هەموو لایەکیش لەسەر ئەوە یەکدەنگن کە سورەتی تەوبە (بەرائەت) بەسمەلە لە سەرەتایدا نییە.
خاڵێکی گرنگ:
ڕاجیایی قورئانەوانان و ئەهلی قیرائات لە خوێندنی بەسمەلەدا، لە دەستپێک و نێوان سورەتەکاندا، کاریگەریی لەسەر ڕاجیایی شەرعناسان نییە لە حوکمی خوێندنی بەسمەلە لە نوێژدا.
ئەویان لەسەر ڕیوایەتەکانی قورئانخوێندن و نووسینەوەی دەوەستێت و حوکمی فیقهی بەسمەلەی ناو نوێژ لەسەر ڕیوایەت و ئیجتیهادی پێشەوایانی شەرع دەوەستێت.
چۆنێتیی خوێندنەوەی قورئان لە لایەن قورئانەوانان و ئەهلی قیرائات، نەبووەتە سەرچاوەیەکی ئەحکام وەرگرتن لە شەرعدا، وەکوو قورئان و سورەت و کۆڕا (ئیجماع) و بەراورد (قیاس) و ئەوانی تر...
ئەوە هەڵەیە کە هەندێک وا دەزانن ڕاجیایی ئەهلی قیرائات، کاریگەریی لەسەر شەرعناسان هەبووە، بە پێچەوانەوە، قورئانەوانان و ئەهلی قیرائات دەبینی، سەر بە مەزهەبە فیقهییەکانن.
شیکردنەوەی بەسمەلە:
هەندێک لە ئەهلی تەفسیر، شیکاریی وشە و داڕشتن و مانای بەسمەلەیان لە دەستپێکی لێکدانەوەی سورەتی «فاتیحە»دا کردووە، بەو ئیعتیبارەی کە ئایەتێکی سەربەخۆی سورەتی «فاتیحە»یە.
هەندێکی تریان لێکدانەوەکەیان بردووەتە شەرحی ئایەتی (٣٠)ی سورەتی (النمل) کە دەفەرموێت: ﱡﭐ ﲘ ﲙ ﲚ ﲛ ﲜ ﲝ ﲞ ﲟ ﱠ..
هەندێکیشیان لێکدانەوەی (بسم الله)یان لێرەدا، لە دەستپێکی «فاتیحە»دا کردووە و شەرح و لێکدانەوەی (الرحمن الرحیم)یان بردووەتە ئایەتی (٣)ی سورەتی «فاتیحە»، منیش ئەم شێوازەم گرتووەتە بەر.
ــ (بسم الله) بە ناوی خوای گەورە:
«باء»ـەکە پەیوەندیی بە لادراوێکەوە هەیە کە دەشێت کردارێک بێت و پێشی کەوتبێت، وەکوو: (أقرأ بسم الله)، یان (أتلو)، یان (أبدأ).
ئەو زانا زمانەوانانەی کرداری پێشینیان بۆ داناوە، فەرموویانە: بۆ بایەخدانە بە کردارەکە، واتە: مادام هەر کارێک کە دەیکەم، هەر بە ناوی خوای گەورەوەیە.
ئەم خوێندنەوەشم، هەر بە ناوی خوای گەورەوە دەست پێ دەکەم.. ئەو زانایانەی تر کە (تەقدیرکردن)یان خستووەتە دوای (اسم)ـەکەوە، وەکوو (بسم الله أبدأُ)، یان (بسم الله بدئي/ قراءتي/ تلاوتي) فەرموویانە، تا هیچ شتێێک پێش ناوی خوای گەورە نەکەوێت؛ دەفەرموون: ئەوەی کە خواى گەورە فەرموویەتى: ﱡﭐ ﲅ ﲆ ﲇ ﲈ ﲉ ﲊ ﱠ (العلق: ١).
واتە: "بخوێنەوە بە ناوی خواى پەروەردگارتەوە کە هەموو شتێکی خەلق کردووە."
ئەوە فەرمانی تایبەتی خواى گەورە بوو بۆ پێغەمبەرەکەی (صَلَّى الله عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) و تایبەتیشە بە خوێندنەوە.
- هەندێک پێشەوای زمانەوانی فەرموویانە: "«باء»ـەکە بۆ (إستعانة: داوای یارمەتیکردن)ـە، واتە: خوایە داوات لێ دەکەم یارمەتیم بدەیت لە خوێندنەوەی قورئانەکەدا."
هەندێکی تریان لەوانە: ئیمامی زەمەخشەری لە (الکشاف)دا فەرموویانە: "«باء»ـەکە بۆ هاوڕێیەتی و وەلدابوون (المصاحبة)یە."
واتە: "ئەی خواى میهرەبان! وەلمان بە، تا ئەم ڕەفتارە کە خوێندنەوەی قورئانە، ئەنجام بدەین"، هەر وایشە بۆ هەموو ڕەفتار (گوفتار و کرار)ێکی تر.
عەللامە ئیبنو عاشور دەفەرموێت: "«باء»ـەکە لێرەدا، بۆ هەر سێ چاوگەکەی: (الملابسة والمصاحبة والإلصاق)ـە کە هەر سێکیان مانای یەکتری دەدەن، وەکوو ئەو «باء»ـەیە کە خواى گەورە لە وەسفی درەختی بەفەڕی زەیتووندا دەفەرموێت: ﱡﭐ ﱣ ﱤ ﱠ (المؤمنون: ٢٠).
واتە: درەختەکە بەرهەمەکەی خۆی (زەیتوون)ـەکە دەدات، لەگەڵ زەیتەکەشیدا، زەیتەکە هەم هاوڕێی بەرهەمەکەیە، هەم پێوەیەتی و هەم تێکەڵێتی، چونکە «سیبەوەیهی» دەفەرموێت: «باء» سیفەتی پێوەنووسان (الإلصاق)ی لێ ناکرێتەوە."
- (اسم) زمانەوانانی «مەدرەسەی بەسرە» دەفەرموون: "لە (سُمو)ـەوە هاتووە کە بە مانای «بەرزی و باڵایی» دێت و ئەسڵەکەشی لە (واو نوقسانەکان)ـە، وەکوو: (قاضٍ/ قاضي) و (جَوار/ جواري)، ئەمیش لە زۆر بەکارهێنانی و زەروورەتدا (لام الفعل)ـەکەی کە واوەکەیە، لاچووە و ماوەتەوە (سُمْ)؛ لەبەر ئەوەش کە عەرەبەکان بە پیتی ساکن دەست پێ ناکەن، هەمزە (أ)یان بۆ هێناوەتەوە پێشی و بووە بە (إسم)."
- زمانەوانانی «مەدرەسەی کووفە» دەفەرموون: "ئەسڵەکەى (وِسْم)ـە، واتە: (سِمَة) كه (عَلامة)، واتە: نیشان کە لە شت دەخرێت و هاتووەتە جێی، تا بە سێ پیتی بمێنێتەوە." ئەمان دەفەرموون: لە (سمو)ـەوە وەرنەگیراوە.
- ئیمامی ئیبنو حەزم لە کتێبی (المِلَل والنِحَل)ـەکەیدا دەفەرموێت: "هیچ کام لەو دوو بۆچوونە نەیانپێکاوە، چونکە ئەسڵی (اسم)، هەر خۆیەتی، لەبەر ئەوەی وشەیەکی (جامد)ـە و (مشتق: داتاشراو) نییە."
پێم وایە: بۆچوونی یەکەم «مەدرەسەی بەسرە» پەسەندتر بێت، چونکە لە کاتی کۆی (الاسم)دا، دەبێت بە (أسماء).
واتە: هەمزەکەى بۆ دەگەڕێتەوە، هەمزەکەش لە «واو»ـەوە هاتووە، لە کۆی کۆیشیدا (جمع الجمع) دەوترێت: (أسامي) لە بچووککردنەوەشیدا دەوترێت: (سُمَي).
- ناو (اسم)، هەر وەکوو لە کوردی و زمانی تریشدا وایە، لەفزێکە دانراوە بۆ ناونراوێک (المُسَمَّى)، وەکوو (قلم: پێنووس) و (جبل: شاخ) و (شيء: شت)؛ هەروەها ئەو شتانەش کە لەزاکیرەی گەلاندا هەن و ڕەنگە لە حەقیقەتدا نەبن، وەکوو: (شَبَح: خێو) و (خرافات: ئەفسانە) و... هتد.
- بێگومان «ناو» خودی ناونراوەکە نییە، هەردووکیان یەک شت نین، (قَلَم: پێنووس) ناوی ئامێری نووسینەکەیە، ناوەکەی لە زماندایە و ناونراوەکە شتێکی بەرجەستەیە و لە ناوەکەی جیایە.
سەیرە زاناگەلێکی «ئەشعەری» و «کەڕامییە» و هیی تریش دەفەرموون: "ناو و ناونراو هەر یەکن." واتە: ناوی سێو، هەر سێوەکەیە، دەفتەر و ناوەکەی، هەر یەکن!
شتێکی سەیرە کە ئەم «باس»ـە بووبووە تەوەری موناقەشەیەکی (علم الکلام). بە سەرنجدانێکی سادە و ئاسان دەزانین کە ناونراو پەیدا بووە و دواتر ناوەکەی لێ نراوە، شتی ماددی بن، یان واتایی..
