X

گەڕان




قورئانه‌وانی

ته‌فسیری (الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ)

12/22/2025 7:57:08 PM   |   97 :بینراو

    (الرحمن الرحیم):

   ناوی (الرحمة) لە زمانی عەرەبیدا بۆ وەسفی هەستناسکی و سۆز و بەزەییە و کەسێک ئەو (ئینفیعال)ـەی لا دروست دەبێت کە هەست دەکات گیانلەبەرەکەی بەرچاوی لە گیروگرفتێکدایە و هەر هەوڵی خۆ قوتارکردن دەدات و ناتوانێت، ئەمیش ئەو سۆزەی بۆ دەجووڵێت و حەز دەکات چاکەی لەگەڵدا بکات بە ڕزگارکردنی، یان بە یارمەتیدانی.

   ئەم پێناسەی سەرەوە، دوو ڕوکنی لازم و مەلزومی تێدایە:

   ١. خاوەن بەزەییەکە، کار و کارلێکردنێکی لە سۆز و هەستی ناسکیدا بەرانبەر خاوەن کێشەکە لە لادروست بووە.

   ٢. ئەم سۆز جووڵان و بەزەییپێداهاتنەوەی، دەبێتە پاڵنەری ناخی بۆ ئەوەی چاکە لەگەڵ گیرۆدەکەدا بکات. چاکەکردن و یارمەتیدانی بەگوێرەی توانای خۆیەتی، چونکە دەیەوێت سۆز و بەزەیی بۆ بجووڵێت و حەزیش بکات چاکەى لەگەڵدا بکات، بەڵام ناتوانێت هیچی بۆ بکات.

واتە: حاڵەتێکە وەک پەندی پێشینانی عەرەب دەڵێت: (العین بصیرة والید قصیرة: چاو دەیبینێت، بەڵام دەست کورتە و بێتوانایە).

 ئەگەر کەسێک سۆز و هەست و بەزەیی بۆ حاڵی گیرۆدەیەک جووڵا، بەڵام بە هەر هۆیەک بێت یارمەتیی نەدا، بەمو کەسە ناڵێن «بەبەزەیی»،     چونکە دەبێت (ئینفیعالات)ـەکەی بەرهەمێکی باشەی هەبێت. یەکێکی تر یارمەتیی گیرۆدەکە دەدات بێ ئەوی بەزەیی پێدا بێتەوە، لەوانەیە بە پاڵنەری بەرژەوەندیی خۆی بێت، بۆ نموونە: پیاوێک یارمەتیی ژنێکی گیرۆدە دەدات، بەڵام تەماعی پێیەتی، یان یارمەتیی باڵندەیەکی باڵشکاو دەدات، تا ڕزگاری بکات؛ بەڵام بۆ خۆی دەوێت، یان دەیەوێت بیخوات! ئەم یارمەتیدەرە، خاوەن سۆز و بەزەیی نییە.

   ئەم ئینفیعالەی سۆز و بەزەیی و یارمەتیدانە، لە گیانلەبەرانی تریشدا هەیە، مەیموونێک لەسەر درەختێکە و هاوار لە ئاسکێک دەکات کە وا شێرێک گەیشتە نزیکت، هەڵێ! بەم یارمەتیدانە و قوتارکردنە دەوترێت: (إحسان: چاکە).

 ئەم سیفەتی بەزەییە لە مەخلووقدا بەدەست هێنراوە، لە دایک و باوکەوە هاتووە، یان لە دین و بیروباوەڕەوە، یان لە داب و نەریتی کۆمەڵایتیی كۆمەڵگەکەوە.

 دیارە ئەمەش لە کەسێک بۆ کەسێکی تر و لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە جیاواز دەبێت. کەسی دیندار بەبەزەییترە وەک لە بێدین، چونکە ئومێدی بەپاداشتی خواى گەورە هەیە. کۆمەڵگەیەکی موسوڵمانی دیندار، چاکەکارترن وەک لە کۆمەڵگەیەکی بێدین، یان عەلمانی، یان ماددی کە بەزەیی تێیاندا زۆر کەمە.

