سەحیحی بوخاری لە چەند دێڕێکدا
ناوی کتێبەکە
(الجَامِعُ المُسْنَدُ الصَّحيحُ المختَصَرُ من أمور رسولِ الله – صلى الله عليه وسلم – وسُنَنِهِ وأيَّامِهِ)، بەڵام هەر بە سەحیحی بوخاری بەناوبانگە.
پلەی کتێبەکە
زانایان گوتوویانە: سەحیحی بوخاری، یەکەمین کتێبی حەدیسی سەحیحە، کە تایبەت بە حەدیس نوسرابێت. هەروەها لەسەر ئەوە کۆکن، کە راستترین کتێب نوسرا بێت، سەحیحی بوخاری و سەحیحی موسلیمن.
ئیمام ئیبنو تەیمییە دەڵێ: لە ژێر شینایی ئەم ئاسمانەدا، دوای قورئانی پیرۆز ـ کتێبێکی تری ڕاست وەک سەحیحی بوخاری و موسلیم نییە.
هۆی دانانی کتێبەکەی
ئیمام بوخاری دەڵێ: لە خزمەتی ئیسحاقی کوڕی راهەوەیدا دانیشتبووم، گوتی: خۆزگە یەکێکتان کورتەیەکی حەدیسی سەحیحی پێغەمبەری بۆ کۆدەکردینەوە، منیش هەر ئەو ساتە ئەوە لە دڵم چەسپی، کە بکەومە کۆکردنەوەی حەدیسی سەحیح.
ماوەی دانانی کتێبەکە
ئیمام بوخاری دەڵێ: ئەو کتێبی (سەحیح)ەم بە شازدە ساڵ داناوە، لە کۆی ٦٠٠,٠٠٠ شەش سەد هەزار حەدیس هەڵم بژاردووە، کە ئیدی کردوومەتە هەنجەتی نێوان خۆم و خوای گەورە.
ئەوی سەحیحیش نەبوو بێت تۆمارم نەکردووە، زۆر حەدیسی سەحیحیش هەیە، هەر لێی گەڕاوم و تۆمارم نەکردووە، وتومە نەبادا کتێبەکە زۆر ئەستوور ببێت.
ئەلفاریەری دەفەرموێ: ئیمام دەڵێ: هیچ حەدیسێکم لەم کتێبەمدا تۆمار نەکردووە تا غوسڵێکم دەرنەکرد، بێت و، دوو رکعات نوێژم نەکردبێت.
شوێنی دانانی کتێبەکە
ئیمام بوخاری دەڵێ: پێنج ساڵ لە بەسرە ماوەتەوە کتێبەکانیشم پێ بوو، هەر ساڵەو حەجێکم دەکرد، ئینجا لە مەککەوە دەگەڕامەوە بۆ بەسرە.
بۆیە ئومێدەوارم خوای گەورە، بە لوتفی خۆی بەرەکەتی خۆی بۆ موسوڵمانان بخاتە کتێبەکانمەوەو بە سودیان کات.
مەبەستی لەوەیە، کە چۆتە مەککەو لەوێ حەدیسەکانی دوای هەر غوسڵ و دوو رکعات نوێژ تۆمار کردووە!
بۆیە لە جێیەکی تردا دەڵێ: کتێبی الجامعەکەم(سەحیحەکەی) لە مزگەوتی حەرام(لە کەعبە) نوسیوەتەوە، هیچ حەدیسێکیشم تۆمار نەکردووە، تا لە ڕاستییەکەی دڵنیا نەبووبم و، تا دوو رکعات نوێژم نەکردبێت و، دووعای ئیستیخارەم بۆ نەکردبێت.
ناوەڕۆکی سەحیحی بوخاری
کتێبی سەحیحی بوخاری بە لای ئەهلی سوننەت و جەماعەتەوە، ڕاستترین کتێبە، کە مرۆڤ نوسیبێتی، گرنگترینو سەرەکیترین مەرجەعی حەدیسە، بۆیە پێویستە هەموو موسوڵمانێک، زانیارییەکی گشتی دەربارەی بزانێت.
ژمارەی حەدیسەکان
شێخ تەقیوددینی کوڕی سەلاح دەڵێ: ژمارەی حەدیسەکانی بوخاری، بەوانەشەوە، کە دووبارە بوونەتەوە (٧٢٧٥ حەوت هەزارو دوو سەدوو حەفتاو پێنج) حەدیسە، بێ ئەوانەی، کە دووبارە بوونەتەوە (٤٠٠٠ چوار هەزار) حەدیسە.
بەڵام حافز ئیبنو حەجەری عەسقەلانی لە پێشەکی فتح الباریدا دەڵێ: دەقی حەدیسە ئەسڵەکان بێ دووبارە کردنەوەیان (٢٦٠٢ دوو هەزارو شەش سەدوو دوو) حەدیسە.