زەمین دروستبوو، ئینجا ناونرا (زەمین: الأرض)، یان سیفەتە واتاییەکانی وەکوو: ئازایەتی و زیرەکی و جوامێری.. یان پیشەکان، وەکوو: (کرێکاری، ئەندازیاری، زێڕینگەری) لەم سەردەمەی ئێمەشدا ئەمە ڕۆشنتر دەبینن، وەکوو دەڵێن: (تەلەفۆن، تەلەفزیۆن، کۆمپیوتەر).
ئێ دیارە پەیدابوونی ئەم ناوانە دوای داهێنانی ئەم جیهازانەیە، هەروەها سیفەت و پیشەکان، وەکوو: «زەلیلی» و «جاشایەتی».
خوای گەورە شتی خەلق کردبوو، ئینجا ناوەکانیانی بە سەییدنا ئادەم فەرموو، وەکوو دەفەرموێت: ﱡﭐ ﱠ ﱡ ﱢ ﱣ ﱠ (البقرة: ٣١).
واتە: "خواى گەورە ئادەمی فێری هەموو ناوەکان کرد، ئەوە فریشتەیە و ئەوە جنۆکەیە، ئەوە ئیبلیسە (دوژمن)تانە (فریو)تان نەدات."
ئاشکرایە کە پێشتر فریشتە و جنۆکە و ئیبلیسی خەلق کردووە و سەییدنا ئادەم (سەلامی خوای لەسەر بێت) بینیونی و زانیونی، ئینجا بۆ جوداکردنەوەی شت لە یەکتری، ناویان لێ نراوە و جەنابیشی (سەلامی خوای لەسەر بێت) فێری ناوەکانیان بووە..
(بسم الله) بۆ یارمەتی و بەرەکەت و سەرفرازی و ڕەفتاری تر:
خوای گەورە فەرمووی: (بسم الله)، نەیفەرموو: (بالله)، چونکە دەبێت هەموو ڕەفتارێکی ئەهلی تەوحید بە ناوی خوای تاک و پاک دەست پێ بکات، هەر لەبەر ئەوەشە کە ناوی خواى گەورە ئیزافەی لەفزی جەلالە «اللە»، یان (ربُّك) دەکرێت؛ وەکوو:
١. ئەو ڕەفتارانەی ئومێدی مەدەدی خوایی و بەرەکەتی ئەویان لێ دەکرێت، وەکوو: ﱡﭐ ﲅ ﲆ ﲇ ﲈ ﲉ ﲊ ﱠ (العلق: ١).
٢. تەسبیحاتکردن و خوێندنی ویردەکان، هەر بە ناوی خواى گەورەوە دەبن، بۆیە دەفەرموێت: ﱡﭐ ﳅ ﳆ ﳇ ﳈ ﳉ ﱠ (الواقعة: ٧٤).
واتە: "بە ناوی خواى پەروەردگاری مەزنتەوە تەسبیحات بکە، وتنی: (سبحان الله)، واتە: پاک و بێخەوشی (بێ عەیبی) بۆ خوای گەورەیە."
هەروەها: ﱡﭐ ﱅ ﱠ (الإنسان: ٢٦)، فەرمانە، تا خوای پەروەردگار لە نوقسانی بە دوور بگیردرێت، لە زات و سیفاتی.
٣. خواردن و خواردنەوە و ڕەفتاری هاوشێوە، هەر دەبێت بە ناوی خوای گەورەوە بێت، بۆیە دەفەرموێت: ﱡﭐ ﳉ ﳊ ﳋ ﳌ ﳍ ﳎ ﱠ (الأنعام: ١١٨).
واتە: "لەو گۆشتە بخۆن کە لە کاتی سەربڕیندا ناوی خواى لێ هێنراوە."
٤. کاتی چوونە سەر پێخەفی نووستن، سوننەتە بوترێت: (بإسمكَ اللهم أحيا وأموت).([4])
واتە: "ئەی خواى پەروەردگارم! وا بە ناوی تۆوە دەژیین و دەمرم."
٥. هەموو هەڵسوکەوتێکی تر لە: چوون و سواربوون و... هتد، بۆیە سەییدنا نووح (سەلامی خوای لەسەر بێت) بە مرۆڤ و گیانلەبەرەکانی تری کە سواری کەشتییەکەی دەکردن، فەرموو: ﱡﭐ ﱽ ﱾ ﱿ ﲀ ﲁ ﲂ ﲃ ﲄﱠ (هود: ٤١).
واتە: "بە ناوی خوای گەورەوە بچنە ناو کەشتییەکەوە.. هەر ئەو سەرپەرشتیی سەرئاوکەوتن و سەلامەتی و ڕۆیشتن و لەنگەرگرتنی دەکات."
٦. هەروەها: ﱡﭐ ﳅ ﳆ ﳇ ﳈ ﳉ ﱠ (الواقعة: ٧٤)، و ﱡﭐ ﲏ ﲐ ﲑ ﲒ ﲓ ﱠ (الأعلى: ١).. کە مەبەست لێیان: یادی خوای گەورە و هۆش خستنە لای ناوە جوانەکانییەتی، تا لە دڵەوە هۆشت لای بێت کە ناوی دەهێنێت، وەکوو ئەو کاتانەی لە ناخی دڵ و دەروون و هەست و هۆشی بەئاگاتەوە دەڵێیت: (یا غفورُ يا رحيم)، لێم خۆش ببیت و بەزەییت پێمدا بێتەوە.
* جاری وا هەیە «ناو» دەهێنرێت، بەڵام مەبەست لێی «ناو لێ نراو»ـەکەیە، وەکوو دەڵێین: "ئەوە پێویستە بنووسرێت."
واتە: نووسین و نووسەری دەوێت.. خواى گەورە لە بەرپەرچی باوەڕ و پەرستنی بتەکانیاندا فەرمووی: ﱡﭐ ﲸ ﲹ ﲺ ﲻ ﲼﱠ (الرعد: ٣٣)، خوای گەورە بۆ دەستەوستان کردنی موشریکانی قوڕەیش و ئەوانی تر، فەرمووی: دەسا باشە، ئەگەر ئەم بتانە خوان، ئادەی با کردگارێتی و مراندن و ژیاندن و زیندوویەتیی خۆیان و سیفەتەکانی تری خوای گەورە بسەلمێنن!
شتێک خەلق بکەن و ناوی بهێنن.. وجوودی شتێکی دەستکردی خۆتان بهێننە کایەوە و ناوی لێ بنێن! داخۆ دەتوانن؟
نەخێر، ناتوانن.
لَفْظَ الجَلالة: «الله»
«الله» ناوی خواى كردگاری هەموو وجوودێکی ترە.. وجوودی هەموو شتێک سنووری کات و شوێنی هەیە، چونکە مەخلووقە، بەڵام وجوودی خوای گەورە زاتییە و بە خۆیەوەیەتی.
بۆیە ژمارەیەکی زۆر لە زانایانی عەقیدە لە پێناسەی ئەم ناوە پیرۆزەدا فەرموویان: (اسم الذات الواجب الوجود).
واتە: ناوی ئەو زاتەیە کە بوونی حەتمییە.. ناوی ئەو خوایەیە کە کردگار و پەروەدگارە و شایانی هەموو جۆرە پەرستنێکە، تەنیا ئەویش شایانی پەرستنە، چونکە هەر ئەو کردگار و خاوەن و ڕۆزیدەر و ژییەنەر و بەڕێوەبەر و هەڵسوڕێنەری کاروباری هەر هەموو مەخلووقەکانییەتی.
هیچ یەکێکی تر لە هیچ سیفەتێکیدا و بە هیچ ڕادە و بڕ و هیچ شێواز و چۆنێتییەک، لە هیچ سیفەتێکی خوای گەورە ناچن. تەنیا ئەویش سیفەتەکانی تەواو و ڕەها و بێسنوورن.
بۆیە لەم لایەنەشەوە، هەر ئەو شایانی هەموو جۆرە پەرستنێکە کە بەدڵ، یان بە زمان، یان بە کردەوە ئەنجام دەدرێت.
ــ وشەکە لە لایەنی زمانەوانییەوە:
ئەسڵی وشەکە (إلهُ)ـە بە ناساندنی بە ئەلف و لام بووە بە (الإله: ألئیلاه): ناوی توخمی پەرستراوان (خوای گەورە دەبوو هەر ئەو بپەرسترێت و بەس)، بەڵام لەبەر ئەوەی زۆر شتی تر دەپەرسترێت و ناونراون خوا (إله)، بۆیە وشەکە بووەتە ناوی توخمی خواکان.
ـ (ألَهَ: يَأْلَهُ، (آلِهَةً)، واتە: عَبَدَ، يَعْبُدُ، عبادَة).. يان: (أَلِهَ) یان: (ألِهَ) كە بەزۆر مانا دێت، وەکوو: (تَحَيَّرَ: سەرگەردان بوو)، (سَكَنَ: هێدی بووەوە)، (فَزِعَ اليه: لە ترساندا چووە کەنار ئەو)، (وَلَعَ: هۆگری بوو)؛ دەبینیت تەوەری هاوبەشی مانای هەموویان، پەیوەستبوونی ناچاریی و ملکەچییە بۆ مەزن و خاوەن هێز و دەسەڵاتی بەتوانا.
- (إله) لەسەر وەزنی (فِعال)ـە کە بە مانای: (مفعول)ـە، واتە: (معبود)، وەکوو: (كِتاب) کە بە مانای (مکتوب)ـە.
