X

گەڕان




قورئانه‌وانی

فەزڵی ​سورەتی «فاتیحە»

12/22/2025 11:56:24 AM   |   170 :بینراو

هەندێک فەرموودە لەسەر فەزڵی
 سورەتی «فاتیحە»:

   ١. (ئیمامی بوخاری و ئەحمەد و ئەبوداود و نەسائی) ڕیوایەتی ئەبو سەعیدی کوڕی ئەلموعەللایان (خوا لێی ڕازی بێت)  هێناوەتەوە کە دەفەرموێت: (كُنْتُ أُصَلِّي في المَسْجِدِ، فَدَعانِي رَسولُ اللَّهِ صلَّى اللهُ عليه وسلَّمَ فَلَمْ أُجِبْهُ، فَقُلتُ: يا رَسولَ اللَّهِ، إنِّي كُنْتُ أُصَلِّي، فقالَ: ألَمْ يَقُلِ اللَّهُ: (اسْتَجِيبُوا لِلَّهِ وَلِلرَّسُولِ إِذَا دَعَاكُمْ لِمَا يُحْيِيكُمْ) [الأنفال: ٢٤] ثُمَّ قالَ لِي: لَأُعَلِّمَنَّكَ سُورَةً هي أعْظَمُ السُّوَرِ في القُرْآنِ قَبْلَ أنْ تَخْرُجَ مِنَ المَسْجِدِ. ثُمَّ أخَذَ بيَدِي، فَلَمَّا أرادَ أنْ يَخْرُجَ، قُلتُ له: ألَمْ تَقُلْ: لَأُعَلِّمَنَّكَ سُورَةً هي أعْظَمُ سُورَةٍ في القُرْآنِ؟ قالَ: (الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ) هي السَّبْعُ المَثانِي، والقُرْآنُ العَظِيمُ الذي أُوتِيتُهُ).

 واتە: "لە مزگەوت نوێژم دەکرد، پێغەمبەری خوا (صَلَّى الله عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) بانگی کردم، وەڵامم نەدایەوە، پاشان عەرزم کرد ئەى پێغەمبەری خوا! نوێژم دەکرد بۆیە وەڵامم نەدایەوە.

 پێغەمبەر (صَلَّى الله عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فەرمووی: ئێ مەگەر خوای گەورە نافەرمووێت: ئەگەر  خوای گەورە و پێغەمبەری خوا  بانگیان کردن، وەڵامیان بدەنەوە؟!

 پاشان فەرمووی: پێش ئەوەی لە مزگەوت بچیتە دەرەوە، سورەتێکت فێر دەکەم کە مەزنترین سورەتە لە قورئاندا، پاشان دەستی گرتم و کە جەنابی (صَلَّى الله عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) ویستی تەشریف ببات (لە مزگەوت بچێتە دەرەوە)، عەرزم کرد: جەنابت فەرمووت: سورەتێکت فێر دەکەم کە مەزنترین سورەتە لە قورئاندا. فەرمووی: بەڵێ، ئەوە: (الحمد لله رب العالمین)ـە کە (السَّبْعُ المثاني) و قورئانی مەزنە و  پێم بەخشراوە."

   - ئیمامی ئەحمەد و نەسائی و ترمزی (کە ڕیوایەتەکەیان بە سەحیح داناوە) فەرموودەکەی لای ئوبەیی کوڕی کەعبیان (خوا لێی ڕازی بێت)  هێناوەتەوە کە دەفەرموێت: پێغەمبەری خوا (صَلَّى الله عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) پێی فەرموو: (أَتُحِبُّ أنْ أُعُلِّمُكَ سورةً لَمْ يَنزلْ في التوراةِ ولا في الإنجيل ولا في الزبور ولا في الفرقان مثلها؟ ثُمَّ أخبره أنَّها الفاتحة).

واتە: حەز دەکەیت سورەتێکت فێر بکەم کە نە لە «تەورات» و نە لە «ئینجیل» و نە لە «زەبوور» و نە لە «فورقان - قورئان»یشدا سورەتی وەکوو ئەو نییە؟

 پاشان هەواڵی دا کە ئەوە سورەتی «فاتیحە»یە."

