١- حه‌ج کردن ئه‌نجامدانی کۆمه‌ڵێک ره‌فتاری ره‌مزیانه‌یه که به کۆمه‌ڵی ئوممه‌تیانه نیشان ده‌درێت:
الف- حه‌ج ره‌مزی خۆ ته‌سلیم کردنی موسوڵمانه به خوای گه‌وره و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی بانگهێشتی خوای گه‌وره‌یه که به هۆی پێغه‌مبه‌ری خواوه (صلی اللّه علیه و سلم) پێی گه‌یشتووه و ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه که وه‌کو فه‌رمانی خوایی جێبه‌جێی ده‌کات، جا له مانای ره‌فتاره‌کان بگات یان نا، به‌ڵام له‌وه دڵنیایه که ته‌وافی که‌عبه و وه‌ستانی له کێوی عه‌ره‌فات و سه‌عیی نێوان سه‌فا و مه‌ڕوه‌و مووتاشین یان کورت کردنه‌وه‌ی قژ و ره‌فتاره‌کانی تری حه‌جکردن هه‌موویان نیشانه‌ی قبووڵ کردنی دینه‌که‌ی خوا و ته‌سلیم بوونن پێی، له‌گه‌ڵ ده‌ربڕینی گوێڕایه‌ڵی و ملکه‌چی ته‌واوی عه‌بدایه‌تی له راپه‌ڕاندنیاندا.
ب- له لایه‌کی تره‌وه حه‌ج په‌یوه‌ست بوونه‌وه‌یه به سیره‌و سوننه‌تی سه‌یدنا ئیبڕاهیم (علیه السلام) که باوکی ئه‌م ئوممه‌ته موسوڵمانه‌یه و ئێمه‌ش ته‌وافی ئه‌و ماڵه ده‌که‌ین که جه‌نابی بۆ خواپه‌رستی له مه‌ککه دروستی کرد، ئێمه ئه‌و دروشمانه‌ی خواپه‌رستی ده‌که‌ینه‌وه که جه‌نابی و شوێنکه‌وتووانی کردوویانه.
ج- حه‌ج ره‌مزی یه‌ک ئوممه‌تی موسوڵمانه، هه‌ست کردنه به یه‌ک ئینتیمای عه‌قائیدی ئه‌م هه‌موو خه‌ڵکه موسوڵمانه‌ی له توخم و ره‌نگ و زمان و ناوچه‌یاندا جیاوازن، به‌ڵام عه‌قیده و عیباده‌ت و شه‌ریعه‌تی خوایی یه‌کی خستوون.
٢- حه‌ج کردن دیمه‌نێکی کرده‌وه‌یی زۆر له رێساکانی ئیسلامه:
الف- نیشانه‌ی برایه‌تی دینی موسوڵمانانه، هه‌موو حاجییه‌ک له‌وێ هه‌ست ده‌کات که ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه جیاوازه له ره‌نگ و زمانیاندا برای ئه‌من و ئه‌میش برای هه‌ر هه‌موویانه.
ب- نیشانه‌ی یه‌کسانێتی هه‌موو موسوڵمانانه، له هه‌ر گه‌ل و هۆز و ناوچه و هه‌رێمێک بن چه‌سپاندنی کرده‌یی یه‌کترناسینه‌که‌یه که خوای گه‌وره ده‌رباره‌ی فه‌رموویه‌تی: «وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوباً وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا» [الحجرات: 13]؛ «کردمانن به گه‌ل و هۆزی جیاواز تا یه‌کتری بناسن». له حه‌جدا گه‌وره ترین یه‌کتر ناسین و زۆرترین و چاکترین ناسیاوێتی دێته دی، که ئه‌ندامانی جیاوازی گه‌لانی دنیا له ناو خۆیاندا دروستی ده‌که‌ن.
ج- نیشانه‌ی ته‌سلیم بوونی هه‌موو موسوڵمانانه بۆ یه‌ک ده‌سه‌ڵاتی سیاسی مه‌رکه‌زیی که هه‌موویانی به شه‌رعی خۆی ئاڕاسته کردووه.
