حوكمی حه‌ج كردن
حه‌ج كردن له‌سه‌ر هه‌موو موسوڵمانێكی باڵغ و ژیر‌و خاوه‌ن توانا له ته‌مه‌نیدا جارێک فه‌رزه، حه‌ج یه‌كێكه له‌و پێنج پایه‌یه‌ی ئیسلامی له‌سه‌ر دامه‌زراوه. شه‌رعێتی و فه‌رزێتی حه‌ج كردن له قورئان و سوننه‌ت و كۆڕا (ئیجماع) فه‌رز بووه:
خوای گه‌وره له قورئاندا ده‌فه‌رموێ: «وَلِلَّهِ عَلَى النَّاسِ حِجُّ الْبَيْتِ مَنِ اسْتَطَاعَ إِلَيْهِ سَبِيلاً وَمَن كَفَرَ فَإِنَّ اللَّه غَنِيٌّ عَنِ الْعَالَمِينَ» [آل عمران: ٩٧]؛ «حه‌ج كردن بۆ خوای گه‌وره له‌سه‌ر هه‌موو كه‌سێک فه‌رزه كه توانای هه‌بێت، ئه‌وه‌ی که باوه‌ڕی نه‌هێناوه، ئه‌وه با بزانێت که خوای گه‌وره ده‌وڵه‌مه‌ند و بێ‌نیازه‌و پێویستی به كه‌س له جیهانیان نییه.»
سه‌دان فه‌رمووده‌ش له‌سه‌ر باسی حه‌ج و حه‌ج كردن هه‌یه كه زۆریان ده‌گه‌نه ئاستی موته‌واتر كه راستێتی بنبڕو بێ‌گومانی حه‌جكردن ده‌گه‌ێنن كه روكنه‌و فه‌رزه؛[1] له‌وانه:
١- ئیبنو عومه‌ر خوا لێیان رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «بُنِيَ الْإِسْلَامُ عَلَى خَمْسٍ: شَهَادَةِ أَنْ لَا إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ وَأَنَّ مُحَمَّدًا رَسُولُ اللَّهِ وَإِقَامِ الصَّلَاةِ وَإِيتَاءِ الزَّكَاةِ وَالْحَجِّ وَصَوْمِ رَمَضَانَ»[2]؛ «ئیسلام له سه‌ر پێنج پایه دامه‌زراوه: شاهێدیدان كه هیچ خوایه‌ک نییه شایانی خوایه‌تی بێت جگه له خوای په‌روه‌ردگار وشاهیدیدان كه موحه‌ممه‌د (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) نێرراوی خوایه، ئینجا نوێژ كردن و زه‌كاتدان و حه‌ج كردن و گرتنی رۆژووی ره‌مه‌زان».
٢- ئه‌بوهوڕه‌یڕه خوا لێی رازی بێت ده‌فه‌رموێ: پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) وتاری بۆ داین فه‌رمووی: «أَيُّهَا النَّاسُ قَدْ فَرَضَ اللَّهُ عَلَيْكُمْ الْحَجَّ فَحُجُّوا. فقال رَجُلٌ: أَكُلَّ عَامٍ يَا رَسُولَ اللَّهِ؟ فَسَكَتَ حَتَّى قَالَهَا ثَلاثًا، فَقَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لَوْ قُلْت نَعَمْ لَوَجَبَتْ وَلَمَا اسْتَطَعْتُمْ..»[3]؛ «هۆ خه‌ڵكینه خوای په‌روه‌ردگار حه‌ج كردنی له‌سه‌رتان فه‌رز كردووه ده‌ی سا حه‌ج بكه‌ن، كابرایه‌ک هه‌ستایه سه‌ر پێ و عه‌رزی كرد: ئه‌وه له هه‌موو ساڵێكدایه ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خوا؟ پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) بێده‌نگ بوو (وه‌ڵامی كابرای نه‌دایه‌وه). به‌ڵام ئه‌و سێ جاری پرسی، پاشان پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمووی: ئه‌گه‌ر بموتایه به‌ڵێ، له‌سه‌رتان فه‌رز ده‌بوو (هه‌موو ساڵێک بیكه‌ن) نه‌شتانده‌توانی».
