له‌ده‌ستدانی حه‌ج و رێگرتن لێی
له‌م باسه‌دا به کورتی ده‌رباره‌ی له‌ده‌ستدانی حه‌ج و رێگرتن لێی قسه ده‌که‌ین.
بابه‌تی یه‌که‌م
له‌ده‌ستدانی حه‌ج
له‌ده‌ستدانی حه‌ج واته نوقسان بوونێكی وا كه وه‌كو نه‌كردنی ده‌بێت، وه‌كو حاڵی ئه‌و كه‌سه‌ی تا سپێده‌ی رۆژی جه‌ژنی قوربان نه‌گه‌یشتبێته عه‌ره‌فات و له‌وێ نه‌وه‌ستابێت دوایی بشگات حه‌جی بۆ حسێب نابێت. به‌ڵام پرسیار ئه‌مه‌یه که ئه‌وی حه‌جی له ده‌ست چوو چی ده‌كات؟
ئه‌گه‌ر وه‌ستانی عه‌ره‌فاتی له ده‌ست چوو كه ئیتر حه‌جه‌كه‌ی له ده‌ست چووه، خۆی بۆ عومره‌یه‌ک ئاماده ده‌كات به ته‌واف كردن و سه‌عیی نێوان سه‌فاو مه‌ڕوه‌و سه‌رتاشین (یان كورتكردنه‌وه‌ی)، به‌ڵام ده‌بێ ساڵی داهاتوو بێته‌وه و حه‌جه‌كه‌ی بكات، كه حه‌جه‌كه‌ی له ساڵی داهاتوودا كرد ده‌بێ قوربانیش بكات و ره‌فتاره‌كانی تری حه‌جی له‌سه‌ر نامێنێت وه‌كو هاتنه خواره‌وه له موزده‌لیفه‌و شه‌یتان ره‌جم كردن و چوونه مینا و ئه‌وانه؛ ئه‌وه بۆچوونی پێشه‌وایانی شه‌رعه جگه له حه‌نه‌فییه‌كان كه ده‌فه‌رموون قوربانی له‌سه‌ر نییه بیكات.[1]
هه‌ڵه کردن له وه‌ستانی عه‌ره‌فاتدا:
ئه‌گه‌ر هه‌موو خه‌ڵكه‌كه به‌هه‌ڵه‌دا چوون له رۆژی عه‌ره‌فه‌دا (كه نۆیه‌می زیلحیججه‌یه)، رۆژی پێشتر یان رۆژی دواتر وه‌ستان روكنه‌كه‌یان به‌جێ هێناوه‌و قه‌زا كردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر نییه.[2] چونكه ئه‌وه‌ی كه فه‌رمانه له‌سه‌ریان ئه‌نجامیان داوه. ئه‌مما ئه‌گه‌ر راجوێ و ناكۆک كه‌وتن هیچ لایه‌كیان نابن به خاوه‌ن عوزر چونكه جه‌ماعه‌ته‌كه‌یان له‌ت كردووه!
بابه‌تی دووه‌م
رێگرتن له حاجی
ئه‌سڵ ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر رێی لێ‌گیرا که بگاته مه‌ككه و حه‌ج یان عومره‌كه‌ی ته‌واو بكات ئه‌وه هه‌ر له‌و شوێنه‌یدا قوربانییه‌كه‌ی ده‌كات ئه‌گه‌ر له توانایدا هه‌یه قوربانی بكات، چونكه خوای گه‌وره حوكمی ئه‌م رێ‌لێگرتنه‌ی روون كردۆته‌وه كه ده‌فه‌رموێ: «فَإِنْ أُحْصِرْتُمْ فَمَا اسْتَيْسَرَ مِنَ الْهَدْيِ» [البقرة: ١٩٦]؛ «ئه‌گه‌ر رێتان لێ‌گیرا (و نه‌گه‌یشتنه مه‌ككه) ئه‌وه‌نده‌ی له تواناتاندا هه‌یه قوربانییه‌كه له‌وێ بكه‌ن».