لەبەر ئەوەی عەرەبە موشریکەکان بتەکانى خۆیان بەخوا (إله) دەزانی و زۆریان هەبوو. «کۆ»یان بۆ ئەم تاکە ناوە داناوە کە (آلهة)یە، بۆیە دەیانوت: (إلاه بني فلان)، واتە: خواکەی فڵان تیرە و هۆز.
بۆیە ناوی (الإله)، واتە: بە ئەلفولامیانەوە لە هیچ بتێک نەنا، چونکە دەیانوت: (الاله) خواکەى ئاسمانە کە کردگاری هەموو بوونەوەرە. ئەوەش بەڵگەیە لەسەر مانەوەی کاریگەریی (تەوحید) کە پێشتر عەرەبەکانی لەسەر بووە. ئەو کاتە (الإله)یان، هەر وەکوو لەفزی «اللە» بەکار دەهێنا، بۆیە لە شیعر و پەندی پێشینانی جاهیلییاندا ئەوە هاتووە کە وتوویانە: (معاذ الإله)، وەکوو (معاذ الله)، واتە: پەنا بە خواى گەورە.
- هەندێک زمانەوانانی تر وتوویانە: ئەسڵی لەفزی جەلالە «اللە» بریتییە لە: (لاهٌ) کە چاوگی (لاهَ/ يَليهُ، لَيْهاً)ـە، واتە: (إحْتَجَبَ) واتە: لەبەر هەبوونی پەردەی بەربەست دەرناکەوێت.
ئەم مانا و سیفەتەش، هەر دەچێتە ڕیزی ماناکانی تری (ألِهَ) کە لە سەرەوە باسمان کرد.
هەندێکی تر دەڵێن: وشەى (إله) لە ئەسڵیدا سریانییە و (لاها)یە، بەڵام عەرەبەکانی پێش ئیسلام، ئەلفی دووەمیان لاداوە و بووە بە (لاه)، ئینجا ئەلفولامیان بۆ ناساندن و زانینی خستووەتە سەر و بووە بە (ألاه).
دواتریش بۆ ئاسان وتنی لامەکان جووت کراون و بووە بە «اللە»، ئەوەش بە (ڵ)ی قەڵەو دەخوێنرێتەوە، ئاوا بووە بە «ئەڵڵاهـ».
زەججاجیی زمانەوان ئەوەی پێ ڕاستتر و پەسەندتر بووە و فەرمووشییەتی: ئەوە بۆچوونی (خەلیلی کوڕی ئەحمەدی فەراهیدی و سیبەوەیهی)یە. سیبەوەیهی لە کتێبەکەیدا (الکتاب)، باسی ئەو ئەلفولام و تێهەڵکێشبوونی دوو لامەکە و تەفخیم (قەڵەوکردنی لامەکە)ی کردووە، بەڵام نەیفەرمووە لە زمانی سریانییەوە هاتووە.
- کە وا بوو: زاراوەی: «الله» ناوی زۆر تایبەتی خوای تاک و پاکە، ناشێت لە هیچ کەس و شتێک بنرێت، لە حاڵەتی مەرفووعیدا دەبێت بە «أللهُ» لە حاڵەتی مەنصوبیدا دەبێت بە «اللهَ» و لە حاڵەتی مەجرووریدا دەبێت بە بە «اللهِ»، لێرەشدا لەزهر ئەوەی (اسم)ی بۆ ئیزافە کراوە و بووە بە (بِسمِ اللەِ: بیسمیلاهی). بۆ ڕەچاوکردنی ئەدەب لەگەڵ خواى گەورەدا، ئەهلی ئیسلام دەڵێن: (لەفزی جەلالە)، لە جیاتیی وشەی «الله»، بۆ ئەوەی نەڵێن: «الله» مەرفوعە، یان مەنصوبە، یان مەجروور. ئێمەش دەبێت فێر ببین وا بڵێین (إن شاء الله).
* شیکاریی ئیمامی مەودوودی (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) بۆ وشەى (الإله)([5]):
١. لێکۆڵینەوەی زمانەوانی:
وشەی (إله) کە سێ پیتە: (هەمزە، لام، ها) لە فەرهەنگەکانی زمانی عەرەبیدا بەم مانایانە هاتووە:
١. (ألِهْتُ إلى فُلان): واتە: دڵم لە کەناری فلانە کەسدا سوکنایی بۆ هات.
٢. (الِهَ الرَّجُلُ يَألَهُ): پەنای کابرای دا لەوەی لێی؟دەترسا و بێ خەمی کرد لێی.
٣. (ألِهَ الرَّجُلُ الى الرَّجُلِ): ڕووی کردە کابرا و بەرەو پیریی چوو، چونکە شەیدای بووبوو.
٤. (ألِهَ الفَصيلُ بأُمِّهِ): هۆگری دایکی بوو، چووە کەناری.
٥ـ (ألَهَ يالهَهُ وألوهَيىةً) پەرستی.
دەڵێن: وشەی «اللە» لە (لَاهَـ يَليهُ لَيْها)وەیە، بە مانای: دیار نەبوو..
بە تێڕوانینی ئەو مانایانەی سەرەوە، ئەوە دەردەکەوێت کە (أله، یأله، یالهةً) بە مانای: (تأَلُّه)ـە، واتە: پەرستن، «اللە» بە مانای: (معبود) واتە: پەرستراو کە بریتییە لە:
١. بەدیهێنانی پێداویستییەکانی کەسێک لە لایەن یەکێکی بەتوانا و خاوەن ئیرادەوە، ئەمە پاڵنەری یەکەمی پەرستنە، چونکە کەسەکە مەیلی بۆ خاوەن تواناکە دەبێت و حەز بە نزیکبوونەوە دەکات لێی، هێندە هۆگری دەبێت، تا دەیپەرستێت.
٢. کەسێک دەزانێت یەکێک هەیە پێداویستییەکانی بۆ دەهێنێتە جێ و بەهانا و هاواری خەڵکییەوە دەچێت کە وا بوو: خاوەن دەسەڵات و توانا و هێزی زاڵە.
٣. ئەو کەسەی بەپێی ڕێسای سروشتی، بە شێوەیەکی ئاشکرا و دیار بە گرتنە دەستی هۆکارەکان، پێداویستیی کەسانێک جێبەجێ دەکات، ناچێتە ئەو ئاستەوە کە بەخوا دابنرێت؛ چونکە خوا بەدەر لە هۆکارەکان و لە دەرەوەی سروشت و گەردوونەوە کار جێبەجێ دەکات، لە هەمان کاتیشدا خوا خۆی نابێت دیار بێت، خاوەن هێز و دەسەڵاتێکی نادیاریشە.
٤. بێگومان مرۆڤ بە شەوق و زەوقەوە بەرەو ئەوە دەچێت کە لێی دڵنیا بووە و پێداویستییەکانی بۆ دەبر دەکات و لە تەنگانەدا بە هانایەوە دێت و لە خەم دەیڕەخسێنێت و هێوری دەکاتەوە.
کە وا بوو: ئەو مانا و ڕەفتارانەی وشەى «اللە» دەیانگرێتەوە، ئەمانەن:
جێبەجێکردنی پێداویستی، پەنادان، هێورکردنەوە، هەبوونی دەسەڵاتی باڵا و توانای زاڵبوون؛ نادیار، ئەوەی لە تەنگانەدا هاواری دەکەن و پەنای بۆ دەبەن، هەروەها ئەوەی لە حەز و ویستەوە خۆشیان دەوێت.. ئەمانە مانای (الله: خودا)ن.
* بیروبۆچوونی ئەهلی جاهیلییەت دەربارەی (أله):
با بزانین دید و بۆچوونی عەرەبەکان و قەومەکانی تری جاهیلییەت، بەرانبەر وشەى: (إله) و (ألوهیة) چۆن بووە کە قورئانی پیرۆز هیچییانی وەرنەگرت و پێناسە و وەسفی خۆی بۆ (إله) هێنا؟
[ئەهلی جاهیلییەت کە هاوبەشیان بۆ خوای گەورە دانابوو، لە: بت و جنۆکە و فریشتە و سەرۆکە دەسەڵاتدارەکانیان، چەند ئومێدێکیان بەو (شرکاء)ـانە هەبوو کە گوایە: بە دەسەڵات و توانای بەدەر لە سروشتی مرۆڤ و هۆکار، دەتوانن پێداویستی پەرستیارەکانیان بهێننە دی، لەوانە:
١. قەبووڵکردنی هانا و هاواریان، کاتی کێشە و کارەساتیان.
٢. سوود پێ گەیاندن و زیان دوور خستنەوە لێیان.
٣. سەرکەوتن و زاڵبوون.
٤. وەرگرتنی بەرنامە و یاسا و ڕێسای خوا، بۆ ڕێکخستنی ژیانی مرۆڤ.
٥ ـ دەسەڵاتداری و هێز و تەمکین].([6])
١ ـ هانا و هاوار بۆ خواى گەورە دەبرێت و بەس:
خواى گەورە دەربارەی هەڵەى موشریکەکان، لە هاناو هاوار بۆ بردنی بێسوودیاندا دەفەرموێت: ﱡﭐ ﲀ ﲁ ﲂ ﲃ ﲄ ﲅ ﲆ ﲇ ﲈ ﲉ ﱠ (فاطر: ١٤).