هه‌روه‌ها شه‌رعناسان هه‌موو له‌سه‌ر ئه‌وه كۆن كه حه‌ج كردن فه‌رزێكی ته‌مه‌نه، واته له‌سه‌ر هه‌موو موسوڵمانێک فه‌رزه له ته‌مه‌نیدا جارێک حه‌ج بكات ئه‌گه‌ر له توانایدا هه‌بوو (ئه‌مه جگه له‌و كه‌سه‌یه كه نه‌زری كردووه حه‌ج بكات، له‌سه‌ر ئه‌م دوو حه‌جكردن فه‌رزه: روكنه‌كه‌و حه‌جی نه‌زره‌كه‌ی). شه‌رعناسان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆن كه حه‌ج كردن له به‌ڵگه‌نه‌ویسته‌كانی دینه و هه‌ر كه‌سێک نكووڵی لێبكات پێی كافر ده‌بێت.
پاش سه‌لماندنی فه‌رزێتی حه‌ج ئه‌م پرسیاره دروست ده‌بێت که ئایا حه‌ج كردن یه‌كسه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌بوونی تواناكه‌دا فه‌رز ده‌بێت و ده‌بێت بكرێت؟ یان بڵێین: ئاله‌و زه‌مانه‌دا كه توانای چوونه حه‌ج كردنی لا دروست ده‌بێت، پێویسته خێرا حه‌ج بكات یان ده‌توانێت دوای خات؟ شه‌رعناسان دوو بۆچوونیان هه‌یه:
بۆچوونی یه‌که‌م:
جمهوری شه‌رعناسان (ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه‌و ئه‌بو یوسف و مالیک و ئه‌حمه‌د)[4] ده‌فه‌رموون: به‌ڵێ، ده‌بێت یه‌كسه‌ر بچێته حه‌ج. به بۆچوونی ئه‌مان هه‌ر كه‌سێک مه‌رجه‌كانی توانایی حه‌جكردنی تێداهاته دی (دواتر باسی كراوه) فه‌رزه له‌سه‌ری یه‌كسه‌ر حه‌جه‌كه بكات، چونكه به دواخستنی گوناحبار ده‌بێت؛ به‌ڵگه‌شیان ئه‌مانه‌یه:
١- ئایه‌تی فه‌رزێتییه‌كه‌ی حه‌ج: «وَلِلَّهِ عَلَى النَّاسِ حِجُّ الْبَيْتِ مَنِ اسْتَطَاعَ إِلَيْهِ سَبِيلاً» [آل عمران: ٩٧]؛ «حه‌ج كردن بۆ خوای گه‌وره له‌سه‌ر هه‌موو كه‌سێک فه‌رزه كه توانای هه‌بێت».
٢- ریوایه‌ته‌كه‌ی ئه‌بوهوڕه‌یڕه خوا لێی رازی بێت: «أَيُّهَا النَّاسُ قَدْ فَرَضَ اللَّهُ عَلَيْكُمْ الْحَجَّ فَحُجُّوا»؛ «هۆ خه‌ڵكینه خوای په‌روه‌ردگار حه‌جكردنی له‌سه‌رتان فه‌رز كردووه ده‌ی سا حه‌ج بكه‌ن». ئه‌مان ده‌فه‌رموون: ئه‌سڵ له فه‌رماندا راپه‌ڕاندنی یه‌كسه‌ریی و ده‌ستبه‌جێیه‌تی، بۆیه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) كه له حوده‌یبییه‌دا فه‌رمانی به یاوه‌ران دا كۆتایی به ئیحرام به‌ستن بهێنن و سستیان نوواند، زۆر تووڕه بوو لێیان.[5]
٣- فه‌رمووده‌ی «مَنْ أَرَادَ الْحَجَّ فَلْيَتَعَجَّلْ»[6]؛ «هه‌ر كه‌سێک ده‌یه‌وێت حه‌ج بكات با په‌له‌ی لێ بكات».
