فَمَنْ كَانَ دُونَهُنَّ، فَمُهَلُّهُ مِنْ أَهْلِهِ، وَكَذَاكَ حَتَّى أَهْلُ مَكَّةَ يُهِلُّونَ مِنْهَا»[3]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) شوێنی ده‌سپێكی ئیحرام به‌ستنی (میقات) بۆ خه‌ڵكی مه‌دینه دیاری كرد كه «ذو الحُلَيْفَة»یه، بۆ خه‌ڵكی شامیش «الجُحْفَة»، بۆ خه‌ڵكی نه‌جد «قَرْن» و بۆ خه‌ڵكی یه‌مه‌ن «يَلَمْلَم»ی دیاری كرد‌و فه‌رمووی: ئه‌م شوێنانه میقاتی دانيشتووانی ئه‌و شوێنانه‌و ئه‌وانه‌ن كه به سه‌ریاندا دێن له غه‌یری خه‌ڵكی ناوچه‌كان له‌وانه‌ی كه ده‌خوازن حه‌ج و عومره بكه‌ن، هه‌ر كه‌سێكیش له غه‌یری ئه‌م شوێن و خه‌ڵكه‌وه بێت با خۆ له‌گه‌ڵ شوێن و خه‌ڵكیدا بسازێنێت، خه‌ڵكی مه‌ككه‌ش هه‌ر له شاری مه‌ككه (له ماڵی خۆیانه‌وه) ئیحرام ده‌به‌ستن».
٥- ذات عرق: ئه‌مه‌ش شوێنی ده‌سپێكی خه‌ڵكی عێراق و ئه‌وانه‌یه كه له‌وێوه دێنه حه‌ج و عومه‌ره، نزیكه له عه‌قیقه‌وه. راجوێییه‌ک له‌سه‌ر دیاریكردنی هه‌یه؛ هه‌ندێک له شه‌رعناسان ده‌فه‌رموون دوای ئه‌وه‌ی به‌سره‌و كوفه بوونه دوو مه‌ڵبه‌ندی سه‌ره‌كی باشووری عێراق، خه‌ڵكی بۆ حه‌ج ده‌بوو دووركه‌ونه‌وه تا ده‌چوونه‌وه سه‌ر قه‌رن كه ده‌سپێكی ئیحرام به‌ستنی نه‌جدو رۆژهه‌ڵاتی مه‌ككه‌یه، بۆیه هاتنه خزمه‌تی سه‌یدنا عومه‌ر خوا لێی رازی بێت و سكاڵای دووریی رێگاكه‌یان لاكرد ئه‌ویش پێی فه‌رموون: «فَانْظُرُوا حَذْوَهَا مِنْ طَرِيقِكُمْ، فَحَدَّ لَهُمْ ذَاتَ عِرْقٍ»[4]؛ «بزانن له‌سه‌ر رێی خۆتان شوێنێک له ئاست و راستی «قه‌رن» بۆ خۆتان له‌سه‌ر رێگای خۆتان دیاری بكه‌ن. سه‌یدنا عومه‌ر «ذات عِرْق»ی بۆ حاجییه عێراقییه‌كان دیاری كرد».
شه‌رعناسانی تر ده‌فه‌رموون: نا هه‌ر پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) دیاری كردبوو، به‌ڵام له سه‌یدنا عومه‌ر شاراوه بوو، كه دیاریشی كرد هه‌ر ئه‌و شوێنه‌ی گرته‌وه كه له ریوایه‌تی جابردا خوا لێی رازی بێت هاتبوو، كه ده‌فه‌رموێ: «يُهِلُّ أَهْلُ الْمَدِينَةِ مِنْ ذِي الْحُلَيْفَةِ، وَالطَّرِيقِ الْآخَرِ الْجُحْفَةُ، وَمَهَلُّ أَهْلِ الْعِرَاقِ ذَاتُ عِرْقٍ، وَمَهَلُّ أَهْلِ نَجْدٍ مِنْ قَرْنٍ ; وَمَهَلُّ أَهْلِ الْيَمَنِ مِنْ يَلَمْلَمُ»[5]؛ «شوێنی ده‌سپێكی ئیحرام بۆ خه‌ڵكی مه‌دینه «ذو الحلیفه»یه، رێگاكه‌ی تر جوحفه‌یه (كه میقاتی حاجیانی شام و میسر و مه‌غریبه)، میقاتی خه‌ڵكی عێراقیش «ذات عرق»ه و شوێنی ده‌سپێكی خه‌ڵكی نه‌جد «قه‌رن»ه و شوێنی ده‌سپێكی خه‌ڵكی یه‌مه‌ن «یه‌له‌مله‌م»ه.