   بەڵام سیفەتی «بەبەزەییبوون» خواى گەورە کە زاتییە و بێسنوور و تاقانەیە، چاکەی لێ دەوێت بێ ئەوەی  ئەو ئینفیعالە بگرێت، چونکە خوای گەورە خۆی کردگاری سۆز و بەزەیی و هەستە ناسکەکانە، تا مەخلووقات؛ بە تایبەتی مرۆڤ ئینفیعالی وا بیانگرێت و یارمەتیی یەکتری و گیانلەبەرانی تر بدەن.

موسوڵمانان دەزانن کە خواى گەورە تاکە و پاکە و سیفەتەکانی کامڵن و هیچ مەخلووقێک لە هیچ سیفەتێکیدا بە هیچ ڕادە و بڕێک و بە هیچ شێواز و چۆنێتییەک، لە سیفاتی خوای گەورە ناچن، چونکە ڕاستیی بەڵگەنەویست و (حەقیقەتی موتڵەق)ـە کە خواى گــەورە دەفەرموێت:  ﱡﭐ (الشورى: ١١).

 واتە: "هیچ شتێک لە خواى گەورە ناچێت و وەکوو ئەو نییە."

بۆیە (إحسان)ـەکانی خواى گەورە، لە لوتف و فەزڵ و زانست و دانایی خۆیەوەیەتی کە بە هەموو وجوودی بەخشیوە و بەردەوامە تێیدا. نەرمونیانی و سۆز و بەزەیی و یارمەتیدان و فەزڵ و چاکەکاریی خوای گەورە، سیفەتی چەسپاویی ئەون و هەر لە خواى گەورەدا بوون، نە دەستپێكیان هەیە و نە زیاد و کەمکردن و بە زانایی و دانایی خۆی بڕو ڕادەیان لێ دەبەخشێت؛ زۆر، یان کەم بەپێی پێداویستی مەخلووقاتەکانی، یان بۆ تاقیکردنەوە، یان...

 ڕەحمەتی خواى گەورە بڕ و ڕادە و سنووری نییە، تا ئەگەر بە مەخلووقاتەکانیى بەخشی، کەم بکات! نا، ڕەحمەتیش وەکوو هەر سیفەتێکی تری خواى گەورە بێسنوورە، وەکوو زانین و توانین و کردگارێتی و خاوەنێتی و... هتد، بۆیە دەفەرموێت:  ﱡﭐ    (الأعراف: ١٥٦).

واتە: "بەزەیی من هەموو شتێکی گرتووەتەوە."

 تەصەور بکە، هەرچی پێی بوترێت: «شت» ڕەحمەتی خوای گەورە گرتوویەتییەوە!

لەم ڕوانگەیەوەیە کە (الرحمن) بووەتە ناو و سیفەتی خوای گەورە.

   ــ بەڵام (الرحیم) کە هەر زێدە وەسفە (صیغة المبالغة)یە و لەسەر وەزنی (فَعيل)ـە.

   ڕاجیایی لەنێوان پێشەوایانی زمانەوانی عەرەبیدا نییە لەسەر ئەوەی کە هەر دوو ناوی: (الرحمن) و (الرحیم) وەسفی سیفەتی بەزەیی و سۆزی خوای گەورە دەکەن و هەردووکیان زێدە وەسفن.

دەفەرموون: لەبەر ئەوەی (الرحمن) پیتی لە پیتی (الرحیم) زیاترە، چونکە بەپێی ڕێسای زمانەوانی: (زيادة المَبْنى زيادةٌ في المعنى)، واتە: "پیت زیادکردن لەبەر مانا زۆرییە"، بۆیە هەندێک لە زمانەوانان دەفەرموون: (الرحمن) بەزەییەتی بۆ هەموو مەخلووقات لە دنیا و قیامەتدا، بەڵام (الرحیم) تایبەتە بە موسوڵمانان، چونکە دەفەرموێت:  ﱡﭐ    (التوبة: ١٢٨).

هەروەها لەبەر ئەوەی کە دەشێت ناوی (الرحیم) لە کەسانێکیش بنرێت، بەڵام (الرحمن) ناشێت، چونکە وەکوو «زەججاج»ی زمانەوان دەفەرموێت: "لەبەر ئەوەیە کە هەر هەموو ڕەحمەتەکە لە (الرحمن)دایە، وەکوو: (الغضبان) کە سیفەتی ئەو کەسەیە پڕ پڕ بووە لە تووڕەیی."