   ٢. لە هەر دوو سەحیحی بوخاری و موسلیمدا هاتووە کە: (أَبو المتوكِّل الناجي) لە ئەبو سەعیدی خودرییەوە (خوا لێی ڕازی بێت) گێڕاویەتییەوە کە: (أنَّ ناساً من أصحاب النبيِّ (صَلَّى الله عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) مَرُّوا بحَيٍّ مِنَ العرب، فَلَمْ يَقْرُوهم، وَلَم يُضَيُّفوهم، فَلُدِغَ سيِّدُ الحيٍّ، فأتوهم فقالوا: هل عندكم من رُقية؟ أو هلْ فيكُم مِن راق؟ فقالوا: نَعَمْ، ولكنكم لم تَقْرونا فلا نَفعلُ حتى تجعلُوا لنا جُعْلاً، فَجَعلُوا لهمْ عَلى ذلِك قَطِيعاً مِنَ الغَنْم، فَجَعَلَ رَجُلٌ مِنَّا يَقْرأُ عَلَيْهِ بِفَاتِحةِ الكتابِ فَقَام كأن لَمْ يَكُنْ به قَلْبَةٌ، فَقُلْنا لا تَعْجَلوا حتَّى نأتي النبيِّ (صَلَّى الله عَلَيْهِ وَسَلَّمَ)، فأتيناه فذكرنا لَهُ ذلك فقالَ: ما يُدْريكَ أَنَّها رُقيةٌ؟ واضربوا لي معكم بسهم).([1])

واتە: "هەندێک لە یاوەرانی پێغەمبەری خوا (صَلَّى الله عَلَيْهِ وَسَلَّمَ)، بە لای هۆزێکی عەرەبیدا تێپەڕین، نە خوڵقیان کردن و نە میواندارێتی و نە هیچیشیان دانێ!

 دواتر سەرۆکی هۆزەکە، دووپشک (یان مار) پێوەیدا و کەسانێکی هۆزەکە هاتنە لای یاوەرەکان و پرسییان: ئایا کەستان ڕوقییە (دوعای شیفاخوازی) دەزانێت؟ یان کەستان تێدایە ڕوقییە بخوێنێـت؟

فەرموویان: بەڵێ، بەڵام ئێوە خوڵقتان نەکردین، ئێمەش هیچتان بۆ ناکەین، تا لە بەرانبەریدا شتێکمان بۆ دانەنێن.

 وتیان: باشە، پشکتان لە مەڕێک دەدەینێ، ئیتر یەکێکیان سورەتی «فاتیحە»ى بەسەردا خوێند، (کابرا) وا هەستایە سەرپێ، دەتوت پێشتر هیچی نەبووە!

وتمان: با پەلە لە خواردنی مەڕەکەدا نەکەین، تا دەگەینە خزمەت پێغەمبەری خوا (صَلَّى الله عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) و دەپرسین.

 کە عەرزمان کرد، پێغەمبەر (صَلَّى الله عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فەرمووی: ئەوە چۆنت زانی کە سورەتی «فاتیحە» دوعای ڕوقییەیە؟! باشە بەشێک لە گۆشتی مەڕەکە بۆ منیش دابنێن."

   ٣. لە هەر دوو سەحیحی بوخاری و موسلیمدا هاتووە کە ئەبو سەعید (خوا لێی ڕازی بێت)  گێڕاویەتییەوە کە وەختێک هەواڵیان دا بە پێغەمبەر (صَلَّى الله عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) کە کابرایەک چارەسەری نەخۆشێکی (بە خوێندنی سورەتی «فاتیحە» بەسەریدا) کردووە. ئەویش فەرمووی: (وما كان يُدْريهِ أنَّها رُقيةٌ).

 واتە: "چۆن زانیویەتی کە سورەتی «فاتیحە» چارەسەری نەخۆشییەکەیەتی و بۆ شیفایە؟!"