٣- حه‌ج فێرگه‌یه، موسوڵمانی تێدا به‌ره‌و ئاستێکی باڵای راقی بوون و ته‌قوا کاریی تێدا په‌روه‌رده ده‌بێت:
الف- موسوڵمان له حه‌ج کردنیدا به کرده‌وه سه‌برگرتن و ئارامیی ده‌سه‌لمێنێت، چونکه دڵنیایه له‌وه‌ی که حه‌ج کردنیش جیهاد کردنه و پێویسته زۆر پابه‌ندانه به نیه‌ت پاکی و شه‌ریعه‌ته‌وه ئه‌نجام بدرێت، پێغه‌مبه‌ری خوا (صلی الله علیه و سلم) ده‌فه‌رموێ: «لَكِنَّ أَفْضَلَ الجِهَادِ حَجٌّ مَبْرُورٌ»[2]؛ «به‌ڵام چاکترین جیهاد کردن حه‌ج کردنێکه که راست و رێک ئه‌نجام بدرێت».
ب- موسوڵمان له حه‌جدا هه‌ست ده‌کات که له شه‌و و رۆژدا له خوا په‌رستیدا ده‌بێت و هۆشی هه‌ر لای خواویستی ده‌بێت.
ج- موسوڵمان ده‌زانێت که له حه‌جدا ده‌بێت له کۆتا ئاستی نه‌رم و نیانی و سینه‌فراوانی و خۆ کونتڕۆڵ کردنیدا بێت، تا له‌گه‌ڵ موسوڵمانانی تردا به سۆز و به‌زه‌ییه‌وه ره‌فتار بکات.
د- له حه‌جدا موسوڵمان هه‌موو حه‌زو ئاره‌زووه دنیاییه‌کی ده‌به‌ستێته‌وه و زۆر قیامه‌تیانه ره‌فتار ده‌کات.
ه- موسوڵمان له حه‌جدا هه‌موو جۆره دروشمه‌کانی خواپه‌رستی و بۆ خوا ساغبوونه‌وه موماره‌سه ده‌کات و ده‌یسه‌لمێنێت.
و- له حه‌جدا فێر ده‌بێت که به‌رده‌وام له پێناوی خوادا ببه‌خشێت، زۆر سینه‌فراوانه له‌وه‌ی هه‌یه‌تی ده‌یداته که‌سانی تری نه‌دیو و نه‌ناسیاو!
ز- موسوڵمان له حه‌جدا فێری زبریی ژیان و سه‌ختی ره‌فتار کردن له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ته‌بیعه‌ت‌جیاوازدا ده‌بێت و له چوون و هاتنه‌وه‌شیدا زۆری ناڕه‌حه‌تی دێته رێ، به‌ڵام هه‌موو لای ئاسان ده‌بێت مادام له رێی خوا دایه.
ح- موسوڵمان له حه‌جدا فێر ده‌بێت که هه‌رچی شت و ره‌فتار و کات و شوێنێک خوای گه‌وره به مه‌زن و به‌ڕێزی ناساندووه ئه‌میش به مه‌زن و به رێزه‌وه ره‌فتاریان له‌گه‌ڵدا ده‌نوێنێت، پێچه‌وانه‌که‌شیان هه‌روه‌ها، به چاوی سووکه‌وه ده‌ڕوانێته شت و ره‌فتارانێک که خوای گه‌وره ده‌یانبوغزێنێت له هه‌ر کات و شوێنێکدا بن.
ط- موسوڵمان له حه‌جدا وه‌لائی پاک ده‌بێته‌وه، خوا و پێغه‌مبه‌ری خوا (صلّی اللّه علیه وسلّم) و موسوڵمانانی خۆش ده‌وێت و هه‌ست ده‌کات له به‌ره‌ی خواویستیدایه و ته‌به‌ڕا له دوژمنانی خوا ده‌کات و دۆستایه‌تی که‌سیان ناکات.
٤- حه‌ج له ناخی موسوڵماندا کۆمه‌ڵێک هه‌ست و هۆش ده‌خرۆشێنێت:
الف- موسوڵمان له حه‌جدا سۆزی بۆ موسوڵمانان ده‌خرۆشێت، له سه‌ریان ده‌کاته‌وه، په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵدا ده‌به‌ستێت، هه‌موو پێکه‌وه هه‌ست به‌و واقیعه ده‌که‌ن که نه‌وه‌ی یه‌که‌می ئه‌م ئوممه‌ته‌ی تێیدا ژیا و بانگه‌وازی خوایی تێدا بڵاو کرده‌وه، هه‌ست به‌و هه‌موو ناسۆرو ژان و ئازاره ده‌کات که ئه‌و به‌ڕێزانه له به‌ر خاتری خوای گه‌وره چێشتیان تا ئه‌م دینه‌یان سه‌ر خست.