   - سیفەتی (الرحمن) پێش سیفەتی (الرحیم) کەوتووە، چونکە تایبەتترە.

   - جمهووری پێشەوایانی زمانەوانی فەرموویانە: "وەسفی (الرحمن) لەناو عەرەبەکاندا نەبوو، دوای هاتنی قورئان کەوتە ناویانەوە."

 بۆیە سەرلێشێواوانی قوڕەیش دەیانوت: موحەممەد دوو خوای هەیە: «اللە» و (الرحمن)، بەڵام خواى گەورە بە گەلێک شێوە بەرپەرچی دانەوە و ناو و سیفەتی (الرحمن)ی بەکارهێنا کە دەفەرموێت:  ﱡﭐ ﱿ ﲂﲃ   (الإسراء: ١١٠).

 واتە: "هاوار و هانا بۆ «اللە» ببەن، یان بۆ (الرحمن) هەر یەکێکە، خوای گەورە ناوە جوانەکانی هەن، بەوان هاواری لێ بکە و لێی بپاڕێنەوە."

   هەروەها:  ﱡﭐ ﱿ  (الفرقان: ٦٠).

 واتە: "کە پێیان دەوترێت: سوجدە بۆ خواى گەورە، بۆ (الرحمن) ببەن، دەڵێن: (الرحمن) چییە؟! نەک ئەوەی (الرحمن) کێیە! چما دەبێت بە فەرمانی تۆ سوجدە ببەین؟!"

ئەوە ئەوەندەی تر دووری خستنەوە! هەروەها دەفەرموێت: ﱡﭐ الرعد: ٣٠.

 واتە: "باوەڕیان بە ناو و سیفەتی (الرحمن)ی خوای گەورە نەدەهێنا."

   دەبینیت لە سورەتی (الملك/ تبارك)دا شەش جار ناوی (الرحمن) هاتووە و دوو جاریش (ڕاناو)ـەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەر (الرحمن)ـەکە، هەروەها لە سورەتی (الفرقان)دا کە هەر مەککییە.

لە (الملك)دا دەفەرموێت: ﱡﭐ    (الملك: ۱۹).

 واتە: "تەنیا خواى گەورە (الرحمن)ـە کە ئاوا باڵندەی لەو ئاسمانەدا ڕاگرتووە." لە ئایەتی مەدەنیی سورەتی (النحل)یشدا دەفەرموێت: ﱡﭐ (النحل: ۷۹)، (سورەتەكە مەککییە، بەڵام ئەو چەند ئایەتەی مەدەنین).

   - بۆ فێرکردنی موسوڵمانان و سەلماندن و چەسپاندنی (الرحمن)ێتیی خواى گەورە کە بوو بە دەستپێکی خوێندنی سورەتی فاتیحە: (بسم الله الرحمن الرحیم).

   * هۆشدارییەک:

   هەڵەیەکی زۆر گەورەیە کە کورد هەندێک «عبدالرحمن» ناو بە «ڕەحمان»، «ئەوڕەحمان» بانگ دەکات، یان هەر لە دوای لەدایکبوونییەوە ناوی دەنێن «ڕەحمان». ئەوە دەبێت ڕاست بکرێـتەوە و کەسی دیندار، نابێت ئەو کەسانە بە غەیری ناوی «عبدالرحمن» بانگ بکەن.

خۆیشیان دەبێت بچنە «دائیرەی نفوس» و ناویان بكەن بە «عبدالرحمن»، چونکە وتمان: (الرحمن) لەسەر وەزنی (فَعلان)ـە. ئاوا هەر سیفەتێک بوو بە ڕیشە و سیفەتی چەسپاو و زۆر بەکارهاتوو، ئیتر ئەم زێدە وەسف (صیغة المبالغة)یەی بۆ بەکار دێت، وەکوو:

   - (غَضِبَ/ يَغْضَبُ فهو غاضب وذلك غضبان)، بۆ زۆر تووڕەبوو.

   - (عَطَشَ/ يَعطِشُ فهو عاطش و ذاك عطشان)، بۆ زۆر تینوو.

   - (جاعَ/ يَجوعُ فهو جائِعٌ وذاك جَوعان)، بۆ زۆر برسی.

   - (حارَ/ يَحورُ فهو حائرٌ وذاك حَيران)، بۆ زۆر وێڵ و سەرگەردان.

