قوربانی كردن له‌لایه‌ن حاجییانه‌وه
له‌م باسه‌دا قسه‌مان له‌سه‌ر قوربانییه که یه‌کێکه له کۆنترین دروشمه‌کانی یه‌کخواپه‌رستان و موسوڵمانان.
بابه‌تی یه‌كه‌م
پێناسه‌ی قوربانی كردن
له كوردیدا قوربانی هه‌ر «قربان»ی عه‌ره‌بییه كه له «تقرّب»ه‌وه‌یه واته نزیک بوونه‌وه. له ئه‌سڵدا سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ بووه له‌به‌ر خاتری خوای گه‌وره وه‌كو خوای گه‌وره له باسی هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی سه‌یدنا ئاده‌مدا (عَلَیهِ السَّلَام) ده‌فه‌رموێ: «وَاتْلُ عَلَيْهِمْ نَبَأَ ابْنَيْ آدَمَ بِالْحَقِّ إِذْ قَرَّبَا قُرْبَانًا فَتُقُبِّلَ مِن أَحَدِهِمَا وَلَمْ يُتَقَبَّلْ مِنَ الآخَرِ» [المائدة: ٢٧]؛ «به‌سه‌رهاتی دوو كوڕه‌كه‌ی ئاماده‌میان بۆ باس كه، كه هه‌ردووكیان قوربانییه‌کیان کرد، له یه‌كێكیان قبوڵ كرا (كه له‌به‌ر خاتری خوا کردبووی و باشترینی سامانه‌که‌ی هه‌ڵبژاردبوو) و له‌وی تریان قبوڵ نه‌كرا (كه له‌به‌رخاتری خوا نه‌یكرد و خراپترینی سامانه‌که‌ی بۆ هه‌ڵبژاردبوو).
هه‌ر ئه‌م دروشمه‌ی خواپه‌رستی -كه به‌شێكه له ته‌وحید- دواتر بوو به دروشمی بتپه‌رستی و كه‌س‌په‌رستی و خه‌ڵكی مه‌ڕوماڵاتیان - یان كۆیله‌و كوڕیان - له په‌رستگاكاندا، له‌به‌ر پێی بته‌كان و تاغووته‌كانیاندا سه‌ر ده‌بڕی، بێگومان ئه‌مه شیرک و تاوانێكی گه‌وره‌یه كه گێل و نه‌فام و هه‌لپه‌رستی كوردیش مه‌ڕ له‌ژێر پێی گه‌وره سیاسییه‌كانیاندا سه‌ر ده‌بڕن!
جه‌ژنی قوربانیش واته ئه‌و جه‌ژنه‌ی كه حاجییه‌كان له مه‌ككه ئاژه‌ڵه‌كانیان سه‌ر ده‌بڕن و ده‌یانكه‌نه قوربانی و خه‌ڵکانی موسوڵمانی تریش له هه‌موو شوێنێکی تر قوربانی ده‌که‌ن.
ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ی که ده‌برێته مه‌ککه بۆ سه‌ربڕین (حاجی قارین یان موته‌مه‌تتیع یان ئه‌و که‌سه‌ی واجبێکی حه‌جه‌که‌ی فه‌وتاندووه ده‌یبات) پێی ده‌وترێت «الْهَدْي» واته دیاری كه بریتییه له‌و ئاژه‌ڵانه‌ی له‌به‌ر ره‌زامه‌ندی خوای گه‌وره حاجی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌یباته مه‌ككه تا له‌وێ سه‌ری ببڕێت و گۆشته‌كه‌ی به‌سه‌ر هه‌ژاراندا ببه‌خشێته‌وه ئه‌مه دیاری ده‌ستی حاجییه كه ده‌چێته ماڵه‌كه‌ی خوای گه‌وره.
بابه‌تی دووه‌م
جۆر و مه‌رجی ئاژه‌ڵی قوربانی
الف- جۆری ئاژه‌ڵی قوربانی:
شه‌رعناسان له‌سه‌ر ئه‌وه رێكن كه ئاژه‌ڵی قوربانی هه‌شت جۆره كه بریتین له نێرینه و مێینه‌ی حوشترو مانگا‌و بزن و مه‌ڕ؛[1] گرنگی و زۆری پاداشتیشیان به پێی چاک و به‌نرخی و ئه‌م ریزبه‌ندییه‌یانه، واته حوشترێكی زۆر چاک و گران ئینجا حوشترێكی ئاسایی، پاشان گایه‌كی قه‌ڵه‌و و چاک پاشان گایه‌كی ئاسایی، ئینجا مانگایه‌كی قه‌ڵه‌و و گرانبه‌ها ئینجا مانگایه‌كی ئاسایی، تا ده‌گاته به‌رخێكی شه‌ش مانگ به‌ره‌و ژوور. خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: «وَالْبُدْنَ جَعَلْنَاهَا لَكُم مِّن شَعَائِرِ اللَّهِ» [الحج: ٣٦]؛ «الْبُدْن» حوشترو مانگایه كه خوای گه‌وره بڕیاری داوه بكرێنه قوربانی و دروشمی یه‌كخواپه‌رستی. ئه‌م وشه كه به‌گشتی بوترێت حوشترو مانگایه، به‌ڵام به جیا ته‌نها حوشتر ده‌گرێته‌وه.[2]
ب- مه‌رجه‌كانی ئاژه‌ڵی قوربانی:
١- یه‌كێک بێت له نێر یان مێی حوشتر، مانگا، مه‌ڕو بزن.
٢- ئه‌گه‌ر حوشتر بوو نابێت ته‌مه‌نی له پێنج ساڵ كه‌متر بێت، ئه‌گه‌ر مانگا بوو نابێت كه‌متر له دوو ساڵانه بێت، ئه‌گه‌ر بزن بوو نابێت ته‌مه‌نی له یه‌ک ساڵ كه‌متر بێت، ئه‌گه‌ر مه‌ڕیش بوو له سه‌روو شه‌ش مانگییه‌وه بێت. جابری كوڕی عه‌بدوڵڵا خوا لێیان رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمووی: «لَا تَذْبَحُوا إِلَّا مُسِنَّةً، إِلَّا أَنْ تَعْسُرَ عَلَيْكُمْ فَتَذْبَحُوا جَذَعَةً مِنَ الضَّأْن»[3]؛ «كه قوربانیتان كرد با له‌وه بێت كه دوو ساڵه‌ی ته‌واو كردبێت، ئه‌گه‌ر له تواناتاندا نه‌بوو به‌رخێكی شه‌ش مانگانه سه‌ربڕن». هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) به ئه‌بوبورده‌ی فه‌رموو (ده‌رباره‌ی كاریله‌یه‌كی شه‌ش مانگانه): «تُجْزِئ عَنْكَ وَلَا تُجْزِئ عَنْ أَحَدٍ بَعْدَكَ»[4]؛ «بۆ تۆ جائیزه (كاریله‌یه‌كی شه‌ش مانگی بكه‌یته قوربانی) به‌ڵام دوای تۆ بۆ كه‌سی تر جائیز نابێت».
٣- پێویسته ساغ و سه‌لیم بێت، نوقسانی تێدا نه‌بێت، چونكه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ده‌فه‌رموێ: «أَرْبَعٌ لاَ تُجْزِئُ فِي الأَضَاحِي: الْعَوْرَاءُ الْبَيِّنُ عَوَرُهَا، وَالْمَرِيضَةُ الْبَيِّنُ مَرَضُهَا، وَالْعَرْجَاءُ الْبَيِّنُ ظَلْعُهَا، وَالْكَسِيرَةُ الَّتِي لاَ تُنْقِي»[5]؛ «چوار پۆل ئاژه‌ڵ بۆ قوربانی ناشێن: كوێر كه كوێرییه‌كه‌ی دیار بێت، نه‌خۆش كه نه‌خۆشییه‌كه‌ی پێوه دیار بێت، شه‌ل كه شه‌لێتییه‌كه به لاقییه‌وه دیار بێت، ئه‌وه‌ش كه له‌به‌ر لاوازیی (له‌ڕولاتی) ناویسترێت».