ئه‌و شتانه‌ی رێ له حاجی ده‌گرن:[3]
شه‌رعناسان له دیاریكردنی هۆكاری رێگرتن له حاجیدا راجوێ بوون، كه چی به رێگر حسێبه؟ چونكه مانای ئایه‌ته‌كه گشتییه:
شافیعییه‌كان و حه‌نبه‌لییه‌كان ده‌فه‌رموون: ئه‌وی رێ له حاجی ده‌گرێت ته‌نها دوژمنه، چونكه ئایه‌ته‌كه خۆی به هۆی رێگرتنی كافرانی قوڕه‌یشه‌وه هاته خواره‌وه كه نه‌یانهێشت پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ته‌شریفی بچێته مه‌ككه‌وه و عومره بكات (عومره‌ی حوده‌یبیه). به‌ڵگه‌یه‌كی تری ئه‌م شه‌رعناسه به‌ڕێزانه ئه‌وه‌یه كه خوای گه‌وره دوای «فَإِنْ أُحْصِرْتُمْ» ده‌فه‌رموێ: «فَإِذَا أَمِنتُمْ»، دواتریش: «فَمَن كَانَ مِنكُم مَّرِيضًا»؛ كه‌وابوو مه‌به‌ست له رێگرتن رێگرێتی دوژمنه كه ئه‌مانی لێ بڕیون. ئه‌گه‌ر نه‌خۆشیش هۆكاری رێلێگرتن بوایه، باسی نه‌خۆشبوونه‌كه‌ی دوایی، زیاده ده‌بوو! كه‌وابوو هۆكاره‌كه ته‌نها رێگرێتی دوژمنه. ئه‌مه‌ش لێكدانه‌وه‌و بۆچوونی ئیبنو عومه‌ر و ئیبنو عه‌بباسه خوا له خۆیان و باوكیان رازی بێت.
ئیمامی مالیك و رایه‌كی ئیمام ئه‌حمه‌د و په‌سه‌ندكراویی ئیبنوته‌یمییه ئه‌وه‌یه كه ئایه‌ته‌كه ئاماژه‌یه به هه‌موو جۆره رێگرێک؛ دوژمن بێت یان نه‌خۆشی، هه‌رچییه‌ک بێت كه بۆته رێگر له رێی ته‌واوكردنی عومره‌و حه‌جه‌كه‌دا.[4] ئه‌مما ئه‌وه كه هۆی هاتنه خواره‌وه‌كه‌ی تایبه‌تی ده‌كات به رێگرێتی دوژمنه‌وه، ئه‌وه ناشێت چونكه له‌فزی ده‌ق گشتگیرتره، ده‌بێت ده‌قێكی تر هه‌بێت گشتی بكات به تایبه‌تی. پاشان «فَإِذَا أَمِنتُمْ» حوكمی تاک‌تاكی حاجییانه‌و په‌سه‌ندترو راستتر ئه‌وه‌یه باسی ئه‌مانی گشتییه له رێی حه‌ج و غه‌یری حه‌جدایه.
پێم وایه بۆچوونی پێشه‌وایانی دووه‌م په‌سه‌ندتره چونكه به‌ڵگه‌ی تریش پشتگیریی ده‌كات؛ وه‌كو ریوایه‌ته‌كه‌ی خاتوو عائیشه خوا لێی رازی بێت ده‌رباره‌ی زو‌باعه‌ی كچی زوبه‌ر (ضُبَاعَةُ بِنْتُ الزُّبَيْرِ) خوا لێیان رازی بێت كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) لێی پرسی: « لَعَلَّكِ أَرَدْتِ الْحَجَّ؟ قَالَتْ وَاللَّهِ مَا أَجِدُنِي إِلاَّ وَجِعَة. فَقَالَ لَهَا: حُجِّي وَاشْتَرِطِي وَقُولِي اللَّهُمَّ مَحِلِّي حَيْثُ حَبَسْتَنِي»[5]؛ «به‌ڵکو له‌گه‌ڵ ئێمه بێیته حه‌ج. عه‌رزی كرد: به‌خوا وا هه‌ست ده‌که‌م نه‌خۆشم. پێی فه‌رموو: حه‌ج بکه و مه‌رج بكه بڵێ خوایه له هه‌ر شوێنێكدا وه‌ستاندتم ئه‌وه ئه‌و شوێنه ده‌سپێكم بێته‌وه».