ب- موسوڵمان له حه‌جدا هه‌ست ده‌کات که ده‌بێ سه‌رڕاستانه دۆستایه‌تی بۆ موسوڵمانان بێت و دوژمنایه‌تییه‌که‌ی دژی دوژمنانی ئیسلام و موسوڵمانان بێت.
ج- هه‌ست ده‌کات ده‌بێ سه‌رڕاستانه به‌ڵێن به خوای گه‌وره بدات که ته‌نها بۆ ئه‌و ده‌ژی و ده‌مرێت.
د- هه‌ست ده‌کات ماڵی دنیا و ژیان گرنگتر و به‌نرختر نین له دواڕۆژیی، بۆیه زیاتر بۆ رۆژی دوایی لێده‌بڕێت و له هه‌ڵپه و شه‌ڕه‌پاڵی دنیایی خۆی که‌م ده‌کاته‌وه.
ه- هه‌ست ده‌کات که ده‌بێت تۆبه‌یه‌کی راست و پاک بکات و په‌یمان و به‌ڵێنی نوێ بکاته‌وه و له‌مه‌و دوای جیددی‌تر بێت و چاکتر بۆ خواناسی و خواپه‌رستی و بانگه‌واز و بزاڤی خواویستی لێببڕێت.
٥- له هه‌ر ره‌فتارێک له ره‌فتاره‌کانی حه‌جدا چه‌ندین مانا‌و واتا‌و په‌ند هه‌یه، له‌وانه‌ی له ته‌وه‌ری خواناسی و خواپه‌رستیدان، یان له ته‌وه‌ری ئیقتیدا کردن به پێغه‌مبه‌ری خوا (صلّی اللّه علیه و سلّم) یان له ته‌وه‌ری برایه‌تی دینی و یه‌ک ئوممه‌تی و چه‌سپاندنی گیانی کۆمه‌ڵکارییدا.
هه‌ر هه‌موو حاجییه‌کان پێش ته‌وافی روکن له کێوی عه‌ره‌فات کۆ ده‌بنه‌وه، تا هه‌موویان پێکه‌وه‌و به یه‌ک پۆشاک و ره‌وت و بزاوته‌وه به‌ره‌و که‌عبه بکه‌ونه رێ، هه‌ر هه‌موو پێکه‌وه ده‌چنه که‌عبه و به مه‌زن رایده‌گرن و له‌وێوه بۆ (موزده‌لیفه) دوای ئه‌وه‌ی هه‌موویان تۆبه‌یان کرد و په‌یمانیان به خوای گه‌وره له که‌عبه‌دا (که هه‌ر ماڵی خوای گه‌وره‌یه) نوێ کرده‌وه و به‌و په‌ڕی پاکی نییه‌ت و پاڵفته‌ی ده‌روون و خاوێنی جه‌سته و پاکژیی پۆشاکه‌وه له که‌عبه دێنه ده‌ره‌وه‌و به‌و لافاوه به‌شه‌رییه هێدییه سه‌لامه‌ت و ئه‌مانه ده‌چنه موزده‌لیفه و له‌وێوه بۆ مینا بۆ شه‌یتان ره‌جم کردن و راگه‌یاندنی دید و هه‌ڵوێستی خۆیان که هه‌ر که‌سێک دوژمنی خوای گه‌وره بێت دوژمنی ئه‌مانیشه، هه‌ر که‌سێک خوای گه‌وره نه‌یویستبێت ئه‌مانیش نه‌فرینی لێ ده‌که‌ن و ئاوا سووکی ده‌که‌ن، ئینجا بۆ قوربانی کردن و ده‌ربڕینی سوپاسگوزاریی و ستایشی خوای گه‌وره له سه‌ر نیعمه‌ته‌کانی که گۆشتی قوربانییه‌کانیان به سه‌ر خه‌ڵکیدا ده‌به‌خشنه‌وه، ئینجا سه‌ریان ده‌تاشن و موو له خۆ ده‌که‌نه‌وه تا پاکتر بچنه‌وه ماڵی خوا‌و ته‌وافی بکه‌ن که نیشانه‌ی به‌رز را‌گرتن و مه‌زنییه‌تی، مه‌زن راگرتنی که‌عبه‌ش نیشانه‌ی ته‌قوا کاری و سه‌رڕاستی دیندارێتیه: «ذَلِكَ وَمَن يُعَظِّمْ شَعَائِرَ اللَّهِ فَإِنَّهَا مِن تَقْوَى الْقُلُوبِ» [الحج: 32]. ئینجا ده‌چنه سه‌عیی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه وه‌کوو که دایکه به‌ڕێزه‌که‌یان خاتوو هاجه‌ری خواناس و چاکه‌کار کردی که سه‌ره‌تای دروست کردنی ماڵه‌که‌ی خوا بوو.