   هەروەها بۆیە خواى گەورە وەسفی تووڕەبوونەکەى سەییدنا مووسا (سەلامی خوای لەسەر بێت) دەکات کە لە دوای ئەوەی لە موناجاتی خواى گەورە گەڕایەوە بۆ ناو قەومەکەى، بینیی وا گوێرەکەیەکی کانزایی (مەعدەنی)یان داناوە و دەیپەرستن!

 دوای بیست و دوو ساڵ لە بانگەوازی خواویستی و تەوحید، ئەوەی بینی! خوای گەورە دەفەرموێت: ﱡﭐ (الأعراف: ١٥٠).

 واتە:  "كە مووسا گەڕایەوە،زۆر زۆر تووڕە بوو."

 زۆر زۆر خەفەتی خوارد. بە خوا، ئەم پێغەمبەرە بەڕێزە (سەلامی خوای لەسەر بێت) ناحەقی نەبوو دوای هاتنی وەحی، دواى قوتاربوونیان لەدەست فیرعەونی تاغووت، دوای ئەمان و ڕزق و ڕۆزی؛ کەوتوونەتە پەرستنی گوێرەکەیەکی کانزایی!

بەزەیی بێسنوور و دەسەڵاتی ڕەها:

   - ئیمامی ئیبنولقەییم لە (مدارج السالکین/ بەرگی یەکەم)دا([1]) دەفەرموێت: "(الرحمن) وەسفێتی و (الرحیم) بەزەیی هاتنەوەیەتی بە عەبدەکانیدا کە هەر وەسفی سیفەتێتی، وەکوو دەفەرموێت: ﱡﭐ   (الأحزاب: ٤٣).

 واتە: خواى گەورە بەرانبەر بە موسوڵمانان بە بەزەییە. هەروەها دەفەرموێت: ﱡﭐ   (التوبة: ١١٧).

 واتە: خواى گەورە بەرانبەر پێغەمبەرەکەی (صَلَّى الله عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) و یاوەرانی لە کۆچکەرەکان و پشتیوانەکان و موسوڵمانانى تریش، بەلوتف و بەبەزەییە.

   - (الرحمن) کە لەسەر وەزنی (فَعلان)ـە، بۆ وەسفکردنی بەزەیی و ڕەحمەتەکەیەتی کە بێسنوورە و دەوری هەموو شتێکی داوە و هەموو شتێکی گرتووەتەوە.

- ئەوەی لەسەر وەزنی (فعلان) بێت، بۆ زۆری و پڕێتییە، وەکوو: (غاضب) تووڕەیە، بەڵام (غضبان) زۆر زۆر تووڕەیە. بۆ سەرگەردان دەوترێت: (حائِر)، بەڵام کە زۆر وێڵ و سەرگەردان کەوتبێت، بە (حَيران) وەسف دەکرێت.

 هەروەها (ندمان) کە زێدە وەسفی (نادم)ـە.. هەروەها (سکران و لهفان) و... هتد. [لە وەسفی پڕیێتیی ئەمانەدا بەو سیفەتانەیان دەوترێت کە پڕ کراون، بەڵام (الرحمن)ی خوای گەورە خۆی پڕی بێسنوورە].([2])

   - لەبەر ئەم ڕەهایی و بێسنووری و گشتگیرییەی ناو و سیفەتی (الرحمن)، زۆر جار لەگەڵ باسی عەرشی مەزنی خوای گەورەدا دێت، وەکوو: ﱡﭐ (طه: ٥).

واتە: خوای خاوەن بەزەیی و ڕەحمەتی بێسنوور، سەرووی عەرش کەوت.

هەروەها: ﱡﭐ ﱱﱲ (الفرقان: ٥٩)، هەمان مانای ئایەتی پێشووە.

   - عەرشی خوای گەورە لە هەموو مەخلووقاتەکانی گەورەترە، ڕەحمەت و بەزەییەکەشی، هەر هەموو مەخلووقاتی لە خۆ گرتووە، وەکوو دەفەرموێت:
ﱡﭐ    (الأعراف: ١٥٦)، پەیوەندییەکی نەوعیی مەحکەم وا لەنێوان ئەم ڕەحمەتە و ئەو عەرشەدا کە مانای هێز و دەسەڵاتە ڕەهاکەى لێ دەفامرێتەوە.