هه‌روه‌ها ریوایه‌تی خاتوو عائیشه خوا لێی رازی بێت كه ده‌فه‌رموێ: «أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ وَقَّتَ لِأَهْلِ الْعِرَاقِ ذَاتَ عِرْقٍ»[6]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) بۆ شوێنی ده‌سپێكی ئیحرام به‌ستن بۆ خه‌ڵكی عێراق «ذَاتَ عِرْق»ی دیاری كرد».
ئه‌م شوێنانه زه‌مانی كۆن هه‌موویان وێستگه‌ی كاروانه‌ڕێ بوون، گوندی گه‌وره یان شارۆچكه بوون، ئێستا شوێنه‌كان بێگومان هه‌موو ماون (چونكه تا رۆژی قیامه‌ت هه‌ر شوێنی ده‌سپێكی ئیحرام به‌ستن ده‌مێنن)، به‌ڵام هه‌ندێكیان ناوه كۆنه‌كانیان زۆر به‌كار نایات و ناوی دواتریان به‌سه‌ردا بڕاوه چونكه گه‌وره‌تر بوون و گوندی دراوسێی گه‌وره‌تریان له خۆ گرتووه؛ ئێستا به «ذو الحلیفة» ده‌وترێت «آبار علی»، جوحفه بووه به «رابغ»، یه‌له‌مله‌م بووه به «السعدیة» و «قرن المنازل» بووه به «السیل» و «ذات العرق» بووه به «الضریبة».[7]
بێگومان ئێستا چوونه هه‌مووی ئاسانه، چونكه دوورترین موسوڵمانی دنیا به فڕۆكه ده‌چێته حیجازو ئیحرامی خۆی پێیه، ئه‌گه‌ر گه‌یشته ئاسمانی ئه‌م شوێنانه ئیحرام ده‌به‌ستێ و نیه‌ت ده‌هێنێت، ئه‌گه‌ر له فڕۆكه‌خانه‌ی تر نیشته‌وه، كاروانی حه‌ج به پاس ده‌یباته میقاتی خۆی؛ والحمد لله رب العالمین.[8]
[1]. المجموع: ٧/١٢٨؛ المحلی: ٧/٦٥.
[2]. ده‌قی هه‌موو فه‌رموده‌که: «عَنْ عَائِشَةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهَا قَالَتْ : قَالَ النَّبِيُّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ : اللَّهُمَّ حَبِّبْ إِلَيْنَا الْمَدِينَةَ ، كَمَا حَبَّبْتَ إِلَيْنَا مَكَّةَ أَوْ أَشَدَّ ، وَانْقُلْ حُمَّاهَا إِلَى الْجُحْفَةِ» ( البخاري: 6011).
[3]. بوخاری: ١٥٢٦؛ موسليم: ١١٨١.
[4]. بوخاری: ١٥٣١؛ به‌يهه‌قی: ٥/٢١.
[5]. ئه‌بوداوود: ١١٨٣؛ ئه‌لبانی له «الاروا‌ء» (٩٩٨)دا ده‌فه‌رموێ: سه‌حيحه.
[6]. ئه‌بوداوود: ١٧٣٩؛ شێخی ئه‌لبانی له «الاروا‌ء» (٩٩٩)دا ده‌فه‌رموێ:سه‌حيحه.
[7]. الشرح الممتع: ٣/١٤٩.
[8]. أوضح المسالك الى احكام المناسك: ٤٢٤٣.