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی شه‌رعناسان نوقسانییه‌كانی ئاژه‌ڵی قوربانیی ده‌خه‌نه سێ خانه‌وه:[6]
١- هه‌ر ئاژه‌ڵێک یه‌كێک له‌و چوار نوقسانییه‌ی تێدا بێت كه باسیان له ده‌قی فه‌رمووده‌كه‌دا هاتووه بۆ قوربانی ناشێت.
٢- ئه‌و جۆره ئاژه‌ڵه‌ی عه‌یبی لێگیراوه (باس له نوقسانییه‌كه‌ی كراوه) به‌ڵام ئه‌گه‌ر كرا به قوربانی قبووڵه؛ وه‌كو ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ی گوێچكه‌یه‌كی كوون بووه یان قۆچێكی شكاوه. سه‌یدنا عه‌لی خوا لێی رازی بێت ده‌فه‌رموێ: «أَمَرَنَا رَسُولُ اللهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ أَنْ نَسْتَشْرِفَ العَيْنَ وَالأُذُنَ، وَلاَ نُضَحِّيَ بِمُقَابَلَةٍ وَلاَ مُدَابَرَةٍ، وَلاَ خَرْقَاءَ وَلاَ شَرْقَاءَ»[7]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمانی پێداین كه (له هه‌ڵبژاردنی ئاژه‌ڵی قوربانیدا) تێبینی چاو و گوێچكه بكه‌ین و ئه‌و ئاژه‌ڵانه بۆ قوربانی هه‌ڵنه‌بژێرین كه پێش یان پاشی گوێیان له‌ت کراوه (داقڵیشێندراوه)به‌ڵام لێ نه‌کراوه‌ته‌وه، یان گوێی دوو جار له‌ت کراوه یان گوێیبه ده‌ردا کون کراوه». ئه‌م جۆرانه كردنیان به قوربانی په‌سه‌ند نین، هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ر كران قبوڵن و قوربانییه‌كه‌ی له‌سه‌ر لاده‌كه‌وێت.
٣- ئه‌و جۆره ئاژه‌ڵانه‌ی ساغ و سه‌لیم نین، به‌ڵام نوقسانییه‌كانیشیان له‌وانه نین كه ئاماژه‌یان پێكراوه، ئه‌مانه‌ش حه‌رام نین بكرێنه قوربانی به‌ڵام جێ گله‌یی و ره‌خنه‌ن كه بۆچی ساغێكی هه‌ڵ نه‌بژاردووه، بێگومان له‌گه‌ڵ هه‌بوونی توانادا. ئه‌م جۆره وه‌كو ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی خرێیه‌كی شكاوه (نه‌ک ددانه‌كانی پێشه‌وه‌ی) وه‌هه‌روه‌ها؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
بابه‌تی سێیه‌م
حوكمی قوربانی كردن
حوكمی قوربانی كردن دووه؛ یان فه‌رزه یان سوننه‌ته:
١- قوربانی فه‌رز:
ئه‌موه چه‌ندین جۆره (یان به‌شه):
الف- قوربانی ته‌مه‌تتوع و قیران:
هه‌ر حاجییه‌ک مه‌به‌ستی بوو عومره‌یه‌ک بكات و دواتر به‌جیا حه‌ج بكات (موته‌مه‌تتیع)، هه‌روه‌ها ئه‌و حاجییه‌ی له‌سه‌ره‌تاوه نیازی وایه عومره‌و حه‌جه‌كه تێهه‌ڵكێشانه بكات (كه پێی ده‌وترێت قارین) له‌سه‌ریانه قوربانی بكه‌ن؛ چونكه خوای گه‌وره بڕیاری له‌سه‌ر داوه كه ده‌فه‌رموێ: «فَمَن تَمَتَّعَ بِالْعُمْرَةِ إِلَى الْحَجِّ فَمَا اسْتَيْسَرَ مِنَ الْهَدْيِ فَمَن لَّمْ يَجِدْ فَصِيَامُ ثَلاثَةِ أَيَّامٍ فِي الْحَجِّ وَسَبْعَةٍ إِذَا رَجَعْتُمْ» [البقرة: ١٩٦]؛ «هه‌ركه‌سێک عومره‌ی كرد‌و پاشانیش حه‌ج ئه‌وه‌نده‌ی بۆی ده‌لوێت ده‌بێت قوربانی بكات، ئه‌وی له توانایدا نه‌بوو با سێ رۆژ له كات و شوێنی حه‌جه‌كه به‌ڕۆژوو بێت و حه‌وت رۆژیش كه گه‌ڕایه‌وه ماڵی خۆی». شه‌رعناسان كۆڕا (ئیجماع)یان له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌یه كه حه‌جی ته‌مه‌تتوع فه‌رزه قوربانی بكات و له حه‌جی قاریندا زۆرینه‌یان ده‌فه‌رموون: فه‌رزه بیكات.
ب- قوربانی وه‌كو كه‌فاره‌تدان:
هه‌ر حاجییه‌ک به هۆی نه‌خۆشییه‌كه‌وه یان هاوشێوه‌ی سه‌ری تاشی ده‌بێت قوربانییه‌ک بكات یان خۆراک به‌سه‌ر هه‌ژاراندا ببه‌خشێته‌وه یان به‌ڕۆژوو بێت وه‌كو خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: «فَمَن كَانَ مِنكُم مَّرِيضًا أَوْ بِهِ أَذًى مِّن رَّأْسِهِ فَفِدْيَةٌ مِّن صِيَامٍ أَوْ صَدَقَةٍ أَوْ نُسُكٍ» [البقرة: ١٩٦]؛ «هه‌ركه‌سێكتان به‌هۆی نه‌خۆشینه‌وه یان هه‌بوونی ئه‌سپێ وحه‌شه‌راته‌وه سه‌ری تاشی ده‌بێ به ڕۆژوو بێت یان خێروخێرات بكات یان قوربانییه‌ک بكات». له‌وه‌داسه‌رپشكه (مُخيَّر) كه كامیان ئه‌نجام ده‌دات.
ج- قوربانی سزا:
هه‌ر ئیحرامه‌وانێک له سنوری میقاتی حه‌جیدا نێچیرێكی كێویی راو بكات، ده‌بێ له به‌رامبه‌ردا ئاژه‌ڵێكی هاوشێوه‌ی بكات به قوربانی (پێشتر له باسی سزای راو كردن‌دا باسمان له‌م خاڵه كرد). به به‌راورد به‌م ره‌فتاره شه‌رعناسان بڕینه‌وه‌ی دره‌ختیشیان خستۆته ریزی و فه‌رموویانه هه‌ر كه‌سێک دره‌ختێكیش ببڕێته‌وه ده‌بێت له كه‌فاره‌تیدا قوربانییه‌ک بكات.
د- قوربانی ڕێبه‌ستڕاو:
ئه‌و كه‌سه‌ی دوژمن رێی لێگرتووه بگاته كه‌عبه یان به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه نه‌یتوانیوه بگاته ئه‌وێ و ره‌فتاره‌كانی حه‌ج ئه‌نجام بدا فه‌رزه له‌سه‌ری هه‌ر له‌و شوێنه‌دا كه گیر دراوه قوربانییه‌كه‌ی خۆی بكات، با له كاتی ئیحرام پۆشینیشیدا ئه‌و بڕیاره‌ی نه‌دابێت؛ چونكه خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: «فَإِنْ أُحْصِرْتُمْ فَمَا اسْتَيْسَرَ مِنَ الْهَدْيِ» [البقرة: ١٩٦]؛ «ئه‌گه‌ر رێتان لێ‌گیراو نه‌گه‌یشتنه مه‌ككه (له دوای میقاته‌وه نه‌ک له وڵاتی خۆیه‌وه كه ڤیزه‌ی ناده‌نێ!) هه‌ر له‌و شوێنه‌دا قوربانییه‌كانتان به گوێره‌ی توانای خۆتان بكه‌ن».
ه- قوربانی به‌هۆی سه‌رجێیی (جیماع) كردنه‌وه:
هه‌ر كه‌سێک له كاتی حه‌جدا سه‌رجێیی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌یدا بكات، كه‌فاره‌تی قوربانی كردنێكی ده‌كه‌وێته سه‌ر.
و- قوربانی نه‌زر:
وه‌كو ئه‌و كه‌سه‌ی كه نه‌زرێكی له خۆ گرتووه (په‌یمانی به خوای گه‌وره داوه) قوربانییه‌ک بكات، ده‌بێت بیكات.