٤- هه‌روه‌ها ریوایه‌تی مه‌رفووعی «مَنْ مَلَكَ زَاداً وَرَاحِلَةً تُبَلِّغُهُ إِلَى بَيْتِ اللَّهِ وَلَمْ يَحُجَّ فَلَا عَلَيْهِ أَنْ يَمُوتَ يَهُودِيّاً أَوْ نَصْرَانِيّاً»[7]؛ «هه‌ر كه‌سێک خۆراک و سواریی ئه‌وه‌نده‌ی هه‌بوو پێیان بگاته ماڵی خوا و حه‌جه‌كه‌ی نه‌كرد با بۆ خۆی هه‌ر به‌جووله‌كه‌یی و مه‌سیحێتی بمرێت».
٥- خوای گه‌وره فه‌رمانی داوه كاری خێر‌و چاكه زوو بكرێت وموسوڵمانان ده‌بێ به‌په‌له بڕۆن بۆ ئه‌نجامدانی وه‌ک ده‌فه‌رموێ: «فَاسْتَبِقُواْ الْخَيْرَاتِ» [البقرة: ١٤٨]؛ «كێبڕكێ بكه‌ن له ئه‌نجامدانی كاری خێردا». كه‌وابوو دواخستنی حه‌ج كردن پێچه‌وانه‌ی ئه‌م هاندانه‌ی خێركارییه.
٦- مرۆڤ نازانێت له داهاتووی نزیک و دووردا چی به‌سه‌ر خۆی و ده‌وروبه‌ریدا دێت، ئه‌و كه ئێستا له توانایدایه حه‌جه‌كه بكات، كێ ده‌ڵێ له داهاتوودا ئه‌و توانایه‌ی ده‌مێنێت؟ كێ ده‌ڵێ بارودۆخه‌كه كه ئێستا گونجاوه بۆ حه‌ج كردنه‌كه‌ی دواتریش به گونجاوی ده‌مێنێته‌وه؟
بۆچوونی دووه‌م:
ئیمامی شافیعی ده‌فه‌رموێ: ده‌شێت په‌له‌ی لێ نه‌كات. ئه‌مه بۆچوونی موحه‌ممه‌دی كوڕی حه‌سه‌نی شه‌یبانی و هه‌ندێک له شه‌رعناسانی سه‌له‌فیشه كه ده‌فه‌رموون مه‌رج نییه له‌گه‌ڵ هه‌بوونی توانا‌و بارودۆخی گونجاو‌دا یه‌كسه‌ر حه‌ج بكات، بۆی هه‌یه دوای خات و به دواخستنی گوناحبار نابێت مادام عه‌زم و ویستی له‌سه‌ر حه‌ج كردنه‌كه‌ی جێ‌گير كردووه؛ به‌ڵگه‌ی ئه‌مانیش ئه‌مانه‌یه:
١- ئایه‌ته‌كه فه‌رمانێكی گشتییه بۆ حه‌ج كردن؛ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی تێدا نییه له‌سه‌ر دیاریكردنی كات. ئایه‌تی دووه‌میش که ده‌فه‌رموێ په‌له له كاری خێر بكه‌ن، هه‌ر گشتییه و مانای ئه‌وه نادات كه ئه‌گه‌ر خێركردنه‌كه دواتر بێت به خێر ناشێت. كه‌وابوو حه‌ج كردن له هه‌ر كاتێكدا بێت له ماوه‌ی دوای فه‌رزبوونییه‌وه تامردن شیاوه.
٢- ئه‌و فه‌رموودانه‌ی به‌رامبه‌ران هێناویانه‌ته‌وه زه‌عیفن و ناشێت بكرێنه به‌ڵگه.