کاتێک موسوڵمان ئاوا تا ئێره حه‌ج کردنی ته‌واو ده‌کات هه‌ست ده‌کات که‌سێکی تری لێده‌رچووه، ده‌ڵێی تازه له دایک بووه، ئینجا ده‌چێته‌وه وێزه‌ی شه‌یتان و ره‌جمی ده‌کاته‌وه تا به‌ڵێن تازه بکاته‌وه که هه‌ر به چاوی دوژمندارێتی ده‌یڕوانێتێ و گوێڕایه‌ڵی ناکات، چونکه ئه‌وه دوژمنی سه‌ره‌کی و دوژمنی ئه‌ووه‌ڵ و ئه‌خیرمانه.
٦- حه‌ج گێڕانه‌وه‌ی موسوڵمانانه بۆ مه‌ڵبه‌ندی یه‌که‌می ئیسلامه‌تی و ساحه‌ی یه‌که‌می بانگه‌وازه خواییه‌که‌یان، چوونه‌وه‌یه بۆ ئه‌و ده‌شت و ده‌رو شار‌و لادێیانه‌ی پێشه‌وایانی به‌ڕێزمان سه‌یدنا ئیبڕاهیم و سه‌یدنا موحه‌ممه‌د (علیهما الصلاة والسلام) پێیدا هاتن و چوون و یه‌کخواپه‌رستییان تێدا چه‌سپاند، ئه‌مه‌ش زۆر گرنگه، ئه‌وه له ناخی موسوڵماندا ئه‌و هه‌سته به‌هێز ده‌کات که موسوڵمانان له هه‌ر کوێیه‌کی ئه‌م سه‌رزه‌مینه بژین، مه‌ڵبه‌ندی سه‌ره‌کی هه‌موویان ئێره‌یه، ئێره قیبله‌که‌یانه که هه‌موو پێکه‌وه رووی تێده‌که‌ن، ئه‌مه تاکه ئاڕاسته‌یانه، لێره‌دا پاک ده‌بنه‌وه و لێره‌شه‌وه به‌یعه‌ت به خوای خۆیان ده‌ده‌نه‌وه. ئه‌و که‌سه‌ی حه‌ج کردنه‌که به واقیعی ئه‌نجام ده‌دات ده‌چێته‌وه ئه‌و شوێنه پیرۆزانه‌ی ئه‌و دوو پێغه‌مبه‌ره پێشه‌وایانه‌مان (علیهما الصلاة والسلام) دایانمه‌زراندووه و کردوویانه به مه‌ڵبه‌ندی ته‌وحید. ئه‌و که‌سه‌ی ده‌چێته‌وه ئه‌وێ به کرده‌وه و ته‌وحیده‌که ده‌سه‌لمێنێت و ده‌چه‌سپێنێت، شتێکی تر له ناخیدا، له دڵ و هزر و ویژ‌دانیدا، له هه‌ست و هۆشیدا ده‌خرۆشێت، ئه‌م که‌سه وه‌کو جارانی نییه که تیۆریانه ده‌ڕوانێته حه‌ج و حه‌ج کردن، حه‌تمه‌ن حه‌ج لای ئه‌م که‌سه شتێکی تره غه‌یری ئه‌وه‌ی که ته‌نها له رووی تیۆرییه‌وه لای چه‌سپاوه.