٢- قوربانی سووننه‌ت:
خۆبه‌خشانه‌یه و به ئومێدی پاداشت ئه‌و حاجییه ده‌یكات كه ته‌نها بڕیاری حه‌جی داوه، یان له هه‌ر پۆله حاجییه‌ک بێت و بیه‌وێت خێر‌و خێرات بكات، قوربانییه‌ک ده‌كات.
بابه‌تی چواره‌م
ناردنی قوربانیه‌كه بۆ كه‌عبه ئه‌گه‌ر خۆی نه‌چوو
هه‌ر كه‌سێک له شار‌و جێگای خۆی بێت و نه‌چووبێته حه‌ره‌می كه‌عبه، په‌سه‌نده كه قوربانییه‌ک خۆبه‌خشانه بنێرێت تا له‌وێ سه‌ر ببڕرێت و دابه‌ش بكرێت، بۆشی هه‌یه نیشانی بكات (که دواتر باسی دێت إِنْ شَاءَ اللَّه). ئه‌گه‌ر ناردی ئه‌حكامی ئیحرامپۆش نایگرێته‌وه و هیچی لێ قه‌ده‌غه نابێت وه‌كو ئیحرامپۆشانی حه‌ج. خاتوو عائیشه خوا لێی رازی بێت ده‌فه‌رموێ: «فَتَلْتُ قَلاَئِدَ بُدْنِ رَسُولِ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بِيَدَىَّ ثُمَّ أَشْعَرَهَا وَقَلَّدَهَا ثُمَّ بَعَثَ بِهَا إِلَى الْبَيْتِ وَأَقَامَ بِالْمَدِينَةِ فَمَا حَرُمَ عَلَيْهِ شَىْءٌ كَانَ لَهُ حِلاًّ»[8]؛ «ملوانكه‌ی ئه‌و ئاژه‌ڵه‌ی كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) بۆ قوربانی كردبوویه ملی به ده‌ست منه‌وه پسا ئیتر پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) نیشانی كرد‌و ناردی بۆ كه‌عبه، جه‌نابیشی له مه‌دینه بوو، هیچی له‌خۆی نه‌گرته‌وه له‌وه‌ی حه‌ڵاڵه‌و له حاجی ده‌گیرێته‌وه».
بابه‌تی پێنجه‌م
راده‌و بڕی قوربانی كردن
بڕی زۆریی قوربانی دیاری نه‌کراوه، پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) سه‌د سه‌ری كرد به قوربانی؛ سه‌یدنا عه‌لی خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «أَهْدَى النَّبِيُّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ مِائَةَ بَدَنَةٍ»[9]؛ «پێغه‌مبه‌ری
خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) سه دسه‌ر حوشتری كرد به قوربانی».
بڕی كه‌مییه‌كه‌شی به‌ر‌خێكه؛ ئه‌بو ئه‌ییوبی ئه‌نساری خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «كَانَ الرَّجُلُ فِي عَهْدِ النَّبِيِّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يُضَحِّي بِالشَّاةِ عَنْهُ وَعَنْ أَهْلِ بَيْتِهِ فَيَأْكُلُونَ وَيُطْعِمُونَ ثُمَّ تَبَاهَى النَّاسُ فَصَارَ كَمَا تَرَى»[10]؛ «له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ری خوادا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) كابرا مه‌ڕێكی له جیاتی خۆی و خێزان و منداڵه‌كانی ده‌كرده قوربانی و به‌س بوو، خۆشیان لێیان ده‌خواردو ده‌شیانبه‌خشیه‌وه، كه‌چی ئه‌وه‌تا ئێستا ده‌بینیت خه‌ڵكی خۆی پێوه باده‌ده‌ن!». سبحانَ اللَّه ئه‌وه له‌و سه‌رده‌مه‌دا، ئه‌دی ئێستا چی؟ كه له وڵاتی مه‌غریب پاره قه‌رز ده‌كه‌ن و قوربانی ده‌كه‌ن تا عه‌یبه‌یان نه‌یاته‌سه‌ر!! بڕوانه كاریگه‌ریی عورفی جاهیلییه‌ت چۆن له دینه‌كه كاریگه‌ر تر بووه؟!.
خاتو عائیشه خوا لێی رازی بێت ده‌فه‌رموێ: «أَنَّ النَّبِيِّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ أَخَذَ الْكَبْشَ فَأَضْجَعَهُ وَذَبَحَهُ وَقَالَ: بِسْمِ اللَّهِ اللَّهُمَّ تَقَبَّلْ مِنْ مُحَمَّدٍ وَآلِ مُحَمَّدٍ»[11]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) مه‌ڕێكی (قوربانی) دا به زه‌ویدا (بۆ سه‌ربڕین) و فه‌رمووی: به ناوی خوا. خوایه له موحه‌ممه‌د و كه‌س‌وكاری موحه‌ممه‌دی قبوڵ كه». ئه‌مه قوربانی گشتییه.
شه‌رعناسان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆن كه حاجییان ئه‌گه‌ر مه‌ڕیان له حه‌ج كرده قوربانی، هه‌ر مه‌ڕه یان هه‌ر بزنه‌و بۆ كه‌سێک ده‌بێت، ناشێت زۆر كه‌س (له حاجییه‌كان) به‌شداریی كڕینی یه‌ک مه‌ڕ یان بزنی قوربانی ببن، ئه‌مما حوشترو مانگا ئه‌وه ده‌شێت حه‌وت كه‌س به‌شدار بن له یه‌كێكیاندا، چونكه جابر خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «نَحَرْنَا مَعَ رَسُولِ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ عَامَ الْحُدَيْبِيَةِ الْبَدَنَةَ عَنْ سَبْعَةٍ وَالْبَقَرَةَ عَنْ سَبْعَةٍ»[12]؛ «ساڵی حوده‌یبییه له خزمه‌تی پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) بووین كه قوربانیمان كرد حه‌وت كه‌س له حوشترێكداو حه‌وت كه‌س له مانگایه‌كدا به‌شدار بوون تا بیكه‌نه قوربانی له جیاتی هه‌ر یه‌كه‌یان».
هه‌ر جابر خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «خَرَجْنَا مَعَ رَسُولِ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ مُهِلِّينَ بِالْحَجِّ فَأَمَرَنَا رَسُولُ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ أَنْ نَشْتَرِكَ فِي الإِبِلِ وَالْبَقَرِ كُلُّ سَبْعَةٍ مِنَّا فِي بَدَنَةٍ»[13]؛ «له خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوادا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) چووینه حه‌ج، فه‌رمانی پێداین كه هه‌ر حه‌وت كه‌س به‌شدار بین له قوربانی كردنی حوشترێکدا (یان مانگایه‌كدا).
ئیبنو روشد ده‌فه‌رموێ: شه‌رعناسان كۆڕایان له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌یه كه جائیزه حه‌وت كه‌س له حوشترێک یان مانگایه‌كی قوربانیدا به‌شدار بن، مادام به هه‌موویان كڕیویانه.[14] به‌ڵام ئیمامی ئیسحاق كه هاوڕێ و هاوشانی ئیمامی ئه‌حمه‌ده ده‌فه‌رموێ: ده‌شێت ده كه‌س به‌شدار بن له قوربانی یه‌ک حوشتر یان یه‌ک مانگادا، به‌ڵگه‌ش هه‌یه ئه‌م بۆچوونه‌ی ئیمامی ئیسحاق به‌هێز بكات؛ خاتوو عائیشه خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «فَلَمَّا كُنَّا بِمِنًى أُتِيتُ بِلَحْمِ بَقَرٍ، فَقُلْتُ مَا هَذَا قَالُوا ضَحَّى رَسُولُ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ عَنْ أَزْوَاجِهِ بِالْبَقَرِ»[15]؛ «ئه‌و كاته‌ی له مینا بووین (كاتی حه‌ج) گۆشتیان بۆ هێنام، پرسیم: هی چییه؟ وتیان پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) مانگای سه‌ربڕیوه كردوێتی به قوربانی بۆ ژنه‌كانی». ئه‌و كاته‌ش ژنه به‌ڕێزه‌كانی خوا لێیان رازی بێت نۆ بوون. ریوایه‌تی تریش هه‌یه جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه یه‌ک مانگا بوو.[16] ئه‌وه‌ش سه‌لمێنراوه كه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) له به‌شكردنی غه‌نیمه‌تدا (ده‌سكه‌وتی جه‌نگ) یه‌ک حوشتری به‌رامبه‌ر به ده مه‌ڕ دانا «فَعَدَلَ بَعِيرًا بِعَشْرِ شِيَاهٍ».[17]
ئیبنو عه‌بباس خوا لێیان رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «كُنَّا مَعَ رَسُولِ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فِي سَفَرٍ فَحَضَرَ الأَضْحَى فَاشْتَرَكْنَا فِي الْجَزُورِ عَنْ عَشَرَةٍ وَالَبَقَرَةِ عَنْ سَبْعَةٍ»[18]؛ «له خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خوادا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) له سه‌فه‌ردا بووین كه چێشته‌نگاو هات هه‌ر ده كه‌سمان له حوشترێک و هه‌ر حه‌وت كه‌سمان له مانگایه‌كدا به‌شداریمان كرد».