دەبینیت وا وەسفی خۆی دەکات بە (الرحمن)، تا بزانرێت کە لوتفی لەگەڵ هەموو مەخلووقاتەکانیدایە، وەسفی (عەرش)ـەکەشی بە (عظيم) و سەرووکەوتنی خۆی، موڵک و دەسەڵاتەکەی وەسف دەکات. (سبحان مَنْ لَمْ يكن له كُفُواً أحد.. سبحانه).

   * ئەبو هورەیرە (خوا لێی ڕازی بێت)  دەفەرموێت: پێغەمبەری خوا (صَلَّى الله عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فەرمووی: (لَمَّا قَضى اللهُ الخَلْقَ كتَبَ في كتاب ـ فَهْوَ عنْدَهُ موضوعٌ على العرش، إنّ رحمتي تغلِبُ غَضَبي).([3])

 واتە: کاتێک خوای گەورە لە خەلقکردن بووەوە، لە نووسراوێکدا کە ئێستا لە لای خۆیەتی و لەسەر عەرش دانراوە، نووسیی: ڕەحمەتم بەسەر توڕەبوونمدا زاڵ دەبێت.

   بیر لەم پەیامە نووسراوە بکەرەوە کە تایبەتە بە ڕەحمەتی خوای گەورە و لای خۆی لەسەر عەرش دایناوە، ئینجا سەرنج بدە لە ئایەتەکانی وەسفی: (الرحمن) و (العرش) وەکوو ئەو دوو ئایەتەی ڕابردن: ﱡﭐ ﱮ ﱯ ﱰ ﱱﱲ ﱳ ﱴ ﱵ  ﱶ ﱷ (الفرقان: ٥٩)، و ﱡﭐ ﱹ ﱺ ﱻ ﱼ ﱽ (طه: ٥)، ئنجا بزانە چ دەروازەیەکی گەورەت بۆ ناسینی خواى گەورە بۆ واڵا دەبێت؟! بەو مەرجەی دڵ و مێشکت نەکەوتبێتنە ژێر کاریگەریی «جەهمییە» و (التعطیل)ـەوە.

   - هەموو سیفەتەکانی: دادپەروەری و پێدان و لێسەندنەوە و بەرز و نزمکردنەوە و ڕێزدان و ڕێزلێگرتن و عەزیزکردن (بە دەسەڵاتداری) و زەلیل کردن، هەروەها حوکمڕانی و زاڵبوون و... هتد، هەمووان دەگەڕێنەوە سەرناوی پیرۆزی: (الملك).([4]) لێرەدا تایبەتی کردووە بە ڕۆژی دوایی کە ڕۆژی پاداشت و سزایە، بەپێی دادپەروەریی خواى گەورە، چونکە خوای گەورە تاکە حاکم و دادوەری ئەو ڕۆژی دەبێت، ئەو ڕۆژەش حەقە و حەتمییە، ژیانی پێش ئەو وەکوو ساتێکە، ئەوێ ئامانجە  و ژیان بۆ ئەوێ دەڕوات."

لە دەستپێکی هەموو ڕەفتارێک (گوفتار، یان کردارت)دا بفەرموو: (بسم الله):

    پێغەمبەری خوا (صَلَّى الله عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) لە دەستپێکی زۆرینەى ڕەفتاریدا بە (بەسمەلە) دەستی پێ دەکرد، وەکوو: (کاتەکانی دەستنوێژگرتن و کاتی سەربڕینی ئاژەڵ و باڵندە و کاتی خواردن و خواردنەوە و سەرجێیی - جیماع - و کاتی تر و ڕەفتاری تر) کە هەر یەکێک لەوانە و هیی تریش بەڵگەی سەلمێنراو و ڕاست و دروستیان لەسەرە کە زیاتر لە کتێبی ئادابەکان و سیرە و سوننەت و کتێبە فیقهییەکاندا هەن (والله أعلم).

