له باسه‌کانی رابردوودا سه‌لمێندرا که حه‌ج فه‌رزه‌و یه‌کێکه له روکنه‌کانی ئیسلام. له‌م باسه‌دا زیاتر له‌سه‌ر فه‌رزێتی حه‌ج کردن و مه‌رجه‌کانی و هه‌ندێک بابه‌تی تر ده‌دوێین.
بابه‌تی یه‌که‌م
مه‌رجه‌كانی فه‌رزبوونی حه‌جكردن
ئه‌و سیفه‌تانه‌ی كه ده‌بێت له كه‌سێكدا هه‌بێت تا حه‌جی له‌سه‌ر فه‌رز ببێت چه‌ندن؟ شه‌رعناسان به شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌فه‌رموون پێنجن؛ هه‌ر كه‌سێک یه‌كێكیانی تێدا نه‌هاتبووه دی، حه‌ج كردنی له‌سه‌ر فه‌رز نابێت. ئه‌و پێنج مه‌رجه‌ش بریتین له موسوڵمانێتی، ژیرێتی، باڵغ‌بوون، سه‌ربه‌ستی و توانای حه‌ج کردن. ئیبنو قودامه ده‌رباره‌یان ده‌فه‌رموێ: «نه‌مبیستووه راجوێیی تێدا هه‌بووبێت».[1]
مه‌رجی یه‌که‌م و دووه‌م- موسوڵمانێتی و ژیرێتی:
دوو مه‌رجی راست و دروستی حه‌ج كردنن، حه‌ج كردنی كافر و شێت قبووڵ نیه.
مه‌رجی سێیه‌م و چواره‌م- باڵغ‌بوون و سه‌ربه‌ستی:
مه‌رجی راست و دروستی حه‌ج نین، مه‌رجی له‌سه‌ر لاچوونی فه‌رزی حه‌جن. ئه‌گه‌ر منداڵێک یان كۆیله‌یه‌ک حه‌جی به رێکوپێكی كرد حه‌جه‌كه‌یان كردارێكی چاكه‌و خێریان بۆ ده‌نوسرێت، به‌ڵام فه‌رزێتی حه‌ج كردنیان هه‌ر له‌سه‌ر ده‌مێنێت؛ كه منداڵه‌كه باڵغ بوو و كۆیله‌كه‌ش ئازاد بوو فه‌رزه له سه‌ریان حه‌جی فه‌رز بكه‌ن چونكه له فه‌رمووده‌دا هاتووه كه: «مَنْ حَجَّ ثُمَّ عُتِقَ فَعَلَيْهِ حِجَّةٌ أُخْرَى، وَمَنْ حَجَّ وَهُوَ صَغِيرٌ ثُمَّ بَلَغَ فَعَلَيْهِ حِجَّةٌ أُخْرَى»[2]؛ «هه‌ر كه‌سێک حه‌ج بكات وپاشان سه‌ربه‌ست بكرێت ئه‌وه پێویسته حه‌جێکی تر ئه‌نجام بدات، هه‌ركه‌سێک گچكه بێت وحه‌ج بکات پاشان باڵغ ببێت ئه‌وه پێویسته حه‌جێکی تر بکات».
هه‌ر كه‌سێک بووبێت به هۆكاری حه‌ج كردنی منداڵ و كۆیله بێگومان پاداشتی خۆی مسۆگه‌ره چونكه له فه‌رمووده‌ی سه‌حیحدا هاتووه كه ئافره‌تێک منداڵێكی به‌رز كرده‌وه تا پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ببینێت و پرسی: «أَلِهَذَا حَجٌّ؟ قَالَ: نَعَمْ، وَلَكِ أَجْرٌ»[3]؛ «ئا ئه‌وه حه‌جی پێ ده‌كرێت؟ فه‌رمووی به‌ڵێ، تۆش پاداشته‌كه‌یت به‌رده‌كه‌وێت».
مه‌رجی چواره‌م- توانای حه‌ج کردن:
توانای حه‌ج كردنه‌كه مه‌رجی هێنانه‌دیی فه‌رزه‌كه‌یه. ئه‌سڵ ئه‌وه‌یه كه هه‌ر كه‌سێک جه‌سته‌ی گونجاوی ئه‌و سه‌فه‌رو قه‌ره‌باڵغی و ماندووبوونه‌ی نه‌بێت له‌سه‌ری نییه خۆی بیكات، ده‌شێت كه‌سێكی بۆ بگرێت له جیاتی ئه‌و بیكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ر سوور بوو له‌سه‌ر چوون و ئه‌نجامدانی با زۆر شه‌كه‌ت و ماندووش بووبێت فه‌رزه‌كه‌ی له‌سه‌ر لا ده‌چێت و پاداشته‌كه‌شی مسۆگه‌ره.[4] ئه‌مه وه‌كو نوێژكردنی بێ‌توانایه كه زۆر له خۆی ده‌كات و به پێوه ده‌یكات.
[1]. المغني: ٣/٢١٨؛ الرملي، نهاية المحتاج: ٢/٣٧٥.
[2]. حاكم: ١/٤٨١؛ به‌يهيقی: ٥/١٧٩؛ ئيبنو خوزه‌يمه: ٣٠٥٠. ئه‌لبانی له «الاروا‌ء» (٤/٥٩)دا ده‌فه‌رموێ سه‌حيحه.
[3]. موسليم: ١٣٣٦؛ ئه‌بوداوود: ١٧٣٦؛ نه‌سائی: ٥/١٢٠.