گونجاندنی ئه‌م فه‌رموودانه پێكه‌وه به یه‌كێک له‌م چۆنیه‌تیانه ده‌بێت كه ئیبنولقه‌ییم باسی لێوه كردوو‌ن:
١- یان ده‌بێ بوترێت ریوایه‌ته‌کانی حه‌وت (وشترێک بۆ حه‌وت که‌س) زۆرتر‌و راستترن.
٢- یان ده‌بێ بوترێت له هه‌ڵسه‌نگاندنی حوشتری غه‌نیمه‌ته‌كه‌دا كه به‌رامبه‌ر ده مه‌ڕ دانڕاوه، بۆ رێكخستنی پشكه‌كان بووه، چونكه حوشتره‌كان قه‌ڵه‌و و تێر بوون، به‌ڵام له قوربانی كردن‌دا كه بۆ حه‌وت كه‌س دانراوه تێیدا به‌شدار بن، ته‌قدیری شه‌رعه‌و ئه‌میان ئه‌سڵه.
٣- یان ده‌وترێت ئه‌وه به‌گوێره‌ی كات و شوێن و جۆری و گرنگی حوشتره‌كه جیاوازه، له هه‌ندێ كات و شوێن و حاڵه‌تدا حوشترێک به‌رامبه‌ر ده سه‌ر مه‌ڕ بووه و له هه‌ندێ كات و شوێن و حاڵه‌تی تردا به‌رامبه‌ر حه‌وت سه‌ر بووه؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
بابه‌تی شه‌شه‌م
كات و شوێنی قوربانی كردن بۆ حاجی
١- كاتی قوربانی كردن:
پێشتر وتمان كه قوربانی كردنی حاجی له رۆژی جه‌ژنی قورباندایه (ده‌یه‌می زیلحیججه)، دوای شه‌یتان ره‌جم كردنه‌و پێش سه‌رتاشین و ته‌وافه، ئه‌مما ساتی سه‌ربڕینه‌كه شه‌رعناسان تێیدا بوونه‌ته خاوه‌ن شه‌ش بۆچوون:[19]
بۆچوونی یه‌كه‌م- رۆژانی قوربانی كردن رۆژی جه‌ژنی قوربان و سێ رۆژی دواترێتی: ئه‌مه بۆچوونی ئیمامی شافیعی و ئه‌وزاعی و عه‌تاء و حه‌سه‌نی به‌سری و په‌سه‌ندكراوی ئیبنولمونزیرو ئیبنولقه‌ییمه و له یاوه‌رانیشدا بۆچوونی سه‌یدنا عه‌لییه خوا لێی رازی بێت. به‌ڵگه‌یان:
١- فه‌رمووده‌ی: «وَكُلُّ أَيَّامِ التَّشْرِيقِ ذَبْحٌ»[20]؛ «هه‌موو رۆژانی ته‌شریق (١١-١٣ی زیلحیججه) رۆژانی سه‌ربڕینی قوربانین.
٢- سێ رۆژه‌كه‌ی دوای جه‌ژنی قوربانیش هه‌ر به‌رده‌وامی و رۆژانی ته‌شریق و مانه‌وه له مینا و رۆژانی شه‌یتان ره‌جم كردنن و نابێت تێیاندا به‌ڕۆژوو بین، كه‌وابوو هه‌موو ئه‌و چوار رۆژه وه‌كو یه‌كن.
٣- ده‌قێک نییه یان كۆڕا له‌سه‌ر رێگرتن له سه‌ربڕینی قوربانی له‌و سێ رۆژه‌دا.
بۆچوونی دووه‌م- رۆژی جه‌ژنی قوربان و دوو رۆژی دواترێتی: ئه‌مه بۆچوونی ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه‌و مالیک و ئه‌حمه‌ده كه له ئیبنوعومه‌ر و ئیبنو عه‌بباسیشه‌وه خوا لێیان رازی بێت ریوایه‌ت كراوه؛ به‌ڵگه‌ی ئه‌مان ئه‌وه‌یه كه نه‌هی كراوه له هه‌ڵگرتنی گۆشتی قوربانی له سێ رۆژ زیاتر، كه‌وابوو رۆژانی سه‌ربڕین، جه‌ژنی قوربان و دوو رۆژی دواترێتی. به‌ڵام ئه‌مه جێ هه‌ڵوێسته؛ چونكه رێگرتن له هه‌ڵگرتنی گۆشتی قوربانی بۆ سێ ڕۆژ زیاتر مانای رێگرتن له سه‌ربڕین ناگرێت له دوای ئه‌و سێ رۆژه! [21]
بۆچوونی سێیه‌م- ته‌نها رۆژی جه‌ژنی قوربانه و به‌س: ئه‌مه بۆچوونی ئیبنو سیرینه كه ده‌فه‌رموێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌م رۆژه ناوی رۆژی قوربانه چونكه تایبه‌ته به قوربانی سه‌ربڕین.
بۆچوونی چواره‌م- رۆژێكه بۆ خه‌ڵکی ناوچه‌کانی تر و سێ رۆژه له مینا: ئه‌مه بۆچوونی سه‌عیدی كوڕی جوبه‌یرو جابری كوڕی زه‌یده له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قوربانی كردن له ئه‌سڵدا ره‌فتارێكی حاجیانه وه‌كو شه‌یتان ره‌جم كردن و ته‌واف و سه‌رتاشین.
بۆچوونی پێنجه‌م- له رۆژی جه‌ژنی قوربانه‌وه‌یه تا كۆتایی مانگی زیلحیججه: ئه‌مه‌ش بۆچوونی ئیبڕاهیمی نه‌خه‌عی و ئه‌بو سه‌له‌مه‌ی كوڕی عه‌بدوڕڕه‌حمانه.
بۆچوونی شه‌شه‌م- كاتی دیاریکراوی نه‌گۆڕی نییه: بۆچوونێكی تری شافیعییه‌كانه و ئیمامی نه‌وه‌وی به لاوازی داناوه.[22]
پێم وایه: په‌سه‌ندكردنه‌كه‌ی ده‌سته‌ی باڵای گه‌وره زانایانی سعودیه (هیئة كبار العلما‌ء بالسعودیة) به‌جێیه كه به رای زۆرینه‌یان بۆچوونی یه‌كه‌میان په‌سه‌ند كرووه[23] كه ڕۆژانی قوربانی كردن بۆ حاجییان چواره، رۆژی جه‌ژنی قوربان خۆی و سێ ڕۆژه‌كه‌ی دواتری (واته سێ رۆژی ته‌شریق)؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
٢- شوێنی قوربانی کردن:
خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: «ثُمَّ مَحِلُّهَا إِلَى الْبَيْتِ الْعَتِيقِ» [الحج: ٣٣]؛ «پاشان شوێنی قوربانی كردن ماڵه كۆنه‌كه‌ی كه‌عبه‌یه».