ئیمامی ئه‌حمه‌د و ته‌به‌ڕانی له ئه‌بوتوفه‌یله‌وه خوای لێ رازی بێت ده‌گێڕنه‌وه که به ئیبنو عه‌بباسی خوا لێیان رازی بێت فه‌رموو:«يَزْعُمُ قَوْمُكَ أَنَّ رَسُولَ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ سَعَى بَيْنَ الصَّفَا وَالْمَرْوَةِ، وَأَنَّ ذَلِكَ سُنَّةٌ، قَالَ: صَدَقُوا، إِنَّ إِبْرَاهِيمَ عَلَيْهِ السَّلَامُ لَمَّا أُمِرَ بِالْمَنَاسِكِ اعْتَرَضَ عَلَيْهِ الشَّيْطَانُ عِنْدَ الْمَسْعَى، فَسَابَقَهُ فَسَبَقَهُ إِبْرَاهِيمُ عَلَيْهِ السَّلَامُ، ثُمَّ ذَهَبَ بِهِ جِبْرِيلُ عَلَيْهِ السَّلَامُ إِلَى جَمْرَةِ الْعَقَبَةِ، فَعَرَضَ لَهُ الشَّيْطَانُ، فَرَمَاهُ بِسَبْعِ حَصَيَاتٍ حَتَّى ذَهَبَ، وَعَرَضَ عِنْدَ الْجَمْرَةِ الْوُسْطَى، فَرَمَاهُ بِسَبْعِ حَصَيَاتٍ حَتَّى ذَهَبَ، ثُمَّ تَلَّهُ لِلْجَبِينِ وَعَلَى إِسْمَاعِيلَ قَمِيصٌ أَبْيَضُ، فَقَالَ لَهُ: يَا أَبَهْ، إِنَّهُ لَيْسَ قَمِيصٌ فَكَفِّنِّي فِيهِ، وَالْتَفَتَ إِبْرَاهِيمُ عَلَيْهِ السَّلَامُ، فَإِذَا هُوَ بِكَبْشٍ أَعْيَنَ أَبْيَضَ أَقْرَنَ، فَذَبَحَهُ، ثُمَّ ذَهَبَ بِهِ جِبْرِيلُ عَلَيْهِ السَّلَامُ إِلَى الْجَمْرَةِ الْقُصْوَى، فَعَرَضَ لَهُ الشَّيْطَانُ، فَرَمَاهُ بِسَبْعِ حَصَيَاتٍ حَتَّى ذَهَبَ، ثُمَّ ذَهَبَ بِهِ إِلَى مِنًى فَقَالَ: هَذَا الْمَشْعَرُ الْحَرَامُ، ثُمَّ ذَهَبَ بِهِ إِلَى عَرَفَةَ، فَقَالَ ابْنُ عَبَّاسٍ: هَلْ تَدْرِي لِمَ سُمِّيَتْ عَرَفَةَ؟ قُلْتُ: لِمَ سُمِّيَتْ عَرَفَةَ؟ قَالَ: إِنَّ جِبْرِيلَ عَلَيْهِ السَّلَامُ قَالَ: هَلْ عَرَفْتَ؟ قَالَ: نَعَمْ، ثُمَّ قَالَ ابْنُ عَبَّاسٍ: هَلْ تَدْرِي كَيْفَ كَانَتِ التَّلْبِيَةُ؟ قُلْتُ: وَكَيْفَ كَانَتِ التَّلْبِيَةُ؟ قَالَ: إِنَّ إِبْرَاهِيمَ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لَمَّا أَنْ أُمِرَ أَنْ يُؤَذِّنَ فِي النَّاسِ بِالْحَجِّ خَفَضَتْ لَهُ الْجِبَالُ رُءُوسَهَا، رُفِعَتْ لَهُ الْقُرَى فَأَذَّنَ فِي النَّاسِ»[3] «قه‌ومه‌که‌ت پاڵانته‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن که سه‌عیی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه سوننه‌ته چونکه پێغه‌مبه‌ری خوا (صلّی اللّه علیه و سلّم) وای کردووه، ئیبنو عه‌بباس فه‌رمووی: راست ده‌که‌ن، کاتێک ئیبڕاهیم (علیه السلام) فه‌رمانی پێدرا حه‌ج بکات شه‌یتان هاته سه‌ر رێی، ئیبڕاهیم گوێی نه‌دایه‌و ته‌شریفی برد بۆ «جمرة العَقَبهة»، شه‌یتان