ئه‌مه به‌ڵگه‌یه‌كی راست و رۆشن و راشكاوه كه نه‌خۆشی و ئازار و نه‌توانین هۆكاری رێگرتنن له حاجی و عومره‌وان كه نه‌توانێت ره‌فتاره‌كانی ته‌واو بكات؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
پاشان ئه‌و كه‌سه‌ی رێی لێگيراوه چی ده‌كات؟
ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌رجه‌ی له نیه‌ت هێنانی حه‌ج و ئیحرامه‌كه‌یدا كردبوو كه خوایه‌گیان له‌هه‌ر شوێنێک راتگرتم ئه‌وه حه‌جه‌كه‌م له‌وێوه‌وه‌یه، ئیتر نه‌یتوانی به‌رده‌وام بێت ئیحرام ده‌كاته‌وه و هیچی له‌سه‌ر نابێت. ئه‌مما ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌رجه‌ی نه‌وتبوو ئه‌وه ئیحرامی عومره‌كردن ده‌به‌ستێت و جمهوری پێشه‌وایان ده‌فه‌رموون قوربانییه‌كیشی ده‌كه‌وێته سه‌ر.
قه‌زای رێ‌لێگیراو:
ئایا رێ‌لێگیراو ده‌بێ حه‌ج و عومره‌كه‌ی قه‌زا بكاته‌وه؟ جمهوری پێشه‌وایان ده‌فه‌رموون ئه‌گه‌ر ئیحرامی كرده‌وه هیچی له‌سه‌ر نامێنێت، نه قوربانی و نه قه‌زا كردنه‌وه، به‌ڵام حه‌نه‌فییه‌كان ده‌فه‌رموون به‌ڵێ واجبه له‌سه‌ری قه‌زای بكاته‌وه.
پێم وایه بۆچوونی جمهور په‌سه‌ندتره، چونكه حاڵی ئه‌م رێ لێگیراوه هه‌روه‌كو ئه‌و كه‌سه‌یه كه له‌م زه‌مانه‌دا به ڤیزه‌یه‌كی ته‌زویر (یان پاسپۆرتی ته‌زویر) چووبێت و له فڕۆكه‌كه‌دا ئیحرامی به‌ستبێت، به‌ڵام له فرۆكه‌خانه‌كه كه‌شفیان كردبێت و نه‌هێڵن داخڵی مه‌ككه ببێت، بێگومان حه‌جه فه‌رزه‌كه‌ی ته‌مه‌نی هه‌ر له‌سه‌ر ماوه، نه‌ک ئه‌م حه‌ج نه‌كردنه‌شی هاتبێته سه‌ر؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
[1]. البدائع: ٢/٢٢٠؛ الهداية: ٢/١٣٦؛ التاج والاكليل: ٣/٢٠٠؛ روضة الطالبين: ٣/١٨٢؛ الكافي: ٣٦٠.
[3]. المجموع: ٨/٢٨٣ و دواتر؛ بداية المجتهد: ١/٥٢٨؛ الإنصاف: ٤/٧١.
[4]. بداية المجتهد: ١/٥٢٩؛ الإنصاف: ٤/٧١؛ الاختيارات: ١٢٠.
[5]. بوخاری: ٥٠٨٩؛ موسليم: ١٢٠٧.