پێغه‌مبه‌ری خواش (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) قوربانییه‌كانی خۆی له مینا سه‌ربڕی و فه‌رمووی: «نَحَرْتُ هَاهُنَا، وَمِنًى كُلُّهَا مَنْحَرٌ، فَانْحَرُوا فِي رِحَالِكُمْ»[24]؛ «وا لێره‌دا قوربانیی خۆمم سه‌ربڕی، مینا هه‌مووی هه‌رشوێنی قوربانییه، له مه‌نزڵگاكانی خۆتاندا قوربانی سه‌ربڕن». له ریوایه‌تێكی تری‌دا ده‌فه‌رموێ: «وَكُلُّ مِنًى مَنْحَرٌ وَكُلُّ الْمُزْدَلِفَةِ مَوْقِفٌ وَكُلُّ فِجَاجِ مَكَّةَ طَرِيقٌ وَمَنْحَرٌ»[25]؛ «هه‌موو ناوچه‌ی مینا جێ قوربانی كردنه، هه‌موو موزده‌لیفه جێی وه‌ستانه، هه‌موو رێگایه‌كی مه‌ككه رێی حه‌ج و شوێنی قوربانی سه‌ربڕینه».
كه‌وابوو سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵی قوربانی له قورباندا هه‌ر ده‌بێ له بازنه‌ی حه‌ره‌مدا؛ بێت جمهوری پێشه‌وایان جگه له ئیمامی مالیک ده‌فه‌رموون له هه‌ر شوێنێكی سنوری حه‌ره‌م (مه‌ككه‌و ده‌وروبه‌ریی وه‌ک مینا‌و ...) جائیزه و قوربانییه‌كه‌ی له‌سه‌ر لاده‌چێت. به‌ڵام ئیمامی مالیک ده‌فه‌رموێ له غه‌یری ناو مه‌ككه نابێت چونكه خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: «هَدْیًا بَالِغَ الْكَعْبَه‌ِ» [المائدة: ٩٥]؛ «قوربانییه‌ک كه له كه‌عبه‌دا بكرێت». به‌ڵام فه‌رمووده‌كه‌ی سه‌ره‌وه (قوربانی کردن له مینا) بۆچوونی ئیمام مالیک ده‌خاته كه‌ناره‌وه؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
٣- ناردنه ده‌ره‌وه‌ی گۆشتی قوربانی حه‌ره‌م:
ئایا ده‌شێت گۆشتی قوربانی حه‌ره‌م بنێررێته ده‌ره‌وه‌ی؟ ئه‌نجومه‌نی باڵای گه‌وره زانایانی سعودیه بڕیاریان داوه ئه‌وه‌ی حاجی و غه‌یری ئه‌و سه‌ری ده‌بڕن سێ جۆره:
الف- قوربانی حاجییانی ته‌مه‌تتوع و قیڕان: ئه‌مه‌یان شیاوه گۆشته‌كه‌ی بنێررێته ده‌ره‌وه‌ی مه‌ككه، چونكه یاوه‌ران خوا لێیان رازی بێت گۆشتی قوربانی حاجییانی خۆیان ده‌نارده مه‌دینه؛ بوخاری له جابره‌وه گێڕاوێتییه‌وه: «كُنَّا لاَ نَأْكُلُ مِنْ لُحُومِ بُدْنِنَا فَوْقَ ثَلاَثِ مِنًى، فَرَخَّصَ لَنَا النَّبِيُّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَقَالَ: كُلُوا وَتَزَوَّدُوا " فَأَكَلْنَا وَتَزَوَّدْنَا»[26]؛ «كه له مینا بووین له سێ رۆژ زیاتر گۆشتی قوربانی خۆمانمان نه‌ده‌خوارد، دواتر پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) رێی پێداین، ئیتر ئێمه‌ش لێمان ده‌خوارد لێشمان هه‌ڵده‌گرت (بۆ توێشووی رێ)».
ب- ئه‌وی حاجی له حه‌ره‌مدا سه‌ری ده‌بڕێت كه كه‌فاره‌ته‌و كه‌وتۆته سه‌ری به‌هۆی راوكردنی نێچیری كێوی بێت یان وه‌لكردنی واجبێكی ره‌فتاره‌كانی حه‌ج بووبێت یان شتێكی له رێپێنه‌دراوه‌كان كردبێت، گۆشتی سه‌ربڕڕاوانی ئه‌م سزایانه (كه‌فاره‌تانه) نابێت له حه‌ره‌م ببرێته ده‌ره‌وه چونكه تایبه‌ته به هه‌ژارو نه‌داری حه‌ره‌م.
ج- ئه‌وی له ده‌ره‌وه‌ی حه‌رم سه‌ربڕراوه وه‌كو كه‌فاره‌ت بووبێت یان قوربانی رێلیگیراوانی حه‌ج یان قوربانی تر كه له ده‌ره‌وه‌ی حه‌ره‌مدا جائیز بووه سه‌ربڕینی، ئه‌مه ده‌شێت هه‌ر له‌و شوێنه‌دا به‌سه‌ر خه‌ڵكی هه‌ژاردا ببه‌خشرێته‌وه و جائیزیشه بنێررێت بۆ شوێنانی تر.
٤- دیاری كردنی ئاژه‌ڵی قوربانی:
حاجی بۆی هه‌یه ئاژه‌ڵی قوربانییه‌كه‌ی هه‌ر له سنوری حه‌ره‌می مه‌ككه‌دا بكڕێت، هه‌روه‌كو بۆی هه‌یه له ده‌ره‌وه‌ی مه‌ككه بیكڕێت و له‌گه‌ڵ خۆیدا بیبات یان بینێرێت، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یبرد یان ده‌ینارد چاكتره نیشانی بكات، چونكه له‌سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ری خوادا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) به دوو شێوه دیاری ده‌كرا كه ئه‌مه بۆ قوربانی دانراوه، ئیتر نه‌ک هه‌ر نه‌ده‌دزرا به‌ڵكو له‌به‌ر خاتری خوا له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه خۆراک و ئاوی ده‌درایه چونكه دیارییه‌و بۆ ماڵی خوا ده‌چێت. دیاریكردنه‌كه‌ش دوو جۆر بوو:
التقلید: واته ملوانكه له مل كردن كه تاكه نه‌علیک یان جووتێک نه‌علی بۆ ده‌كرایه ملوانكه‌و ده‌كرایه ملی، یان پارچه چه‌رمێک كه هه‌موو لایه‌ک ده‌یانزانی ئه‌وه نیشانه‌ی تایبه‌ت كردنێتی بۆ قوربانی.
الإشعار: واته نیشان كردن كه سه‌رپشتی حوشتره‌كه (سه‌نامه‌كه‌ی) یان سه‌رپشتی مانگاكه (له لایه‌نی راستییه‌وه) بریندار ده‌كرا تا خوێنی لێ ده‌هاته خوارێ بۆ سه‌رپشتی و سكی و پێوه‌ی ده‌مایه‌وه، ئیتر كه نه‌ده‌شۆرا ده‌زانرا كه تایبه‌تكراوی قوربانییه. بێگومان ئێستا ده‌یان شێوازی ئاسانتری وای بۆ دا‌هێنراوه كه وه‌كو ناسنامه‌ی ئاژه‌ڵه‌كه‌یه.
ئیبنوعه‌بباس خوا لێیان رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ صَلَّى الظُّهْرَ بِذِي الْحُلَيْفَةِ ثُمَّ دَعَا بِبَدَنَةٍ فَأَشْعَرَهَا مِنْ صَفْحَةِ سَنَامِهَا الأَيْمَنِ ثُمَّ سَلَت عَنْهَا الدَّمَ وَقَلَّدَهَا بِنَعْلَيْنِ ثُمَّ أُتِيَ بِرَاحِلَتِهِ فَلَمَّا قَعَدَ عَلَيْهَا وَاسْتَوَتْ بِهِ عَلَى الْبَيْدَاءِ أَهَلَّ بِالْحَجِّ»[27]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) له رێی حه‌جه‌كه‌یدا نوێژی نیوه‌ڕۆی له زولحوله‌یفه كرد، پاشان ناردی حوشتری قوربانییه‌كه‌یان هێنایه خزمه‌تی، لای راستی سه‌نامه‌كه‌ی (به‌رزاییه‌كه‌ی سه‌رپشتی حوشتره‌كه)ی نیشان كرد تا خوێنی لێهات، ئینجا دوو نه‌علیشی كرده ملی حوشتره‌كه پاشان سواری سوارییه‌كه‌ی بوو، كه سوارییه‌كه‌ی گه‌یشته به‌یداء نیه‌تی حه‌ج كردنی هێنا».