٣- فه‌رزبوونی حه‌ج و عومره له ساڵی شه‌شه‌می كۆچی‌دا بوو كه ئه‌م ئایه‌ته هاته‌خواره‌وه: «وَأَتِمُّواْ الْحَجَّ وَالْعُمْرَةَ لِلَّهِ» [البقرة: ١٩٦]؛ «حه‌ج و عومره له‌به‌ر خاتری خوای گه‌وره ته‌واو بكه‌ن»، پاشان پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ساڵی هه‌شته‌می كۆچی فه‌تحی مه‌ككه‌ی كرد‌و مه‌ككه ئازاد كرا، به‌ڵام حه‌ج كردنی خۆیی دواخست بۆ دوای دوو ساڵی تر كه ساڵی ده‌یه‌می كۆچی حه‌جه‌كه‌ی كرد.[8] ده‌ی ئه‌گه‌ر حه‌ج كردن له‌گه‌ڵ فه‌رز بوونیدا یه‌كسه‌ر ده‌بوو بكرایا جه‌نابی (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ده‌یكرد، به تایبه‌ت كه هیچ رێگرێكی نه‌خۆشی و جه‌نگ و رێگریی نه‌مابوو.[9] كه دواتریش كردی گێڕانه‌وه‌ی حه‌جێكی فه‌وتاو نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌نجامدانی یه‌كه‌مین حه‌ج كردنی بوو.
٤- ئایه‌ته‌كه باس له كاتی ئه‌نجامدانی حه‌ج ده‌كات وه‌كو كاتی ئه‌نجامدانی نوێژ؛ نوێژ له سه‌ره‌تای فه‌رزبوونی كاته‌كه‌یه‌وه بكرێت چاكه به‌ڵام دوا بخرێت و هه‌ر له ماوه‌كه‌ی خۆیدا بكرێت هه‌ر جائیزه‌و هیچی له‌سه‌ر نییه. كه‌وابوو پابه‌ندكردنی به‌رامبه‌ران به ده‌سپێكی هه‌بوونی تواناوه بێ به‌ڵگه‌یه.
پێم وایه به‌ڵگه‌كانی ئیمامی شافیعی به‌هێزن و به‌رامبه‌ر به‌ڵگه‌ی جمهور ده‌وه‌ستنه‌وه، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده بڵێین گومانی تێدا نییه له‌گه‌ڵ هه‌بوونی توانای حه‌ج كردن‌دا حه‌جه‌كه بكات چاكتره چونكه هه‌م زوو كاره خێره‌كه كه له‌سه‌ری فه‌رزه ئه‌نجام ده‌دات، هه‌م ئه‌و خه‌مه‌شی نامێنێت كه ئایا له‌داهاتوودا بۆی ده‌لوێت یان نا؟! وَاللَّهُ أَعْلَمُ. هه‌مووشمان ده‌زانین كه توانا بریتی نه‌ماوه له توانای جه‌سته‌یی و سه‌فه‌رو خۆراک و دابینكردنی مووچه‌و خانووی ماڵ و منداڵ؛ له‌وانه‌یه ئه‌مانه‌ی هه‌موو هه‌بێت و ئه‌و ڤیزه مه‌لعوونه‌ی ده‌ست نه‌كه‌وێت كه له هه‌موو هۆكاره‌كانی تری توانا كاریگه‌رتر بووه به داخه‌وه! یان ڤیزه مه‌لعوونه‌كه‌ی ده‌ست كه‌وتووه به‌ڵام دائیره‌ی ئه‌وقاف و ئه‌من و سته‌مكارانی تر ره‌زامه‌ندیی چوونه حه‌جه‌كه‌ی ناده‌نێ؛ والله المستعان.
[1]. المنذري، الترغيب والترهيب: ٢/٢١١.
[2]. بوخاری: ٨؛ موسليم: ١٦.
[4]. المجموع: ٧/١٣؛ المغني: ٣/٢١٧.
[6]. ئيبنوماجه: ٢٨٨٣؛ ئه‌حمه‌د: ١٧٣٧؛ ته‌به‌رانی: ١٨/٢٨٧ و ٢٩٦؛ به‌يهه‌قی: ٤/٣٤٠؛ ترمزی: ٨١٢؛ زه‌عيفه (صحيح فقه السنة: ٢/١٦١).
[7]. ترمزی: ٨١٢؛ زه‌عیفه (صحیح فقه السنة: ٢/١٦١).
[8]. المجموع: ٧/٨٧؛ زاد المعاد: ١/١٧٥ و ٣/٢٥.
[9]. الأم: ٢/١١٨؛ المجموع: ٧/٨٧.