واتە: "ئەگەر لە کاتی تەنگانە و لێقەوماندا هاواریان بۆ ببەن، هاوارەکانتان نابیستن، ئەگەر گریمان بیستیشیان، دەستەوستانن لە وەڵامدانەوەدا؛ چ جای لە بەدیهێنانی داواکارییەکانتاندا."
چەندین جاری تر دەستەوستانیی بێتوانایی بتەکانیان نیشان دەدات کە پەرستیارەکانیان دووچاری کێشە و کارەسات، یان غەزەبی خوای گەورە دەبن، ناتوانن بە هانایانەوە بێن، چ جای قوتارکردنیان!
دەفەرموێت: ﱡﭐ ﱢ ﱣ ﱤ ﱥ ﱦﱧ ﱨ ﱩ ﱪ ﱫ ﱬ ﱭ ﱮ ﱯ ﱰ ﱱ ﱲ ﱳ ﱴ ﱵ ﱶﱷ ﱸ ﱹ ﱺ ﱻ ﱼ ﱠ (هود: ١٠١).
واتە: "لەو کاتەی کە فەرمانی فەوتاندنیان لە پەروەردگارتەوە دەرچوو، ئەوانەی هاواریان دەکردنێ و هانایان بۆ دەبردن و دەیانپەرستن، بە هاواریانەوە نەچوون، تا سزای خواى گەورەیان لەسەر لابەرن؛ هاوارکردنەکەیان لە غەیری خواى گەورە زەرەرمەندتری کردن."
کە لە واقیعدا دەکەوتنە کارەساتی سەخت و دژوارەوە و هەستیان دەکرد دەفەوتێن، هاواری خوای گەورەیان دەکرد و زۆر سەرڕاستانە لێی دەپاڕانەوە، تا قوتاریان بکات کە قوتاریشی دەکردن پشتیان لە بەرنامەکەی دەکرد و دەکەوتنەوە کوفر و شیرک و زوڵم و ناحەقی.
خوای گەورە دەفەرموێت: ﱡﭐ ﱡ ﱢ ﱣ ﱤ ﱥ ﱦ ﱧ ﱨ ﱩ ﱪ ﱫ ﱬ ﱭ ﱮ ﱯ ﱰ ﱱ ﱲ ﱳ ﱴ ﱵ ﱶ ﱷ ﱸ ﱹ ﱺ ﱻ ﱼ ﱽ ﱾ ﱿ ﲀ ﲁ ﲂ ﲃ ﲄ ﲅ ﲆ ﲇ ﲈ ﲉ ﲊ ﲋ ﲌ ﲍﲎ ﱠ (يونس: ٢٢ - ٢٣).
واتە: "لەو کاتەدا کە لە کەشتییەکە/ کەشتییەکەتاندا بوون، بایەکی ئاسان کەشتییەکەی دەئاژووت، خۆشحاڵ بوون بە بارودۆخەکەتان، لەناکاو ڕەشەبا هەڵی کرد و شەپۆل لە هەموو لایەکەوە دانییە بەر تەکان و بەتەواوی کەوتنە گومانی فەوتانتانەوە و کەوتنە پاڕانەوەی سەرڕاستانە؛ بە کوڵ و دڵ هانایان بۆ خوای گەورە دەبرد و بەڵێنیان پێ دەدا و سوێندیان دەخوارد کە، ئەگەر ئەم جار ڕزگارمان بکەیت و قوتار ببین، دەبینە کەسانێکی سوپاسگوزار و شوکرانەبژێر ،کەچی کاتێ کە چوو بە هانایانەوە و پاڕانەوەکانی گیرا کردن و قوتاری کردن؛ وەفایان بۆ بەڵێنەکانیان نەبوو، خراپتر دەرچوون، نکووڵیی وەحی و تەوحیدەکەیان دەکرد! کەوتنەوە دەستدرێژی و زوڵم و ناحەقی! خراپەکارییان زەمینی گرتەوە!([7])
٢ ـ سوود و زیان لەدەست خواى گەورەدایە و بەس:
خواى گەورە دەفەرموێت: کە قەومی هوود (سەلامی خوای لەسەر بێت) بە هەموو عەقڵ و هۆشیانەوە بە هوودیان دەوت: ﱡﭐ ﱁ ﱂ ﱃ ﱄ ﱅ ﱆ ﱇﱈ ﱠ (هود: ٥٤).
واتە: "ئێمە باوەڕمان وایە کە: هەندێک لە خواکانمان دەستیان لێوەشاندوویت و شێتیان کردوویت، چونکە تۆ جنێوت پێداون و ناهێڵیت بیانپەرستین!"
هەموو بتپەرستانی کۆن و نوێ، خواکانیان دەپەرست، چونکە لەو باوەڕەدا بوون کە سوود پێ گەیاندن و زیان لێ لادانیان بەدەست خواکانیانە. موشریکانی سەردەمی وەحییش وا بوون، خواى گەورە لە باسیاندا دەفەرموێت: ﱡﭐ ﲑ ﲒ ﲓ ﲔ ﲕ ﲖ ﲗ ﲘ ﲙ ﱠ (يونس: ١٨).
واتە: "شتی وای بێجگە لە خواى گەورە دەپەرستن کە نە زیانیان لێ دوور دەخەنەوە و نە سوودیشیان پێ دەگەیەنن."
- سەییدنا ئیبراهیم (سەلامی خوای لەسەر بێت) بە قەومەکەى خۆی دەفەرموو: ئاخر ئێوە ئەو بتانە لە جیاتیی خواى گەورە دەپەرستن، چما کە هاواریان دەکەنێ، هاوارتان دەبیستن؟! ئایا سوودتان پێ دەگەیەنن؟! زیانتان لێ دوور دەخەنەوە؟ !بێگومان نەخێر؟؟
دەفەرموێت: ﱡﭐﲒ ﲓ ﲔ ﲕ ﲖ ﲗ ﲘ ﲙ ﲚ ﲛ ﲜ ﲝ ﲞ ﲟ ﲠ ﲡ ﲢ ﲣ ﱠ (الشعراء: ٧٢ - ٧٤).
بەڵگەی ڕاست و ڕەوایی دید و هەڵوێستیان ئەوە بوو کە دەیانوت: ئێمە باب و باپیرانی خۆمان بینی وایان دەکرد. واتە: ئێمەش لەسەر ڕەویەی ئەوان دەڕۆین!
- خواى گەورە لە پووچەڵکردنەوەی دید و باوەڕ و پەرستن و داب و نەریتیاندا دەفەرموێت کە هەرچی تووشی هەر کەسێک دێت، هەر ئەوەیە کە بە ویستی خواى گەورە بووە و بەس، دەفەرموێت: ﱡﭐ ﱶ ﱷ ﱸ ﱹ ﱺ ﱻ ﱼ ﱽ ﱠ (التوبة: ٥١).
٣ ـ مەدەد و سەرکەوتن، هەر لەدەست خواى گەورەدایە و بەس:
خواى گەورە باسی کافران دەکات کە باوەڕیان وا بوو: خواکانیان سەرکەوتنیان بۆ دابین دەکەن و سەرکەوتن لای ئەوانەوەیە!
بەڵام ئەوە لە واقیعی حاڵیشیاندا بۆیان دەسەلما کە بتەکانیان سەرکەوتن نابەخشن، خۆیان پێویستیان بەوەیە کەسێک نەیانشکێنێت! خۆشیان لەگەڵ چەکداری و هەبوونی تفاقی جەنگدا هەر سەرنەکەوتن!
دەفەرموێت: ﱡﭐ ﱝ ﱞ ﱟ ﱠ ﱡ ﱢ ﱣ ﱤ ﱥ ﱦ ﱧ ﱨ ﱩ ﱪ ﱫ ﱬ ﱠ (يس: ٧٤ - ٧٥).
واتە: "بێجگە لە «اللە»، چەند خودای تریان هەڵبژارد و کردیانن بە خواى خۆیان، بەو ئومێدەی لە شەڕ و شۆڕدا سەریان بخەن! کەچی نەیاندەتوانی سەریان بخەن، ئەگەرچی کافرەکان هەموویان سەربازی بتەکانیشیان بوون!"
بەڵام خوای گەورە بەردەوام ئەو ڕاستییەی لە ناخی موسوڵماناندا دەچەسپاند و ئەو هەواڵەی دەدا بە موشریکان و کافران کە سەرکەوتن تەنیا و تەنیا لە لایەنی خواى گەورەوەیە و بەس کە دەفەرموێت: ﱡﭐ ﱖ ﱗ ﱘ ﱙ ﱚ ﱛﱠ الأنفال: ١٠، هەروەها: ﱡﭐ ﲃ ﲄ ﲅ ﲆ ﲇﱠ (آل عمران: ١٣).
- لە سورەتە مەککییەکانیشدا، ئەم «حەقیقەت»ـە بەڵگەنەویستە بۆ هەمووان باس دەکات کە دەفەرموێت: ﱡﭐ ﲽ ﲾ ﲿ ﳀ ﳁ ﳂ ﳃ ﳄ ﳅ ﳆ ﳇ ﳈ ﳉ ﳊ ﳋ ﳌ ﳍ ﳎ ﳏ ﳐﳑ ﳒ ﳓ ﳔﳕ ﳖ ﳗ ﳘ ﳙ ﳚ ﳛ ﱠ (الأحقاف: ٢٧ - ٢٨).