پاشان پرسیارێک دروست ده‌بێت؛ ئایا مه‌ڕ نیشان ده‌كرێت؟ ئیمامی شافیعی و ئه‌حمه‌د و ئه‌بوسه‌ورو داوود ده‌فه‌رموون: مه‌ڕیش نیشان ده‌كرێت چونكه خاتوو عائیشه خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ أَهْدَى إِلَى الْبَيْتِ مَرَّةً غَنَمًا فَقَلَّدَهَا»[28]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) جارێكیان مه‌ڕی كرده قوربانی و ملوانكه‌ی دیاریكردنی كرده ملی». به‌ڵام ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه و مالیک ده‌فه‌رموون: عاده‌ته‌ن مه‌ڕ نیشان ناكرێت.
پێم وایه ئێستا بۆچوونی یه‌كه‌م كراوه‌ته رێسا كه په‌سه‌ندتره چونكه به‌ڵگه‌شی هه‌یه؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
بابه‌تی حه‌وته‌م
سوود وه‌رگرتن له ئاژه‌ڵی قوربانی
١- خواردن له گۆشته‌كه‌ی: خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: «فَكُلُوا مِنْهَا وَأَطْعِمُوا الْبَائِسَ الْفَقِيرَ» [الحج: ٢٨]؛ «خۆشتان لێی بخۆن و بیشیده‌نه په‌ككه‌وته‌و هه‌ژارو نه‌داران».
شه‌رعناسان له حوكمی خواردن له قوربانی خۆییدا راجوێ بوون:[29]
- ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه ده‌فه‌رموێ: له قوربانی فه‌رز ناخوات، ته‌نها له قوربانی ته‌مه‌تتوع و قیران ده‌خوات، ئه‌مه بۆچوونی زۆرینه‌ی شه‌رعناسانی حه‌نبه‌لیشه.
- ئیمامی مالیک ده‌فه‌رموێ: له هه‌موو قوربانی فه‌رز ده‌خوات جگه له قوربانییه‌ک كه سزای راوكردنه یان نه‌زره یان كه‌فاره‌تی نه‌خۆشی خۆیه‌تی.
- ئیمامی شافیعی ده‌فه‌رموێ: هیچ له گۆشتی قوربانی فه‌رز ناخوات، هه‌موو گۆشته‌كه بۆ هه‌ژاران و نه‌دارانه.
پێم وایه هه‌ر قوربانییه‌ک وه‌كو كه‌فاره‌ت بێت لێی ناخوات، چونكه شه‌رعناسان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆن كه هیچ كه‌سێک بۆی نییه له كه‌فاره‌تی خۆی بخوات، ئه‌مه حوكمی نه‌خواردنه له قوربانییه‌كانی سزای راو و كه‌فاره‌تی نه‌خۆشیی و هه‌موو قوربانییه‌كی تر كه به‌هۆی هه‌ڵه‌ی خۆیه‌وه كه‌وتۆته سه‌ریی كه پێی ده‌وترێت «دم الجبران»، واته قوربانییه‌ک كه هه‌ڵه‌كه‌ی پێ راست ده‌كرێته‌وه. ئه‌مما گۆشتی قوربانییه‌ک كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه خۆی بۆ قوربانیكردن رای گرتووه كه خواپه‌رستییه‌كی سه‌ربه‌خۆی خۆیه‌تی، ئه‌وه بۆی هه‌یه لێی بخوات؛ كه‌وابوو گۆشتی قوربانی ته‌مه‌تتوع و قیران له‌م جۆره خواپه‌رستییه سه‌ربه‌خۆیه‌ن و بۆی هه‌یه لێیان بخوات، چونكه پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) له گۆشتی قوربانییه‌كه‌ی خۆیی خوارد؛ جابر ده‌گێڕێته‌وه: «ثُمَّ أَمَرَ مِنْ كُلِّ بَدَنَةٍ بِبضْعَةٍ فَجُعِلَتْ فِي قِدْرٍ فَطُبِخَتْ فَأَكَلاَ مِنْ لَحْمِهَا وَشَرِبَا مِنْ مَرَقِهَا»[30]؛ «پاشان فه‌رمانی دا له هه‌ر قوربانییه‌ک پارچه‌یه‌ک گۆشتی لێ گل بدرێته‌وه (بۆ خواردنی خۆیان) پاشان هه‌موویان خسته مه‌نجه‌ڵێكه‌وه و كوڵێنرا، ئینجا له گۆشته‌كه‌یان خوارد‌و گۆشتاوه‌كه‌شیان نۆش كرد».
ئه‌مما قوربانیی خۆبه‌خش كه له‌گه‌ڵ خۆی هێناوه و گه‌یاندوێتیه شوێنی خۆی له مه‌ككه و سه‌ری بڕیوه، بۆی هه‌یه وه‌كو خه‌ڵكی له خواردنیدا به‌شدار بێت.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاژه‌ڵه‌كه پێش سه‌ربڕینی نوقسان كه‌وت له‌م حاڵه‌ته‌دا خۆی لێی ناخوات، هه‌ر ده‌یدات به خه‌ڵكی، ئیبنو عه‌بباس خوا لێیان ڕازی بێت گێڕایه‌وه كه ئه‌بو قه‌بیسه قسه‌ی بۆ كرد: «أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كَانَ يَبْعَثُ مَعَهُ بِالْبُدْنِ ثُمَّ يَقُولُ: إِنْ عَطِبَ مِنْهَا شَىْءٌ فَخَشِيتَ عَلَيْهِ مَوْتًا فَانْحَرْهَا ثُمَّ اغْمِسْ نَعْلَهَا فِي دَمِهَا ثُمَّ اضْرِبْ بِهِ صَفْحَتَهَا وَلاَ تَطْعَمْهَا أَنْتَ وَلاَ أَحَدٌ مِنْ أَهْلِ رُفْقَتِكَ»[31]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ئاژه‌ڵی قوربانی پێدا ده‌نارد بۆ مه‌ككه، پاشان ده‌یفه‌رموو : ئه‌گه‌ر هه‌ر كامێكیان (له ئاژه‌ڵه‌كان) شتێكی لێهات و خه‌مت بوو مرداربێته‌وه سه‌ری بڕه، پاشان پێیه‌كانی به خوێنی خۆی ته‌ڕ كه و بیهێنه به‌لا ملییدا، نه خۆت لێی بخۆ‌و نه هاوڕێكانی سه‌فه‌ره‌كه‌شت». ئه‌وه‌ش بۆ رێگرتن بوو له‌وه‌ی نه‌بادا خۆیان حه‌زیان له گۆشت خواردن بووبێت و ئاژه‌ڵێک ئیهمال بكه‌ن یان به ئه‌نقه‌ست نوقسانی بكه‌ن و سه‌ری ببڕن و بیخۆن، به‌م حوكمه‌ش له خواردنی مه‌حرووم بوون، جا به هه‌رشێوه‌یهکك په‌كی كه‌وتبێت و سه‌ر بڕرابێت.
٢- سوار بوون و به‌كار هێنانی:
شافیعییه‌كان ده‌فه‌رموون: ئه‌گه‌ر پێویستی بوو سواری ئاژه‌ڵی قوربانی ببێت (حوشتر و گا‌و مانگا) بۆی هه‌یه سواری ببێت بێ ئه‌وه‌ی زیانی لێبدات؛ چونكه خوای گه‌وره باسی له سوود لێوه‌رگرتنیان كردووه، له‌و سودانه‌ش سواربوونه وه‌ک ده‌فه‌رموێ: «لَكُمْ فِيهَا مَنَافِعُ إِلَى أَجَلٍ مُّسَمًّى ثُمَّ مَحِلُّهَا إِلَى الْبَيْتِ الْعَتِيق» [الحج: ٣٣]؛ «بۆتان هه‌یه تا ئاژه‌ڵی قوربانییه‌كه ده‌گه‌یێننه جێی قوربانی كردنه‌كه (كه‌عبه) سوودیان لێ وه‌رگرن له سوار بوون و زاوزێ پێكردن و شیره‌كه‌یان و... ».