   ٤. ئیمامی موسلیم لە صەحیحەکەیدا و نەسائی لە (السُّنَن)ـەکەیدا، ڕیوایەتێکیان لە ئیبنو عەبباسەوە (خوا لێیان ڕازی بێت) گێڕاوەتەوە کە فەرموویەتى: (بينا رسولُ اللهِ صلَّى اللهُ عليه وسلم عنده جبريلُ إذ سمِع نَقيضًا من فوقهِ، فرفعَ جبريلُ بصرَه إلى السماءِ فقال: هذا بابٌ فُتِح من السماءِ ما فُتِح قطُّ، قال: فنزل منه ملَكٌ فأتَى النبيَّ صلَّى اللهُ عليه وسلم فقال: أبشِرْ بنورَينِ أوتيتُهما لم يؤتَهُما نبيٌّ قبلكَ: فاتحةِ الكتابِ وخواتيمِ سورةِ البقرةِ لن تَقرأَ حرفًا منهما إلَّا أُوتيتَهُ).

 واتە: "لەو کاتەدا کە پێغەمبەری خوا (صَلَّى الله عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) دانیشتبوو، «جوبرەئیل»یشی لابوو، دەنگێکی (وەکوو دەنگی کردنەوەی دەرگا بوو) بیست کە لە ئاسمانەوە هات، جوبرەئیل (سەلامی خوای لەسەر بێت) سەری بەرز کردەوە (و ڕوانیی) بۆ ئاسمان و فەرمووی: ئەوە دەرگایەکە لە ئاسماندا کرایەوە، هەرگیز لەوەوپێش نەکرابووەوە. فەرمووی: فریشتەیەک لەو دەرگایەوە هاتە خوارێ، هاتە خزمەت پێغەمبەری خوا (صَلَّى الله عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) و عەرزی کرد: مژدەت لێ بێت، دوو نوورت پێ بەخشرا کە بە هیچ پێغەمبەرێکی پێش جەنابت نەبەخشراون: (فاتحة الکتاب) و ئایەتەکانی کۆتایی سورەتی (البقرة)، هەر پیتێکیان لێ بخوێنرێت، هەر لەوەیە کە بەخشراوە پێم."

   ٥. ئیمامی موسلیم و نەسائی و ترمزی (کە ڕیوایەتەکەیان بە سەحیح داناوە)، فەرموودەکەی لای ئەبو هورەیرەیان (خوا لێی ڕازی بێت)  هێناوەتەوە کە دەفەرموێت: پێغەمبەری خوا (صَلَّى الله عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) فەرمووی: (مَنْ صلَّى صَلاةً لَمْ يَقْرأ فيها بأمِّ القرآنِ فهي خِداجٌ).

 واتە: "هەر کەسێک نوێژێکی کرد و سورەتی (أمُّ القرآن: فاتيحە)ی تێدا نەخوێند، ئەوا ئەو نوێژە ناتەواوە."

خِداج: ئەو کۆرپەلەیەیە کە (نۆ مانگ و نۆ ڕۆژ)ـەکەی تەواو ناکات و لەدایک دەبێت.

   ٦. هەر ئیمامی ئەحمەد لە کتێبە گەورەکەی خۆیدا: (المَسْنَد) کە (٥٢) بەرگی گەورەیە، فەرموودەى لای عەبدوڵڵای کوڕی جابر «عبدالله بن جابر»ی (خوا لێی ڕازی بێت) هێناوەتەوە کە پێغەمبەری خوا (صَلَّى الله عَلَيْهِ وَسَلَّمَ) پێی فەرموو: (ألا أُخْبِرُكَ بِأخيَر سورةٍ في القرآن؟ قُلتُ: بلى يا رسول الله، قال: إقرأ (الحمد لله رب العالمين) حتَّى تَخْتِمَها).

 واتە: "پێت بڵێم کام سورەتە باشترین سورەتی قورئانە؟

 عەرزم کرد بەڵێ، ئەی پێغەمبەری خوا!

 فەرمووی: (الحمد لله رب العالمین)، تا کۆتایی بخوێنە.

   ٧. چەندین ڕیوایەتی تر لە سەعیدی کوڕی مەنسوور  «سعید بن منصور» (مامۆستای ئیمامی موسلیم) و بەیهەقی و تەبەرانی و ئەبو شەیخ و داریمی و... هتد، گێڕدراونەتەوە کە پلەی (حەسەن)ن، دەفەرموون: سورەتی «فاتیحە» [شِفاءٌ مِنْ كُلِّ داءٍ].

 واتە: "سورەتی «فاتیحە» چارەسەری هەموو دەرد و نەخۆشییەکە."

 



([1])   بوخاری (٢٢٧٦)، موسلیم (٢٢٠١).


قورئانه‌وانی