هاته‌وه سه‌ر رێی، ئیبڕاهیم حه‌وت به‌ردووچکه‌ی تێگرت تا رۆیشت و پاشان له «الجمرة الوسطی» هاته‌وه سه‌ر رێی، له‌وێش حه‌وت به‌ردووچکه‌ی تری تێگرت، پاشان ئیسماعیلی کوڕی به ده‌مدا پاڵخست (تا سه‌ری ببڕێت)، ئیسماعیل کراسێکی سپی له به‌ردا بوو عه‌رزی باوکی کرد که کراسه‌که‌م له به‌ر دانێ تا به پاکی بمێنێت (خوێناوی نه‌بێت) تا دواتر بیکه‌یته کفنم. ئیبڕاهیم که ده‌ستی برد کراسه‌که‌ی له به‌ر داکه‌نێت له پشتیانه‌وه بانگ کرا که ئیبڕاهیم راستت کرد و خه‌ونه‌که‌ت هێنایه دی، ئیبڕاهیم که ئاوڕی دایه‌وه به‌رانێکی سپی قۆچداری بینی. ئیبنو عه‌بباس ده‌فه‌رموێ: ئێستاش ده‌بینیت که ئێمه‌ش خولیای ئه‌و جۆره به‌رانه‌ین(تا بیکه‌ینه قوربانی). ده‌فه‌رموێ: پاشان رۆیشتن، جبریل بردنی بۆ «الجمرة القصوی»، دیسان شه‌یتان هاته‌وه سه‌ر رێی و دیسان جه‌نابی (علیه السلام) به حه‌وت به‌ردووچکه‌ی تر ره‌جمی کرد، پاشان جبریل بردی بۆ مینا، پێی فه‌رموو: ئێره مینایه، شوێنی گردبوونه‌وه‌ی حاجییان، پاشان بردی بۆ سه‌ر کێوه‌که و پێی فه‌رموو ئێره‌ش «المشعر الحرام»ه، پاشان بردی بۆ کێوی عه‌ره‌فات (عه‌ره‌فه)، ده‌زانیت بۆچی پێی وتراوه عه‌ره‌فات؟ عه‌رزم کرد: نه‌خێر، فه‌رمووی: چونکه جبریل له سه‌یدنا ئیبڕاهیمی پرسی: «هل عَرَفتَ»؛ ئایا زانیت؟ فه‌رمووی: به‌ڵێو ئیتر ناو نرا عه‌ره‌فه. ئه‌دی ده‌زانیت ته‌لبیه (وتنی لَبَّیك اللّهّم لَبَّیك)چۆن هات؟ عه‌رزم کرد: چۆن بوو؟ فه‌رمووی: که فه‌رمان درا به ئیبڕاهیم خه‌ڵکی بۆ حه‌جکردن بانگهێشت بکات، سه‌ری چیاکان نزم بوونه‌وه و گوند و ناوچه‌کان به‌رز ده‌ر که‌وتن، ئاوا خه‌ڵکی بانگهێشتی حه‌ج کرد».
هه‌روه‌ها حه‌ج کردن بۆ که‌سانێکی قیامه‌تخواز گرنگه که ئاواتیان دێنێته دی:
ته‌به‌ڕانی له «الکبیر»دا له ئیبنو عه‌مری کوڕی عاسه‌وه (خوا لێیان رازی بێت) ده‌گێڕێته‌وه که ده‌یفه‌رموو: «ته‌وافی ئه‌م ماڵه‌ی خوای گه‌وره بکه‌ن و ده‌ست بگه‌یه‌ننه ئه‌و به‌رده (به‌رده‌ڕه‌شی که‌عبه)، ئه‌مه دوو به‌رد بوون له به‌هه‌شته‌وه نێردرابوونه خوارێ، یه‌کیان هه‌ڵگیرایه‌وه (برایه‌وه بۆ ئاسمان)، حه‌تمه‌ن ئه‌وی تریشیان هه‌ڵده‌گیرێته‌وه، ئه‌گه‌ر وا نه‌بوو با هه‌ر که‌سێک به لای گۆڕه‌که‌مدا تێپه‌ڕی بڵێ: ئه‌مه گۆڕی عه‌بدوڵڵای کوڕی عه‌مره که درۆزن بوو».[4]
که‌وابوو حه‌ج زیندوو راگرتنی گه‌وره ترین و گرنگترین یادگاریی خواییه که مرۆڤ زانیبێتی.
[3]. ته‌به‌ڕانی: ١٠٦٢٨؛ ئه‌حمه‌د: ٢٧٠٧. ده‌قه‌که هی ته‌به‌ڕانییه.
[4]. المعجم الکبیر: 14159.