ئه‌بو هوڕه‌یڕه خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ رَأَى رَجُلاً يَسُوقُ بَدَنَةً. فَقَالَ: ارْكَبْهَا، قَالَ إِنَّهَا بَدَنَةٌ . فَقَالَ: ارْكَبْهَا وَيْلَكَ! فِي الثَّانِيَةِ أَوْ فِي الثَّالِثَةِ»[32]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) كابرایه‌كی بینی حوشترێكی قوربانی پێش خۆ داوه‌و لێی ده‌خوڕێت، پێی فه‌رموو: سواری به، عه‌رزی كرد: ئاخر ئاژه‌ڵی قوربانییه، فه‌رمووی سواری به نه‌گبه‌ت! له دووه‌م جار یان سێیه‌م جار وای پێ فه‌رموو».
له جابری كوڕی عه‌بدوڵڵایان خوا لێیان رازی بێت پرسی ده‌رباره‌ی سواربوونی ئاژه‌ڵی قوربانی، فه‌رمووی: «سَمِعْتُ النَّبِيَّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَقُولُ: ارْكَبْهَا بِالْمَعْرُوفِ إِذَا أُلْجِئْتَ إِلَيْهَا حَتَّى تَجِدَ ظَهْرًا»[33]؛ «گوێم لێ‌بوو پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ده‌یفه‌رموو ئه‌گه‌ر ناچار بوویت به ره‌فتارێكی جوان سواری به تا ئه‌و ساته‌ی سوارییه‌كه‌ت ده‌ست ده‌كه‌وێت».
ئیمامی ئه‌بو حه‌نیفه و مالیک و ئه‌حمه‌د و ئیسحاق و زاهیرییه‌كان ده‌فه‌رموون پێویستیشی پێی نه‌بێت بۆی هه‌یه سواری ببێت.[34] به‌ڵام دیاره كه ریوایه‌ته‌كه‌ی جابر ئه‌م بۆچوونه‌ی پێشه‌وایان كه‌نار ده‌خات؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
٣- کردنی به هه‌قده‌ستی قه‌ساب:
ناشێت به قه‌سابێک بوترێت قوربانییه‌كه‌م بۆ سه‌ر بڕه‌و له به‌رامبه‌ریدا پێسته‌كه‌ی بۆ خۆت هه‌ڵگره، ده‌بێ كرێی خۆی بدرێتێ - كه له سه‌ری رێكه‌وتوون - ئینجا وه‌كو خێر پشكێكی له قوربانییه‌كه بدرێتێ. سه‌یدنا عه‌لی خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «أَمَرَنِي رَسُولُ اللَّهِ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ أَنْ أَقُومَ عَلَى بُدْنِهِ وَأَقْسِمَ جُلُودَهَا وَجِلاَلَهَا وَأَمَرَنِي أَنْ لاَ أُعْطِيَ الْجَزَّارَ مِنْهَا شَيْئًا وَقَالَ: نَحْنُ نُعْطِيهِ مِنْ عِنْدِنَا»[35]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمانی پێ‌كردم كه ببمه سه‌رپه‌رشتیاری قوربانی كردن و پێسته‌و ریخۆڵه‌كانیش من دابه‌شی بكه‌م، فه‌رمانی پێدام هیچی لێ نه‌ده‌م به قه‌سابه‌كه، فه‌رمووی: ئێمه خۆمان لێره‌وه كرێی خۆی بۆ حسێب ده‌كه‌ین.
رۆژووگرتن بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی توانای قوربانی كردنی نییه
وه‌كو پێشتر روون بۆوه هه‌ر حاجییه‌ک حه‌جی ته‌مه‌تتوع بكات یان قیران ده‌بێ قوربانییه‌ک بكات، ئه‌گه‌ر له‌به‌ر هه‌ژاری و نه‌داری یان هۆی تری شه‌رعی نه‌یتوانی قوربانی بكات ده‌بێت ده رۆژ به‌ڕۆژوو بێت: سێ رۆژ له حه‌ج و حه‌وت رۆژ كه گه‌ڕایه‌وه شار‌و ماڵی خۆی، وه‌كو خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: «فَمَن تَمَتَّعَ بِالْعُمْرَةِ إِلَى الْحَجِّ فَمَا اسْتَيْسَرَ مِنَ الْهَدْيِ فَمَن لَّمْ يَجِدْ فَصِيَامُ ثَلاثَةِ أَيَّامٍ فِي الْحَجِّ وَسَبْعَةٍ إِذَا رَجَعْتُمْ تِلْكَ عَشَرَةٌ كَامِلَةٌ» [البقرة: ١٩٦]؛ «هه‌ر كه‌سێک بڕیاری ته‌مه‌تتوعی دابوو (كه عومره‌كه له مانگه‌كانی حه‌جدا بكات ۆاشان حه‌جه‌که‌ی) قوربانییه‌كی به‌قه‌ده‌ر توانای خۆی له‌سه‌ره (له مه‌ڕێكه‌وه بۆ حوشترێک)، هه‌ر كه‌سێک توانای قوربانی كردنی نه‌بوو، ده‌بێ سێ رۆژ له حه‌ج و حه‌وت رۆژ كه گه‌ڕایه‌وه شاروماڵی خۆی به ڕۆژو بێت. ئه‌مه ده رۆژی ته‌واوه».
ئیبنو عومه‌ر خوا لێی رازی بێت ده‌گێڕێته‌وه: «أَنَّ النَّبِيِّ صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ: فَمَنْ لَمْ يَجِدْ هَدْيًا فَلْيَصُمْ ثَلاَثَةَ أَيَّامٍ فِي الْحَجِّ وَسَبْعَةً إِذَا رَجَعَ إِلَى أَهْلِهِ»[1]؛ «پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمووی: هه‌ر كه‌سێک نه‌یتوانی قوربانی بكات با سێ رۆژ له حه‌ج به‌ڕۆژوو بێت و حه‌وت رۆژیش كه گه‌ڕایه‌وه شار و ماڵی خۆی».
کاتی گرتنی ئه‌و سێ رۆژه:
شه‌رعناسان له دیاریكردنی ئه‌و سێ رۆژه‌دا كه ده‌بێ حاجیی نه‌داری قوربانی تێیاندا به‌ڕۆژوو بێت راجوێ بوون؛ بۆچوونیان دوانه:
بۆچوونی یه‌كه‌م- له كاتی ئیحرام به‌ستنی عومره‌وه‌یه له مانگه‌كانی حه‌جدا:
ئه‌مه بۆچوونی حه‌نه‌فییه‌كان و حه‌نبه‌لییه‌كانه. ئیمام ئه‌حمه‌د خۆی ده‌فه‌رموێ چاكتره كه رۆژی دواینی سێ رۆژه‌كه، رۆژی ته‌رویه (هه‌شتی زیلحیججه) بێت (واته رۆژانی شه‌ش تا هه‌شتی زیلحیججه ئه‌م سێ رۆژه رۆژووه بگرێت)؛[2] ئه‌وه په‌سه‌ندكراوی ئیمامی ئیبنو ته‌یمییه‌شه. ئه‌گه‌ر بوترێت چۆن بۆ عومره‌ش وایه كه خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: «ثَلاثَةِ أَيَّامٍ فِي الْحَجِّ»؛ «سێ رۆژ رۆژوو له كاتی حه‌ج كردنه‌كه‌دا»، له وه‌ڵامدا ده‌وترێت ئاخر عومره‌كه‌ش تێكهه‌ڵكێش بۆته‌وه له‌گه‌ڵ حه‌جه‌كه‌دا و بوون به یه‌ک ره‌فتاری به‌رده‌وام؛ وه‌كو پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فه‌رمووی: «دَخَلَتِ الْعُمْرَةُ فِي الْحَجِّ»[3]؛ «عومره‌كه له‌گه‌ڵ حه‌جدا تێكهه‌ڵكێش بوو».
بۆچوونی دووه‌م- رۆژوو گرتن دوای ئیحرام به‌ستنی حه‌جه:
ئه‌مه‌ش بۆچوونی مالیكییه‌كان و شافیعییه‌كانه‌و رای ئیبنوعومه‌ریشه خوا لێیان رازی بێت؛[4] چونكه خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: «ثَلاثَةِ أَيَّامٍ فِي الْحَجِّ»، واته ده‌بێت رۆژوو گرتنه‌که له حه‌جدا بێت.