واتە: "هۆ خەڵکی مەککە! ئێوە دەزانن کە ئێمە ناوچەکانی دەوروبەرتانمان فەوتاند (قەوم و ناوچەکانی سەموود و قەومی لوط و ئەوانی تر) زۆر و هەمە جۆری بەڵگەمان بۆ هێنانەوە کە وەحی حەقە و دید و بیروباوەڕی ئێوە چەوتە، وتمان: بەڵکوو بگەڕێنەوە سەر وەحی و تەوحید، بەڵام هەر ملهوڕییان نواند و سوور بوون لەسەر شیرک و کوفری خۆیان، ئێمەش فەوتاندمانن، هیچ لایەنگر و سەرخەرێکیان نەبوو؛ نە بتەکانیان سەریان خستن کە بەردەوام قوربانیان بۆ دەکرا و نە خۆیشیان توانییان لە بەرانبەر غەزەبی خوای گەورەدا خۆ ڕابگرن!
* بەرنامە دانان و یاسا داڕشتن مافی خوای گەورەن و بەس:
موشریکانی عەرەب و قەومەکانی تر، لە کات و شوێنە جیاوازەکاندا مانایەكی تری خوایەتییان کردبوو بە مافی سەرۆک هۆز و کەسایەتییە دەسەڵاتدارەکانیان!
جوولەکە و دیانەکانیش هەر وا بوون، مافی بەرنامە دانان و یاسا داڕشتن و حەرامکردن و حەڵاڵکردنیان دابوو بە پیاوە دینییەکانیان، هەر وەک چۆن خوای گەورە دەفەرموێت: ﱡﭐﲧ ﲨ ﲩ ﲪ ﲫ ﲬ ﲭ ﲮ ﲯ ﲰ ﲱ ﲲ ﲳ ﲴ ﲵ ﲶﲷ ﲸ ﲹ ﲺ ﲻﲼ ﱠ (التوبة: ٣١).
واتە: "قەشە و عالمەکانی خۆیان (پیاوانی دینی)یان کردبوو بە خوا، هەر وەک چۆن (عیسای کوڕی مەریەمیان) کردبوو بە خوا، لە کاتێکدا فەرمانی ئەوەیان پێ درابوو کە تەنیا یەک خودا بپەرستن کە «اللە»یە و جگە لە و هیچ خوایەکی تر شایان و شایستەی پەرستنی نییە."
هەروەها لە سورەتی (الشوری)دا کە سورەتێکی مەککییە، باسیان دەکات کە ئەو خەڵکە جاهیلییە، هاوبەشانە (شرکاء)یان بۆ خوای گەورە دانابوو، مافی دەرکردنی یاسایان پێ دابوون بەوەی ئەو (شرکاء)ـانە، هەر فەرمانێکیان پێ بدانایە جێبەجێیان دەکرد؛ وەکوو: زیندەبەچاڵکردنی کچەکانیان و کردنی کوڕەکانیان بە قوربانی بتەکانیان کە سەریان دەبڕین بۆیان!"
خواى گەورە ڕۆشن و ئاشکرا و ڕاشکاوانە دەفەرموێت: ﱡﭐ ﲝ ﲞ ﲟ ﲠ ﲡ ﲢ ﲣ ﲤ ﲥ ﲦ ﲧ ﲨﱠ (الشورى: ٢١).
واتە: "یان هاوەڵیان بۆ خودای گەورە داناوە، تا یاسا و ڕێسایان بۆ دابڕێژن کە خوای گەورە ڕێی پێ نەداون."([8])
ئەو خوایەتی و عەبدایەتییەی ئەم ئایەتانە پێناسەیان دەکەن دیارە کە لە یاسادانانی دەسەڵاتداران و گوێڕایەڵی و شوێنکەوتنی خەڵکەکەدان، ئەوان بەو کارە خۆیان کردووەتە خوا لەو خەڵکە و ئەو خەڵکە نەزانەش بە ملکەچکردنیان بۆ خۆیان و یاسا و دەستووریان، بوونەتە عەبد و پەرستیاری ئەوان.
ئیمامی مەودوودی (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) لە «چوار زاراوەکە»یدا دەفەرموێت: "بە سەرنجدان لەم ئایەتانە دەردەکەوێت کە وشەى (إله) ئەمجارە لێرەدا مانایەکی تر دەبەخشێت کە زۆر لەوانی تر جیاوازە.
- باسی ئێرە، باسی هیچ دەسەڵاتێکی دەستڕۆیشتوو بەسەر یاساکانی سروشتدا نییە.
ـ ئەوەی لەم دوو ئایەتەدا بە «خوا» ناسێنراوە، بۆ ئەوە نییە کە لە تەنگانەدا بانگی بکەن و لێی بپاڕێنەوە.
یان وا بزانن زیانیان هەیە، یان قازانج، بەڵکوو بۆ ئەوەیە فەرمانەکانی بکەنە یاسا و ڕێسای دەستووری ژیان، یان بەوەی کە ئەو بڵێت وا بکەن؛ بیکەن، یان وا مەکەن، نەیکەن، چ شتێک ئەو حەڵاڵی بکات؛ ئەوا بە حەڵاڵی دەزانن، چ شتێکیش ئەو حەرامی بکات، ئەوا بە حەرامی دادەنێن.
مانای «خودا» لێرەدا ئەوەیە: کە ئەو کەسە (یان ئەو لایەنە) پێویستی بە هێزێکی لە خۆی باڵاتر نییە، بگەڕێتەوە لای و ئاراستەی لێ وەربگرێت و بیکاتە بەرنامەی ژیانی خەڵکی، یان یاسا و ڕێسای دەستووری حوکمڕانییان.. ئەو کەسە (یان ئەو لایەنە) کراوە بە «خوا» بەوەی کە مافی ڕەهای داڕشتنی بەرنامە و یاسا و دەستووری پێ دراوە."([9])
* [کە وا بوو: تەسلیمبوونی خەڵکی، یان ڕازیبوونیان بەوەی کەسێک، یان کەسانێکی ئەندام پەرلەمان، مافی ئەوەیان هەیە یاسا و ڕێسای وا دەربکەن کە پێچەوانەی وەحیی خوایی بێت؛ «عەبدایەتی»کردنە بۆ ئەو خوایە، یان بۆ ئەو پەرلەمانەی مافی خوای گەورەی لە حەڵاڵکردن و حەرامکردندا زەوت کردووە بۆ خۆی.
هەر ئەم تەسلیمبوون و گوێڕایەڵی و ملکەچکردن و بەقسەکردنەیە کە خوای گەورە ناوی ناوە: «پەرستن»، ئەگینا خەڵکی چۆن هەوا و هەوەسی خۆی دەپەرستێت].
خوای گەورە دەفەرموێت: ﱡﭐ ﲽ ﲾ ﲿ ﳀ ﳁ ﱠ (الفرقان: ٤٣).
واتە: "دەبینیت چۆن ئەو کەسە هەوا و حەز و ئارەزووی خۆی کردووە بە خوای خۆی؟!"
ئیمامی مەودوودی دەفەرموێت: "مانای ئایەتەکە زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە : ئەگەر یەکێک شوێنی هەوا و ئارەزووی خۆی بکەوێت و لە سەرەوەی هەموو شتێکی دابنێت، لە ڕاستیدا کردوویەتی بە پەرستراو (إله)."([10])
* کە خواى گەورە دەفەرموێت: ﱡﭐ ﱣ ﱤ ﱥ ﱦ ﱧ ﱨ ﱩ ﱪ ﱫ ﱬﱠ (يس: ٦٠).
واتە: "ئەرێ هۆ ئادەمزادەکان! مەگەر من لەسەر زمانی پێغەمبەرانم (سەلامی خوایان لەسەر بێت) ڕامنەسپاردن کە شەیتان نەپەرستن؟!"
باشە کە شەیتان نادیارە، خۆ وەکوو بتەکان نییە کە خواپەرستیی بۆ ئەنجام بدرێت، ئەدی پەرستنی شەیتان چۆنە؟
بێگومان پەرستنی شەیتان بریتییە لە: شوێنکەوتنی ئاراستە و ڕێ و هەڵوێستی.
ئەوە چۆن دەزانرێت؟
بەوەی کە پێچەوانەی شەرع ڕەفتار بکەیت.
فەرمانی خوای گەورە دیارە کە لە قورئان و سوننەتدایە، پابەندبوون بەم دوو سەرچاوەیەوە خواپەرستییە، لە بەرانبەردا: هەوا و هەوەس و شەیتان و دنیاویستی هەیە کە به گوێ کردنی ئەمانە کە پێچەوانەکاریی قورئان و سوننەتەکەیە، پەرستنیانە. هەر کەسێکیش هەوا و هەوەسی خۆی پەرست، ئاسان شەیتانیش دەپەرستێت و باوەش بە دنیادا دەکات.
٢ ـ تەنیا خواى گەورە دەسەڵات و تەمکین دەبەخشێت:
عەرەبەکانی جاهیلییەت و قەومەکانی پێشین کە موشریک بوون، باوەڕیان وا بوو کە: بتەکانیان دەسەڵات و تەمکینیان بۆ دابین دەکەن، هەر وەک چۆن خواى گەورە دەفەرموێت: ﱡﭐ ﱣ ﱤ ﱥ ﱦ ﱧ ﱨ ﱩ ﱪ ﱫ ﱠ (مريم: ٨١).