لە لێکدانەوەی ئایەتی بەسمەلەدا، باسی ئەم دوو ناوە پیرۆزەشمان کرد، بەڵام لێرەدا «قەول»ێکی ئیمامی قورتووبی (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) دەهێنمەوە کە دەفەرموێت: خوای گەورە دوای ئەوەی وەسفی خۆی کرد بەوەی کە (پەروەردگاری جیهانییان)ـە، وەسفی خۆی دەکات کە (الرحمن الرحیم)ـە، بۆ ئەوەی بزانن کە ڕەحمەتی خوای گەورە، پێش غەزەب و سزایەتی؛ چونکە بە دوایاندا (مالك یوم الدین) دێت [کە ڕۆژی پرسینەوە و سزا و پاداشتە]، چونکە حەتمەن باسی ڕۆژی قیامەت و کارەساتەکانە کە ئومێدتان بە ڕەحمەتی خوای گەورە زۆر بێت و ترسی قیامەت پەلوپۆتان نەشکێنت [کە چێژ لە ژیانی دنیاتان وەرنەگرن]."

ئاوەها هەر دوو سیفەتی: (الرغبة والرهبة: حەز و ترس)ی پێکەوە هێناوە. هەردووکیان پێکەوە دەبنە پاڵنەری زاتیی ناخی عەبدەکە، بۆ گوێڕایەڵیی و ملکەچی و ئەنجامدرانی کردەوە چاکەکان و خۆ گرتنەوە و دوورەپەرێزبوون لە کردەوە خراپەکان، لە تاوان و گوناهـ و سەرپێچی.

- خوای گەورە لە شوێنی تری قورئاندا، ئەم دوو وەسفەی پێکەوە هێناوە وەک دەفەرموێت: ﱡﭐ   (الحجر: ٤٩ - ٥٠).

 واتە: "بە عەبدەکانم ڕابگەیەنە: هەر منم لێخۆشبوو و بەبەزەیی، سزاکەشم ئەو سزا بە ژانەیە."

- هەروەها: ﱡﭐ    (غافر: ٣).

 واتە: "خوای گەورە لێخۆشبووی گوناهانە و قەبووڵکاری تەوبەی عەبدەکانییەتی و سزاشی زۆر توند و سەختە."

* لە «سەحیحی موسلیم»دا هاتووە کە ئەبو هورەیرە (خوا لێی ڕازی بێت) فەرمووی: (أنَّ رسولَ اللهِ (صَلَّى الله عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) قال:  لو يعلَمُ المؤمِنُ ما عندَ اللهِ مِنَ العقوبَةِ، ما طَمِعَ في جنته أحدٌ، ولَوْ يَعْلَمُ الكافِرُ ما عندَ اللهِ مِنَ الرحمةِ ما قنطَ مِنَ جنته أحدٌ).

 واتە: "پێغەمبەری خوا (صَلَّى الله عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فەرمووی: ئەگەر  موسوڵمان بیزانیایە کە چ سزایەک (چەند و چۆن) لای خوای گەورە هەیە، کەس تەماعی لە بەهەشتەکەیدا نەدەبوو (هەر خوا خوای دەبوو نەکەوێتە بەر سزاکانی).

ئەگەر کافریش بیزانیایە کە چ ڕەحمەت و بەزەییەک لای خوای گەورە هەیە، کەس لە چوونە بەهەشتەکەی بێ ئومێد نەدەبوو، (چونکە دەیانزانی ڕەحمەت و بەزەیی خوای گەورە، ئەوەندە زۆر و گشتگیرە کە هەموو گوناهـکارێک دەگرێتەوە)."

   خوای گەورە بمانخاتە بەر ئەو ڕەحمەتە گشتگیرەی و لەو سزا سەختەی لامان بدات. اللهم آمین.

     دەکرێت ئەم کورتە باسەی (الرحمن الرحیم) ببرێتە کۆتایی لێکدانەوەی ئایەتی یەکەم: بەسمەلە (واتە: بسم الله الرحمن الرحیم) و پێش (الحمد لله رب العالمین)، دەشکرێت هەر لێرەشدا بمێنێتەوە (والله أعلم).


 


 

 



([1])   سەرچاوەی پێشوو  (ل ٥٧ - ٥٨).

([2])   نێوان ئەم دوو جۆرە کەوانە [...] قسەى منن. (كرێكار)

([3]) بوخاري (7404)، موسليم (2751).

([4]) کە حاکمێتیی خوای گەورەیە بە هەموو ماناکانی: یاسا داڕشتن و حوکمڕانی و داوەرییەوە.


قورئانه‌وانی