پێم وایه ئیستیدلالی هه‌ردوو لا به ئایه‌ته‌كه راست و دروسته چونكه حه‌جه‌كه حه‌ج و عومره‌كه‌ش ده‌گرێته‌وه كه تێكهه‌ڵكێش بوون، به‌ڵام بۆچوونی یه‌كه‌میانم پێ په‌سه‌ندتره، له‌گه‌ڵ ره‌چاوكردنی ئه‌م تێبینیانه‌دا:
١- نابێت رۆژوو گرتنه‌كه بخاته دوای رۆژانی ته‌شریقه‌وه (١١و١٢و١٣ی زیلحیججه) چونكه رۆژانی دوای ئه‌مانه به رۆژانی حه‌ج حسێب نابن، رۆژوو گرتنه‌كه‌ش ده‌بێت له رۆژانی حه‌جدا بێت.
٢- یاوه‌ران له رۆژانی ته‌شریقدا به‌ڕۆژوو ده‌بوون وه‌كو له ریوایه‌ته‌كانی ئیبنو عومه‌رو خاتوعائیشه‌دا خوا لێیان رازی بێت ده‌رده‌كه‌وێت كه گێڕاویانه‌ته‌وه: «لَمْ يُرَخَّصْ فِي أَيَّامِ التَّشْرِيقِ أَنْ يُصَمْنَ، إِلاَّ لِمَنْ لَمْ يَجِدِ الْهَدْىَ»[5]؛ «له رۆژانی ته‌شریقدا رێ به ژنه‌كانی پێغه‌مبه‌ری خوا (صَلَّی اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) نه‌درابوو كه به‌ڕۆژوو بن، مه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی كه قوربانی پێ نه‌بووبێت». كه‌وابوو ئه‌وی قوربانی ناكات (چونكه نییه‌تی) له‌م رۆژانه‌دا به ڕۆژوو ده‌بێت، ئه‌مه‌ش راجوێیی پێشه‌وایانی شه‌رع یه‌كلا ده‌كاته‌وه؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
٣- ئه‌گه‌ر پێش رۆژانی ته‌شریق به‌ڕۆژوو ده‌بوو، مه‌رج نییه یه‌ک له دوای یه‌ک بیانگرێت، چونكه ئایه‌ته‌كه داوای ئه‌وه‌ی نه‌كردووه، به‌ڵام له رۆژانی ته‌شریقدا ده‌بێ یه‌ک له دوای یه‌ک بێت، چونكه كۆتا رۆژی حه‌جن و كات نامێنێته‌وه.
٤- حاجی نابێت رۆژی عه‌ره‌فه به‌ڕۆژوو بێت، چونكه پێچه‌وانه‌ی سوننه‌ته، ئه‌گه‌ر بخوازێت بۆی هه‌یه رۆژانی شه‌شه‌م و حه‌وته‌م و هه‌شته‌م (كه ته‌رویه‌كه‌یه) له زیلحیججه به‌ڕۆژوو ببێت. ئه‌مه بۆچوونی ئیمام ئه‌حمه‌ده و له‌م سه‌رده‌مه‌شدا رای ئیبنو بازو ئیبنو عوسه‌یمینه ره‌حمه‌تی خوایان لێبێت.[6]
٥- ناشێت له‌به‌ر خاتری ئه‌وه‌ی به‌ڕۆژوو بێت پێش رۆژی ته‌رویه هه‌شتی زیلحیججه ئیحرامی حه‌ج ببه‌ستێت چونكه ئه‌وه پێچه‌وانه‌ی سوننه‌ته و هیچ یاوه‌رێكی هه‌ژارو نه‌دار وای نه‌كردووه؛ وَاللَّهُ أَعْلَمُ.
[1]. بوخاری: ١٦٩١؛ موسليم: ١٢٢٧.
[2]. فتح القدير: ٢/٥٢٩؛ الإنصاف: ٣/٥١٢؛ المبدع: ٣/١٧٥.
[4]. الشرح الكبير مع حاشية الدسوقي: ٢/٨٤؛ المجموع: ٧/١٨٦.
[6]. ابن عثیمين، الشرح الممتع: ٧/٢١٢و٤٤٨.
[1]. بداية المجتهد: ٢/٥٥٩؛ المجموع: ٨/٣٦٨.
[2]. تفسير ابن كثير (يه‌ک به‌رگی): ١٠٦٧.
[3]. موسليم: ١٩٦٣؛ ئه‌بو داوود: ٢٧٩٧؛ نه‌سائی: ٧/٢١٨؛ ئيبنو ماجه: ٣١٤١.
[4]. بوخاری: ٥٥٥٦؛ موسليم: ١٩٦١.
[5]. ئه‌بو داوود: ٢٧٨٥؛ ترمزی: ١٥٣٠؛ نه‌سائی: ٧/٢١٤؛ ئيبنو ماجه: ٣١٤٤؛ سه‌حیحه (صحيح فقه السنة: ٢/٢٥٩).
[6]. الشرح الممتع: ٧/٤٧٦.
[7]. ئه‌بو داوود: ٢٨٠٤؛ ترمزی: ١٥٤٣؛ نه‌سائی: ٧/٢١٧؛ ئيبنو ماجه: ٣١٤٢؛ سه‌حيحه (صحيح فقه السنة :٢/٢٥٩).
[8]. بوخاری: ١٦٩٦؛ موسليم: ١٣٢١.
[10]. ترمزی: ١٥٤١؛ ئيبنو ماجه: ٣١٤٧؛ سه‌حيحه (صحيح فقه السنة: ٢/٢٦١).
[12]. هه‌مان سه‌رچاوه: ١٣١٨.
[14]. بداية المجتهد: ١/٦٥٥.
[15]. بوخاری: ١٦٢٣؛ موسليم: ١٢١١.
[16]. ماليک: ٢/٤٨٦؛ موڕسه‌له، ياوه‌ر له سه‌نه‌ديدا نيیه (صحيح فقه السنة: ٢/٢٦١).
[17]. بوخاری: ٢٥٠٧؛ موسليم: ١٩٦٨.
[18]. ترمزی: ٩٠٧؛ نه‌سائی: ٧/٢٢٢؛ ئيبنو ماجه: ٣١٣١؛ سه‌حیحه (صحيح فقه السنة: ٢/٢٦١).
[19]. المبسوط: ١٢/٩؛ الأم: ٢/٢١٧؛ المجموع: ٨/٣٩٠؛ الإنصاف: ٤/٨٧؛ زاد المعاد: ٢/٣١٨.
[20]. ئه‌حمه‌د: ٤/٨٢؛ ئيبنو حيببان: ١٠٠٨؛ سه‌نه‌ده‌كه‌ی پساوه‌و زه‌عيفه (صحيح فقه السنة: ٢/٢٦٢).
[23]. ژماره (٤٣)یه له ١٣/٤/١٣٩٦دا دراوه (توضیح الاحكام، آل بسام: ٣/٣٧٤).
[25]. ئه‌بو داوود: ١٩٣٧؛ ئيبنو ماجه: ٣٠٤٨؛ ئه‌حمه‌د: ٣/٣٢٦؛ حه‌سه‌نه (صحيح فقه السنة: ٢/٢٦٣).
[27]. موسليم: ١٢٤٣؛ ئه‌بوداوود: ١٧٥٢؛ نه‌سائی: ٥/١٧٠.
[28]. بوخاری: ١٧٠١؛ موسليم: ١٣٣١.
[29] الهداية (١/١٨٦) روضة الطالبين (٣/١٩١) المبدع (٣/١٢٤) الانصاف (٣/٤٣٩) الفروع (٣/٣١٠) بداية المجتهد (١/٥٦٥) الخرشي (٢/٣٧٨).
[30]. موسليم: ١٢١٨؛ ئه‌بو داوود: ١٩٠٥؛ ئيبنو ماجه: ٣٠٧٤؛ دارمی: ١٨٥٠ وه‌ی تر.
[31]. موسليم: ١٣٢٦؛ ئه‌بو داوود: ١٧٦٣؛ ئيبنو ماجه: ١٠٣٦.
[32]. بوخاری: ١٦٨٩؛ موسليم: ١٣٢٢.
[33]. موسليم: ١٣٢٤؛ ئه‌بوداوود: ١٧٦١؛ نه‌سائی: ٢/١٤٧.
[34] شرح صحيح مسلم (٤/٨٠٦).
[35] بوخاری (١٧١٧) موسليم (١٣١٧).