واتە: بێجگە لە خوای گەورە چەندین خودای قەستینەیان (وەکوو بت و جنۆکە و... هتد) بۆ خۆیان و قەومەکەیان دانابوو، تاوەکوو بیانپەرستن و لە ئەنجامدا ئەم بتانە بۆیان ببنە مایەی دەسەڵات، تا ئەم بتانە هێزیان بۆ دابین بکەن و مەدەدیان بدەنێ!
٣ ـ بنەمای بابەتی خودایەتی:
ئیمامی مەودوودی دەفەرموێت([11]): "هەموو ئەو شتانەی دەربارەی مانا جیا جیاکانی وشەى (إله) باسکران، پەیوەندییەکی ژیربێژی (مەنتیقی)یان لەنێواندا هەیە، ئەو کەسەی شتێک بکاتە پشتیوان و سەرپەرشتیار و جێبەجێکاری پێداویستییەکانی و لابەری نەهامەتی لەسەری و وا بزانێت کە وەڵامی پاڕانەوەی دەداتەوە و توانای ئەوەی هەیە زیانی پێ بگەیەنێت [یان زیانی لێ دوور بخاتەوە]؛ یان قازانجی پێ بگەیەنێت بە شێوەیەکی بەدەر لە یاساکانی سروشت، ئەوە ئەو کەسە ئەو شتەی بە خودا داناوە، مادام وا دەزانێت کە ئەو شتە، یان ئەو کەس و لایەنە، جۆرە دەسەڵاتێکی سەربەخۆی بەسەر ئەم بوونەوەرەدا هەیە.
- هەروەها، ئەگەر کەسێک باوەڕی وا بێت کە: ئەو شتە، یان ئەو کەس و لایەنە دەتوانن لەڕێی نادیار (غەیب)ـەوە زیان و سوودی پێ بگەیەنن، چونکە وا دەزانێت ئەو شتە، یان ئەو کەس و لایەنە؛ جۆرە دەسەڵاتێکی بەسەر ئەم بوونەوەرەدا هەیە، ئەو کەسە موشریکە، چونکە وای داناوە کە ئەو شتە هاوبەشی خوای گەورەیە لە هەندێک سیفاتیدا.
- هەروەها ئەو کەسەی باوەڕی بە خودای باڵادەست هێناوە، بەڵام داوا لە غەیری خوای گەورە دەکات و پەنای بۆ دەبات، ئەمیش موشریکە مادام وا دەزانێت ئەو شتە، یان ئەو کەس و لایەنە؛ جۆرە هاوبەشییەکیان لەگەڵ خودادا هەیە، بۆ کارگێڕانی ئەم بوونەوەرە.
- هەروەها هەر کەسێک یاسا و دەستووری کەسێک، یان لایەنێک، جگە لە بەرنامەى خودا بکات بە یاسای ژیانی خۆی، فەرمان و قەدەغەکراوەکانی لەبەرچاو بگرێت بە جۆرێک کە پێی وا بێت دەبێت فەرمانی جێبەجێ بکات و لە قەدەغە کراوەکانیشی دوور بکەوێتەوە؛ ئەوە بێگومان دان دەنێت بە دەسەڵاتی ئەو کەس و لایەنەدا کە خاوەن یاساکەن، گوایە دەسەڵاتێکی زاڵیان هەیە، ئەمیش هەر کافرە!
پوختەی قسان ئەوەیە کە: بنەما و جەوهەری خوایەتی (الألوهیة) دەسەڵاتە، بە مانایەکی تر: دەبێت خەڵکی باوەڕیان وا بێت کە ئەوەی دەسەڵاتی بەسەر ئەم بوونەوەر و یاسا سروشتییانەدا زاڵە، هەر ئەوە کە دەبێت خەڵکی شوێنکەوتەى تەعلیماتی بن و بە پێویستی بزانن کە فەرمانەکانی جێبەجێ بکەن و ملکەچیی بۆ دەرببڕن."
ئیمامی مەودوودی (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) دەفەرموێت([12]): "ئەوە ئەو تێڕوانینەیە بۆ دەسەڵات کە قورئانی پیرۆز دەیکاتە بناغە و چەندین بەڵگە بۆ سەلماندنی دەهێنێـەوە و پێچەوانەکەى کە خوایەتی (ألوهیة)ی غەیری خواى گەورەیە ڕەت دەکاتەوە و بڕیاری خوایەتییەکە تایبەت دەکات بە خوای باڵادەستەوە.
ئەوەی بەڵگەى قورئانە ئەوەیە کە:
١. هیچ کەس و شتێک لە ئاسمانەکان و زەویدا، جگە لە خوای گەورە، دەسەڵات و کارگێڕیی بەدەست نییە.
٢. هێنانە بوون و بەخشش و فەرمان دەرکردن، هێز و توانای گۆڕانکاری بەدەست خۆیەتی.
٣. هەرچی لە ئاسمانەکان و زەویدایە پێیان خۆش بێت، یان پێیان ناخۆش بێت، ملکەچ و ژێرباری یاسای خودان.
٤. هیچ کەس و شتێک، جگە لە خواى گەورە، حوکم و دەسەڵاتی بەسەر ئەم بوونەوەرەدا نییە.
٥. هیچ کەس و شتێک نهێنییەکانی بوون و هێنانە بوون و بەڕێوەبردنی و ڕێساکانی گەردوون و ژیان نازانێت.
٦. دەبێت تەنیا بڕیار و تەعلیماتی خوای گەورە، بەسەر ئەم بوونەوەرە پان و بەرینە و نیشتەجێیانیدا جێبەجێ بکرێت.
لەبەر ئەوانەیە کە نابێت هیچ یەکێک بە هاوبەشی خوای تاک و پاک دابنرێت، لە پەرستن و جێبەجێکردنی فەرمانەکانیدا.
کەواتە: لە ڕاستیدا هیچ خودایەک نییە، تەنیا ئەو نەبێت، بۆیە هەر کار و کردەوەیەک بکرێت و مەبەست لێی: خوایەکی تر بێت، کارێکی بێنرخ و پووچ و بێبایەخە.
بۆیە: ئەو بەندایەتییەی بۆ خوایەکی تری، جگە لە «اللە» دەکرێت، دەبێت هەڵبوەشێنرێتەوە، چونکە هەر خوای گەورە کردگارە و خاوەنی دەسەڵاتی باڵاو توانای بێوێنەیە، نەک غەیری ئەو.
جا ئەم بەندایەتییە [شیرکییە] لە هەر لایەنێکدا بێت، وەکوو: لێ پاڕانەوە و خۆ پەنادانی و لێ ترسانی و دانانی بە واسیتەی نێوان پەرستیارانی و خواى گەورە و باڵادەست، یان به گوێ کردن و ڕاپەڕاندنی فەرمانەکانیان.
جا فەرموون لەگەڵ ئەو شێوازە پڕ مانا و بێوێنەیەی کە قورئان بە بەڵگە دەیهێنێتەوە بۆ ئەو مانایانەی باسمان کردن:
١. ئەو خودایەی خەلق دەکات، توانای بە هاناوە هاتنی خەڵکی هەیە، نەک (بەناو) خودایەک کە خۆی مەخلووقە. دەفەرموێت: ﱡﭐ ﱯ ﱰ ﱱ ﱲ ﱳ ﱴ ﱵ ﱶ ﱷ ﱸ ﱹ ﱠ (النحل: ٢٠).
واتە: ئەو بتانەی لە جیاتیی خواى گەورە لێیان دەپاڕێنەوە، هیچیان پێ خەلق ناکرێت و خۆیان خەلقکراو و دروستکراون.
ئینجا دەپرسێت: ﱡﭐﱓ ﱔ ﱕ ﱖ ﱗﱘ ﱙ ﱚ ﱛ ﱠ (النحل: ١٧).
واتە: ئایا ئەوەی شتان بەدی دەهێنێت وەکوو ئەوەیە کە هیچ بەدی ناهێنێت؟! ئایا ئێوە بیر لەوە ناکەنەوە؟!
٢. ئەوی ڕزق و ڕۆزی دەدات خوای کردگارە، ئیدی چۆن چاوەڕێن (مەخلووق)ێک ڕزق و ڕۆزیتان بدات؟!
دەفەرموێت: ﱡﭐ ﳀ ﳁ ﳂ ﳃ ﳄ ﳅﳆ ﳇ ﳈ ﳉ ﳊ ﳋ ﳌ ﳍ ﳎ ﳏﳐ ﳑ ﳒ ﳓ ﳔﳕ ﳖ ﳗ ﳘ ﱠ (فاطر: ٣).
واتە: ئەی خەڵکینە! ناز و نیعمەتەکانی خوای گەورەتان بە بیر بێتەوە کە پێی بەخشیون، ئایا لە ئاسمانەکان و زەویدا هیچ بەدیهێنەر (خالق)ێک، جگە لە خواى گەورە هەیە، ڕزق و ڕۆزیتان بدات؟!
هیچ خوایەک نییە شایانی خوایەتی بێت، جگە لە ئەو، ئیتر چۆن و بۆچی لە حەق لادەدەرێن؟
هەروەها دەفەرموێت: ﱡﭐ ﲴ ﲵ ﲶ ﲷ ﲸ ﲹ ﲺ ﲻ ﲼﲽ ﲾ ﲿ ﳀ ﳁ ﳂ ﳃ ﳄ ﳅ ﳆﳇ ﳈ ﳉ ﳊ ﳋ ﳌ ﱠ (الروم: ٤٠).