مەرجەکانی ئیمام بوخاری
ئیمام بوخاری لە کتێبەکانیدا، مەرجەکانی خۆی بۆ کۆکردنەوەی حەدیس تۆمار نەکردووە، بەڵام فەرموودەوانان ئەوەیان هەر لە بەرنامەو دەستووری ئیمام بوخاری خۆیەوە وەرگرتوەو نوسیویانەتەوە.
الجامع: واتە کۆکراوەی ئەحکام و چاکەکان و ئاداب
الصحیح: واتە تەنها ئەوانەی تێدایە کە حوکمی سەحیحی داون
المسند: واتە تەنها ئەو حەدیسانەی تێدا نوسیون، کە سەنەدەکانیان بێ پسان گەیشتۆتەوە بە پێغەمبەر
لەم پێناسەوەیە، کە زانایان گوتویانە: بوخاری دوو مەرجی بۆ حەدیس داناوە: یەکەمیان هاوچەرخی، دووەمیان دیدارو دیتن. بەڵام ئیمام موسلیم هەر هاوچەرخییەکەی بە مەرج داناوە.
سەحیحی بوخاری هەموو حەدیسێکی تێدا نییە
بێگومان سەحیحەکەی ئیمام بوخاری، هەموو حەدیسێکی پێغەمبەری لە خۆ نەگرتوەو خۆشی وای نەوتوە، چونکە خۆی، کە گوتوویەتی، سەد هەزار حەدیسی سەحیح و دووسەد هەزار حەدیسی غەیرە سەحیحم لەبەرە.
هەروەها خۆشی دەڵێ: هەر ئەوەندەم حەدیس تۆمار کرد، حەدیسی تری دوورو درێژ زۆر بوو، کە لەبەر قەبارەی کتێبەکە تۆمارم نەکردوون.
هەندێک شەرحی بەناوبانگی سەحیحی بوخاری
١ـ فتح الباری بشرح صحیح البخاری
لە ئیمام الحافظ احمد بن علی ابن حجر العسقلانی، ئەمەیان بە ناوبانگترین و گرنگترین شەرحە، لە هەموان زیاتر بەسوودترە. شەرحەکەی ١٣ سێزدە بەرگە.
٢ـ عمدة القاری فی شرح البخاری
لە الشیخ العلامة بدرالدین محمود بن احمد العینی الحنفی، ئەمیش ماوەی دە ساڵی پێچو.
٣ـ ارشاد الساری الی شرح صحیح البخاری
لە الشیخ شهاب الدین احمد بن محمد الخطیب القسطلانی، لە ڕاستیدا ئەمیان پوختەیەکی ئەو دوو شەرحەی پێشووە.
٤ـ الکواکب المدراری فی شرح صحیح البخاری
لە العلامة شمس الدین محمد بن یوسف الکرمانی، کە هەر بە شەرحی کرمانی بەناوبانگە.
٥ـ شەرحی ئیمام نەوەوی
لە الامام ابن زکریا محیی الدین النووی الشافعی، تا کۆتایی (کتاب الایمان) ی لێ شەرح کردووە.
٦ـ شەرحی مامۆستا مەلا عوسمانی کوڕی عبدالعزیز
رحمە الله ـ بە کوردی، کە بە داخەوە تەواوی نەکردووە.
تەنانەت هەر حاجی خەلیفەی خاوەن کتێبی (کشف الظنون) دەڵێ: لە هەشتا شەرحیم زیاتر دیوە، ئەمە جگە لەو کتێبانەی لە دوای زەمانی ئەو نوسراون، کە لە هەندێک سەرچاوەدا هاتوە، کە تەنها شەرحی سەحیحەکەی ١٣١ سەدوو سی و یەک شەرحە!
کۆتایی
ئەمە بەشێک بوو لە میژووی پڕ سەروەریی پێشەوای فەرموودەوانان و، زانایانی شەرعناسی ئوممەتی موسوڵمان، ئیمام بوخاری رەحمەتی خوای لێ بێت.
کاتێک موسوڵمان دەزانێت، کە لە میژووی ئەم ئوممەتەدا، ژیانی نیو ملیۆن و سێزدە هەزار زانای ئاوا نوسراوەتەوە ئینجا دەزانێت چۆن ئەم دینە بەو پاکی و بڵندیەوە ماوە.
بۆیە ئەرکی سەرشانی موسوڵمانانە، کە زیاتر لە دینەکە تێبگەنەوەو ئیقتیدا بەپشودرێژیی ئەو زانا بەرزانەیان بکەنەوەو، لەسەر ڕەویەی موبارەکی ئەوان بڕۆن، تا خوای میهرەبانیش بە لوتفی خۆی لەم قۆناغی ئیستیزعافە دەرمان کات، و بەرەو قۆناغەکانی تەمکینمان ببات.