واتە: ئەوە خواى گەورەیە کە ئێوەی بەدی هێناوە و پاشان ڕۆزیی داون، پاشان دەتانمرێنێت، دواتر زیندووتان دەکاتەوە؛ دەى باشە ئەوانەى کە کردووتانن بە هاوبەشی خواى گەورە لە پەروەردگارێتی و خوایەتیدا، ئایا دەتوانن هیچ یەکێک لەم کارانە بکەن؟! پاک و بێخەوشی بۆ خواى گەورە لەوەی کە هاوەڵی بۆ دادەنێن.
٣. ئەوی خاوەنی هیچ شتێک نییە لە ئاسمانەکان و زەویدا، چۆن دەکرێت بە خوا؟!
خوایەتی، هەر ماف و شایانی خوای کردگارە کە خاوەنی هەموو ئاسمانەکان و زەوی و هەرچییەکە تێیاندان و هەر هەموو مەخلووقاتەکانی تر. دەفەرموێت: ﱡﭐ ﲾ ﲿ ﳀ ﳁ ﳂ ﳃ ﳄ ﳅ ﳆ ﳇ ﳈ ﳉ ﳊ ﳋ ﳌ ﳍ ﳎ ﳏ ﳐ ﳑ ﳒ ﳓ ﳔ ﳕ ﳖ ﳗ ﳘ ﱠ (سبأ: ٢٢).
واتە: بفەرموو: ئادەی هاوار و هانا ببنە بەر بتەکانتان کە لە جیاتیی خواى گەورە داتانناون و کردووتانن بە خودا! بزانن هیچ وەڵامێکیان لێوە دەبیستن؟! نەخێر، ئەوانە نە لە ئاسمانەکان و نە لە زەویدا خاوەنی تۆسقاڵێک (مسقاڵە زەڕڕەیەک) شت نین، لە خاوەندارێتیی هیچ شتێکی ئاسمانەکان و زەویدا هاوبەش نین و لە هیچ شتێکیشدا هاوکار و یارمەتیدەری خوای تاک و پاک نین.
هەروەها دەفەرموێت: ﱡﭐ ﲭ ﲮ ﲯ ﲰ ﲱ... ﳀ... ﱓ ﱔ ﱕ ﱖ ﱗ ﱠ (الفرقان: ٢ - ٣).
واتە: ئەوی خاوەندارێتیی ئاسمانەکان و زەوی هیی ئەوە، نە ئەولادی بۆ خۆی گرتووە و نە هاوبەشیشی لە خاوەنێتییەکەدا هەیە و نە لە دەسەڵاتێکدا هاوەڵی هەیە.
خواى گەورە هەموو شتێکی بەدی هێناوە و مەزندەى هەموو شتێکی هەموو مەخلووقێکی ئەندازەگیری کردووە [هەر دروستکراوێک پێویستی بە هەر شتێک بێت، بۆی دیاری کردووە و دایناوە بۆی]، کەچی موشریکەکان خودای تریان، جگە لە «اللە» داناوە و دەیپەرستن کە هیچ شتێکیان بەدی نەهێناوە و خۆیشیان دروستکراون!
هیچ سوود و زیانێکیان نە بۆ خۆیان هەیە و نە بۆ غەیری خۆیان، نە مردن و ژیانیان بەدەستە و نە زیندووبوونەوە، هیچ نین، نە هاوبەشی خواى گەورەن لە خەلقکردن و خاوەندارێتی و دەسەڵاتدا؛ نە لە زیان لادان و سوود هێناندا و نە لە مردن و ژین و مراندن و ژیاندنەوەدا، ئیتر بۆچی کراون بە خوا و هانایان بۆ دەبرێت و دەپەرسترێن؟!
٤. ئەوەی خاوەنی دەسەڵات و هێزی ڕەها نییە، چۆن دەکرێتە خوا و دەپەرسترێت؟! خوای گەورە، خوای کردگاری وجوود، خوای خاوەنی وجوود و ڕۆزیدەری هەر هەموو گیانلەبەران، خوای کارگێڕ و بە تەکبیری هەموو بزاوت و سرەوتنێک کە خاوەنی دەسەڵاتی سەروەری و هێزی لەبن نەهاتووی بێوێنەیە؛ هەر ئەو شایانی دیاریکردنی بەرنامەی گۆڕانکاری و یاسا و ڕێسا و دەستووری ژیانی تاک و کۆی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و ئیدارەی دەوڵەتێتی، چونکە ئەو بە زانینی ڕەها و دانایی بێوێنەی خۆی، ئەو بەرنامە و دەستوورەی داناوە و بە پێغەمبەرە بەڕێزەکانیدا (سەلامی خوایان لەسەر بێت) ناردوویەتی، ئیتر چۆن کەسێکی نەفام و لاسەنگ و لاسار بۆ بەرژەوەندیی خۆی و لە هەوا و هەوەسی خۆی و مرۆڤی ترەوە؛ بەرنامە و یاسا و دەستوور دیاری دەکات؟! ئەمە کوفرە، ئەوەش باوەڕبوونە بەوەی کە خەڵکانێک هەن شیاون ببنە هاوەڵ و هاوبەشی خوای گەورە!
خوای گەورە دەفەرموێت: ﱡﭐ ﱏ ﱐ ﱑ ﱒ ﱓ ﱔ ﱕ ﱖ ﱗ ﱘ ﱙ ﱚﱛ ﱜ ﱝ ﱞ ﱟ ﱠﱡ ﱢ ﱣ ﱤ ﱥﱦ ﱧ ﱨ ﱩ ﱠ (الزمر: ٦).
واتە: ئەوە ئەو خوایەیە کە لە زگی دایکتاندا، لەناو سێ تاریکیدا قۆناغ بە قۆناغ خەلقتان دەکات، ئەوە خواى پەروەردگارتانە [نەک بتی دار و بەرد و جنۆکە، یان گۆڕ و مەرقەد، یان فەلسەفە و زانستی بەشەری]، هەموو دەسەڵات و هێزێکیش؛ هەر هیی ئەوە و بەس. هیچ خوایەک نییە شایانی خوایەتی بێت، جگە لە خوای گەورە، ئیتر چۆن و بۆچی لەڕێی ڕاست و پەیامی خوای گەورە لادەدرێن کە حەق قەبووڵ ناکەن؟!
هەروەها دەفەرموێت: ﱡﭐ ﱰ ﱱ ﱲ ﱳ ﱴ ﱵ ﱶ ﱷ ﱸ ﱹ ﱺ ﱠ (الناس: ١ - ٣).
واتە: بفەرموو: من پەنا دەگرم بە خوای پەروەردگاری خەڵکی، دەسەڵاتداری سەروەری خەڵکی، خواى خەڵکی.
دەبینیت چۆن قورئان سیفەتەکانی خواى گەورەی ڕیز کردووە، یەکەم پەروەردگارێتی کە کردگارێتی و خاوەنێتی و ژیاندن و مراندن و سوود پێ گەیاندن و زیان لێ دوورخستنەوە و ڕۆزیدان و شیفا بەخشین و... هتد، ئینجا دەسەڵاتداری و سەروەرێتی و خاوەنێتیی مافی حوکم کردن لە یاسا داڕشتن و حوکڕانی و داوەری کردن.
دوای ئەم دوو سیفەتە، بە هیچ کلۆجێک هیچ یەکێک لە وجووددا لە هیچ سیفەتێکدا بە هیچ ڕادە و بڕێک و بە هیچ شێواز و چۆنێتییەک هاوبەشی خوای پەروەردگار و سەروەری باڵا نییە.
کە وا بوو: هەر دەبێت ئەو تاکە خودا (الإله) بێت و خوایەتی بکات.. هەر دەبێت دروشمەکانی پەرستن (کە بە دڵ، یان بە زمان، یان بە ئەندامانی لەش، یان بە پارە و ڕەنجدان ئەنجام دەدرێن)، هەر بۆ ئەو خوای پەروەردگار و سەروەر و پەرستراوە بە حەقە، ئەنجام بدرێن.
* بە دیراسەکردنی ئەو دوو هەزار ئایەتەی لەسەر تەوحیدن، بە هەر سێ جۆرەکانییەوە: پەروەردگارێتی (الربوبیة) و خوایەتی (الألوهیة) و حاکمێتی (الحاکمیة)، خاڵەکانی ئەم باسەت مەحکەمتر لا دەچەسپن (إن شاء الله)."([13])
* ئەنجامی ئەم توێژینەوە و شیکارییە:
ئیمامی مەودوودی لە کۆتایی شیکارییەکەیدا دەفەرموێت([14]) :"ئەم شێوازەی کە قورئان بە شێوەیەکی زۆر ڕوون و ئاشکرا بەڵگەی پێ دەهێنێتەوە، ئەو بیرە سەرەکییەى لە بەرچاو گرتووە، خوێنەر دەتوانێت بەتێگەیشتنێکی تەواو لە پێشەکی و ئەنجامەکانی بگات، بەپێی ئەم شیکردنەوەی خوارەوە:
١. ئەو کردارانەى وەکوو جێبەجێکردنی پێداویستییەکان و لابردنی زیان و پەنادان و سەرخستن و سەرکەوتن و چاودێری و پەرستن و وەڵامدانەوەی داخوازییەکانن کە بە کەمتان داناون، ئەوانە لە ڕاستیدا گەورەن و پەیوەندیی پتەویان هەیە بەو هێز و دەسەڵاتەی کە کارگێڕیی ئەم بوونەوەرەی لە دەستە.
ئەو دەنکە گەنمەى کە دەیخۆن، نازانن پێش ئەوەی پێ بگات و بگاتە دەستتان، هەر یەکە لە: خۆر و زەوی و با و دەریا بەشدارییان لە پێکهێنان و گەشەیدا کردووە؟ بۆیە بەجێهێنانی پێداویستییەکانتان پێویستی بەدەسەڵاتێک هەیە کە ئاسمانەکان و زەویی هێناوەتە کایەوە.
٢. ناتوانرێت دەسەڵاتی ڕەهای خوای کردگار، دابڕ دابڕ بکرێت، وەکوو ئەوەی بەدیهێنان بەدەست یەکێک بێت و ڕۆزیدان بەدەست یەکێکی تر، خۆر لە دەست ئەودا بێت و زەوی لەدەست یەکێکی تردا بێت؛ پەیداکردن و پێگەیاندن لە دەست یەکێکدا بێت و نەخۆشی و شیفادانیش لەدەست یەکێکی تر، مردن و ژیان بە دەست یەکێک و بەرنامە داڕشتن بە دەست یەکێکی تر!
ئەگەر وا بوایە، کاروباری گەردوون و ژیان ئاوا بە ڕێکوپێکی نەدەڕۆیشت، بۆیە حەتمەن، هەر دەبوو هەموو دەسەڵاتەکان لەدەست یەک حاکم و یەک داوەردا بێت کە هەرچی لە ئاسمانەکان و زەمیندان؛ ڕوو بکەنەوە ئەو.
٣. جا کە هەر هەموو دەسەڵات لە دەست یەکێککدایە و تۆسقاڵێک بەشی کەسی پێوە نییە، کە وا بوو: «خوایەتی» هەر شایان و شایستەی خواى گەورەیە کە دەسەڵات و هێز و فەرماندانی لەدەستدایە.([15])
ئەوە هەر لەو دەوەشێتەوە، ئەوە سیفەتێکی تایبەت بە ئەوە و هیچ مەخلووقێک هاوەڵ و هاوبەشی نییە تێیدا.
کە وا بوو: هیچ یەکێک نییە بتوانێت بە هاناتەوە بێت و پەنات بدات و بتپارێزێت و سەرت بخات و پشتگیریت بکات، یا زەرەر و زیانت لێ بدات، تەنیا ئەو خاوەن دەسەڵاتە ڕەها و باڵایە نەبێت.
جا کە وایە: بە تەنیا «اللە» بە پەرستراو (إله) دادەنرێت، چونکە هیچ مەخلووقێک ناتوانێت دەست بخاتە کاروبارییەوە.
٤. یەکپارچەیی ئەو دەسەڵاتە ڕەها و باڵا مەرکەزییە، وا پێویست دەکات کە جۆرەکانی حوکم و فەرماندان، هەمووی بگەڕێتەوە دەست خوای کردگار و زاڵ و ناچارکار، ئەگەر وا نەبێت مانای بەشێک لەو دەسەڵاتی حوکم و فەرمانزانە؛ دەکەوێتە دەست یەکێکی تر، ئەمەش کوفرە.
ئەگەر بەدیهێنان و دروستکردن، تەنیا لە توانا و دەستی ئەودا بێت و کەس هاوەڵ و هاوبەشی نەبێت، ئەو ڕۆزی بدات و هیچ یەکێکی تر هاوەڵ و هاوبەشی نەبێت، ئەو کاروباری ئەم دنیایە بەڕێوە ببات و لەوەشدا هیچ هاوەڵ و هاوبەشێکی نەبێت؛ ئەوا بە بڕیاری عەقڵ دەگەینە ئەوەی کە دەبێت یاسادانان و حوکمڕانی و فەرمان دەرکردن، هەر لە دەست ئەودا بێت و لەو لایەنەشەوە هیچ بیانوو و پاساوێک نییە بۆ ئەوەی هاوەڵ و هاوبەشێک بۆ خوای تاک و پاک دابنرێت.
هەر وەک چۆن ناشێت یەکێکی تر هاوەڵ و هاوبەشی ئەو بێت لە: موڵکایەتی و ماف و توانای وەڵامدانەوەی داخوازییەکانی گیانلەبەران و... هتد، بە هەمان شێوە ناشێت یەکێکی تری غەیری خوای گەورە، حاکمی سەربەخۆی بێت و ببێتە یاسا داڕێژەر و حاکم و دادوەر و بە یاسا و ڕێسای هەڵە و پەڵە و لاسەنگ حوکمڕانی بکات.
بەڕاستی بەدیهێنان و ڕۆزیدان و ژیاندن و مراندن و ژێربارکردنی خۆر و مانگ و ئاڵوگۆڕکردنی شەو و ڕۆژ و قەزا و قەدەر و حوکم و موڵک و فەرماندان و یاسا داڕشتن، هەموویان چەند لایەنێکن لە یەک دەسەڵات و ڕواڵەت و جەوهەری سیفاتی یەک فەرمانڕەوا دەگرنەوە، حوکم و دەسەڵات بە هیچ شێوەیەک دابەشبوون و دابڕکردن هەڵناگرێت.
ئەو کەسەی باوەڕی وا بێت فەرمانی یەکێکی غەیری خواى گەورە لەو جۆرە فەرمانانەیە کە دەبێت ملکەچی و گوێڕایەڵی بکرێت وەک فەرمانەکانی خوای گەورە (کە خودا ڕێی بەو فەرمانە نەدابێت)، ئەوە هاوەڵ و هاوبەش بۆ خوای گەورە دادەنێت، وەکوو ئەو کەسە دەبێت کە داوا لە غەیری خوای گەورە دەکات داخوازییەکانی بۆ بهێنێتـە دی.
هەروەها ئەوەی خۆی بە خاوەنی تەواوی موڵک دەزانێت کە گوایە (مالكُ الملك)ـە، یان زاڵ و ناچار کار و فەرمانڕەوای ڕەها (الحاکم المطلق)ـە (بە مانا سیاسییەکانی) کە ئەو پەڕی دەسەڵاتی لەدەستدا بێت؛ ئەوە بانگەشەی خوایەتییە. یەکێک بە خەڵکی بڵێت: "من سەرپەرشتیار و پارێزەر و ئۆباڵگر و پشتیوانی ئێوەم و لە دەرەوەی سروشتەوە (لە غەیبەوە) دەتوانم پێداویستییەکانتان بۆ بهێنمە دی"، ئەوەش خۆی بە هاوەڵ و هاوبەشی خوای گەورە داناوە. کاتێک کە خواى گەورە باسی دەسەڵاتی خۆی دەکات لە بەڕێوەبەردنی سیستمی ئەم بوونەوەرە و بەدیهێنان و ئەندازەگیریی هەموو شتێکی وجوود، یەکسەر دوای ئەوە باسی حوکم و موڵک و دەسەڵات دەکات کە هیی خۆی و سەر بە خۆین، بەشی هیچ مەخلووقێکیان تێدا نییە.
ئەمەش بەڵگەیەکی ڕوون و ئاشکرایە کە خودایەتی (الألوهیة)، حوکمڕانی و دەسەڵاتدارێتییش دەگرێتەوە، ئەمەش ئەوە فەرز دەکات کە نابێت مرۆڤ هیچ کەس بکاتە هاوەڵ و هاوبەشی خوای گەورە لەو بوار و ماف و سیفەتەیدا، چونکە خوایەتی (الالوهیة) ئەوە فەرز دەکات کە نابێت لە بواری فەرمانڕەواییدا هیچ هاوەڵ و هاوبەشێک بۆ خوای گەورە دابنرێت.
ئەم ئایەتەش ئەم ڕوکنە سەرەکییانەی تەوحید ڕوون دەکاتەوە کە دەفەرموێت: ﱡﭐ ﱷ ﱸ ﱹ ﱺ ﱻ ﱼ ﱽ ﱾ ﱿ ﲀ ﲁ ﲂ ﲃ ﲄ ﲅ ﲆ ﲇ ﲈﱠ (آل عمران: ٢٦).
واتە: بفەرموو: خودایە! ئەى خاوەنی موڵک و دەسەڵات، موڵک و دەسەڵات بە هەر کەسێک بتەوێت دەبەخشیت و هەر کەسێکیشت نەوێت موڵک و دەسەڵاتی لێ دادەماڵیت و لێی دەستێنیتەوە. بە ویستی خۆت هەندێک بەرز و هەندێکی تر نزم دەکەیتەوە)."
* ناوی «اللە» کۆی هەموو سیفەتەکانی خواى گەورەیە:
ئیمامی ئیبنولقەییم لە (مدارج السالکین)دا([16]) دەفەرموێت: "ناوی «اللە»، مانای هەموو ناوە جوانەکانی تری خوای گەورە دەگەیەنێت، کۆی هەموو سیفەتەکانێتی، چونکە واتای هەر سێ جۆرەکانی تەوحیدی لە خۆ گرتووە: پەروەردگارێتی (الربوبیة)، خوایەتی و پەرستن (الألوهیة) و ناو و سیفاتی (توحید الاسماء والصفات)، لە هەمان کاتیشدا ئاماژە بە پێچەوانەکانیشیان [لە شیرک و کوفر] دەکات: